مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق کۆبوونەوە، دۆخی گشتیی عێراقیان تاوتوێ کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-12-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ تاووتوێ کرا. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرایەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و فەرهەنگیدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی کانوونی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد. دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن 7ى کانوونى یەکەم ئەنجامى سەرجەم تانەکانى لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى یەکلایی کردەوە و ئاڕاستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى کردەوە. 8ی کانوونی دووەم، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی نارد بەمەبەستی پەسندکردنی. بەگوێرەی مادەی 54ی دەستووری عێراق، دوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان، لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆک کۆمار لە 15 رۆژدا مەرسوومی کۆماری بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەردەکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. سێ ڕۆژ دواتر، لە نێو پەرلەماندا، سەرۆک کۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت و ئەویش کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێرێت. ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 55 هەزار کتێبی خوێندن ڕەوانەی سنووری چەمچەماڵ دەکرێت. ئەمڕۆ یەكشەممە 14-12-2025، ڕێژەن دلێر، بەڕێوەبەری هۆبەی كۆگاكانی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند: ئامادەكارییەكان لە كۆگاكانی پەروەردەی ڕۆژهەڵات بۆ گواستنەوەی كتێبە نوێیەكان دەستیان پێ كردووە و 54 هەزار کتيب ڕەوانەی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ دەکرێت. ڕاشیگەیاند: بڕیارە كتێبەكان بەسەر نزیكەی پێنج هەزار قوتابیدا دابەش بكرێن، كە لە ئەنجامی لافاوەكەدا كتێبەكانیان لەناوچوون. گوتیشی: ئەمە قۆناغی یەكەمی هاوكارییەكانە. كتێب بۆ پۆلەكانی یەك تا شەشی بنەڕەتی بۆ 750 قوتابی دابین كراوە، هەروەها بۆ پۆلەكانی حەوت تا نۆی بنەڕەتیش نزیكەی 500 قوتابی كتێب وەردەگرن و پرۆسەكە بەردەوام دەبێت. ئەمە لە كاتێكدایە لە 09-12-2025، لافاو سنووری چەمچەماڵی گرتەوە و زیانێكی زۆر بە قوتابخانەكان گەیاند.
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا جەخت دەکاتەوە لەوەی وڵاتەکەی پاشەکشە لە سووریا ناکات تا داعش بەتەواوی لەناو دەچێت و ڕایدەگەیێنێت، هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەمریکییەکان، وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوەمان دەبێت. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكاش ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆسەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە سووریا، دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێک کوژراون، سێ سەربازی دیکەش برینداربوون. لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، باراک گوتی، ژمارەیەکی سەربازیان لە سووریا جێگیرکراون و ئەرکیان تێکشکاندنی داعشە و لاناوبردنی ڕێکخراوەکەیە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان و مەشعان جبووری، سیاسەتمەداری عێراقی کۆبوونەوە و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025، مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی له سیاسەتوانی عێراقی مەشعان جبووری کرد. بەگوێرەی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەکو سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای کاروباری پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەکات. بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا سەرۆك مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی كۆمسیارانی باڵای كاروباری پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان. لەو پەیوەندییەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بەوەی كوردێك ئەو پۆستە گرنگەی لە ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكان وەرگرتووە و هیوای سەركەوتنی بۆ دكتۆر بەرهەم ساڵح خواست.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی چەمچەماڵ، بەهۆی دۆخی شارەکەوە ناتوانێت دەوامی قوتابخانەکان ئاسایی بکاتەوە و پشووەکان درێژ دەکەنەوە. عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند،: "لەگەڵ بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان کۆبووینەوە و کۆکبووین لەسەر ئەوەی دۆخی سنوورەکە بە کەڵکی ئەوە نایەت قوتابیان بگەڕێنەوە قوتابخانەکان". لە دوای لافاوەکەی سێشەممە 9ـی ڕابردوو، زیانی زۆری بە بەشێکی قوتابخانەکان، شەقام و ماڵانی سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە گەیاند، بەهۆیەوە دەوام لە قوتابخانەکان راگیرا. بەشێکی خێزانەکان لە لای دراوسێ و کەسوکاریان دەژین، هەروەها قوتابخانە، جانتا، دەفتەر و کتێب و پێداویستی بەشێکی قوتابیان لەنێوچوون، زیان بەر بەشێکی قوتابخانەکان کەوتووە، بۆیە کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەکرێت.
بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی)، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دێتە بەغدا. بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەرکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێت، بەهۆیەوە هەموو کارەکانی یونامی ڕادەگیرێن. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 2025-12-13، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتینەتەوەیەکگرتووەکان بگاتە بەغدا و بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەرکی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی). سەرچاوەیەکیش بە ئاژانسی فەرمی ڕاگەیاند، وادەی سەردانەکەی گۆتێرێس بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە دواکەوتووە. بەر لە سەردانەکەی گۆتێریس، محەممەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق (یونامی) ڕایگەیاند، نێردەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 بە یەکجاری عێراق جێدەهێڵێت. دووپاتیشی کردەوە چوونە دەرەوەی نێردەکە بە مانای نەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان نییە لە عێراق، بەڵکو دەزگا تایبەتمەندەکانیان چالاک دەمێننەوە لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، تەکنەلۆجیا، کەشوهەوا، و ئابووریدا. نێردەی یونامی لە ساڵی 2003 بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش دامەزرا، بە فەرمی بڕیاردرا کە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی بە ئەرکەکانی بهێنرێت، دوای درێژکردنەوەی کۆتایی و بەپێی داوای حکومەتی عێراق.
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینی تۆمار کرد، نرخی نەوتی عێراقیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، بە جۆرێک نرخی هەر بەرمیلێک نەوت ئاستی خوار 60 دۆلاری تۆمار کرد. بەپێی بۆرسەی جیهانیی نەوت ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 61.12 دۆلار، لە کاتێکدا نرخی نەوتی سووکی تێکساس بۆ 57.44 دۆلار دابەزی. هەرچی نەوتی عێراقە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی مامناوەندی بەسرە گەیشتە 59.38 دۆلار، نرخی نەوتی قورسی بەسرەش گەیشتە 57.73 دۆلار. ئەم دابەزینە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر داهاتی عێراق دروست دەکات. بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق، لەبارەی خەرجی و داهاتەکانی نۆ مانگی ڕابردوو، داهاتی نەوتی و نانەوتی بریتی بووە 81 ترلیۆن و 748 ملیار و 817 ملیۆن دینار، دەکاتە نزیکەی 90%ی کۆی داهات. داهاتی نانەوتی 9 ترلیۆن و 419 ملیار و 602 ملیۆن دینار بووە، دەکاتە نزیکەی 10%ی کۆی داهات.
وهزارهتى بازرگانى عێراق راى گهیاند، چهند تایبهتمهندییهكى نوێیان بۆ ئهو ئۆتۆمبیلانه دیارى كردووه كه بۆ ساڵى نوێ هاورده دهكرێن. دووپاتیشى دهكاتهوه به مهبهستى سنوورداركردنى هاوردهكردن رێگه به هێنانى ئۆتۆمبیلى لێدراو نادرێت و ههروهها به رێژهى 15% باج زیاد دهكرێت. وهزارهتى بازرگانى عێراق ئهمڕۆ ههینى 12ى كانوونى یهكهم، له راگهینراوێكدا ئاشكراى دهكات وهزارهتى پلاندانان و دهزگاى كوالێتى و كۆنتڕۆڵى جۆرى تایبهتمهندى ئهو ئۆتۆمبیلانهیان دیارى كردووه كه له یهكهم رۆژى ساڵى نوێ 2026 هاورده دهكرێن. دووپاتى ئهوهیش كراوهتهوه ئهو ئۆتۆمبیلانهى مۆدێلى 2025 به ههمان تایبهتمهندى نوێ دهبێت هاورده بكرێن. وهزارهتى بازرگانى روونیشى دهكاتهوه ههموو بازرگانان و هاوردهكاران ئاگاداركراونهتهوه كه تۆمار و پشكنین له رێگهى سهكۆیهكى تایبهتهوه دهبێت، رهنگه لهسهرهتایشدا ههندێك كێشهى تهكنیكى رووبهڕووى پرۆسهكه ببێتهوه. سهبارهت به تایبمهتمهندییهكان وهزارهتى بازرگانى ئاماژهى بۆ ئهوه كردووه، دهبێت به "خواستى تهكنیكى ژماره 167" بێت كه ئهمهیان پێشتر لهلایهن كۆنتڕۆڵى جۆرى روون كراوهتهوه و تهواوى تایبهتمهندییهكانى پێوهندیدار به سهلامهتى و كوالێتى و گونجانى ئۆتۆمبیلهكان لهگهڵ ژینگهى عێراق دهگرێتهوه. ههروهها ئاماژهى بۆ ئهوهیش كردووه نابێت ئۆتۆمبیلى لێدراو به رووداوى هاتوچۆ یان سووتاو هاورده بكرێت. سهبارهت به باجیش وهزارهتى بازرگانى باس لهوه دهكات، "زیادكردنى رسوماتى گومرگ بهگوێرهى رێنماییه نوێیهكان 15% یان زیاتر دهبێت بهگوێرهى ئۆتۆمبیلهكه". دووپاتیشى دهكاتهوه زیادكردنى باج و رسوماتى گومرگ تهنیا بۆ ئهوهیه رێگرى له هاوردهكردنى ههڕهمهكى بگیرێت، به تایبهتى بۆ ئۆتۆمبیلى گهوره و ئهوانهى له رووى ژینگهوه گونجاو نین.
دوای ئەو لافاوەی لە سنووری چەمچەماڵ هەستا و ژێرئاوکەوتنی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بڕیاریدا بە هاوکاریکردنی کتێبخانەکە. دەقی ڕاگەێنراوەکە: پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارین و لافاوەی ڕووی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کرد، قەزای چەمچەماڵ، ئەو شارەی کە بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفال ناسراوە و مێژوویەکی گەورەی لە خەبات و قوربانیداندا هەیە، ڕووبەڕووی زیانێکی زۆر بووەوە. وێڕای نیگەرانیمان بۆ زیانە گیانییەکان و سەروماڵی هاووڵاتیان، ئێمە و هەموو دڵسۆزانی بواری مەعریفە و زانست، نیگەرانین بۆ ژێرئاوکەوتن و زیانپێگەیشتنی (کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ). وەکو بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و ڕۆشنبیریی خۆمان بەرامبەر بە شاری چەمچەماڵ و خوێنەرانی ئەو دەڤەرە ئازیزە، بڕیارماندا بە بەخشینی (٥٠٠) پێنجسەد کتێب لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ. لێرەشەوە، داوا لە سەرجەم ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، نووسەران و ڕووناکبیرانی کوردستان دەکەین، هەریەکە و بەپێی توانای خۆی بەشداری بکەن لەم هەڵمەتە نیشتمانییە و نەهێڵین چرای مەعریفە و کولتوور لەو شارەدا کز بێت. بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان١٢ـی ١٢ـی ٢٠٢٥
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەکو کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ساڵح دەکات. دەقی پەیامەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکانین (ECOSOC)، بە گرنگییەوە دەڕوانینە ئەو هەنگاوە و ئومێدەوارین لە داهاتوو، هاوکار و پشتیوان بێت بۆ باشترکردنی رەوش و گوزەرانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بەتایبەتیش کە ئێستا هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پەنابەران کەمیکردووە. لەکاتێکدا بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەکەین، وەبیر هەموو لایەک دەهێنینەوە، تا ئێستاش نزیکەی 700 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین، کە پتر لە 280 هەزاریان پەنابەرن، ئەمەش ئەرکی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانی قورستر کردووە، ئومێدەوارین بتوانین لە پێناو باشترکردنی رەوشی پەنابەران بە یەکەوە کار بکەین، بەتایبەتیش بەڕێزیان لە رابردوو سەرۆک کۆماری عێراق بووە و تێگەیشتنی بۆ گرفت و نەهامەتییەکانی پەنابەران هەیە.