بڕیارە سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام کۆببنەوە. عارف قوربانی، شرۆڤەکاری سیاسی ڕایگەیاند، بەپێی زانیاریەکانم سبەی پێنج شەمە، سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و کاندیدەکان کۆدەبنەوە.
پۆلیسی نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان رایگەیاند گرووپێکی سێ کەسیی کوردیان دەستگیرکردووە کە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانیان لەسنووری گوندی دۆڵەزەی ناحییەی قوشتەپە دەستگیربکەن. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی شوباتی 2022، بڵاویکردووەتەوە ئاشکرایدەکات" کاتژمێر 1:30 ی رۆژی 9ی شوباتی 2022، هێزەکانمان توانیان گروپێکی دزی نەوت و کونکردنی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە سنوری گوندی دۆڵەزەی ناحیەی قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر دەستگیربکەن کە تاوانباران ڕاستەوخۆ لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکران و پێکهاتبوون لە سێ کەسی بە رەگەز کورد و دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تانکەر جۆری ئیسکانیا هەڵگری تابلۆی (عێراق- سلێمانی) کە بوری نەوتی هەرێمی کوردستانیان کونکردبوو و بە سۆندەیەکەوە لکاندبوویان و بە تانکەر نەوتەکەیان بار کردبوو". هەروەها هاتووە"یەکێک لە تاوانباران هەڵگری ناسنامەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری سلێمانیین ، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخرا و رادەستی دادگای تایبەتمەند کران". بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان لەراگەیێنراوەکەیدا دەڵێت" هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشی دان بۆ ڕێگری کردن لە دزینی سەرچاوەی داهات و سامانی ئابووری هەرێمی کوردستان".
سبەی پێنجشەممە مووچەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و چەند دەستەیەک و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دیوانی چاودێریی دارایی دابەشدەکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 09-02-2022 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی مافی مرۆڤ، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەستپاکی، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دەزگای مین دابەش دەکرێن.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، پێشبینیەكانی بۆ كەشوھەوای 48 كاتژمێری داھاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک و شوێن دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور. لەبارەی كەشوھەوای سبەی كەشناسی پێشبینی دەكات، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان هەور دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی زوودا بارانبارین دەستپێدەکات، پاشنیوەڕۆ ئاستی بارانبارین زیاد دەکات، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 8 ی شوباتی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر پێگەیشت.لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق وناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و هەرێمی کوردستان کرد .هەردوولا هاوڕابوون لە سەر برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا.
هەربۆ بیرخستنەوە: حاڵەتی ئێستای عێراق کە نەتوانراوە سەرکۆمار لەوادەی خۆیدا هەڵبژێردرێت، پێی ناوترێ فەراغی دەستوری. پێویستیش ناکات سەرۆك کۆمار وکەسی تریش داوای ڕونکردنەوە و تەفسیری مادەی(٧٢)ی دەستور بکات لەدادگای فیدراڵی، چونکە پێشتر لەساڵی ٢٠١٠، لەسەر داوای سەرۆك کۆماری ئەوکات کە ڕەحمەتی (مام جەلال) بوو، دادگای فیدراڵی تەفسیری مادەکەی کردوە و بڕیاری لێ داوە کەسەرۆك کۆماری ماوە تەواوبوو، لەکارەکانی بەردەوامەبێ هەتا هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ.ئیتر هەر پرس وڕایەك بەدادگای فیدراڵی لەوبارەوە بێجگە لە خۆدەرخستن هیچی تر نیە. دڵشاد نامیق
موقتەدا سەدر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رایگەیاند، نە رۆژهەڵات و نە رۆژئاوا، حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی.
نووسینگەی موقتەدا سەدر بڵاوی کردەوە، ئیسماعیل قائانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانی ئێران سەردانی موقتەدا سەدری کردووە و لە حەنانە لە کۆبوونەوەدان. 11
پاڵپشت بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (١٦٤٠)لە ٢٠٢٢/١/٣١، بڕیاردرا كەمترین مووچەی مانگانەی كرێكاران لە كەرتی تایبەت لە (٣٥٠،٠٠٠)سێ سەدو پەنچا هەزار دینار كەمتر نەبێت. بۆیە هەر كرێكارێكی ئاسایی ئەگەر مووچەكەی لە (٣٥٠،٠٠٠)كەمتر بێت، پێویستە خاوەنكارەكەی لە مانگی شوباتی (٢٠٢٢)دا بۆی بەرز بكاتەوە وەنابێت مووچەی هیچ كرێكارێكی كەرتی تایبەت كە لەم مەبلەغە پەسەند كراوە كەمتربێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی شوباتی 2022 لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە خاتوو ماریێ پارێت، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا دوایین پێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ھەنگاوە دەستوورییەکانی پێکھێنانی حکوومەتی تازەی عێراق تاوتوو کران.ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی رێگەچارەکان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و تەگەرە و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کران.
ھەرچەندە سەیری دەم و زمانی ھەندێك لە یەكێتیەكانی ئەمڕۆ دەكەم و گوێ لە قسە و لێدوانەكانیان دەگرم، بەتایبەتی پێوەند بە پۆستی سەركۆماری عێراق، ھەست دەكەم ئەم حزبە \ئەمە ئەگەر ڕاست بێت كە پێناسی حزب بۆ یەكێتی بكەیت\ ھێشتا لە زەمانی بەرەی كوردستانیدا دەژی و وا دەزانن چەند مانگێكە لە شێنێ و زەڵێ و قاسمەڕەش ھاتوونەتە خوار! ... واتە: 1- ھێشتا ئەم یەكێتییەی ئێستا، وا دەزانێت لەدوای ڕاپەڕینی سەرەتای 1991 – ەوە، ھیچ ھەڵبژاردنێك لە كوردستان نەكراوە و كەس نازانێت چ حزبێك قەبارەی جەماوەریی چەندە! بۆیە دەبێ ھەتا ھەڵبژاردن دەكرێت ھەموو حزبەكانی كوردستان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، وەك یەك سەیر بكرێن و ھیچ كام لە پارتی و یەكێتی مافی لەوی تر زیاتر نەبێت و ھەر یەكێكیش لە پارتی و یەكێتی وەك یەك مافی ڤیتۆیان بەرامبەر یەكتر ھەیە! 2- ھێشتا ئەم یەكێتییەی ئێستا، وا دەزانێت ھەروەك زەمانی بەرەی كوردستانی دەكرێت بە لاچەپەك، پارەی گومركە حزبیەكانی كلكەی خەراجیان و چەناخچیان و شیو و دۆڵەكانی پشتی چەمەك و شێخەڵمارێن، بۆ خۆت كۆبكەیتەوە و ھەر گرووپ و دەستە و تاقمێك لە ھەر لاچەپەكێكدا توانییان بازگە دابنێن و چەند پارە بۆ خۆیان كۆ بكەنەوە نۆشی گیانیان بێت! چونكە بەتەنیا خەباتی شاخ شەرعیەتی ئەوەت پێدەدات ھەرچیەكت بوێت بیكەیت! واتە ھێشتا لە نزیك پوورە كەسكێ دەژین! ئەگەر ئەم یەكێتییەی ئێستا ھۆش و بیری زەمانی بەرەی كوردستانیی تێپەڕاندایە، چۆن ئێستا لەسەر ئاستی باڵا دێن و دەڵێن پۆستی سەركۆماری عێراق مافی یەكێتییە چونكە پارتی لە ھەرێمی كوردستان ھەموو پۆستەكانی بەدەستە و لە بەغداش جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان ھەیە؟ پێش ئەوەی بێینە سەر ئەم پاساو و ئەم بیانووە مردارەوەبووەی ئەم یەكێتییەی ئێستا، بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە كە بە موتڵەقی واتە بە ڕەھایی بڵێیت پارتی لە ھەرێمی كوردستان ھەموو پۆستەكانی بەدەستە؟ ئایا لە ھەرێمی كوردستان سەرۆكی پەرلەمان پارتیە؟ باشە بۆچی ئەو بەرپرسەی یەكێتی باسی ئەوە دەكات كە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پارتیە، بەڵام باسی ئەوە ناكات كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكێتییە؟ سەیرە ھا! ئەی باشە ئایا ئەگەر پارتی بە ڕەھایی ھەموو پۆستەكانی ھەرێمی لابێت، ئایا جێگری سەرۆكی حكوومەت پارتیە؟ ئایا وەزیری پێشمەرگە پارتیە؟ ئەی وەزیری كشتوكاڵ كێیە؟ ئەی ئایا وەزیری پلاندانان پارتیە؟ ئەی وەزیری ڕۆشنبیری كێیە؟ ئەی ئایا وەزیری خوێندنی باڵا پارتیە یان شیوعی یان سەربەخۆیە؟ باسی وەزارەت و دەستەكانی حزبەكانی تر و پێكھاتەكان ناكەم. دە ئنجا با بزانین بۆچی ئەو پاساوەی ئەم یەكێتییەی ئێستا بۆ پچڕینی پۆستی سەركۆمار بۆ خۆیان، پاساوێكی مردارەوەبووە؟ ا- ئایا یەكێتی ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی لەگەڵ پارتی ماوە؟ لە سەدا سەد نەخێر. ب- دوای نەمانی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی و تایبەت بە پۆستی سەركۆمار، ئایا یەكێتی ھیچ ڕێككەوتننامەیەكی نوێی لەگەڵ پارتی ھەیە؟ دیسان لە سەدا سەد نەخێر. ج- ئەی ئایا یەكێتی بە گوێرەی ژمارەی كورسی و دەنگەكانی خۆی لە دوای ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، داوای پۆستی سەركۆمار بۆ خۆی دەكات؟ بڕوا ناكەم، چونكە پارتی 31 كورسیی ھەیە نەك یەكێتی! د- باشە ئایا لەسەر بنەمای ڕێككەوتنەكانی زەمانی بەرەی كوردستانی، یەكێتی داوای پۆستی سەركۆمار بۆ خۆی دەكات؟ بەڵێ! بەڵام ئاخر خۆ بەرەی كوردستانی پێش نەمانی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی نەما و ئنجاش ئەوەندەی من بزانم لە ڕێككەوتنی بەرەی كوردستانیدا باسوخواسێك بەناوی ئەوەوە نیە كە سەركۆمار بۆ كێ بێت و سەرۆكی ھەرێم بۆ كێی تر! ئەھا پاساوی یەكێتی بۆ بەرگریكردن لەوەی كە پۆستی سەركۆمار مافی خۆیانە، چۆن مردار بووەتەوە!
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوباتی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مایکل ڕێنتەنار، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا کە هانس ئاکربووم کونسولی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر ئامادەی بوو، بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا تاووتوێ کرا.باڵیۆزی هۆڵەندا، بە پێزانینەوە ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا دەربڕی.سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتگیریی و هاوکارییەکانی هۆڵەندای کرد بەتایبەتی لە پشتیوانیکردنی کەرتی گشتیی و تایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گرنگیی ئابووری و پیشەسازی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی کێشەی کۆچبەران لە ئەوروپا کرا و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، بە ئەرێنی و کاریگەر نرخێنرا.