سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا دەکات و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە بوارەکانی راوێژکاری و مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی تاوتوێ دەکەن. ئەمڕۆ ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە جەنەڕاڵ لوتشیانۆ پۆرتۆلانۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا و نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد. لە دیدارێکدا باس لە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرا. تەرکیز خرایە سەر پەرەپێدانی پرۆسەی چاکسازی و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە بوارەکانی راوێژکاری و مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی. سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی جەنەڕاڵ لوتشیانۆ و دوپاتی کردەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە بە سوپاس و ڕێزەوە لە هاوئاهەنگیەکانی راوێژکارانی ئیتاڵیا دەڕوانێت و هیوای خواست کە ئەو پەیوەندییانە لەسەر ئاستێکی بەرزتر بەردەوام بن. سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەش کرد کە بەدواداچوون لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەرکەکانیان لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیاوە، مایەی پێزانینی ئێمەیە، بەتایبەت کە ئیتاڵیا وڵاتێکی گرنگی ناو هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی و شەڕی دژی تیرۆرە. لە ڕابردوودا لە بوارەکانی دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکانی سەربازی و مەشق و راهێنان، هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە، لە ئێستاشدا لە بواری راوێژ و چاکسازیدا هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا. هەر لەو سەردانەیدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەسەرکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ تیمەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، جەنەڕاڵ لوتشیانۆ پۆرتۆلانۆ دەستخۆشی لە راوێژکارانی سەربازی سوپای وڵاتەکەی کرد و ستایشی ئەو ئاستە پێشکەوتووەی کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە پێی گەیشتوون، بەتایبەت لە بواری مەشق و راهێنان و پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، هەروەها ڕۆڵی پیشەیی پێشمەرگە لە پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئارامی بەرز نرخاند.
ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە وەزارەتی دارایی تێکەڵ بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان مەکەن وەڵامێک بۆ کەناڵ ( ٨ ) لەمیانی گەشتی هەواڵەکانی ڕۆژی دووشەممەی کاتژمێر ( ١٢ ) ی کەناڵ ( ٨ ) دا یەکێک لە بێژەرانی ئەو كەناڵە بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت وەزیری دارایی و ئابووری چی بۆ چەمچەماڵ کردووە. بەپێویستمانزانی بۆ ئەو کەناڵە و بێژەرەکەی و ڕای گشتی ئەم ڕاستییانەی خوارەوە بخەینەڕوو. ١- لەبوودجەی دیاریکراوی عێراق بۆ ساڵەکانی ( ٢٠٢٥/٢٠٢٤/٢٠٢٣ ) کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرداوە بەهەموو لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە بڕگەی تایبەت بە ( منح وإعانات ) دا هیچ پشکێکی بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دانەناوە ( بەخشین ) ، بۆیە نەحکومەتی هەرێم و نە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە سنووری بوودجەی دیاریکراودا مافی هیچ جۆرە بەخشینێکی نییە ( بۆ کەناڵی ٨ ی بێ زانیاری دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوەڕۆکی یاسای بوودجەی ٢٠٢٥،٢٠٢٤،٢٠٢٣ ) . ٢- وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنێکی فەرمی حکومەتی هەرێم هەر بوودجە و پارەیەک تەرخان بکات بۆ هەر ناوچەیەک بێجگە لە پابەند بوون بە خاڵی یەکەم ، دەبێت بە پێی ڕێکار و یاسا و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم بێت و لە رێی پێشکەش کردنی داواکاری فەرمییەوە بێت . ٣- لەماوەی شەش ساڵ و پێنج مانگی ڕابردوودا سەرباری هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی کە بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری عێراقی فیدراڵەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە ، لەسنووری چەمچەماڵ و دەورو بەری یەک بەرد نەخراوەتە سەر بەردێک بەبێ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان. ٤- تەنها لەساڵی ٢٠٢٥ دا وەک وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕەزامەندیمان لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی ١٦٠ ملیار دینار بۆ سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە ( چەمچەماڵ ) داوە، کە زۆرینەیان بەر سێکتەری شارەوانی و ڕێگاوبان کەوتووە، ئەوە جگە تەرخانکردنی ملیاران دیناری تر بۆ سێکتەرەکانی تەندروستی و کشتوکاڵ و پەروەردە و کارەبا و خوێندنی باڵا.. هتد…..بۆ ڕاستی و دروستی دەکرێت کەناڵ ( ٨ ) بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو فەرمانگانە بکات. ٥- وەک وەبیرهێنانەوەیەک، ئەوە وەزارەت و وەزیری دارایی بوون، کە دوا شەڕیان لەسەر خەرجکردنی بوودجە بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ کرد و ڕێگریەکەش لەبندەستی چەمچەماڵەوە بوو بەتەرخان نەکردنی سیولەی پێویست بۆی . ٦- کەناڵی ( ٨ ) و هاوشێوە پۆپۆلیستەکانی دەتوانن بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامی کارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە سنووری چەمچەماڵ بکەن، سەردانی زانکۆی چەرموو هەتا یەک بەیەکی فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان بکەن و بزانن ئەوەی بەبێ دەنگ و بەکرداری خزمەتی چەمچەماڵ و دەوروبەرەکەی کردووە کێ بوون ؟. وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەشێک نییە لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، لەماوەی ڕابردوودا بێلایەنی خۆی پاراستووە و دەیپارێزێت، تەنها ڕێگەی کوردایەتی گرتووەتەبەر و لێی لانادات، بۆیە چەند بارەی دەکەینەوە ئێمە لە کێشمەکێشمی سیاسی و مزایەدات دوور بخەنەوە.پێشمان وایە ئەگەر گرنگیپێدانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان نەبوایە کارەساتی چەمچەماڵ گەورەتر دەبوو. دوا خزمەت کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێشکەش بە چەمچەماڵی کردبێت، لەسەر داوای سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری چەمچەماڵ پێشینەی هەموو فەرمانگەکانی سنووری چەمچەماڵی بە ( الاستثناء ) خەرج کردووە پێش هەموو دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.بەکورتی و بەپوختی هەرچی لەدەسەڵاتی وەزارەتی دارایی بێت بۆ ئەو ناوچەیە کردوویەتی و لەمەودواش ئەیکات ، هەموو ڕێگریەکانیش نەک لە وەزارەتی دارایی نییە بەڵکوو لەدەوروبەری چەمچەماڵ بوون.جەختیش دەکەینەوە هەرکەس و لایەنێک تەشهیر و بوختان بە وەزارەتمان بکات بێ وەڵام نابین. وەزارەتی دارایی و ئابووری٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥
ماوەی شەش ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت، لە كاتی هاتنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەرانی هەرێم، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە لە ڕۆژانی پشوو بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی پێنجشەممە، 25ی كانوونی یەكەمی 2025، تا ڕۆژی شەممە، 3ی كانوونی دووەمی 2026، لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، پشووی فەرمی دەبێت. هاوکات دەوام لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، بە شێوەی ئێشکگری دەبێت. لە كاتی هاتنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەرانی هەرێم، پرۆسەی دابەشكردنی مووچە لە ڕۆژانی پشوو بەردەوام دەبێت. ڕۆژی یەکشەممە، 4ی كانوونی دووەمی 2026، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە.
مەسرور بارزانی و نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کۆبوونەوە، دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. ئەمڕۆ سێشەممە 23-12-2025، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە محەممەد ئەلحەسسان نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی. سەرۆکی حکومەت سوپاسی نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكانی له عێراق کرد بۆ ڕۆڵی ئەرێنی لە هاوکاریکردنی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و کارکردنی لەپێناو ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و هەرێم. نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق، پێزانینی خۆی بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی باشی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی.دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرمەد خەمیس خەنجەر کۆبوونەوە و تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکەیان کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 23-12-2025، مەسرور بارزانى سهرۆكوەزیرانی ههرێمى كوردستان، پێشوازی له سەرمەد خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە کرد. لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق تاوتوێ کرا. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ پرنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگیی و سازان لەبەرچاو بگیرێن و بێ جیاوازی، خزمەتی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق و گشت پێکهاتەکان بکرێت.
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەنیا مووچەی مانگی 10 خەرج دەکرێت، بۆ چارەسەری مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـەش پێویستە بخرێنە سەر بودجەی ساڵی نوێ. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند: "لەو چەند ڕۆژەی کە لەمساڵدا ماوە، مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ئەمساڵ خەرج ناکرێن. مووچەی مانگی 10 خەرج دەکرێت و چەند ڕێکارێکی کەم ماون. چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا تەواو بن." فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو دوو مووچەیە، پێویستە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوەی بخرێنە سەر بودجەی ساڵی نوێ (2026) و تەرخانکراوی داراییان بۆ دەستەبەر بکرێت.
شاندێکی باڵای پارتی سەردانی بەغدا دەکات و کۆبوونەوەکان پیکهێنانی حکومەتی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەست پێ دەکات.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاریکردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی دیاری کردووە، بە ئەم مەبەستە لایەنەکانی عێراق بە گشتی و سوننەکان بە تایبەتی، گفوگۆکانیان چڕکردووەتەوە.فارس عیسا، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی ڕایگەیاند، "بڕیارە ئەمرۆ دووشەممە 22/12/2025، شاندی باڵای دانوستانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەردانی بەغدا بکات، سبەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنەکان دەست پێ بکەن. شاندی پارتی بەسەرۆکایەتی فازڵ میرانی و ئەندامێتی، فارس عیسا، د. فوئاد حوسێن، نەوزاد هادی و د. ئومێد سەباح دەبێت. لە سەردانەکەیان پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەگەل لایەنەکان گفتوگۆ دەکەن. ڕۆژی 18/12/2025، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبوویەوە، بڕیار درا شاندێکی بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێکبهێنرێت.
پڕۆژەی ڕووناکی لە ساڵی نوێوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێ دەکرێت و دوو ناحیەی سنووری قەزای خانەقین دەگرێتەوە.پڕۆژەی ڕووناکی بۆ کارەبای 24 کاتژمێری، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، پڕۆژەکە ئێستا سەنتەری هەموو شارەکان خاوەنی کارەبای بەردەوامن، وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان ڕایگەیاند،: "بڕیارە لە ساڵی نوێدا هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەست پێ بکات، هاوکات نزیکەی 90 هەزار هاوبەش لێی سوودمەند دەبن."
بانکی ناوەندیی سووریا جەخت دەکاتەوە لەوەی ڕێکارەکانی گۆڕینی دراوی وڵاتەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و هیج دواکەوتنێک لە کارەکانیاندا نەبووە.سووریا نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هەوڵدەدات سەقامگیریی ئابووریی وڵاتەکە بەدەستبهێنێتەوە و لەڕێگەی چاپکردنی دراویکی نوێوە، متمانە بۆ دراوەکەی بگەڕێتنێتەوە. عەبدولقادر حەسرییە، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی سووریا، لە پەڕەی فەرمیی خۆی فەیسبووک ڕایگەیاند، هەموو ڕێکار و ڕوونکردنەوەکانیان لەبارەی گۆڕینی دراوی وڵاتەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوانیدا دەدەین. هاووڵاتیان و ڕای گشتی بە شێوەیەکی شەفاف و ڕوون لە وردەکارییەکان ئاگادار دەکەینەوە. داواشی لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد، تەنیا پشت بە ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی سووریا و کەناڵە فەرمییەکانی سووریا ببەستن.
مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق پرۆسەی چەکداماڵین لە دەستی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە پێشهاتێکی ئەرێنی دەبینێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە گشتگیر بێت. هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نەهێشتنی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەردەوامە، لایەنە عێراقییەکان هەمان داواکاریی ئەمریکایان هەیە و دەیانەوێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت، بەشێکی گرووپە چەکدارەکانیش بەو بڕیارە ڕازی بوون.مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، نەهێشتنی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکانیی عێراق، پێشهاتێکی ئەرێنییە و پێشوازی لێ دەکرێت". وتیشی: کارەکە تەنیا بە لێدوانی سادە ناکرێت، بەڵکوو چەکداماڵین دەبێت هەمەلایەنە بێت و لە چوارچێوەی پلانێکی نیشتمانی بێت و تەواوی گرووپە چەکدارەکان لەخۆبگرێت.-بەگوێرەی دەستووری عێراق، هیچ لایەن و ڕێکخراو و تاکێکی سیاسی مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی پێکهاتەی چەکداری لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نییە، پێویستە بە شێوەیەکی یەکسان ئەم بنەمایە هەموو بەشەکانی عێراقدا جێبەجێ بکرێت.- ئێستا عێراق لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدایە، دوو بژاردەشی لە پێشە یان ئەوەتا دەتوانێت لەسەر ڕێگای سەروەری و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و یەکڕیزی و سەروەری یاسا بەرەو پێشەوە بچێت، یاخوود دەتوانێت لە بازنەی پارچەپارچەبوون و نائارامی بمێنێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی 10 بەر لە ساڵی نوێ چڕکردووەتەوە و هەموو داواکارییەکانی بەغدای جێبەجێ کردووە. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 10 بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
کۆریای باکوور هۆشداریی دەداتە ژاپۆن و هەوڵەکانی تۆکیۆ بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بە هێڵی سوور دادەنێت. کاردانەوەکانی پیۆنگیانگ دوای ئەوە دێت کە بەرپرسێکی باڵا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن ڕایگەیاند: "پێویستە وڵاتەکەمان ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە کۆتاییدا تەنیا دەتوانین پشت بە خۆمان ببەستین." لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەدا، ئەم پەیامانە قسەی ئاسایی نین، بەڵکوو خەونی لە مێژینەی ژاپۆنە بۆ هەبوونی ئەتۆمی. دەشڵێت: ئەگەر ژاپۆن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەواوی ئاسیا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە. ئەمە هەڵوێستەی کۆریای باکوور لە کاتێکدایە کە خۆی خاوەنی کڵاوەی ئەتۆمییە و سەرباری سزاکانی ئەمریکا، دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت.