Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13789 بابەت
هەواڵ
03-02-2021

یەکەم لێدوانی ئومێد خۆشناو دوای کاندیدکردنی بۆ پارێزگاری هەولێر

دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئومێد خۆشناوی بە فەرمی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگای هەولێر کاندیدکرد، ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو یەکەم قسەی خۆی لەوبارەیەوە کرد. ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کاندیدکردنم بۆ پارێزگاری هەولێر یەکلایی بووەتەوە، ئەمڕۆ سیڤییەکەم لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەدرێتە ئەنجوومەنی پارێزگا و دواتر دانیشتنی لەسەر دەکرێت بۆ متمانە پێدانم. وتیشی" تا ئێستا هیچ کەسێک بۆ سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد دیارینەکراوە".

هەواڵ
03-02-2021

شاندەکەی حکومەت لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتیی کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە شاندی دانوستاندنکاری ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ ھەردوو فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکەی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ھەردوو فراکسیۆن بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی٢٠٢١ و پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانیش ئاگاداری وردەکاریی دانوستاندنەکان بن. چەند رۆژێکە شاندی حكومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ دانوستاندن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق و دابینكردنی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە بەغدان.

هەواڵ
03-02-2021

خوێندن دەستپێدەکاتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە ھەولێر كۆببێتەوە و بڕیار لەبارەی كردنەوەی قوتابخانەكان بدەن. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا گفتوگۆ لەسەر چۆنێتی كردنەوەی قوتابخانەكان دەدرێت، بە رێكار و رێنمایی تەندروستی و تاوتوێی ئەو راپۆرتانە دەكەين  كە ئێمە و وەزارەتی پەروەردە ئامادەمان كردووە".

هەواڵ
03-02-2021

ئەمڕۆ فوئاد حوسێن دەگاتە تاران

بڕیارە ئەمڕۆ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێكی فەرمی بگاتە تارانی پایتەختی ئێران. میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێكی فەرمی بەرەو تاران بەڕێدەكەوێت. وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ جواد زەریف كۆدەبێتەوە و چەندین پرسی هاوبەشی نێوان بەغدا و تاران تاوتوێ دەكەن.

بیروڕا
02-02-2021

یاسای دارستانی خەزعەلی و گوتاری پووچی كوردی

ڤیدیۆیەكی قەیس خەزعەلیم بینی كە سەركردەیەكی گرووپێكی توندڕەو و چەكداری شیعەیە. قسەكانی سەرنجڕاكێشن، بۆ چی سەرنجڕاكێشن؟ چونكە ڕاستگۆیانە دەدوێت و تەعبیرە لە ڕوانگەی گشتیی ئەو نوخبە سیاسی و سەربازی و تاییفییەی كە پلان و سیاسەتی دەوڵەتی عێراقیان لە حوكمرانی و یاسادانان و ئابووری و كارگێڕیی لەبەر دەستە. ئەوەی خەزعەلی باسی دەكات بەسەرچوونی هاوپەیمانێتیی شیعە و كوردە ئەویش بەهۆی نەمانی زەرف یان هەڕەشەیەكی بابەتییانە كە سووننەیە. لە پشتەوەی قسەكانیدا ئەوە دیارە كە مادام سووننە لاواز و بێ ئیرادە و دەستەمۆ بووە چیتر هەڕەشە نییە. كە واتە بۆ شیعە ناچار بێت باجی هاوپەیمانییەتێك لەگەڵ كورد بدات كە هۆكارەكەی لە ئەرزی واقعدا نەماوە. ئەو زۆر بە ڕوونی بە لۆژیك و زمانی یاسای دارستان دەدوێت. كە لۆژیكی هێزە، بەهێز دەبێ بەدوای بەرژەوەندی بێت و پشوو نەدات هەتا ئەو ساتەی لاوازەكە نەخوات. ئەو ڕاشكاوانەتر دەدوێت و پێی وایە ئێستا شیعە كە باڵادەستبوونی بۆ ڕەخساوە دەبێ بەدوای ئەوە بێت كە خۆی بەهێز بكات و بەرەو چڕكردنەوەی دەستەڵات لە ناوەند بڕوات و كار بۆ لاوازكردنی كورد بكات.لەو لۆژیكە فراوانخوازەدا لاوازكردنی كورد بە مانای وشككردنی سەرچاوەكانی هێز و داهات و سەندنەوەی سەلاحیات و خاك و جیۆگرافیایە. دوا وێستگەی حەسانەوەی لۆژیكی خەزعەلیزم لەبەرانبەر كورددا سەندنەوەی شوناسە لە كورد. لە یۆتۆپیاكەی خەزعەلیدا وڵات سەرتاپا عەبدی ئایدیۆلۆژیای تاییفییە و كورد وەك نەتەوە هیچ داواكارییەكی نییە و بە مەمنوونی هاووڵاتیی پلە دوو و پلە سێی بەهەشتەكەی خەزعەلییە. هۆكارەكەیشی تەنیا ئەوەیە كە دەوڵەتی عێراق لەسەر فۆڕمی خەزعەلی و هاوبیرەكانی دەبێ لەسەر بنەمای لۆژیكی هێز و یاسای دارستاندا قەد بگرێت. ئاخر ئێستا ئەوان بەهێزن و بارودۆخ لە بەرژەوەندیی ئەوانە. بۆیەشە گەمژەییە كە ئەوان بیانەوێ بەپێی بنەماكانی فیدڕاڵیزم (دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامان) لەگەڵ ئەویتردا بژیین یانیش لانیكەم لەسەر بنەماكانی هاووڵاتیبوون دەوڵەت پێكەوە بنێن.ئێستا پرسیارێكی جەوهەری هەیە. ئایا بۆچوونەكەی خەزعەلی هەڵەیە؟ وەڵامەكەی ئاسانە. بۆچوونی خەزعەلی هەڵە نییە و زۆریش دروستە چونكە ئەوان ستراتیژیی و ئامانجیان ئەوەیە و كاری بۆ دەكەن و بڕوایان پێی هەیە.زۆر باشە.. لایەنێكی هاوكێشەكە كوردە، كورد چیی بكات؟ ئایا ئەم لۆژیكە قبووڵ بكات و هەرچییەك خزەعەلیزم داوای بكات بەڵێ قوربانی بۆ بكات و لەعنەت لە خۆی و نەفت و شوناسی بكات تەنیا لەبەر ئەوەی خەزعەلیی خۆی بە بەهێز دەبینێت؟ئێمە بە داخەوە ڕۆژانە گوێبیستی دیسكۆڕسی خۆڕادەستكردن و تەسلیمبوونین لەناو بەشێكی نوخبەی سیاسیی كورد، بەرانبەر سالارانی تازەی شیعە و ملكەجبوونی كورد بۆ یاسای دارستانین. تەبعەن هاوشێوەی ئەم گوتارە خۆبەكەمبینە لە هیچ شوێنێكی جیهاندا بەدی ناكرێت. گوتاری ڕادەستبوون، لە بنەڕەتدا گوتارێكی خاڵی و بێ مانا و شەرمهێنەرە. ڕادەست بەرانبەر چی و بۆ چی و لەپێناو چیدا؟ ئەو هەموو شتی تۆی دەوێت بە شوناسیشەوە. بە هاووڵاتی و شەریكی دەوڵەتت نازانێ و سیاسەتت لەگەڵ دەكات و بە ڕاستیشت نازانێ تەنانەت ئەگەر بوون و نەبوونی خۆیشتی پێ ببەخشی. ئەی ئەگەر وایە ئەو مامەڵە سەخیفەی بۆ لەگەڵدا دەكەی؟ بۆ حەز دەكەی بچیتە ناو هاوكێشەیەك كە لە ئێستاوە دەزانی كە تێیدا هەموو شتێك دەدۆڕێنی؟ نەفت و ڕیفراندۆممان لەعنەتین؟ ئەی كە ئەنفال كراین خۆ نەفت و ڕیفراندۆم لە ئارادا نەبوو، ئەی بۆ كورد قڕ كرا؟ وەڵامەكەی زۆر وازحە.. كێشەی ئەوان لەگەڵ تۆدا نەفت و ڕیفراندۆم نییە، كێشەكەیان بوونی تۆیە.نوخبەی سیاسی و فكری و ڕووناكبیری و میدیایی كورد پێویستی بە بەخەبەرهاتنەوەیە. ئەو ڕێگەیەی بەشێكی سیاسییەكانی كورد لە ڕقی پارتی ملیان لێ ناوە و بە شانازیشەوە لە بەغدا كار بۆ پووچكردنی خۆیان و گەلەكەیان دەكەن لە سیاسەتدا هیچ مانا و مەفهوومێكی نییە. هەروەك پێشتر باس كرا گوتاری خەزعەلیزم زۆر وازحە، دەستبەسەرداگرتنی هەموو شتێكی تۆ. گوتاری پارتیش زۆر وازحە، كورد دۆزێكی وجوودی و جیۆگرافی و دەستووری و سیاسیی هەیە و ئەو سیستەمەی ئێستا هەیە لەوە بچووكترە بتوانێ وەڵامی داوا و مافی كورد وەك نەتەوە بداتەوە. بەڵام پێمان بڵێن گوتاری ئێوە هەڵگری چ مانایەكە و لە كوێی دونیا و لە كام ململانێی جیهانی و ناوچەیی تردا هاوشێوەی هەیە؟ زکری موسا

هەواڵ
02-02-2021

پارێزگاری نوێی هەولێر دەستنیشانکرا

بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کاندیدی حیزبەکەیە بۆ شوێنگرتنەوەی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر .

هەواڵ
02-02-2021

زانیاریی.. کێن ئەوانەی ناتوانن شۆفێری تاکسی بکەن؟

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ زانیارییەکانی لەبارەی ئەو کەسانەی کە مافی لێخوڕینی تاکسییان نییە بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێ"بەپێی بڕیاری ڕێکخستنەوەی کاری تاکسی هەموو خانەنشینانی سەربازی وپێشمەرگە ومەدەنی دەتوانن کاری تاکسی بکەن وە ڕێکارەکان بۆیان دەکرێت بێ هیچ کێشەیەک. بەڵام هێزی پێشمەرگەو سەرجەم هێزە ئەمنیەکان وفەرمانبەرانی مەدەنی تاکو پلە 7ناتوانن کاری تاکسی بکەن بەهیچ شێوەیەکواتاکەسێک کەفەرمانبەر بێت وپلەی وەزیفی 7بێت یان 8بێت یان 9و10بێت دەتوانێت کاربکات وەکو شوفێری تاکسی ئەویش پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمانگەکەی.

هەواڵ
02-02-2021

حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچەوە لێدوانی نوێ دەدات

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌ون یان نا له‌مه‌ودوا 30 رۆژ جارێك مووچه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن.

هەواڵ
02-02-2021

سلێمانی؛ گەنجێک کچێکی بێهۆشکرد و رفاندی

لەسەر دۆسیەی ڕفاندنی كچێك و بێهۆشكردنی تۆمەتبارێك دەستگیركرا. پۆلیسی سلێمانی دەڵێ" دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە كچەكەی بەمەبەستی كڕینی پێداویستی لەماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بنكەكانی سنووری پۆلیسی سلێمانی ڕاسپارد كە بەدواچوونی خێرا بكەن بۆ دۆزیینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار . دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و گومان خرایە سەر تۆمەتبارێك و توانرا هەمان ڕۆژ و لەلایەن بنكەی پۆلیسی ڕزگارییەوە تۆمەتبارەکە دەستگیربكرێت كە بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری تۆیۆتا كامری كچەكەی هەڵگرتووە و دوای بێهۆشكردنی لە شوێنێك فڕێیداوە. هەروەها كچەكە پاش دۆزینەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەوە و لە ژێر چاودێریدایە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت .

هەواڵ
02-02-2021

کاکە حەمە: تاکە چارەسەر جیابوونەوەیە لە عێراق

له‌باره‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غداد محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود ده‌ڵێت: کێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ عێراق چاره‌سه‌ر نابێت ، چونکه‌ کورد داواى شتێک ده‌کات ئه‌وان نایکه‌ن و ئه‌وانیش شتێکیان ده‌وێت کورد نایکات. سکرتێری سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، باس له‌ حکومه‌تى فیدراڵ ده‌کرێت، بەڵام حکومه‌تى فیدراڵ له‌ عێراقدا نییه‌، له‌ ده‌ستووریشدا فیدراڵ نییه‌، له‌ دیباجه‌که‌دا له‌ گۆشه‌یه‌کدا نوسراوه‌ حکومیه‌کى فیدراڵى له‌ عێراقدا په‌یڕه‌و بکرێت، ئه‌سڵه‌ن عه‌ره‌به‌کان هه‌رگیز ناڵێن حکومه‌تى فیدراڵى ده‌ڵێن حکومه‌تى مه‌رکه‌زى ئه‌وان حکومه‌تێکى مه‌رکه‌زیان ده‌وێت له‌ به‌ غداده‌وه‌ فه‌رمان بکه‌ن له‌ به‌سره‌وه‌ تا زاخۆ چیان بوێت بیکه‌ن ، ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت بۆ کورد ئه‌وه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وان حکومه‌تى مه‌رکه‌زیان ده‌وێت نایه‌نه‌وێت ئه‌و کیانه‌ى که‌ هه‌یه‌ بۆ کورد بیکه‌ن به‌زیادى ده‌زانن و کورد به‌ زیاد ده‌زانن. دەشڵێ"‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا کۆتایى نایه‌ت، ته‌نها چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ کورد جیابێته‌وه‌ له‌ به‌غداد کێشه‌ نامێنێت وه‌ک دوو دراوسێ و کورد تا له‌گه‌ڵ به‌غداد بێت ده‌بێت کێشه‌ى هه‌بێت، به‌ڵام ده‌کرێت کورد ڕێکه‌وێت بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێک بڕۆیت له‌گه‌ڵیدا".

هەواڵ
02-02-2021

لە سێ هەفتەی داهاتوودا ڤاکسین دەگاتە عێراق

وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە سێ هەفتەی داهاتوودا 3 ملیۆن ژەم ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق. حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، لە سێ هەفتەی داهاتوودا 3 ملیۆن ژەم ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق و دەستبەجی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتا بە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەدرێت.

هەواڵ
01-02-2021

مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دادی عێراق کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سالار عەبدولسەتار وەزیری دادی عێراق کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە اگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کە لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری نێوان دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا، بەتایبەتی گرنگيی هەماهەنگیكردن لە بواری بەشداریکردن و ئامادەبوون لە کۆڕ و نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا. ئاماژە بەوەشکراوە کە جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق کرا. هەروەها سەرۆکی حکومەت داوای کرد، وەزارەتی دادی فیدراڵی و دامودەزگا دادوەرییەکانی عێراق، ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنی خۆیان بگێڕن لە سنووردانان و ڕێگریکردن لەو کارە نایاسایی و دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر موڵک و ماڵ و زەوی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ نەهێشتنی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی ئەو ناوچانە

1 2 ... 885 886 887 ... 1149 1150