بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لەسەر هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووس میران بەکر، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە ڕێکاری پێویست دەگرینە بەر. ڕاگەيەندراوێك لە بەڕێوەبەرايەتی پۆليسی پارێزگای هەولێرەوە: هاووڵاتی میران بەکر عبدالرحمان کە کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیە و پێشتر سکرتێری رۆژنامەوانی بەرێز وەزیری پێشمەرگە بووە و ئەندام و کادری یەکێتییە، درەنگانی شەوی هەینی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە سنووری بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لایەن چەند چەکدارێکی خۆیانەوە دەستگیر کراوە و ئازاردراوە و دوای ماوەیەک ئازاد کراوە. لە هەبوونی سکاڵای یاسایی، پۆلیس و و لایەنە پەیوەنددارەکان رێوشوێنی لێکۆڵینەوە و رێکارەکانی پێویست دەگرنە بەر بۆ دەرخستنی راستی و سەروەرکردنی یاسا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان. هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هیچ جۆرێک رێگا نادرێت هیچ کەس و لایەنێک هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادی کەسی و کەرامەتی هاووڵاتیان بە هیچ بیانوێک پێشێل بکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە سبەی دووشەممە داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغدا دەکات. دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی: داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق سبەی دووشەممە ڕێکەوتی ( ٢٢ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ ) بڕی ( ١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری٢١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥
مەسرور بارزانی و عەبدولفەتتاح سیسی کۆبوونەوە، پەیوەندیی دوولایەنە و بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 12/21، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە، لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر عەبدولفەتتاح ئەلسیسی کۆبووەوە. سەرۆکی میسر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. سەرۆکی حکومەت ستایشی ڕۆڵی میسر و سەرۆک سیسی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد. لە کۆبوونەوەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کرايهوه. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر برەودان بە هاوئاهەنگی و هاریکاری بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، "سبەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغدا دەکرێت". هەوڵەکانی حکومەتی کوردستان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 10 بەردەوامە، تەیف سامی بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مانگە سێ مەرجی هەیە، کە میزان موراجەعە و داهاتی ناوخۆن و هەردووکی ئامادەکراون؛ میزان نێردراوە و داهاتی نانەوتی ماوە بنێردرێت. مەرجەکەی دیکەش ناردنی ڕاپۆرتی هەناردەکردنی نەوتە کە ئەویش نێردراوە و ئێستا لە بەغدایە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی و دارایی ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی دەدرێت بۆ بەغدا و بڕیارە سبەی دووشەممە 120 ملیارەکە بنێردرێت بۆ بەغدا.
ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا وەڵامی زێدان دەداتەوە و دەڵێت، ''دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ سوپاسی گرووپە چەکدارەکان ناکات بۆ جێبەجێکردنی ئامۆژگارییەکانیان، ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە دەرەوەی ڕۆڵی دەستووریی خۆیانن.'' دوێنێ شەممە، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سوپاسی گرووپە چەکدارەکانی کرد کە "گوێیان لە ئامۆژگارییەکەی گرتووە" بە ئامانجی هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت و گواستنەوەیان بۆ کاری سیاسی. جۆو ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان لە ئێکس نووسیوویەتی، "ئەو سوپاسگوزارییەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاراستەی گرووپە چەکدارەکانی کرد، لە بەرامبەر هەوڵی داماڵینی چەکەکانیان، ئەو زمانە زمانی دامەزراوەیەکی دەستووری نییە کە ئەرکی پاراستنی یاسا بێت، بەڵکو ئەمە ڕەنگدانەوەی هەڵسوکەوتی و پەیوەندییەکەی نێوان سەرکردایەتیی دادوەری و میلیشیاکاندایە. ئەمە گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر دادپەروەری و خودی قەوارەی دەوڵەت.'' دەشڵێت، ''دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ سوپاسی گرووپە چەکدارەکان ناکات بۆ جێبەجێکردنی ئامۆژگارییەکانیان، ئەم جۆرە ڕەفتارانە لە دەرەوەی ڕۆڵی دەستووریی خۆیانن. جەخت لەوەش دەکاتەوە ئەم پرسە پەیوەندی بە بەرزڕاگرتنی سەروەری یاساوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە ناردنی پەیامیی سیاسی لە ژێر پەردەی یاساییدایە.''
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە وڵاتی میسر و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی کۆدەبێتەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلای ئەحمەد فوئاد هنو وەزیری ڕۆشنبیریی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری پێشوازی لێکرا. سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەیدا، لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر عەبدولفەتتاح ئەلسیسی و بەرپرسانی باڵای دیکە، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە دەکات.
سەرۆک بارزانی و وەزیری بازرگانی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە کرا. بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق کرد. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا خرانە بەرباس و گفتوگۆ.
پارێزگاری هەولێر لەسەر هێرشکردنە سەر سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە دێتە دەنگ و ڕایدەگەیینێت: ئەو جۆرە کارانە لە سنووری هەولێر بۆ هیچ کەسێک ناچێتە سەر.شەوی ڕابردوو میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە و ڕۆژنامەنووسی دیاری یەکێتیی لەلایەن هێزێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕفێندرا. لەوبارەیەوە میران بەکر، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند: چەند چەکدارێک هەڵیانکووتایە سەرم، بە شەق و بۆکس لێیان دام. دواتر وتیان هەڵەمان کردووە.ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئێمە ئەو بابەتەمان لە ڕێگەی میدیاکانەوە زانیوە، کارێکی نەگونجاوە کە هێزێکی یەکێتی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردوویانە و بەدەرە لە یاسا. تەنیا دامەزراوە فەرمییەکانی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ، ئەویش لەچوارچێوەی ڕێکارەکانی یاسایی کە دادوەر بڕیار بدات، ئەو کارانە دەکرێت. بە گوتەی ئومێد خۆشناو، بۆ هیچ هێزێک نییە بەو جۆرە ئارامی هەولێر بشێوێنێت. میران بەکر سیفەتێکی فەرمی هەیە و فەرمانبەرە لە وەزارەتی پێشمەرگە. هەروەها هۆکاری ڕووداوەکە نازانین و بەدواداچوون دەکەین، بەڵام هاووڵاتیان و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەو جۆرە کارانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ هیچ کەسێک ناچێتە سەر.
یۆنامی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە ڕادەستکردنی کەمپی سەرەکی خۆی لە بەغدای پایتەخت واژۆ کردووە و ئەرکەکەیان لە عێراق کۆتایی دێت. بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەرکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یۆنامی) لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێت و هەموو کارەکانی یۆنامی لە عێراق ڕادەگیرێن.ڕۆژی شەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2025، (یۆنامی) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، یۆنامی بەڵگەنامەکانی ڕادەستکردنەوەی کەمپی سەرەکی خۆی لە بەغدا بە حکومەتی عێراق واژۆ کردووە، پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئەرکی نێردەکە لە 31ی کانوونی دووەم. واژۆکردنی بەڵگەنامەکە، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاوبەشی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراقە."
لەسەرکێشەی زەویوزار لە سنووری گەرمیان چوار کەس کوژرا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون، پۆلیسی گەرمیان سەرجەم زانیارییەکانی لەبارەی ڕووداوەکە بڵاوکردەوو. دەقی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی گەرمیان: ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر ڕێگای گوندی خاڵە بەگ سەربە قەزای ڕزگاری لەسەر زەویوزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن ڕویدا کە خزمی یەکترن، لە ئەنجامدا چوارکەس لەیەک تەرەف گیانیان لەدەستدا، کەسێ دانەیان برای یەکترن و دانەیەکیان ئامۆزایانە وەبرایەکی سێ کوژراوەکە بریندارە. لەتەرەفی بەرامبەریش شەش کەس برینداربوون ، دوای چارەسەری خێرا شەش لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون. لەئێستادا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە. لەکاتی هەر گۆڕانکاریەک لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە، هەر بەڵگەو زانیاریەک کە ئاڕاستەی پەڕاوەکە بگۆڕێت بەفەرمانی دادوەر یاخود هەر زانیاریەک پێویست بکات ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، چونکە ئەمەتەنها زانیارییە سەرەتاییەکانی بەدەست هاتووی ڕووداوەکەن، سەرجەم هێزەکانیش لەئامادە باشیدان بۆ جێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە هەر لەفەرمانەکانی دەستگیرکردن تاوەکو هەموو بڕیارەکانی تر.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، پیرۆزبایی لە بەرهەم ساڵح دەکات. دەقی پیرۆزباییەکەی سەرۆکوەزیران: برای بەڕێزم د. بەرهەم ساڵح ، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران( UNHCR): بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.مایەی خۆشحاڵیمانە کە کەسایەتییەکی کورد، ئەم پۆستە باڵایەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرێت کە دڵنیاین بەڕێزتان ، سەرکەوتووانە ئەم ئەرکە بەجێدەگەیێنن.وێڕای پیرۆزباییمان، هەموو پشتیوانییەکی خۆمان بۆ بەڕێزتان دەردەبڕین. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/12/19
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆك مهسعود بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانى سەرۆک، كۆبوونەوەیەکی فراوانى ئەنجام دا. دەقی پەیامی کۆمیتەی ناوەندی دوای کۆبوونەوەکە: كۆبوونهوه به ساتێك وهستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاكی شههیدانی كوردستان، سهروهریان بارزانی نهمر و كاك ئیدریسی ههمشه لهیاد دهستی پێكرد، دواتر چەند پرس و تەوەرێکى گرنگ و هەنوکەیى خرانە بەرباس و گفتوگۆ و، بریارى پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا. تەوەری یەكەم/ پڕۆسەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنى ساڵى ڕابردوو دەستى پێکرد، جێگاى داخە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانى کوردستان کارابکرێتەوە و، سەرۆکى هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەى دەیەم پێکبهێنرێت. پارتیمان هەر دواى پەسەندکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن لە ڕێگاى شاندێکى تایبەتەوە سەردانى حزب و لایەنەکانى کوردستانى کرد و دەرگاى گفتوگۆى کردەوە بە مەبەستى پێکهێنانى حکومەتێکى بنکە فراوان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد کە ڕێز لە بژاردەکەیان گیرا، هاوکات گفتوگۆى نێوان پارتیمان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بەردەوامبوو و زۆر هەوڵماندا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بەڵام بە داخەوە یەکێتیى نیشتمانى بەهۆى لێکدانەوە و پێشبینى پێشوەختەى هەڵەیان بۆ دەرئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، گفتوگۆکانیان بەبێ پاساو درێژکردەوە تا دواى کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنى ١١ـی ١١ـی ٢٠٢٥ی ئەنجوومەنى نوێنەران، هەرچەند لەو بارەوە ئاگادارکرابوونەوە کە هەلومەرجى پێش هەڵبژاردن و دواى هەڵبژاردن هەمان زەمینە و هەلومەرج نابن، بەڵام یەکێتيی نیشتمانى بریارى خۆى دابوو. ئێستاش دەرگاى گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بە گوێرەى ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کراوەیە و، دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەى خەڵکى کوردستان بگیرێت، پارتیمان بەباشى نازانێت گفتوگۆى پرۆسەى پێکهێنانى کابینەکانى حکومەتى هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسى هەرێم چارەسەربکەین پاشان هەنگاوى پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندى پارتیمان دەستبەکار بووە. تەوەری دووەم/ بابەتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى فیدراڵ کە لە ١١ـی ١١ـی ٢٠٢٥ ئەنجامدرا و پارتیمان سەرکەوتنێکى گەورەى بەدەست هێنا و دەنگ و متمانەى زیاتر لە یەک ملیۆن و سەد هەزار دەنگدەرى کوردستان و عێراقى مسۆگەرکرد و، ژمارەیەکى بەرچاوى کورسیەکانى پارێزگاکانى هەرێم و عێراقى بەدەستهێنا، ئەوەش بەرى ڕەنجى خەبات و خوێنى شەهیدان و لێزانی و کارامەیى و ماندوبوونى بەرپرس و کادیر و ئەندامان و جەماوەرى پارتیمان و ڕێبازى پیرۆزى بارزانییە و، ئاکامى متمانەى خەڵکى بەوەفاى هەرێمى کوردستان و ناوچەکوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم بۆ سەرۆک و سەرکردایەتى و ئۆرگانەکانى پارتیمانە، بۆیە کۆبوونەوە سوپاسى سەرجەم بەرپرسانى حزبى و حکومى و، کادیر و پێشمەرگە و ئەندامان و، کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و جەماوەرى دڵسۆز و بەوەفا و، لیژنە و میحوەر و تیم و بازنەکانى هەڵبژاردن و، ڕێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکان و تەواوى ئۆرگانەکانى کرد بۆ ئەو خۆماندووکردن و خۆبەخاوەن زانینەى کە بۆ سەرخستنى پارتیمان هەیان بوو، هەروەها سوپاسى دامودەزگا ئەمنیەکانى کرد بۆ ڕەخساندنى کەشێکى هێمن و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە و، پیرۆزباییشى لە کاندیدە سەرکەوتووەکان و هەروەها دەستخۆشى لە تەواوى کاندیدەکانى پارتیمان کرد کە بەوپەڕى دڵسۆزى و لەخۆبوردوییەوە هەوڵى سەرخستنى لیستى (٢٧٥)ى پارتەکەیان دا، هەروەها کۆبوونەوە وێڕاى هیواى سەرکەوتن داواى لە کاندیدە دەرچووەکان کرد دڵسۆزانە نوێنەرایەتى ئێش و ئازار و داواکاریی و خواستەکانى هەموو خەڵکى کوردستان و عێراق بکەن و، هەموو تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان و داڕشتنى یاساى گونجاو بۆ خزمەتى گەلانى عێراق و پڕۆسەى حوکمڕانییەکى باش لە وڵات و، ببنە چاوى هەمووان بەسەر کار و چالاکییەکانى حکومەتى فیدراڵ و دامەزراوەکانەوە. تەوەری سێیەم/کۆبوونەوە بەشایستەى خەڵکى کوردستانى دەزانێ یەک دەنگ و یەک ڕیز وەکو نەتەوەى کورد لە بەغدا گفتوگۆ بکرێت، نەک وەکو پارتى سیاسى. کورد و کوردستانیان لەگەڵ برایانى شیعە و سوننە شەریکى ڕاستەقینەى حوکمڕانى عێراق بن بە لە بەرچاوگرتنى ماف و ئازادى سەرجەم پێکهاتەکانى دیکە، هەروەکو پێشتر کە لەسەر سێ بنەما دەوڵەتى نوێى عێراق دامەزرایەوە ئەوانیش (هاوبەشى، هاوسەنگى، سازان)بوون و، ئەو سێ چەمکە بوونە ڕوحى دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدراڵ، ئێستاش پتەوکردنى ئەو سێ بنەمایە بۆ باش بەڕێوەبردن و پڕۆسەى حوکمرانى وڵات پێویستن. ئەو کارانەى کە دەبوو ئەنجام درابان بەڵام لەبەر هەر پاساو و هۆکارێک بێت ئەنجام نەدراون وەکو جێبەجێکردنى ماددەى (١٤٠)ى دەستوور، دامەزراندنى ئەنجوومەنى فیدراڵى، دادگاى فیدراڵى بە گوێرەى کە لە دەستووردا هاتووە، یاساى نەوت و گاز، ئەنجامبدرێن، هەروەها هەوڵى جدى بدرێت یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە نادادپەروەرى تێدایە بگۆڕدرێت و، چارەسەى بودجە و مووچەى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى هەمیشەیى بکرێت کە لەگەڵ سیستەمى فیدراڵیدا بگونجێت، هەروەها کۆمەڵێک گرفت و بابەتى دیکە کە ماوەیەکى زۆرە بە چارەسەرنەکراوى و هەڵواسراوى ماونەتەوە چارەسەربکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکى باڵاى پارتیمان دەستنیشان کراوە. تەوەری چوارەم/ دۆخى سیاسى ناوچەکە بەگشتى، عێراق و کوردستان بەتایبەتى تاوتوێکران، لەو کێشە و ئاڵۆزییانەى لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان هەیە، ئەو گۆڕانکارییەى لە تورکیا هاتۆتە ئارا سەبارەت بە چارەسەرى دۆزى کورد و پڕۆسەى ئاشتى جێگاى ئومێد و دڵخۆشییە و، کاریگەرى ئەرێنى دەبێت لە سەر کۆى بوارەکانى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى ناوچەکە و پەیوەندیى وڵاتان. هەروەها گۆڕانکارییەکانى وڵاتى سوریا و تێڕوانینى وڵاتان بۆ سەقامگیرى سوریا و چۆنیەتى دابینکردنى ئەو سەقامگیرییە، کە بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان پەیوەستى دەکەن بە ئاستى رێزگرتن لە تایبەتمەندى پێکهاتە جیاوازەکانى ئەو وڵاتە لە نێویشیاندا گەلى کورد. هیوادارین ئەو گۆڕانکارییانە بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانى ڕابردوو، ببنە هۆکارى دابینکردنى ماف و ئازادییەکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەکان و، پێکەوەژیانیان بە شێوەیەکى ئاشتیانە و سەردەمیانە. تەوەری پێنجەم/ لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکان شڕۆڤەیەکى ڕوونى کاروچالاکى و گرفتەکانى سنوورەکانى خۆیان کرد و، دواتر هەڤاڵان گفتوگۆى چەند پێشنیارێکیان کرد بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندى لەگەڵ جەماوەرى شار و لادێکان، هەروەها ئۆرگانەکان ببنە ئەڵقەیەکى خێراترى گەیاندنى داواکارى و ڕا و پێداویستییەکانیان بۆ سەرکردایەتى تا لە ڕێگاى سەرکردایەتیشەوە هەڤاڵانمان کە بەرپرسیاریەتیان لە حکومەتى هەرێم و فیدراڵ دا هەیە ڕۆڵى خۆیان ببینن لە چارەسەرکردنى گرفت و داخوازییەکان و دابینکردنى پێداویستییەکان. لەکۆتاییدا، کۆبوونەوە چەند بڕیارێکى سەبارەت بەو بابەتانەى پێویستیان بە بڕیاربوو وەرگرت.