Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13774 بابەت
هەواڵ
03-10-2022

مستەفا کازمی گەیشتە هەولێر

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، گەیشتە هەولێر و لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا. مستەفا كازمی سەردانەكەی لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە ئەنجام دا و بڕیارە لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك بارزانی و مەسرور بارزانی كۆببێتەوە. چاوەڕوان دەكرێت مستەفا كازمی لە سەردانەكەیدا بۆ هەولێر، بەشداری لە ڕێورەسمی ساڵیادی كۆچی دوایی جه‌لال تاڵەبانی، سەركۆماری پێشووتری عێراق دەكات، كە ئەمڕۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

هەواڵ
03-10-2022

مەسرور بارزانی پێشوازی لە مستەفا مستەفا كازمی دەكات

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی عێراقی عێراق دەكات. بڕیارە  ئەمڕۆ دووشەممە  كاتژمێر 9ی بەیانی  مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ دەكات. بڕیارە کازمی لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزابی و مەسرور بارزانی بە جیا كۆببێتەوە.

هەواڵ
02-10-2022

مستەفا کازمی سەردانی هەولێر دەکات و چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی دەبێ

بڕیارە سبەی بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی بگەنە هەولێر بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال. بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال، لە هەولێر ڕێوڕەسمێک بەڕێوە دەچێت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن. هەروەها بڕیارە سبەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بگەنە هەولێر بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال و دواتر کازمی بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.

هەواڵ
02-10-2022

ماڵی برایەکی عەبدوڵای کوێخا موبارەک بۆردومان کرا

ماڵی مەحمودی برای عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە بانی مەقان بۆردومان کرا. بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، بۆردومانەکە بە درۆن بووە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە.

هەواڵ
02-10-2022

ئەو کەسەی تابلۆکانی هاتووچۆی دەدزی دەستگیرکرا

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند: "لەدرێژەی هەوڵەکانی هێزەکانمان بۆ پاراستنی موڵکوماڵی گشتی پاش ئەوەی چەند کەسێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە زانیاریان پێداین و داوای لێپرسینەوەی یاساییانکرد لە تۆمەتبارێکی نەناسراو لەڕێگەی هاتووچۆی نێوان ناحیەی شۆڕش بۆ ناحیەی سەنگاو هێماکانی ئاگادارکردنەوەی هاتووچۆ لێدەکاتەوەو دەیدزێت ، لەسەر فەرمانی بەڕێز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیمان لەئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لەلایەن بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە پەیوەندیکرا بەو کەسانەوەو پاش دڵنیابونەوە لەزانیاریەکان لەسەر ئەوحاڵەتە دەستبەجێ تیمە تایبەتەکانمان لەلایەن بەڕێز (بەڕێوەبەرە)وە ڕاسپێردران بۆ بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری لەوبارەیەوە سەرەنجام پاش تێپەڕبونی کەمتر لەکاتژمێرێک لەداواکەی هاووڵاتیان تۆمەتبارێک بەناوی (ک، م ، ع) دانیشتووی ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ لەلایەن هێزەکانمان لەبەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکرا. تۆمەتبارەکە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناو وتی ویستوێتی تابلۆکان لەبازاڕدا بەفافۆن بفرۆشێت، لەسەر بڕیاری بەڕێز دادوەر لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی و ئەو تابلۆیانەی لێیکردبۆوەو دزیبونی و بەتەمابوو لەبازاڕدا بیان فرۆشیت

گشتی
02-10-2022

‌ڤیدیۆ.. فرمێسک به‌رهه‌مێكی نوێی بۆ ژینا بڵاوكرده‌وه‌

فرمێسك به‌رهه‌مێكی نوێی به‌ناوی (ته‌وار) بڵاوكرده‌وه‌.  سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ فرمێسك دەڵێت" ئه‌م به‌رهه‌مه‌ پێشكه‌شه‌ به‌ هەموو مەهساکان (ژیناکان) بە هیوای ئازادی.. بۆ ژن، بۆ ژیان، بۆ ئازادی".  به‌رهه‌مه‌ نوێکەی له‌ تێكستی ناسر حیسامی و ئاوازی فرمێسك خۆیه‌تی. https://www.youtube.com/watch?v=IcXjhekE38A

هەواڵ
02-10-2022

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: نەوەی نوێ بەڵێنەکەی نەبردەسەر

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە: ئەمڕۆ یەکشەممە 2/10/2022 تیمەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەپارێزگای سلێمانی، لەکارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەستبەکاربون. ئەنجامدانی پڕۆژەکە دوای ئەوە دێت، پێشتر لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەزارەتی دارایی لە 22/6/2022 رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (187.828.000) سەدو هەشتاو حەوت ملیۆن و هەشتسەدو بیست و هەشت هەزار دینار دەربڕی، بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان. ئەوەش دوای ئەوەی لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ تونێلی دەربەندیخان، لەمانگی 4ی ئەمساڵدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەڵێنیدا تونێلەکە نۆژەنبکرێتەوەو لەئێستاشدا کارکردن بۆ دروستکردنی تونێلی نوێی دەربەندیخان بەردەوامە. هاوکات ئەوە بۆ هاوڵاتیان روندەکەینەوە، دوای ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد بۆ کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە، وەک وەزارەت وەڵامیان درایەوە کە ئەگەر جدین و بەڕاستیانە با بێن کارەکە بکەن و ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتیان پێدرا، بەڵام راستگۆ نەبون و نەهاتنە پێشەوەو کارەکەیان نەکردو لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبون، تەنها نمایش و بانگەشەیەکی راگەیاندنیان بەڕێوەبرد بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان لەسەرجەم ناوچەکان و لەو چوارچێوەیەشدا، بایەخی گرنگی بە سنوری دەربەندیخان و گەرمیان داوە، بەجۆرێک وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەماوەی ئەم کابینەیەدا زیاتر لە 8 جار پڕۆژەکانی سنورەکەی بەسەرکردوەتەوەو ژمارەیەک پڕۆژە لە سنورەکە جێبەجێکراون و ژمارەیەک پڕۆژەش کارکردن تیایاندا بەردەوامە. وەک پێشتریش بەڵێنماندابو، لەئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی رێگای ناوتاق لە دەربەندیخان دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی تاوەکو دروستکردن و تەواوبونی تونێلی دوەمی دەربەندیخان وەک رێگایەکی جێگرەوە هاوڵاتیان سودی لێ ببینن.

هەواڵ
02-10-2022

ڤیدیۆ.. لە یارییەکی تۆپی پێدا 129 کەس کوژران

لە یاریگەیەکی تۆپی پێ لە ئیندۆنیزیا 129 کەس گیانیان لەدەستدا و 180 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی دوو یانەی رکابەر پاش تەواوبوونی یارییەکە چوونە نێو گۆڕەپانی یاریگەکە و پێکدادان لەنێوانیاندا روویدا.شەوی شەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2022، یاریی نێوان یانەی ئارێما و پێرسێبایا سورابایا کە دوو یانەی رکابەری سەرسەختن لە یاریگەی کانجوراهان لە شاری مالانگ بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی یانەی ئارێما کە لە یاریگەی خۆیدا پێشوازیی لە پێرسێبایا کردبوو بە 2 گۆڵ بەرامبەر بە 3 گۆڵ یارییەکەی دۆڕاند، هاندەرانی رژانە نێو گۆڕەپانی یاریگاکە و پێکدادان لەنێوان پۆلیس و هاندەرانی هەردوولادا روویدا و بەهۆیەوە 129 کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان منداڵێکی 5 ساڵان بووە. ئەو رووداوە بە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوی تۆپی پێ لە مێژوودا دادەنرێت. پۆلیس دەڵێت، هۆکاری زۆریی قوربانییەکان بەهۆی پاڵەپەستۆی زۆر بووە؛ هەندێکیان بەهۆی تەنگەنەفەسی و هەندێکیشیان بەهۆی ئەوەی کەوتوونەتە ژێر پێی هاندەرانەوە گیانیان لەدەستداوە. جۆکۆ ویدۆدۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دڵگرانی خۆم بۆ ئەو 129 کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە یاریگەی کانجوروهان لە مالانگ نیشاندەدەم". هاوکات داوای لە وەزیری وەرزش و گەنجانی وڵاتەکەی کردووە بە وردی لە رووداوەکە بکۆڵێتەوە و بۆ لەمەودواش پلانی پێشوەختە دابنێن لە یارییەکاندا تاوەکو رووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

هەواڵ
01-10-2022

گرووپێک لەنێو بزوتنەوەی ئیسلامی جیادەبنەوە

گرووپێکی ناڕازی لەنێو بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان جیابوونەوەی خۆیان رادەگەیەنن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو گرووپە لەلایەن کامیلی حاجی عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و سبەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جیابوونەوەی خۆیان ڕادەگەیەنن. ئەم گرووپە چەندین کەسن کە لە دەرەنجامەکانی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی ناڕازین و پێیان وایە کۆنگرەکە نایاساییە.

هەواڵ
01-10-2022

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی گیان لە دەستدانی پێنج پێشمەرگە (تاهیر كاكەوڵا، سەروەر ئەنوەر، ئەردەڵان جەمال، توانا نەسرەدین، جەمال جەلال)م بيست کە ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەیان لە ئەرکی پێشمەرگایەتیدا، لە ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆدا، گیانیان لە دەستدا. پرسە و سەرەخۆشی لەبنەماڵە بەڕێزەکانیان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
01-10-2022

ڤیدیۆ.. سوپای پاسداران بنکەکانی کۆمەڵە بۆردومان دەکات

ئارام مودەڕیسی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بەردەوامن لەسەر تۆپبارانکردن و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ناوچە سنوورییەکان. ئاماژەی بەوە کردووە، "بە خۆشحاڵیەوە هێزی پێشمەرگە هەتا ئێستاش بێ زیانە. هیوادارین هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان سڵامەت بن. مانگرتنی بەرینی و سەرتاسەریی کوردستان سپای پاسدارانی تووشی شڵەژان کردووە و لەهەر شوێنێک هەست بە بوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات کوێرانە بۆردمانی دەکات". https://www.facebook.com/100009670896192/videos/1199556684235169

هەواڵ
01-10-2022

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان...

ڕۆژی شەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سێناتۆر کریستیان کامبۆن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی فەڕەنسا کرد. لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی فەڕەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لە بارودۆخی عێراق و کوردستان هەبوو و ڕاشیگەیاند کە سەرۆک ماکرۆن ڕایسپاردووە کە سەردانی سەرۆک بارزانی بکات بۆ وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق. هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەش ئاڵوگۆڕ کرا کە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننە و کورد لەسەر بنەمای دەستوور ئەنجامدراوە، جەختیش لەوە کرایەوە کە کێشەکانی عێراق لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. پەیوەست بە پەلامارە مووشەکیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، هەردوولا لێدانی خەڵکی سڤیل و بۆردومانی قوتابخانە و شوێنی مەدەنیان بە تاوانێکی گەورە لە قەڵەم دا. لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە بە تایبەتیش هاتنی سەرۆک ئۆڵاند لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر کوردستان ئاماژەیەکی گەورەی دۆستایەتیی گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان بوو. سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی فەڕەنساش ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتی و دۆستایەتیی گەلی کوردستان. لە کۆتایی دیدارەکەشدا میدالیای ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسای وەک دیاری پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.

1 2 ... 523 524 525 ... 1147 1148