هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوەیەک لەسەر شۆفێرانی تەکسی بڵاودەکاتەوە و تێیدا هاتووە، دەبێت هێمای روونکاککەرەوە لەسەر سەقفی تەکسی دابنرێت. هاتووچۆی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: وەک ئەوەی چاودێریمان کردوە بەشێک لە شوفێرانی تەکسی (هێمای ڕوناکی تەکسی) یان لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان دانەناوە یان لە شوێنی جیاواز لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان دایان ناوە. بۆ یەکخستنەوەی هێمای ڕووناکی تەکسی لەمەودوا دەبێت بەم جۆرە بێت. -دەبێت هێمای تەکسی لەسەر سەقفی ئۆتۆمبێل لە ناوەڕاستی دەرگای شوفێر و دەرگای دوای شوفێر چەسپ بكرێت.-دەبێت گڵۆپی ڕووناککەرەوەی تێدابێت، بۆ ئەوەی بەشەو ببینرێت ڕەنگی گڵۆپەکە دەبێت زەرد بێت و نابێت هیچ ڕەنگێکی تر بێت.-بە هیچ جۆرێک نابێت هێمای تەکسی لەسەر جامی دواوە یان جامی پێشەوە یان لەسەر سندوق چەسپ بکرێت.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کۆکردنەوەی هێز لە ناوچە نامانترسێنێت و ئەرکی ئێمە دیپلۆماسییەت و جەنگە. دەستووری ئێران رێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نادات، چونکە هەر لە بنەڕەتدا کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای شکۆمەندییەوە دامەزراوە و کۆکردنەوەی هێزی سەربازیش لە ناوچەکە نامانترسێنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، لە کۆنگرەی نەتەوەیی ناوەندی لێکۆڵینەوە و سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێران ڕایگەیاند: "بە زمانی هێز قسە لەگەڵ گەلی ئێران بکرێت، ئەوا بە هەمان شێوە وەڵامیان دەدەینەوە، بە رێزیشەوە قسە لەگەڵ گەلی ئێران بکرێت، بە زمانی رێزەوە وڵامیان دەدرێتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای شکۆمەندییەوە لەلایەن رێبەری باڵا، ئیمام خومەینییەوە دامەزراوە". عەباس عێراقچی، راشیگەیاند، ڕووبەڕووی جەنگ و هەڕەشەش ببنەوە، لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم پاشگەز نابنەوە و هیچ هەژموونێکی خۆسەپاندنی لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکەن، چونکە دەستووری ئێران رێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نادات، هەر پرسیارێکیش لە بارەی بەرنامەی ناوەکی هەبێت، ئێمە ئامادەین لە رێگەی دیپلۆماسییەوە وەڵام بدەینەوە، بەڵام ئامادە نین هیچ رێگەیەکی دیکە بگرینەبەر. لەسەر کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لە دەریای عەرەب و ناوچەکە لەلایەن ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: کۆکردنەوەی هێزی سەربازی نامانترسێنێت، چونکە ئەرکی ئێمە دیپلۆماسی و جەنگە. عێراقچی تیشکی خستە سەر دانیستوونەکانی پێشووی نێوان ئێران و ئەمریکا و وتی: ئەمریکا و ئیسرائیل ناپاکیان لە ئێران کردووە و لەکاتی دانووستاندا هێرشیانکردووە، ئەمەش بە خیانەتی دیپلۆماسی ناودەبەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شەش داواکاریی سەبارەت بە ئێران داواتە ئەمریکا و دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیە. کەناڵی 12ــی ئیسرائیلی، شەش داواکارییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاشکرا کردووە، کە گەیاندوویەتییە ئەمریکا؛ داواکارییەکان ئەمانەن: - هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.- توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بگەیەنرێتە سەر سفر.- سەرجەم یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی ئێران ببرێتە دەرەوە.- هەڵوەشاندنەوەی ''گرووپە چەکدارەکان'''ـی سەر بە ئێران لە ناوچەکە.- سنووردارکردنی مەودای مووشەکی بالیستیک بۆ 300 کیلۆمەتر.- چاودێرییەکی درێژخایەن بۆ ڕێککەوتنەکانی داهاتوو.لەبەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڵوێستەکانی ئیسرائیل بە ''شێوازی خۆزاڵکردن'' ناو برد، جەختی کردەوە لەوەی تواناکانی بەرگریی وڵاتەکەی جێگای دانوستان نییە. بڕیاریشە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، نەتانیاهۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن کۆببێتەوە و پرسەکە تاوتوێ بکەن.ڕۆژی هەینی هەردوو شاندی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان لە مەسقەت کۆبوونەوە. بڕیارە گەڕی دووەمی گفتوگۆکانیش بەڕێوە بچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنی ڕانەگەیەندراوە.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (سكاینیوز عەرەبییە) ڕایگەیاند، ئەگەر لۆژیكی سوننە و شیعە بەكار بهێنن بۆ دیاریكردنی پۆستەكان، ئەوە مافی پارتییە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق هەبێت. ئەمرۆ شەممە، 7ـی 2ـی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (سکاینیوز عەرەبییە)، ڕایگەیاند: "گرنگە رێز لە دەنگ و خواستی خەڵکی عێراق بگیرێت، هەڵبژاردنمان کرد و خەڵک دەنگی خۆیان دا، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران دەبێت ڕەنگدانەوە واقعی خەڵک بێت، سەروەریی وڵات زۆر گرنگە، دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت." گوتیشی: "ئێمە ڕێز لە پێکهاتەی شیعە دەگرین، هەروەک دەزانن هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران لە ئەرکی پێکهاتەی شیعەیە، کە لە چەندین هەڵبژاردنی ڕابردووش هەروا بووە." باسی لەوەش کرد، "پێمانوایە کوتلەی شیعە، بەرپرسیاری یەکەمە لە پێشکەشکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئێمەش ڕێز لە بریار و کاندیدی ئەوان دەگرین." مەسرور بارزانی، لەبارەی پۆستی سەركۆماری عێراقەوە، گوتی: "کورد کاندیدی سەرکۆمار هەڵدەبژیرێت، کە دەبێتە سەرۆکی هەموو عێراق نەک تەنیا هی کورد، هاوکات سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەیە و هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانیش شیعە هەڵیدەبژێرێت." سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "پارتی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لە هەموو عێراق، زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 دەنگ، کە ئەمەش وای کرد پارتی ببێتە گەورەترین حزب لە عێراق." گوتیشی: "مانای ئەوەیە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە پارتی داوە، بۆیە ئەگەر لۆژیکی سوننە و شیعە بەکار بهێنین، کە کاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستانە دیاری دەکەن، ئەوە مافی پارتییە کە پۆستی سەرکۆماری عێراق دیاری بکات." سەرۆكی حكوومەت، ئەوەشی خستە ڕوو، "پارتی دەیەوێت سەیری زۆرینەی خەڵکی کورد و بەرژەوەندییەکانی بکات، ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان بگرێت، بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرکۆمار، بەڵام حزبی دیکە هەیە نایەوێ بەو شێوەیە لەسەر کاندیدی هاوبەش کارمان لەگەڵ بکات." گوتیشی: "بۆیە ئێمە ناچارین، پڕۆسەیەکی دیموکراتی دادپەروەر و یەکسان بەکار بهێنین، ئەمەش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی کاندیدێک لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی کاندیدێکی هاوبەش هەڵبژێرین و زۆرترین دەنگی بەدەست بهێنێت و نوێنەرایەتیی هەموو کورد بکات." سەرۆكی حكوومەت لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی سەرکۆمار ڕێگایەكی دی خستە ڕوو، "دەکرێت لە ڕێگای ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە عێراق کە لە قۆناغی یەکەم دەنگ لەسەر 9 کاندید بدرێت و کێ زۆرترین دەنگی هێنا ببێتە کاندیدێکی هاوبەش."
دەستەی کارگێری یانەی وەرزشیی هەولێر ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هاوکاریکردنی تیپی تۆپی بالەی یانەکەیان دەکات لەلایەن لایەنێکی دیاریکراو. لە ڕاگەیەندراوێکدا یانەی وەرزشی هەولێر رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هیچ کاتێک درێخی نەکردووە لە پاڵپشتی دارایی یانەکەمان، بە درێژایی حوکمی جەنابیان جگە لە پاڵپشتی مۆراڵی یانەکەمان زۆرترین پاڵپشتی دارایی کراوە. بۆیە ئێمە لەیانەی هەولێر هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، لە ئێستادا یانەکەمان لەسەر ئاستی هەموو یارییەکان و چالاکیەکان لە ریزەکانی پێشەوە ململانێ دەکات، ئەمەش بەهۆی پاڵپشتی سەرۆکی حکومەتە کە لە هەمووان زیاتر خەمخۆر و هاندەری وەرزش و وەرزشدۆستان بووە، بەبێ جیاوازی دەستی یارمەتی و پاڵپشتی بۆ هەموو یانەکانی کوردستان درێژکردووە. ئێمە سەرەرای رەتکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکەین کە ئێستا لەسایەی سێبەری حوکمی جەنابیان و حکومەتە خۆڕاگرەکەی یانەکەمان کێبرکێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەکات.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕێگە بە ئەندامانی کۆنگرێس دەدات پێداچوونەوە بە فایلەکانی دۆسیەی جێفری ئێپستین بکەن کە سێ ملیۆن فایل دەبێت، بەڵام بەکارهێنانی موبایل و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لەلایەن ئەندمانی کۆنگرێسەوە قەدەغەیە. وەزارەتی دادی ئەمریکا، نامەیەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و تێیدا هاتووە: ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن ڕۆژی دووشەممە 09-02-2026 پێداچوونەوە بە فایلەکانی دۆسیەی ئێپستیندا بکەن. ڕۆو خانا، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر پشکی دیموکراتەکان، سەرپەرشتیی هەوڵەکان دەکات بۆ شەفافییەتی لە دۆسیەی ئێپستین. خانا ڕایگەیاند: هەنگاوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، بۆ ئەوەی ئەندامانی کۆنگرێس بتوانن سەرجەم فایلەکان ببینن، ئەرێنییە. لە ماوەی ڕابردوو زیاتر لە سێ ملیۆن فایل لەسەر دۆسییەی جێفری ئێپستین بڵاوکرایەوە، بەشێکی زۆری ئەو فایلانە سانسۆر کرابوون، ئێستا بەهۆی گوشاری بەردەوامی هەردوو پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، ڕێگە دەدرێت ئەندامانی کۆنگرێس بە بێ سانسۆر فایلەکان ببینن و پێداچوونەوەیان بۆ بکەن تاوەکو هەر ئەندامێکی کۆنگرێسیش دەستی بە فایلەکان بگات، پێویستە 24 کاتژمێر پێشتر وەزارەتی داد ئاگادار بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن تەماشای فایلەکان بکەن، یاریدەدەر و کەسە نزیکەکانیان بۆیان نییە دەستیان بە فایلەکە بگات. وەزارەتی دادی ئەمریکا بڕیاریداوە شوێنێکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی فایلەکان دەستنیشان بکات، بردنە ژوورەوەی مۆبایل، کامێرا و ئامێرەکانی دیکە قەدەغە دەبێت. ئەندامانی کۆنگرێس بۆیان هەیە بە پێنووس و کاغەز تێبینییەکانیان بنووسن، بەڵام بۆیان نییە کۆپی فایلەکان بکەن. جێفری ئێپستین ملیاردێرێکی ئەمریکی بوو، لە ساڵی 2019دا لە زیندان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، دوای ئەوەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە سێکس و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان دەستگیر کرا. فایلەکانی ئێپستین بەهۆی ئەوەی ناوی چەندین سەرکردە، پاشا، ملیاردێر و کەسایەتیی جیهانیی تێدایە، وەک "بۆمبێکی سیاسی" دەبینرێت. لە ساڵانی 2024 و 2025دا چەندین بەشی ئەم فایلانە بڵاوکرانەتەوە.
هێزەکانی ئەمریکا سێیەم کاروانی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لە زیندانی غوێران لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، بە ڕێگەی وشکانی گواستەوە عێراق.بەپێی زانیارییەکان، کاروانەکە نزیکەی 500 دەستگیرکراوی داعشی لە خۆگرتووە. ئەمەش دوای هەوڵەکانی ناوەندیی فەرماندەیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە مانگی یەکی ڕابردوودا، پلانی گواستنەوەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعشی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق ئاشکرا کرد.هێزەکانی ئەمریکا زۆربەی تاوەرەکانی چاودێرییان لە دەوروبەری بنکەی سەربازیی شەدادی لە حەسەکە چۆڵ کردووە، هاوکات ئاڵای وڵاتەکەیان لەسەر هەندێک لەو تاوەرانە داگرتووە.ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەزار و 387 چەکداری داعش لەم دواییانەدا لە سووریاوە ڕادەستی عێراق کراونەتەوە، ئێستاش لە قۆناغی بەدۆکیۆمێنتکردنی زانیارییەکاندان.
نوێنەری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی دەکات و ئومێدەوارن یەکگرتوو لە ڕۆڵی میانڕەوانەی خۆی بەردەوام بێت. پەڕەی فەرمیی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 2026.2.7، بەنوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕشنبیری، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 32 ساڵەی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکگرتوویان کرد، لەلایەن سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێشوازیان لێکرا. وێڕای گەیاندنی پیرۆزبایی و سڵاو و ڕێزی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ خواستن، ئومێدیان خواست یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەک هەمیشە لە ڕۆڵی میانڕەوانەی خۆی بەردەوام بێت بە ئاڕاستەی یەکڕیزی و یەكتر قبوڵكردنی نێوان سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانیەکان.
بەهۆی هەبوونی کێشەیەکی تەکنیکی پچڕانی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی هەریمی کوردستان دروست دەبێت و وەزارەتی کارەباش ڕایدەگەیەنێت، لە کاتژمێرەکانی داهاتوو چارەسەری دەکەن. وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەندراویکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا، گرفتی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی دروست بوو، بەشێوەکی کاتی کاریگەری لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی دەبێت. ئەوەش هاتووە: تیمەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز سەرقاڵی چارەسەری گرفتەکەن و لە چەند کاتژمێری داهاتوو گرفتەکە چارەسەر دەکەن و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
خوشک و برایەک بەهۆی گازی سۆپاوە لە ڕانیە دەخنکێن و هۆکاری سەرەکیش گڕگرتنی کورسیێک بووە. تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 07-02-2026 کاژێر 06:00 دوو منداڵی تەمەن 6 ساڵان، کە کوڕ و کچێکی دووانەن، دانیشتووی گەڕەکی تیتۆکە بوون لە قەزای ڕانیە، بەهۆی "گازی سۆپاوە" گیانیان لەدەستداوە. هەژار عومەر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ڕانیە ڕایگەیاند، "ئەو خێزانە چوار منداڵیان هەیە، بچووکەکەیان لە ژووری دایک و باوکی بووە، سێ منداڵەکەی دیکە بەیەکەوە لە ژووری خۆیان خەوتوون. شەو سۆپایان نەکوژاندووەتەوە و لەلای سۆپاکە کورسیی لێ بووە، بۆیە کورسییەکە گڕی گرتووە، دوو منداڵیان کە کوڕ و کچێکی دووانە بوون بەیەکەوە خنکاون، بەڵام منداڵەکەی دیکە کە کوڕێکی 7 ساڵانە بووە، بە سەلامەتی دەرچووە.
پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و دووبارە قیرتاوكردنی هەردوو سایدی ڕێگەی سەرەكیی هەولێر-گوێر دەستیپێكرد کە ڕۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر ئەو ڕێگایە بەکاردەهێنن. ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ڕۆژانە بە هەزاران ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر ئەو دووسایدە بەكار دەهێنن، جگە لەوەی ژمارەیەك گوند و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون سوودی لێ وەردەگرن، ژمارەیەكی یەكجار زۆر كارگە و ناوچەی پیشەسازی لەو سنوورەدا هەن، بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش دەبێتە هۆی ئاسانكارییەكی زۆر بۆ هاتووچۆی دانیشتووان و جووڵەی بازرگانی لەو زۆنە فراوانەی شاری هەولێردا. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە، پڕۆژەكە ئەمڕۆ هەینی 6/2/2026 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە جێبەجێ دەكرێت، تیمەکانی چاککردنەوەی هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و کارگەی قیڕی شارەوانی كار لە پڕۆژەكەدا دەكەن.
ڕۆژی هەینی 6ی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە مەزلووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات كرد. بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی ڕۆژئاوا و هەروەها جێبەجێبكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە و دوایین پێشهاتەكانی سووریا كرا. لەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی داوای كرد كە هەردوولا پابەندی جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتنە بن و هەروەها هەماهەنگی نێوان هەموو لایەكان هەبێت كە لە قۆناغەكانی داهاتوو و لە دەستووردا مافەكانی گەلی كورد لە سووریا پارێزراو بێت و بچەسپێت.