هۆشیار زێباری، دەڵێت، "هەڵبژاردنی یەکشەممەی ڕابردوو لە پاکترین هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو"، ئاماژە بەوەشدەکات، "چە‌ند پەرلەمانتارێکی کورد کە دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان کرد کەوتن". هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی شەرقییە نیوز-دا وتی،"سیاسەتی عێراق وەک چەرخ و فەلەک وایە" و ئاماژە بەوە دەکات کە "هەندێک لە سەرانی گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکەی یەکشەممەدا کەوتن، ئەوەش ئەنجامێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەرە بۆ عێراقییەکان، هەرچەندە هەندێک لە وەزیر و سیاسییە سەرنەکەوتن، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتاری کوردیش کە دژایەتی هەرێم و مافە دەستورییەکەیان دەکرد کەوتن".
ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند، سەدان چەکداری داعش خۆیان لە ناوچەکانی باکوری ئەفغانستان جێگیر کردەوە. سەرەتای ئەم ھەفتەیە، پوتین ھۆشداری لە ھەبوونی مەترسی چەکدارانی داعش دا لە وڵاتانی عێراق و سوریا کە خەریکن دزە دەکەنە خاکی ئەفغانستانەوە. لە ھەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی ئەوە دەکرێت تاڵیبان ڕووبەڕووی مەترسییەکانی داعش ببێتەوە. لە میانەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێک لە‌گە‌ڵ سەرکردەکانی وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، سەرکردەیەکی ڕووسیا دەڵێت: "بەپێی زانیارییەکانمان لە ھەواڵگری، بە تەنیا لە باکوری ئەفغانستان 2 ھەزار چەکداری داعش بوونیان ھەیە". نێردەی تایبەتی پوتین بۆ ئەفغانستان، زەمیر کابولۆڤ بە ئاژانسی ھەواڵی ڕوسیای وتوە، ھەفتەی داھاتوو، شانبەشانی وڵاتانی ھەرێمی وەک ئێران، چین و پاکستان تاڵیبانیش بەشدار دەبێت لە کۆنفرانسی نێودەڵەتی لە مۆسکۆ. ئەمە لە کاتێکدا تاڵیبان ھەموو ھەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ تاکو لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی بناسێنرێت.
لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە شارۆچکەی ھەریر، پۆلیسێک برینداربوو. ئەمڕۆ پۆلیسەکە گیانی لەدەستدا. ستار جەبار قادر، چە‌ند ڕۆژێک لەمەوبەر لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا کە سێ کەسیان لەیەک کوشت، بریندار بووبوو، بەڵام لەبەر سەختی برینەکەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
وەک بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و دەستووری و یاساییەکان، ھەروەھا بۆ پاراستنی پرۆسەی دەستووری و دیموکراسی وڵات و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ھاوکات لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق و کارکردن بۆ ئە‌وە‌ی وڵات نەبرێت بە ئاڕاستەی کێشمەکێش و دۆخێکی نەخوازراو کە کاریگەری لە‌سە‌ر ئاسایشی گشتی بکات. لەو چوارچێوەیەدا جەختدەکەینەوە لە گەڕانەوە بۆ خەڵک لە‌سە‌ر بنەمای دەستوور، چونکە خەڵک سەرچاوەی شەرعییەتی حوکمڕانییە و هەڵبژاردنیش مافێکی نیشتمانی و رێگەچارەیەکی دێموکراسی و ئاشتیانەیە بۆ گەڕانەوە بۆ خەڵک و بژاردەکانی، بۆیە پێویستە متمانەی گەلی عێراق بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگێڕینەوە، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان ببێتە مایەیی ھێنانەئاراوەی خواستی راستەقینەی گەل. ھەروەھا سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی کە هەیە لە‌سە‌ر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن جەخت لە‌سە‌ر ئەوە دەکەینەوە کە لەچوارچێوەی یاسا جێی قبوڵکردنە، بۆیە مامەڵەکردن و یەکلایکردنەوەی پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا دەبێت. ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەو بابەتە دووپاتدەکەینەوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لەگرنگی رەچاوکردنی هەموو ئەو سکاڵا و تانانەی کە بەرزکراوەتەوە لە‌سە‌ر پرۆسەی هەڵبژاردن بە پیشەیی و بەرپرسیارێتی و بێلایەنی تەواو. داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەبەرچاو بگرن، و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و زمانی عەقڵ و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە کە دوور نییە کاریگەری لە‌سە‌ر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات، ھەروەک دووپاتدەکەینەوە لەگرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ھێنانەدی داواکارییە نیشتمانییەکان کە چاوەرێ دەکرێت بۆ پێک‌ھێنانی ئە‌نجومە‌نی نوێنەران کە گوزارشت بێت لە خواستی گەل و ھێنانەکایەوەی چاکسازی بنەڕەتی و گەشەپێدان، و کارکردن بۆ پێک‌ھێنانی حکومەتێکی کارا کە کار بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و چەسپاندنی دەوڵەتی توانادار کە داوا رەواکانی خەڵک رووەو و ئایندەی باشتر بھێنێتەدی. د. بەرھەم ساڵحسەرۆک کۆمار دادوەر د. فایەق زێدانسەرۆکی ئە‌نجومە‌نی باڵای دادوەری
ئەمڕۆ کاتژمێر (٦)ی ئێوارە لە شەقامی (٣٠) مەتری نزیک پردی سەیداوە ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوودەدات و لە ئەنجامدا کە سێک بەناوی (سەرهەنگ سالح پاشا) تەمەن (٦٩) ساڵ سێ گوللـەی بەردەکەوێت گیان لەدەست دەدات و تۆمەتباریش لە شوێنی ڕووداو ڕادەکات. پۆلیسی ھەولێ دەڵێ: دەستبەجێ هێزەکانی بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چونە شوێنی مەبەست بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە توانرا شوناسنامەی تۆمەتبار دەستنیشان بکرێت بەناوی (ن. س. ح)، تەمەن (٦٧) ساڵ لەکاتی ئێستادا دە‌ستگیر کراوە کە هۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆن لەنێوان تۆمەتبار و کوژراودا، بۆ ئەم مەبەستەش پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە و بۆئەوەی ڕادەستی دادگا بکرێت ڕێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار بگیرێتە بەر.
راگە‌یە‌ندراوێك لە بە‌ڕێوە‌بە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی-یە‌وە‌پاش ئە‌وە‌ی ھێزە‌كانی ئاسایشی سلێمانی ئاگادار كرانە‌وە لە بوونی تاوانێكی كوشتنی كارمە‌ندێكی ئە‌منی (سیكویریتی) یە‌كێك لە سیتییە‌كانی سلێمانی، ھێزە‌كانمان لە‌سە‌ر راسپاردە‌ی بەڕێز ( قوباد تاڵە‌بانی )جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، ھە‌وڵە‌كانیان چڕ كردە‌وە و توانیان پاش چە‌ند سە‌عاتێك لە ئەنجامدانی تاوانەكە، تاوانبارە‌كە دە‌ستگیر بكە‌ن كە ناوی (ب. م) كوڕی بە‌رپرسێكی شاری كە‌ركوكە و بە‌سوپاسە‌وە كە‌سوكارە‌كە‌شی ھاوكار بوون لە دە‌ستگیركردنی.لە‌گە‌ڵ رێزدا*بە‌ڕێوە‌بە‌رايه‌تی ئاسایشی پاريزگاى سليمانى *١٤ی ١٠ی ٢٠٢١
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی ڕابردوودا به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه دابووه به‌نزین بۆ هاووڵاتیان دابین بكات به نرخێكی گونجاو، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری به‌نزین له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هاورده ده‌كرا كه ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ست بوو به نرخی نه‌وت، و له ڕابردووش‌دا نرخی نه‌وت لە‌سە‌ر ئاستی جیهاندا به‌رزبۆوه كه هاوكات بووه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزینیش، هەروەها هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان لە هەندێک دەروازە راگیراوە، بۆیه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی ڕاسپاردووه سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له گرفته‌كان، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی ڕاسپاردووه هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پلانی گونجاو بۆ هاورده‌كردنی به‌نزین دابنرێت تاوه‌كو له داهاتوودا قه‌یران دروست نه‌بێت.سه‌باره‌ت به نه‌وتی سپی، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ڕاسپێردراوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته له ڕێگه‌ی دابینكردنی نه‌وتی سپی و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هاووڵاتیان له زووترین كاتدا. بۆیە هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە. د جوتیار عادلوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
راگه‌یاندراوی كۆتایی كۆبونه‌وه‌یی مه‌كته‌بی سیاسیپارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بە ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵانی، له رێكه‌وتی ١٤ـی ١٠ـی ٢٠٢١ ئه‌نجامدرا، كه تایبه‌ت بوو به قۆناغی كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. لە سەرەتادا کۆبوونەوە پیرۆزبایی له خه‌ڵكی كوردستان به گشتی کرد، بۆ بەشداری شارستانیانه‌یان لە پرۆسه‌كه كه به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه و ئاشتیانه به‌ڕێوه‌چوو. ھاوکات به چاوكراوه‌یی و رێزگرتن له پارێزه‌رانی به‌رژه‌وه‌ندییە باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، متمانه‌یان به‌خشیه كاندید و لایه‌نه‌كان و، پاڵپشتییان له‌و ئاڕاسته‌یه كرد كه له رابردوودا خه‌مخۆری به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان بووه و، له ئێستا و له ئاینده‌شدا دەستکەوت و مافەکانیان ده‌پارێزێ و، دیدوبۆچوونی واقعبینانه‌ی هه‌یه بۆ حوكمڕانی عێراق لە‌سە‌ر پرنسیپەکانی شه‌راكه‌ت و سازان و هاوسه‌نگی، هه‌روه‌ها له به‌دیهێنانی ئامانجی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیەکان و جێبه‌جێكردنی تەواوی ده‌ستوور و دابینكردنی ژیانێكی شایسته له‌ڕووی ئیداری و ئابووری و ئه‌منییه‌وه. لەم روانگەیەشەوە پارتی هه‌نگاوه پێویستەکانی داھاتووی بۆ هه‌ماهه‌نگی و لێك تێگه‌یشتن و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان دیراسه ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه له خزمه‌تی هاوڵاتیانی عێراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی دابێت.كۆبوونه‌وه سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی دەربڕی بۆ جه‌ماوه‌ر و كادیر و ئه‌ندامان و خەڵکی خۆڕاگری سنووری كه‌ركوك، شه‌نگال، خانه‌قین، مه‌خمور، زوممار، ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ته‌واوی ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی له بەرامبەر پاڵپشتی گەورەیان و متمانه بەخشینیان بە كاندیده‌كانی پارتیمان.هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه سوپاس و پێزانینی هه‌بوو بۆ به‌رپرس و كادیر و ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری سنووری گشت ئۆرگانه‌كانی پارتیمان له ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان، لقه‌كان، لیژنه‌ی ناوچه‌كان، رێكخراوه‌كان، بنكه‌كان و، رێكخراوه جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان، كه به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و ماندوونه‌ناسانه هه‌وڵیان دا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه و سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كانیان.كۆبوونه‌وه سوپاسی دڵسۆزی و هه‌وڵه‌كانی ته‌واوی هه‌ڤاڵانمانی كرد، لە سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و، پێشمەرگە قارەمانەکان و دامودەزگا ئەمنیەکان، كه بە ره‌چاوكردنی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنەکان، هاوكاری باشی سه‌رخستنی پرۆسه‌كه بوون و دڵسۆزانه كاریان بۆ سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كان كرد. ھاوکات كۆبوونه‌وه سوپاس و دەستخۆشی گەرمی ھەبوو بۆ هه‌ڤاڵانی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن و لیژنە فەرعیەکان و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان لە مەکتەبەکانی رێكخستن، پەیوەندییەكان، کارگێڕی و دارایی، دیراسات و تۆژینەوە و ئەكادیمیای پارتی، دەزگای هەڵبژاردن، دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن بە هەموو كەناڵەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانەوە و، کادیر و ھەڤاڵانی خوێنگەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیال میدیا و، یەکە یەکەی بەربژێرەکانی پارتیمان، ھەروەھا سوپاسی چاوكراوەیی و خەمخۆری چاودێرانی سەرسندوقەكان و ویستگەکانی دەنگدان و. سوپاس یەك بەیەكی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ئەو جەماوەرە بەئەمەك و وەفادارەی کرد کە بە هەر جۆرێك بەشداربوون لە بەدیهاتنی ئەم سەركەوتنە مەزنەدا. هه‌ڤاڵانی تێکۆشەر، هاوڵاتیانی به‌ڕێز…عێراق به قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ و پارتیمان بڕوای وایه حوكمڕانی عێراقی فیدراڵ پێویستی به رێكخستنه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له ئاست ویست و خواستی هه‌موو پێكهاته‌كانی دابێ و، كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش له‌ڕوانگه‌ی ده‌ستوورەوە ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌تیش جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و یەکلاکردنەوەی ته‌واوی كێشه چاره‌سه‌رنه‌كراوەکانی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێم، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یه‌كڕیزی و ته‌بایی ناوخۆی كوردستان پێویسته و، پێكه‌وه كاركردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییە باڵاکانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان و به‌دیهێنانی مافه به‌دی نه‌هاتووەکان ئه‌ركی هه‌مووانه.دووباره سوپاس بۆ دڵسۆزانی كوردستان. مه‌كته‌بی سیاسیپارتی دیموكراتی كوردستان١٤ـی ١٠ـی ٢٠٢١
شەوی ڕابردوو لە بەردەم یەکێک لە گەڕەکە تازەکانی سلێمانیدا، کوڕی بەرپرسێک بە دەستڕێژی گولـلە پاسەوانێک (سیکورێتی) دەکوژێت و هەڵدێ. بەپێی زانیارییەکان، کوژراوەکە ناوی هەڤاڵ محەمەد کاکەخانە و پاسەوانی گەڕەک بووە. کاتێک کوڕە بەرپرسەکە لەوێوە تێپەڕیوە، پرسیاری لێکردووە و ئەویش تووڕە بووە و کوشتوویەتی. تائێستا پۆلیس زانیاری لەوبارەوە بڵاونەکردۆتەوە..
حکومەتی هەرێمی کوردستان 357 ملیۆن دیناری بۆ سلێمانی تەرخانکرد بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی كاری كۆنكرێتكردنی شەقامەكانی دەوروبەری مەڵبەندی تەندروستیی كەڵەكن و چە‌ند شەقامێكی دیكە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی كاری كۆنكرێتكردنی شەقامەكانی دەوروبەری مەڵبەندی تەندروستیی كەڵەكن و چە‌ند شەقامێكی دیكە لە سنوری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گوژمەی 357 ملیۆن دیناری بۆ جێبەجێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه له شاری سلێمانی خەرجكرد". ئاماژەی بەوەشکردوە، ئه‌و بڕه پاره‌یه لە‌سە‌ر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانی سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت.
١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ٣٥٠ دینار ١٠٠ یۆرۆ بە ١٧١ هەزارو ٧٥٠ دینار ١٠٠ پاوەن بە ٢٠١ هەزار و ٥٠٠ دینار١٠٠ لیرەی تورکی بە ١٦ هەزار و ٢٥٠ دینار ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە ٥ هەزار و ٥٢٥ دینار یەک ملیۆن لیرەی سوری بە ٤٤٢ هەزار دینار
راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا. تێیدا: یەکەم: وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی، ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆ گۆڕانکاری. دووەم: ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ درا. سێیەم: ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لە‌گە‌ڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە. هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لە‌گە‌ڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە. چوارەم: ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان راست دەکەینەوە و، ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان١٣ی ١٠ی ٢٠٢١