Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
هەواڵ
09-06-2022

هەولێر.. 92 بەنزینخانە سزا دران

ئەموێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى (92) بەنزینخانە سزادراون پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان و له‌به‌رامبه‌ر دەستکاریکردنى كوالیتی به‌نزین، لەمانگى ڕابردوودا (42) بەنزینخانە و لەسەرەتاى ئەو مانگەشدا تاوەکو ئەمڕۆ (50) بەنزینخانە لەهەولێر و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر. ئاماژەی بەوەشدا کە هاوڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان، دڵنیا دەکەینەوە تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ دەفرۆشنە هاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن، داواش لەهاووڵاتیان دەکەین لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنى بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى کوالێتیەکەى لەزووترین کات ئاگادارى قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە. هەروەها ئاگادارى خاوەن بەنزینخانەکان دەکەینەوە، لەمەودوا هەفتانە ناو و شوێنى ئەو بەنزینخانانە بڵاودەکەینەوە کە سزادەدرێن. ڕاگەیاندنى پارێزگاى هەولێر2022.6.9

هەواڵ
09-06-2022

راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە كە لەلایەن ئاژانس و میدیاکانەوە بڵاوكراوەتەوە دەقی راگەیەندراوەكە راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گۆشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە. دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاو کردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە موسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە. ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی رای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری. ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، دەیانەوێت شکست و لاوازیی خۆیان پەردەپۆش بکەن، گەرنا با ئاسایشی ناو جەرگەی پایتەخت و شارەکانیان بپارێزن.هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەرەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لە هەمانکاتیشدا رایدەگەیەنین کە ئەو وڵاتانە دەبێت رێز لە سەروەریی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان9/6/2022

هەواڵ
09-06-2022

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9 ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد کە لە هەردوو پەرلەمانتار ماکس لوکس و قاسم تاهر ساڵح پێکهاتبوو.لە دیدارەکەدا، شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بە توندترین شێوە، سەرکۆنەی هێرشی تیرۆریستی دوێنێ شەوی سەر شاری هەولێریان کرد و ئاماژەیان بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان دا و جەختیان لە پشتیوانیی ئەڵمانیا لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە .سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی ئەڵمانیا بۆ هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش. خواستی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەڵمانیا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە .چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری هەمەجۆکردنی ئابووری ، برەودان بە وەبەرهێنانی ئەڵمانی و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی لە سەر بنەمای دەستوور ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

هەواڵ
08-06-2022

مستەفا کازمی پەیوەندی بە مەسرور بارزانییەوە کرد

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، ئه‌و په‌لاماره‌، ده‌رخه‌ری سووربوونی هه‌ندێكه‌ له‌سه‌ر ره‌گداكوتانی لۆژیكی پشێوی و گورزوه‌شاندن له‌ چه‌مكی ده‌وڵه‌ت. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا، مسته‌فا كازمی رایگه‌یاندووه‌، حكومه‌تی عێراق هه‌موو جۆره‌ تۆقاندنێكی هاووڵاتیان و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر یاسا و ده‌وڵه‌ت ره‌تده‌كاته‌وه‌ و حكومه‌تی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌ بۆ راوه‌دوونانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێت سه‌قامگیری تێكبده‌ن. له‌و باره‌یه‌وه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر بایه‌خ و گرنگی كاری هاوبه‌شی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ پێناو سه‌قامگیری و پته‌وتركردنی ئاسایش. هه‌ردوولاش له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و په‌لاماره‌ی سه‌ر هه‌ولێر ئامانج لێی زیانگه‌یاندنه‌ به‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها هه‌وڵدانه‌ بۆ تێكه‌ڵكردنی كارته‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی پشێوی.

هەواڵ
08-06-2022

پەمامێک لە دژە تیرۆری کوردستانەوە

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی دەکێشێت بە رێگای پیرمام هەولێر بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، کاتژمێر 9:35ی ئەمشەو درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی دەکێشێت بەسەر رێگای پیرمام هەولێر و لە ئاکامدا سێ هاووڵاتی بەسووکی بریندار دەبن، هاوکات زیانی ماددی بە خواردنگەیەک و چەند ئۆتۆمبێلێک دەکەوێت.

گشتی
08-06-2022

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئایدز ڕوونکردنەوە دەدا

هەواڵی بوونی هەڵگرانی ڤایرۆسی ئەیدز رەتدەكەینەوە و هیچ سەرچاوەیەکی تۆمارکردن نیە … هەواڵی دۆزینەوە و تۆمارکردنی ژمارەیەک تووشبووی ئەیدز لەشاری هەولێر دوورە لە راستی ، هیچ بنەمایەکی دروستی تێدا نیە، تەنها پڕوپاگەندەیە و نابێت هیچ دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵی لەو جۆرە بڵاوبکاتەوە بەبێ وەرگرتنی دڵنیابوونەوەی وەزارەتی تەندروستی و ببێتە هۆکاری دروستبوونی دڵەڕاوکێ و پشێووی. دەستنیشانکردن و تۆمارکردنی هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV (ئەیدز) رێكاری تایبەت بەخۆی هەیە و تەنها و تەنها تاقیگەکانی تەندروستی گشتی حکومی دەتوانێت پشتڕاستی بکەنەوە، دوای دەستنیشانکردن رێكاری تایبەت دەگیرێتەبەر. د. ئاسۆ حەوێزیوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان٨ ی حوزەیران ٢٠٢٢

هەواڵ
08-06-2022

وەزیری دارایی: هەوڵی بنەبڕكردنی یاساشكێنی بدرێت

بە مەبەستی ڕێگری لە قاچاخچیەتی و یاسا شکێنیوەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ فەرماندەیەکی پاسەوانی سنوور كۆبووەوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 2022/6/8 ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ لیوا ڕوكن (حماد فازڵ هادی دزەیی) فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق و شاندێکی یاوەری لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کۆبوونەوە.لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە دیاردەی قاچاخچیەتی و یاسا شکێنی لە سنوورەکان کرد. جەختی لەوە كردەوە دەبێت بە هەموو لایەكەوە هەوڵی بنەبڕكردنی یاساشكێنی بدرێت.لەو كۆبوونەوەیەدا كە جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگ عەبدولقادر عەبدوڵا بەشداربوو، چەندین ڕاو پێشنیازیان گۆڕییەوە تاوەكو ڕێگریکردن و نەهێشتنی دیاریدەی قاچاغ و یاسا شکێنی بچێتە بواری پراكتیكەوە.لای خۆشیەوە، لیوا ڕوكن حماد فازڵ بەلێنیدا کە هاوکاری وەزارەتی دارایی هەرێم بکات و ئەو کەسانەی کە لە پشتی کارە نا یاساییەکانەوەن، بۆ ئەوەی بەبێ جیاوازی ڕوو بەرووی یاسا بکرێنەوە.لە كۆتایدا، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری باسی لەوەكرد" هەموومان بۆ چاكسازی هاتووین بۆیە دەبێت ئەوانەی یاسا شكێنی و كاری قاچاخچێتی لە سنوورەكان ئەنجام دەدەن، ڕێگرییان لێبكرێت. لە هەمان كاتدا ئەوەی لە توانای وەزارەتی دارایی و ئابوری بێت درێغی ناكەین."

هەواڵ
08-06-2022

شەقڵاوە.. 656 ملیۆن دینار بۆ چەند پرۆژەیەك خەرج دەكرێت

لە چوارچێوەی پلانەکانی خزمەتگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ قەیرانی کەمئاوی پرۆژەیەکی گرنگی دیکە لە سنووری شەقڵاوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە . ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای دەکات ، "بە گوێرەی نووسراوێك كە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە، ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 656،335،500 دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێر بە مەبەستی دانانی چەند پرۆژەیەكی ئاو لە سنووری قەزای شەقڵاوە.

هەواڵ
08-06-2022

راگەیەنراوی وەزارەتی رۆشنبیری لەبارەی زنجیرە تورکییەکە

یاداشتی ناڕەزایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەناڵی (atv) تورکی زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) پەخش دەکرێ. ئەم درامایە بەرهەمی كۆمپانیاكانی (توركواز میدیا)ی نزیك لە حكومەتی توركیایە، (عوسمان سناڤ) بەرهەمهێن و (جاغاتای تۆسۆن) دەرهێنەری دراماكەیە، (عەلی ئالپەر و موراد كوچا) سیناریۆكەیان نووسیوە. (گورگی تەنیا) باس لە مێژووی توركیا و شەڕی نێوان توركیا و PKK  دەكات، هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەمریكا دەكات. لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کارتەکان تێکەڵ دەکات تا ڕادەی تێکەڵکردن لەگەڵ داعشی تیرۆریستدا. بۆ نموونە لە ئەڵقەی (١٩) کە ڕۆژی ٣/٦/٢٠٢٢ پەخشکراوە، لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی سەرۆك مەسعود بارزانی دانراوە، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە و موسڵ و كەركووك دوو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەک ئاماژەیەک کە هەولێریش شارێکی توركمانییە. هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاووڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان. بەلای ئێمەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم درامایە سووکایەتییە بە هەموو ئەو ڕاستییانە و زیانیان  پێدەگەیەنێت، دوورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوزییەكانی پێیە، نەك ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر. لە کاتێکدا ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە کە پێویستە هەمووان ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و وەک دوو دراوسێ، برایانە پێکەوە بژین ، هاوکات ئومێدەوارین حكومەتی توركیاش رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەکارییە بگرێ کە لەلایەن هەندێک خەڵکی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئالۆزکردنی پەیوەندی نێوان گەلان. ئێمە دەزانین ئەو درامایە و دراما هاوشێوەكانی كە پێشتریش بەرهەمهاتوون بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاکانی هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێ بەرهەم نایەت. لێرەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (atv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەرەكانیان.                                                                                                                      وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان                                                                                                                                                  ٨/٦/٢٠٢٢

هەواڵ
08-06-2022

به‌هۆی له‌ رێڕه‌ولادانی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك 17 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

به‌هۆی لادانی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك له‌سه‌ر رێڕه‌وی خۆی، 17 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداو 50  دیكه‌ش بریندارن. به‌هۆی له‌ رێڕه‌ولادانی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك له‌سه‌ر هێڵی ئاسنین له‌ نێوان مه‌شهه‌د و یه‌زد 17 کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، 50 ی دیكه‌ش بریندارن. میدیا‌كانی ئێران ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، هۆكاری رووداوه‌كه‌، به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی حه‌فارەیەکەوە بووه‌ له‌سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌، به‌ڵام له‌كاتی تێپه‌ڕینی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ بووه‌ و حه‌فاره‌كه‌ پێڕانه‌گه‌یشتووه‌ هێڵه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت و رووداوه‌كه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

هەواڵ
07-06-2022

كازمی: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر کراون

سه‌رۆك وه‌زیران عێراق ئاشكرای ده‌كات، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر کراون. مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 7ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022) كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌ به‌غدا ئه‌نجامدا، تێیدا رایگه‌یاند، زۆربەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرکراون و چەندین رێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەن. هه‌روه‌ها كازمی راشیگه‌یاند، مانگانه‌ 5 ملیار دۆلار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان دابین ده‌كرێت، دوو ملیار دۆلاریش بۆ خه‌رجییه‌كانی به‌كارخستنی حكومه‌ت ده‌ڕوات،كۆی گشتی له‌ ساڵێكدا 84 ملیار دۆلاره‌. كازمی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "له‌ ئێستادا یه‌ده‌گی پاره‌ی بانكی ناوه‌ندی عێراق 76 ملیار دۆلاره‌، كه‌ پێشتر 50 ملیار بوو، به‌ڵێنیش ده‌ده‌ین تا كۆتایی ساڵ یه‌ده‌گی پاره‌ی عێراق بگاته‌ 90 ملیار دۆلار". كازمی گوتی: "داخرانی سیاسی كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ئه‌دای حكومه‌ت هه‌یه‌، شكستی كه‌سانی دیكه‌ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی حكومه‌ت". ده‌شڵێت: "شكستی كه‌س هه‌ڵناگرین" K24

هەواڵ
07-06-2022

ڤیدیۆ.. مه‌سرور بارزانی: گرنگی زیاتر بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەدەین

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، له‌ مه‌راسیمی ئاهه‌نگی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا رایگه‌یاند، ئەجێندای کابینەی ئێمە بریتی بووە لە بەرزکردنەوەی ستانداردەکان و گرنگی زیاتر به‌ بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌ده‌ین. له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای ئاماژه‌دان به‌ رۆڵ و پێگه‌ی ئه‌كادیمیی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان، رایگه‌یاند، ئەجێندای کابینەی ئێمە بریتی بووە لە بەرزکردنەوەی ستانداردەکان . لەم چەند مانگەی دوایی، کابینەکە بە کۆی دەنگ پاڵپشتی لە دروستکردنی دەزگایەکی نیشتیمانی متمانەبەخشین کرد. ئەمە یەکەمین دەستەی لەو جۆرەیە لە هەموو وڵات، ئامانج لێی باشترکردنی دڵنیایی جۆریی و هەڵسەنگاندنی ستانداردەکانی پەروەردە و فێرکردنی گشت ئاستەکان و دروستکردنی فەرهەنگ و کولتورێکە بۆ باشترکردن و پێشکەوتنی بەردەوام. ئێستاش ئەمە روودەدات. هه‌روه‌ها وتی: وەکو حکومەت پێویستیمان بە هاوکاری ئێوەیە. دەمانەوێت لاوە بەهرەدارە دەرچووەکانمان، هاوکارمان بن لە بنياتنانی کوردستان. ئێمە رێز لە تواناکانتان دەگرین و گرنگی زیاتریش بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەدەین. ده‌قی وتاره‌كه‌ خوشک و برایانی بەڕێز: ئامادەبووان:  ئێوارەتان باش پێم خۆشە لەم شەوە بەخیرهاتنی یەک بە یەکتان بکەم، کە بەشدارن لە رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی ساڵی خوێندنی ئەکادیمی 2022 و لە هەمانکاتدا ڕێزگرتن لە ماندووبوون و خۆڕاگریی دەرچووانمان، کە بە تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس، گەیشتوونەتە ترۆپکی توانای خۆیان. شەڕەفمەندم کە ئەمڕۆ لێرەم بۆ گەواهیدان لەسەر سەرکەوتنەکانتان، زۆر شانازی بە پابەندیی و بەردەوامیدانتان دەکەم کە بۆ گەیشتن بەم قۆناغە، بەرجەستەتان کردووە. بە دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان دەڵێم: سوپاسی خۆتەرخانکردن و خۆبەخشیتان دەکەم، وەک چۆن سوپاسی دەستەی بەڕێوەبەران و سەرۆکی دامەزراوەکە د. رانیا مەجید دەکەم. دامەزراوەکە رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە گەشەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگەی زانکۆیی، ئەمەش لە ڕێگەی پاڵپشتی بۆ تاقیگەکان و پاڵپشتی هەوڵەکانی دیکەش. سەرۆک و بەرپرسە ئەکادیمی و کارگێڕییەکان، رۆڵێکی دياريان هەبووە لە پەرەپێدانی کۆمەڵگە زانکۆییەکە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەک بۆ خوێندنی باڵا لە سەرتاپای هەرێمەکە. هەروەها دەمەوێت سوپاسی هاوبەشەکانی دیکەمان بکەین، بە تایبەت وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یارمەتیی و بەخشینەکانی، کە زەمینەی خۆشکەر بووە بۆ پەیوەندیی و هاوبەشیی ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆ ئەمریکییەکان. لەچەند ساڵی ڕابڕدوو، زۆربەتان کە لێرەن و ئەوانی تریش کە لە ڕیزەکانی دواوەن، هاوکار بوونە لە وەرچەرخانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان بۆ یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگ و پایەدارەکان؛ ناوەندەکە بووەتە شوێنێک کە تێیدا خەون و ئاواتەکان دێنە دی؛ ناوەندەکە بووەتە چەقی فێربوون و بەرهەمهێنانی لاوی سەرکردە بۆ داهاتوو، ئەو لاوانەی ڕۆڵی گرنگ و دانەبڕاویان دەبێت لە دروستکردن و گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەمان. ئەم کۆمەڵگە زانکۆییە، دەسکەوتێکی ناوازەی بەدەستهێناوە. دەرچووەکانی ئەم زانکۆیە، لە لایەن خاوەنکارەکانەوە بەبایەخەوە تەماشا دەکرێن و بۆ پێدانی هەلی کار بەدوایان دەگەڕێن، کوالیتی و چۆنایەتی کۆرسەکانی لە سەرتاپای هەرێمەکە دانیپێدانراوە و پێگەی زانکۆکەش لە دەرەوە تەواو ناسراوە. کۆمیسیۆنی نیو ئینگلاند بۆ خوێندنی باڵا (New England Commission of  Higher Education ) یەکەمین قۆناغی متمانەبەخشینی بە زانکۆی ئەمریکی کوردستانی پەسەندکرد و ئەم هەنگاوە، پێشکەوتنی زیاتریشی بەدوادادێت. ئەم دانپێدانانە، شایستەی ئەو دەرەنجامانەی ئێوەيە، کە لەوەتەی ساڵی 2019 بەدەستتانهێناوە – ئەمە دانپێدانانێکە شیاوە بۆ ئەو پەروەردە و خزمەتەی لێرە پێشکەش دەکرێت. ئەمەش شتێکە کە جێی رەزامەندی قووڵی ئێمە. ساڵانێکی زۆر بەر لە ئێستا، منیش وەک قوتابیەک لەنێو ئامادەبووانی و دەرچووانی وەکو ئێوە دانیشتم. لەو کاتەشەوە، من پابەندبووم لەوەی دڵنیایی ئەوە بدەم، ئەو ئەزموونە بایەخدار و پڕکاریگەرییە هاوشێوانە، پێویستە بۆ زۆرێک لە ئێمەمانان دابین بکرێن، ئەوانەی بوێری ئەوەیان تێدایە خەون ببینین و گۆڕانکاریی دروست بکەن. لەیادمە، لە یەکێک لەوانەکانمان، کە لەسەر هەژاریی جیهانیی بوو، رووم کردە هاوڕێیەکم و پێمگوت رۆژێک دێت هاوکار دەبم لە دروستکردنی ناوەندێکی نایاب و بێ وێنە، کە تێیدا لاوانی کوردستان سوود لە پەروەردە و ئەزموونی هاوشێوە وەربگرن. هەژدەساڵ دواتر، زانکۆی ئەمەریکی دامەزرا و دەرگەکانی کردەوە و بەشێک لە خەونەکەش هاتەدی. ئەمە پێشکەوتنێک بوو کەجێی ئومێدی ئێمە بوو بەوەی رەخساندنی دەرفەتی هاوشێوە لێرە، هۆکار دەبن بۆ ناساندن و خستنەڕووی توانای گەلەکەمان. هەموو رێوڕەسمێکی دەرچوونی هاوشێوە، ئەو خەون و ديدگایەی هەمانە دەکاتە راستی. پێشکەوتنەکانمان لەم زانکۆیه‌، شوێنپەنجەی لە هەندێک لە شوێنی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارە مەزنەکانی جیهان دیارن، کە گەنجە دەرچووەکانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان رۆڵیان دیارە. ئەو ئەزموونانەی چ لەناوخۆ یان دەرەوە بەدەستی دەهێنن، بەها و شکۆی زیاتر بە کوردستان دەبەخشن. بە گشتی، کوردستانیانی بەهرەدار و لێهاتوو لەهەر شوێنێک بن، بەشێکی دانەبڕاون لە گەنجینەی بەهرەکانمان. ئێمە شانازیان پێوە دەکەین و دەشمانەوێت رۆڵێکی کاریگەریان هەبێت لە بنیاتنانی وڵات و نەتەوەکەمان. ئامانجی ئێمە لە دەستەی ئەمینداران ئەوەیە، ژینگەیەک دروست بکەین کە پێشوازی  لە خەڵکانی خۆمان بکات  و لەخۆیان بگرێت و بیانکاتە هاوبەش و بەشدار لە پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان. دەزانم کە پەروەردە و فێرکردن، لە هەموو ئاستێک، کڕۆکی ئەو کارەیە. ئینجا ئەمە چ لە سەر ئاستی منداڵێکی تامەزرۆی زانیاری قۆناغی سەرەتایی بێت یان هاووڵاتیەک بێت بیەوێت پیشەیەک فێربێت، پێویستە باشترکردنی ئاستی پەروەردە و خوێندن،  ئامانجی مەزن و سەرەکیمان بێت. لە حکومەتیش بەهەمان شێوە، ئەجێندای کابینەی ئێمە بریتی بووە لە بەرزکردنەوەی ستانداردەکان . لەم چەند مانگەی دوایی، کابینەکە بە کۆی دەنگ پاڵپشتی لە دروستکردنی دەزگایەکی نیشتیمانی متمانەبەخشین کرد. ئەمە یەکەمین دەستەی لەو جۆرەیە لە هەموو وڵات، ئامانج لێی باشترکردنی دڵنیایی جۆریی و هەڵسەنگاندنی ستانداردەکانی پەروەردە و فێرکردنی گشت ئاستەکان و دروستکردنی فەرهەنگ و کولتورێکە بۆ باشترکردن و پێشکەوتنی بەردەوام. ئێستاش ئەمە روودەدات. بە پاڵپشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان بارزانی و تیمی راپەڕاندنی تایبەت بە خوێندن و پەروەردە ( Task Force on Education)، پەرە پرۆگرامەکانی خوێندن و راهێنانە هونەری و پیشەییەکان و رێکارەکانی وەرگرتن لە زانکۆکان دەدەین، کە ئێستا چەقی سەرەکی کارە لە پێشیەنەییەکانی حکومەتەکەمانن. رێگەم بدەن لەم سەکۆیە ئامانجەکەمان روون بکەمەوە؛ ئامانجمانە ببینە نەتەوەیەکی پڕ زانیاری و نیشتیمانێک کە تێیدا بیرۆکە، داهێنان، کاری قورس و سەرمایەگوزاری هاریکار بێت تا کۆمەڵگەکەمان بگۆڕێت و چارەنووسی خەڵکی خۆشمان بەرەو باشتر دابڕێژێتەوە. لە هەموو هەنگاوێکی کاروانەکەمان، چ بۆ تاک و چ بۆ هاووڵاتی، فێربوون و باشتربوون، تەواوکاریی یەکترن. وەکو حکومەت پێویستیمان بە هاوکاری ئێوەیە. دەمانەوێت لاوە بەهرەدارە دەرچووەکانمان، هاوکارمان بن لە بنياتنانی کوردستان. ئێمە ڕێز لە تواناکانتان دەگرین و گرنگی زیاتریش بە بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دەدەین. دەمانەوێت ئێوە هاوکارمان بن لە دروستکردنی شوێنی کاری وەها کە تێیاندا بەها و ستانداردی پیشەییانە بەرجەستە بکەن کە لە ئەزموونی زانکۆدا بەدەستان هێناوە. ئێمە پاداشتی هەوڵەکان دەدەینەوە و بیرۆکە و کارگێڕیی پێشدەخەین. هەر یەکێک لە ئێوە کە ئەمشەو لێرەن، کۆڵەگەیەکن بۆ کوردستان. چ ئێستا بێت یان بۆ ساڵانی داهاتوو، دەمانەوێت بەشێک بن لەو کارەی ئێمە دەستمان پێکردووە بۆ ئەوەی ئابووریەکەمان پێشبخەین و هەمەجۆری بکەین. ئێمە هەوڵی گەورەمان داوە لە پێناو دروستکردنی ژینگەیەکی هاوڕێیانە بۆ سەرمایەگوزاریی. ئێمە کەرتی گشتیمان کاریگەرتر کردووە، کە سەرمایەی ئازاد کردووە بۆ وەبەرهێنان لە لە لایەنی کارگێڕی و کارە گشتییە بنەڕەتییەکان. ئێمە هانی داهێنان و نوێکاری دەدەین، دەمانەوێت دەرچووەکانمان ببنە کادیری گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە و لەوە تێبگەن کە پێویستە چۆن بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییەکانمان بکەین. لە کاتێکدا ئێوەی دەرچوو ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی گەشتە پڕ دەستکەوتەکانتان دەکەن، کە بەشێکی پەیوەستە بەو خوێندنەی لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان بەدەستانهێناوە، دەمەوێت بە چەند وشەیەک هەندێک ڕێنماییتان بکەم: -لە بەرزترین ئاستدا، پارێزگاری لە پێوەر و ستانداردە پیشەیی و ئەخلاقییەکان بکەن. - هەمیشە نيشتمان و ناسنامەکەتان لەبیر بێت. - کاتێک هەلومەرجت بۆ دەڕەخسێت، خزمەتی نەتەوەکەتان بکەن. - خەبات بۆ گەشەپێدانی ئابووری بکەن لە کوردستان بێت یان لە هەر شوێنێکی دیکە. - رێز لە زەوی بگرن؛ ئاگاداری بەردەوامبوون و گرنگی و بەهای ئەوە هەسارەیە بن، کە خودا پێتانی بەخشیوە. - بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی لە ژیانی خۆتان پەیڕەو بکەن. دەرچووانی ساڵی 2022 داواتان لێدەکەم کە شوێنپەنجەتان لەسەر ئەم جیهانە بەجێ بهێڵن. لە ساڵانی داهاتوو، نەتەوەکەمان، پیرەکانمان و خەڵکەکەمان، چاوەڕوانی رێگەپێنیشاندان و گەشەو پێشکەوتنتان لێ دەکەن. هیوادارم ئەو زیرەکیەتان هەبێت دەرفەتەکان بقۆزنەوە و ئەو شوێنەتان لەبەرچاو بێت، کە جیهانی خستە بەردەم پێ و هەنگاونانتان. ئێوە پاڵپشت و چیرۆکی سەرکەوتنی نەتەوەی زانیارین. دووبارە، پیرۆزبایی ئەو دەستکەوتە مەزنەتان لێ دەکەم و سوپاسی هەمووتان دەکەم بۆ ئامادەبوون لەم رێورەسمی دەرچوونە و سوپاسی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان دەکەم، کە بەهۆی قارەمانی و قوربانیدانی ئەوانەوە، زەمینە رەخساوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی وا. بەردەوام بن لە فێربوون و پێشکەوتن؛ پەروەردە و زانست، بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، کۆتایی نایەت. بەڵکو پەروەردە و فێربوون پرۆسەیەکی درێژخایەنە. سوپاستان دەکەم. https://www.facebook.com/kurdistan24.official/videos/566535758222011/

1 2 ... 588 589 590 ... 1148 1149