Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13783 بابەت
هەواڵ
19-07-2021

دەستکاری لێبڕینی مووچە دەکرێت

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، لە دوای جەژن دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و گۆڕانکاریشی بەسەردادێت.سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردوە، لێبڕینی مووچە یان لادەبرێت، یانیش زۆر کەم دەکرێتەوە. رووداو

هەواڵ
19-07-2021

وەزارەتی تەندروستی: تووشبوون بە کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی شکاند

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە بەداخەوە لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ... ژمارەیەکی زۆری مردن و بۆیەکەمین جار بەرزترین ڕێژەی تووشبوون لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆڕۆنا تا ئێستا لەکوردستان تۆمارکرا بەهۆی هەڵسوکەوت و بێباکی ئێستا بەرامبەر کۆڕۆنا کارەساتی دڵتەزێن بەڕێوەیە.

هەواڵ
19-07-2021

بڕی پێدانی کارەبا بۆ رۆژانی جەژن دیاریکرا

وەزارەتی كارەبا بە پشت بەستن بە بەرھەمھێنانی 3400 مێگاوات کارەبا، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا 14 کاتژمێر کارەبا دەداتە ھاوبەشانی. بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەكانی كۆنترۆڵی كارەبای پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم وێستگەگانی بەرهەمهێنانی كارەبا، گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا لەسەر ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن. ھەرێمی کوردستان لە وەرزی گەرمادا، پێویستیی بە 4200 تا 4500 مێگاوات کارەبا ھەیە.

هەواڵ
18-07-2021

محه‌مه‌د بن زاید جەژنەپیرۆزە لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٧/١٨، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە شێخ محەمەد بن زاید‌ ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات پێگەیشت. لەو پەیوەندییەدا شێخ محەمەد بن زاید‌ پیرۆزباییی هاتنی جەژنی قوربانی لە نێچیرڤان بارزانی و گەلی کوردستان کرد و هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ خواست. لای خۆیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاس و جەژنەپیرۆزە، هیوای خۆشبەختی و پێشکەوتنی بۆ بن زاید و گەلی ئیمارات و بەردەوامیی پەیوەندیی دۆستانەی هەردوو گەلی کوردستان و ئیمارات خواست.

هەواڵ
18-07-2021

شوان داودی لە ڕاگەیاندنی یەکێتی دەرکرا

شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە کەرکووک، لە نامەیەکدا دانی بەوەدا نا کە دەرکراوە. دەقی نامەکەی: برا و هەڤاڵی بەڕێزم کاک حەمە سور دوشیوانیلێپرسراوی مەڵبەندی دووی (ی. ن .ک) سڵاوي خەبات و خۆڕاگریمن لە سەر تەکلیف و پشتیوانی بەڕێزت ئەرکی سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی کەرکوکم وەرگرت و لە 2020/9/17 دەستبەکار بووم و دوێنی 2021/7/17 فەرمانی دەرکردنم لە مەکتەبی ڕاگەیاندنەوە دەرچوو وەک یەکەم کەس لە پاکتاو کردنی دوای روداوەکانی 8 ی تەمموز لە شاری کەرکوک ولە حزب و لە ڕاگەیاندنش ..ئەمڕۆ 2021/7/18 ئەستۆ پاکیم کرد و دەستاودەستی ئەرکەکەم کرد کە جگە لە خزمەت هیچ پلەو پۆست و ئیمتیازێکی تێدا نەبووە بۆم ..بە هەرحاڵ لە ماوەی 10 مانگی رەبەقی کاری سەخت، سەرباری ئەو هەموو ململانێ و ئاستەنگە حزبی و سیاسی و هونەری و تەکنیکی و مادیانە روبەرومان کرایەوە ..توانیمان سەرکەوتوو بین لە گەڕانەوەی حورمەت بۆ کەناڵەکە و بینەرێکی زۆرمان لە سەرتاسەری کوردستان لە گەڵی ئاشت کردەوە …رادێۆمان خستەوە کار و سایتمان دروست کردو پەیچمان بەهێز کردەوە و گۆڤارمان دەرکرد و توانیمان بودجەی کەناڵەکە بۆ سێ جاران زیاد بکەین و دەوام ڕێک بخەینەوە و تواناکان بە گڕ بخەین و چەند ستودێویەکی مۆدرین دروست بکەین و سیستمی دەنگ چاک بکەین و کۆمپیوتەر و کامیراکانی کەناڵەکە تازە بکەینەوە تەلەفیزیۆنەکە بکەینەوە 24 کاتژمێر و سیستەمی هەواڵ بەکوردی و عەرەبی ڕێکبخەینەوە و دەیان بەرنامەو و بابەتی جۆراو جۆر و ڕێپورتاز و فیچەر بە بەکوردی و عەرەبی بەرهەم بێنین بەشێکی زۆری ژوورەکانی بەش و یەکەکان تەعمیر بکەینەوە …و زۆر شتی تریش کە لێرە جێگایان نابێتەوە …وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ بەشێکی زۆری کادر و کارمەندانی دەزگای میدیایی کەرکوک کە هاوکارم بوون ، لێرەدا دەمەوێ وەک راستیەکی مێژویی و ئەرکێکی ئەخلاقی ئەوە دووپات بکەمەوە کە بەڕێزتان پشکی شێرتان بەر دەکەوێ لەو سەروەری ئەو دەسکەوتانە چونکە هەموو بە پشتیوانی و پشتگیری بەڕێزتان و مەڵبەندە تێکۆشەرەکەتانەوە بەدەستهاتووە بۆیە جێی خۆیەتی سوپاسی ئەو هەموو پشتوانیەت بکەم و گەر خوای گەورە بایی ئەوە تەمەنمان بدا لە کتێبێکدا ئەزمونی ئەو 10 مانگە بڵاو دەکەمەوە ..جارێکی تر سوپاس بۆ بەرێزتان هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو سەرفراز بن. شوان داودی2021/7/18

هەواڵ
18-07-2021

بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی کۆبوونەوە

بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، کۆبوونەوەکە بۆ ڕادەستکردنەوەی سەرجەم ئەو موڵکانە بوون کە بە پارەی یەکێتی کڕدراون، ھەروەھا گفتوگۆیان لەبارەی دەست لەکارکێشانەوە چاوەڕوانکراوەکەی لاھور جەنگی کردووە لە دوای جەژنی قوربان

هەواڵ
18-07-2021

حکومەتی ھەرێم ١٣ ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی بەنداوەکان تەرخانکرد

بڕی 13.040,000,000 سێزدە ملیار و چل ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی پرۆژەی دروستکردنی بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان تەرخان کرا بەشێوەی نەختینە و قۆناغ لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم . دوابەدوای هەولە بەردەوامەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ رووبەروو بونەوەی دیاردەی ووشکەساڵی ، وە ئاراستەکردنی پاکێجی پێشنیار و چارەسەری و داواکاریەکان بۆ بەردیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران . بۆ ئەم مەبەستە لە رێکەوتی 2021/7/12 بەفەرمانی ژمارە (8439)بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەفەرمی رەزامەندی داوە لەسەر دابینکردن و خەرجکردنی بڕی 13.040,000,000 سێزدە ملیار و چل ملیۆن دینار بۆ تەواوکردنی پرۆژەی دروستکردنی بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی نەختینەو قۆناغ بەپێی کارە ئەنجام دراوەکان و رێنمایەکانی جێبەجێکردنی گرێبەست لەگەڵ حکومەت .کەلە لیستی هاوپێچدا بە ووردەکاریەوە ئاماژە کراوە بە :(ناو - شوێن پرۆژەکە - رێژەی جێبەجێکردن - گوژمەی ماوەی خەملێنراو بە پارە )له کۆی گشتی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان . راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

هەواڵ
18-07-2021

حکومەت 480ملیۆن دیناری بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تەرخانکرد

بودجەیەکی تایبەت بەبڕی (480,000,000) چوارسەد و هەشتا ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی کیمیایی تەرخانکرا. وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لەپێناو گرینگیدان بە ڕەوشی تەندروستی هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەڵەبجەی شەهید کە بەرکەوتووی چەکی کیمیایین، دوای چالاکردن و دەسبەکاربوونی نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەرکردنی بەرکەوتووان، (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕی بۆ تەرخانکردنی بڕی (480,000,000) چوارسەد و هەشتا ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی مانگانە بۆ نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی کیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە.

بیروڕا
18-07-2021

خۆری سیاسیی لاهور جەنگی ئاوابوو

له‌ مێژووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دا زۆر رووداو هه‌ن به‌ ته‌مومژاویی چوونه‌ته‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی ئه‌م حیزبه‌وه‌ و ره‌نگه‌ بۆ داهاتوویه‌كی زۆر دووریش هه‌موو راستییه‌كانیان ئاشكرا نه‌بن. وه‌ك رووداوی هه‌كاری، رووداوه‌كانی سه‌روبه‌ندی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌، تاوەکو ده‌گاته‌ جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵام له‌ هه‌موویان ته‌مومژاویتر ئه‌م رووداوانه‌ی نێوان 8 بۆ 15ـی ته‌ممووز بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ یه‌كێك له‌ هاوسه‌رۆكه‌كانی یه‌كێتی له‌كاركه‌وت و وه‌ك بڕیاره‌ سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی حیزبه‌كه‌ش بگۆڕێت و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی له‌ رابردوودا یه‌كێتی په‌یڕه‌وی كردووه‌. ئایا هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی له‌نێو یه‌كێتیدا روویدا چی بوو؟ تاوەکو ئێستا ئه‌م حیزبه‌ وه‌ك به‌یانێكی روون و راشكاو هیچی له‌وباره‌یەوه‌ نه‌گوتووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی دره‌نگوه‌ختی مه‌كته‌بی سیاسی سازكرا و به‌ چه‌ند دێرێك له‌ شێوه‌ی هه‌واڵ نێوەڕۆکی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به ‌گوێی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیان و خه‌ڵكدا دا كه‌ گوایه‌ رێككه‌وتوون ده‌سه‌ڵاته‌كانی هاوسه‌رۆكه‌كان بدرێته‌ بافڵ تاڵه‌بانی تاوەکو ئه‌وكاته‌ی په‌یڕه‌وی نێوخۆ ده‌ستكاری ده‌كرێت و سیستمی هاوسه‌رۆكی نامێنێت. جیا لەو راگه‌یێندراوه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی، چه‌ند لێدوانێكی جیاوازیش له‌ هه‌ر سێ‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌ی یه‌كێتی و ته‌ره‌فی كێشه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ر سێكیان پێچه‌وانه‌ی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبه‌كه‌یه‌. ئه‌وانیش لێدوانێكی لاهوور شێخ جه‌نگی و جەختکردنەوەی له‌ دوو بۆنه‌ی جیاوازدا به‌وه‌ی پیلانگێڕیی عوسمانی و هێزی نێوخۆیی له‌سه‌ر یه‌كێتی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی رووده‌دات ده‌ستی توركیایه‌. له‌ روونكردنه‌وه‌ی زیاتریشدا گوتی كه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر هاتووەته‌ سلێمانی و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی پێیگوتوون كه‌ ئه‌ردۆغان نیگه‌رانه‌ له‌ سیاسه‌تی لاهوور شێخ جه‌نگی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ لێی قبووڵ ناكه‌ن. له‌ به‌رانبه‌ریشدا چه‌ند هه‌واڵێك له‌ كوردسات، ده‌زگای میدیایی تایبه‌تی ماڵی تاڵه‌بانی بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ دابوو سیخووڕ له‌ ماڵی تاڵه‌بانی ده‌ستگیركراوه‌ كه‌ كاری بۆ لاهوور شێخ جه‌نگی كردووه‌ به‌ ئامانجی زیانگه‌یاندن به‌ یه‌كێتی. دواتریش به‌ره‌به‌یانێك بافڵ تاڵه‌بانی چووه‌ سه‌ر مه‌زاری مام جه‌لال و له‌وێ‌ راگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ی له‌و په‌یامه‌دا هاتبوون جێگه‌ی سه‌رنج بوون. "ده‌زگا ئه‌منی و حیزبییه‌كان چه‌ند ساڵێك بوو خرابوونه‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ و بۆ ته‌سفیاتی حیزبی به‌كارده‌هێندران و دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان ده‌جووڵانه‌وه‌، ده‌ستخرابووه‌ بیناقاقای كار و كاسبیی كاسبكاران و سه‌رمایه‌داران، قاچاخچێتی، سه‌رانه‌ وه‌رگرتن، هه‌ڕه‌شه‌ و سیخووڕیكردن كرا به‌ به‌رنامه‌." قوباد تاڵه‌بانیش له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كی جیاوازدا وه‌ك له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی ده‌زگای زانیاری و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داران ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه ‌چیتر هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی نییه‌ ده‌ستوه‌ردان بكات له ‌كاروباری بازرگانی، ئه‌ركی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان دابینكردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانه‌. ئه‌مه‌ش وه‌ك جەختکردنەوەیەک كه‌ پێشووتر ئه‌و ده‌زگایانه‌ خراپ به‌كاربرابوون. ئه‌م لێدوانه‌ فه‌رمییانه‌ كه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یەکدی وێنایه‌كی روونیان نه‌دایه‌ خه‌ڵك تاوەکو بزاندرێت ئه‌وه‌ی روویدا چی بوو، به‌ڵام له‌ په‌یج و ماڵپه‌ڕه‌ وابه‌سته‌ و سێبه‌ره‌كانیاندا شتی دیکەیان گوت، بۆ نموونه‌ باس له‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی بافڵ تاڵه‌بانی كرا له‌ رێگه‌ی ژه‌هرخواردنه‌وه‌، قسه‌ و باسی بردنی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ رووسیا بۆ پشكنین كه‌ بزانرێت ئه‌ویش ژه‌هرخوارد كراوه‌ یان نا، هه‌روه‌ها باسی ژه‌هرخواردكردنی پێشووتری كۆسره‌ت ره‌سووڵیش هاته‌ نێو باسانه‌وه‌. دەزگا میدیاییه‌كانی نزیك ماڵی مام جه‌لال باسیان له‌ خراپ به‌كاربردنی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كرد له‌لایه‌ن لاهوور و براكانییه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ و كاری قاچاخچییه‌تی و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خه‌ڵك. ئه‌وه‌ی وه‌ك ئیجرائات له‌ ئه‌نجامی ئه‌م رووداوه‌ هاته‌ ئاراوه‌ هه‌ردوو به‌رپرسی ده‌زگای زانیاری و دژه‌تیرۆر كه‌ هه‌ردووكیان تاڵه‌بانی و نزیكی لاهوور شێخ جه‌نگی بوون له ‌كاره‌كانیان لابران، ده‌ستگیرا به‌سه‌ر هه‌ندێك په‌یج و ماڵپه‌ڕ و كه‌ناڵی میدیایی سه‌ر به‌ لاهوور شێخ جه‌نگیدا، هه‌ندێ‌ له‌و كۆمپانیا بازرگانییانه‌ی سه‌ر به‌ ئەو بوون ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا. لێره‌شدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ ده‌كرێت كێشه ‌و گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی به‌دوای خۆیدا بهێنێت، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌شێك له‌و په‌یج و ماڵپەڕانە به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو تیرۆری كه‌سایه‌تیی چه‌ندین خێزان و بنه‌ماڵه ‌و كه‌سایه‌تیان كردووه‌، ئه‌گه‌ر پێشتر خاوه‌ندارێتیان یاخود ئه‌وانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و په‌یج و ماڵپه‌ڕانه‌بوون و نه‌ناسراو بوون، ئێستا بۆ خه‌ڵك ده‌ركه‌وت كێ بوون به‌ڕێوه‌یان بردوون‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م رووداوه‌ هه‌ر ناوێكی لێده‌نرێت ئه‌وه‌ی باش بوو خوێنی تێدا نه‌ڕژا، چی له‌ كاتی ته‌قینه‌وه‌ی كێشه‌كان و چی له‌ رابردووشدا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ك له‌و دوو سیناریۆیه‌ی باس ده‌كرێن راستبن، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌بوو كوردستان به‌رێته‌ قۆناخێكی مه‌ترسیداری شه‌ڕی نێوخۆوە‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ راستبێت كه‌ لاهوور ده‌یڵێت، گوایە ده‌ستی توركیا و پارتییه ‌و ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ ناردووه‌، ئه‌گه‌ر لاهوور بكوژرایا بێگومان هه‌موو سه‌رنجه‌كان ده‌چوونه‌ سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌ی له‌ پارتی و به‌وهۆیه‌وه‌ ئاگری فیتنه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ كوردستان ده‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ربوونی ده‌بووه‌ مه‌حاڵ.‌ ئه‌گه‌ر سیناریۆكه‌ی دیکەش راست بێت و هه‌وڵی كوشتنی بافڵ تاڵه‌بانی درابێت له‌ رێگه‌ی ژه‌هرخواردنییه‌وه ‌و لاهوور شێخ جه‌نگی له ‌پشتی ئه‌وه‌ بووبێت، بێگومان ئه‌گه‌ر سه‌ری بگرتایە راسته‌وخۆ ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خرایه‌ سه‌ر پارتی و چه‌ند كه‌سێكیان ده‌هێنایه‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌لەڤزیۆنه‌كان بڵێن بۆ پارتی كردوومانه‌، به‌مه‌ش بۆ ته‌مه‌نی چه‌ندین نه‌وه‌ی دیکە شه‌ڕی جه‌لالی و مه‌لایی ده‌گوازرایه‌وه‌. كه‌واتە كوردستان له‌وه‌دا شانسی هه‌بوو هه‌ركام له‌م سیناریۆیانه‌ راستبن پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ كۆتایی ئاشكرابوون و خودا كوردستانی له‌ به‌ڵای گه‌وره‌ پاراستووه‌. ره‌نگه‌ ئێستا پرسیاری هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بێت داهاتووی ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ره‌و كوێ‌ ده‌ڕوات؟ بێگومان له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ راگه‌یاندنی فه‌رمیی یه‌كێتیی یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌ كام له‌و دوو سیناریۆیه‌ راستن، ده‌بێت گریمانه‌كردنیش له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ردوو سیناریۆكه‌ بكه‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان راست بێت كه‌ توركیا هه‌وڵی كوشتنی لاهوور شێخ جەنگی داوه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت وه‌ك گریمانه‌یه‌كی لاواز هه‌ندێك ده‌ڵێن سیناریۆیه‌كه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی لاهوور له‌ مه‌ترسیی توركیا، كه‌واتە لانیكه‌م تاوەکو ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر حوكم بێت، ده‌بێت لاهوور له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان نه‌مێنێت. سرووشتی سیاسه‌ت و ململانێش وایه‌ كه‌سێك له‌ گۆڕه‌پان خرایه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ئاسته‌م ده‌توانێ‌ بێته‌وه‌ جێگه‌ی خۆی. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی دیکەیان راست بێت كه‌ ده‌گوترێت لاهوور جه‌نگی هه‌وڵی تیرۆركردنی بافڵی دابێت و پلانه‌كه‌ی ئاشكرا بووه‌، له‌و دۆخەشدا هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌م دوو ئامۆزایه‌دا نامێنێته‌وه‌ بۆ پێكه‌وەكاركردن و ده‌بێت لایه‌نی شكستخواردوو گۆڕه‌پانه‌كه‌ چۆڵ بكات. له‌کاتی راستیی ئه‌مه‌یاندا بۆ له‌مه‌ودوا ماڵی مام جه‌لال تاكه‌ مه‌ترسییه‌ك هه‌یانبێت له‌به‌رده‌م هه‌ژموونیاندا به‌سه‌ر حیزبه‌كه‌وه‌، ماڵی شێخ جه‌نگی ده‌بن، بۆیه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌بێت دڵنیایی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ئه‌و مه‌ترسییه‌ سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ به‌س نه‌بێت كه‌ له‌ پۆست و ده‌سه‌ڵات دابماڵدرێن له‌نێو یه‌كێتی یان ته‌نانه‌ت له‌ كوردستانیش دووریان بخه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ری قۆستنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی خه‌ڵك و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی ناڕه‌زایی و نه‌یاره‌كانی ماڵی تاڵه‌بانی ده‌بنه‌ هێزێكی كاریگه‌ر وه‌ك مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر داهاتووی بافڵ و قوباد تاڵەبانی. بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ماڵی تاڵه‌بانی هه‌ندێك له‌و كه‌یسانه‌ وه‌ك كه‌یسێكی یاسایی به‌ هه‌ڵواسراوی بهێڵنه‌وه‌ تاوەکو له‌ هه‌ركاتێكدا هه‌ستیان به‌ جووڵه‌یه‌كی لاهوور و براكانی كرد، له‌ دژیان به‌كاریان ببەن.له‌م هاوكێشه‌یه‌دا پێناچێت پارتی دیموكراتی كوردستانیش هه‌ر وه‌كو بینه‌رێك له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشا بكات، به‌دوور نازانرێت له‌ ئێستا به‌دواوه‌ پارتیش كه‌یسی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر بكاته‌ كه‌یسێكی یاسایی و ئه‌وه‌ی پێویست بێت له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ رێكاره‌كانی بۆ بگرێته‌به‌ر. كه‌واتە لێره‌دا سه‌رباری ئه‌وه‌ی راستییه‌كه‌ روون نییه‌ كام له‌و سیناریۆیانه‌ دروستترن له‌ پشتی رووداوه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌ راستی، ئاوابوونی خۆری سیاسیی لاهوور شێخ جه‌نگییه‌ و له‌ داهاتوودا ته‌نیا وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌ك بۆ هه‌ندێك تاڵ و بۆ هه‌ندێك شیرین ده‌مێنێته‌وه‌.عارف قوربانی

هەواڵ
18-07-2021

چەند ڕێنماییەک بۆ ئەو کەسانەی قوربانی دەکەن

لەبەر هەبوونی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لەعێراق ،هەرچەندە تا ئێستا لە کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و سەلامەتی ئێوە بەهۆی ئەوەی کە ئەم جۆرە نەخۆشیەکە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو /ب.گ. سامانی ئاژەڵ و فێترنەری چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە. : یەکەم/ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت دەبێت تەندروست بێت و قڕنەوگەنەی لەسەر نەبێت. دووەم/ئاژەڵی قوربانی لە کوشتارگە سەردەبڕدرێت ،تاکو پشکنینی پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی بۆ بکرێت و دڵنیابین لە تەندروستی گۆشتەکە. سێیەم/گۆشتی قوربانی لە ناو کیسی شەفاف دابەش بکرێت و دەبێت کیسەکە خاوێن و نوێ بێت . چوارەم/سەربڕینی ئاژەڵ لە ناو ماڵ و کۆڵان هۆکارێکە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکان و پیس بوونی ژینگە ،هەروەک  دیاردەیەکی ناشارستانیە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە چەند حاڵەتێکی نەخۆشی خوێن بەربوون (الحمی النزفیة)لە عێراقدا تۆمار کراوە. پێنجەم/لەکاتی وەرگرتنی گۆشتی قوربانی ڕاستەوخۆ بەکاری مەهێنه و بیست چوار کاتژمێر لە ساردکەرەوەی بهێڵەوە. شەشەم/لەکاتی دەستکاری کردنی گۆشت و لاشەی ئاژەڵ دەستکێش بەکار بهێنە. حەوتەم/ئەگەر گومانت لە گۆشتی ئاژەڵی قوربانی هەبوو پەیوەندی بە لێژنەکانەوە بکە

هەواڵ
18-07-2021

داعش 4 ویلایەتی لە ئەفریقیا پێکهێناوە

راپۆرتێکی ئەمنی پەیمانگای تۆژینەوە ئەمنییەکانی ئەفریقیا ئاشکرایکرد کە رێکخراوی تیرۆریستیی "داعش" خەریکی دووبارە بڵاوکردنەوەی چەکدارەکانێتی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە باکوور و رۆژئاوای ئەفریقیا و باشووری لیبیای قۆستووەتەوە وەک گرنگترین وێستگەی خۆی بۆ جموجووڵی چەکدارەکانی و، 4 ویلایەتی لە ناوچەی دەریاچەی چاد پێکهێناوە بۆ خیلافەتەکەی لەو کیشوەرە لەژێر سەرکردایەتییەکی ناوەندیی لە ویلایەتی بۆرنۆ لە نەیجیریا.ئەو 4 ویلایەتەی کە "داعش" دەیەوێت چەکدارەکانی تیایاندا بڵاو بکاتەوە بریتین لە سامبیسا لە نەیجیریا و تۆمبۆما بابا لە بۆرنۆ لە نەیجیریا و تمبکتۆ لە باکووری مالی و ویلایەتێکی نوێ لە چاد کە پێشبینی دەکرێت تیرۆریستی عەرەب لەخۆ بگرێت و، هەریەک لەم ویلایەتانە حاکمێکی تایبەتی دەبێت و لەژێر سەرکردایەتی ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی، سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی "داعش".

هەواڵ
18-07-2021

نرخی بەنزین دابەزی

بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر گوتی، ھەنگاوی كرداری بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین دەستی پێكردووە و لە یەكەم قۆناغیشدا نرخی بەنزین لە ٢٧بەنزینخانە هەرزان كرا، كە نرخی ھەر لیترێك كراوەتە ٦٦٠دینار. ئاری كاكەشین رایگەیاند، لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لیژنەیەك دروست كراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە گرانبوونی نرخی بەنزین و كاركردن بۆ هەرزانكردنی بەنزین، كە بەردەوام كار دەكەن و لە یەكەم ھەنگاویشدا نرخی بەنزین لە ٢٧بەنزینخانەی ھەولێر هەرزان كرا و نرخەكەی كراوەتە ٦٦٠دینار و ناشبێت لەو نرخە گرانتر بفرۆشرێت. ئاری كاكەشین گوتیشی، چەندین ھەنگاوی دیكەش لیژنەی حكوومی دیراسەی كارەكە دەكات بۆ ئەوەی بتوانێت نرخی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان هەرزان بكات، وەكو ئەوەی رێنماییەكان ئاسانتر بكرێت و ھاتنی بەنزین زووتر بگات و ھاوكارییان بكرێت، بۆیە ئەوەی پێویست بێت ھەم لە خاڵە سنووریەكان و ھەمیش لە رێكارەكان ھاوكاریی بازرگانان دەكرێت بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هەرزان بێت، چونكە رێكارەكان ئاسانتر بكرێت خۆی بەنزین هەرزانتر دەبێت، بەڵام زۆریش نابێت، چونكە لە شوێنی خۆی بەنزین نرخەكەی گرانە. دەشڵێ: حكوومەت كار دەكات بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە ٧٠٠دینار زیاتر نەبێت، چونكە حكومەت خۆی جیددییە و نیگەرانە لە گرانبوونی بەنزین، كە لەسەر ئاستی باڵاش چاودێریی دەكەن، بۆیە كار دەكرێت بۆ ئەوەی بەنزین لە ھەرێمی كوردستان هەرزان بكرێت و نابێت بەو شێوەیە گران بێت.

1 2 ... 783 784 785 ... 1148 1149