Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13749 بابەت
هەواڵ
20-12-2020

لە سامەڕا بارەگایەكی حەشد مووشەکباران کرا

بارەگای فرقەی عەباسی جەنگی كە سەربە حەشدی مەزارەکانە لە پارێزگای سامەڕا مووشەكباران کرا. فەرماندەیی فرقەی عەباسی لە تویتەر نووسیویەتی: "شەوی ڕابردوو لیوای یەكی سەر بە فڕقەكەمان لە قەزای سامەڕا بە موشەك كراوەتە ئامانج، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە."بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی فڕقەی عەباس، هێزەكانیان لە سامەڕا پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكان دەكەن بۆ پاراستنی ناوچەكانی دەوروبەری قەزاكە، هەروەها تیمە هەواڵگریەكانی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندە پەیوەندیدارەكان كار بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەکەن فرقەی عەباسی جەنگی، یەكێكە لە دیارترین یەكەكانی حەشدی شەعبی، لە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەی عێراق نزیكە. https://ibb.co/wddgDTh

هەواڵ
19-12-2020

بێشكچی: پەكەكە دەیەوێ قەوارەی هەرێمی كوردستان تێكبدات

نووسەرێكی بەناوبانگی دۆستی كورد ئاشكرای دەكات كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە هەوڵدایە بە هاوبەشی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، شنگال لە هەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە و جەخت دەكاتەوە كە پەكەكە بە ویستی دەوڵەتانی ئێران، عێراق، توركیا و سووریا دەیەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان تێكبدات. ئیسماعیل بێشكچی، نووسەری بەناوبانگی تورك كە دۆستێكی دێرینی گەلی كوردستانە، لە وتارێكدا بە ناونیشانی (هاوبەشیی پەكەكە و حەشدی شەعبی لە هەرێمی كوردستان)، ئاماژەی بەوە داوە كە ”حەشدی شەعبی رێكخراوێكە نەیاری كورد و كوردستانە. داعش چییە، حەشدی شەعبیش هەمان شتە. حەشدی شەعبی رێكخراوێك نییە یەك باڵ بێت، بەڵكوو دەكرێت بڵێین لەناو حەشدا چەندین باڵ هەیە، بەڵام لەناو هەموویاندا یەك تایبەتمەندیی هەیە، ئەویش نەیاری كورد و كوردستان بن“. ڕوونیشی كردۆتەوە، پەكەكە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دەکات، بەمەش دەیەوێت دەستكەوتەكانی كورد تێك بدات و ستاتۆی هەرێمی كوردستان بەرەو لێكترازان بەرێت. لەكۆتایی ساڵی ١٩٧٠دا، ئەو رێكخراوە بەیەكەوە بەرەو سەربەخۆبوونی كوردستان رێگەیان گرتە بەر، كەچی ئێستا گەیشتوونەتە ئەو خاڵە، كە دەستەكەوتەكانی كورد تێك دەدەن، هەروەها ستاتۆی هەرێمی كوردستان بەرەو لێكترازان دەبەن و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، ئەمەش بە ویستی ئێران و عێراق و توركیا و سووریایە. بێشكچی باسی لە ڕۆڵی پەكەكە لە كارە تێكدەرانەكانی ئەم دواییەی سنووری پارێزگای سلێمانی لە ژێر ناوی خۆپیشاندان بۆ داواكردنی مووچە كردووە و جەختی كردۆتەوە كە ”میدیای پەكەكە، داوای لە پەرلەمانی عێراق دەكرد، هاوكار بێت تا ستاتۆی هەرێمی كوردستان بڕووخێنن، ئەمەش مایەی سەرنج بوو“. ئاماژەشی داوە: ”میدیای پەكەكە، رووداوەكانی ئەم دواییەی بۆ مەرامیتر باس دەكرد، قەوارەی هەرێمی كوردستانی دەكردە ئامانج و بە هەواڵ و مانشێتەكانی خەڵكی هان دەدا، تا ئاژاوە زیاتر بێت، بەتایبەت كاتێك بە زاراوەی كرمانجی و سۆرانی هەواڵی بڵاو دەكردەوە و تووڕەیی گەنجانیشیان بەرامبەر بەغدا نەدەورووژاند، بەڵكوو بە ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان مۆنۆپۆلیان دەكرد“. بە بڕوای ئەو نووسەرە بەناوبانگەی دۆستی كورد، ”میدیای پەكەكە زوو زوو باس لەوە دەكات، كە دەوڵەتی توركیا، سووریا، ئێران، عێراق دەوڵەتی شەرعین، بەڵام هەرێمی كوردستانی پێ شەرعی نییە، ئەمەش تەنیا ئەو دەوڵەتانە دەتوانن ئەو قسانە بكەن، كە لەژێر فشاری داگیركاریی نێودەوڵەتیدا بوونە، وەكوو عێراق، سووریا، توركیا، ئێران“. ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە پەكەكە لە هەوڵی ئەوەدایە، لەگەڵ حەشدی شەعبی بە هاوبەشی و بە یەكەوە شنگال لە كوردستان دوور بخەنەوە، تەنانەت ”ئەمڕۆ (پەكەكە) لە شنگال بوونەتە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ئێران“، لە كاتێكدا خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ گەیشتن بەو قەوارەیان، باجی زۆر قورسیان داوە“. بێشكچی پێیوایە: ”دەبێت بە شێوەیەكی زۆر پاك و بێگەرد، ستاتۆی هەرێمی كوردستان بپارێزرێت، ئەوەیشی هەوڵی لەناوبردنی ئەو ستاتۆیە بدات، تەنیا سوودی بۆ هێزی نەیارانی كورد و كوردستان دەبێت. (پەكەكە) دەبێت داوەت بكرێن، بۆ ئەوەی سەروەریی هەرێمی كوردستان بناسن، ئەگەریش سەروەریی هەرێمی كوردستان ناناسن، ئەوە پێویست دەكات ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵن. ئەگەریش بەجێی نەهێڵن، رووبەڕووی چاودێری و سزای ئیداریی دەبنەوە“.

هەواڵ
19-12-2020

لە دیبەگە لەسەر فەڕتەرناش چوار کەس برینداربوون

لە ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخمور، بەهۆی فەڕتەرناشی ئۆتۆمبێلەوە لەنێوان دوو بنەماڵەدا دەبێتە شەڕ و چوار کەس بریندار دەبن. بەیار حەسەن نەجاڕ، بەڕێوەبەری ناحیەی دیبەگە بە باڵکێشی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو گەنجێک بەناوی (ر . ح) بە ئۆتۆمبێل فەڕتەرناشی کردووە و بەهۆیەوە لەگەڵ ماڵێکی دراوسێیان بەشەڕهاتوون و چوار کەس برینداربوون. بەیار حەسەن نەجاڕ وتی" ئەو گەنجەی فەڕتەڕناشەکەی کردووە، بە کڵاشینکۆف تەقەی لە ماڵی دراوسێکەیان کردووە، دوو کوڕیان بە گولـلە بریندارکردووە و دایک و باوکیشیان بە بەرد برینداربوون، تۆمەتبارەکەش هەڵاتووە و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێ".

هەواڵ
19-12-2020

بۆچی نرخی دۆلار وایلێهات؟

گەورەترین کورتھێنان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە بودجەی ٢٠٢١ ھەیە و ھۆکاری کورتھێنانەکەش کەمبوونەوەی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوتی ڕۆژانەی عێراق کە ئۆپیک بڕیاری لەسەردا. پرسیار : ئایا بۆ بانکی ناوەندی پەنای بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دۆلار برد؟ وەڵام : چونکە عێراق نەوت بە دۆلار دەفرۆشیت و مووچە بە دینار دەدات .بۆ نموونە؛ گەر وا حیسابی بکەین عێراق پێشتر لە نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٢٠،٠٠٠ بوو ڕۆژانە بایی یەک ملیون دۆلار نەوتی دەفرۆشت و بە عێراقی دەیکردە ملیاریک و دووسەد ملیون دیناری عێراقی، ئێستا ھەر ئەو یەک ملیون دینارە دەکاتە نزیکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیون دینار واتا لە ھەر یەک ملیون دۆلارێک ٣٠٠ ملیون دینار لە کورتھێنانی گشتیی بودجە کەمدەکاتەوە. پرسیار: تا کەی وا دەبێت؟دوو ڕێگا وا دەکات نرخی دۆلار بگاتەوە باری ئاسایی خۆییەکەم؛ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدووھەم؛ گەڕانەوەی ئەو یەک ملیون بەرمیلە نەوتەی ڕۆژانە کە بە بڕیاری ئۆپیک کەمکراوەتەوە لەسەر عێراق. پرسیار: پەرلەمان یان ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانێت بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ھەڵوەشینێتەوە؟وەڵام : نەخێربەپێی یاسای بانکی ناوەندی ژمارە(٥٦) ساڵی ۲٠٠٤ و هەموارەکانی ھیچ دەسەڵاتیک ناتوانیت بڕیاری بانکی ناوەندی ھەڵوەشینێتەوە جگە لە خۆی. پرسیار: ئەی ئومێد ھەیە بانکی ناوەندی بڕیارەکەی ھەڵوەشینێتەوە؟وەڵام: مەگەر تەنھا فشاری شەقام کە ھەموو بۆچوونەکان دەڵین کە شەقام لەم بڕیارە بێدەنگ نابێیت تێبینی/ھەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە بە دینار گرێبەستیان کردووە و ھەموو ئەو پرۆژانەی کە دیناریان بۆ تەرخانکراوە و زیانیان بەردەکەوێت و کارەکانیان گەر نەشوەستێ تەواو سست دەبێیت. رۆژنامەنووسئومێد حەمە

هەواڵ
19-12-2020

هەولێر و بەغدا رێککەوتن

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، سەبارەت بە بودجەی 2021 لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن.

هەواڵ
19-12-2020

وێنە.. هێزێکی زۆر لەبەردەم بانکی ناوەندی عێراقی بڵاوکراونەتەوە

ئەمڕۆ شەممە هێزێکی زۆری ئەمنی لە بەردەم بانکی ناوەندی عێراق و چەند دامەزراوەیەکی دیکە لە شاری بەغدا بڵاوکرانەوە.نووسینگەی ڕاگەیاندنی هێزی پاراستنی یاسا ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە مەیدانی فیردەوس، بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی کارەبا، سەندیکای ئەندازیارانی عێراق و بەردەم باڵەخانەی بانکی ناوەندی عێراقی بڵاوبوونەتەوە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو هێزانە نەدراوە.بڵاوبوونەوەی ئەو هێزە لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراقی بەنیازە نرخی فرۆشتنی 100 دۆلار بۆ 145 هەزار دینار بەرزبکاتەوە.

هەواڵ
19-12-2020

تورکیا بۆ چارەسەرکردنی تاتلیساس بانگهێشتی مەلا عەلی دەکات

کۆنسوڵخانەی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئیبراهیم تالیساس پەیوەندی بە مەلا عەلی کەلەکەوە دەکات و مەلا عەلی کەلەکیش جارێکی تر ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی نیشاندا. دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە پۆستەکە مەلا عەلی کەلەک کە ڕایگەیاندبوو، بە دوو مەرج ئیبراهیم تاتلیساس چارەسەر دەکات. ئەمڕۆ شەممە 2020/12/19، کونسولخانەی تورکیا پەیوەندییان بە مەلا عەلی کەلەکەوە کرد و دەیانەوێت دانیشتنێک لەسەر شێوازی چارەسەرکردنی بکەن. مەلا عەلی کەلەک سوورە لەسەر مەرجەکانی خۆی کە بریتین لە: “تەوبەکردن و پەشیمان بوونەوە لەو حاشایەی لە کوردبوونی کردووە”

گشتی
18-12-2020

شێرکۆ عەبدوڵا، لە بەعسییەوە بۆ سووکایەتیکردن بە کوردایەتی

ئەم کابرایە یەک ڕۆژیش لە تەمەنیا کوردایەتی نەکردووە، بەڵام تاکە موستەفیدی ئەو کوردایەتییەش بووە کە تۆ و باوکت و باوکم و باوانی تۆ کردوویانە و ئاواش پێی ڕادەبوێرێت. ئەم نووسینەی خوارەوە بخوێننەوە، کە پزیشکێکی بەڕێزی ھاوسەردەمی شێرکۆ عەبدوڵا بەسەری ھاتووە و بۆی گێڕاومەتەوە، بەداخەوە پێی باش نییە ناوەکەی بنووسم: بۆ مێژوو لە ساڵی 1980 دا، لە نەخۆشخانەی ڕزگاری کۆبونەوەیەک ساز کرا بۆ هەموو پزیشکەکانی سلەیمانی کە ژمارەیان 165 پزیشک بوون. زۆریان ئێستا ماون بە سەرپەرشتی دکتۆر محەمەد باقر کە بەرپرسی سەندیکای پزیشکان بوو، لەگەڵ ئەندامێکی باڵای حیزبی بەعسی فاشست، کە وەرەقەیەکی سپی دابەشکرد بە سەر ئەوانەی لە کۆبونەوەکەدا بوون. وتی هەریەکە ناوی خۆتان بنوسن، ئەگەر بەعسین پلەی حیزبایەتیتان بنوسن. من لە دواوەی قاعەکە دانیشتبووم، جگە لە من و پێنچ پزیشکی تر، نووسیمان کە بێلایەنین ئەوانی تر نووسیان بەعسین. کاتێ وەرەقەکە گەڕایەوە لای بەرپرسە بەعسییەکە، وتی: زۆرم پێ خۆشە، ئەتوانم بڵێم هەمووتان بەعسین، بەڵام چەند ناوێکی کەم دەبینم کە نوسیویانە بێ لایەنن، یەکێک لەوانە ئەتوانێ هەڵسێتە سەر پێ قسەی لە گەڵدا بکەم؟ من هەڵسام و پێی ووتم: تۆ بۆ بێ لایەنی؟ نازانی ئێمە وەکو حیزبی بەعس و نەتەوەی عەرەب چاکەمان زۆر بەسەر کوردەوە هەیە؟ حوکمی زاتیمان داوە بە ئێوە، لە تورکیا و ئێران و سوریا کورد ناتوانێ بە کوردی قسە بکات، جلیکوردی لە بەر بکات، قوتابخانەیەک نییە بە کوردیبخوێنن؟! وتم: من ئەوە چاک ئەزانم، بەڵام کوردگەورەترین چاکەی بەسەر نەتەوەی عەرەبەوە هەیە،ئەگەر سەڵاحەدینی ئەیوبی نەبوایە کە کورد بوو، نەتەوەی عەرەب ئێستا کیانی نەدەبوو! بە منی وت: دانیشە. دەستی کرد بە مەدحکردنی صڵاحەدینی ئەیوبی و دوای من دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا دەستی بەرزکردەوە بە پەرپرسە بەعسیەکەی وت: ڕەفیقی قەسیمەم. نەقڵی حیزبیەکەم تا ئێستا لە قەزای دوکانەوە نە گەیشتۆتەوە سلەیمانی! وتی: پلەی حیزبیت چییە؟ ووتی: نەصیر موتەقەدیمم! پاڵێوراوم بۆ ڕفیق حیزبی! دوای ئەو کۆبونەوەیە، بە دە ڕۆژ بەندە نەفیی شاری سەماوە کرام و تا ساڵی 1988 دوای ئەوەش هەڵهاتوی سەربازی بووم. دوای ڕاپەرینی ساڵی 1991 من دکتۆرێکی ئاسایی بووم و دکتۆر شێرکۆ کرا بە بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلەیمانی! بەرزان عەلی حەمە

هەواڵ
18-12-2020

مەلا عەلی بۆ تاتڵیساس: تۆبە بکە و بڵێ کوردم، چاکت دەکەمەوە

مەلا عەلی کەڵەک نامەیەک بۆ ئیبراهیم تاتڵیساس دەنێرێت و دەڵێ "ئەگەر تۆبە بکەیت و بڵێیت کوردم، چارەسەرت ئەکەم".مەلا عەلی کەڵەک لەو پەیامەیدا کە بە سێ زمانەکانیی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی نووسیویەتی دەڵێ"ئەگەر گۆرانی بێژ، بەڕێز ئیبراهیم تاتڵیساس تۆبە بکات و بڵێت من کوردم و حاشا لە قەومی خۆی نەکات، ئەوە بە شاهیدی هەمووتان لە ماوەی شەش مانگدا بە ئیزنی خوا چارەسەری دەکەم بەبێ بەرامبەر".ئاماژەی بەوە کردووە "مێشکی تاتڵیساس خوێنی لەناو مەییە، لەبەر ئەوەیە چاکنابێتەوە".

هەواڵ
18-12-2020

لە ئەفغانستان تەقینەوەیەک ڕوویدا

تەقینەوەیەک لە ناوچەی غەزنی لە ناوەڕاستی ئەفغانستان روویدا.گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانەوە رایگەیاند: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، تەقینەوەیەک لە ناوچەی غەزنی لە ناوەڕاستی ئەفغانستان روویدا و بەهۆیەوە 15 کەس کوژران و 20ی دیکە برینداربوون.حکومەتی ئەفغانستان زانیاریی زیاتری لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.

هەواڵ
18-12-2020

کتێبخانەی ئاشتیی لە هەولێر داخرا

بە بڕیاری قایمقامیەتی هەولێر کتێبخانەی ئاشتی لە هەولێر داخرا . کتێبخانەی ئاشتی نووسیویەتی" بەهۆی چالاکییەکەی دوێنێ پێنجشەممەوە کتێبخانەکەمان لەلایەن قائیمقامیەتەوە داخرا".  کۆڕەکەی دوێنێی کتێبخانەی ئاشتی هاندانی گەنجانبووە بۆ خوێندنەوە. وێنەی چالاکییەکە

هەواڵ
18-12-2020

لە هەڵەبجە دوو کەس کوژران

لە شاری هەڵەبجە و لەماڵێکدا دوو کەس کوژران کە خزمی یەکترن و لەماڵی خزمێکی تریان بوون. بەپێی زانیارییەکانی  ئەو دوو کەسە یەکێکیان تەمەنی 21 ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 41 ساڵە و لەماڵی خزمێکی خۆیاندا بە چەک کوژراون، بەڵام تائێستا هۆکاری کوژران و بکوژەکەی ئاشکرا نەکراوە و پۆلیس زانیاریی لەسەری نەداوە.

1 2 ... 905 906 907 ... 1145 1146