Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13711 بابەت
هەواڵ
09-02-2026

ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن وەزارەتی کارەباوە

● وەزارەتی کارەبا هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکانی کارەبای ڕووناکی ڕووینەداوە، و هیچ کێشەیەک لە ژێرخانی پێوەرە زیرەکەکاندا نییە.● بە درێژایی کات، لە وەرزی زستاندا زۆرترین خواست لەسەر کارەبا هەبووە بەتایبەت لە مانگی یەک (کانوونی دووەم).● ئەمە یەکەم زستانە کە زۆربەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خاوەنی کارەبای 24-کاتژمێرین.● بە دیاریکراوی ئەم زستانە بەکارهێنانی کارەبا بەراورد بە زستانەکانی پێشوو زیاتر بووە. ئەمەش بەهۆی کەشوهەوی ساردی نائاساییەوەیە.● بە شێوەیەکی نائاسایی، دوایین پارەدانی پسوولەکان ڕەنگدانەوەی خولێکی درێژترە کە بە تێکڕا پێکدێت لە 46 ڕۆژ. ئەمەش دەرەنجامی گواستنەوەیە لە سیستەمەکاندا، و دەبێت کەمتر ڕووبدات لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، خولێکی درێژتر هیچ جیاوازییەکی نیە لەوەی کە هاوبەشانی کارەبا ڕۆژانە چەند پارە دەدەن.● لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبا بەهۆی سەرمای زۆرەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ ڕێگاکانی کەمکردنەوەی بارگرانی دەکات.

هەواڵ
09-02-2026

دەزگای خێرخوازیی بارزانی نوێترین ئاماری هاوکارییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کورد...

دەزگای خێرخوازیی بارزانی نوێترین ئاماری هاوکارییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و لەو ماوەیەدا، زیاتر لە 332 هەزار لیتر نەوتیان دابەش کردووە. ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی شوباتی 2026، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە نوێترین ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی چالاکییە مرۆییەکانی بە ڕۆئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت: تاوەکو دوینێ 367 بارهەڵگریان گەیاندووەتە ڕۆژئاوای کوردستا. لە راگەیەندراوەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا هاتووە:367  بارهەڵگری پڕ لە پێداویستی جۆراوجۆریان گەیاندووەتە ڕۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 15 هەزار خێزان لێی سوودمەند بوون. تاوەکو ئێستا 89 هەزار و 6710 ژەمی خۆراکیان ئامادەکردووە و زیاتر لە 332 هەزار لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە 9 هەزار خێزاندا دابەشکراوە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێشکەش بە 7 هەزار و 952 نەخۆش کردووە، هەلی کاری بۆ 906  کەس لە ڕۆژئاوای کوردستان دابینکردووە. دوای هێرشەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2026، هەزاران کەس لە ناوچەکانی ڕەققە، تەبقە و ئەو شوینانەی شەڕیان تێدا بوو، ئاوارەی حەسەکە و قامیشلۆ بوون.

هەواڵ
09-02-2026

دوای 46 ساڵ بکوژی محەممەد باقر سەدر لەسێدارە درا

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، سزای لەسێدارەدان بەسەر سەعدوون سەبری قەیسی، یەکێک لە کاربەدەستانی باڵای ڕژێمی پێشووی بەعس جێبەجێ کرا; قەیسی بە تۆمەتی کوشتنی "محەممەد باقر سەدر"، مەرجەعی باڵا و دامەزرێنەری حیزبی دەعوە، مەحکوم کرابوو. وردەکاریی بڕیارەکە بەم شێوەیە: جێبەجێکردن: ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، پاش کۆتاییهاتنی هەموو ڕێکارە دادوەرییەکان، سزاکە بەسەرسەعدوون سەبری قەیسیدا جێبەجێ کراوە. تۆمەتەکان: قەیس لەلایەن دادگاوە بە ئەنجامدانی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ناسێندرا، کە جگە لە کوشتنی باقر سەدر و بنتولهودای خوشکی، دەستی هەبووە لە شەهیدکردنی ژمارەیەک لە زانایانی بنەماڵەی حەکیم و هاووڵاتییانی تریش. مێژووی حوکمەکە: دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە تەممووزی 2025ـدا سزای لەسێدارەدانی بۆ "سەعدوون سەبری قەیسی" و "هەیسەم عەبدولعەزیز" دەرکردبوو. محەممەد باقر سەدر، کەسایەتییەکی دیاری ئایینی و سیاسیی شیعە بوو، لە نیسانی ساڵی 1980 لەگەڵ ئامینە سەدری خوشکی (بنتولهودا) لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە دەستگیر کران و دواتر کوژران. جێبەجێکردنی ئەم سزایە دوای زیاتر لە چوار دەیە دێت لەو ڕووداوەی کە ڕوویداوە.

هەواڵ
09-02-2026

مەسرور بارزانی پەیامێک ئاراستەی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامیک ئاراستەی دیلان یەشیلگۆز، جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی کە وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەیە. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامیکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز دەکەم بەبۆنەی وەرگرتنی ئەرکی وەزیری بەرگریی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا.مەسرور بارزانی جەخت دەکاتەوە لەوەی، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ هۆڵەندا بەگرنگ دەزانێت و چاوەڕێی هاوکاریی بەردەوامیش دەکەن. دیلان یەشیلگۆز لە ساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە. لە منداڵییەوە لە هۆڵەندا دەژی. دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمستەردام، بووە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکاسن و دواتریش بووە پەرلەمانتار، پاشان وەکو وەزیری وزە و وەزیری داد پۆستی هەبووە، ئێستاش وەزیری بەرگریی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندایە.

هەواڵ
09-02-2026

پەرلەمانی عێراق داوای ڕاگرتنی بڕیارە نوێیەکەی گومرگ دەکات

پاش ئەوەی پێناسی گومرگی بووە هۆی نیگەرانی بازرگانان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی سێ پێشنیازی ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. پێشنیازەکان چین؟ ڕاگرتنی کاتی:جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەرزیرانی عێراق (957) بۆ ماوەی 90 ڕۆژ دوابخرێت، تاوەکو پێداچوونەوەی وردی بۆ دەکرێت. کەمکردنەوەی نرخ: ڕێژەی گومرگی بەشێک لە کاڵا هاوردەکراوەکان زیاد کراوە کە هەندێکیان گەیشتوونەتە 30%. پشتیوانیی ژینگەیی: گومرگی ئۆتۆمبێلی هایبرید لە 15%ـەوە کەم بکرێتەوە بۆ 5% ، ئەمەش بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتیانە تاوەکو ڕوو لە کڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانە بکەن. هۆکاری ئەم هەنگاوە چییە؟ ئەم پێشنیازانە دوای ئەوە دین کە پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژانی 10 و 11ـی کانوونی دووەم، میوانداریی سەرۆکى دەستەى دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگی کرد. چاوەڕێی چی دەکرێت؟ بڕیارە سبەی سێشەممە 10ی شوباتی 2026،  ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و تاوتوێی جێبەجێکردنی 6 بڕیار بکات، لە 2025 و 2026 لەپێناو زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی دەرکراون.

هەواڵ
09-02-2026

شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان دەچێتە دیمەشق

پاش ئەوەی ڕێککەوتنی 29ـی مانگی ڕابردوو لە نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق واژوو کرا و ڕۆژی دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە، هەوڵە سیاسییەکانی نێوان قامیشلۆ و دیمەشق زیاتر دەبن. ئەمرۆ دووشەممە 09-02-2026، میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە، شاندی کوردی کە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە 25ـی نیسانی 2025 لە قامیشلۆ دەستنیشانکرا، بەم نزیکانە سەردانی دیمەشق دەکات. سەرچاوە میدییەکان باسی ناوەڕۆکی سەردانی شاندەکەیان نەکردووە بۆ دیمەشق، تەنیا ئەوە وتراوە بە زووترین کات سەردانی دیمەشق دەکەن و لەگەڵ حکومەتی سووریا گفتوگۆ دەکەن. لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ئانهای وتوە، کۆبوونەوەکەی دیمەشق لەسەر پرسی مافەکانی کورد و مسۆگەرکردنیان لە دەستووری وڵاتەکەدا دەبێت.

هەواڵ
09-02-2026

ئیسرائیل: ئامادەین بەبێ ئەمریکا هێرش بکەینە سەر ئێران

ئیسرائیل سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر ئێران و هۆشداری دەداتە واشنتن لەوەی ئامادەیە بەبێ یارمەتیی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" کە ڕۆژی یەکشەممە 08-02-2026 بڵاوکراوەتەوە، ئیسرائیل پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کردووە و تێیدا هاتووە: بەرنامە مووشەکیەکەی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، بۆیە ئامادەن بەبێ یارمەتیی واشنتن هێرشی سەربازی ئەنجام بدەن. سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئیسرائیل هێڵێکی سووری بۆ چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران داناوە.سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، بە ئەمریکییەکانمان گوتووە، ئەگەر ئێران لەو هێڵە سوورە لابدات کە بۆ مووشەکە بالیستییەکانیان دانراوە، ئێمە بە تەنیا هێرش دەکەین.بەڵام ئیسرائیل بە وردی چاودێریی گەشەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران دەکات. بەرپرسانی ئیسرائیل ترسیان لەوە هەیە دۆناڵد ترەمپ، مۆدێلی "هێرشی سنووردار" پەیڕەو بکات، هاوشێوەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر حووسییەکان لە یەمەن. 

هەواڵ
08-02-2026

وەزارەتی کارەبا لەسەر گرانبوونی نرخی کارەبا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە ڕێگای یاسایی پەسەندکراوە. دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبا: هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکەینەوە نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە ڕێگای یاسایی پەسەندکراوە و لە وەقائعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، نرخەکانیش دیاریکراوە بۆ یەک مانگ حساب دەکرێت، هاوکات پێدانی كرێی کارەبا بە ڕێگای ئۆنلاین  هەنگاوێکی شارستانی و پێشکەوتوو و شەفافە و ئاسانکاریشە بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا کرێی کارەباکەیان بدەن.  سەبارەت بەکرێی کارەباش لە مانگی یەک بەهۆی شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆرێک لە هاوبەشان بڕی کارەبای زیادیان بەکارهێناوە، بۆیە لە مانگی یەک کرێی کارەبا زیاتر بۆیان هاتۆتەوە، ئەگەر هەر گرفتێکیش بۆ هەر هاوبەشێک دروست بووبێت، ئەوا لە فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا، تیمی تایبەت  چارەسەری گرفتەکە دەکەن.  ئومێدەوارین هاوبەشانی کارەبا بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنن تاوەکو نەبێتە بارگرانی لەسەریان.

هەواڵ
08-02-2026

هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوا کرا

کۆمەک و هاوکاریەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکرا. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 8ی شوباتی 2026، کاروانی کۆمەک و هاوکارییەکان کە لە چوارچێوەی کەمپینی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون، بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکران. ئاماژە بەوەشکراوە، هاوکاریەکان پێکهاتوون لە 8 هەزار و 910 پاکێجی خواردن لە ڕێگای 27 بارهەڵگرەوە بەرەو دەروازەی فیشخابوور بەڕێکران، بڕیارە سبەی دووشەممە لە ڕێگای دەروازەی سمێڵکاوە بگەنە شاری قامیشلو لە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەیشتنی هاوکارییەکان لە ڕێگای لیژنە هاوبەشەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سوری کوردی بەسەر خوشک و برا ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دابەش بکرێت.

هەواڵ
08-02-2026

سەرۆك بارزانی و نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا پەیوەندییەك...

ڕۆژی یەكشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٦، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و تۆم باراك، نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ ڕێگریكردن لە پشێوی و ئاڵۆزی، بە مەبەستی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. هەر لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا دەستخۆشییان لە ڕۆڵی یەکتری کرد لە بەرقەراربوونی ئاشتی. سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی کاریگەری ئەمەریكا، جەختی لە بەردەوامیی هاوپەیمانێتیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا كردەوە.

هەواڵ
08-02-2026

ئایا ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران؟

لەگەڵ چوونە ناو مانگی شوباتی ٢٠٢٦، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدایە. لە کاتێکدا هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی ناوچەکەدا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش لە پشت پەردەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری بەردەوامن. دیپلۆماسی لەژێر سێبەری هەڕەشەدا بەپێی دواین زانیارییەکان، شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، لە مەسقەتی پایتەختی عومان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەتەوە. ئامانجی ئەم گفتوگۆیانە گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و چالاکییە موشەکییەکانی، ئەمەش وەک دوایین دەرفەت پێش پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازیی قورس دەبینرێت. ستراتیژی "ئەوپەڕی فشار"ی ترەمپ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ جارێکی تر سیاسەتی "ئەوپەڕی فشار"ی گرتووەتە بەر. ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln) بۆ ناوچەکە و سەپاندنی سزای ئابووری نوێ، پەیامێکی ڕوونی واشنتنە بۆ تاران کە "هەموو بژاردەکان، لەوانەش بژاردەی سەربازی، لەسەر مێزن". مێژوویەکی نزیک لە پێکدادان چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هێرش تەنها پێشبینی نییە، بەڵکو ئەزموونێکی نزیکە؛ بەو پێیەی لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی سنوورداری کردە سەر چەند بنکەیەکی ئەتۆمیی ئێران. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سڵ لە بەکارهێنانی هێز ناکاتەوە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئەنجام. کۆتایی و پێشبینییەکان پرسیاری "ئایا ئەمریکا هێرش دەکات؟" ئێستا لە نێوان هۆڵەکانی عومان و بڕیارەکانی کۆشکی سپیدا دەسوڕێتەوە. ئەگەر گفتوگۆکانی عومان شکستیان هێنا و ئێران بەردەوام بوو لە پەرەپێدانی توانای ئەتۆمی، ئەوا ئەگەری هێرشێکی نوێ و فراوانتر بۆ سەر ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمی ئێران زۆر بەهێز دەبێت. بەڵام لە ئێستادا، جیهان چاوەڕوانی ئەنجامی یەکلاکەرەوەی مێزی دیپلۆماسییە.

هەواڵ
08-02-2026

وەزارەتی ناوخۆ کارکردن بە نووسراوی OPVI ڕاگرت و ڕێنمایی نوێ دەداتە شۆف...

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە ئەو نووسراوەی تایبەت بوو بە (OPVI) بە فەرمی کێشراوەتەوە و لەمەودوا کاری پێناکرێت. بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرچەندە بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام پێویستە هاووڵاتییان و شۆفێران بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و سەرنشینەکانیان، بە شێوەیەکی بەردەوام و ساڵانە پشکنینی توندوتۆڵی (هەزە) بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن. جەختیشی کردەوە کە پابەندبوون بە پشکنینی تەکنیکی ئۆتۆمبێل، گرنگترین هەنگاوە بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوە نەخوازراوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.

1 2 ... 53 54 55 ... 1142 1143