مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچناری سەربەبەشی پۆلیسی ناوشار –ڕۆژئاوا ، سێ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە فەرمانی گرتنیان هەبووە لەدادگای استئنافی بغداد –رصافە . دوای ئەوەی فەرمانی گرتنی سێ تۆمەتبار لە دادگای بەغداوە گەیشتە پۆلیسی سلێمانی كە گومانیان دەكرد ئەو تۆمەتبارانە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتبن ، بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنكەكانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی ڕاسپارد كە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بكەن بۆدۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران. دوای لێكۆڵینەوەكان توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیربكرێن كە هەستاون بەدزینی بڕی 15 ملیۆن دیناری عیراقی و بڕێك ئاڵتون . لە ئێستادا تۆمەتباران : (ر ، أ ، ج - لەدایكبووی 199) ، (م ، أ ، ج –لەدایكبووی 2000 ) ، ( ع ، ع ، ع –لەدایكبووی 1976 ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و دوای تەواوكردنی ڕێكارەیاساییەكان ڕەوانەی بەغدا دەكرێنەوە . بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئۆلریک شانون باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی باڵیۆزی کەنەدا بۆ کار و هەوڵەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کەنەدا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.باڵیۆزی کەنەدا، ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان کرد و خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بەو پەیوەندییانە، لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.
دوای ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ چارەسەرى کێشەى کەمى بەنزین، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٠٢١/١٠/٢٤)ى زایینى، بڕی (٥٤٠) هەزار لیتر بەنزین دەگاتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و لە دوو ڕۆژی ئایندەشدا ئەو بڕە بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەکرێت. شاینی باسە گرفتی سوتەمەنی تەنها بەرۆکی هەرێمی کوردستانی نەگرتووە، بەڵکو ئەم گرفتە رووبەرووی هەموو جیهان بۆتەوە و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش درێغی نەکردووە و هاووڵاتییانی دڵنیا دەکاتەوە هەموو هەوڵێکی داوە و بەردەوامە لە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە. فەرمانگەى میدیا و زانیارى ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
بهپێی حوكمی ماددهی (٥) و بڕگهی (یهكهم) له ماددهی (١٦) و بڕگهی (سێیهم) له ماددهی (١٨) و بڕگهكانی (یهكهم و دووهم و سێیهم و چوارهم و پێنجهم) له ماددهی (٢٠) و ماددهكانی (٤٧، ٤٨) و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (٥٢) و ماددەكانی (٥٤، ٥٥، ٥٦، ٥٧)، له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان-عێراق، دهستهی سهرۆكایهتیی پهرلهمان بڕیاریدا بهرنامهی كاری دانیشتنی ژماره (٤)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی سێیەم له خولی پێنجهمی ههڵبژاردنی پهرلهمان له كاتژمێر (١١)ی پێشنیوهڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێكهوتی ٢٠٢١/١٠/٢٦، بهم شێوهیه بێت: یهكهم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، پشت بەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (٧٨) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٨٣) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان. دووەم: دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (دابان محمد حسێن) لە ئەندامیەتیی (لیژنەی دەسپاكی)ى پەرلەمانی كوردستان -عێڕاق. سێیەم: ١ - خستنەڕووی دواین بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. ٢ - خستنەڕووی بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە دۆخی سووتەمەنی و چارەسەرییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی. چوارەم: خوێندنهوهی دووهم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، بهپێی حوكمی ماددهكانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان. ١ - پڕۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی، ژمارە (٣٠)ى ساڵی ١٩٨٤ لە هەرێمی كوردستان-عێراق). ٢ - پڕِۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتل و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
وەزیری تەندروستی دەڵێت، ڤاكسین بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و ئەو كەسانەی لە شوێنە داخراوەكان كاردەكەن دەكرێتە ناچاری. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە رێژەی سەدا نۆزدە زیادی كردووە:" بۆیە ڤاكسین بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و ئەو كەسانەی لە شوێنە داخراوەكان كاردەكەن، دەكرێتە ناچاری و دەرگای قوتابخانەكان داناخرێن." وەزیری تەندروستی ڕوونیكردەوە، لەبەر ئەوەی ئێستا پایزە و وەرزی ئەننفلەوەنزایە، هاووڵاتیان پێویستە ئەو پەتایە بەهەند وەربگرن و پشكینی كۆرۆناش بكەن، چونكە نیشانەكانیان لەیەك نزیكن، تاوەكو نەبنە هۆی گواستنەوەی پەتاكە و خەڵكی دیكە تووشی ببن و رێژەی گیانلەدەستان زیاد بكات. ئاماژەی بەوەش كرد، پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەران و ئەوانەی لە شوێنە داخراوەكاندا كار دەكەن، دەستپێشخەری بكەن و ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن، داواش لەهەموو هاووڵاتیانی كوردستان دەكەن، ئەوانەی لە سەرووی 18 ساڵییەوەن، پەلە بكەن لە وەرگرتنی ڤاكسین، خۆیان و دەوروبەریشیان بپارێزن.
سبهینێ دووشهممه ٢٥/١٠/٢٠٢١ موچهی مانگی ١٠ی وهزارهتی تهندروستی به ههمان میكانیزمی مانگی پێشوو و بێ لێبڕین دابهش دهكرێت.
لە دیلۆکی باکووری کوردستان هاونیشتمانییەک بەناوی محەممەد یەڵماز، لەسەر نان نەخواردن لە کچە تەمەن 18 مانگانەکەی بەناوی (ئەلیف هازاڵ یڵماز)ـی دابوو، ئەمڕۆ کچەکەی گیانی لەدەستدا. رووداوەکە 19ـی ئەم مانگە واتا چوار رۆژ لەمەوبەر روویدا. لەو رۆژەدا دیوگو یەڵماز کە مانگێک لەمەوبەر منداڵی ببوو، سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو. هاوژینەکەی محەممەد یەڵماز لەگەڵ کچەکەیان ئەلیف لە ماڵەوە ببوون. لەوکاتەدا محەممەد یەڵماز هەوڵیداوە خواردن بە ئەلیف بدات، بەڵام ئەلیف نەیخواردووە و رەتیکردووەتەوە. لەبەر ئەوە محەممەد یەڵمازی باوکی بە مشتەکۆڵە لێیداوە. دوای ئەوەی ئەلیف بە زەبری لێدانەکە دەکەوێتە سەر زەوی و جووڵەی نامێنێت، باوکی پەیوەندی بە تیمەکانی تەندروستییەوە دەکات. ئەلیف راستەوخۆ گواستراوەتەوە بەشی چاودێریی چڕ. سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان ئەمڕۆ شەممە 23-10-2021 ئەلیف لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد و محەممەد یەڵماز، بکوژی کچە تەمەن 1.5 ساڵانەکەی دەستگیرکردووە، بەپێی زانیارییەکانی ئاسایشی دیلۆک، محەممەد یەڵماز دانی بەوەدا ناوە کە بە مشتەکۆڵە لە کچەکەی خۆی داوە و گوتوویەتی، "ویستم نان بە کچەکەم بدەم و خوانم بۆ دانا، بەڵام ئەو نەیخوارد و سەموونەکەی فڕێدا. ئەوکاتە من لێمدا'.' دوای راییکردنی کارەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دیلۆک، گواسترایەوە گرتووخانە و بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکرا. گۆکچە گولەن ئاکچین، سەرۆکی پرۆگرامی پێگەیاندنی منداڵ لە تورکیا، لە شوباتی 2021 رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە خۆیان لە 28 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا و بە بەشداریی هەزار و 873 خێزان ئەنجامیانداوە، بەکارهێنانی تووندوتیژیی نێو خێزان بەرامبەر منداڵی کچ 27.8٪ زیادیکردووە. رووداو
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "تەحەدا دەکەین ئەگەر رێگەمان بدەن بەنزین بهێنین لیتری دەکەینە 475 دینار"، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا مۆڵەتی هێنانی (10 ملیۆن) لیتر بەنزین بدات بە سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ. عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سورشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان لەپەیجی فەرمی خۆی لەفسیوک بڵاویکردەوە، "قسەمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كرد كە مۆڵەتی هێنانی (10 ملیۆن) لیتر بەنزینی پێبدرێت (مۆڵەت بدرێت بە شاسوار عەبدولواحید)، چاوەڕێین سبەینێ داواكاری پێشكەشبكات". ئێوارەی ئەمڕۆش شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، حزبەکانی دەسەڵات سنورەکانیان گرتووە، بەجۆرێک ناهێڵن یەک لیتر بەنزین بێتەناو هەرێمی کوردستان، بۆیە "من تەحەددای یەکێتی و پارتی دەکەم کە ئەگەر رێگەمان بدەن لەسنورەکانەوە بەنزین داخڵ بکەن، بەنزین دەکەین بە 475 دینار".
کاتژمێر 30و4ی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ، لەسەر ڕێگای سەرەکی هەولێرـ کەرکوک، لەنزیک گوندی مورتکە ،پێکدادانێک ڕوویدا لەنێوان کیا سیراتۆیەکی تایبەت و ماتۆرسکیلێک کە هەردووکیان بە ئاراستەی کەرکووک دەڕۆیشتن. وتەبێژی هاتوچۆ هەولێریش دەڵێ " لەدەرەنجامی ڕووداوەکە شوفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستدا" زاڵ حاجی دەڵێ: شۆفێری ماتۆڕەکە بە لایەنی خەتابار دانرا لەکاتی لێکۆلینەوە، چونکە بە لەناکاوی ویستبووی پێچبکاتەوە بۆگەڕانەوە بەرەو هەولێر، بێ ڕەچاوکردنی ئوتومبێلەکانی دوای ،بۆیە لەکاتی پێچکردنەوە کەوتبوە سەر ڕێڕەوی کیاو خۆی پیاکێشابو.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، 25ـی مانگ مووچە دابەش دەکرێت و بڕیارە دابەشکردنەکەش بەبێ لێبڕین بێت. د. جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە 24-10-2021، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وردەکاری و چۆنیەتیی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکاتەوە. بەشێوەیەکی گشتی وەزارەتی دارایی پێش دابەشکردنی مووچە لیستێک بڵاودەکاتەوە. د. جووتیار عادل دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو داهاتەی لەبەردەستیدایە مووچە دابەش دەکات. رووداو
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند: "سەردانەكانمان باشن، پڕۆژەمان پێ نییە، بەڵام دەستپێشخەرییەكی پارتیمان هەیە، سوپاسی هەموو لایەكان دەكەین، هەموویان پێشوازیی چاكیان لێ كرد و دەستخۆشییان لێ كردین، ئێمەش بیروڕاكانیان بەهەند وەردەگرین".ئەوەشی راگەیاند: "دوای ئەوەی سەردانەكان تەواو بوون، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەك بە لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان دەكات و، دواتر خۆی ئاگاداری حیزبەكان و پێكهاتەكان دەكاتەوە بۆ كاتی كۆبوونەوەكە". لەسەر بەپەیوەندییەکانى پارتی لەگەڵ یەکێتى، فازڵ میرانی دەڵێت: "زۆر پێویستە ئێمە و برادەرانی یەكێتی كۆبوونەوەی تر بكەین، دوای ئەو سەردانەكەی كە ئێمە كردمان ئەوانیش ژمارەیەك سەردان دەكەن لەگەڵ حیزبەكان، كارێكە هەموومان دەبێت پێكەوە بیكەین و یەك لایەن ڕەنگە پێی نەكرێت، ئەگەر پێشی بكرێت ڕەنگە ئەنجامەكانی بەدی نەیەت".
ڕاگەیاندراوی ( ٢٤ ) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە ( ٦٠٥ ) ١. پشکنین: ( ٥٩٩٦ پشکنینی نوێ)• ( ٢٠٢٥) هەولێر• ( ١٤٥٩) سلێمانی• ( ٢٠٨١) دهۆك• ( ٥٠) هەڵەبجە• ( ٠) گەرمیان• ( ٣٨١) ڕاپەڕین•٢. تووشبوو: ( ٥٦٠ تووشبووی نوێ)• ( ١٨١) هەولێر• ( ٦٨) سلێمانی• ( ٢٢٣) دهۆك• ( ١٣) هەڵەبجە• ( ٠) گەرمیان• ( ٧٥) ڕاپەڕین٣. چاکبوون: ( ١٢١١ چاکبوون)• ( ٤٢٠) هەولێر• ( ٥٢٩) سلێمانی• ( ٢٠٠) دهۆك• ( ٣١) هەڵەبجە• ( ١٣) گەرمیان• ( ١٨) ڕاپەڕین•٤. مردن: ( ٢٨مردن)• ( ٩) هەولێر• ( ١١) سلێمانی• ( ٣) دهۆك• ( ٣) هەڵەبجە• ( ٠) گەرمیان• ( ٢) ڕاپەڕین • ئاماری گشتی:کەرەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)پشکنین ٣٢٩٦١١٩ (١١٧٠٨٠٩ هەولێر، ٨١٦٢٢٣ سلێمانی، ١٢٨٥٤٢٠ دهۆك، ٢٣٦٦٧ هەڵەبجە)تووشبوون ٣٥٥٥٤١ (١٠٣٨٢٣ هەولێر، ١٢٣٩٤٩ سلێمانی، ١٢٠٨٢٥ دهۆك، ٦٩٤٤ هەڵەبجە)چاکبوون ٣٣٣٢٥٧ ( ٩٦٢٨٦ هەولێر، ١١٥٥٣٢ سلێمانی، ١١٥١٠١ دهۆك، ٦٣٣٨ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ١٦٠١٩ (٥٧٣٨ هەولێر، ٥٧٢٤ سلێمانی، ٤١٦٠ دهۆك، ٣٩٧ هەڵەبجە)مردن ٦٢٦٥ (١٧٩٩ هەولێر، ٢٦٩٣ سلێمانی، ١٥٦٤ دهۆك، ٢٠٩ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە ( ١٢٢ ). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان٢٣ی تشرینى یهكهم ٢٠٢١