Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
28-09-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم دەکات

ئەمڕۆ یەكشەممە 9/28، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە موسەننا ئەلسامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم كرد. لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و گشت پێکهاتەکان و هەروەها باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ژیانیی هاووڵاتییانی عێراق.

هەواڵ
28-09-2025

مەسرور بارزانی: ئامانجی سەرەکیمان خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردس...

ئەمڕۆ یەکشەممە 9/28، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، ڕێبەری سەلامەتی ڕاگەیەنرا، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە. سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێبەرە، دەبێتە بناخە و بنەمایەک بۆ پاراستنی سەلامەتی لە باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون و کۆگا و بەنزینخانە و هەموو ئەو پڕۆژانەی کە هاووڵاتییان تێیدا دەژین، یان مامەڵەی ڕۆژانەی لەگەڵ دەکەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەم شوێنانە، پارێزراو بن و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان پێ نەگات.ئەمەش دەقی گوتارەکەیە: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان ڕۆژتان باش، زۆر زۆر بەخێر بێن خۆشحاڵم كە لێرەم و لەگەڵ ئێوە شاهیدی بینینی ئەم پێشكەوتنانە بووم كە لە وەزارەتی ناوخۆدا هەیە. دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە، کە نووسینەوە و ئامادەکردنی ڕێبەری سەلامەتییە. ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە ڕوانگە و ستراتیجی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و ئامانجی سەرەکیمان خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە. مایەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە، وەزارەتی ناوخۆ لە چەندین سێکتەری جیاوازدا، دەستپێشخەری گرنگ و پڕۆژەی گەورەیان جێبەجێ کردووە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکرێت. ئەم ڕێبەرە، دەبێتە بناخە و بنەمایەک بۆ پاراستنی سەلامەتی لە باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون و کۆگا و بەنزینخانە و هەموو ئەو پڕۆژانەی کە هاووڵاتییان تێیدا دەژین یان مامەڵەی ڕۆژانەی لەگەڵ دەکەن، ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم ڕێبەرەش ئەوەیە، هاووڵاتییان لەم شوێنانە پارێزراو بن و هیچ زیانێکی گیانی و مادديیان پێ نەگات و ڕێگری بکرێت لە ڕوودانی هەر هەڵەیەکی تەکنیکی نەوەک خوانەخواستە کارەساتێک ڕووبدات و زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی لێ بکەوێتەوە. وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتێکی گەورە و گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و جگە لەوەی وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە و چەندین جۆری خزمەت پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات، لە هەمانکاتدا جێبەجێکاری یاسایە و بەرپرسیاریشە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییان بەهاوئاهەنگی و هاوکاريی دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە. لە سایەی شەونخوونی و ماندووبوونی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی تر، ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تاوان و لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییان، ئێمە باشترین تەکنۆلۆژیامان خستووەتە خزمەت و بەردەستی پۆلیسی کوردستان، بۆ ئەوەی زۆر ئاسانتر و خێراتر بتوانن بە دوای تاوانباراندا بگەڕێن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆوە، پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیا و ئامێر و کەره‌ستەی ڕزگارکردن و ئاگرکوژێنەوەی بۆ تیمەکانی بەرگريی شارستانی دابین کردووە، بەڵام بێگومان لەم کەلوپەلانە گرنگتر، ئەوەی کە چۆن ڕێگری بکەین لە ڕوودانی کارەسات و سنووردانان بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە و تەشەنە نەکردنی، ئەمەش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێبەرەکانی سەلامەتی دەبێت، کە پێویستە بەدواداچوونی تەواو بکرێت و بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.  لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم ئاماژە بە دەستپێشخەری و پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگی وەزارەتی ناوخۆ بکەم، کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی گیانی هەزاران هاووڵاتی، ئەویش دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆییە، کە وەزارەتی ناوخۆ بە بیر و ستراتیژێکی ڕوون دەستی بە جێبەجێکردنی کرد و لەو شوێنانەی پڕۆژەکە بە تەواوی کەوتووەتە کار، لە ماوەی یەک ساڵدا، ڕووداوەكانی هاتووچۆ بە ڕێژەی %50 کەمیان کردووە و مردن و برینداربوونی سەخت زیاتر لە 60% دابەزیوە. هەروەها بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی زیانی گەورەی دارایی بە هاووڵاتیيان، کە بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە پێشتر تووشی دەبوون. ئەمە سەرەڕای ئەو زیانە زۆرانەی بەر شەقامەکان و پڕۆژەکانی حکومەت دەکەوتن. وەزارەتی ناوخۆ هەروەها لە ڕێگەی پڕۆژەی دیکە لە بواری پەروەردەکردنی شوفێران لە ڕێی سیستمی نوێی ڕاهێنانی شوفێری و سیستمی نوێی ساڵیانە و مۆڵەتی شوفێری، ڕووداوی گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانی دارایی کەم کردووه‌تەوە، کە لە ساڵانی داهاتوودا، ئەنجامە ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە زياتر بە ڕوونی دەردەکەون.داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم، لەپێناو پاراستنی گیان و سەر و سامانی خۆیان و پاراستنی سەلامەتيی هاووڵاتییان، پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هاتووچۆ بن، بۆ ئەوەی هەموومان لە کارەسات و ڕووداوی نەخوازراو دوور بين. خوشک و برایانی بەرێز:كوردستان لە هەموو سێکتەرەکان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش جێی دەستخۆشییە و هەموومان شانازی بەو پێشکەوتنانەوە دەکەین. بەڵام دەبێت خۆشمان بگونجێنین و ئاستی کوردستان لە پێوەر و ستاندارە نێودەوڵەتییەکان نزیک بکەینەوە وا بکەین کە هاووڵاتییانی کوردستان چەند سوودمەند بن لە پێشكەوتن و تەكنەلۆژیا، ئەوەندەش پارێزراو بن لە مەترسییەكان. هاوشێوەی ئەم ڕێبەرەی كە ئەمڕۆ بینیمان، لە وەزارەتەكانی تریش ئامادەكاری دەكرێت بۆ دەرچوواندنی ڕێبەری تر كە بخرێنە خزمەتی هاووڵاتیيان. حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی خۆیەتی لەپێناو باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیيان، ڕۆژ بە ڕۆژ كار بكات و خۆی ماندوو بكات، بەڵام زۆر زۆریش گرنگە هاووڵاتیيانی خۆشەویست هاوكار بن و بە بێ هاووڵاتیيان، بێگومان حكومەت بە تەنیا ناتوانێت سەركەوتوو بێت. داوای من لە هاووڵاتیيانی خۆشەویست ئەوەیە كە ئەو ڕێنماییانەی دەردەچن پابەند بن پێیانەوە، چ بۆ سەلامەتیی خۆیان بێت یانیش بۆ سەلامەتیی كەسوكار و هاووڵاتیيانی دیكە، لە هاتوچۆ، لەسەر ڕێگەوبان، یان بابەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاگر یان هەر بابەتێكی تر، ڕێنمایيی پێویست هەیە، هیوادارم لەبەرچاویان بگرن. دەستخۆشی لەو هەموو كارمەند و فەرمانبەر و خوشك و برا خۆشەویستانە دەكەم كە بەڕاستی خۆیان دەكەنە قوربانى بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیيانی تر. لێرەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو خۆشەویستانە دادەنوێنین كە خۆیان كردووەتە قوربانی، دەستخۆشیش لەو خوشك و برا بەڕێزانە دەكەین كە لە ئەرك دان و بەردەوامن لە پاراستنی سەلامەتیی هەموو لایەكمان.شانازیتان پێوە دەكەم، هەر سەركەوتوو و سەلامەت بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

هەواڵ
27-09-2025

مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سودانییەوە پێگەیشت

ئەمڕۆ شەممە 9/27 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی پێگەیشت.لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە .سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە گرنگە و سەرۆکی حکومەتیش دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە.سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز.سەرۆکی حکومەت داواشی کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن . گوتیشی نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن .سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەت هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026 ، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت.سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی کردەوە کە دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق ، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان .لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی ڕێگەی گەشەپێدان کرا ، کە بۆ ئەم مەبەستە، بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت.

هەواڵ
27-09-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئەمینداریی گشتیی کۆنگرەی نیشیمانیی عێراقی دە...

ئەمڕۆ شەممە 9/27 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئاراس حەبیب كەریم ئەمینداریی گشتیی کۆنگرەی نیشیمانیی عێراقی کرد.لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان تاوتوێ کرا .

هەواڵ
27-09-2025

مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە زیاتر چەسپان...

ئەمڕۆ شەممە 9/27 ، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ئایینیە باڵاکانی کوردستان ، کۆنفرانسێکی تایبەت بە یادی 1700 ساڵەی کۆمەڵەی نیقییە لە هەولێر بەڕێوە چوو.سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان نیشتمانی هەموومانە و وەک چۆن پێکهاتەکانی کوردستان ، بەیەکەوە، دووچاری ستەم و زۆرداری و داگیرکاری بوونەوە، ئەمڕۆش بەیەکەوەین لە پێناو بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پێشخستنی نیشتمانەکەمان. ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتە : قەداسەتی پاتریارك مار ئاواقەداسەتی پاتریارك لویس ساكۆکەسایەتییە ئاینییە بەڕێزەکان لە هەموو ئایین و ئایینزاکانی کوردستان مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆ و كەسایەتییە ئەكادیمییەكان،میوانە بەڕێزەكان، بە تایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات تەشریفیان هێناوە، هەمووتان زۆر زۆر بەخێربێن زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم و لەم بۆنە گرنگەدا بەشداریتان لەگەڵ دەكەم. بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم و سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم كە لە هەولێری پایتەختی بەیەكەوەژیان، پایتەختی هەرێمی كوردستان، هەموومان بەیەكەوە لێرە كۆبووینەتەوە.خۆشحاڵم کە ئەم کۆنفرانسە زانستییە گرنگە لە هەولێر، بە بەشداری ئەو ژمارە زۆرە لە کەسایەتییە ئایینیە باڵاکان ئەنجام دەدرێت . دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم، دەرەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنفرانسە، لە خزمەتی بەهێزترکردنی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوکردنی بنەماکانی ئاشتی و تەبایی و برایەتی نێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا بێت. بەڕێزان:دەتوانم بە شانازییەوە بڵێم کە بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە ، یەکێکە لە تایبەتمەندی و سیما گەشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان . بەڵام بە دڵنیاییەوە، ئەم کولتوورە پێویستی بە پتەوکردنی زیاتر و دەوڵەمەندکردن و بەهێزترکردنە کە ئەرکی هەر هەموومانە لەم پێناوەدا، هەرچی پێمان بکرێت ئەنجامی بدەین . بە تایبەتیش ڕوو لە کەسایەتیی و مامۆستایانی ئایینی بەڕێزی هەموو ئایین و ئایینزاکان دەکەم، کە لەم ڕووەوە ڕۆڵ و ئەرک و بەرپرسیاریەتی گرنگ و کارای خۆیان بگێڕن و بەهاو بنەما باڵاکانی خۆشەویستی و تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، لە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا بەهێزتر و قووڵتر بکەنەوە. لەم پێناوەشدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی بۆ زیاتر چەسپاندنی بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و تەبایی و دۆستایەتی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندین و باوەڕی تەواومان بە پاراستن و داکۆکیکردن لە هەمەڕەنگی ئایینی و نەتەوەیی و کولتووریی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، بەردەوامین لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی زمانی سریانی، زمانی کلدان و ئاشووری و ئارامی، ئەو زمانەی حەزرەتی عیسای مەسیح ( د.خ) قسەی پێ دەکرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیريی و هونەری سریانییەوە، پشتیوانی لە خوێندنی زمانی سریانی دەکات و ئێستا پەنجا قوتابخانەی تایبەت بە زمانی سریانی لە هەرێمی کوردستان هەن کە هەزاران قوتابی بەم زمانە کۆن و دێرینە دەخوێنن. هەروەها ساڵی ڕابردووش، بە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە هەولێر بەڕێوە چوو. جیا لەمەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینيەوە، هاوشان لەگەڵ گرنگیدان بە مزگەوتەکان و پەرستگە و شوێنی پیرۆزی هەموو ئایینەکان، هاوکاری و پشتیوانی کەنیسەکانیش دەکات و بە خۆشحاڵییەوە لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە بەم زووانە، چوار کەنیسەی نوێ لە هەولێر و دهۆک دەکرێنەوە.هەروەها بەهاری ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار لە کوردستان و لە دەستپێشخەرییەکی ناوازەدا، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە بەشداری سەدان کەسایەتیی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری جیهان، ڕۆژی نزای نیشتمانیی لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە هیوادارین وەک نەریتێکی ساڵانە، ئەم گردبوونەوەیە لە پێناو بەهێزکردنی بەهاکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئازادی ئایینی، لە هەولێر ئەنجام بدرێت .ئەم کارنامە و پڕۆژە و دەستپێشخەریانە، دووپاتکردنەوەیە لەوەی کوردستان نیشتمانی هەموومانە و وەک چۆن پێکهاتەکانی کوردستان ، بەیەکەوە، دووچاری ستەم و زۆرداری و داگیرکاری بوونەوە، ئەمڕۆش بەیەکەوەین لە پێناو بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پێشخستنی نیشتمانەکەمان. من دەمەوێ لێرە ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ و ڕووداوێكی مێژوویی بدەم كە ئەم چەند رۆژە بینیمان، دوای دوو سێ ساڵێك لە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، جارێكی تر ئەمڕۆ، ئەم بەیانییە، نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ماركێتی جیهانی هەناردەكرایەوە، كە ئەم ڕێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، بە تایبەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان. من دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسایەتییانە و ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵێكی گرنگیان گێڕا لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، لێرەدا حەز دەكەم بە تایبەتی ئاماژە بدەم بە رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چ لە واشنتن و چ باڵیۆزیان لە بەغدا یان كونسوڵی گشتیان لێرە لە هەولێر كە بەڕاستی پاڵپشتی گەورەبوون بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە. جارێكی تر هیوادارم كە ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆكاری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتیاندا بێت.لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم و دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە مەڵبەندێکی درەوشاوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە وئازادی ئایینی و یەکترقبوڵکردن و برایەتی و تەبایی دەبێت.هەر شاد و سەرکەوتوو بن و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت.

هەواڵ
27-09-2025

لێدوانی مەسرور بارزانی دوای هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە وەستانی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەرەبەیانی ئەمرۆ جارێکی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستیپێکردەوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیران باسی لەوەکرد، ڕێککەوتنی نەوت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەموو عێراق و کوردستان، ئەمریکا پاڵپشتێکی گەورەی سەرخستنی پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بوو. 

هەواڵ
25-09-2025

هەواڵێکی خۆش لە مەسرور بارزانییەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زوری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە. بەم هەنگاوە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە.دەستخۆشی لە هەموو لایەک و بەتایبەتی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم کە لەم ڕۆژە مێژوییەدا بەربەستێکی گەورەیان لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەلکی کوردستان هەڵگرت و بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ، جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.

هەواڵ
25-09-2025

‎مەسرور بارزانی: ڕیفراندۆم بڕیارێکی بوێری گەلی کوردستان بوو  

‎ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆم بڵاوکردەوە.  ‎سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکیدا لە ساڵیادی ڕیفراندۆم دەڵێت: ڕۆژی بڕیاری بوێری گەلی کوردستان، ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەکەمان، ڕۆژی هیوا و ئومێد، لە سەرکردە و ڕابەر و پێشمەرگە سەرۆک بارزانی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی نیشتیمانپەروەر و خۆڕاگری کوردستان پیرۆز بێت

هەواڵ
24-09-2025

بەرپرسێکی تەندروستیی رووسیا: لە ماوەیەکی کەم ڤاکسینی دژەشێرپەنجە بەردە...

سەرچاوە هەواڵییەكانی ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی 9ی 2025، بڵاویان كردووەتەوە، زانا ڕووسییەكان ئێستا ئامادەن بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینی بەرگرتن بە شێرپەنجە، بە پێكوتەی mRNAی ڕووسی. ئەلێكساندەر گینزبۆرگ، بەڕێوەبەری ناوەندی گامالیای نیشتمانی بۆ توێژینەوەی پەتا و زندەزانیی ورد، ڕایگەیاندووە، پسپۆرانی تەندروستیی ڕووسیا لە شەش هەفتەی داهاتوودا ڤاكسینەكە بەكار دەخەن. ڕاشیگەیاندووە، تیمی توێژینەوەی زانستی گرووپێكیان لە نەخۆشان ئامادە كردووە، تاكوو لەو ماوەیەدا ڤاكسینەكانیان بۆ بەكار بهێنن. شێرپەنجە كە لە گەشەی نائاسایی خانەكانی لەشەوە سەرچاوە دەكرێت، یەكێكە لە نەخۆشییە بەربڵاوەكانی جیهان و بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2022ی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 20 ملیۆن كەس لە جیهان ئەو نەخۆشییەیان هەیە.

هەواڵ
24-09-2025

ڕاگەیاندراوێک لە پرۆژەی هەژماری منەوە

"نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر تۆمار کراون" (هەژماری من) ڕایدەگەیەنێت،نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە سیستەمی بانکی مۆدێرن لە پڕۆژەی(هەژماری من) تۆمارکراون. پرۆژەی (هەژماری من)، بڵاوی کردەوە: "لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا هەندێک شت بە نەگۆڕی ماونەتەوە، یەکێک لەوانە هاووڵاتی سەرپشکە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی." ئاماژەی بەوەش داوە: "(هەژماری من)، ڕێگە نادات بانکی سزادراو بەشداری لە پڕۆژەکە بکات." جەختی کردووەتەوە: "بانکە بەشداربووەکان هاندەدرێن خزمەتگۆزارییەکانیان زیاد بکەن و لقی بانکەکانیان و ناونیشانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان زیاد بکەن." (هەژماری من)، ڕاشیگەیاندووە: "ئەوەی لە (هەژماری من) گۆڕانکاری بەسەرهاتووە ژمارەی بەشداربووانی پڕۆژەکەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ نزیک دەبێتەوە لە ناونووسکردنی یەک ملیۆن مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە سیستەمێکی بانکی مۆدێرن".

هەواڵ
24-09-2025

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە ڕێککەوتننامەی سێ لایەنە بۆ هەناردەکردنەو...

* ئەنجومەنی وەزیران ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیەکانی لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. * ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات پەلە بکرێت له یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە ڕێکكەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ. ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕگەی یەکەم تایبەت بوو بە خستنەڕوووی بابەتی ڕێککەوتنی سێ لایەنەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی هەموارکراو و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا. سەرەتا کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، پوختەی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی، دوای گفتوگۆ و دانووستانێکی دوور و درێژ، ڕێکكەوتنامەکە گەڵاڵە کرا و هەر دوێنێش بە نووسراوی فەرميی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕێکكەوتننامە سێقۆڵیيەکە بە ئیمزای وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان جگە لە کۆمپانیای (DNO)، ڕەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ کراوە، بەم جۆرەش هیچ ئاستەنگێک نەماوە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە جگە لەو بەشەی بە ڕێککەوتننامەی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە. وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بەوەی کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ئیمزای ئەو ڕێكکەوتننامە سێقۆڵیيەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیيەوە، تا لەم یەک دوو ڕۆژە، ڕێکكەوتنامەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، دڵنیایی بە هەموو لایەکیش دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکكەوتنامەیە كردووە. پاشان ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بە وردیی باسی لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان کرد و ئاماژەی بە هەموو ئەو ئاستەنگانە کرد کە بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەک لابران و دواجار هەر سێ لایەن، ڕێكکەوتنامەکەیان بە هاوبەشی گەڵاڵە کرد. ئينجا ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ناوەڕۆکی ڕێکكەوتننامە سێقۆڵییەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و وردەکاريی ماددە و بڕگەکانی ڕێكکەوتننامەکە و پابەندی و ماف و شایستەکانی هەر یەک لە حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕوونکردەوە کە وا چاوەڕان دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیە، ئیتر سەقامگیری لە ناردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بێتەکایەوە و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەکرێن لە وەرگرتنی مووچەکانیان لە کات و ساتی خۆی هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق. لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری هەرێم، کە دڵسۆزانە و لێهاتووانە و پشتبەست بە مافە دەستووریيەکان، ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد، لە گەیشتن بە ڕێكکەوتنی نەوت، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات بە پەسەندکردنی ڕێكکەوتننامەی سێقۆڵی و خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، لە بەرانبەریشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەک هەمیشە، ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیەکانی خۆی لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. لە بڕگەی دووەم و کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتی دۆسیەی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی کرا. لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەوردی دواپێشهاتەکانی خستەڕوو و لایەنی دەستووری و یاسایيی بابەتەکەی بەوردی بۆ ئەنجومەنی وەزیران شیکردەوە. دواتر ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار بە درێژی وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان سەبارەت بەم دۆسیەی ڕوونکردەوە. دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، جارێکی تر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە پشتبەست بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵ و یاسای بودجەی گشتی فیدڕال و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، وەک لە دوا یاداشتی یاسایی شاندی دانووستانکاری هەرێم هاتووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کراوە. لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە بە زووترین کات، بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی بۆ مانگی تەمووزی ساڵی 2025 بخەنە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە ڕێکكەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی نیشان درا بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو لیژنە وەزارییە شەش کەسییەی، کە بۆ بابەتی داهاتە نانەوتیەکان لە بەغدا پێکهێنراوە.

هەواڵ
24-09-2025

راگەیێندراوێک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە لەبارەی هەناردەکردنەو...

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیێندراوێکی لەبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، تەواوی پابەندییەکانی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت جێبەجێکردووە، "تەنیا یەک کۆمپانیای بیانی ماوە رێککەوتنە سێقۆڵییەکە واژۆ بکات." دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە چوارچێوەی راسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، تەواوی پابەندییەکانی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە. واژۆی بە سەرجەم کۆمپانیاکانی نێوخۆو بیانی کردووە، جگە لە یەک کۆمپانیای بیانی تاكو ئێستا ئەو ڕێکەوتنەی واژوو نەکردووە کە کاریگەری نییە لەسەر ڕێکەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتمان و کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، هەروەها وەڵامی ڕەزامەندییەکانی وەزارەتمان و کۆمپانیاکان لە (23)ی ئەم مانگە بە نووسراوی فەرمی ناردووەتە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بۆیە چاوەڕوانین وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بو ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکە وەڵاممان بداتەوە، تاوەکو بە زووترین کات کۆمپانیای سۆمۆ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکات و بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات.

1 2 ... 91 92 93 ... 1143 1144