هەسەدە لە ڕاگەیەنراوێکدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات، حکومەتی دیمەشق پابەند بکات بە پابەند بوون بە ئاگربەست. دەقی راگەیەندراوی هەسەدە: حکوومەتی دیمەشق سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست بەرەو پەرەپێدانی گرژییەکان هەنگاو دەنێتسەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەستی واژۆکراو لە نێوان ئێمە و حکوومەتی دیمەشقدا، ناوبراو بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە لە ئامادەکارییە سەربازییەکانی و پەرەپێدانی گرژییە مەیدانییەکان لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ. لەو چوارچێوەیەدا، جووڵە و کۆکردنەوەی هێزی سەربازی و جموجۆڵی لۆجستی بینراون کە بوونی نییەتێکی ڕوون بۆ پەرەپێدانی گرژی و ڕاکێشانی ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ دەسەلمێنن. لەو پێناوەدا، ئەمڕۆ هێزەکانمان لە ناوچەی جزیرە ڕووبەڕووی دوو هێرشی جیاواز بوونەتەوە، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنی ئاگربەستە. لە کاتێکدا کە هێزەکانمان پابەند بوون و هێشتاش پابەندن بە بەندەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست، جەخت دەکەینەوە کە ئەو ئامادەکارییە سەربازییانەی حکوومەتی دیمەشق ئەنجامی دەدات، بە تەواوی لەگەڵ پابەندییەکانییدا دژبەکۆیە. ئەمە دەریدەخات کە هەوڵێکی ئەنقەست لە ئارادایە بۆ شکستهێنان بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاڵنانی ناوچەکە بەرەو شەڕ لەبری دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هەوڵی بەپەلە بدەن بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی توندوتیژانە کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە)٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
150 هەزار هاونیشتمانی بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای عەرەبیی و سووریا و هەسەدە ئاوارەی عەفرین و دەوروبەری بوون، زیاتر لە 50 هەزاریان پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە. ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین ڕایگیاند، لەکاتی هێرشی سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب 150 هەزار کورد ئاوارەی عەفرین و دەوروبەری بوون، بەڵام نزیکەی 100 هەزاریان گەڕانەوە شوێنی خۆیان". لە 06-01-2026دا سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب دەستپێکرد، دواتر ئۆپەراسیۆنەکە درێژ بووەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بەهۆیەوە دەیان هەزار کورد ئاوارە بوون. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت: دوای هێرشەکانی حەلەب، نزیکەی 150 خێزانی دیکە لە تەبقاوە ئاوارەی عەفرین بوون". بەرپرسی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوانەی گەڕاونەتەوە، زۆرینەیان لە ماڵی کەسوکاریان جێگەیان کراوەتەوە و دەزگای خێرخوازی بارزانیش شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ ژمارەیەک خێزان دابینکردووە. هێشتاش لەو خێزانانە هەن کە عەرەبی هاوردە ماڵەکانیان داگیرکردوون و بۆیان چۆڵ نەکردوون". لە عەفرین ئاوارەکان پێویستییان بە هاوکارییە مرۆییەکانە، بەڵام وەکو ئەحمەد حەسەن ئاماژە بۆ دەکات: "ئێستا کۆبانێ بە تەواوی گەمارۆدراوە و پێویستیی بەپەلەی بە هاوکاریی هەیە و هیچ رێکخراوێکیش نەیانتوانیوە بگاتە ئەو شارە".
بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا خراوەتە سەر کۆبانێ، چوار منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ شەممە 24-1-2026، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند: "چەند ڕۆژێکە هەوڵەکانیان بەردەوامن و لە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ کۆبانێ نزیکبوونەتەوە". بەگوتەی موسا ئەحمەد، لەگەڵ کردنەوەی ڕێڕەوێک، "بە زووترین کات هاوکاری دەگەیێنینە کۆبانێ". لەلایەکی دیکەوە، هەدیە عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی مانگی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، چوار منداڵ بەهۆی سەرماوە لە کۆبانێ گیانیان لەدەستداوە. هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەشڵێت: گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە بەهۆی گەمارۆی سەر کۆبانێ و نەبوونی سووتەمەنییە.
ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئیتاڵیا، سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ڕۆما کرد و لە لێدوانی بۆ ڕۆژنامەوانان لەبارەی ڕەوشی ڕۆژئاواوە ڕایگەیاند: "بگاتە ئەوەی تەعدا لە کورد بکرێت، هەموو شتێک دەکەین". پوختەیەک لە گوتە و لێدوانەکانی سەرۆک بارزانی: ئیتاڵیا هەمیشە هەڵوێستێکی زۆر دۆستانەی هەبووە بەرانبەر بە گەلی کوردستان و دۆستن. قەداسەتی پاپا زۆر بە پەرۆشە بۆ دۆخی کوردستان. ئیتاڵیا دڵنیاییان دا لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیی گەلی کوردستان. نابێت غەدر لە کورد بکرێت. پەیامی من ئەوەیە، بەرگریی لە مافی گەلی کورد بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پشتیوانیی لە توندتیژی نەکەن. شەڕی دوو نەتەوە کارەساتە نابێت کورد بەرەو ئەوە بچێت. بە ئەحمەد شەرعم گوت، شەڕی سیاسی دەبێ چارەسەر ببێت، بەڵام نابێت کورد دەستدرێژی بکرێتە سەر. ئەم کێشانەی ئێستا ڕوودەدەن بەشێکی پەیوەندیدارە بە هۆزە عەرەبییەکانی سووریا. لە مێژە مەزڵوومم ئاگادار کردبووەوە کە ناوچە عەرەبنشینەکان چارەسەر بکات، کە ڕەنگە لە داهاتوو کێشەیان بۆ دروست بکات. هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە ئەو ناوچە کوردییانەی کە بە دەستەوە ماون، بمێنن و مافی گەلی کورد پارێزراو بێت. شەڕ لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە. مەترسیی داعش یەکجار زۆرە، داعش تەواو نەبووە و ئەم دۆخەی ئێستا لە سووریا دروست بووە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ داعش ڕەخساندووە. ژمارەیەکی زۆر لە داعشەکان لە زیندانەکانی سووریا هەڵاتوون، ئەمە مەترسییەکی زۆر گەورەیە. ئێمە دڵ و دەروونمان لەگەڵ خوشک و براکانمانە بابەتەکە میانگیری نییە. هیچ کاتێک بڕوام بە شەڕ نەبووە و حەزیشم بە شەڕ نەبووە، بەڵام بگاتە ئەوەی تەعدا لە کورد بکرێت، ئەو کاتە ئێمە ئامادەین بۆ هەموو شتێک. ئەگەر بەرنامەیەک هەبوو تەعدا لە کورد بکرێت، کورد نەمێنێت لە ناوچەکە، ئەو کات ئێمە هەموو یەکین. ئەوەی بۆ کۆبانێ پێم بکرێت دەیکەم، ئەگەر ئەو دەرفەتەم هەبووایا وەکوو 2014 هەر ئێستا هێزم دەنارد. کۆبانێ ناوچەیەکی کوردییە و نابێت دەستی بۆ ببرێت. خۆت هەبیت پشتیوانیی خەڵکت هەیە، خۆت نەبیت پشتیوانیی خەڵکت نییە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا ئەوەی خستەڕوو، لە دیدار و گفتوگۆكانیدا لە داڤۆس، لەسەر دوو تەوەر قسەیان كردووە، تەوەری یەكەمیان ئەوە بووە، پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا و لەگەڵ كۆمپانیاكانی جیهان باشتر بكەن، دەرگای زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان بكەنەوە و پەیوەندیی نێوان كەرتی تایبەت و كۆمپانیا بازرگانییەكانی جیهان دروست بكەن. ئەوەشی خستەڕوو ، تەوەری دووەمی گفتوگۆكانی لە داڤۆس ئەوە بووە، "دوای ئەو رووداوە ناخۆشانەی لە رۆژئاوا سەریان هەڵدا، ئێمە تەركیزمان خستەسەر ئەوەی، پشتیوانیی نێودەوڵەتی پەیدا بكەین بۆ ئەوەی، كۆتایی بە شەڕ و پێكدادان بێت و ئەو هێرشە ناڕەوایەی دەكرێتەسەر خەڵكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بوەستێت. هەوڵێكی زۆرمان دا و لەگەڵ سەركردەكانی جیهان ئەم بابەتەمان زۆر بە وردی تاوتوێ كرد. قسەی جددیمان لەسەر كردووە، هیوادارم ئەنجامی هەبێت و انشااللە بەرەو كۆتایی شەڕ و سەقامگیری و ئاشتی بڕوات."لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكدا لەبارەی ئەوەی (ئەم چەند ڕۆژە ئێوە دیدارتان لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی جیهان هەبووە و بابەتی گرنگ سووریا بوو، بە چی گەیشتوون و چۆن دەتوانن پارێزگاری لە رۆژئاوای كوردستان بكەن، چۆن هاوكاریی رۆژئاواش دەکەن؟) سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:"ئەوەی ئێمە توانیمان بیكەین ئەوەیە، ئەم وێنەیەی ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع هەیە و ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ بەو سەركردە و بەو بەرپرسانە بڵێین، چی هەیە، لەلایەكی دیكەشەوە هەوڵی جددی بدەین بۆ ئەوەی هەموو لایەك پشتیوانیی ئەوە بكەن، ئاشتی بەرقەرار بێ و شەڕ ئیتر بەرەو كۆتایی بڕوات. بە تایبەت، کە ئێستا دوودڵییەکی زۆر هەیە، ترسێكی زۆر هەیە لەناو خەڵكی كوردستان، هیوادارین ئیتر ئەو دوودڵییە نەمێنێت و بەرەو رێككەوتنێكی وا بڕوات، لە ئەنجامدا ئاشتی بەرقەرار بێت. ئەمە ئامانجی سەرەکیی ئێمە بووە، هەرچەندە ئێمە بۆ بابەتێكی ئابووری هاتین، بەڵام ئەمە بوو بە بابەتی سەرەكی لە قسە و گفتوگۆكانمان لەگەڵ ئەو بەرپرس و سەركردانەی لەگەڵیان کۆبووینەوە." لە وەڵامی ئەم پرسیارەش، (ئەگەر ئاگربەست لە رۆژئاوای كوردستان سەری نەگرت، هیچ هەوڵێك هەیە بۆ درێژكردنەوەی؟) مەسرور بارزانی گوتی:"ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبوونەوەیەك لە نێوان بەڕێز مەزڵووم عەبدی و بەڕێز تۆم باراک لە هەولێر کراوە، ئەوەی من تاوەکو ئێستا زانیومە، بەنزیکەیی گەیشتوون بەو رێككەوتنەی ئاگربەست بەردەوام بێ و دەرفەتێک بدەن بەوەی، بگەن بە تێکگەیشتنێكی دوولایەنە، تاوەكوو دەرفەت بەوە بدرێت ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام بێت، ئیتر هیوادارم شەڕ دووبارە نەبێتەوە." لەبارەی ئەوەی (بۆچوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی بارودۆخی سووریا و رۆژئاوای كوردستان چییە؟)، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا:"هیچ كەسێك لەگەڵ شەڕ نییە، هەر كەسێك ئێمە قسەمان لەگەڵیان كردبێت باسی ئەوە دەكەن، دەبێت شەڕ کۆتایی بێت، ئەمەش ڕێگەی خۆی هەیە، بە تایبەتی ئەوەی ئێستا گرنگە، ئاگربەست رابگەیێندرێت و چیتر ئەو فشارە دەروونییە لەسەر خەڵكی كوردستان نەمێنێت. ئیتر ئەگەر دەرفەتی زیاتری قسەكردن و گفتوگۆ هەبێت، هیوادارین ئەنجامی باشی هەبێت." لە وەڵامی ئەم پرسیارەش (سێ ساڵە بەسەر یەكەوە سەرمایەداران دەهێنن بۆ داڤۆس، تاوەكو كەرتی تایبەت و حكومەت بە یەكەوە سیاسەتی ئابووری دابڕێژن، ژژئەمە لە چیەوە سەرچاوە دەگرێ و ئامانجی كوردستان بەرەو كوێیە؟) سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:"ئێمە لەو باوەڕەداین، ئەگەر بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتێكدا هەبێت، سەقامگیریی سیاسی یان ئەمنی زیاتر بەرقەرار دەبێت، بۆیە ویستم بازرگانەكانی ئێمە، سەرمایەدارەكانی كوردستان بەشدار بن لە دارشتنی سیاسەتی ئابووری و بەشدار بن لەو چالاكییانەی، ئێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەیكەین. بۆیە ئەمە بۆ سێیەمین ساڵە لێرە ماڵی كوردستان دەكەینەوە و ئەم جارە زیاتر لە 20 بازرگان و وەبەرهێنەری گەورەی كوردستان لەگەڵمان بەشدار بوون، لێرە خۆشیان دیداری تایبەتیی خۆیان لەگەڵ كۆمپانیاكان هەبووە، هیوادارم ئەمەش ببێتە ئەنجامێكی باشتر بۆ كرانەوەی كوردستان بەڕووی بازرگانی و ئابووریی جیهانی." لەبارەی ئەوەی (حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەم وەبەرهێنانی بۆ چەند کەرتێک دابەش كردووە، ئایا ئەمە بەردەوام دەبێت؟) مەسرور بارزانی گوتی:"ئەمە لەسەر خودی بازرگان و سەرمایەدارەكان و ئەوانە دەمێنێت کە كۆمپانیایان هەیە، بەوەی خۆیان ویستیان چییە و لە چ كەرت و بوارێك دەیانەوێ كار بكەن و پەرەی پێ بدەن. ئێمە وەكو حكومەت زیاتر پاڵپشتییان دەكەین." لەبارەی ئەم پرسیارەی (ئەو رۆڵە چییە، هەرێمی كوردستان دەتوانێت بیگێڕێت بۆ رێگریكردن لە گرژیی زیاتر و شەڕ؟) سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:"جەنابی سەرۆك بارزانی هەر لە یەكەم رۆژەوە هەوڵێكی رژدی بۆ راگرتنی شەڕ داوە، لەگەڵ هەموو لایەكیش قسەی كردووە، میوانداریی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و بەڕێز تۆم باراکی کرد بۆ ئەوەی بێنە هەولێر و بگەن بە ئەنجامێک تاوەکو رێگریی لە شەڕەكە بكرێ، دواتر لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع، سەرۆككۆماری سووریاش قسەی كردووە، هەروەها داوای لێكردووە كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، ئەوانیش بەڵێنی ئەوەیان داوە كەسیان لەگەڵ شەڕ نین و دەیانەوێ شەڕ کۆتایی بێت، بەڵام دەبێت رێككەوتنێكیش بكرێت، لەلایەن هەردوو لاوە جێی ڕێز و قبوڵكردن بێت. جەنابی سەرۆک ئێستاش لە ئیتاڵیا هەموو سەرنجی لەسەر ئەوە بووە، پەیامەكانی بە دونیا بگەیەنێت. دەبێ ئەم شەڕە بەرەو كۆتایی بڕوات و انشااللە بەرەو كۆتاییش دەڕوات. کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی هەولێریش، دیسان هەر بۆ ئەوە بوون دەرفەتێكی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی ئاگربەست بەردەوام بێت و بگەن بە ڕێككەوتنێک تاوەكو ئاشتی و سەقامگیری ببێتە شوێنگرەوەی شەڕ و پێكدادان." لە وەڵامی دوایین پرسیاریش (زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی ئەوەن كابینەی دەیەم دابمەزرێت، گەیشتنە چ ئەنجامێك لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان؟) سەرۆكی حكومەت گوتی:"پارتی هەر لە رۆژی یەكەمەوە لەگەڵ ئەوە بووە، حكوومەت پێکبهێندرێت، بەڵام لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. پارتی لەسەر رای خۆی بەردەوامە و پێویستە رێز لە رای خەڵكی كوردستان بگیرێت." زۆر زۆر سوپاس، دوایین شت دەمەوێ ئەوە بڵێم، دوای چەندین ساڵ، هەوڵێكی رژدماندا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بپەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، دوێنێ توانییان كاروانی هاوكاری بۆ رۆژئاوای كوردستان ببەن و بەردەوامیشن لە هاوكاریكردن، ئەوەی پێمان بكرێ ئەنجامی دەدەین و انشااللە ناهێڵین خوشك و براكانمان بە تەنیا بمێنن."
مەسرو ربارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیەی بازرگانی و پیشەسازیی کوەیت کۆبوویەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/01/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، لەگەڵ خەلیفە عەبدوڵلا عەجیل، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی دەوڵەتی کوەیت کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/01/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەلحوسەین بن عەبدوڵڵا، شازادەی جێنشینی ئوردن کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندیی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن کرا. سەرۆکی حکومەت سوپاسی و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامیی شانشینی ئوردن و شا عەبدوڵڵای دووەم دەربڕی. شازادەی جێنشینی ئوردن، سڵاو و ڕێزی شا عەبدوڵڵای دووەمی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و هەموو ئامادەییەکی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان نیشان دا. دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و گرنگیی بەردەوامبوونی ئاگربەست و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی لەیەکتێگەیشتن و دانوستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبوونەو و نیگەرانی قووڵی خۆیان بەرامبەر شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا دەربڕی. ئەمرۆ پێنجشەممە 22/01/2026، لەمیانەی سەردانەکەتدا بۆ داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کۆبوویەوە و جەختیان لە برەودانی زیاتر بە دۆستایەتیی و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد. مەسرور بارزانی، سوپاس و پيزانینی هەرێمی کوردستانمان بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە. هەردوولا نیگەرانی قووڵی خۆمان بەرامبەر شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا دەربڕی کە هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و مەترسی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعشی لێ دەکەوێتەوە. هاوڕابووین لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی گورد و گشت پێکهاتەکان .
لە درێژەی سەردانەكەی بۆ ئیتالیا ڕۆژی پێنجشەممە 22ی كانوونی دووەمی 2026 لە شاری ڕۆما سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەڕێز گویدۆ كرۆسێتۆ وەزیری بەگریی ئیتالیا كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی ئیتالیا بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد، هەروەها ستایشی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە خەبات و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی كە وەك پێشمەرگەیەك تەمەنی خۆی لەو ڕێگەیەدا تەرخان كردووە. وەزیری بەرگریی ئیتالیا ئاماژەی بە هەرێمی كوردستان دا وەك نموونەیەكی پێكەوەژیان و سەقامگیری و بە جێگەی شانازیی لە قەڵەم دا. ئەوەشی خستەڕوو كە ئیتالیا دۆستی نزیكی گەلی كوردە و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی سووریا و بارودۆخی ڕۆژئاڤا كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە دەبێ گەلی كورد لە سووریا پارێزراو بێت. هەر پەیوەست بە بارودۆخی كورد لە سووریا وەزیری بەرگریی ئیتالیا ئەوەی دووپات كردەوە كە نابێ گەلی كورد ئازار بدرێت و دەبێ بپارێزرێن و بە ئازادی بژین.
ئەمشەو شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی دەگرێتەوە، پێشبینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری پلەی سیلیزی دادەبەزێت.سبەی هەینی شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بە ڕێژەی جیاواز، پیشبینی دەکرێت سەنتەری هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، ڕانیە، پشدەر، شارباژێڕ، پێنجوێن و هەڵەبجە و دەوروبەری بگرێتەوە.بەڕێوەربەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە، ئەمشەو کاریگەریی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات، لە زۆرینەی ناوچەکان بەفر دەبارێت. لە ڕۆژی هەینیدا بەفر لە سەنتەری پارێزگاکان دەبارێت، کاریگەریی ئەم شەپۆڵە تا کاتەکانی درەنگی شەوی هەینی و کاتەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژی شەممە کاریگەری ئەم شەپۆڵە کۆتایی دێت.کەشناسی هەرێمی كوردستان نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراوی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی بەم شێوەیە دیار یکردووە:هەولێر 1- سلێمانی 3- هەڵەبجە 3- دهۆک 1- ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 1- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 6- ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 1- حاجی ئۆمەران11-
ئەمریکا بڕیاری داوە حەوت هەزار زیندانیی داعش لە کەمپ و زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بگوازێتەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، شارەزایەکی سەربازی ئەم کارە بە مەترسی دەزانێت.ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 21-01-2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بڕیاری دا حەوت هەزار زیندانی داعش لە کەمپ و زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بگوازێتەوە بۆ عێراق.لیوا عەبدولخالق تەلعەت، شارەزای سەربازی ڕایگەیاند، سنوورەکانی عێراق و سووریا لە مەترسیدان، بڕیاری گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش مەترسیدارە و داهاتوویەکی ترسناک بۆ ناوچەکە دروست دەکات، چونکە بەشێک لە زیندانەکان خەڵکی عێراقن. گوتیشی: لە زیندانی ناسرییە شوێن نەماوە بۆ وەرگرتنی ئەو زیندانییانە، ناوی زیندانییەکانی سووسێ و چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی ئەو زیندانییانە، چونکە ئەو دوو زیندانە سەر بە وەزارەتی دادی عێراقن و ئەوان سەرپەرشتی دەکەن، لە ئەگەری گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەو دوو شوێنە، مەترسییەکە زیاتر دەکات.بە گوتەی لیوا عەبدولخالق تەلعەت، گواستنەوەی زیندانییەکان بڕیارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە ڕێکاری یاسایی و ئەمنی تایبەت هەیە، لەبەرئەوەی عێراق ئامادەباشی کردووە سنوورەکانی بە بەرد و تەلەبەند و هێزی ئەمنی تووند کردووە، هێزێکی زۆر ڕەوانەی سەر سنوور کراون.
سەرۆک بارزانی و میری قەتەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا و بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرد ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 21ی كانوونی دووەمی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و شێخ تەمیم بن حەمەد ئەمیری قەتەر ئەنجام درا. بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش كرایەوە. هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە شەڕ و پێكدادانەكان ڕابگیرێت و ڕێگە لەوە بگیرێت كە شەڕی نێوان عەرەب و كورد ڕوو بدات و كێشەكان لە ڕێگەی حیوار و لێكتێگەیشتن و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن.