سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردووەتەوە، "سەرۆككۆمار پشكی كوردە و دەبێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت." نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبۆوە ڕۆژی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبۆوە كە پێكهاتبوو لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و هادی عامری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی بەدر و موحسن مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانیی ئەساس و عەباس ڕازی سكرتێری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی. لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراقی فیدڕاڵ. پەیوەست بە بابەتی سەرۆككۆمار سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆككۆمار پشكی كوردە و دەبێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت. بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی سووریا و ناوچەكە بە گشتی و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسیەكان تەورەی تری ئەو دیدارە بوون. جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆكی پارتی و ب فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی و هۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد و بەڕێز سیداد بارزانی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و فواد حوسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشی لە بارزان عەلی حەمە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس دەکات. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 02-02-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە بارزان عەلی حەمە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس کرد بۆ کۆچی دوایی باوکی. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بە بارزان عەلی حەمە گەیاند، هیوای خواست، خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات، سەبر و ئارامیش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت.
لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووەو تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق پێکنەهێنراوە، لایەنە شیعی و سوننەکانی عیراق بۆ گرنگیی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پرسەکە، بە بەردەوامی سەردانی دەکەن. ڕۆژی دووشەممە، 2ی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەزم کرد و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دۆخی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە. بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بە گشتی تاوتوێکران، هەروەها باس لە دوا هەنگاوەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کرا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین - ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا کۆبووەوە، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێریڤان ئایماز، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین - ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە. هەروەها جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی هەرێمی نۆردراین - ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا، ڕۆڵی کارای هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و بە تایبەتی هێورکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریا و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، بەرز نرخاند.
دوای ناردنی چەند كاروانێكی نەخۆشخانی تالاسیمیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات، كاروانی سێیەمی نەخۆشانی تالاسیمیا بە سەركەوتوویی چارەسەریان لە دەرەوەی وڵات وەرگرت و گەڕانەوە هەرێمی كوردستان. ئەمڕۆ دووشەممە 2/2/2026، وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "دوای چەند كاروانێكی نەخۆشانی تالاسیمیا و بەردەوامی ناردنیان بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک لە دەرەوەی وڵات، سێیەمین کاروانی ئەو نەخۆشانە بریتییە لە 14 تووشبووی تالاسیمیا، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان و مانەوەی زیاتر لە 100 ڕۆژ، بە سەرکەوتوویی گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و بەخۆشحاڵییەوە گەیشتنەوە ماڵەکانی خۆیان." هەر لەمبارەیەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاندووە: "بە سوپاس و دەستخۆشیی زۆرەوە بۆ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە پەرۆشی و پاڵپشتیی بەڕێزیان، ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییەی حکوومەتی هەرێمی كوردستان سەرکەوتوانە دەستی پێکردووە و بەردەوامە، ئومێد و هیوای چاکبوونەوە و سەلامەتیی خستووەتە ناو سەدان خێزان." باسی لەوەش كردووە: "ئێستا زیاتر لە 172 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشانی تالاسیمیا و بەخشەران و هاوەڵەکانیان لە دەرەوەی وڵات بوون بۆ نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک، دوای پشکنین و ئامادەکارییەکانی پزیشکی و ڕێکارەکانی زانستی لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران بە ئەستۆگرتنی تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوە، مانەوە، پشکنینەکان، نەشتەرگەری و چارەسەرییەکان لەسەر بودجەی پێویستی دابینکراو." وەزیری تەندروستی دەشڵێت: "لە ڕۆژانی داهاتوودا، کاروانی شەشەم كە ژمارەیەک لە تووشبوان و هاوەڵەکانیانن، بۆ دەرەوەی وڵات و بۆ هەمان مەبەست بەڕێ دەکرێن."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەریمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە و بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتی عێراق، هەوڵ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، بیرو ڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی دۆخی سووریا ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆ و پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا کرا.
بارەگای بارزانی، پەیامێک ئاراستەی بارزان عەلی حەمە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس دەکات و تێیدا هاتووە؛ بە داخێكی زۆرهوه ههواڵی كۆچی دوایی باوكی بهڕێزتان كاك (عهلی حهمه) ـمان پێگهیشت. دەقی پەیامەکەی بارەگای بارزانی؛ پهیامی هاوخهمی بارهگای بارزانی بۆ بارزان عهلی حهمه بهناوی خودای بهخشنده و میهرهبان بهڕێز، كاك بارزان عهلی حهمه، بهداخێكی زۆرهوه ههواڵی كۆچی دوایی باوكی بهڕێزتان كاك (عهلی حهمه)ـمان پێگهیشت. سهرهخۆشی ئاراستهی بهڕێزتان و خانهواده و دۆستانتان دهكهین، هاوبهشی خهمی ههموو لایهكین. له خودای گهوره داواكارین دڵنهوایی به بهڕێزتان و كهسوكارتان ببهخشێت و گیانی باوكی خوالێخۆشبووتان بهر ڕهحمهتی خۆی بخات و به بهههشتی بهرین شادی بكات.
هەر دوو سەرۆکی فەرەنسا و سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دواین پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (کۆشکی ئەلیزێ) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆی لەگەڵ هەریەک لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و کردووە و دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەلیزێ، ماکرۆن پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە کردووە و بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفی کردووە. هاوکات سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردووەتەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ، بڕیارە سبەی دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنیی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری بکرێن. لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵ کردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت. دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن. هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.
توركیا بەفەرمی لە ڕێگەی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەوان دڵخۆشن بەو رێككەوتنەی نێوان دیمەشق و هەسەدە، پێویستە هەسەدە رێككەوتن جێبەجێ بكات تا بتوانرێت ئارامی و ئاساییش بۆ سووریا بگەڕێتەوە. بەڵام میدیای توركیا، لەبارەی ئەو رێككەوتنە بێدەنگی پێوە دیارە، ئەو بێدەیینگییەش بەو مانایە نییە رێككەوتنەكەیان قبووڵە. بەر لەوەی دیمەشق و هەسەدە رێككەوتن ئەنجام بدەن، میدیای توركیا هەموو فۆكەسی خۆی خستبووە سەر شەڕی نێوان هەسەدە و سوپای دیمەشق و بەئاشكرا دژایەتییان لە هەسەدە دەكرد و پشتگیریی تەواویان لە سوپای دیمەشق دەكرد، لە تەلەڤزیۆنەكانەوە دەیان دیمانە و گفتوگۆ لەبارەی شەڕی سووریاوە ئەنجام دەدرا، بەڵام دوای ئەم رێككەوتنە، میدیای توركیا بێدەنگە، تەنانەت یەك رۆژنامەی توركیا، بە هەواڵێكیش باسی لەو رێككەوتنە نەكردووە. بەگوێرەی شڕۆڤەی بەشێك لە لێكۆڵەرانی سیاسی، رەنگە توركیا ناچار كرابێت بەو رێككەوتنەی دیمەشق و هەسەدە رازیبێت، چونكە ئەوەی لەم رێككەوتنەدا هەیە، توركیا پێی نیگەرانە و ئەوەی ویستی بەدڵی ئەو نەبووە. لەرێككەوتنەكەدا هاتووە، هەسەدە چوار لیوای بۆ دروست دەكرێت، واتە یەك یەك ناچنە ناو سوپای سووریا، بەڵكوو هەسەدە بە چوار لیوا دەمێنێتەوە و رۆژئاوای كوردستان دەپارێزێت. هەروەها دان بەزمانی كوردیدا دەنێن و خوێندن بەزمانی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان رێگەی پێدەدرێت، جیا لەوەی هەموو ئەو بڕوانامانەی لە ٢٠١١ەوە تاوەكوو ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان بەدەست هاتوون، بە مەرسوومێكی كۆماریی دانی پێدرا دەنرێت، ئەمانە توركیای نیگەران كردووە. وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكاران باسی دەكەن، ١٠٠ ساڵە باكوورییەكان خەبات دەكەن تا بتوانن مافی كورد لە دەستووردا جێگیر بكەن، بۆ نموونە كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت، هەروەها زمانی كوردیش بەفەرمی دانی پێدا بنرێت، بۆیە كاتێك بە ١٢ ساڵ خەبات لە رۆژئاوای كوردستان ئەو مافە بۆ كورد فەراهەم بكرێت، ئەمە ترس دەخاتە دڵی توركیا. پێشتر باس لەوە دەكرا، لە رۆژئاوای كوردستان كورد بە دەست بەتاڵی لێی بێتە دەرەوە، لە باكووری كوردستانیش كورد لاواز دەبێت و توركیا لە قۆناغی پرسی چارەسەری كورددا، مافی كورد نادات و بوێری ئەوەی دەبێت پرسی كورد وەلا بنێت. بەڵام ئەوەش راستە ئەگەر لە رۆژئاوای كوردستان، كورد مافی بدرێتێ، باكوورییەكان بوێری ئەوەیان دەبێت داوای مافی خۆیان بكەن، بەتایبەت رێگە بدەن كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت. مەزڵووم عەبدی، لە دیمانەیەكدا باسی لەوە كرد، رێككەوتنەكە لەئاستی ئەو خەبات و شەهیدانەی داویانە نەبووە، بەڵام لەم قۆناغەدا پێی رازی بووین و لە خەبات بەردەوام دەبین. لێرەوە دەردەكەوێت كورد لە سووریا بەو رێككەوتنە رازی نییە و بەناچاری قبوڵی كردووە، بۆیە رەنگە لە داهاتوو زیاتریان بوێت. لە رۆژانی داهاتوو روون دەبێتەوە، ئایە توركیا بەربەست بۆ رێككەوتنەكە دروست دەكات، یان بەناچاری قبوڵییەتی و هەروەها لە توركیاش چەند هەنگاوێك بۆ پرسی كورد دەهاوێت، دیارترینیان رێگەدانە كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت و هەروەها كوردیش وەكوو نەتەوە دانی پێدا بنرێت.
ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز مەزلووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام درا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە دوایین پێشهاتەکای سووریا و هەنگاوەکانی جێبەجێبوونی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات كرا. هەروەها جەخت لە چارەسەربوونی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە.
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکوومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و خاتوو ویندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەناوی سەرۆک و حکوومەتی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هەموو ئەو پشتیوانی و پاڵپشتیانەی کە بۆ دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات خستویەتەڕوو. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق جارێکی دیکە پاڵپشتی و پشتیوانی و هەڵوێستی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە. سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، سوپاسی ڕۆل و هەڵوێستی ئەمەریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر هەڵوێست و پشتیوانی ئەمەریکا نەبوایە لە ساڵی 1991 نەماندەتوانی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقەوە بیروڕای ورد ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پابەندبوون بە دەستور کردەوە و هاوڕا بوون کە عێراقییەکان خۆیان بڕیار لە ڕەوشی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بدەن. لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا پێشوازییان لە گفتوگۆ و راوێژکارییەکانی ئەم دواییانەی بەغدا کرد بۆ هینانەئارای رێکار و سیناریۆ سیاسیەکان کە تێیدا بەرژەوەندیی عێراقییەکان رەچاو بکرێت و لە هەموو ڕوویەکیشەوە شەراکەتی ئەمریکا و عیراق بەهیزتر بکرێت.
ئهمڕۆ 1ی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له پرێس كۆنفڕانسێكدا ڕایگهیاند، هیوادارین ئەم نەهامەتییانە چیتر بەسەر میللەتی كورددا نەیەت. بەداخەوە ئەمڕۆ ساڵڕۆژی شەهیدبوونی كۆمەڵێك سەركردە و خەڵكی كوردستانە كە بەداخەوە لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا هەموویان شەهید بوون. ئەمڕۆ یادكردنەوەی ئەم شەهیدانە و هەموو شەهیدانی رێگەی ڕزگاریخوازی كوردستان، دەبێ ئەو پەیامەمان پێ بدات كە دەبێ ئێمە یەكگرتوو بین، خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە رەواكانی گەلەكەمان بەردەوام بین و ڕێگەی ئەو شەهیدانە ئینشائەڵا بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی كۆتایی گەلەكەمان. - لەبارەی پۆستی سەرۆكۆمار پارتی و یەكێتی بە كوێ گەیشت؟ - رۆڵی سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕێككەوتنەكەی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە چی بوو؟ مهسرور بارزانی گوتی: خۆتان دەزانن جەنابی سەرۆك بارزانی رۆڵی سەرەكی بینیوە لە گەیشتنی لایەنەكان بە یەك بۆ ئەوەی گرژییەكان بوەستن و ئاگربەست دەست پێبكات و بەردەوام بێت و ئیتر بگەن بە ئەنجامێك. بیستمان ئێستا رێككەوتنێكی سەرەتایی بووە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە، هیوادارین ئەو رێككەوتنە فراوان بكرێ و ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ سووریا و بە تایبەتی ناوچە كوردستانییەكان. سهرۆكی حكوومهت، ئاماژهی بۆ ئهوه كرد، سهبارەت بە سەرۆكۆماریش هێشتا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، چاوەڕێین بزانین ئەو شاندانەی كە دێن و دیدار لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن و لەگەڵ سەركردایەتیی پارتیش، ئێمە ئەو وەختە بەپێی پێداویستییەكان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان چ بە بەرژەوەندی بێت، ئەوە بڕیاری لێ دەدەین.