دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ كە كچەكەی ڕفێندراوە ، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دوای كۆكردنەوەی زانیاری وورد لەسەر شوێنی تۆمەتبار و وەرگرتنەوەی كامێراكانی چاودێری توانرا تۆمەتبار لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربكرێت . لەئێستادا ترمەتبار (ع ، س ، ع - تەمەن 19 ساڵ ) بەبڕیاری بەڕێزدادوەر و بەپێی ماددەی 421 لەیاساسی سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو دانی ناوە بەتاوانەكەیدا ، لەكاتی لێكۆڵینەوەشدا تۆمەتبار دانی ناوە بەچەندین تاوانی دزیكردنی ماتۆڕ سكیل . بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان
پێشتر میدیا فەڕمی و نافەڕمییەکانی ئەو حیزبە بڵاویان کردەوە کە بافڵ تاڵەبانی لە پۆستەکەی دووری خستووەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ ئاسۆ ئەڵمانی کۆبوونەوەی لە کەرکووک کردووە و لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە و هێشتا حەمەسوور دووشیوانیی وەکو لێپرسراوی مەڵبەند ناوهێناوە.
بەھۆی ھێرشێکی ئەلکترۆنیەوە کە سەرتاپای ئێران گرتەوە، وڵاتەکە تووشی قەیرانی دابەشکردنی سووتەمەنی بوو لە وێستگەکانیدا. لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی ئێران ڕووبەڕووی ھێرشێکی ئەلکترۆنی بوونەتەوە و سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەن. ڕاگەیاندنی وەزارەتی نەوتی ئێرانیش ڕایگەیاند، لە ئێستادا ھاوڵاتیان ناتوانن کارتی زیرەک بەکاربھێنن بۆ كرینی سووتەمەنی کە بە نرخێکی کەمتر لە سەریان ڕادەوەستێت، بەڵام ئەگەر ناچاربن دەتوانن بە نرخێکی زیاتر سووتەمەنی بکڕن تا ئەو کاتەی کێشەی کارتی زیرەک چارەسەر دەکرێت. ھاککەرەکان ژمارە تەلەفۆنی (64411)یان لەسەر پێوەری وێستەگان داناوە، کە ژمارە تەلەفۆنی نوسینگەی عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێرانە. ھەروەھا لە ڤیدیۆیەکدا پەیامێکیان بڵاو کردۆتەوە و دەڵێن "خامنەیی، سوتەمەنییەکەمان لە کوێیە". لە ماوەی ڕابردوودا ئێران تووشی چەندین جۆری ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆتەوە و بەرپرسانی حکومەت ئەمەریکا و ئیسرائیل تاوانبار دەکەن، بە ھەمان شێوە ئەمەریکا و ھێزە ڕۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران بەردەوام لە ھەوڵدایە تاکو دزە بکاتە ناو تۆڕەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارتن یێگەر باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.باڵیۆزی ئەڵمانیا، سوپاسی هەماهەنگیی و هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەشی، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.لە دیدارەکەدا، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق و ئەڵمانیا و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی پێشمەرگە کرا.
بۆ وەرگرتنی بەنزین لە بەنزینخانە حکومییەکانی شاری کەرکووک شۆفێر کارتی نیشتەجێبوونی پێویستە. هەردی محەمەد، ڕۆژنامەنووس لە شاری کەرکووک بڵاوی کردووەتەوە کە بۆ چوونە ژوورەوە بۆ ناو بەنزینخانە حکومییەکانی شاری کەرکووک، دەبێ کارتی پشتگیری نیشتەجێبوون (تٲيد سكن)ـت لە لا بێت. ڕوونیشیکردووەتەوە بۆ وەرگرتمی بەنزینی حکومی، پێویستە هەر شۆفيرێک کۆبۆنی بەنزینی بەناوی خۆیەوە بێت و کارتی نیشتەجێبوونی برد بێت. ئاماژەی بەوەشکردووە کە بۆ چاودێری جێبەجێکردنی بڕیار و رێکارەکان، هێزە سەربازییەکان لە نزیک بەنزینخانەکان جێگیر کراون.
تەیموری ئەنفال ڕایگەیاند کە ژەهر خوارد کراوە و لە پۆستێکدا دەڵێت: بەداخەوە بە ئامانج کراوین و سەردانی دکتۆرم کرد لە خەستەخانەی ئیمیرجنسی و پشکنینی ژەهریان بۆ ئەنجامدا دەرکەوت پشکنینەکەم پۆزەتیڤە و ژەهرخوارد کراوم، بەو هۆیەشەوە زۆربەی دانەکانم شکاون هەتاکوو ئێستە ئەسەری ئەو ژەهرە بەجەستمەوە دیارە و وەزعم باش نیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر ئەبم ، زۆربەی جاریش کە شتێک دەخۆم لەگەڵیدا لەتێک لە دانەکانم دەشکێن و کاریگەری خراپی بەسەر مێشک و سەرمدا هێناوە هەندێک جار کە ڕێدەکەم سەرم دەسوڕێت و دەکەوم هەر لەبەر ئەو هۆکارانەش بوو سەردانی دکتۆرم کرد. تەیموری ئەنفال
چەندین سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەشتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان کردوە و گومان دەکرێ بەشێكیان بۆ پشکنینی جۆراوجۆر لە نێویشیاندا پشكنینی ئەگەری ژەهرخواردكردنیان ڕۆشتبنز چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت ”متمانە لە نێوانیاندا نەماوە، ترسیان لە ژیان و تەندروستیی خۆیان هەیە“. دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهوور جەنگی بە ژەهرخواردکردنی خۆی تۆمەتبار کرد و تەواوی دەسەڵاتەکانی کە وەکوو هاوسەرۆکی یەکێتی هەیبوو لێسەندەوە، ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی یەکێتیش گومانیان لە تەندروستیی خۆیان کرد. بەپێی میدیاکانی سلێمانی نزیک لە یەکێتی، ئێستا جگه له مه‌لا به‌ختیار كه به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ر لە ئەڵمانیایە، هەریەک لە حاكم قادر حەمەجان و جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسی و سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بى سیاسى و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی، كوردستانیان به‌ره‌و وڵاتانى ده‌ره‌وه جێهێشتووە، کە گومان دەکرێ زۆربەیان بۆ ئەنجامدانی پشکنین ڕۆشتبن. هەر لەمبارەیەوە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ١٠ی ٢٠٢١، تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی كە گرووپێك لە پزیشكان پێكیانهێناوە، لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، ”زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی لە دەرەوەی وڵاتن كە بەشێكیان بۆ چارەسەری پزیشكی چوونەتە دەرەوە“. هاوكات ڕەخنەی ئەوەیان لەو حزبە گرت كە ”لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا نیوەی دەسەڵاتی تەندروستیی کوردستان لەلای یەكێتی بووە و دە ساڵ زیاتر وەزیری تەندروستی دەستنیشان کردووە. بەڵام ئەو حزبە بەناو سۆشیال دیموکراتە لە نەخۆشخانەی تایبەت و کۆمپانیای حزبی بۆ کەرتی تەندروستی هیچی دیکەی نەکردووە. ئەوە جگە لە دەیان پرۆژەی نیمچە تەواو بوو و گەندەڵیی گەورە لە بواری تەندروستیدا. بەڵگەش ئەوەیە کە زۆربەی سەرکردەکانی یەکێتی بۆ چارەسەری پزیشکی دەچنە دەرەوەی وڵات و تەنانەت متمانەیان بەو نەخۆشخانە تایبەتانەش نییە کە خۆیان دروستیان کردووە“. هەر لەمبارەوە، د. مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، کێشەکە نەبوونی متمانەیە لەبەرئەوەی متمانەیان بە یەکتری نییە و ئەو گرووپەی ناو یەکێتی کە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجامداوە و دەستیان لە ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانی هەیە، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئێستا کە نەخۆش بکەوێ، گومان دەکات ژەهرخوارد کرابێت، بە تایبەتیش ئەو سەرکردانەی لە دوای رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر پەنجەی تۆمەتیان بە ئاشکرا لەسەر ئەو گرووپە دانا“. گوتیشی: ”ئەو هەویرە زۆری دەوێت و لەمەودوا هەر سەرکردەیەکی یەکێتی نەخۆش بکەوێ، گومان دەکات ژەهرخوارد کرابێت و بەپەلە دەڕواتە وڵاتانی ئەورووپا و پێشکەوتوو بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی، ئیتر ئەگەر شەربەتێک یان ئاوێکیان لەگەڵ ئەو گرووپە خواردبێتەوە، ئەوە گومانی زیاتر لەسەر ژیانی خۆیان دەکەن، ئەو دۆخەش بۆ ناوخۆی یەکێتی مەترسیدارە و ئەگەری کێشەی قووڵ و بەیەکدادان دەکرێ لە ناوخۆدا“. ئەو چاودێرە سیاسییە راشیگەیاند، زۆربەی سەرکردەکانی شاخی یەکێتی متمانەیان بەو گرووپەی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر نییە، ئەوەش وایکردوە زیاتر ئەوانە ترسیان هەبێ لە ژەهرخواردکردنیان و بۆ پشکنین بڕۆنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو لە تاقیگەی وڵاتانی پێشکەوتوو ١٠٠٪ لە دۆخی تەندروستیی خۆیان دڵنیا ببنەوە. باس نیوز
رۆژ بە رۆژ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزدەبێتەوە و ئەمڕۆ سێ شەممە لە سەرووی 86 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێ. هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٨٣ دۆلار‌و ٩٠ مامەڵەی پێوەکرا، لەکاتی داخستنی بازاڕدا بە ٨٣ دۆلار و ٧٦ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا.
سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ری خستن كه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی دروستكرد له‌سه‌ر ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و گۆرانكاری باشی له هاوكێشه‌سیاسییه‌كان كرد و نه‌خشه‌ی سیاسی عێراقی گۆڕی به‌وه‌ی ناكۆكی خسته‌ناوماڵی شیعه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه‌ی خسته تای ته‌رازوێكی تازه‌وه، به‌تایبه‌ت ره‌وتی نه‌سر و حیكمه كه له 64 كورسییه‌وه بۆ 14 كورسی دابه‌زین، ره‌وتی سه‌در به‌ته‌واوه‌تی كورسیه‌كانی هه‌ڵكشا و له كوردستانیش پارتی دیموكراتی كوردستان به 33 كورسییه‌وه توانی كۆی %52ی كورسییه‌كانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ده‌ست بهێنێت، هاوكێشه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت هه‌م ئاسانه و هه‌م ئاڵۆزه، ئاسانه چونكه حزبه بچوكه‌كان كه پێشووتر رێگربوون له‌به‌رده‌م پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئێستا هێزی جارانیان نه‌ماوه و له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كانن، و لیسته گه‌وره‌كان دیارن و ده‌توانن له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش حكوومه‌ت دروست بكه‌ن، ئاڵۆزه چونكه هه‌ندێك پرس هه‌یه یه‌كلا كردنه‌وه‌یان كه‌مێك ئاڵۆزه، وه‌ك پۆستی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران، پارتی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌نگه قۆناغێكی نوێی سیاسی ده‌ست پێ بكات له عێراق و كوردستانیش. له كوردستان ئه‌و پۆسته جێگای گفتووگۆیه پارتی هێشتا بریاری له‌باره‌وه نه‌داوه، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له ساڵی 2018 له‌نێوان یه‌كێتی و هه‌ندێك لیستی عه‌ره‌بی كراوه بۆ دانانی (د.به‌رهه‌م ساڵح)، پارتی خستوه‌ته به‌رده‌م هه‌ڵوێسته‌وه كه به‌ئاسانی سازش له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته نه‌كات و ره‌نگه به پۆستی دیكه‌وه بیكاته پاكێجێك. زۆر پرسیار دروست بووه له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته، وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ پارتی ئه‌وه‌یه كه چونكه كاتی خۆی ئه‌و پۆسته وه‌ك ته‌حه‌دا له‌دژی پارتی به‌كارهێنرا، ئه‌م جاره وابه‌ئاسانی تێپه‌رنابێت و جاری جارانیش نییه به هاوكێشه‌یه‌كی هه‌رێمیه‌وه له‌به‌غدا گۆرانكاری بكرێت، ئه‌م جاره پارتی كارتی ده‌ستی به‌غدای به‌هێزه و لێگه‌یشتنی له‌و باره‌وه له‌گه‌ڵ حزبه گه‌وره‌كانی عێراق هه‌یه و به سانایی به‌بێ ئۆكه‌ی پارتی ئه‌و پۆسته پرناكرێته‌وه.بابه‌تی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووكیش په‌یوه‌سته به‌بریاری سه‌رۆك بارزانییه‌وه و ئه‌م پۆسته له‌چوار چێوه‌ی گفتووگۆكانی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداوه له له‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه جێ ناكۆكه‌كان یه‌كلا ده‌كرێته‌وه و په‌یوه‌ستدار نییه به‌هیچ حزبێكه‌وه.قۆناغه نوێیه‌كه‌ی پارتی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ئاراسته‌ی دروستكردنی یه‌كرزی و یه‌ك لیستیه به‌س ئه‌وه‌نده‌ی چاوه‌ران ده‌كرێت ره‌نگه ئه‌م یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك لیستیه ته‌نیا له نێوان پارتی و یه‌كێتی دروست بێت، حزبه‌كانی دیكه له‌پێناوی ده‌نگ و له‌به‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان زه‌حمه‌ته بچنه چوار چێوه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌وه، بۆیه له‌جیاتی یه‌كریزی رێككه‌وتن له‌سه‌ر خاڵی هاوبه‌ش گرنگتره واته هه‌موویان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك هاوبه‌ش رێككه‌ون، پارتی پاكێجێكی ئاماده‌كردووه ده‌بێت ئه‌م پاكێجه به‌هاوبه‌شی لیسته‌كانی دیكه بخرێته به‌رنامه‌ی كاره‌وه گرنگترینیان كه پێویسته كاری له‌سه‌ر بكرێت: یه‌كه‌م جێبه‌جێكردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدرالی كه له ده‌ستوور هاتووه و ده‌رفه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ماده جێبه‌جێ بكرێت، دووه‌م سندوقی داهاته‌كان دابنرێت و دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر پارێزگاكاندا، سێیه‌م: ده‌رچواندنی یاسای نه‌وت و گاز له عێراقدا، چواره‌م: بابه‌تی فیدرالیه‌ت كه 18 ساڵه گرفتمان له‌گه‌ڵی هه‌یه ده‌بێت به‌ریفۆرمێكی ده‌ستووری نوێ دووباره ئه‌م ماده‌یه شیبكرێته‌وه، دوای تێپه‌ربوونی ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر ده‌ستووریش ئاساییه ئه‌م ریفۆرمه بكرێته‌وه، و به‌هێزترین ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌بێت كه ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌سه‌ڵاتی فیدرالی هه‌ڵنه‌سا به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له ده‌ستووردا هاتوون ئه‌وا هه‌رێمی كوردستان خۆی ده‌توانێت یاسا ده‌ربكات و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه جێبه‌جێ بكات. پێنجه‌م: ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه وه‌ك لوبنان عێراقیش په‌یره‌وی سیسته‌می سیاسی (سێ له‌كاركه‌وتوو)بكات، كه به‌و مانایه‌ی پێكهاته‌كان له عێراقدا مافی ڤیتۆیان هه‌بێت بۆ هه‌ر بریارێك له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت شاندی پارتی و یه‌كێتی بتوانن ئه‌مه له گفتووگۆكانیاندا بچه‌سپێنن زۆر گرنگ ده‌بێت ،جارێكی دیكه هیچ كه‌س له‌به‌غداوه توانای ئه‌وه‌ی نابێت به ئاره‌زووری خۆی كارتی گوشار به‌كار بهَنێت.رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له پرۆسه‌ی سیاسی داهاتووی عێراق زۆر گرنگه ده‌توانێت رۆڵی گرنگ ببینێت له كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌كان و ویستی عێراقییه‌كان و كوردستانیشه‌كانیش له‌دوای هه‌ڵبژاردن ده‌ركه‌وت كه ئاراسته‌ی نه‌رم و دامه‌زراوه‌ییان ده‌وێت، ئه‌ركی تیمی پارتی هه‌م له حكوومه‌ت و هه‌م له گفتووگۆ زۆر قورسه ده‌بێت، گرنگه متمانه‌ی ده‌نگده‌ری خه‌ڵكی كوردستان به لیستی پارتی به ئاسانی له سه‌ر مێزی گفتووگۆ نه‌درێته ده‌سته‌وه، ده‌بێت لێزانانه و به‌ورییه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند خاڵه بكات ئه‌گه‌ر بێت و له كاتی پێكهێنانی حكوومه‌ت ئه‌م خاڵانه بچه‌سپێنرێن ده‌سكه‌وتی گرنگ ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان. له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگی عێراقییه‌كانیش بۆ هێزه میانره‌وه‌كان، ده‌توانرێت حكوومه‌تێكی ده‌ستووری و دامه‌زراوه‌یی دروست بكرێت، هه‌نگاو نان بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لیسته براوه‌كانی شیعه و سوننه ده‌بێت به‌وردی كار له‌سه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سوننه‌كان كه ئێستا په‌رشوبڵاون و له‌یه‌ك ئامانجی سیاسی كۆنه‌بونه‌ته‌وه، و شیعه‌كانیش بونه‌ته دووبه‌ره‌وه به‌ره‌ی مالیكی و عه‌مار حه‌كیم و هادی عامری و حه‌یده‌ر عه‌بادی و به‌ره‌ی موقته‌دا سه‌در بۆیه باشترین ده‌لاقه بۆ رێككه‌وتنی كوردستان لیسته عه‌ره‌بیه‌كان هه‌ڵبژاردنی رێككه‌وتنی تاكیتكه نه‌ك ستراتیژی چونكه له 2017 له‌كاتی هێرشی حه‌شد بۆ سه‌ر كه‌ركووك هیچ یه‌كێك له‌و لیستانه‌ی كه رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كرابوو هه‌ڵوێستیان نه‌بوو. كارزان سه‌باح هه‌ورامی
جه‌مال عه‌بدوڵڵا، چاودێری سیاسی له‌باره‌ی هۆكاری په‌یڕه‌كردنی فكری پۆپۆلیستی له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێوه له هه‌رێمی كوردستان، كه په‌یڕه‌وێكه له‌ڕێگه‌یه‌وه یاری به هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك ده‌كرێت و له‌پێناو پێكاندنی ئامانجێكی دیاریكراوی سه‌رمایه‌گوزاری و به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌یه‌كی سیاسی، كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سوود له گوتاری چه‌واشه‌كاری وه‌رده‌گیرێت، گوتی: هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و چه‌واچه‌كارییه بۆ ناسه‌قامگیری دیموكراسی ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌رچه‌ند سیسته‌مه‌كه دیموكراسی بێت، به‌ڵام له غیابی دامه‌زراوه‌ی چاودێریكردنی دیموكراسیه‌ت، ده‌رفه‌ت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی پۆپۆلیزم ده‌ڕه‌خسێت. ئه‌م گوتانه‌ی جه‌مال عه‌بدوڵڵا وتی: جگه له ناسه‌قاگیری دیموكراسیه‌ت، بوونی ئازادی ره‌هاش له كۆمه‌ڵگا، هۆكارێكی دیكه‌یه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی پۆپۆلیزم، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دروستبوونی پشێوی و مه‌یلی تاكڕه‌وی و سه‌ركوتكاری سه‌رهه‌ڵده‌دات. سه‌باره‌ت به واتای پۆپۆلیزم له‌ڕووی چه‌مكه‌وه، ئه‌و چاودێره سیاسییه گوتی: پۆپۆلیزم واتا كۆكردنه‌وه‌ی گه‌ل له‌لایه‌ك و نوخبه‌یه‌كی دیكه‌ی "ده‌سته‌بژێر" له لایه‌كی دیكه‌وه و وا نیشان ده‌درێت، كه ئه‌و نوخبه‌یه دژی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ن و ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی گوتاری پۆپۆلیستیش ده‌كات، خۆی وا نیشانده‌دات كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی گه‌ل ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات خۆی به رزگاركه‌ر و فریادڕه‌سی كۆمه‌ڵگه له هزری تاكه‌كاندا بنوێنێت، ئه‌مڕۆش له كوردستان شاسوار ئه‌و نواندنه ده‌كات، له‌كاتێكدا له كۆی 64 كورسی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌و ته‌نها 9 كورسی هه‌یه و ده‌یه‌وێت وا نیشان بدات كه ئه‌و 9 كورسییه ده‌نگی گه‌له و 55 كورسییه‌كه‌ی دیكه هه‌موویان له دژی گه‌لن. جه‌مال عه‌بدوڵڵا به‌سه‌رسوڕمانه‌وه گوتی: ئه‌گه‌ر شاسوار ده‌نگی گه‌ل بێت و بانگه‌شه بۆ ده‌نگی گه‌ل بكات، له‌كاتێكدا خۆی ته‌نها 9 كورسی هه‌یه، ئه‌ی 55 كورسییه‌كه‌ی دیكه چین، كه ته‌نها گه‌ل خاوه‌نی ئه‌و 9 كورسییه بێت!! بۆیه ده‌ڵێم: دیموكراسی ناسه‌قامگیر و ئازادی ره‌ها، دوو مه‌ترسی گه‌وره‌ن، نه‌ك به‌و واتایه‌ی كه دیموكراسیه‌ت مه‌ترسیداره، به‌ڵكو ناسه‌قامگیری دیموكراسیه‌ت و نه‌بوونی میكانیزمی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی ناو دیموكراسیه‌ت مه‌ترسیدارن، چونكه له‌ناو دیموكراسیه‌ت هه‌ڵه‌ی زۆر روو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌م دووانه زۆر مه‌ترسیدارن و ده‌بنه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی پۆپۆلیزم و دواجار ئه‌گه‌ر سنووری بۆ دانه‌نرێت ته‌نها به‌مه‌ش ناوه‌ستێت و سه‌ركوتكاری گه‌وره و دیكتاتۆریه‌ت و تاكڕه‌وی گه‌وره له‌ناو كۆمه‌ڵگه دێنه ئاراوه، چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش ته‌نها له رێگه‌ی بوونی دامه‌زراوه‌ی دیموكراسیه‌ت بۆ چاودێریكردنه‌وه ده‌كرێت. هه‌روه‌ها گوتی: بوونی ئازادی ره‌ها و نه‌بوونی میكانیزمی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی ناو دیموكراسیه‌تن كه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سێكی وه‌ك شاسوار عه‌بدوڵواحید بتوانێت په‌یڕه‌وی گوتاری پۆپۆلیستی بكات. سه‌باره‌ت به‌و گوتانه‌ی شاسواریش كه گوتبووی: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت باج و گومرگ هه‌ڵگرێت، ئێمه ده‌توانین به‌نزین هاورده بكه‌ین و به نرخێكی هه‌رزان به هاووڵاتییان بفرۆشینه‌وه، كه‌چی حكومه‌ت ئاماده‌یی بۆ ئه‌و پێشنیازه ده‌ربڕی، به‌ڵام هیچ سه‌رمایه‌گوزارێك ئاماده نه‌بوو بۆ ئه‌و جۆره بازرگانییه، جه‌مال عه‌بدوڵڵا گوتی: "بۆیه ئه‌و كاره نه‌كرا، چونكه هیچ بازرگانێك ئاماده نییه له كۆتایی مامه‌ڵه‌كه‌ی ته‌نها نیوه‌ی سه‌رمایه‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه" و گوتیشی: كاتێك شاسوار ئه‌و پێشنیازه‌ی كرد، نه‌یزانی حكومه‌ت ده‌ڵێت: "فه‌رمو"، بۆیه له‌و شوێنه وه‌ستا، ئێستاش كه ناتوانێت ئه‌م كاره بكات، بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات، "كه له‌ژێر فشاره‌كانی نه‌وه‌ی نوێ به‌نزین هه‌رزان ده‌بێت". هه‌روه‌ها شاسوار و نموونه‌كانی به كه‌سانی "نه‌خۆش" ناوبرد و گوتی: شاسوار تووشی ئه‌و په‌تایه بووه كه "خۆی به ده‌نگی گه‌ل" نیشان بدات. له‌باره‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی حكومه‌ت و هاووڵاتییانیش كه له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحیدن، جه‌مال عه‌بدوڵڵا جه‌ختی كرده‌وه، سه‌رۆكی ئێستای حكومه‌ت ئه‌و سه‌رۆكه نییه كه ساڵی 2011 به نرخێكی ره‌مزی لایه‌كی بناری ئه‌زمڕ و گۆیژه‌ی دایه شاسوار، سه‌رۆكی ئێستای حكومه‌ت به موزایه‌دات و چه‌واشه‌كاری قه‌رزی لێ ون ناكرێت و داناپۆشرێت، چونكه له وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به به‌ڵگه‌وه جێگیركراوه K24
دوای ئەوەی دوێنێ شەو (ڕەیحانە پارسا) لە لایڤدا بووە و لەناکاو ڵایڤەکەی پچڕاوە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دەنگۆی کوژرانی خانمە ئەکتەر "ڕەیحانە پارسا" کە بە ڕۆڵی "لەیلا" لە زنجیرەی (باوک) بەشدار بوو، بڵاوبووەتەوە. بەپێی سەرچاوەکان سەرەتا وا گومانکرا خۆکوژی بێت، بەهۆی کۆتا ستۆرییەکانی (ڕەیحانە پارسا) کە تیایدا ئاماژەی بە هەنێک کار کردووە کە ئەبوو پێش مردن ئەنجامیان بدات، بەڵام دواتر ڕوون بوەتەوە کە کوژراوە. تا ئێستا هیچ پێگەیەکی فەرمی ئێران و خێزانەکەی هەواڵەکەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە. ڕەیحانە پارسا لە درامای (باوک) ناوبانگی پەیاکرد و بەهۆی نەگونجانی هەڵسوکەوت و شێوازی ژیانی لەگەڵ ئێران، وڵاتی جێهێشت. سەرچاوە: کورد فیلم
پێوەری زیرەك لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بۆ کۆنترۆڵ و باشترکردنی دۆخی کارەبا دانراوە و گەورەترین خزمەت بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت.بە داخەوە لەهەندێك پەیجەكانی سۆشیال میدیا پروپاگەندەی دوور لە راستی بڵاو دەكرێتەوە، لە هەندێ شوێنیش رێگە لە تیمەکانی کۆمپانیای بەستنی پێوەر دەگیرێت و زیان بە سندووقەكانی كارەبا دەگەیەنرێت، کە بە هۆیەوە کێشە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت. وەزارەتی کارەبا رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تەواویی ئەو کەسانە گرتووەتە بەر کە زیان بە خزمەتگوزاریی کارەبا دەگەیەنن و ئاستەنگ لە بەردەم گەیاندنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاوڵاتیان دروست دەكەن و تەواوی تێچوونی چاككردنەوە و دانانی پێوەرەكانیش دەکەوێتە ئەستۆیان. وەزارەتی كارەبا2021/10/25