ئەمڕۆ سێشەممە 4-10-2022 شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند :"ئێستا ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پەیوەندی کرد کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ دەنگ لەسەر سەرفکردنی پارەی جوتیاران درا بەنرخی پاڵپشت". شاخەوان عەبدوڵا وتیشى "رۆژی 25ی مانگ بۆ بیانو برینی هەموو لایەک نوسراوێکمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد و رۆژی 30 مانگی ئەیلولیش لەگەڵ سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی قسەم کرد"
ئهكادیمیای شاهانهی زانستی لە سوید، به فهرمی براوهكانی ئهمساڵی نۆبڵی فیزیای راگهیاند. ئهكادیمیاکە دوێنێ براوهی خهڵاتی نۆبڵی كیمیای ئاشكرا كرد و تا هەفتەی داهاتووش سهرجهم براوهكان ئاشكرا دهكات. لەم ساڵدا سێ زانای فیزیا به هاوبهشی بوونه براوهی نۆبڵی فیزیا، کە ئهوانیش بریتین له ئالێن ئێسپێكت (فەرەنسی)، جۆن ئێف كڵۆز (ئەمریکی) و ئهنتۆن زایلینگر (نەمسایی). نۆبڵ به گهورهترین خهڵاتی زانستی له ئاستی دنیا دادەنرێت و ساڵانه به زانا و داهێنهرهكان له ههندێك بواری جیاوازی وهك فیزیا و كیمیا و ئابووری و چهند بوارێكی تر دهدرێت.
راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: نامەكەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ مەسرور بارزانی، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئاسایشییەوە واتادارە. عارف ڕوشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، نامەكەی لیز ترەس، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، “لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری و ئاساییشییەوە واتادارە، چونكە كاتەكەی هاوتەریبە لەگەڵ بوونی چەندین تەنگژەی فرەڕەهەندی (ناوخۆیی، عێراقی، هەرێمی و جیهانی)، بە تایبەتی لە جیهانی سیاسەتدا بەرژەوەندییەكان (نەخاسمە بەرژەوەندیی ستراتیژیی دوورمەودا) كڕۆكی پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی پێكدەهێنێت و لێكەوتەی جیۆسیاسی، ئابووری و هەورازونشێوی هەژموونی سەربازی هاوپێچ دەكات”. عارف ڕوشدی ڕاشیگەیاند، هەرێمی كوردستان بێ ئاگا نەبووە لە جموجۆڵ و ئامادەیی خۆی هەبووە، “ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت لە چەندین بۆنەی هەستیاری جیهانی و هەرێمیدا کە بەشێك لەوانە، سەردانەکانیان بۆ وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، وڵاتانی کەنداو و تورکیا)، بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت لە دیدارەکانی (دافۆس و چاتامهاوس)، بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێم لە رێورەسمی ناشتنی (شاژنی بەریتانیا) لە لایەک، سەردانی گەورە بەرپرسانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی تا دەگاتە ناردنی نامەکەی (لیز ترەس)ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە لایەكی دیكە، گرنگیی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی داهاتووی (سیاسی و ئابووری) ناوچەیی و جیهانی دەخەنە روو، بۆیە زۆر پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتمانی، بە خەمخۆری و لێزانینەوە وەبەرهێنان لەسەر ئەم گرنگییە بكرێت”. دوێنێ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە نامەکەیدا بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا کردووە لە مانگی چواری ئەمساڵ و دەڵێت: ”زۆر خۆشحاڵبووم کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە لەندەن پێشوازیمان لە بەڕێزتان کرد و هیوادارم سەردانەکە بەرهەمدار بووبێت“. لیز ترەس وتی: “خۆشحاڵم کە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوولامان، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزترە” . هەروەها لە نامەکەیدا هاتووە: ”ئێمە بەهای هاوبەشمان هەیە و پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک بە شێک لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو و بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە، بەیەکەوە کاربکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر“. سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو: “ئومێدەوارم بەیەکەوە کار بکەین لە پێناو بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان”.
قایمقامی قەزای چوارتا رایگەیاند، درۆنێک لەسەر پردی شێخەڵ مارێنی نزیک ناحیەی زەلان لە قەزای ماوەتی شارباژێڕ ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکانی پەکەکەی دەکاتە ئامانج و بریندار ھەیە. شاهۆ عوسمان، قایمقامی قەزای چوارتا راشیگەیاند "لە ئۆتۆمبێلەکەدا گەریلایەکی پەکەکە بریندار بووە'' و تیمەکانی تەندروستیش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هیچ زیانیک بەر خەڵکی ناوچەکە نەکەوتووە. قایمقامی چوارتا ئاماژەی بەوەشکرد کە هێشتا درۆن لە ناوچەکە دەسووڕێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئۆکتۆبەر ( تشرینی یەکەم) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاولا گانلی باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.لە ديدارەکەدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسیی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا تاووتوێ کران. باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و هاریکاریی و هەماهەنگیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.سەرۆکی حکومەت، وێڕای خستنەڕووی کورتەیەک دەرباری چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور کرد، بە شێوەیەک کە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پرنسیپەکانی هاوسەنگیی و بەشداریی ڕاستەقینە و سازان بگیرێت.دۆخی ئاوارە و پەنابەران و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشو هەوا لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
لە شەقامێكی گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، ژنێك دەستڕێژی لێكرا و کوژرا. بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە بە پیادە رۆشتوە لەوکاتەدا دەستڕێژی لێکراوە، دوای ڕووداوەکەش بکوژەکە هەڵاتووە و لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەستیان بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کردووە، تا ئێستاش هۆکاری رووداوەکە نازاندرێت.
بافڵ تاڵەبانی لە پێنجەم ساڵوەگەڕی كۆچیی دوایی مامجەلال لە رێگەی نووسینێكەوە دووبارە هێرش دەكاتەوە سەر لاهووری ئامۆزایدەقی نووسینەكەی بافڵ: باوکی ئازیزم پێنج ساڵی تەواوە لێرەنیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، دڵێکی پڕ لە هیوا و ویژدانێکی ئاسوودەوە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی یەكێتی، كوردستان و عیراقەوە بۆت بنووسم. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی بە ورەیەکی پۆڵایین و هێزێکی لەبن نەهاتووەوە وەک رێبوارێکی رێگای ئازادی و شکۆمەندی، خەمی کورد و کوردستانت کردە کۆڵ و ژیانت کردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەها پیرۆزانەی هەرگیز سازشت لێنەکرد. ئامانجێک کە خۆی لە بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد، دادپەروەری، دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیاندا دەبینییەوە. دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ هاوخەبات و هاوڕێکانتدا هەر لەوپێناوەدا بوو.لای هەمووان روون و ئاشکرایە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو. دەتویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و دۆزە رەواکانی گەلی کورد. وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تەندروست. بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا كەسانێك رێگەكەیان ونكرد و چەپكەگوڵەكەیان بەرەو وشكبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەكۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەكەمان دا و یەكێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەكە ئاڕاستەكرد. بەڵێنمان بە رۆحی تۆ و خەڵکە دڵسۆزەکەماندا یەکێتییەکەت وەک چاومان بپارێزین. ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر رێچکە تەندروستەکە و هەموو ئۆرگانەکانمان کردووەتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. ئەمەش هەر ئەوەبوو کە تۆ دەتویست. دەمانەوێت لەگەڵ خوا و خەڵكەكەمان راستگۆبین. لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بین كە وەرمانگرتووە. یەكێتی هەڵگری سیاسەتێكی حەكیمانە و تەندروست بێت وەك ئەوەی خۆت پەیڕەوت دەكرد. بەدیدگایەكی نیشتمانییەوە كار بۆ بەرژەوەندییە گشتی و باڵاكان بكەین و خزمەتی خاك و خەڵكە خۆشەویستەكەمان بكەین. هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین و پەرە بە گیانی تەبایی و پێكەوەژیان بدەین. رێز لە جیاوازییەكان بگرین و دەرگامان بەڕووی رەخنە و گلەییەكاندا كراوە بێت. دەمانەوێت ژینگەیەك فەراهەم بكەین كە تاكەكان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بكەن. دەزانین رێگەكەمان سەختە و بەربەستەكان زۆرن، بەڵام بەڵێنێكە و داومانە (نەسرەوتن تا سەركەوتن). ساڵی رابردوو و لە چوارەمین ساڵیادی كۆچتدا بۆم نووسیت هەر بڕیارێك داومانە و دەیدەین لەپێناو چاكەی گشتیدا بووە و دەبێت. ئێستاش دوای ساڵێك بەویژدانێكی ئارامەوە بۆت دەنووسم هەر ئەوەمان ئەنجامدا كە لێمان چاوەڕێدەكرا. رێگریمان لە بەهەدەردانی سامانی گشتی كردووە و رووبەڕووی نایەكسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەكارهێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە كردووە. یاساشكێنانمان داوەتە دادگا و ئارامی و ئاسایشمان لەپێشینەی ئەركەكانمان داناوە. لەبوارەكانی تەندروستی، پەروەردە و ژینگە خزمەتی زۆرمان پێشكەشكردووە و بەردەوامیش دەبین. لە ماوەی رابردوودا عیراق، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆككۆماری بوویت، بەدۆخێكی هەستیار و تەنگژەیەكی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی. ڕوانینێكی سادە بۆ دۆخەكە ئەو راستییەی دەردەخست كە كۆچی تۆ چ بۆشاییەكی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستكردووە. بەڵام نائومێد نەبووین، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوهەری تۆ لە هەوڵەكانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و كۆكردنەوەی لایەنەكان لەپێناو هاوبەشیی راستەقینە و سازان بەردەوام بووین. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتی حەكیمانەی تۆی پەیڕەوكرد و هەمووان شاهیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدەن كە بەشێك بووین لە چارەسەر نەوەك ئاڵۆزی. بۆ ئەمەش خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزارت دەزانین. یادت بەخێر شكۆی نەتەوە و نیشتمانمێژوو بەشانازییەوە ناوت دەهێنێت كوڕی خۆتبافڵ
ئەمڕۆ دوو شەممە بەرواری 7ى ربیع االاول 1444 بەرامبەر بە 3-10-2022 ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئيسلامی بەسەرپەرشتی مامۆستا عرفان علی عبدالعزیز ڕابەری گشتی لە شاری سلێمانی کۆبوەوە بەناوی خوای گەورە و میهرەبانڕاگەیەنراوێک لە ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان ئەنجومەنی شورا بە بۆنەی يادی لەدایکبونی پێغەمبەری پێشەوایەتی درودی خوای لەسەربێت پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم مسولمانانی كوردستان و جيهان دەکات، هيوادارين ئةو يادە پڕ شکۆیە ببێتە مایەی زياتر گەشەکردنی ئيسلام و مسوڵمانان لە كوردستان و جيهان، وە داواش دەکات لەسەرجەم مەڵبەند و ئۆرگانەکانی کە گرنگی و بایەخی تایبەت بەو بۆنە پیرۆزە بدەن.ئەنجومەنی شورا دۆخی ئێستای عیراق و کوردستانی تاوتوێ كرد و هيوای خواست لە ڕێگای گفتوگۆ و لە یەکتر گەیشتنەوە هێزە سياسيە كوردستانيەکان بگەن بە ڕێگای چارەی گونجاو بۆ ڕزگارکردنی عێراق و لەو دۆخە نەخوازراوەی كە لە ئێستادا تێیکەوتوە و داواش دەکات لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی كوردستان یەکڕیزی و بێ لایەنی خۆی لەسەرجەم کێشەکانی ناوچەکە بپارێزێت.ئەنجومەنی شورا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم مەڵبەند و ئۆرگانەکانی بزوتنەوە دەکات کە توانيان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئاینی و ئەخلاقی و حیزبی مەرکەزیەتی سەرجەم ئۆرگانەکان بپارێزن.وە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، یەکڕیزی و تەبایی تێکڕای ئەنجومەنی شورا و سەرجەم ئۆرگانەکان ئاماژە و زامنی سەرکەوتنە لە داهاتوودا.سەبارەت بەو هەڵا ڕاگەیاندنە كە دوێنێ لە بەشێک لە ميدياكان بڵاوکرایەوە، ئەنجومەنی شورای بزوتنەوە بە نیگەرانیەوە بۆ ئەو ڕوداوە دەڕوانێت، لەکاتێکدا کە هەموو لایەنەکان ئێستا لە هەموو كات زياتر پێویستان بە یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆیی هەیە، بەتایبەتی هێزە ئیسلامیەکانی كوردستان کە گەلەکەمان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ڕوبەڕوی کۆمەڵێک شالاوی فیکری و بەدڕەوشتی و بەدئەخلاقی بوەتەوە کە ئێمە مسوڵمان دەبێت خۆمان بە پارێزەری شوناس و ئاکاری گەلەکەمان بزانين.ئالةو کاتەدا چەند کەسێک كە نەیانتوانیوە متمانەی کۆنگرەی دوانزە بەدەست بهێنین و بەدەستلەملانێ لەگەڵ کەسانێک کە لە مێژووی بزووتنەوەدا هەمیشە سەرقاڵی دووبەرەکی و ناکۆکی بوونەوە لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەدا جارێکیتر هەوڵی لێکترازان و دووبەرەکیان دایەوە لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئيسلاميدا.بە هەمولایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەنجامەکانی کۆنگرەی دوانزە لە رووی شەرعی و ياسايی و سياسييەوە قەبول کراوە و کۆتایی پێهاتوە و جا ئەوانەی كە ئێستا بە بزوتنەوەی ئيسلامی رازی نين، ڕێگایەکە خؤيان هەڵیانبژاردوە و ئێمە ناوەستین لە كاروانی ڕابونی ئیسلامی و ڕێبازی شەهید و سەرکردەکانمان.دۆخی بزوتنەوەی ئيسلامی سەقامگیرە و هەموو ڕێکارێکی ياسايش دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆ و مێژوو و مەرکەزیەتی بزوتنەوە.
ئەمڕۆ (3ی ئۆکتۆبەری 2022)؛ ساڵڕۆژی بەئەندامبوونی دەوڵەتی عێراقە لە کۆمەڵەی گەلان. (3ی10ی 1932)، کە هاوکاتی کۆتاییهاتنی ماندێتی (ئینتیداب)ی بەریتانیایە بەسەر دەوڵەتی دروستکراوی پاشایەتیی عێراق؛ کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان؛ ئیدی لەوڕۆژەوە سەروەریی وەدەست هێنا و بوو بە دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ.بەڵام، ئەو بۆنەیە بۆ کورد لە باشووری کوردستان و بگرە بۆ تەواوی کوردستان، ڕۆژێکی ڕەشە؛ چونکە بوونی عێراق بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر و دانپیانراو لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە؛ ئیدی ئەمە بە مانای ڕەوایەتیی بەخشینی (ناڕەوای) نێودەوڵەتی بوو بە داگیرکردنی ئەم بەشەی کوردستان (باشوور) و ئیدی لەوەبەدواوە دەرگا لەسەر هەموو هەوڵ و داخوازیێکی کورد بەتەواوی داخرا؛ کە وەک نەتەوە و نیشتمانێکی داگیرکراو داوای مافی سەروەربوونی خۆی بکا. نەک هەر هێندە، ئیتر لەناو ئەو دەوڵەتەدا و بە پشتیوانیی بەریتانیا و دواتر زلهێزەکانی تریشەوە؛ هەموو هەوڵێک چ بە نەرمی و چ بە ئاگر و ئاسن و کوشتاریشەوە درا، تا کورد؛ داگیرکردن و ژێردەستەبوون وەک قەدەرێکی سەپێنراو و چەسپاوی نێودەوڵەتی قبووڵ بکا و ڕێی توانەوە لەناو نەتەوەی عەرەبدا (لە بەشەکانی تریشدا، لەناو نەتەوەکانی فارس و تورک) بە تاکەڕێگای قبووڵکراو ببینێ، بەڵام خۆشبەختانە، کورد بە هەموو شێوازەکانی بەرەنگاری و بەرخۆدان، تا ئەم ساتەوەختەش، ئەو قەدەرەی ڕەت کردەوە؛ هەرچەندە بە زۆر دۆخی توندوتیژ و خوێناویشدا تێپەڕیوە. لێرەدا؛ ئەبێ ئاماژە بەوەش بدەم، لە ڕێكکەوتنی (لۆزان )ەوە؛ کە بەهۆیەوە (سیڤەر) هەڵوەشایەوە و دواتریش بەریتانیا و کۆمەڵەی گەلان لە (1926)دا، لە سیناریۆیەکی گوماناویدا، ویلایەتی مووسڵیان بە دەوڵەتی دروستکراوی عێراقەوە لکاند و گرێ دا؛ کە هەموو باشووری کوردستان بە کەرکووکیشەوە، بەشێک بوو لە ویلایەتی مووسڵی عوسمانی، بەڵام بەدەر لە کێشەی مووسڵیش، ناوچەکانی خانەقین و گەرمەسێر بە قازانجی عێراق یەکلا ببوونەوە؛ چونکە ئەو ناوچانە (خانەقین و گەرمەسێر) سەر بە ویلایەتی بەغدای عوسمانیی بوون و بەشێک نەبوون لە دۆسیەی (کێشەی مووسڵ)، کە لەنێوان بەریتانیا و تورکیادا ماوەیەکی زۆر کێشمەکێش و هەروەها دانوستانی لەسەر بوو. لەڕاستیدا، لەو مێژووەوە زەمینەسازیی بێبەشکردنی کورد (باشوور) کرابوو، تا لە هەموو ئەو مافانە بێبەش بکرێ؛ کە لە (سیڤەر)دا هاتبوون، بەڵام دواجار؛ کە دەوڵەتی پاشایەتیی عێراق؛ بە جوگرافیای ئێستایەوە، بەفەرمی وەک دەوڵەتێکی سەروەر دانی پێدا نرا؛ ئیتر کورد (باشوور) تا دوای پتر لە هەفتا ساڵ؛ لە هەموو ڕەهەندە جیاجیاکانەوە لەژێر جەور و ستەمی داگیرکردندا بوو، بەڵام وەک جاری تریش گوتوومە؛ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان (25ی 9ی 2017) تیۆرییەکی نوێی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی بەرهەم هێنا؛ کە تەفسیرکردنەکانی ئەوانی دیكەی هەر لە (کۆمەڵەی گەلان) و (بەریتانیا) و (دەوڵەتی عیراقی ئەوساوە) تا تەفسیرەکانی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوشێوەکانی و عێراقی ئێستا و بەریتانیا و ئەمریکا و زلهێزەکانی دیكەی دنیا و ناوچەکە ڕەت کردەوە و بە هەمووانی گوت: "ئیتر کورد خۆی بۆی هەیە مافەکانی خۆی تەفسیر و پێناسە بکات، نەک ئەوانی دیکە". بۆیە؛ ئەمڕۆ (3ی10) بۆ کورد بیرهێنانەوەی ڕووداوێک و ڕۆژێکی شووم و تاریک و نەگبەتە و کەسیشمان ناچار نین لەدەرەوەی بۆنەیەکی کارەساتباردا یادی بکەینەوە. من خۆم بیرهێنانەوەی ئەو ڕووداوە؛ وەک سەرلیستی ڕووداوە تراژیدییەکانی نەتەوەکەم هەژمار دەکەم و هەر ئەوەندە بە ڕەوای خۆم ئەبینم، کە نەفرەتی لێ بکەم؛ چونکە ئەمە تۆماری داگیرکردنێکی نوێی چەشنی دڕندانەیە؛ لە بابەتی تیۆرییەکەی مامۆستا بێشکچی؛ کە ئەو ستایلە لە داگیرکردن بە کۆلۆنیالزمی نێودەوڵەتی ناودێر کردووە. ئەمە هیچ پەیوەندی و ڕایەڵێکی ئەخلاقی بۆ منی کورد و تۆ و ئەوانی دیكەی کوردەوە تێدا نییە؛ چونکە ئەمە ڕۆژی جاڕدانی داگیرکردنی کوردستانە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، نامەیەکی لە سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو لیز ترەس پێگەیشت . سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، لە نامەکەیدا ئاماژەی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەریتانیا کردووە لە مانگی چواری ئەمساڵ و دەڵێت ” زۆر خۆشحاڵبووم کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە لەندەن پێشوازیمان لە بەڕێزتان کرد و هیوادارم سەردانەکە بەرهەمدار بووبێت“. سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، باس لە پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو دەکات و دەڵێت : “خۆشحاڵم کە پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوولامان، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزترە” . ليز ترەس هەروەها لە نامەکەیدا دەەڵێت” ئێمە بەهای هاوبەشمان هەیە و پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک بە شێک لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو و بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە، بەیەکەوە بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر“. سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، لە کۆتاییدا نامەکەیدا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی : ئومێدەوارم بەیەکەوە کاربکەین لە پێناو بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان .
سەرۆک مەسعود بارزانی و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیان لە بایەخی پشتبەستنی لایەنەكان بە شێوازی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتنی نێوانیان بۆ دۆخی عێراق كردەوە. بەپێی راگەیەنراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە و لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی وڵات و دوایین پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لە بایەخی پشتبەستنی لایەنەكان بە شێوازی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتنی نێوانیان كرایەوە". هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا تەحەددیاتی ئەمنی و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەستەبەركردنی سەقامگیری تاوتوێ كرا".
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستیپێکرد. https://www.facebook.com/kurdistan24.official/videos/404613785009520