Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13711 بابەت
هەواڵ
11-02-2026

دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە ئەمریکا دەکات هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردس...

شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات و دەزگاکەش داوا لە ئەمریکا دەکات، هاوکاریی مرۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بنێرن. ئەمڕۆ چوارشەممە 11-02-2026، ئیلیزابێز ئەلخۆدەری، ڕێکخەری PRM لە کونسوڵخانەی ئەمریکا و شاندی یاوەری، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كرد لە هەولێر و لە لایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێشوازییان لێكرا. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڵاویکردەوە، شاندەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ هاریكارییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای كوردستان دەربڕی، كار و چالاكییەكانی دەزگاکەی لە ماوەی ڕابردوویان بەرز نرخاند. لای خۆیەوە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو سەردانە دەربڕی و جەختی لەوەش كردەوە، كە پێویستە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كونسوڵخانەكان، بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووی ئەمریكا، هاوکاریی مرۆیی بۆ ڕۆژئاوا بنێرن.

هەواڵ
11-02-2026

پارتی و یەکێتی پرسی سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێ دەکەن

پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لە کۆبوونەوەدان، پرسی سەرۆککۆماری عێراق و کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن. ئەمڕۆ چوارشەممە 11-02-2026، لە پیرمام، پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە و پرسی سەرۆککۆمار و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.  بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، ئەو پرسانە تاوتوێ دەکەن.

هەواڵ
11-02-2026

کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کەردستان، پێشبینییەکانی بۆ دوو ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە دەکات. ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی شوبات: -ئاسمان بە تەواوی هەور دەبێت. -لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت. لە هەندێک کاتدا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی هەرێم، بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە دەبێت. -لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت. -لە کاتەکانی بەیانیدا تا پێش نیوەڕۆ تەمێکی مامناوەند هەندێک ناوچە دەگرێتەوە. -پلەی گەرما هاوشێوەی پلەکانی دوێنێ دەبێت. سبەی پينجشەممە 12ـی شوبات: -ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەریی بارانبارین کەم دەبێتەوە و ئاسمان بەرەو نیمچە هەور دەگۆڕێت. -لە زۆربەی ناوچەکان بارانی مامناوەند دەبارێت. -بەیانی لە هەندێک ناوچەی سنووری پارێزگای سلێمانی تەمێکی سووک دروست دەبێت. -پلەکانی گەرما گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، لە تۆمارەکانی ئەمڕۆوە نزیک دەبێت. بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی: هەولێر 16 سلێمانی 14 دهۆک 15 هەڵەبجە 16 زاخۆ 15 گەرمیان 19 چەمچەماڵ 16 پیرمام 12 حاجی ئۆمەران 7 سۆران 11

هەواڵ
11-02-2026

بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كۆ ده‌بێته‌وه‌

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ى شوباتی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆ دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆ دەکرێن: تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتییە لە: بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق کە لە ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ئەنجام درا و بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی فەرمیی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بەفەرمی بە ڕێژەی 14.1% دەستنیشان کرا، بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرەڕای جەختکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی پێشوەختەی نێوان هەردوو حکومەت بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ. تەوەرى دووەم تایبەتە بە: پەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق لە ڕێکەوتی 27ی تشرینی دووەمی 2025 کە لەنێوان هەردوولا ئیمزاکرا لەبەر ڕۆشنایی ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (5423) لە 12ی تشرینی دووەمی 2024 تایبەت بە یەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ دەزگای ناوبراو پشتبەست بە ماددەی (132)ی دەستوور و یاسای ژمارە (10)ی ساڵی 2025. لە تەوەرى سێیەمدا بڕیاردان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت، لە چوارچێوەی خەرجیی (النفقات الحاکمة) و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (2004-2022) گفتوگۆ دەکرێت.

هەواڵ
10-02-2026

تەمویلی مووچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

تەمویلی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. وەزاتی دارایی ڕایگەیاند، دوا نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026، بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاشیگەیاند، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و ئەو کێشەو گیرو گرفت و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دیناری لەکۆی تەمویلی مووچە نەناردووە کە بریتییە لەشایستەی چەند مانگی ڕابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی کە لەساڵی ڕابردودا خانەنشین کراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە،(واتە ئەو خانەنشینانەی کە لەمانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابونەوەو پێویست بوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەرگرن، لەبەغداوە تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە کە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەکانمان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەپەیوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا).

هەواڵ
10-02-2026

مەسرور بارزانی: پلانێکی زۆر باشمان بۆ داهاتووی کوردستان هەیە

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا لە چیای کۆڕەک پڕۆژەی ئی پسووڵە ڕاگەیەندراو و تێیدا سەرۆکی حکومەت لە پانێڵێکدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری دایەوە. پوختەیەک لە وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: پرۆژەی ئی پسووڵە دەستكەوتێكی گەورەی نیشتمانییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و دەستپێكێكیشە بۆ ئەوەی هەموو خەڵكی عێراق بتوانێت سوود لەم ئەزموونە وەربگرێت. هەنگاوی یەكەمی ئێمە ئەوە بووە كە هەر هاووڵاتییەك بتوانێت خاوەنی هەژماری بانكیی خۆی بێت، لە سەرەتاوە كە هەژماری من وەكوو پرۆژەیەك پێشنیار كرا، تەنیا بۆ پێدانی مووچە نەبووە، بەڵكوو دروستكردنی ئەو پەیوەندییە بووە لە نێوان هاووڵاتی لەگەڵ حكومەت، هاووڵاتی لەگەڵ سێكتەری بانكی، هاووڵاتی لەگەڵ هاووڵاتی لەگەڵ بزنسەكان. قۆناغی ئی پسووڵە، سەرەتا بە پرۆژەی هەژماری من دەست پێ كراوە. دوای ئەوەی كە ئی پسووڵە ئەمڕۆ كە ئێمە باسی دەكەین، بۆ ئەوەیە ئاسانكاری بكرێت تا هاووڵاتییان بتوانێت پارەی خۆی بە شێوازی دیجیتاڵی بۆ ئەو كارە خزمەتگوزارییانەی كە حكومەت پێشكەشیان دەكات بدات. پڕۆژەی ڕووناكی یەكێكە لەو بەشانەی كە هاووڵاتی دەتوانێت بە سیستەمی ئی پسووڵە پارە بدات، هەر كاتێك ویستی، لە هەر شوێنێك كە ویستی، هیچ پێویست ناكات لەمەودوا بچێت لە ڕیزی دوورودرێژ بوەستێت. هاووڵاتی زۆر ئاسانتر دەتوانێت لە شوێنی خۆی، لە ماڵی خۆی و لە هەر كاتێك خۆی ویستی، پارەكەی خۆی بدات و ئەو کاتە حكومەتیش دەزانێت داهاتەكانی چۆنە بۆ ئەوەی زیاتر بتوانێت ڕێكخستنی داهات و خەرجییەكانی خۆیشی بكات. پڕۆژەی ڕووناكی پرۆژەیەكە كە توانی لە ماوەیەكی پێوانەیی زۆربەی كوردستان بكات بە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری، ئەمە كێشەیەكە كە زیاتر لە 30 ساڵە لەم وڵاتەدا هەیە، ئێستاش لە شوێنەكانی تری عێراق دیسان ئەم كێشەیە بەردەوامە. هاوینی ئەمساڵ، هەموو كوردستان دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری. هەموو هاووڵاتییەك ئەگەر ئی پسووڵە بەكار بهێنێت بۆ پێدانی پارەی كارەبا، لەمڕۆوە 30 ڕۆژی هەیە كە بەشدار بێت و داشكاندنێكی 20%. لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی زیاتر لە چوار هەزار مۆلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە. من قەت نەهاتووم بڵێم بڕوامان پێ بكەن بۆ ئەوەی فڵان شتتان بۆ بكەین، بەڵام دوای ئەوەی كە ئەركەكەی خۆمان جێبەجێ كرد و خزمەتگوزارییەكانمان پێشكەش كردن. خەڵك خۆی بەرهەمی كارەكانی ئێمەی بینی و ئەو متمانەیە لە كردارەكاندا دەركەوتووە نەك لە قسەكردندا. سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم و سوپاسی خوا دەكەم كە ئەو دەرفەتەی پێ بەخشین. کار لەسەر پەرەپێدانی هەموو کەرتەکان دەکەین و هێشتا لە سەرەتاین. کارێکی زۆرماوە، ئێمە و هاووڵاتییان پێکەوە بۆ وڵاتەکەمان بیکەین. پلانی زۆر باشمان بۆ داهاتووی کوردستان هەیە. دەمانەوێت ساڵ بە ساڵ کوردستان زیاتر پێشبخەین.

هەواڵ
10-02-2026

مەسرور بارزانی بە لەگەڵ بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانی بەشدار لە پڕۆژە...

ئەمڕۆ سێشەممە 2/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی عەلی ئەلعەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ، لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی ژمارەیەک لە بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەشدارن لە هەردوو پڕۆژەی هەژماری من و ئی پسوولە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە باشترکردنی سیستەمی بانکی و پەرەپێدانی کارکردن و هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکیی ناوەندیی عێراق و ئەوبانکانەدا کرا کە لە هەردوو پڕۆژەکەدا بەشدارن. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی و تیمەکەی کرد بۆ کارئاسانی و هاریکاریی و هاوئاهەنگیی باشیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری پێشخستنی سیستەمی بانکیدا . سەرۆکی حکومەت هەروەها ستایشی چاکسازییەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی کرد بە ئامانجی کاراترکردنی و باشترکردنئ سیستەمی بانکی لە عێراقدا. پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، وێڕای ستایشکردنی دیدگای سەرۆکی حکومەت لە بواری چاکسازی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ، ئامادەیی هەموو هاوکاریی و هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

هەواڵ
10-02-2026

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئی پسوولە چین

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستپێکردنی گشتگیری پلاتفۆرمی "e-Psûle" (ئی-پسوولە) ڕاگەیەندرا، کە سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتووە بۆ پێدانی پسوولە حکومییەکان بە شێوەی دیجیتاڵی. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: ئەم پلاتفۆرمە بە فەرمی لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراقەوە پەسەند کراوە؛ ئەم هەنگاوە وێستگەیەکی گرنگ و چارەنووسسازە لە چوارچێوەی ستراتیجی حکومەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی، کە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە كاركردن بە مامەڵەی نەختی (کاش) و ڕۆتینی کاغەزی دەهێنێت.ئەم پلاتفۆرمە نوێیە، ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان، پسوولە حکومییەکان – کە سەرەتا بە پسووڵەی کارەبا دەست پێدەکات – لە هەر کاتێکدا (بە شێوەی 24 كاتژمێری) و لە هەر شوێنێک بن، بەكار بهێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانکردنی فەرمانگە حکومییەکان و نۆرەگرتن بکات.بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکە بێبەرامبەرە و هاووڵاتی هیچ تێچوویەکی زیادە (عمولە) لە کاتی پارەدان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکە یان لە ڕێگەی هاوبەشە ڕێگەپێدراوەکانەوە لەئەستۆ ناگرێت.گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئی پسوولە "e-Psûle": کۆنترۆڵی تەواو: هیچ لێبڕینێک ناكرێت بەبێ ڕەزامەندیی هاووڵاتییان لە مووچە یان هەژماری بانکی؛ واتە هاووڵاتی خۆی بڕیاردەرە لە ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدانەکە. شەفافییەت: سیستەمەکە وردەکارییەکانی پسوولەکە بە ڕوونی پیشان دەدات، بە جیاکردنەوەی "قەرزی کۆن" لە "پسوولەی ئێستا" بۆ ئەوەی هاووڵاتی بە وردی بزانێت پارەی چی دەدات. فرەیی کەناڵەکان: دەکرێت پارەدانەکە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "e-Psûle"، یان لە ڕێگەی جزدانە ئەلیکترۆنییەکان وەكوو: (FastPay, AsiaPay, NassWallet) و بانکە بەشداربووەکان (FIB, Cihan, NBI) ئەنجام بدرێت.ئەم پڕۆژەیە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمە، بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی سەردەمیانە، کە شایستەی هاووڵاتییانە و برەودانە بە شەفافییەتی دارایی و ئاسانکاری بۆ ژیانی ڕۆژانە.

هەواڵ
10-02-2026

مەسرور بارزانی: پڕۆژەکانی حکومەت بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتییانە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند؛ پڕۆژەکانی حکومەت بێ جیاوازی بۆ خزمەتی هەموو هاووڵاتییانە و هەنگاوی داهاتووش بۆ ئەوەیە ئاسانکاریی زیاتر بۆ هەمووان بهێنینە ئاراوە بە بازرگانانیشەوە.  ئەم پڕۆژەیە کۆتایی بە سەردەمی پارەدانی کلاسیکی دەهێنێت و هەموو خزمەتگوزارییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئامانجی سەرەکی، گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ تەواوی ناوچەکان بە دوورەدەستەکانیشەوە، هاوکات زامنکردنی شەفافیەتە لە کۆکردنەوەی داهات و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و ئیدارە سەربەخۆکان. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "ئی-پسوولە بەبێ هەنگاوەکانی 'هەژماری من' جێبەجێ نەدەکرا. ئەم سیستمە شەفافیەت لە داهات و خەرجی دروست دەکات و هەنگاوێکی گرنگە بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابوورییەکان، هەوڵمان ئەوەیە مامەڵەکان بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان تەواو ئاسان بکەین. ٠ خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو هاووڵاتییانە و دەتوانین لە ڕێگەیەوە ببینین داهاتەکان چۆن دێن و خەرجییەکانمان چۆنن، کۆکردنەوەی داهاتەکانیش بەشێوەیەکی شەفاف و بۆ خزمەتگوزاریی هەموو ناوچەکان خەرج دەکرێتەوە بە ئیدارە سەربەخۆیەکانیشەوە.  ٠ ڕاستە تەکنەلۆژیاکان بێ ‌هەڵە نین بەڵام هەموو ئەو سەکۆیانەی دروستکراون هەنگاوی باشیان بۆ نراوە تاوەکو هاووڵاتییان تووشی گرفتی فێڵکردن نەبن، جیلی نوێ کەمتر گرفتی هەیە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و کەمتر تووشی هەڵە دەبن چونکە تێکەڵن لەگەڵ بەکارهێنانی پلاتفۆڕمە جیاوازەکان.  سەرۆکوەزیران مژدەی پێشخستنی وادەی تەواوبوونی پڕۆژەی "ڕووناکی" ڕاگەیاند؛ بڕیاربوو کارەبای 24 کاتژمێری لە کۆتایی 2026 بگاتە هەموو کوردستان، بەڵام بەهۆی خێراکردنی کارەکان، هاوینی ئەمساڵ پڕۆژەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023ـەوە پڕۆژەی "هەژماری من"ی بۆ بەبانکیکردنی مووچە و شۆڕشی دیجیتاڵی دەستپێکردووە. پڕۆژەی "ڕووناکی"ش کە لە ساڵی 2024ـەوە وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا دەستیپێکرد، پشت بە سیستەمێکی زیرەک دەبەستێت کە کارەبای بەردەوام دابین دەکات و تێچووەکەی بەپێی بڕی بەکارهێنان دەبێت. 

هەواڵ
10-02-2026

مەسرور بارزانی 20% داشکاندنی کارەبا ڕادەگەیەنێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری داشکاندنی 20%ـی بۆ پارەی کارەبا دەرکرد و ڕایگەیاند، تاوەکو هاوینی ئەمساڵ تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی کوردستان و عێراق، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پڕۆژەی "ئی پسوولە" (E-Psule) بەڕێوە دەچێت. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆوە تاوەکو 30 ڕۆژی داهاتوو، هەر هاووڵاتییەک لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی ئی-پسوولەوە پارەی کارەبا بدات، 20% داشکاندنی بۆ دەکرێت. پڕۆژەی ڕووناکیش کە بڕیار بوو کۆتایی 2026 تەواو بێت، لە هاوینی ئەمساڵدا کارەکانی کۆتایی دێت. سەرۆکوەزیران باسی لەوەشکرد پڕۆژەی ڕووناکی کە لەسەر بنەمای بڕی بەکارهێنان کاردەکات، توانراوە لە ماوەیەکی کەمدا کارەبای بەردەوام بۆ زۆرینەی ناوچەکان دابین بکات. بەهۆی ساردیی زستان و زیادبوونی بەکارهێنان، تێچووی سەر هاووڵاتییان بەرزبووەتەوە و هیچ بڕە پارەیەک یاخود گۆڕانکاریی لە نرخدا نەکراوە.  پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی 30 ساڵەی کارەبا لە ڕێگەی پێوەرە زیرەکەکان و ڕێکخستنەوەی دابەشکردن.

هەواڵ
10-02-2026

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

دوای هەوڵ و بەدواداچونەکانی تیمەکانی وەزارەتمان بۆ خەرج کردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا سەرجەم ڕێکارە ئیداری و ژمێریاریەکان لە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەواو کراون و چاوەڕێی گەیشتنی تەمویلەکەین بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری١٠ ی شوباتی ٢٠٢٦

هەواڵ
10-02-2026

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرۆژەی ئی پسوولە رادەگەیەنر...

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی ئەلعەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی کوردستان و عێراق، رێوڕەسمی راگەیاندنی پرۆژەی ئی پسوولە E-Psule بەڕێوەدەچێت.  ئی پسوولە سەکۆیەکی دیجیتاڵی پارێزراوە کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانراوە بۆ پارەدانی پسوولەکان. لەم ماڵپەڕەدا پارەدانی پسوولەکان بە خێرایی و بە پارێزراوی جێبەجێ دەکرێن، کە 24 کاتژمێر و هەموو رۆژەکانی هەفتە کارایە و  پارەدانی پسوولەکانیش بە خۆڕاییە و هیچ زیادە یان عمولەیەکی ناخرێتە سەر. ئی-پسووڵە چییە؟ سەکۆیەک بۆ پارەدانی دیجیتاڵی بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە ئی-پسووڵە و پرۆژەی رووناکی دەتوانێت پارەی کارەبا بدەیت لە هەر کات و شوێنێک بێت 24 کاتژمێر کارایە هیچ کرێیەک (عمولە) ناخرێتە سەر پارەدان پارەدانی پێشوەختە یان بە قیست پشتڕاستکردنەوەی راستەوخۆی پارەدانی دیجیتاڵی ئاگاداریی راستەوخۆی پارەدان بەردەستبوونی راپۆرتی پارەدانی دیجیتاڵی  بە کەمترین کات داهات کۆدەکرێتەوە زیادبوونی متمانەی هاووڵاتی بە کارەکانی حکوومەت هاووڵاتی پێویستی بە کاش نابێت هاووڵاتی ئاگاداری پسووڵە کۆنەکانە  هیچ تێچوویەکی زیادە ناچێتە سەر پسووڵەکان بانک و جزدانە دیجیتاڵییە بەردەستەکان بانکی جیهان بانکی FIB جزدانە دیجیتاڵییەکان ناس واڵێت فاست پەی ئاسیا پەی ئەوانەی لە چارەگی یەکەمی 2026 بەردەست دەبن بانکی ئیسلامیی عێراقی ئاڕ تی بانک بانکی بەغدا بانکی ئیسلامیی ئەبوزەبی بانکی BBAC جزدانە دیجیتاڵییەکان و بریکارەکان زەین کاش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتگیریی دەکات دیلۆیت وردبینی بۆ ئی-پسووڵە دەکات

1 2 ... 52 53 54 ... 1142 1143