Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13711 بابەت
هەواڵ
01-02-2026

مەسرور بارزانی تاجەگوڵینەی لە بەردەم مۆنیۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دا...

ئەمڕۆ یەکشەممە 2/1، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات، لە پارکی شەهید سامی عەبدولرەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو. لە بیست و دووەمین ساڵیادی کارەساتی یەکی شوبات، بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی یەکی شوبات و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کونسوڵ و دیپلۆماتی وڵاتان، سەرۆکی حکومەت تاجەگوڵینەی لەبەردەم مۆنیۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا. ڕۆژی یەکی شوباتی ساڵی 2004، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، لە ئەنجامی دوو تەقینەوەی تیرۆریستیدا، زیاتر لە سەد کەس شەهید بوون و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون. دوای رێوڕەسمەکەش، سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: ”هیوادارین ئەم نەهامەتییانە چیتر بەسەر میللەتی كورددا نەیەت. ئەمڕۆ ساڵڕۆژی شەهیدبوونی كۆمەڵێك سەركردە و خەڵكی كوردستانە كە بەداخەوە لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا شەهید بوون. ئەمڕۆ یادكردنەوەی ئەم شەهیدانە و هەموو شەهیدانی رێگەی ڕزگاریخوازی كوردستانە، دەبێ ئەو پەیامەمان پێ بدات كە دەبێ ئێمە یەكگرتوو و خاوەن هەڵوێست بین و لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بەردەوام بین و ڕێگەی ئەو شەهیدانە بەرنەدەین تا دەگەین بە ئامانجی كۆتایی گەلەكەمان.“ سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆك بارزانی لە ڕێككەوتنەكەی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە كرد و گوتی: ”خۆتان دەزانن جەنابی سەرۆك بارزانی رۆڵی سەرەكی بینیوە لە گەیشتنی لایەنەكان بە یەك بۆ ئەوەی گرژییەكان بوەستن و ئاگربەست دەست پێبكات و بەردەوام بێت و ئیتر بگەن بە ئەنجامێك. بیستمان ئێستا رێككەوتنێكی سەرەتایی بووە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە، هیوادارین ئەو رێككەوتنە فراوان بكرێ و ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ سووریا و بە تایبەتی ناوچە كوردستانییەكان.“گوتیشی ؛ ”دڵخۆشین بەوەی شەڕ بوەستێت، مافەكانی خەڵكی هەموو سووریا، بە تایبەتی كوردەكان بە شێوەیەكی یاسایی و لە دەستووردا جێگیر بكرێ، ئاشتی بەرقەرار بێت، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكە.“ سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیش، ئەوەی خستە ڕوو كە تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك لەسەر ئەو پۆستە نەكراوە، چاوەڕێین بزانین ئەو شاندانەی كە دێن و دیدار لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن و لەگەڵ سەركردایەتیی پارتیش، ئێمە ئەو وەختە بەپێی پێداویستییەكان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان چ بە بەرژەوەندی بێت، ئەوە بڕیاری لێ دەدەین. سەرۆكی حكومەت هەروەها جەختی کردەوە: ”هەر دوای هەڵبژاردنی كوردستان كە ساڵێك زیاتری بەسەردا تێپەڕیوە، گوتمان پێویستە ڕێز لە دەنگی خەڵكی كوردستان و ڕێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بگیرێت، ئێمە لەسەر ئەو ڕایەی خۆمان بەردەوامین و ئەمە بیروبۆچوونی پارتییە كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەبنە بنەمای دروستكردنی كابینەی حكوومەت. سەبارەت بە بەغداش تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە، گفتوگۆكان بەردەوامن بزانین بە چی دەگات.“ لەبارەی ئەو پرسیارەی كە ئەگەر پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێك نەكەون، كاریگەریی لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەم نابێت؟ سەرۆکی حکومەت گوتی: ”دوو پرسی جیاوازن، هەڵبژاردنی كوردستان لێرە كراوە و هەڵبژاردنێكی تریش لەسەر ئاستی عێراق كراوە، دوو پرسی جیاوازن و پێموانییە ئەمانە تێكەڵ بكرێن هیچ لە شتەكان بگۆڕێن، بۆیە ئێمە وەك دوو پرسیار جیاواز تەماشای هەردوولا دەكەین.“

هەواڵ
01-02-2026

ناوەڕۆكی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و ئەحمەد شەرع

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 31ی كانوونی دووەمی 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا ئەنجام درا. بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە بارودۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییەكان و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات و هەنگاوەكانی داهاتوو كرا. هەروەها جەخت لە پێویستیی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا كرایەوە و ئەوەش دووپات كرایەوە كە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكان بێت. ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع دوای ئەوە دێت ڕۆژی 30 کانوونی دووەم، هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و حکومەتی سووریا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و یەکخستنی تەواوەتیی دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان.

هەواڵ
01-02-2026

سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە دووپاتکردەوە

سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە ڕادەگەیەنێت، هیواخوازە هەنگاوەکە ببێتە هۆی چەسپاندنی ئارامی لە وڵاتەکەدا. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا، تێیدا گۆڕانکارییە سیاسییەکان و داهاتووی مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتەی کوردیان بە وردی و پێکەوە تاوتوێ کرد. سەرۆک بارزانی، پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەربڕی و هیوای خواست ئەم هەنگاوە مێژووییە جێبەجێ بکرێت تاوەکو ئارامی بۆ وڵاتەکە بگەڕێتەوە.لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع، دووپاتی کردەوە حکومەتەکەی پێداگیرە لەسەر پاراستنی مافە نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کورد، جەختی کردەوە هەموو سوورییەکان لە بەردەم یاسادا خاوەنی ماف و ئەرکی یەکسان دەبن. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوکاریی هاوبەش کردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی، تاوەکو ئەم لێکتێگەیشتنە ببێتە بنەمایەک بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی هەمیشەیی و دوورخستنەوەی هەر جۆرە مەترسییەک لە سووریا. ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع دوای ئەوە دێت ڕۆژی 30 کانوونی دووەم، هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و حکومەتی سووریا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و یەکخستنی تەواوەتیی دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان.

هەواڵ
01-02-2026

ڕویتەرز: مارک ساڤایە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

بەگوێرەی زانیارییەکان، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ عێراق، لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و ڕەنگە تۆم باراک جێگەی بگرێتەوە.ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و بەغداد لەسەر نەهێشتنی کاریگەریی ئێران بەسەر عێراقەوە، چیتر مارک ساڤایا لە ئەرکەکەی نەماوە، کە پێشتر لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە ئەو ئەرکەی پێبەخشرا بوو.هەژماری فەرمیی مارک ساڤایا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تاوەکو ماوەیەک پێش ئێستاش بە شێوەیەکی بەرچاو چالاک بوو، بەڵام لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە ساڤایا هچ پۆستێکی نییە و وەڵامی ئەو نامانەی نەداوەتەوە، لەوەی لە پۆستەکەی ماوە یان نا، هەروەها ڕوونکردنەوەی لەسەر داخستنی هەژمارەکەی نەداوە.بڕیار وابوو ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ساڤایا سەردانی عێراق بکات و چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامبدات، بەڵام لەناکاو سەرجەم کۆبوونەوەکانی هەڵوەشاندەوە و گەشتەکەیشی بۆ بەغداد نەکرد.هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە چی بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی ساڤایا، خراپ مامەڵەکردنی ساڤایان لەگەڵ بابەتە هەستیارەکان پرسێکی سەرەکی بووە، بە تایبەت کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق، کە ترەمپیش هۆشداری بە بەغدا دابوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز و بەرپرسێکی باڵای عێراقی، پێدەچێت تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا، دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە بگرێتە ئەستۆ.بەڵام گوتەبێژێکی تۆم باراک ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە هیچ کاتێک تاوتوێی ئەو بابەتەیان نەکردووە، ساڤایاش بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە هێشتا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کار دەکات و هەندێک کاری کارگێڕی خۆی تەواو دەکات.

هەواڵ
01-02-2026

پەیامی فەرەنسا لەسەر ڕیککەوتنەکە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە

سەرۆکی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات و دەشڵێت: یەکێتی و سەروەریی سووریای پاراستووە. سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا، هەردوولا باسیان لە گرنگیی پشتیوانیی ئاڕاستەی سیاسی و بەهێزکردنی ئارامی لە سووریادا کرد.لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە قسەی لەسەرکرا، سەرۆکی فەڕەنسا پیرۆزبایی ڕێککەوتنەکەی کرد و جەخت لە جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی کردەوە کە بەهۆیەوە یەکێتی سووریا و سەروەرییەکەی دەپارێزێت. سەرۆکایەتییەکە دەشڵێت، ماکرۆن پشتیوانی پاریسی بۆ ئارامی، دادپەروەریی و ئاوەدانی سووریا دووپاتکردەوە.ڕۆژی هەینی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشکرای کرد بۆ ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕ و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی، لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتینە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە تێیدا هەموو دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان یەکدەخرێنەوە.بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، سوپای سووریا لەو ناوچانەی حەسەکە و کۆبانی کە پێشتر وەک ناوچەی سەربازیی ناسرابوون دەکشێتەوە، لە بەرامبەریشدا یەکەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ. لە ڕووی سەربازییەوە، فیرقەیەکی نوێ لە سێ لیوای شەڕڤانانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و لیوایەکی تایبەتیش بۆ کۆبانی لەناو فیرقەیەکی پارێزگای حەلەبدا جێگیر دەکرێت.لە ڕووی کارگێڕییەوە، تەواوی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر تێکەڵی فەرمانگەکانی حکومەت دەبن و فەرمانبەرانی مەدەنیی لە میلاکاتی فەرمیی سووریادا جێگیر دەکرێن. ڕێککەوتنەکە جەخت لە چارەسەرکردنی مافە مەدەنیی و پەروەردەییەکانی کورد و دابینکردنی زەمینەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکاتەوە تاوەکو سەروەریی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەدا بچەسپێت.

هەواڵ
31-01-2026

داخستنی حکوومەتی ئەمەریکا بەمانای چی دیێت؟

زۆر جار گوێمان لە چەمکی داخستنی حکوومەتی ئەمەریکا بووە، بەڵام کەمجاج بەراستی دەزانین داخستنی حکوومەت لە ئەمەریکا مانایی چییە، ئەمەش پرسێکی گرنگە و دەبێت روون بکرێتەوە. چەمکی "داخرانی حکوومەت" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکێکە لە دیاردە سیاسییە ئاڵۆزەکان کە جاروبار ڕوودەدات و سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. ئەم بابەتە کاتێک دێتە پێشەوە کە کۆنگرێسی ئەمەریکا و سەرۆک ناتوانن لەسەر یاسای بودجە بۆ ساڵی دارایی نوێ ڕێکبکەون. لە خوارەوە بە وردی تیشک دەخەینە سەر ڕەهەندەکانی ئەم بابەتە: 1. داخرانی حکوومەت بە ڕاستی واتای چییە؟ لە ئەمەریکا، بەپێی دەستوور و یاسای (Antideficiency Act)، دەزگا فیدراڵییەکان ناتوانن هیچ پارەیەک خەرج بکەن یان گرێبەست واژۆ بکەن ئەگەر یاسای بودجەیان بۆ پەسەند نەکرابێت. کاتێک کۆنگرێس (کە لە نوێنەران و پیران پێکدێت) نەتوانێت لەسەر بڕی پارەی تەرخانکراو ڕێکبکەوێت، حکومەت ناچارە چالاکییە "نابنەڕەتییەکانی" خۆی ڕابگرێت. 2. بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟ (ململانێی سیاسی) هۆکاری سەرەکی هەمیشە سیاسییە. لە سیستەمی ئەمەریکادا، دەبێت هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لەسەر چۆنییەتی خەرجکردنی پارە ڕێکبکەون. زۆرجار یەکێک لە پارتەکان "بودجە" وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێک لە پرسێکی دیکەدا (بۆ نموونە: کۆچی نایاسایی، هاوکاری سەربازی بۆ وڵاتان، یان بیمەی تەندروستی). ئەگەر تا کاتژمێر 12ی شەوی کۆتا ڕۆژی ساڵی دارایی ڕێکنەکەون، حکومەت دادەخرێت. 3. چی دادەخرێت و چی بە کراوەیی دەمێنێتەوە؟ لە کاتی داخراندا، فەرمانبەرانی فیدراڵی دەکرێن بە دوو بەشەوە: فەرمانبەرانی بنەڕەتی (Essential): ئەمانە لە کارەکانیان بەردەوام دەبن چونکە پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانی و ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە. وەک: سوپا، پۆلیسی فیدراڵی (FBI)، پاسەوانی سنوور، چاودێرانی فڕینی فڕۆکە، و کارمەندانی نەخۆشخانە حکومییەکان. ئەمانە کار دەکەن بەڵام مووچەکانیان وەرناگرن تا کاتی کۆتاییهاتنی داخرانەکە. فەرمانبەرانی نابنەڕەتی (Non-essential): ئەمانە دەنێردرێنە ماڵەوە و مۆڵەتی بێمووچەیان پێدەدرێت (Furlough). وەک: کارمەندانی مۆزەخانەکان، پارکە نیشتمانییەکان، فەرمانگەکانی پێدانی پاسپۆرت، و بەشێکی زۆری کارگێڕییەکان. 4. کاریگەرییەکانی داخران لەسەر ژیانی گشتی کاریگەری ئابووری: داخرانی حکومەت زیانی ملیاران دۆلار لە ئابووری ئەمەریکا دەدات. گەشتوگوزار لە پارکە نیشتمانییەکان دەوەستێت، بازاڕەکان سست دەبن و متمانەی وەبەرهێنەران کەمدەبێتەوە. دواکەوتنی خزمەتگوزارییەکان: مامەڵەی پاسپۆرت، ڤیزا، و قەرزی نیشتەجێبوون دوادەکەون. گوزەرانی فەرمانبەران: سەدان هەزار خێزان کە سەرچاوەی بژێوییان مووچەی حکومییە، دەکەونە تەنگژەی داراییەوە چونکە ناتوانن قیستی خانوو یان کرێ بدەن تا کێشە سیاسییەکە چارەسەر دەبێت. 5. چۆن کۆتایی دێت؟ داخرانی حکومەت تەنها بە یەک ڕێگە کۆتایی دێت: ڕێککەوتنی سیاسی.یان دەبێت کۆنگرێس یاسایەکی بودجەی تەواو بۆ ساڵێک پەسەند بکات، یان یاسایەکی کاتی (Continuing Resolution - CR) واژۆ بکەن کە حکومەت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بە کراوەیی بهێڵێتەوە تا لەو ماوەیەدا لەسەر بودجە گەورەکە ڕێکبکەون. داخرانی حکوومەتی ئەمەریکا نیشانەیەکە بۆ "داڕمانی گفتوگۆی سیاسی" لە نێوان پارتەکاندا. هەرچەندە ئەمەریکا دەوڵەتێکی زلهێزە، بەڵام ئەم سیستەمە یاساییە وایکردووە کە بودجە ببێتە گەورەترین چەکی سیاسی بۆ فشار خستنە سەر لایەنی بەرامبەر، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی و بژێوی خەڵکیش بێت.

هەواڵ
30-01-2026

ناوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و نێردەی تایبەتی سەرۆ...

ڕۆژی هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراک نیردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ کاروباری سووریا ئەنجام درا. لە پەیوەندییەکەدا بەڕێز تۆم باراک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدی ئاگربەست و پشتیوانی دیالۆگ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا خستویانەتەڕوو. هەروەها رۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدی رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرز نرخاند. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە رۆڵیان هەبووە لەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، پشتیوانیی خۆیشی بۆ رێککەوتنی ئەمڕۆ هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026 دەربڕی، ئەویش لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی. هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ بەڕێز تۆم باراک هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و ئاشتی لە ناوچەکە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی هەیەتی. پەیوەست بە بارودۆخی عێراقیش بەڕێز تۆم باراک داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا رۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت. هەروەها سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستور و پابەندبوونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنوسی عێراق بدەن و سەروەری عێراق بپارێزن.

هەواڵ
30-01-2026

پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە لەبارەی ڕێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەد...

مەسرور بارزانی پەیامێکی سەبارەت بە رێکەوتنەکەی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە بڵاوکردەوە و دەلێت، هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە، فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادیی زیاتر پێشوازی لە ڕێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین و هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە، فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ هەموو سووریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان و ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ مال و زێد و ناوچەکانی خۆیان. پشتیوانی گەلی کوردستان لە هەموو جیهان و بە تایبەتی ڕوڵی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە کۆتاییهێنان بە گرژیەکان و گرتنەبەری ڕێگەی دایەلۆگ بۆ چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکان، جێگەی شانازییە.ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ ڕۆڵی سەرۆک و حکومەت و نوێنەر و کۆنگرێسی ئەمەریکا و وڵاتانی دۆست لە کوتاییهێنان بە گرژیەکان و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و سەقامگیریی لە ناوچەکە. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2026/1/30

هەواڵ
30-01-2026

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 254 بارهەڵگر هاوکاریی گەیشتوونەتە ڕۆژئاوا

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نوێترین ئاماری هاوكارییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەخاتەڕوو، تاوەکو ئێستاش 255 بارهەڵگری هاوكاريی خۆراكی و پزیشكی و سووتەمەنی گەیشتوونەیە ڕۆژئاوای كوردستان. موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی 30/1/2026 لە كۆنگرەیەكی میدیایی ڕایگەیاند، خەڵكی بەخشەر لە كوردستان و لەسەر ئاستی جیهان بەردەوامن لە ناردنی هاوكارییەكان: “هەر ڕێكخراو و دەزگایەك كە هاوكاری بۆ ڕۆژئاوا دەنێرن، دەستیان ماچ دەكەین”، جەختی لەوەش كردەوە كە تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر ڕێكخراو دەزگایەك ناو و لۆگۆی خۆیان هەبێت، هاوكارییەكان بە ناو و لۆگۆی خۆیانەوە دابەش دەكەن.  سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، باسی ئەوەشی كرد كە “تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری كورد، ئەركی سەرشانیان زۆر گران بووە بۆ دابەشكردن، لەبەر ئەوەی بارهەڵگری گەورە ناتوانن بڕۆنە كۆڵانەكان و هاوكارییەكانیش پاكێج نەكراون، سەبارەت بە هاوكاریی خۆراكییش گوتی: “هاوكاریی خۆراكی بەشی دوو هەفتەی هەر خێزانێك دەكات و دەبێت دووبارە بكرێنەوە”.  سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەبارەت بە ئاماری كۆی ئاوارەبووان، باسی ئەوەی كرد، ئامارێكی متمانەپێكراو و “دەقیق” نییە، بەڵام باسی ئاوارەبوونی زیاتر لە 170 هەزار كەس دەكرێت. سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتیشی: “هاوكارییەكان ئەمڕۆ دەگەنە حەسەكە و ئامادەین لە كەمتر لە 24 ساعەت بیگەیێنینە كۆبانێ، لەگەڵ (UN) و وەزارەتی دەرەوەی سووریاش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام پەیوەندی دەكەین”. بەمجۆرەش ئاماری هاوكارییەكانی خستەڕوو: 255 بارهەڵگر هاوكاريی خۆراكی و ناخۆراكی و پزیشكی و سووتەمەنی بە ڕۆژئاوای كوردستان گەیشتوون. 7،475 خێزانی ئاوارە لە هاوكاريیەكان سوودمەند بوون. (لە 160 قوتابخانە و 9 مزگەوت( نیشتەجێن. 241،632 لیتر سووتەمەنی لە 178 قوتابخانە و 10 مزگەوت دابەش كراون.  25،589 ژەمە خۆراكی گەرم لە 69 قوتابخانە و 5 مزگەوت دابەش كراون.  3،160 كەس لە 41 قوتابخانە چارەسەری پزیشكییان بۆ كراوە. 478 هەلی كار ڕەخسێنراون. سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو “سەبەتەی خۆراك 20 كیلۆییە و 12 ماددە لەخۆ دەگرێت و هەروەها كارتۆنی پاككەرەوە و دۆشەك و بەتانی ئەو هاوكارییانە نەگۆڕن و هەندێك جار گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت، هاوكات لە 3 چێشتخانەش (لە قامشلۆ و عامودا و دێركێ) خواردنی گەرم ئامادە دەكرێن و بەسەر ئاوارەكان لە مزگەوت و قوتابخانەكان دابەش دەكرێن. دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و دروستبوونی بارودۆخێكی ئاڵۆز و نالەبار و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ كۆكردنەوەی هاوكارييە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد. دابەشكردنی هاوكارییەكانیش لە لایەن تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەكی چڕ و پڕ بەردەوامن و ڕۆژانە لە بواری جیاواز خزمەتگوزاری و هاوكارییەكان بە ئاوارەكان پێشكەش دەكرێن. دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان، دەبێتە پردێکی بەهێز لە نێوان خەڵكی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانێت لە ڕۆژئاوای کوردستان خزمەتی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو بکات. كەمپینەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پاڵپشتیی بەخشەران بە هەموو چین و توێژەكانەوە، لە ئاستێكی بەرفراوان هەتا ئێستاش بەردەوامن. تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە زیاتر لە 150 کارمەندی گشت نووسینگەكانی دەزگا پێکهاتوون، لە ڕووی خوراكی و تەندروستی و لۆجیستی و مەیدانییەوە خزمەت بە هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای كوردستان دەکەن.

هەواڵ
29-01-2026

ئیدارەی ترەمپ لەسەر پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتە دوو بەرە

بەرپرسانی باڵای واشنتن و کۆنگرێس لەسەر شێوازی پشتگیریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، بوونەتە دوو بەرە و هەریەکەیان تێگەیشتنیکی جیاوازیان هەیە. لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی ڕایگەیاند: "خراپترین شت ئەوەیە دەستبەرداری کورد ببین؛ ئەگەر شتێکی خراپیان بەسەر بێت، زۆر قورس دەبێت لە داهاتوودا هاوپەیمانی نوێ بدۆزینەوە، بۆیە پڕۆژەیەک بۆ سزادانی هەر حکومەتێک پێشکەش دەکەم کە هێرش بکاتە سەر کوردانی سووریا." بەپێی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێستا لەناو ئیدارەی ترەمپ دوو تێڕوانینی جیاواز هەیە؛ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، پاڵپشتیی ئەوە دەکات تەواوی خاکی وڵاتەکە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک کۆنگرێسمان و بەرپرسی ئەمنیی وڵاتەکە، جەخت لە بەردەوامیی پشتگیریی هەسەدە دەکەنەوە. ئەم دابەشبوونە دوای ئەوە هات کە دیمەشق هۆشدارییەکانی ئەمریکای پشتگوێ خست و پەڕییەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەوەش ڕێک دوای ئەوەی هەسەدە وەک نیشانەی نیازپاکی و بە گەرەنتیی تۆم باراک لەو ناوچانە پاشەکشەی کردبوو. سەرکەوتنی پێشڕەوییەکانی سوپای سووریا بەشێکی زۆری بۆ گۆڕانی وەلائی هۆزە عەرەبەکانی ڕەققە و دێرەزوور دەگەڕێتەوە کە دژی هەسەدە وەستانەوە، هاوكات هەڵاتنی سەدان چەکداری داعش لە زیندانەکان نیگەرانیی لای بەرپرسانی واشنتن دروست کردووە کە ڕەنگە جارێکی دیکە تێرۆر سەرهەڵبداتەوە

هەواڵ
29-01-2026

یەکێتیی ئەورووپا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە هەنگاوێکی "یەکلاییکەرەوە"یان ناوە و سوپای پاسدارانی ئێرانیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە. رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026 کالاس لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: "سەرکوتکاری ناتوانێ بێ وەڵام بمێنێتەوە. وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئێستا هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوەیان نا، بە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی." بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشدارییەکی تووندیشی دایە بەرپرسانی باڵای تاران و رایگەیاند: "هەر رژێمێک هەزاران کەس لە گەلی خۆی بکوژێ، کار بۆ لەنێوچوونی خۆی دەکات." ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا دوای چەندین هەفتە لە گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی دێت و بە وەرچەرخانێک لە مامەڵەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێ. ئەم بڕیارە رێگە بە وڵاتانی ئەورووپی دەدات کە تەواوی دارایی و سەرمایەکانی ئەو هێزە لە ئەورووپا سڕ بکەن، چوونە ناو خاکی ئەورووپا لە ئەندامانی قەدەخە بکەن و هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بە "تاوانی تیرۆریستی" هەژمار بکرێ. ئەم هەنگاوەی برۆکسل هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ و ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ ناوچەکە.

هەواڵ
29-01-2026

دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی زیاتر دەنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەرێگەی هاوکاریی مرۆیی گەیاندە زیاتر لە 12 هەزار خێزانی ئاوارە لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵمەتەکانیان بەردەوامە.دەزگای خێرخوازی بارزانی لە قامیشلۆ، دێرک، عاموودا، گرکێلەگێ و ناوچەەکانی دیکە کۆمەک و هاوکاریی بە ئاوارەکان دەبەخشن، کە خۆراکی تێدایە و هەر خێزانیک بەشی دوو هەفتە شتومەکی پێ دەدرێت.بەگوێرەی دوایین داتا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تاوەکو ئێستا 208 بارهەڵگری هاوکاری گەیێنراوەتە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، شەش هەزار و 609 خێزان لە هاوکارییە جۆراوجۆرەکان سوودمەند بوون.٠ 198 هەزار و 657 هەزار لیتر سووتەمەنی لە 169 قوتابخانە و 9 مزگەوت بەسەر  پێنج هەزار و 969 خێزان داەبشکراوە.٠ سێ هەزار و 160 کەس لە 41 قوتابخانە، لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە چارەسەری تەندروستییان بۆ کراوە.٠ 19 هەزار و 979 ژەم خواردنی گەرم لە 52 قوتابخانە و سێ مزگەوت دابەشکراون.٠ جگە لەوەی 418 کەسی ڕۆژائاوای کوردستان هەلی کارییان بۆ ڕەخساوە و شانبەشانی تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکارییەکان دابەش دەکەن.

1 2 ... 58 59 60 ... 1142 1143