سەرۆک بارزانی، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیێنێت، ئاڵای کوردستان هێما و سیمبوڵێکی پیرۆزی گەلەکەمانە. سەرۆک مەسعود بارزانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا هاتووە: ئاڵای کوردستان هێما و سیمبوڵێکی پیرۆزی گەلەکەمانە و هەڵگری پەیام و خەون و ئاواتی هەموو کوردستانیانە. ڕۆژی ئاڵا لە کوردستانیانی ئازیز پیرۆز بێت. هەرچەندە دوای ڕاپەڕێنی ساڵی 1991 ئەم ئاڵایە لەسەر سەرجەم بارەگای لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکاندا هەڵکرا، بەڵام ڕۆژی 11-11-1999، پەرلەمانی كوردستان بە یاسای ژمارە 14 ئاڵای کوردستانی وەک ئاڵای فەرمیی هەرێمی كوردستان ناساند. له سەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانیش، پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 لە ڕۆژی 19-6-2004، بە کۆی دەنگ ڕۆژی 17ـی مانگی 12ـی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەستنیشان کرد.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کورداتان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 15-12-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەلجەربا، سەرۆکی ڕەوتی (الغد)ی سووری کرد. بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا. لە بەشێکی دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا کرایەوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو ئەمڕۆ توانیویانە زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوت دابەش بکەن لە هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە لە وەرزی زستان بە نرخی پاڵپشتیکراو نەوت بەسەر سەرجەم ئەو خێزانانە دابەش دەکات کە فۆڕمی خۆراکیان هەیە، هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی بە 104 هەزار دینار پێ دەدرێت، کەچی لە بازاڕدا هەر بەرمیلێک نەوت نزیکە لە 200 هەزار دینار. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند، دابەشکردنی نەوت بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامی هەیە. هەتا ئێستا 601 هەزار و 471 خێزان لە دابەشکردنی نەوت سوودمەندن، بەکۆی گشتی 120 ملیۆن و 294 هەزار و 200 لیتر دابەش کراون. بەپێی داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، زۆرترین بڕی دابەشکراو و خێزانی سوودمەند بوو لە پارێزگای سلێمانییە، بەجۆرێک لەو پارێزگایە ڕێژەی سەدی دابەشکردن گەیشتووەتە 93% و 245 هەزار و 945 خێزان نەوتیان وەرگرتووە و تەنیا 19 هەزار و 525 خێزان ماون نەوت وەربگرن.
پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستپێدەکەنەوە و تەنیا دابەشکردنی پۆستەکان ماوە. وا بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لەبارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، شاندی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمت کوردستان بکەن. کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ دەست پێدەکات، شاندی پارتی لە هۆشیار زێباری، دڵشاد شەهاب، پشتیوان سادق پێکدێت، شاندی یەكێتی لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت، شاڵاو شێخ سەڵاح و ڕێواز فایەق پێکدێت. چەند ڕۆژ پێش ئێستا مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لەم دۆخەی ئێستا پێمان باشە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ هەر لای پارتی بمێنێتەوە، گوتیشی: لە كۆبوونەوە نافەرمییەکەی هەفتەی ڕابردووی شاندی پارتی و یەكێتی بڕیاریاندابوو كە چەند ڕۆژێك بوار بەیەك بدەن و هەندێك كار هەیە بیكەن ئینجا كۆببنەوە.
لە بازگەی کۆیە ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی دەکرێت بەرەو سلێمانی بڕۆن و ئاسایشی گشتی-هەولێر ڕوونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە. دەقی ڕاگەیەندراوی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش-هەولێر: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025، لە بازگەی سنووری کۆیە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سەر بەو بازگەیە، ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا بەرەو سلێمانی بچن. پێیان گوترا کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنووری سلێمانی. ئەمەش جێگەی سەرسووڕمان بوو، چونکە هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئازادە و هەموو پاسەوانەکانیش مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان هەیە. لە بەرامبەر ئەو کردارەدا ڕێکارەکان لە بازگەکان توند کرا، هاتوچۆکان سنووردار کران، بەڵام دوای ئەوەی ڕوونکردنەوە درا کە ئەوەی ڕوویداوە هەڵەیەک بووە و بە مەبەست نەبووە، دۆخی بازگەکان ئاسایی بوویەوە. داواکارین ئەم ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە ئەو دۆخەیان دروست کرد.
بەهۆی لافاوێکی بەهێزەوە 21 کەس لە شاری ئاسفی لە کەناری زەریای ئەتڵەسی گیانیان لەدەستدا.دوای چەند ساڵێک لە وشکەساڵی، شەپۆلێکی چڕی بەفر و باران وڵاتی مەغریب و چیای ئەتڵەسی گرتووەتەوە. لەوبارەیەوە حکومەتی مەغریب ڕایگەیاند، شاری ئاسفی کە دەکەوێتە باشووری شاری ڕەبات، بەهۆی بارانبارینێکی بەخوڕ و لافاوێکی گەورە هەستا.بەگوێرەی زانیارییەکانی حکومەتی وڵاتەکە، 21 کەس گیانیان لەدەستدا، 32 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات 70 ماڵ و شوێنی بازرگانی لە شارەکە ژێرئاوکەوتوون و لافاو 10 بردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی لە مەغریب هۆشداری دا لە بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی زریان لە وڵاتەکە.
رۆژی هەینی ڕابردوو 12-12-2025، لە تونێلی پیرمام لە سنووری هەولێر، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت ئاگری گرت. بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەس بریندار بوو. هاتووچۆی هەولێر لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕوونکردنەەیەکی بڵاوکردەوە، ئەمە دەقەکەیەتی: سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلەی ڕۆژی هەینی لە تونێلی پیرمام گڕی گرت. ئەو ئۆتۆمبێلە کاتژمێر 10:45 خولەکی بەیانی لەنێو تونیلی پیرمام کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا، دواتر سووتا، لە جۆری تەکسی بوو، تابلۆی ژمارەکەی بەغداد بوو نەک هەولێر. چونکە لە پشکنینی pvi هەولێر، هەر ئۆتۆتۆمبێلێکی ژمارە هەولێر سیستەمەکەی کرابێت بە غاز، پشکنینی بۆ ناکرێت ئەگەر پشتگیری سەلامەتی و دڵنیایی کۆمپانیای دروستکەری سیستەمی غازی لەلای نەبێت .
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، هێڵی سوور لەبارەی چالاکییەکانی ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریا دیاری دەکات و ئەمریکا لە جووڵەکانی ئیسرائیل نیگەرانە. ئیدارەی دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێک سەیری ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا دەکات و دەیەوێت وڵاتەکەی سەقامگیر بێت، بەمەش خۆیان لە هەر هەنگاوێک بەدوور دەگرن کە دەسەڵاتی شەرع لاواز بکات. ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025، کەناڵی "i24news"ـی عیبری ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا دەگاتە ئیسرائیل و لەگەڵ نەتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکە وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵەکە، ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لەنێو خاکی سووریا نیگەرانە و ئارەزووی ڕێککەوتنێکی ئەمنی دەکەن لەنێوان هەردوولادا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە "ترووس سۆشیاڵ" گوتی، زۆر گرنگە ئیسرائیل گفتوگۆیەکی بەهێز و ڕاستەقینەی لەگەڵ سووریا هەبێت، هیچ شتێک ڕێگر نەبێت لە گەشەسەندنی سووریا بۆ وڵاتێکی پێشکەوتوو.
هاوکاریی هاوپەیمانان گەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکارە ئیداریەکان بۆ دابەشکردنی بەسەر پێشمەرگەکاندا دەستیپێکردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەگەر ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025، هاوکارییەکە بگاتە بانکەکان، ئەوا سبەی سێشەممە 16-12-2025، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و هاوکارییەکە بۆ مانگی 11یە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕۆژی چوارشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2025، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازى) دەست بە ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان کرا، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی پێنجشەممە، 06ـی تشرینی دووەمی 2025، دەست بە دابەش کردنی هاوکارییەکە کرا. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکە، لەم مانگەدا زیاتر لە (97%) ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی دیکەش لە ڕێگەی سیستەمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوینەری باڵای فەرەنسا لە هاوپهیمانیی نێودهوڵهتیی دژی داعش کۆبووەوە، جەختیان لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئهمڕۆ دووشەممە 15-12-2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكوەزیرانی ههرێمى كوردستان، پێشوازی له جەنەڕاڵ فرانسوا تريكۆ، نوێنهری باڵای فهڕەنسا له هاوپهیمانیی نێودهوڵهتیی دژی داعش کرد. له کۆبوونەوەکەدا یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پهيوهندييهكانى فهرهنسا و ههرێمى كوردستان و دۆخى ئەمنیی عێراق و ڕووبهڕووبوونەوەی مهترسييهكانى تيرۆر و ههڕهشهكانى داعش لە عێراق و سووریا تاووتوێ کران. ههردوولا هاوڕا بوون لهسەر گرنگيى بهردهوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هاوئاهەنگی نێوان هاوپهيمانيى نێودهوڵهتی و هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تيرۆر و پاراستنى ئاسایش و ئاراميى ناوچەکە.
سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆز، کونسوڵی گشتی، نێردە، دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 14-12-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز، کونسوڵی گشتی، نێردە، دیپلوماتی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکوەزیران لە وتەیەکدا، وێڕای پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و ساڵی نوێ، هیوای خواست ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و شادی و ئاشتی و ئارامی بێت بۆ هەرێمی کوردستان و جیهان. سەرۆکوەزیران ئاماژەی دا بەوەی 2025 ساڵی سەرکەوتنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێێنانی چەندین دەستکەوت بووە، بەڵام بە داخەوە لەم ڕۆژانە کارەساتی سرووشتی ڕووداوی لافاویش لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بە تایبەتی چەمچەماڵ ڕوویدا. سەرۆکوەزیران هەروەها تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەسەر داخستنی شەقامەکانی شاری هەولێر بەناوی كەمپین و دروستکردنی قەرەبالغی لە شارەکە، پارێزگاری هەولێر ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە. دەقی ڕاگەیێنراوی نووسینگەی پارێزگای هەولێر: دوای ئەوەی لە رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بارانێكی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لە قەزایی چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و چەند ناوچەیەكی تری سنوورەكە لافاو دروستبوو، بەداخەوە جگە لە زیانێکی زۆری مادی چەند كەسێكیش گیانیان لەدەستدا، بە سوپاسەوە وەك هەمیشە شاری هەولێر و خەڵكەكەی بۆ هاوخەمی و گەیاندنی هاوکاری و كۆمەك کۆكردنەوە بۆ زیانلێکەوتووان ژمارە یەك بوون و چەندین كەمپینی جۆراوجۆ لەلایەن ڕێكخراوە مرۆییەكان و خێرخوازان و خوداپێداوان و ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش ڕاگەیندرا، ئەوەش ماییەی پێزانینە. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، كەسانێك لێرە و لەوێ بەناوی كەمپین و هاوكاریكردنی لێقەوماوان لە سەر شەقامە گشتییەكان ڕادەوەستن و قەرەباڵغیەکی زۆر دروست دەکەن و هاوڵاتیانیان نیگەران كردووە، هەموو لایەك ئاگاداردەكەینەوە ئەو شێوازە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراونیە، ئاسایش و پۆلیسی و پۆلیسی هاتووچۆ دەستكراوەكراون بۆ ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەركەسێك ئەو جۆرە كارە ئەنجامبدات، هوشداری دەدەینە هاوڵاتیانیش بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەو جۆرە كەمپینانە نەكەن، کە دڵنیانین لە گەیاندن و گەیشتنی کۆمەک و هاوکارییەکانیان. هەركەسایەتی و لایەنێك و شوێنێك دەیەوێت كەمپین ڕابگەینێ لە ڕێگەی پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە داواكاری خۆی پێشكەش دەكات و شوێنی تایبەتی بۆ دیاری دەكرێت بۆ ڕاگەیاندنی كەمپین و كۆمەك كۆكردنەوە، نەك بەناوی كۆمەك و هاوكاری زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان شەقامی گشتیی و ڕێگای هاتووچۆی هاوڵاتییان دابخەن و ناڕەحەتی و نیگەرانیان بکەن.