Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13711 بابەت
هەواڵ
12-02-2026

پارێزگای هەولێر چەند ڕێنماییەکی تایبەت بە مانگی ڕەمەزان بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.2.12، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەل و پەل و کاڵا و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەک لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا. دواى گفتوگۆکردن لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاوڵاتییان، پارێزگارى هەولێر، جەختى لە توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ، نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد. یەكەم: لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم دەكرێتەوە و لەكاتژمێر 9ی بەیانی دەستپێدەكات. دووەم: لیژنەی قائیمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان زیاتر. سێیەم: نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لە سەر هاووڵاتیان گران بکات. چوارەم: ڕێکارى یاسایی پێویست بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە یارى بەبازاڕ دەکەن، نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن. پێنجەم: لە پێناو پاراستن و سەلامەتى گیانى هاووڵاتیان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه‌ بەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى (خۆراک، دەرمان، مۆڵ، مارکێت) و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لە ناو شار و دەرەوەى شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت. شەشەم: لە بازگەکان چاودێرى تووند بکرێت، ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەلوپەلى ماوەبەسەرچوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت. حەوتەم: تیمەکانى شارەوانى زێدەتر لە ڕۆژانی ئاسایی بەر لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریکردنى شوێنە گشتیەکان و پاککردنەوەى نێو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بەردەوام دەبن. هەشتەم: کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و فێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێوشوێنى پێویست بگرنەبەر. نۆیەم: هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ) لە پێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار، سەر و ماڵ و گیانى هاووڵاتیان، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان. دەیەم: کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى، ئەوساڵ باشتر و چاكتر لە ساڵانی ڕابردوو بە باشى و بەبێ کەم و کوڕى بەڕێوەدەبرێت. یازدەیەم: مزگەوتەكان تەنها لە 10 شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگایان كراوە دەبێت تا نوێژی بەیانی، جگە لە پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش هیچ كەسی تر بۆی نییە مەراسیم و چالاكی ئایینی و تەراویح ئەنجام بدات.

هەواڵ
12-02-2026

مەسعود پزیشکیان: شەوان خەوم لێ ناکەوێت

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، شەوی چوارشەممە، لە میانی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر لە تاران گوتارێکی پێشکەش کرد، تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستای ئێران، پزیشکیان وتی: زۆر شەوان خەوم لێ ناکەوێت و پێویستیمان بە یەکڕیزیی نیشتمانی هەیە. دەقی قسەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران: ئەو برینەی لە کۆمەڵگەدا دروست بووە، برینێکی تاڵە. کاری پزیشک ساڕێژکردنی برینە، نەک قووڵکردنەوە و چڵکپێکردنی برینەکە. دوژمن و بێگانەکان هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان و خاک و ئاوەکەمان بە ڕاستی لەت لەت بکەن. هونەرمەند بە بڕوای من، هەروەها بەڕێوەبەر و کاربەدەستی سیاسی، دەبێت تاوەکو ئەو شوێنەی بۆی دەکرێت و لە دەستی دێت، ئەم برینە ساڕێژ بکات و هەوڵ بدات ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزی و سەروەرییەی وڵات چاک بکاتەوە. من خۆم زۆر شەوان بەڕاستی خەوم لێ ناکەوێت و لەوەی کەوتووینەتە ئەم بارودۆخەوە زۆر نیگەرانم. بەڵام هیچ چارەیەکمان نییە جگە لەوەی بمێنینەوە و وڵاتەکە بونیاد بنێینەوە. دەقی پەیامەکەی مەسعود پزیشکیان: ئەوەی مرۆڤ زوێر بێت و بکەوێتە داوی هەندێک کەس کە لەو دیو ئاو و خاکەوە (لە دەرەوەی وڵات) دانیشتوون و رێگە بە دوژمن دەدەن هێرش بکاتە سەر خاکمان و بۆردوومان بکات و وێران بکات، ئەوپەڕی نامەردییە. ئەوەش شتێکە کە بە راستی دەمەوێت لە ئێوەی هونەرمەندانی ئازیز، کە سەرەڕای ئەم هەموو گوشار و تەشەرە نامەردانەی لێتان دەدرا، وەستان و هاتن، لە ناخی دڵمەوە سوپاستان بکەم. زۆر سوپاس. پەیامەکەی پزیشکیان لە کاتێکدایە، لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دژی گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لە بازاڕی تارانەوە دەستیپێکرد، کە بە تووندی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وەڵام درانەوە و ڕێکخراوانی مافی مرۆڤ دەڵێن: تاوەکو ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار کەس کوژراوە.

هەواڵ
12-02-2026

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ: کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران حەوت هەزار کەسی...

ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران "هرانا" نوێترین ڕاپۆرتی لەبارەی قوربانیانی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت: کوژراوانی خۆپێشاندانەکان حەوت هەزار کەسی تێپەڕاندووە. قوربانی و دەستگیرکردن (بەپێی ئاماری هرانا): -بەگوێرەی ڕاپۆرتی هرانا، حەوت هەزار و دوو کەس کوژراون کە 216 کەسیان منداڵن، هاوکات بەدواداچوون بۆ کوژرانی 11 هەزار و 730 کەس دەکرێت کە هێشتا بەڵگەی تەواویان لەسەر نییە. -25 هەزار و 22 کەس لە ڕووداوەکاندا بریندار بوون. - 52 هەزار و 941 خۆپیشاندەر لە سەرانسەری وڵاتەکە دەستگیر کراون. ئامارەکانی حکومەتی ئێران شتێکی دیکە دەڵین و ئاماژە بە ژمارەیەکی دیکەی قوربایان دەکەن لە وڵاتەکە، بە جۆریک: دامەزراوە حکومییەکانی ئێران ئاماری کەمتریان بڵاوکردووەتەوە: ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکە کۆی قوربانیەکانی بە سێ هەزار و 117 کەس هەژمار کردووە، بە گوتەی ئەوان، "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون." ئاژانسی فەرمیی ئیرناش ناوی دوو هەزار و 986 کوژراوی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: 131 تەرم نەناسراونەتەوە. ناڕەزایەتییەکان کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە لە تارانەوە بەهۆی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتووەتەوە، لەوانە: زیان بە 250 قوتابخانە و 300 مزگەوت و 90 حەوزەی عیلمی گەیشتووە. زیان بە دوو هەزار و 200 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گەیشتووە.

هەواڵ
12-02-2026

سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی کوێت لە عێراق کۆبووەوە

ڕۆژی پێنجشەممە 12ی شوباتی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە حەسەن محەمەد زەمان باڵیۆزی کوێت لە عێراق کرد، باس لە بارودۆخ، ئالنگاری و هەڕەشەکانی بەردەم سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی کرا. بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا کە عوسمان داود کونسوڵی کوێت لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی کوێت وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی سڵاو و ڕێزی (شیخ مەشعەل ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح)ـی (ئەمیری کوێت)ـی بە سەرۆک بارزانی گەیاند جەختی لەسەر پەیوەندی و برایەتیی نێوان گەلی کوێت و گەلی کوردستان کردەوە و ستایشی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ئازادی. هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سڵاوی تایبەتی بۆ ئەمیری کوێت و گەلی کوێت هەبوو و ئاماژەی بە ئازاری هاوبەشی گەلی کوردستان و گەلی کوێت دا لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق و جەختی لە برایەتی و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە. لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا باس لە بارودۆخ و ئالنگاری و هەڕەشەکانی بەردەم سەقامگیریی ناوچەکە بە گشتی کرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەواڵ
12-02-2026

لە هەولێر تیروپشک بۆ چوار هەزار پارچە زەوی دیکە دەکرێت

پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر بەردەوامە و بڕیارە لە 10 ڕۆژی داهاتوو، تیروپشک بۆ دابەشکردنی نزیكەی چوار هەزار پارچە زەوی دیکە بکرێت. کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، لە 10 ڕۆژی داهاتوو، تیروپشک بۆ دابەشکردنی نزیكەی چوار هەزار پارچە زەوی دیکە دەکەین، ئەم وەجبە نوێیەی دابەشکردنی زەوی دەکەوێتە سنووری کەرتی جەژنیکان. کۆی گشتی فۆرمە پەسەندکراوەکان لە شارەوانییەکانی هەولێر زیاتر لە 140 هەزار فۆرمە، ئەوانەی تیروپشکیان بۆ کراوە زیاتر لە 65 هەزار کەس دەبن، 33 هەزار کەس زەوییان بۆ جیاکراوەتەوە و پڕۆسەکە بۆ ئەوانی تریش بەردەوام دەبێت.

هەواڵ
12-02-2026

دوایین زانیاریی لەبارەی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری

لە بەشێکی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە نرخی کارەبای 24 کاتژمێری زیاد بووە و جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی تەواوی لەبارەوە دەدات. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە سیستەمی کارەبای 24 کاتژمێری ڕایگەیاند؛ پسوولەی ئەم مانگەی هاووڵاتییان کرێی 46 ڕۆژی ڕابردووی تێدایە، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەكەوەو چاپکردنی پسوولەکاندا بووە، ئەو زیادەیەی رۆژەکان (16 رۆژەکە) نابێتە هۆی ئەوەی هاونیشتمانییان بچنە نێو "تاریفەی گرانتر و گوتی: "400 کیلۆواتی یەکەم بۆ 30 ڕۆژ هەژمار دەکرێت، ڕۆژە زیادەکانیش بە هەمان نرخی هەرزان هەژمار دەکرێن." هەر بۆیە مانگی داهاتوو تەنها پسوولەی 14 ڕۆژیان بۆ دەچێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نرخی کارەبا نەکراوە، بگرە وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی نییە و ئەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت" بەڵام بۆ مانگی ڕابردوو زۆرینەی هاووڵاتییان بە ڕێژەی 50٪ زیاتر کارەبایان بەکار هێناوە، ئەمەش بەهۆی دوو هۆكارەوە ؛ بەهۆی وەرزی زستانەوە خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە، هاوكات ماوەی خوێندنەوەی پێوەریش كە ئەم مانگە بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەکەوە، پسوولەکان بۆ ماوەی 46 رۆژ هاتوونەتەوە نەک 30 ڕۆژ. عەزیز ئەحمەد، وتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بابەتی داشکاندن بۆ هاووڵاتییان کەمتەرخەم نەبووە و داشکاندنی لە 20٪ی داشکان بۆ پسوولەی داهاتوو، بۆ ئەو هاوبەشانەیە لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوە لە 30ڕۆژی داهاتوو پارەی کارەبا دەدەن، واتە هەر هاووڵاتییەک لە رێگەی (ئی-پسوولە)ـەوە كرێی كارەبا بدات داشكاندنەكە دەیگرێتەوە، بۆ قەرزەكانی پێش پرۆژەی ڕووناكیش جارێ بڕیار نەدراوە كە بەتەئكید رەچاوی بارودۆخی هاوڵاتیان و مووچەخۆران دەكرێت و بەشێوەیەكی درێژخایەن ئەو قەرزانە وەردەگیرێتەوە..

هەواڵ
11-02-2026

راگەیەندراوی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە. دەقی راگەیەندراوەکەی یەکێتی؛ ئەمڕۆ 11ی2ی2026 کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لەنێوان جەنابی کاک مەسعود بارزانی و جەنابی کاک بافڵ تاڵەبانی لەکەشێکی زۆر ئارام بەڕێوەچوو. لەکۆبوونەوەکەدا، پرسە هەنووکەییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.  وێڕای ئەرێنی بوونی کۆبوونەوەکە، لە بەشێک لە میدیا و سۆشیال میدیاکان هەواڵی ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان بڵاو دەکرێنەوە، ئێمە بە فەرمی و سەرلەبەری ئەم دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە؛ و هەر رێککەوتنێک ئەنجامبدرێت لەنێوان هەردوولا بەفەرمیی بۆرایگشتی بڵاوی دەکەینەوە.  کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هەواڵ
11-02-2026

کەسێک بە تۆمەتی دزینی 20 سپلیت دەستگیر دەکرێت 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تیمەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی (ناوەڕاست)، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ن. ن. ش) دەستگیر کرد. ئاماژە بەوەشکراوە، ناوبراو تۆمەتبارە بە دزینی زیاتر لە 20 کەلەسەری سپلیت (یەکەی دەرەکی) لە سەربانی بازاڕی قەیسەریی ناو شاری هەولێر. ​تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

هەواڵ
11-02-2026

ئەنجوومەنی وەزیران دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەل...

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/11، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆ بووەوە. ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی 11ی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ( جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کرا. ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کرا و حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر بابەتی سەرژمێریی و لێکەوتەکانی، ئەنجومەنی وەزیران، وێرای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەیەنراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ە. لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووریی و یاسایی و نیشتمانیی خۆیان، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبوڵی بکەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەیەنراوی خۆی کەم بکرێتەوە. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم کە %14.1ە ، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی. پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیيان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشتبەست بە ماددەی 132ی دەستوور و یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2025 ی هەمواری یاسای زیندانیيانی سیاسیی عێراق، لەمبارەیەوە سەرەتا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پوختەیەکی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی دەستووریی و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەکەی خستەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمیی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسیی کە بە گوێرەی ماددەی 132 ی دەستوور ، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەستووریی حکومەتی فیدڕاڵیە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسیی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشانکردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانەڕوو.

هەواڵ
11-02-2026

مەسرور بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی کوەیت لە عێراق کۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 11-02-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە حەسەن محەمەد ئەلزەمان، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دیدارەکەدا کە عوسمان ئەلداوود، کونسوڵی گشتیی کوەیت لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باڵیۆزی کوەیت سڵاو و ڕێزی میر و جێنشینی کوەیتی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێویستیی پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوەیت کرد و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان نێوان هەردوولا دووپات کردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

هەواڵ
11-02-2026

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە فیکتۆریا تەیلەر دەکات

ڕۆژی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە فیکتۆریا تەیلەر، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ (عێراق- ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ئەنجومەنی ئاتلانتیک (Atlantic Council) کرد. بارەگای بارزانی رایگەیاند، لەدیدارەکەدا بارودۆخی هەنوکەیی ناوچەکە بە گشتی و پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و دوا هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لە بارەوە کرا. هەر لەو دیدارەدا دۆخی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکان خرانە بەر باس، خاتوو فیکتۆریا تەیلەر ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی سەرۆک بارزانی دا لە هەوڵەکانی لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا بۆ جێگیربوونی ئاگربەست و گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان، و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند، کە دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرقەراربێت و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بێت، و هەردوولا پابەندبن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنی نێوانیان لە پێناو نەمانی شەڕ و ئاڵۆزی، لەو پێناوەشدا هەرچیەک بە ئێمە کرابێت لە ڕووی نێوەندگیری لە نێوان هەردوولا و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەومان و زیانبەرکەوتوان ئەنجاممان داوە.

هەواڵ
11-02-2026

یه‌كێتی لە بەدەست هێنانی کورسی پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا

كه‌مێك پێش ئێستا (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ی 2ی 2026)، بەدر فه‌حل، به‌ربژێری دەرچووی پارێزگای سه‌ڵاحەدین کە هاوکات پارێزگاری سه‌ڵاحەدینە، سوێندی یاسایی خوارد و وەک پەرلەمانتار دەستبەکار بوو. بەمەش چانسی سەرکەوتنی مەلا کەریم شكور كه‌ خه‌ڵكی خورماتووه‌ و یه‌كێتییه‌ و یه‌ده‌گی پارێزگای سه‌ڵاحەدین بوو بۆ چوونە پەرلەمانی عێراق، لەم كاتەدا نەما بەوەی بگاتە پەرلەمانی عێراق. پێشتر بەدر فه‌حل ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردبوو كه‌ ناچێتە پەرلەمان و وەک پارێزگار دەمێنێتەوە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای سه‌ڵاحەدین قەبووڵیان نەکرد، بۆیە ئه‌مڕۆ سوێندی یاسایی له‌ په‌رله‌مان خوارد.

1 2 ... 51 52 53 ... 1142 1143