دەروازەیەکی سنووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا دادەخرێت و وادەی کرانەوەی دیاری دەکرێت. دەقی پەیامی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت: ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ڕایدەگەیێنێت، کە هاووڵاتیان و گەشتیارانی سنوورەکەمان ئاگادار دەکەینەوە، سبەی هەینی 19-12-2025، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ، هاتووچۆ و گەشتکردن لە سنووری دەروازەکەمان دەوەستێت و ڕۆژی دووشەممە 22-12-2025، دەروازەکە بەڕووی گەشتیاراندا کراوە دەبێت. ئەم داخرانەش بەهۆی کارکردنەوەیە لە شەقام و ڕێگاوبانەکانی دەروازەی دەرەجیکی دیوی تورکیا و هیچ گرفتێک لە دیوی دەروازەی زێت نییە. ئەمە لە کاتێکدا کە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لە سنووری تورکیا دەوام نییە، ئەوا هاتووچۆی دەروازەکەی لە ڕۆژی دووشەممەوە بەردەوام دەستپێدەکاتەوە.
بارەگای بارزانی لەسەر لافاوەکەی چەمچەماڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانیان جێگەی پێزانینێکی زۆرە. دەقی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی: دوابەدوای بارینی بارانێکی زۆر و ڕوودانی لافاو لە سنووری چەمچەماڵ و دەورووبەری، ڕێکخراوەکان و هاووڵاتیان و خەڵکی کوردستان بە گشتی و لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرفراوان یارمەتیی لێقەوماو و زیانلێکەوتووانی ئەو ڕووداوەیان دا، لێرەدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە یارمەتییان گەیاندووەتە لێقەوماو و زیانبارانی لافاوەکە، ئەوە نموونەیەکی بەرزی هاوسۆزی و هاودەنگیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوان کوردستانیانە و جێگەی پێزانینێکی زۆرە. هیوای ئارامی و سەلامەتی بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەخوازین.
ئەمڕۆپ ناوی کۆمپانیاکانی بەشدار لە پڕۆسەی حەج ڕادەگەیێنرێت و ئەوانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە، لەڕێگەی کورتە نمامە ئاگادار دەکرێنەوە. كاروان ستونی، گوتهبێژی فهرمی حهج و عومڕهی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ پێنجشهممه 18/12/2025 بهرێوهبهرایهتیی گشتیی حهج و عومڕهی كوردستان، ناوی كۆمپانیاكانی بهشدار له پرۆسهی حهجی 2026 رادهگهینێت كه له لایهن فهرمانگهی تهكنهلۆجیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان له رێگهی سیستهمی ئهلیكترۆنی دهروازهی حهجی هاوشێوهی دهرچوونی ناوی حاجیان به كورته نامه له رێگهی واتساب و ڤایبهرهوه ئاگادار دهكرێنهوه. كاروان ستونی، رایگهیاند وهزارهتی ئهوقاف و كاروباری ئایینی به مهبهستی ههڵسهنگاندنی كۆمپانیاكان بۆ وهرزی حهجی 2026 به فهرمانی وهزاری لیژنهیهكی تایبهت ڕاسپارد بۆ تاقیكردنهوه و ههڵسانگاندنی كۆمپانیاكان دوای ئهوهی كه له دهروازهی حهجی ناوی خۆیان تۆمار كردبوو، دواتریش له رێگهی بهرێوهبهرایهتی كاروباری حهج و عومڕهوه سهرجهم ڕێككارهكان تهواو كران و ئهمرۆیش به شێوهیهكی فهرمی كۆمپانیا دهرچووهكان ڕادهگهینرێت. ئهمساڵ زیاتر له 157 كۆمپانیا ناویان له دهروازهی حهج به شێوهی ئهلیكترۆنی تۆماركردبوو و دوای تاقیكردنهوه و ههڵسهنگاندن بۆ وهرزی حهجی داهاتووی نزیكهی 110 كۆمپانیا بهشداری پرۆسهی حهجی دهكهن به بهمهبهستی هاوهڵیكردنی حاجیان له وهرزی حهجی 2026.
بۆ ڕێکخستنەوە و باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، تورکیا بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت تاوەکو سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێس 400 ڕووسیا ڕەت بکاتەوە. ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، تورکیا بیر لە گەڕاندنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێس-400 ڕووسی دەکاتەوە، کە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لە مۆسکۆی کڕیووە. ئامانجەکەش باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتنە. بە گوتەی سەرچاوەکانی بلومبێرگ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەمیانی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو لە تورکمانستان، سەرۆککۆماری تورکیا پرسی ئێس-400ـی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا تاوتوێ کردووە. بەرپرسانی تورکیا لێدوانیان لەبارەی پرسەکەوە نەداوە، هاوکات کرێملین هەواڵەکە ڕەت دەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی چەمچەماڵ ڕایدەگەیێنێت، 651 ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەنەکانیان پێکهێنراوە. بەهۆی لافاوە بەهێزەکەی چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، دواتر لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی ئۆتۆمبێلەکان پێکهێنرا و ناوەکانیان کۆکرایەوە، ئێستا هاتووچۆی چەمچەماڵ ناوی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی تۆمار کردووە کە زیانیان بەرکەوتووە. عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئۆتۆمبێڵەکان پێکهێنرا، بانگەوازێکمان ڕاگەیاند لە ماوەی سێ ڕۆژ ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلیان زیانی بەرکەوتبوو سەردانیان کردین و فۆڕمێکیان پێدرا کە تەواوی زانیاریی ئۆتۆمبێڵەکە و ئەو زیانەی بەرکەوتووە نووسراوە. ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەپێی دوایین ئامار 651 ئۆتۆمبێلە. ئۆتۆمبێل هەیە زیانەکانى زیاتر لە 20 ملیۆن دینارە و ئۆتۆمبێلیشی تێدایە نرخەکەى سێ ملیۆن دینارە یان کەمترە، بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکە خاوەنەکەی قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام شێوازی قەرەبووکردنەوەکەی جارێ دیار نییە، ئایا لە %100 قەرەبوو دەکرێنەوە یان بە ڕێژەیەکی دیاریکراو، دیاریکردنی کاتی قەرەبووکردنەوەکە دیاری نەکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان، بڕیارێکی نوێی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی ئۆتۆمبێل دەرکرد. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو هاووڵاتییانەی پێشتر گرێبەستی ئەلیکترۆنییان کردووە بەڵام لە ماوەی یاسایی خۆیدا (کە 60 ڕۆژە) نەچوونەتە بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی، بەو هۆیەوە سزای داراییان کەوتووەتە سەر، لەو سزایە دەبەخشرێن. بڕیارەکە لە سبەینێ پێنجشەممە (18-12-2025) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە (31ـ-12-2025) بەردەوام دەبێت، واتە هاووڵاتییان کەمتر لە دوو هەفتەیان لەبەردەمدایە بۆ سوودمەندبوون لەم لێخۆشبوونە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نووسراوی خەرجکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ كراوە و سبەی پارەكە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نووسراوی خەرجکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆمان کردووە. بە گوتەی سەرچاوەکە، سبەی پێنجشەممە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی 10، دەدرێتە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
مەسرور بارزانی و کۆنسوڵی گشتیی پۆلەند پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ دەکەن. ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماجێیز زایدەل کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری پۆڵەند لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی. لای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی پۆڵەند، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و خوێندندا.
بەهۆی خراپی کوالێتیی بەنزینەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ماوەی یەک مانگدا تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر 17 بەنزینخانەی سزا داوە. سالار محەممەد، لێپڕسراوی بەشی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، "لەماوەی مانگی ڕابردوو تاوەکو ئێستا، 17 بەنزینخانەی هەولێر بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە بە بڕی زیاتر لە 40 ملیۆن دینار سزا دراون. ئەمە لە کاتێکدایە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ڕۆژانە سامپڵی 40 بەنزینخانە دەبەنە تاقیگە و پشکنین بۆ کوالێتیی پێکهاتەی بەنزینەکانیان دەکەن، ئەگەر ستاندار نەبێت، ئەوا بەنزیخانەکان ڕووبەڕووی سزای پێ بژاردن و تەنانەت داخستنیش دەبنەوە. لە ماوەی ڕابردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕیاری دا بە زیادکردنی سزای سەر ئەو بەنزینخانانە کە بەنزینی کوالێتیی خراپ ساغ دەکەنەوە، بەشێوەیەک بەنزینخانەیەک لە ساڵێکدا سێ جار سەرپێچی بکات، ماوەی سێ مانگ دادەخرێت و زیاتر لە پێنج ملیۆن دیناریش سزای دارایی دەدرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هێمای بەردەوامیی ژیان و هێمای وزە و هێزە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە قەڵای هەولێر، ڕێورەسمێکی تایبەت بە ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە نوێنەران و کەسایەتییەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون، سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ، وێڕای پیرۆزباییکردنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، دووپاتیشی کردەوە کە ئاڵای کوردستان، هێما و سیمبولی گەلەكەمانە، هێما و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچانی گەلەكەمان و هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە، هێمای بەردەوامیی ژیان و هێمای وزە و هێزە. سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە ئەم ئاڵایە بە درێژایی مێژوو و هەر لە وەختی دروستبوونیەوە تاكوو ئێستا، چەندین جار بووەتە دوا بەرگی جەستەی گیانی هەزاران شەهید لە كوردستاندا. هەروەها لە پێناوی بەرزڕاگرتنی ئەم ئاڵایە، هەزاران تێكۆشەری تر لە زیندانەکان گیانیان سپاردووە یان بەرەو پەتی سێدارە ڕۆیشتوون، یان لە لوتكەی چیاكان و پانتایی دەشتەكان گیانیان سپاردووە. بۆیە ئەركی هەموومانە ئەو ئاڵایە بەرز رابگرین. هەروەها گوتی ئێستاش لەژێر سایەی ئەم ئاڵایە پیرۆزە بەرەو كوردستانێكی ئاوەدان و ئارام و سەقامگیر، دەست لەناو دەستی یەكتر، هەنگاو دەنێین ، بۆیە بەرز و شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لیستی قەدەغەی گەشتی بۆ وڵاتان نوێکردەوە و پێنج وڵاتی دیکەی خستە لیستی ڕەشەوە، دووان لەوان سووریا و بەڵگەنامەی گەشتیی فەلەستینن. سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانێکی سەرۆکایەتیی نوێی واژۆ کرد، لە فەرمانەکەدا بە پاساوی"پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی"، ڕێکارەکانی هاتنە ناوەوە بۆ ئەمەریکا توندتر دەکاتەوە. هاوکات بازنەی قەدەغەکردنی گەشتی بۆ زیاتر لە 30 وڵات فراوان کرد. لەمبارەیەوە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەم کارە بۆ پاراستنی ئاسیشی ئەمریکا و سنووردارکردنی کۆچ کراوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، قەدەغەی تەواوەتی هاتنە ناوەوە بۆ هاووڵاتییانی 19 وڵات و ئەو کەسانەش دەرچووە کە هەڵگری بەڵگەنامەی گەشتیی فەڵەستینن. وردەکاریی لیستەکە: قەدەغەی تەواوەتی (لیستی نوێ و کۆن) لە فەرمانەکەدا پێنج وڵاتی نوێ زیاد کراون کە بریتین لە: (سووریا، مالی، نەیجەر، بۆرکینا فاسۆ و باشووری سوودان)، هاوکات سنووردارکردنی هەردوو وڵاتی لاوس و سیرالیۆن گۆڕدراوە بۆ قەدەغەی تەواوەتی. ئەم وڵاتانە دەچنە پاڵ لیستی 12 وڵاتەکەی پێشوو کە بریتین لە: (ئێران، ئەفغانستان، یەمەن، سۆماڵ، سوودان، لیبیا، بۆرما، چاد، کۆماری کۆنگۆ، گینیا ئیستوائی، ئێرتریا و هایتی). جگە لە قەدەغەی تەواو، لیستێکی دیکە ڕاگەیەندراوە و 15 وڵاتی نوێی بۆ زیاد کراوە، لەوانە: (نەیجیریا، سەنیگال، ئەنگۆلا، تەنزانیا، زیمبابۆی، بەنین، کینیا (کۆتدیڤوار)، مۆریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە). ئەمەش دەچێتە سەر لیستی وڵاتانی پێشوو کە سنووردارکردنیان لەسەر بوو وەک: (کوبا، ڤەنزوێلا، تۆگۆ و بوروندی).
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، بایی 100 ملیۆن دینار پێداویستیی قوتابخانەکان و 85 هەزار پەرتووکی نوێی خوێندنمان بۆ پەروەردەی چەمچەماڵ دابین کردووە. ڕۆژی چوارشەممە، 17-12-2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "وەزارەتەکەمان رەزامەندی بودجەی بۆ هەموو پارێزگاکان ناردووە، بۆ ئەوەی قوتابخانە دروست بکرێت یان نۆژەن بکرێنەوە. بە گوتەی ئالان حەمە سەعید، بە پشتیوانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بودجەیەکی فریاگوزاری بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی سنووری چەمچەماڵ دابین کرد، بەپێی دەرخستەی تیمی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی نۆژەن کردنەوەی ئەو قوتابخانانە پێویستی بە 130 ملیۆن دینارە، ئەمڕۆش ئەم بڕە پارەیەمان لە هەولێر هێناوە، بە کاش ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کرا، تاوەکو ئەو قوتابخانانەی نۆژەن بکرێنەوە کە زیانیان بەر کەوتووە. ئالان حەمەسەعید سوپاس و پێزانینی بە مامۆستایانی قەزای چەمچەماڵ ئەو کەسانەش بەخشی کە هاوکاریی مامۆستایان و قوتابیان بوون لە ڕۆژی لافاوەکەدا. هەروەها گوتی: ئەمڕۆ پارەی پێویست دەدرێتە پەروەردەی سلێمانی و بەزووترین کات پێداویستییەکانی قوتبخانەکانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ جێبەجێ بکرێت. ئاماژەی بەوەشدا قوتابخانەی قەندیل لە تەکیە، لە لافاوەکەدا تووشی زیان بووە، لەسەر ئەرکی دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن نۆژەن دەکرێتەوە. هاوکات وەزارەتی پەروەردە وەک هەنگاوی یەکەم لە سنوورەکە، پێداویستیی خوێندنی بۆ 2000 قوتابی ئامادە کردووە، وەزیری پەروەردەش دەڵێت: ئەمڕۆ پێیان دەدرێت.