توێژینەوەیەکی مەیدانی مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی لە شاری سلێمانی ئاشکرا دەکات و سەفەر مستەفا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەیە دەڵێت: کارەکە بە هەڕەمەکی نەکراوە. لە هەنگاوێکی مەیدانیدا بۆ پاراستنی ناسنامەی زمان، گرووپێک لە قوتابیانی پۆلی 11ی ئامادەیی جونیەر لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتی مامۆستا سەفەر مستەفا، توێژینەوەیەکی زانستییان دەربارەی دۆخی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ بازرگانییەکان ئەنجام دا و ئەنجامەکان ئاماژە بە پاشەکشەیەکی مەترسیداری زمانی کوردی دەکەن لە کایەی بازرگانیدا. ئەنجامی توێژینەوەکە بەم شێوەیە: توێژینەوەکە لە نێوان کۆتایی مانگی یەک و سەرەتای مانگی دووی ئەمساڵدا کراوە، پشتی بە 425 نموونەی مەیدانی بەستووە، دەریخستووە ریزبەندی بەکارهێنانی زمانەکان لەسەر تابلۆکان لە سلێمانی بەم شێوەیە: پلەی یەکەم: زمانی ئینگلیزی (زۆرترین بەکارهێنان). پلەی دووەم: تابلۆ تێکەڵەکان (چەند زمانێک پێکەوە). پلەی سێیەم: زمانی کوردی (بە تەنیا). پلەی چوارەم: ناوی ئینگلیزی بە ڕێنووسی کوردی نووسراون. پلانی مامۆستا و قوتابییەکان ئەوەیە، لە داهاتوو دا ماڵپەڕێکی تایبەت دروست بکەن و لەژێر ناوی (بیکە بە کوردی) کار بۆ پێشخستنی زمانی کوردی بکەن لە شوێنە بازرگانییەکاندا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە. بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان لەگەڵ واشنتن کردووە و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. هەروەها هەردوولا باسی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم مانگەوە، هەردوو دەروازەی سنووریی "سەرێ کانی" و "ئەلحەمام" لە عەفرین دابخات. هۆکارەکان چین؟ بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاوی کردووەتەوە، هۆکاری داخستنەکە زۆری تێچووی داراییە، کە شوێنی ئەو دەروازانە موڵکی دەوڵەت نین و حکومەت بڕە پارەیەکی زۆر وەک کرێی بەکارهێنان بە خاوەن موڵکەکان دەدات، ئەمەش بارگرانی دارایی دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە نزیک ئەو دوو دەروازەیە، دەروازەی سنووری دیکە هەن کە دەتوانرێت وەک جێگرەوە بەکاربهێنرێن. دەروازە جێگرەوەکان کامانەن؟ لە بەرامبەر دەروازەی سەرێ کانی، دەروازەی جەیلانپنار لە پارێزگای ئورفە هەیە و دەتوانرێت ئەو بەکاربهێنرێت. لە بەرامبەر دەروازەی حەمام لە عەفرین، دەروازەی زەیتینداڵی چیلکە زەیتوون لە پارێزگای هەتای باکووری کوردستان هەیە.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا، ئەمڕۆ شەممە 14ـی شوبات، پرۆسەی ڕادەستکردنی خاڵە سەربازییەکان بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە. وردەکاریی ڕێککەوتنەکە و کشانەوەی سوپای سووریا بەم شێوەیە: بەپێی خاڵی سێیەمی ڕێککەوتنامەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیە دەبن: -سوپای سووریا لەو گوند و ناوچانەی پارێزگای حەسەکە و دێرەزوور دەکشێتەوە کە بەر لە 20 ڕۆژ تێیاندا جێگیر بووە. -هێزەکانی هەسەدە لە 12 خاڵی سەربازیی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ بنکە سەرەکییەکانیان لە شارۆچکەی دێرک. -ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان وەک هێزی جێگرەوە، سەرجەم ئەو خاڵە سەربازییانە وەردەگرێتەوە کە لە ڕووی کارگێڕییەوە (بەپێی ڕێککەوتنەکە) بە وەزارەتی ناوخۆی سووریاوە بەستراونەتەوە. کاردانەوەی ناوخۆیی و گرژییەکان: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەو ناوچانەدا، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، دانیشتووانی ناوچە کوردییەکان بە ئاهەنگگێڕان پێشوازیی لە گەڕانەوەی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، بەڵام هەڵوێستی عەرەبەکان پێچەوانەیە و ناڕازین. نیگەرانیی عەرەبنشینەکانی ناوچەکە: لە هەندێک ناوچە عەرەبنشینەکان، کشانەوەی سوپای عەرەبیی سووریا و گەڕانەوەی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان وەک "هەڕەشە" دەبینن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە گرژی. پڕۆسەکە لەم قۆناغەدا ناوەستێت: بڕیارە لە هەنگاوی داهاتوودا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان بچنەوە نێو سەرێ کانی، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عەرەبیی سووریادایە، هەروەها دۆسیەی ئەمنیی کۆبانێ و عەفرین، لە قوناغەکانی دواتردا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی ئامارێکی سەبارەت بە بڕی پارەی کارەبای هاوبەشان بۆ مانگی (یەک)کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکردەوە و ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەدات کە لە ماوەی مانگێکدا بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە. لە ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانیدا هاتووە، بەپێی داتاکانی بەشی فرۆشتنی وزە، لە کۆی 362 هەزار و 745 هاوبەشی کارەبا لە ماڵان، بازرگانی، میری، پیشەسازی و مۆلەکان، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی (ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، چوارتا، ماوەت، قەرەداغ و عەربەت) 93٪ هاوبەشانی کارەبا لە 20-12-2025 تاوەکو 20-01-2026، لە 100 دینار بۆ 100 هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە. ئەو بڕە پارە زۆرانەی هاوبەشان کە دەگەنە ملیۆن یان ملیار دینار، تایبەتن بە کارگە گەورەکانی ئاسن و چیمەنتۆ، مۆڵەکان و کەرتە پیشەسازییە گەورەکان. بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی داوا لە هاوبەشانی کارەبا دەکات، بۆ هەر تێبینی یان ناڕەزایەتییەک، سبەی شەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی/ڕۆژهەڵات لە گەڕەکی قاڵاوا بکەن، تاوەکو خۆیان لە سیستمی KYC تۆمار بکەن و لەڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە ڕاستەوخۆ ئاگاداری بڕی پارەی بەکارهاتووی مانگانەیان بن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکەوتنی پڕۆسەی گواستنەوەی پێنج هەزار و 700 چەکداری زیندانیکراوی داعشی لە سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق ڕاگەیاند. سێنتکۆم ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژیی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا دەزانێت. وردەکارییەکانی ئۆپراسیۆنەکە بەم شێوەیە بووە: بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، پڕۆسەکە لە 21ـی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، تا دوێنێ پێنجشەممە بەردەوام بووە. گرنگترین خاڵەکانی ئەم ئۆپراسیۆنە بریتین لە: -گواستنەوەی پێنج هەزار و 700 زیندانیی داعش بۆ عێراق. -دوایین قۆناغ لە ڕێگەی فڕۆکەوە جێبەجێ کراوە، ئەمەش بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ڕێگریکردن لە هەر مەترسییەک. -ئۆپراسیۆنەکە بە هاوبەشی لە نێوان هێزە ئاسمانی و وشکانییەکانی هاوپەیمانان، بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە. بەرپرسانی باڵای سێنتکۆم جەختیان لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە: جەنەڕاڵ براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی سێنتکۆم سوپاسی بەرپرسانی عێراقی کرد بۆ هاوکارییەکان و ڕایگەیاند، ئەم گواستنەوەیە بۆ سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە دەستکەوتێکی گەورەیە. لای خۆیەوە جەنەڕاڵ کێڤن لامبارت، فەرماندە لە سێنتکۆم ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پڕۆسە ڕێگرییەکی کاریگەر دەبێت لەوەی دووبارە داعش لە ناو خاکی سووریادا خۆی ڕێکبخاتەوە. ئۆپراسیۆنەکە بەشێک بووە لە هەوڵە بەردەوامەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی یەکجاریی مەترسییەکانی داعش و گواستنەوەی زیندانییەکانی داعش بۆ ناوچەیەکی پارێزراوتر، چونکەندوای کشانەوەی هەسەدە لە ڕەققە و تەبقا و دێر حافر و مەسکەنە، پێشهاتێکی نوێ لە ناوچەکە هاتە ئاراوە و مەترسیی لەسەر زیندانەکانی تایبەت بە داعش دروست بوو.
چەند کەسایەتییەک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەکەن لە هەولێر، پارێزگاری شارەکەش دەڵێت: رێگە بە هیچ خۆپێشاندانێکی بێ مۆڵەت نادرێت. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی شارەکە، هۆشداریی توند دەداتە ئەو لایەن و کەسانەی بانگەواز بۆ خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون ڕێگری لە هەر گردبوونەوەیەکی نایاسایی بکەن. بە گوتەی ئومێد خۆشناو، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک داوای فەرمیی بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان پێشکەش نەکردووە، بۆیە هەر جووڵەیەک لەو چوارچێوەیەدا بە نایاسایی هەژمار دەکرێت. دەشڵێت: ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردوو (خوێندنەوەی هۆنراوەیەک لەلایەن مێرمنداڵێکەوە) کۆتایی هاتووە، دوای ئەوەی مێرمنداڵەکە و خێزانەکەشی داوای لێبوردنیان کردووە، بەڵام هەندێک کەسانێک ئەو کارەیان قۆستەوە و بەبێ مۆڵەت لەنێو سەنتەری شاری هەولێر خۆپێشاندانیان کرد. ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەو کەسایەتییە ئیسلامیانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بانگەواز بۆ خۆپیشاندان دەکەن. هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لە ئامادەباشیدان و دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ ئەوەی ڕێکاری توند بەرامبەر هەر کەسێک بگرنەبەر کە بیەوێت ئارامیی شار تێکبدات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیێنراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی. ئەنجوومەنەکە جەختی لە گرنگی پاراستنی مافی کورد وەک بەشێکی ڕەسەن لە گەلی سووریا کردەوە. وردەکارییەکانی ڕاگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بەمشێوەیە: -ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بن. -پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی سووریا، بە تایبەت کورد، لە ئەستۆی حکومەتی سووریایە. هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایش: -ستایشی مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرعی دەکات کە (١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) دەرچووە بۆ مافەکانی کورد. -ئاماژە بە دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵبوونی هێز و رۆیشتنی حکومەتی سووریا بۆ بنکە سەربازییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان دەکات. -جەخت لە بەردەوامیی شەڕی دژی داعش دەکاتەوە. ئەنجوومەنی ئاسایش لە 15 ئەندام پێکدێت، بەرپرسی یەکەمی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە. بڕیاری پابەندکردن و دەسەڵاتی سەپاندنی سزا و بەکارهێنانی هێزی هەیە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیامێکی تووند و بڕیارنەدەری ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە دەبێت بە زووترین کات و پێش هاتنی مانگی داهاتوو، ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوولادا واژۆ بکرێت، ئەگەرنا ئێران ڕووبەڕووی دۆخێکی "کارەساتبار" دەبێتەوە. ترەمپ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران وتی: "پێویستە ڕێککەوتنێک بکەین، ئەگەرنا دۆخەکە زۆر کارەساتبار دەبێت. من نامەوێت ئەوە ڕووبدات، بەڵام دەبێت تاران تێبگات کە کات لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران لە ڕابردوودا هەلێکی گەورەی بۆ ڕێککەوتن لەدەستدا و وتی: "ئەوان دەبوو جاری یەکەم لەگەڵمان ڕێبکەون، بەڵام نەیانکرد، بۆیە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەویان بەرکەوت. ئەمجارە ئەگەر ڕێکنەکەون، دەرەنجامەکان بۆ ئێران زۆر قورستر دەبن." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وتی: "دوێنێ کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، نەتەنیاهۆ تێبینی و تێگەیشتنی خۆی هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری کۆتایی لای منە. من تەنها ئەو کاتە ڕازی دەبم کە ڕێککەوتنەکە دادپەروەرانە و زۆر باش بێت." لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی لەسەر پەلەکردن لە پرۆسەکە کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە تاوەکو مانگی داهاتوو ڕێککەوتنەکە بکرێت. پێویستە ئەوان زۆر زوو بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و لەگەڵمان ڕێبکەون." ئەم هۆشدارییە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار و چاودێرانیش چاوەڕێی کاردانەوەی تاران دەکەن بەرامبەر ئەم "دوایین مۆڵەتە"ی واشنتن.
ڕۆژی چوارشەممە، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک، کە لە سەرووی هەموویانەوە وتووێژەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بوو. هەرچەندە ئەمریکا و ئیسرائیل هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێران هەڕەشەیەکی هاوبەشە بۆ هەردوو وڵات، بەڵام بەپێی چەندین سەرچاوە، تڕەمپ و نەتەنیاهۆ لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا تەبا نین. دیارترین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان تڕەمپ و نەتەنیاهۆ سەبارەت بە وتووێژەکانی ئێران چیین؟ موشەکە بالیستییەکان: نەتەنیاهۆ فشار دەکات بۆ فراوانکردنی وتووێژەکانی نێوان واشنتن و تاران، بەجۆرێک کە بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێرانیش بگرێتەوە، لە کاتێکدا تڕەمپ بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی لەسەر فراوانکردنی چوارچێوەی گفتوگۆکان یەکلا نەکردووەتەوە و تەنها ئاماژەی بە ئەگەری تاوتوێکردنی دۆسیەی موشەکەکان کردووە. ئاستی ڕێککەوتنەکە: ئیسرائیل لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی سنووردار دەترسێت کە تەنها پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم بگرێتەوە و هێڵە سوورەکانی تری پشتگوێ بخات، لە کاتێکدا واشنتن ئەوە بەدوور نازانێت کە پەیڕەوی لە ستراتیژییەک بکات کە سەرەتا تیشک بخاتە سەر کۆنترۆڵکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئاستێکی پیتاندنی ئاشتیانەدا. بریکارەکانی ناوچەکە: هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت هەر ڕێککەوتنێک کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی تاران بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بگرێتەوە (وەک حزبوڵای لوبنانی، حوسییەکان لە یەمەن و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری لە عێراق)، بەڵام واشنتن لە ئێستادا سەرنجی لەسەر ڕێڕەوی ئەتۆمییە و پابەندییەکی ڕوونی نیشان نەداوە بۆ بەستنەوەی توندی ڕێککەوتنەکە بە دۆسیەی گروپە ناوچەییەکانەوە. بونیادنانەوەی سەربازی: تەلئەبیب نیگەرانە لە هەوڵەکانی تاران بۆ دووبارە چاککردنەوە و بونیادنانەوەی بەرگرییە ئاسمانییەکان و جبەخانە موشەکییەکانی دوای لێدانەکانی پێشوو، لە کاتێکدا هەڵوێستی ئەمریکا تیشک دەخاتە سەر ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، بەبێ ڕاگەیاندنی میکانیزمێکی ڕوون بۆ ڕێگریکردن لە بونیادنانەوەی سەربازیی کلاسیکی. ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە ڕاگەیەنراوەی نێوان واشنتن و تەلئەبیب، ڕەنگە هۆکاری ئەوە بێت کە تڕەمپ ئەمجارە تەنها بە کۆبوونەوەیەکی داخراو لەگەڵ نەتەنیاهۆ بەبێ هیچ پرۆتۆکۆڵێکی فەرمی وازی هێناوە، یاخود وەک چاودێران دەڵێن ڕەنگە ئەمە بەشێک بێت لە یارییەکی هەژمارکراوی "ئاڵوگۆڕکردنی ڕۆڵەکان" لە نێوان هەردوولادا. ڕۆژی پێنجشەممە، نەتەنیاهۆ پێش جێهێشتنی واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەو (تڕەمپ) دەیویست ڕای من ببیستێت؛ لێتان ناشارمەوە کە من گومانی گشتیم بەرامبەر بە سروشتی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەربڕیوە، بەڵام وتم ئەگەر بەڕاستی ڕێککەوتنێک کرا، پێویستە ئەو توخمە گرنگانە لەخۆ بگرێت کە بۆ ئێمە و بۆ ئیسرائیل گرنگن - و پێم وایە تەنها بۆ ئیسرائیلیش نییە - ئەمەش واتە تەنها دۆسیەی ئەتۆمی نەبێت، بەڵکو موشەکە بالیستییەکان و بریکارەکانی ئێرانیش بگرێتەوە."
ئێوارهی ئهمڕۆ پێنجشهممه 2026/2/12، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكی ههرێمی كوردستان، به بانگهێشتێكی فهرمی بۆ بهشداریكردن له كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، گهیشته ئهڵمانیا. له کۆنفرانسهکهدا نێچيرڤان بارزانى كۆمهڵێك دیدار و كۆبوونهوهی لهگهڵ سهركردهی بهرپرسانی باڵای وڵاتان و بهشداربووان دهبێت بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و ئهمنیی عێراق، ههرێمی كوردستان و پهرهسهندنهكانی ناوچهكه بهگشتی. كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كه ساڵانه به بهشداریی ژمارهیهكی زۆر له سهرکرده و بهرپرسانی باڵای وڵاتان بهڕێوه دهچێت، دهرفهتێكه بۆ گۆڕینهوهی بیروڕا دهربارهی پرسی ئاسایش و سهقامگیری و كێشه جیهانییهكان و تاوتوێکردنی ڕێگهچاره بۆ کێشه و ئاڵۆزییهكان.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند، رۆژی 11ـی شوباتی 2026، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی تەنەف لە سووریا کشاونەتەوە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی "گواستنەوە و گۆڕانکارییەکانی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی داعش کراوە کە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مەیدانی دارێژراوە." ئەم هاوپەیمانییە کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن سێنتکۆمەوە دامەزراوە، ئەرکی راوێژکاری، یارمەتیدان و بەهێزکردنی هێزە هاوبەشەکانی ناوچەکەی لە ئەستۆ بووە بۆ تێکشکاندنی داعش. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە نیسانی 2025دا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە سوپای ئەمریکا دەست دەکات بە کۆکردنەوە و کەمکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی لە ناو خاکی سووریادا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2019دا داعش لە رووی جوگرافییەوە تووشی شکستی یەکجاری بوو. ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا هەمیشە لە ئامادەییدا دەبن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی داعش کە لە ناوچەکەدا سەرهەڵبدات، هاوکات پشتگیریی هەوڵی هاوبەشەکانمان دەکەین بۆ رێگریکردن لە گەشەکردنەوەی ئەو رێکخراوە." کووپەر جەختی کردەوە، بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر داعش کارێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی خاکی ئەمریکا و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، تەنیا لە ماوەی 2 مانگی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 100 ئامانجی جیاوازیان لەرێگەی 350 مووشەکی ورد و زیرەکەوە پێکاوە. لە ئەنجامی ئەم ئۆپراسیۆنانەدا، زیاتر لە 50 تیرۆریستی داعش کوژراون یان دەستگیر کراون.