بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئاگادارییهكى لهبارهى كهشوههواى ههفتهى داهاتوو بڵاو كردهوه. ئهمڕۆ پێنجشهممه 18/11/2021، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، ئاگادارییهكى بڵاو كردهوه، تێیدا هاتووه: "نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەکەمان درێژ دهبێتهوه، ڕۆژى شەممە لە کاتەکانى بەرەبەیان ئاسمانى هەرێمى كوردستان بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت، پاشان بۆ هەورى تەواو دهگۆڕێت، لەگەڵ ئەگەرى نمەبارانى کەم لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، پاشان باران لە هەندێك لە بەشەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى بە شێوەیەکى پچڕپچڕ دهبارێت، له لوتکەى ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش ئەگەرى بەفربارینێكى كهم ههیه". ئهوهش خراوهته ڕوو، رۆژى یەکشەممە ئاسمان نیمچەهەور دەبێ، ئەگەرى نمەباران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە، لە هەندێك کاتدا ئاسمان له سەنتەرى پارێزگاکان تەنیا نیمچەهەور دەبێت. كهشناسى باسى لهوهش كردووه، ڕۆژى دووشەممە کاریگەریى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەکات، بارانى مامناوەند لە تەواوى ناوچەکەمان دەبارێت، له هەندێك ناوچە و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان لێزمەباران دەبێت، بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سنوورى پارێزگاى دهۆک بارانى بەلێزمەى دەبێت. ڕوونیش كراوهتهوه، خێرایى با لە کاتى بارانبارین زیاد دەکات، بەرزترین پلەى گەرما بە نزیکەى سێ تا پێنج پلەى سیلیزى، نزم دەبێتەوە، لە کاتەکانى بەرەبەیانى ڕۆژى سێشەممە کاریگەریى ئەو شەپۆلە لەسەر ههرێمى كوردستان کۆتایى دێت.
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندەییەکانی یەکێتی ڕایگەیاند، هەتا وەڵامی راپۆرتەکەم سەبارەت بە ژەهرخواردکردنم، بە دانانی لیژنەی لێکۆڵینەوە نەدرێتەوە، لە هیچ کۆبونەوەیەک و داوەتێکی سیاسی ئامادە نابم. سەبارەت بە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا و جێگرەوەی! بڕیار بوو کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی باڵا و هەڤاڵ بافڵ و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی (١٧/١١/٢٠٢١) ئەنجام بدرێ. بە مەرام دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە گوایە، جێگری بەڕێز کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا، لەو کۆبونەوەیەدا دادەنرێ. یەکەم: بەندە، هەتا وەڵامی راپۆرتەکەم سەبارەت بە ژەهرخواردکردنم، بە دانانی لیژنەی لێکۆڵینەوە نەدرێتەوە، لە هیچ کۆبونەوەیەک و داوەتێکی سیاسی ئامادە نابم. دووەم: هەتا هەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ زیندوو بێ، کە هیوای چاکبونەوەو تەمەن درێژی بۆ دەخوازم، لە مۆراڵی من دوورە بیریش لەوە بکەمەوە جێگەی بگرمەوە. بۆیە تکایە هەر پروپاگەندەیەک لەم بارەوە کرابێ، بە مەرام باسکراوە.. بڕیاری لەم جۆرە لە بەرنامەی من و ئەنجومەنی باڵای سیاسیدا نییە. مەلا بەختیار
ئەمڕۆ کاروانێکی کۆچبەران لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ زیاتر لە 430 کۆچبەری عێراقی و کوردستانی دەگەڕێنەوە. بڕیارە کاژێر 6:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 فڕۆکەیەک لە بێلاڕووسەوە بگاتە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە نزیکەى 430 کۆچبەرى عێراقى و کوردستانى هەڵگرتووە کە ماوەیەکى زۆرە لە نێوان سنوورەکانى بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردبوو. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات "ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بەنیازبوون بەرە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لەڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا و لیتوانیا تا بگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووى 20 هەزار کەسەوە و زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان." فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ هەوڵى چارەسەرى ئەم پرسەیان دا و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا لە هەردوولا پێکهێنرا. نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە لیژنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کرد "فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تا بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق" و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە تۆمارکردنى ناوى ئەو کەسانەکرا کە خوازیارى گەڕانەوەن لەو دۆخە خراپە و تا ئێستا زیاتر لە 460 کۆچبەر ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمارکردووە.
نرخەکانی نەوت دابەزینی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی و نرخی نەوت گەڕایەوە خوارەوەی 80 دۆلار. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە نرخی هەر بەرمیل نەوتی برێنت 33 سەنت دابەزی و هەر بەرمیل بە 79 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیل نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 75 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی: گۆڕانکارى له تهشیکلهى ئێستاى کۆمسیۆنى ههڵبژاردنهکان له ههرێمى کوردستان بووه به ئهمرى واقع، چونکه له ڕووى یاسایییهوه وادهکهى بهسهر چووه، ههروهک چۆن ئهم کۆمسیۆنه له ڕابردوو لەسهر بنهماى ئیستحقاقى لایهنه سیاسییهکان دابهش کرا، ئێستاش پێویسته لهسهر ههمان بنهماى ههڵبژاردنى ٢٠١٨ی پهرلهمان جارێکى دیکه کۆمسیۆنى ههڵبژاردن و ڕاپرسى دروست بکرێتهوه، بۆ ئهوهى هیچ بیانوویهک نهمێنێت بۆ بهڕێوهنهچوونى ههڵبژاردنى پهرلهمان له کاتى خۆیدا، پارتییش به ههموو شێوهیهک لهو ڕووهوه هاوکار دهبێت، ئهمه ڕوئیاى ئێمهیه بهڕوونى". هیچ دهقێکى یاسایى نییه که ڕێگه بهوه بدات کۆمسیۆنى ئێستا درێژه به کارهکانى بدات، بۆیه ههرچى زووه دهبێت ئهم بابهته یهکلایى بکرێتهوه، چونکه کهمتر له ساڵێکى ماوه بۆ ههڵبژاردنى خولى داهاتووى پهرلهمانى کوردستان، ئهوکاتیش کۆمسیۆن پێوستى بە شهش مانگ دهبێت تاوهکوو بتوانێت تهواوى ئامادهکارییهکانى خۆى بۆ ههڵبژاردن تهواو بکات، واته دهبێت تا مانگى 2 یان 3ی ساڵى داهاتوو کۆتایى بهم پرسه هاتبێت". "ههر بۆ ههمان مهبهست سبهى تهواوى فراکسیۆنهکان و سهرۆکایهتیى پهرلهمان کۆ دهبنهوه.''
زیاتر لە حەفتەیەکە لە شاری سلێمانی، هونەرمەند بەختیار سەعید لە زینداندایە و هیچ دەنگۆیەکی دروست نەکردووە. بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانیش لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت: مافی چاپکردنی چەند بەرهەمێکی پێشێل کردووە. بەختیار سەعید هونەرمەندێکی ناسراوی شێوەکارە و کارەکانی لە ئاستێکی باڵادا نمایش دەکات.
له چهند هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ههرێمی كوردستان بوونه قوربانی دهستی قاچاخچێتی بۆ بەرژەوەندی وسوودی ماددی، و ههندێك لایهنی سیاسی ئهم دۆخهیان قۆستووهتەوە بۆ لهكهداركردنی ناوبانگی حكومهتی ههرێمی كوردستان بۆ ئامانجێکی كورتخایهن، سەرەنجام هەموو ڕاستییهكان دهركهوتن كه ئەو پڕوپاگهندانه بێ بنەمان. حكومهتی ھەرێمی کوردستان ههموو ههوڵێكی داوه و درێغی ناكات له گهڕاندنهوهی ئارهزوومهندانهی ئهو ھاووڵاتییانەی كه له سنووری بیلاڕووسیا - پۆڵەندا گیریان خواردووه، و بە ئەرکی خۆی دەزانێت ههموو ئاسانكارییهك بۆ گەڕانەوەیان بکات. حکومەتی هەرێم سوپاس وپێزانینی تایبەت ئاراستهی وەزارەتی دەرەوەی حکومەت عێراقی فیدڕاڵ دەکات وڕۆڵی لە گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبهرانە کە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە لەم بارەوە هاوكار بوونە. د. جوتیار عادلوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
ڕۆژی چوارشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق كرد. بارودۆخی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و، ڕێگەچارەكان بۆ ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تێپەڕاندنی تەحەددیات و پرسە هەنووكەییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تەوەرەكانی ئەو دیدارە بوون.
ڕۆژی چوارشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەید عەمار حەكیم سەرۆكی تەیاری حیكمەی نیشتیمانی عێراق كرد. لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهاتەكانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و، هەروەها دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن و چەند پێشنیارێك بۆ پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كران. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی تەیاری حیكمە داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕۆڵی میحوەری خۆی لە بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە عێراقییەكان بگێڕێت.
پارێزگارى هەولێر بڕیاریدا ئەو کافترایایەى سرودى بەعسى لێدابوو دابخرێ و خاوەنکەى دەستگیر بکرێت ڕاگەیندراوێک لە پارێزگاى هەولێر دواى بڵاوبوونەوەى گرتە ڤیدیۆیەک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لەنێو کافتریایى (پەرمى جیانۆ) لە شارى هەولێر بەئاشکرا سرودى ڕژێمى بەعس بەخش دەکرا، بەڕێز پارێزگارى هەولێر بڕیاریدا خاوەنکەى دەستگیربکرێت و کافترایاکەش دابخرێت. هاوڵاتییان و هاوشاریانى سنوورى پارێزگاکەمان دڵنیادەکەینەوە، ئەوانەى ئەمجۆرە کارانە دەکەن، بەمەبەست و دوور لە هەموو بەهایەکى نیشتیمانى و نەتەوەیی و پیرۆزى خوێنى شەهیدان و تێکۆشانى گەلەکەمان، کە تەنها مەبەستیان ناڕەحەتکردنى هاوڵاتییانە، بەهیچ شێوەیەک لێیان قەبووڵناکرێت و ڕووبەڕووى ڕێکارى یاسایی و سزادان دەکرێنەوە. نووسینگەى پارێزگارى هەولێر 2021.11.17
دەنگۆی دەرچوونی دوو کاندیدی یەکێتی لە میدیای یەکێتی بڵاوبۆتەوە کە هەر یەکە لە هەرێم کەمال ئاغا لە هەولێر و ڕۆنزی زیاد لە نەینەوا دەرچوون، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هیچی لەوبارەوە ڕانەگەیاندووە. بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، ئەو دوو کاندیدەی یەکێتی دەرنەچوون، چونکە بە دەست ژماردنەوەی دەنگەکان کۆتایی هاتووە و هیچی لە ئەنجامەکان نەگۆڕی. هاوار محەمەد، ئەندامی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێ: 28 رۆژ لە بەغدا بووین بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست، سەرەنجام هەموویان هاوتا دەرچوون و هیچ گۆڕانێک رووی نەدا، سەیرە ئێستا شتێکی ئاوا باس بکرێت. تا ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی دەرچوونی ئەو دوو کاندیدەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام میدیا نزیکەکانی ئەو بانگەشەیە دەکەن. هاوار محەمەد دەڵێ: بڕوا ناکەین شتی وا ڕووبدا، ئەگەریش رووبدا ئەوە بە ڕێککەوتن و بەرتیل کراوە و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین.
سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لایەنە شیعەکان پۆستی سەرۆک کۆمار نادەن بە سونە، چونکە سەرۆک کۆمار هێزی چەکداری لەژێر دەسەڵاتدایە و ترسی کودەتایان هەیە، بۆیە ئەو پۆستە لای کورد بێت، بۆ شیعە بێ مەترسی و بێ کێشەیە. لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت"دەبووایە پێش هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشاندایەتەوە، بەڵام تا ئێستا خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە، بۆیە پەرلەمان مافی هەیە تا 6 مانگی تر بمێنێتەوە، دەبووایە پێشتر ئەم کێشە چارەسەر کرابا." ڕوونیشیکردەوە، ئەوەی لەهەڵبژاردن دا بووەتە کەمینە، ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق زۆرینەیە، ئەوەشی لەدەرەوە زۆرینەیە، لەناو پەرلەمان کەمینەیە، بۆیە ئەو گومانە دروستبووە، ئایا پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، وتی"ڕەنگە کورد و سونە لە پۆستی سەرۆک وەزیران دا قسەیان هەبێت، بەڵام شیعە خۆی بڕیار دەدات، کێ دەکەنە سەرۆک وەزیران." وتیشی"کورد و شیعە لەم هەڵبژاردنەداو لەسایەی یاسای نوێ دا، لەناوچە کێشەلەسەرەکان زەرەریان کرد، لەکاتێکدا عەرەبی سونە قازانجی کرد." سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی عێراق، کێشەی نێوان ئێران و ئەمەریکایە، بڕیار لە عێراق و کوردستان نادرێت، بەڵکو لەدەرەوەی عێراق دەدرێت، وتی"پێش هەڵبژاردن، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەلایەن تورکیاوە بانگکرا و لابرا، کەسێکی تر خرایە جێگەکەی بێ ئەوەی پرس بەکەس بکەن، خەنجەر و حەلبوسی بانگکران بۆ تورکیا و ئامۆژگاری کران و نێردرانەوە، واتە بڕیار لەدەرەوە دەدرێت، هەمووی لەم وڵاتەدا بە وەکالەت ئیش دەکات." جەختیشیکردەوە"ئێران دەیەوێت حکومەت پێکبهێنرێت، گرفتی نیە کێ حکومەت پێکدەهێنێت، چونکە ئەو بەکردار حوکم دەکات." محەمەدی حاجی مەحمود پێیوایە، کورد لەهەموو لایەنە عێراقیەکانی تر سەربەخۆ ترە، بەڵام بێبەش نیە لەدەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی، وتی"کورد بە ئاشکرا ناڕوات بۆ ئێران و تورکیا، یاخود لە وڵاتانی ترەوە سەرۆکەکانی بگۆڕن." بەڕای محەمەدی حاجی مەحمود، بەئامانج کردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامبووە، چونکە کازمی لەدەرئەنجامی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا بووە سەرۆک وەزیر، ئەگینا خاوەن هێز و کوتلەی گەورە نەبوو، وتی"کازمی دەیویست جارێکی تر ببێتەوە سەرۆک وەزیران، ڕەنگە سەدریش وەکو یەکێک لە کاندیدەکانی داینابێت، بۆیە بەئامانج کردنی دوو حاڵەتە، یان ئەوەتا خەز عەلی و جەماعەتەکەی لەپشتەوە بێت، تا بیترسێنن و خۆی کاندید نەکاتەوە، یاخود سیناریۆی کازمی خۆی بوو، چونکە سعات و نێوێک پێش هێرشەکە و بەو نیوە شەوە لەماڵ دەرچووە." سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان باسیلەوەشکرد، شیعە پۆستی سەرۆک کۆمار ناداتە سونە، چونکە ئەو پۆستە هێزی لایە، گەر بدرێتە سونە، سونە کودەتا دەکات، لەکاتێکدا گەر لای کورد بێت، بێ مەترسی و بێ کێشەیە، وتیشی"پێشتر ئەو پۆستە لای یەکێتی بووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، لەهەموو حاڵەتێکدا نابێت بەکێشە و یەکێتی و پارتی لەسەری ڕێکدەکەون، ڕەنگە ناو یەکێتیش چەند کاندیدێک هەبێت بۆ ئەو پۆستە." دەنگی ئەمریکا