Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
بیروڕا
12-11-2021

ھاوڕێم مەلا بەختیار.. وێنه‌که‌ت تاساندمی

بینینی وێنەی مەلا بەختیار لە نەخۆشخانە دوای یەكلابوونەوەی ژەهرخواردكردنی، سەرەڕای ئەوەی پەرۆشی و خەمێكی قوڵ بۆ هاوڕێیەكی تەمەنم سەراپای داگرتم، هەستێكی بەراوردكاریانەی سەیریشی لا دروست كردم، كە وێنەكەیم بینی، چۆن بەشەكەتی، بەدەست غەدری ژەهرخواردن گیرۆدە بووە، یەكسەر جووڵە و سەركێشی و حه‌ماسی ئەو پیاوەم بە گەنجی بیر كەوتەوە، ئەو گەنجەی لە كۆڵانە باریك و تەسكەكانی خانەقینەوە، هەمیشە فەنتازیایەكی فراوان و بێ سنوری كوردایەتی ئەنەخشاند، ئەو مەلا بەختیارەی زەبروزەنگی رژێمی داگیركاری عیراق نەیدەترساندو نەیدەتاساند، کەچی ئەوەتا ئێستا ژەهر و خەنجەری خیانەت شەکەتی کردوە و وەک دەردەدارێک لە نەخۆشخانەیە، بۆمن چاوه‌ڕوان کراوبوو گولـله‌ی دوژمن، پیلانی ناحه‌زانی کورد و یه‌کێتی بیپێکن، به‌ڵام ژه‌هرخواردکردنی داخ و مه‌راقێکی تره‌ که‌ بۆمن وه‌کو شۆکێک وایه‌و بۆ ئه‌نجامده‌رانیشی په‌ڵه‌یه‌کی ره‌شی ناپاکیه‌ که‌ قابیلی سپی بوونه‌وه‌ نییه‌.‏‎ساڵی 1963 بۆ یەكەم جار مەلا بەختیارم لە خانەقین لە قوتابخانەی (نەهضة)ی سەرەتایی ناسی، بەیەكەوە ھەر لەسەرەتاوە بارگرانی ژیانێكی سەختی خانەقینمان بەشكرد، لە زۆر شت لەیەك ئەچووین، ئەو زوو دایكی مردو هەتیو كەوت، منیش زوو باوكم مردو هەتیو كەوتم، هەر بەمناڵی هەردوكمان كەوتینە دەست زەبری بێ رەحمانەی ژیان و چەرمەسەری و سەختی ڕۆژگار.هەرچەندە منداڵیمان پێچەوانەی شیرینی خورمای خانەقین تاڵ و سەخت بوو، بەڵام ئەو تاڵییە نەیتوانی سەركێشی و لاساری منداڵانەی ئێمە زەوت بکات و هه‌میشه‌ به‌ ئومێد و هیوایه‌کی زۆره‌وه‌ به‌سه‌ر په‌یژه‌ی ده‌رده‌سه‌ری ژیان سه‌رکه‌وتین.چیرۆكی ئاشنایەتیمان 10 ساڵ دوای یەكەم یەكتر ناسین، واتە لە ساڵی 1973 چووە قۆناغێكی ترەوە، له‌رێگه‌ی مەلا بەختیاره‌وه‌ چوومه‌ ریزه‌کانی كۆمەڵەوه‌، ئیتر لەوێوە بەهەموو هەورازو نشێوەیەكانی سیاسەت و كوردایەتیدا ڕۆیشتین و لەزۆر وێستگەی جیاش ھەر بەیەكەوە ماینەوە، بەویژدانەوە ئەڵێم ئەو بۆمن هەمیشە برایەكی بەلوتف و سنگ فراوان و لێبوردە بوو، هەمیشە بەرگەی سەركێشی و هەڵوێست و دەڕبڕینە جیاوازەكانی منی بەزیادەوە گرتوە،‏‎ ئاخر بەڕاست ژەھرخوارکردنی تێکۆشەرێکی وەک مەلا بەختیار بۆچی؟ ئەپرسم ئەو پیاوە گوناهی چی بوو وای لێ بەسەرهات، جگە لە گوناهی سیاسەتكردن و كوردایەتی و پێشمەرگایەتی چ گوناهێكی تری كردوە؟ ئاخر ئەو هەموو عومری لە خەبات و تێكۆشان لە رێبازی شەهاب و ئارام و مام جەلال بەسەر برد، وەكو داربەڕویەكی چەسپاوی چیاكانی ئەو كوردستانە بەرگری لە میللەتەكەی و یەکێتیه‌کەی كرد، کەچی ئێستا لەبری پاداشت، بە ژەهر و بەخەنجەری بێ وەفایی ھەوڵی لەناوبردنی دەدرێت؟ئەوەی ئێستا بۆ من مایەی داخ و ناسۆرە ئەوەیە من لەم وێستگەیە ناتوانم راستەوخۆ شتێك بۆ مەلا بەختیاری براو ھاوڕێم بكەم، ناتوانم وەكو رۆژانی گەنجی و تەمەنی شۆڕش و پێشمەرگایەتی ئازارو ناسۆرەكانی لەگەڵ بەش بكەم، بەڵام دڵنیام دەزانێت کە چۆن لەدڵەوە هیوای زوو چاكبوونەوەو تەندروستی لەجاران باشتری بۆ دەخوازم. بۆیە پێی دەڵێم: ھاوڕێم، تۆ بەم ژەھرەش ھەر بە سەربەرزی دەمێنیتەوە، دەستی نامەرد ناگاتە کێوی شکۆمەندی تۆ، ئەوان بودەڵەو تۆش بوێر، تۆ جوامێرو ئەوانیش ناپاک لەبەردەم خەڵک و خودا و مێژوو.ھاوڕێم سوێند بەئەڵوەن ئازارت هه‌مان ئازارە لەدڵماھاوڕێم بمبورە کە بەهۆی دۆخی تەندروستیمەوە، نەمتوانی سەردانت بكەم و لەسەر چرپای نەخۆشخانەکە وێنەیەکی یادگاری بگرین و بڵێم تۆ ھەرگیز بەتەنیا نیت، شاعیریش نەبووم دەنا ئێستا وادەی بوو بە قەسیدەیەك گوزارشت لە ناخی هەڵقرچاوم بكەم بۆ تۆی براو هاوڕێی ته‌مه‌ن… عیماد ئه‌حمه‌د - ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی12/11/2021

بیروڕا
11-11-2021

لەسەر کۆچ و جێهێشتنی نیشتیمان

لەوەتەی ئینسان هەیە کۆچکردنیش هەیە. پێغەمبەری خۆشەویستی ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) لە مەککەوە کۆچی کرد بۆ مەدینە. پێشتر موسا لە میسرەوە کۆچی کردبو. جارێکیان لە قەولی شاعیرێکی ئیسپانی کە لە سەردەمی حوکمی فاشیستا ناچار بوە وڵاتەکەی بە جێ بهێڵێت لە کتێبێکا بە زمانی فارسی (کە بەداخەوە ئێستا ناوی کتێبەکەم بیر نەماوە ) خوێندمەوە: یەکەمین مردن و دواهەمین مردنم جێهێشتنی زۆرەملێی نیشتیمانم بوو… هیچ مردنێک لەدوای ئەوە ترسناک نیە. جێهێشتنی نیشتیمان، گەر بە ئارەزوی شەخسی بێت، ئەوا گەشتو گوزارە. یانیش گەڕانە بەدوای خەون و ئارەزوی شەخسی. بۆیە ئەم جۆرە لە کۆچ کردن، ئەگەر باجێکیشی لەسەر بێت، ئەوا جامە ژەهرەکەی مامۆستا هەردی شاعیرە و ئۆباڵەکەشی دیارە: بەدەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانەئەگەر ژەهریشی تێدابو گوناهی خۆتە بیزانە واز لە گوتارە پۆپۆلیستیەکەی (بەناو) ئوپۆزۆسیۆن بێنە. مەبەستم لە دوو جۆر ئوپۆزۆسیۆنە. یەکێکیان ئەوانەی ساڵانی دوورو درێژ بەشدار بوون لە حوکمڕانی ئەم وڵاتەدا. ئەوەی تریش ئەوانەی تازە پێگەیشتون و، جارێ قەرزە شەخسیەکانی خۆیان پێ نادرێتەوە، کەچی باسی خەرجی و قەرزی حکومەتێک ئەکەن…! هەردووک لەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن لە ئێستادا وەک ئەکتەرێک تەمسیلی خەمخۆری و تەعزێباری هاونیشتیمانیانی ئێمەن لە (ڕوسی سپی). وەک دەڵێن: ئەوەی لە شەڕ دوورە، شمشێری تیژە. ئەم جۆرە لە خەڵکی هەلپەرست، کێشەی بێ کاری، کارەبا، مووچە، گرانی بەنزین و… هەتا دێت، بە چارەکە سەعاتێک چارەسەر دەکەن…! هۆکارەکەشی ئەوەیە لە هەمو ژیانیاندا بۆ چرکە ساتێکیش بڕیار بەدەست و حوکمڕانی ڕاستەقینە نەبون. وا دەزانن چارەسەری کێشە سیاسی، ئابوری، دیپلۆماسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیەکان بەقەدەر نوسینەوەی پۆستێکی فەیسبوک سادەوساکار بەدەستەوە دێت و عیلاج دەکرێت. ? منداڵێکی ١٥ یان ١٦ ساڵ بۆ بگاتە سنوری پۆڵۆنیا؟… خێزانێک کە خۆی دان بەوەدا دەنێت زیاد لە ٢٠ هەزار دۆلاری سەرف کردوە (دوو دە فتەر) لە کام فەقیری و بێ دەرامەتی هەڵاتوە؟… چەنێک لەوانەی کە بەڕێوەن بۆ بەهەشتەکەی ئەوروپا، زیندانی سیاسی بوون و لە زیندانەکانی ئاسایشی هەڵەبجەو سلێمانی و هەولێر و دهۆکا ئەشکەنجە دراون و حوکمی ئەبەدی و لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوە؟… منداڵی چەندیان لە برساندا گیانی پاکی بە خاک سپێردراوە؟… لە بەهەشتەکەی ئەوروپا پەنابەران دەستەبەندی کراون، وەک: پەنابەری سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی بە نموونە. هەژماری پەنابەری سیاسی لە ئەوروپا لە کەمینەدان (هەر کەسێک پێی خۆشە دەتوانێت سەیری ئامارو دەستەبەندی پەنابەران لە ئەوروپا بکات). بە واتایەکیتر، زۆرینەی پەنابەران کەسانێکن کە لەبەر هۆکاری ئابوری کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردوە. بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران (سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان) لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاد لە ٨٢ ملیۆن ئینسان لەسەر گۆی زەوی کۆچیان کرددوە. لەم ڕێژە یە ش ٤٢% یان لە ژێر هەژدەساڵەوە بوون. نوخبەی (بەتایبەتی چەپ) ی ئەوروپی دژی سیاسەتی ڕەت کردنەوەو دیپۆرتکردنی پەنابەرانن. ئێمە ڕێز لە هاوسۆزی ئەم نوخبەیە دەگرین و لەبەرەی خەڵکی ماف خوراوی سەرزەوی حیسابیان بۆ دەکەین. هەر لە هەمان ئەوروپا، حیزبە مامناوەند و ڕاستڕەوەکان زۆر بە توندی دژایەتی پەنا بەران دەکەن. سەیر لەوەدایە دەوڵەتانی ئەوروپا لە دابەشکردنی نیشتیمانی میللەتانی جیهانی سێهەم و نەهامەتی و ناعەدالەتی لەو وڵاتانەدا پشکی شێریان بەر دەکەوێت. لە نیجیریا خوێنی خەڵکی هەژار لە پێناو پشکی کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە بۆرسەی جیهانی دە ڕێژرێت. کەچی ئەگەر هاوڵاتیەکی نیجێریا بچێت داوای پەنابەری لە وڵاتێکی ئەوروپی بکات، پێی دەڵێن بۆ هاتویت؟… ئەوروپا و ئەمەریکا بەهێزترین پشتیوانی دیکتاتۆرەکانن لە جیهانی سێهەم، کەچی کە هاوڵاتی ئەو وڵاتانە خۆیان دەگەیەننە وڵاتێکی ئەوروپی و داوای پەنابەری دەکەن، وەک ئەوەی قەشمەریان پێ بکەن، لێیان دەپرسن: لە وڵاتی تۆ کێشە نیە، بۆ هاتوی بۆ ئێرە؟… لە باشترین حاڵەتیشدا پەنابەران وەک کارتی فشار بەکار دەهێنن لەسەر یەکتر لە پێناو چەند سەد ملیۆن یۆرۆیەک، وەک ئەمەی ڕوسی سپی…! ئەگەر نوخبەیەک لە ئەوروپا هەبوە و هەیە و، یان ئەگەر قسەی کتێب و کردار یەکن، ئەوا ئەمە دەبێت هەر هیچ نەبێت بەقەدەر تۆزقاڵە زەڕڕەیەک لە سیاسەتی ئەو وڵاتانەدا ڕەنگ بداتەوە. کەس بە ئەندازەی نوخبەی ئەوروپی قسەی لەسەر مافی ئینسان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی نەکردوە… ئەی کوا؟… ئەگینا ئەوروپا بایی ملیاردەها دۆلار بە ناحەقی لە سامانی جیهانی سێهەم بۆ خۆی ببات و سیستەمە دیموکراسیەکەی خۆی پێ بڕازێنێتەوە، لەملاشەوە کەسانی پەنابەر بە سواڵکەر و بێ موبالات لەقەڵەم بدات و مامەڵەی تاوانبار یان لەگەڵ بکات… ئەوا ئەو جۆرە لە دیموکراسی چاوبەستە و مشتە خۆڵێکە کە چاوی دانیشتوانی جیهانی سێهەم و ئەوروپاشی پێ لێڵ و کوێر دەکەن. بەم قسانە بە هیچ جۆرێک مەبەستم ئەوە نیە کە ئیرادەی خەڵکی جیهانی سێهەم بسڕمەوە و، هەمو کەمو کوڕیەکان بخەمە ئەستۆی ئەوروپا و ئەمەریکا. بەڵکو مەبەست تەنیا ئەوەیە کە گرنگە بە ئاگا بین لەو ناعەدالەتیەی لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا هەیەو دونیای خۆرئاواش بێ تاوان و ئەستۆ پاک نیە، وەک ئەوەی لە کتێب و فلیمەکانیاندا نیشانی دەدەن. ئاری محەمەد هەرسین

هەواڵ
11-11-2021

مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستا...

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میکێلێ کامیرۆتا کونسوڵی گشتیی نوێی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان کرد .سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستیەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئیتالیا کرد و هیوای خواست لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێ بدات.کونسوڵی گشتیی ئیتالیا ، ئاماژەی بە گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی ئیتالیای بۆ فراوانکردنی هاریکاریی و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

هەواڵ
11-11-2021

پیلانێكی لاهور جەنگی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی شكستی هێنا

میدیایەكی سلێمانی ئاشكرای كرد، لاهوور جەنگی هەوڵی داوە لە ڕێگەی هێزەوە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەست بەسەردا بگرێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی رێی لێگرتووە. بە گوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕێكی سلێمانی كە لە زاری بەرپرسانی یەكێتییەوە بڵاوی كردۆتەوە، هۆكاری ئەو جموجۆڵی هێزەی چەند رۆژێكە لەسەر شەقامەكانی سلێمانیدا زیادیان کردووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە “لاهوور جەنگی ویستوویەتی بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆنتڕۆڵ بكات و لەوێ دابنیشێت”. هەمان سەرچاوە بۆ (درەومیدیا) ئاشكرای كردووە كە “بافڵ تاڵەبانی زوو بە جووڵەكەی زانیوە و هێزی بردووە و لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی جێگیری کردووە”. ئەم پیلانەی لاهوور جەنگی لە دوو شەوی رابردوودا هەوڵی جێبەجێكردنی دراوە و بەو مەبەستە بووە كە جۆرێك لە شەرعیەت بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە پاش ئەوەی بە فەرمی لە نێو یەكێتیدا دەركرا. لە بەرامبەریشدا لە دوێنێوە لیژنەی ئەمنیی سلێمانی دوا مۆڵەتی بۆ بنبڕكردنی یەكجارەكیی دیاردەی چەكداری و لاساریی یاسایی دیاری كردووە و ئەمڕۆش هەڵمەتێكی فراوان لەم چوارچێوەیە دەستی پێكردووە كە پێدەچێت ئامانج لێی چەككردنی تاقمەكەی لاهوور جەنگی بێت.

هەواڵ
11-11-2021

لاهور جەنگی و چەکدارەکانی چەک دەکرێن

لەدوای ڕووداوەکانی ھەشتی تەمووز و دوورخستنوەی لاھوور جەنگی و تاقمەکەی، چەندین کەسی نزیک لە لاھوور جەنگی، بە چەکی قورس و چەکی سووک لەناو شاری سلێمانی خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی بڕیاری دا، چەندین بازگە لەناو شاری سلێمانی جێگیر بکات، بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و نەھێشتنی ھەموو جووڵەیەکی چەک لەدەروەی یاسا. لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێکیدا بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند “لەپێناو پاراستنی دۆخی ئەمنیی شاری سلێمانی، ھێزە ئەمنییە ھاوبەشەکان ئاگادار کراونەتەوە، ھەوڵەکانی خۆیان بۆ بەبڕکردنی دیاردەی چەکداری چڕ بکەنەوە و ڕاکردووان و تۆمەتباران بە کەیسی جۆراوجۆریش، دەستگیر دەکرێن”. بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردراوە، ھەوڵەکانی خۆیان بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت چڕتر بکەنەوە و ڕێگە بگرن لە ھەموو جۆرە جووڵەیەک و هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی لەدەرەوەی یاسا. بەپێی ڕاگەیاندراوێکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، کە شەوی ڕابردوو بڵاوکرایەوە و وێنەیەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە، لە رێکەوتی 10/ 11/ 2021، ھەرچیی دیاردەی چەکداری هەیە، لە چەکی بێ مۆڵەت و جوولەی چەك و تەقەمەنی لەدەرەوەی یاسا، دەستیان بەسەردا دەگیرێ و کۆنترۆڵ دەکرێن، ڕاکردووان و تۆمەتبارانیش بە کەیسی جۆراوجۆری یاسایی، دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی دادگاکان دەکرێن. لە ڕاگەیاندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەش کراوە، تەواوەی ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕادەسپێردرێن، ھەموو دیاردەیەکی نامۆ و ناشارستانی، کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ژیان و گوزەرانی ئاسایی ھاووڵاتییان، بنەبڕ بکەن. ھەر جۆرە جووڵەپێکردنێکی ھێزیش بە ئاگاداری و رەزامەندیی لیژنە ئەمنییەکە دەبێت و جگە لە ئیجرائاتی بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و چەکی بێ مۆڵەت، ئیجرائاتی یاسایی تایبەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بێ مانفێست و جام ڕەش و پلیتگۆڕین جێبەجێ دەکرێن، بۆ ئەوەی ھیچ درزێکی ئەمنی روونەدات، کە ئۆقرەیی و ئارامیی شار تێکبدات. لەمبارەوە، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە ئەمڕۆوە سەرجەم ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ بنبڕکردنی دیاردەی چەکداری و ئۆتۆمبێلی جامڕەش و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا”. ئاماژەی بەوەش کرد، لەو بازگانەی ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی تێدا جێگیر کراوە. دەست بەسەر چەندین چەکدا گیراوە، بەڵام “ھەڵمەتەکەی ئەمجارە زۆر بە چڕی دەستی پێکردووە و بەردەوام دەبێت، تا ئەوکاتەی دەتوانین دیاردەی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بنبڕ بکەین”.لیژنەی ئەمنیی سلێمانی، دارودەستەی لاهوور جەنگی چەك دەكەن.

هەواڵ
11-11-2021

بەناوی ڤیزاوە پارە و ئاڵتوونی لە ژنان وەرگرتووە

لەدوو چالاكی جیادا مەفرەزەکانی پۆلیس تۆمەتبارێکیان دەستگیركرد كە بەفێڵ بڕێك پارەو ئاڵتونی‌ لەئافرەتێك سەندبوو، هەروەها دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیرا كە لەشاری هەولێرەوە دزرابو و هێنرابووە شاری سلێمانی. پۆلیسی سلێمانی دەڵێ: دوای‌ ئەوەی‌ ئافرەتێك لەبنكەی‌ پۆلیسی‌ هەواری‌ شار سكاڵای‌ یاسایی لەسەر تۆمەتبارێك تۆماركرد كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناسیویەتی‌‌و بەناوی‌ وەرگرتنی‌ ڤیزەی‌ ئەوروپاوە بڕی‌ 20 هەزار دۆلار (دوو دەفتەر دۆلار)ی‌ لێ سەندووەو پاشان تۆمەتبارەكە خۆی‌ وون كردووە. دواتر تۆمەتبارەكە دەركەوتۆتەوەو داوای‌ بڕی‌ 10 هەزار دۆلار (یەك دەفتەر)ی‌ تری‌ لەسكاڵاكار كردووە، بەڵام بەهۆی‌ ئەوەی‌ ئافرەتەكە ئەو بڕە پارەیەی‌ نەبووە، تۆمەتبارەكە داوای‌ ئاڵتونی‌ لەسكاڵاكار كردووە. دوای‌ چاودێری‌‌‌و لێكۆڵینەوەی‌ وردو وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتباركە لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ هەواری‌ شار بەهاوكاری‌ نوسینگەی‌ ڕۆژئاوای‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوان لەكاتی‌ وەرگرتنی‌ ئاڵتونەكە لەسكاڵاكار، دەستگیربكرێت. لەكاتی‌ لێكۆڵینەوەكاندا تۆمەتبارەكە دانی‌ بەتاوانەكەیدا ناوەو ئاماژەی‌ بۆ ئەوە كردووە كە بەو پارەیەی‌ لەئافرەتەكەی‌ سەندووە ئوتۆمبێلێكی‌ پێ كڕیوە، لەكاتی‌ دەستگیركردنی‌ تۆمەتبارەكەدا دەستیشگیراوە بەسەر ئوتۆمبێلەكەدا. لەئێستادا تۆمەتبار (س، ج، ن) لەدایكبووی‌ 1989 دانیشتووی‌ شاری‌ هەولێر بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 456 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراوە. لەلایەكی ترەوەو دوای ئەوەی لەلایەن دادگای هەولێرەوە زانیاری گەیشتە پۆلیسی سلێمانی كە ئۆتۆمبێلێك دزراوەو گومان دەكرێت بەرەو شاری سلێمانی هێنرابێت، پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانی دەستپێكردوو مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری شار توانیان ئۆتۆمبێلەكە بدۆزنەوەو دەستیبەسەردا بگرن.

هەواڵ
11-11-2021

مەسرور بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی فەر...

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەرال بێرتراند توجوز فەرماندەی گشتیی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی فەرەنسا کرد . لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هەماهەنگیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرا.  فەرماندەی گشتیی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی فەرەنسا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا و جەختی لەوە کردەوە، کە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ دووپاتکردنەوەی درێژەدانە بە كار و هەماهەنگیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی فەرەنسای کرد و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش و هەماهەنگیی دوولایەنە دەربڕی .

هەواڵ
11-11-2021

له‌ سلێمانی ژنێكی مردوو له‌ كاتی شۆردنی ته‌رمه‌كه‌یدا زیندوو ده‌بێته‌و...

له‌ ڕووداوێكی ده‌گمه‌ندا، له‌ سلێمانی ژنێک دەمرێت و لە کاتی شۆردنی تەرمەکەیدا ھەڵدەستێتەوە و ئاماده‌بوانی ئه‌و شوێنه‌ هه‌ریه‌كه‌ و بەلایەکدا ڕادەکات. لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی، ژنێک بەھۆی ڕووداوێکەوە گیانی لەدەست دا، لە کاتی شۆردنی تەرمەکەیدا، زیندوو دەبێتەوە و بە پەلە دەیگەیەننه‌ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی. ڕۆژیار سیروان، ڕۆژنامەنووس له‌ شاری سلێمانی، لە ژهه‌ماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك)، بڵاوی كرده‌وه‌: كه‌سێكی نزیكمان پێش دوو رۆژ به‌ ئۆتۆمبێل لە ژنێکی داوه‌ و هیچ عه‌یبی نه‌بووه‌، دوای دوو رۆژ، ئەمشەو کۆچی دوایی کرد دوای ئەوەی لەپزیشکی دادوەری سلێمانی تەرمەکەیان ڕادەستی کەسوکاری کرده‌وه‌، لە کاتی شۆردنی مردووەکەدا، ئەو ژنە هەڵساوەتەوە و هەر یەکە و بەلایەکە رای کردووە. ئاماژەی بەوەش کردووه‌: ئەمبوڵانس ژنەکەیان بردووەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی لەدەست دا و ئێسته‌ تەرمەکەی بەخاک دەسپێرن. باس نیوز

هەواڵ
11-11-2021

ئاگادارییەک لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانییەوە

لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی ھاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی کارەکانی خۆی چالاکتردەکاتەوە و دوا مۆڵەت بۆ  بنەبڕکردنی یەکجارەکی دیاردەی چەکداری و لاساری یاسایی دیاری دەکات. مۆڵەتەکە لە سەعات دەی ئەمشەوەوە (10/11/2021) دەستپێدەکات و تا سەعات ھەشتی بەیانی (11/11) دەخایەنێت کە تێیدا ھەرچی دیاردەی چەکداری، لە چەکی بێ مۆڵەت و جولەی چەك و تەقەمەنی  لەدەرەوەی یاسا ھەیە، کۆنترۆڵ دەکرێن و دەستیان  بەسەردا دەگیرێت، ڕاکردوان و تۆمەتباران بە کەیسی جۆراوجۆری یاسایی دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی دادگاکان دەکرێن. دەشڵێ: ھێزە ھاوبەشە ئەمنییەکانی حکومەت  لەو وادەیەوە ڕادەسپێردرێن ھەموو دیاردەیەکی  نامۆ و ناشارستانی، کە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و  ژیان و گوزەرانی ئاسایی ھاوڵاتیان، بنەبڕ بکەن. وتەبێژێک لە لیژنە ئەمنییەکەی پارێزگای سلێمانی  بە کەناڵەکانی راگەیاندنی وت: لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لیژنەی  ئەمنی پارێزگای سلێمانی  راسپێردراون ئەرکەکانیان کارا بکەنەوە، وەك بەشێك لە تەواوکردنی چاکسازییەکان لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک. ھەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانیش پشتیوانی تەواوی کارەکانی لیژنەکە بۆ چەسپاندنی یاسا و دابینکردنی ئارامی دەکات. ھەروەھا وتیشی: ھەر جۆرە جوڵەپێکردنێکی ھێزیش بە ئاگاداری و موافەقەتی لیژنە ئەمنییەکە دەبێت و جگە لە ئیجراتاتی بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری و چەکی بێ مۆڵەت، ئیجرائاتی یاسایی تایبەت بە ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا و بێ مانفێست و سەیارەی جام ڕەش و پلیتگۆڕین جێبەجێدەکرێن، بۆ ئەوەی ھیچ درزێکی ئەمنی روونەدات کە ئۆقرەیی و ئارامی شار تێکبدات. پرۆسەکەش  بە شێوەیەکی کارا و شەفاف جێبەجێ دەکرێت  بۆیە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین هاوکاری راگەیاندنی بڕیار و راسپاردەکانی لیژنەکە بن و روماڵی پێویستی بکەن.

هەواڵ
10-11-2021

بەھۆی ھێرشێکی ئاسمانی تورکیا سێ ھاوڵاتی کورد گیانیان لەدەست دا

ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، لە ھێرشێکی ھێزی ئاسمانیى تورکیا و بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێک لەسەر سنووری قامیشلۆ، سێ ھاوڵاتی کورد کە ئەندامی یەک خێزان بوون، گیانیانلەدەست دا. نوری محمود، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ھێرشەکە دوێنێ سێشەممە لە لایەن تورکیاوە کراوە و لە نێو قوربانیەکاندا پیاوێکی تەمەن 82 ساڵی تێدایە بە ناوی یوسف کێلۆ و لەگەڵ دوو نەوەی ناوبراو. هەروەها نوری مەحمود لە تویتێکدا ڕایگەیاند بە ئامانجگرتنی ھاوڵاتیانی نیشتیمان پەروەر لە لایەن “تورکی داگیرکەرەوە، ورەمان ناڕوخێنێت" تورکیا بە بیانوی ئەوەی ئیدارەی خۆسەری لە باوکوری سوریا لەلایەن پەکەکەوە یارمەتی دەدرێت، ھەزاران سەربازی لەم ناوچانە جێگیر کردووە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ئۆپەرسیۆنی ھاوبەشی لەگەڵ ھێزی سەربازی سوریا و ئۆپۆزسیۆنە ھاوبەشەکانی دژی کوردانی ناوچەکە کردووە. مانگی ڕابردوو ئەردۆگان ڕایگەیاند، تورکیا ئامادەباشی کردوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسێۆن لە سوریا و بە تایبەت لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی کورددان.

هەواڵ
10-11-2021

ڕوحوڵڵا زەم، ئەو ڕۆژنامەنووسەی ئێران لە سێدارەیدا، لە لایەن فەرەنساوە...

ڕوحوڵڵا ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و نیشتەجێی فەرەنسا بوو، ساڵی ڕابردوو بە پیلانێک برایە بەغداد و لەوێوە دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران ڕفاندی و دواتر لە سێدارەیدا. پاش نزیکەی ساڵێک بەسەر لەسێدارەدانەکەیدا، میدیا ئێرانییەکانی دەرەوەی ئێران، ئاشکرایان کرد کە دەزگای ھەواڵگریی فەرەنسا ڕادەستی ئێرانی کردووەتەوە و ئاڵوگۆڕی پێکردووە لەگەڵ ئەفسەرێکی ھەواڵگریی وڵاتەکەی کەچەند ساڵێک بووە لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی لە زیندان بووە.

گشتی
10-11-2021

ئاماری نوێ؛ مردن و تووشبوون بە کۆرۆنا کەمیکرد

ڕاگەیاندراوی ( ٢٤ ) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە ( ٦٢٣ ) ١. پشکنین: ( ٥٧٧٣ پشکنینی نوێ)• ( ٢٩٨٢) هەولێر• ( ٨٢١) سلێمانی• ( ١٧٦٠) دهۆك• ( ٤٦) هەڵەبجە• ( ١٥) گەرمیان• ( ١٤٩) ڕاپەڕین•٢. تووشبوو: ( ٤٤٢ تووشبووی نوێ)• ( ١٤٨) هەولێر• ( ٥٣) سلێمانی• ( ٢٠١) دهۆك• ( ١١) هەڵەبجە• ( ٠) گەرمیان• ( ٢٩) ڕاپەڕین٣. چاکبوون: ( ٨٥٢ چاکبوون)• ( ٢٥٠) هەولێر• ( ١٤٨) سلێمانی• ( ٣٧٦) دهۆك• ( ١٩) هەڵەبجە• ( ٣١) گەرمیان• ( ٢٨) ڕاپەڕین•٤. مردن: ( ١١ مردن)• ( ٤) هەولێر• ( ٣) سلێمانی• ( ٤) دهۆك• ( ٠) هەڵەبجە• ( ٠) گەرمیان• ( ٠) ڕاپەڕین • ئاماری گشتی:کەرەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)پشکنین ٣٤١٨٨٤٥ (١٢٣٢٠٥٣ هەولێر، ٨٤١٤٨٥ سلێمانی، ١٣٢٠٣٩٥ دهۆك، ٢٤٩١٢ هەڵەبجە)تووشبوون ٣٦٧٤٤٧ (١٠٨٤٢٣ هەولێر، ١٢٧٠٧٠ سلێمانی، ١٢٤٧٠٨ دهۆك، ٧٢٤٦ هەڵەبجە)چاکبوون ٣٥١٩٧٧ ( ١٠٣٣٩٣ هەولێر، ١٢١٩٤٩ سلێمانی، ١١٩٨٦٨ دهۆك، ٦٧٦٧ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ٨٨٧٥ (٣١٣٤ هەولێر، ٢٢٩٤ سلێمانی، ٣١٩٢ دهۆك، ٢٥٥ هەڵەبجە)مردن ٦٥٩٥ (١٨٩٦ هەولێر، ٢٨٢٧ سلێمانی، ١٦٤٨ دهۆك، ٢٢٤ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە ( ١٢٢ ). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان١٠ی تشرینى دووەم ٢٠٢١

1 2 ... 706 707 708 ... 1148 1149