Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13774 بابەت
هەواڵ
17-10-2022

‎باوكێك كچە تەمەن 15 ساڵانەکەی خۆی كوشت 

لە قەزای كفری باوكێك تەقەی لە كچەكەی خۆی كرد و كوشتی. ‎كچەكە ناوی ئیمان ئەحمەد شكورە و تەمەنی 15 ساڵ بووە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 17-10-2022 لەلایەن باوكییەوە تەقەی لێكراوە و كوژراوە، دواتر بكوژەكە هەڵاتووە. ‎شایەتحاڵەكانی ڕووداوەكەوە ڕایگەیاند، پاڵنەری كوشتنەكە دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكیی نێوان دایك و باوكی كچەكە، بەو پێیەی لە یەكتر جیابوونەتەوە و كچەكە لەگەڵ دایكیدا ژیاوە، بەڵام باوكی هەوڵیداوە بیباتە لای خۆی و بەهۆی قایلنەبوونی كچەكەوە، باوكی بە دەمانچە تەقەی لێكردووە و كوشتوویەتی.

هەواڵ
16-10-2022

لە هەولێر بە نارنجۆک هێرش کرایە سەر ماڵێک

لە گەڕەکی زانایانی شاری هەولێر دوو نارنجۆک هەڵدراونەتە ماڵێک و بەو هۆیەوە کەسێک بریندار بوو. هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، بەڵام هێرشکارەکە هەڵاتووە. بەپێی زانیارییەکان، بریندارەکە دۆخی جێگیرە.

هەواڵ
16-10-2022

میدیای یەکێتی بۆ پەلاماری مەسرور بارزانی دەدەن؟

شانزەی ئۆكتۆبەر مێژوویەكی تاڵە، ئازار بەخشترین ڕۆژە كە لەمێشكی هەر بەویژدانێكدا دەرچوونی نییە، شانزەی ئۆكتۆبەر خیانەتبوو لە خواستی ئازادبوونی گەلێك لەژێر دەستەیی،خیانەت بوو لەمیللەت، لە حزبە هاوپەیمانەكانی یەكێتی، لە شۆڕشگێڕەكانی ناو یەكێتی و شەهیدانی دوێنێ و ئەمڕۆشیان، كە بۆ كوردستان شەهیدبوون، تەنانەت خیانەت بوو لەو پێشمەرگانەی كە شەڕیان پێكراو پێیان نەگوترا فرۆشراون و بەشەهیدكردن دران. بەشێکی سەرکردەکانی یەکێتی لەم ڕۆژە ڕەشەدا ڕاستییان بۆ هەموومان ئاشکراکرد و گوتیان ئازاری ئەم ڕووداوە زیاتر بوو کاتێک هەندێک کاڵفام بوونە دەستکێشی دوژمن،هەر ئەمڕۆش کاڵفامەکان لە ڕێی میدیای فەرمی یەکێتییەوە هێرش دەکەنە سەر جەنابی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سەرکردەکانی پارت. هەموو ۷۲ کاتژمێر نییە سازش نەما نەیکەن بۆ مەسرور بارزانی،کەس نەما ڕاینەسپێرن تا ڤیدیۆی تیرۆرکردنی کادرانی خۆتان بڵاو نەکرێتەوە، بەڵام لە دەرگایەکی هەڵەتاندا،نەگوێتان لێگیراو نەنرخ بۆ پاڕانەوەتان دانرا، ئێوەیەک کادری نازدارو خەباتگێری خۆتان لەبەرچاوی ماڵ و منداڵ تیرۆر بکەن،کەنگێ گوێتان لە خاکفرۆشی و خیانەتە!. مەسرور بارزانی دەیەوێت ئێوە قاچاخچی نەبن،دەیەوێت لەبری سیمای میلیشیاو تاقمگەری فێری مەدەنییەت و دەولەتداری و ڕێزی دامەزراوەتان بکات،ئەو دەلێت پارە مەدزن و لەقومار داینێن،بڕۆن دوو شەقامی پێ چاکبکەن،ژێرخانی سلێمانی پێ بونیاد بنێن نەک وێرانتری بکەن،مەسرور بارزانی ئەو بەربەستەیە کەلەبەردەم ناپوختی و کارە چەوتەکانتان وەستاوە،بۆیە ئاساییە بەموناسەبەو بێ موناسەبە پەلاماری بدەن! پێشەوا هەورامانی

هەواڵ
16-10-2022

پەیامێک لە کازمییەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە 16/10/2022، دەستەی دەستپاكی لێكۆڵینەوە لە دزینی سێ تریلیۆن و 700 ملیار دیناری دەستەی باجی ڕاگەیاند. مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، پرسی پارەى راکێشراوى باج لە وەزارەتى دارایی، لە لایەن حکومەتەوە ئاشکراکراوە و دادگا فەرمانى وەستانى خەرجکردنى دەرکردووە و فەرمانى دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران دەرچووە.  پەیامەکەی کازمی:

هەواڵ
16-10-2022

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران: تەحەمولی هەبوونی 3 هەزار چەکدار...

محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستانی بەردەوام دەبێت. محەممەد باقری دەڵێت: بارەگای دوژمنانیان لە باکووری عێراق هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران. میدیاكانی ئێران لە زاری باقریەوە بڵاویانكردەوە، ئێران تەحەمولی هەبوونی 3 هەزار چەكدار ناكات لە پشت سنوورەكانەوە و رووبەڕوویان دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد کە ئەمریکا پاڵپشتی ئەو لایەنانە دەکات و بارەگاکانیان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بەکار دێنن. سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئێران به‌رده‌وام هه‌رێمی كوردستانی له‌باره‌ی باره‌گای ئەو حیزبانە ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ كارێك بەرانبەریان ناكه‌ن، بۆیه‌ ئێران بڕیاریدا ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه‌. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژینا ئەمینی رۆژی 13-09-2022 لە تاران لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، لە بنکەی پۆلیس تەندروستیی تێکچوو و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەیەکی تارانی پایتەخت گیانی لەدەستدا و خیزانی ژینا ئەمینی دەڵێن: ژینا لە لایەن پۆلیسی رەوشتییەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە، بۆیە گیانی لەدەستدا. دوای ئەو رووداوە خۆپیشاندان و نارەزایەتی سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە و وڵاتەکە لە دۆخیکی ناسەقامگیردایە.

هەواڵ
16-10-2022

یەکگرتووی ئیسلامی داوای لێبووردن لە کۆمەڵی دادگەری دەکات

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان داوای لێبووردن لە کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەکات لە بەرامبەر بەکارهێنانی وشەی (خیانەت) لە ڕاگەیەنراوەکەیاندا و دەڵێ: بەهەڵە تێگەیشتن هەبووە. روونکردنەوەیەك لە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە سەبارەت بەبریاری دەست لەکارکێشانەوەمان لەپەرلەمانی کوردستان  لە بەرواری ٦/١١/٢٠٢٢ وە، ئەوە بریارێکی سیاسی سەرکردایەتی یەکگرتوو بوو وفراکسیۆنی یەکگرتوو بێ دواکەوتن جێبەجێی کرد بۆیە بوارنەمابوو بۆ ھیچ ھەماھەنگیەك ونەشمان ویست کەس احراج بێت. سەبارەت بە وشەی (خیانەت )ئەوەبەرامبەر ئەوانە بەکار ھات کە پشتیوانی لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەکەن بەنایاسایی بۆدرێژەدان بەتەمەنی گەندەڵی وگەندەڵکاران لەکاتێکدادەنگدەر تەنھا بۆ چوارساڵ متمانەی بەخشیوەوئەم وشەیەش بێگومان مەبەست لێی برایانمان لە کۆمەڵی دادگەری نیە چونکە ھەمیشە دژی ھەمووکارێکی ناشەرعی ونایاسیی بوون وداوای لێبوردن دەکەین بۆ ھەرھەڵەتێگەیشتنێك. د.شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان 16-10-2022

بیروڕا
16-10-2022

دیدێکی مەخمەڵی لە پراگەوە

کەشوهەوای پراگ لەم رۆژانەدا چێژێکی تایبەتی هەیە. رەنگەکانی بەهار و پاییز تێکەڵاوی یەکدین. جارجارە نەرمە بارانێک تێدەکا و کزەیەکی ساردی زستانەش هەڵدەکات. جا خۆشییەکیشی-هەڵبەت لای من- ئەوەیە کە لەو کەشوهەوایەدا چایەکی گەرمی خۆمانەشت دەستکەوێت. لە کافێیەکدا لە نێوەڕاستەکانی پراگ چایەکەم دۆزییەوە، بەڵام بەتایبەتی بەهۆی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە کە ئیدی لە هەموو شوێنێک، تەنانەت لە پراگیش خەڵک باسی دەکات، خواستە یان ناخواستە لە جوانییەكانی سرووشتی شار دوورکەوتمەوە و، بیرم بۆ شۆڕشە مەخمەڵییەکەی پراگ لە 1989 چوو. هاوڕێیەکەم کە زۆرجار حەز دەکات خۆی بە کوڕێکی لادێیی ناو ببات، بەڕێوەبەری ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیە لە پراگ و منیش لە چالاکییەکی ناوەندەکەیدا بەشداربووم. ئەو بە حەز و ئارەزوویەکی زۆرەوە ئەو شەقام و شوێنانەی پێشاندابووم کە خەڵک خۆپێشاندانیان تێدا کردبوو. خۆپێشاندانی بێ تووندوتیژیی خەڵک بەتایبەت خوێندکاران، لە ماوەی نزیکەی شەش هەفتەدا، کۆتایی بە دەوڵەتە ستالینیستییەکەی ئەوکات لە چیکۆسلۆڤاکیا هێنابوو، کە ئێستا دوو وڵاتی جیاوازن. هاوشێوەی شۆڕشی مێخەکی پورتوگال لە 1974، پێنج شۆڕشی رەنگینی وەها، لە ئەوروپای رۆژهەڵات و وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران روویانداوە کە دیارترینیان ئەوەی چیکۆسلۆڤاکیایە. ئەوەی زەینم بۆی چوو، یەکسەر جیاوازیی نێوان شۆڕشە مەخمەڵییەکانی ئێرە و شۆڕشە خوێناوییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. هەڵبەت لەبەر ئەوەی نامەوێت بابەتی ئەم جارەم بە ئاقاری شیکردنەوە و شتی زۆردا بڕوات، واز لەو باسە دێنم. لە بەرامبەرم کۆنە دیپلۆماتێکی چیک دانیشتبوو. لای ئەو پرسیار بوو کە بۆچی دەبێ کوردێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تورکی، فارسی یان عەرەبی بەباشی نەزانێت مادام لە وڵاتێکدا لەگەڵ ئەوانی دیکە دەژین! هەڵبەت بە زمانێک کە جۆرێک سووکایەتی پێوە دیاربوو. دیدێکی مەخمەڵی بوو بۆ پرسە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی پرسی کورد. کاتێکی پێچوو تاوەکو بۆم روونکردەوە کە نابێ لە شوێنێکەوە کە شۆڕشەکەی-1989-مەخمەڵی بووبێ و جیابوونەوەکەیشی-1993- مەخمەڵی بووبێت، لە روانگەیەکی گشتییەوە تەماشای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکرێت و جیاوازییەکان نەبینرێن. نە کێشەی کورد تەواو وەک کێشەی نەتەوەکانی ئەوروپایە و نە دەوڵەتەکانیش هاوشێوەی بەریتانیا و چیکۆسلۆڤاکیان! ئەو دیدە، بۆچوونەکانی گرترود بێلی بەریتانی بیرهێنامەوە کە کاتی خۆی بەشێوەیەکی زۆر خەیاڵی هەوڵیدابوو لە رێگەی دروستکردنی مۆزەخانەیەکی هاوبەشەوە گەلانی عێراق بکاتە یەک و میراتێکی هاوبەش لەنێوان کورد و عەرەبدا دروست بکات. کێشەکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە دیدگایە وادەزانێت کۆمەڵگە «تەشتی هەویرە و چۆن بتەوێ دەتوانی شکڵی پێ بدەی.» دوای روونکردنەوەکانم، چەند جارێک داوای لێبووردنی کرد، بەڵام دوای ئەوەی کە زانیم ساڵانێک لە بەغدا، ئێران و ئیستەنبووڵ وەک دیپلۆمات کاری کردووە، بیرم لەوە کردەوە کە ئایا دەبێ چ بۆشاییەک لە پەیوەندییەکانی کورد بە دنیای دەرەوەدا هەبێت کە دیپلۆماتێکیش لە ناوچەکە بەوجۆرە بیر دەکاتەوە. کوردێکی خەڵکی شڕناخم بینی. هێشتا کوردییە جوانەکەی ئەو دەڤەرەی لە بیر مابوو. رەمەزان خەڵکی هەزەخە و لەو سەنتەرەی پراگ کار دەکات. بە گەرمی قسەی لەگەڵ دەکردم وەک بڵێی ساڵانێکە دەمناسێت. هەڵبەت دوایی دەرکەوت لەبەر ئەوەیە کە جاربەجار شتەکانم دەبینێت. گوتی من لە شاری بڕنەو دادەنیشم و لەوێ خەریکی خوێندنم. بڕنەو! ئەم ناوە شوێنێکی تایبەتی هەبوو لە سەرەتاکانی جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان و یادەوەری کۆمەڵگەی کوردی. رەنگە زۆر هەبن وەک من، کە باوباپیرەی بە حەزێکی زۆرەوە باسێکی ئەو بڕنەوەی بۆ گێڕابێتەوە. دواتر بەرەبەرە چەکەکانی وەک کڵاشینکۆف و ئارپی جی پەیدا بوون و ئەمەش هاوتەریب بوو لەگەڵ کاریگەریی ئایدۆلۆژیای چەپ و پەیوەندییەکانی کورد و یەکێتیی سۆڤییەتی جاران. دیارە لە قۆناخەکانی پێش رووخانی ئەو یەکێتییە و دوای ئەوەش، بزاڤی کوردستان زیاتر رووی لە رۆژئاوا کرد و ئەوەش وایکرد کە ئێستا هەندێک چەکی ناتۆ بەربەرە شوێن بە کڵاشینکۆف و بڕنەوەکانی جاران لێژ بکەن. دیمەنێکی دیکەی پراگ ئۆکراینییەکانی ئەوێ بوون. لەبەر ئەوەی هەموویان سلاڤن رەنگ و رووخساریان لەیەک دەچێ، ئەگەر زمانەکەیان وەک یەک بێ رەنگە بەئاسانی لێک جیا نەکرێنەوە. لانیکەم بۆ من وابوو. نزیکەی 500 هەزار ئۆکراینی لە دوای شەڕەوە هاتوونەتە چیک. تائێستا کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە. حکومەت دەرفەتی کار و ماڵی پێداون و مووچەیەکیشیان پێدەدات. لەسەر هەندێک باڵەخانە درووشمی «پووتین واز لە ئۆکراینا بێنە» دانراوە. لەسەر باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەش ئاڵای ئوکراینا لەگەڵ ئەوەی خۆیان تاوەکو نیوە هەڵکراوە، بەڵام هەندێک لەو لێکۆڵینڤان و پسپۆڕە چیکییانەی کە چاوم پێکەوتن، نیگەرانن لەوەی کە ئەگەر لە بەهاردا سوپای رووسیا راست بێتەوە و 500 هەزار پەنابەری دیکە بێن چی روودەدات! هەڵبەت دیدگایەکیش هەیە کە داوا دەکات چیک زیاتر لەگەڵ سلاڤییەکان بێت و کێشەکانی لەگەڵ رووسیاش کەم بکاتەوە. بەم باسەی ئۆکراینا تۆزێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوورکەوتینەوە، بەڵام بەو باسەی کە لەسەر رۆڵی ئێران لە شەڕی رووسیا لە ئارادایە جارێکی دیکە هاتەوە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. راستییەکەی دنیای ئەمڕۆ وا پێکەوە بەستراوەتەوە کە کاریگەریی زۆر لە رووداوەکان ئیدی تەنیا بە شوێنێکەوە سنووردار نییە. *زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

هەواڵ
16-10-2022

وادەی شەپۆلێكی باران بارین ڕاگەیێندرا

پێشبینییەكان بۆ كەشوهەوای هەرێمی كوردستان بڵاوكرانەوە و چاوەڕواندەكرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین لە سەرتاسەری هەرێم دەستپێبکات. شارەزایانی بواری كەشناسی پێشبینی دەكەن لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە یەکەم شەپۆلی سەرتاسەری، باران بارین و هەورە بروسکە هەرێم بگرێتەوە و ئەگەری ڕێژەیەکی زۆر باران بارین هەیە". ئاماژە بەوەشکراوە، دوور نییە لە هەندێک ناوچەی شاخاوی تا کۆتایی مانگ بارانی پەڵەش ببارێت.

هەواڵ
16-10-2022

سەرۆکی دەستەی ئامار: ئەو ئامارانەی لەبارەی ڕێژەی بێکارییەوە بڵاو دەکرێ...

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، ڕێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٨%، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەو ئامارانەی بڵاو دەکرێنەوە جێگەی پرسیارن. سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو ڕووپێوێک لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبارەی ڕەوشی کار و ڕێژەی بێکاری بەڕێوە چووە و ئەوەی عێراق ئەنجامەکەی ڕاگەیاندراوە، ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕاپۆرتەکە ئامادەیە و دوای پێداچوونەوە ئەنجامەکە ئاشکرا دەکەین، ڕووپێوەکە بە ھاوکاریی و ھەماھەنگیی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی کراوە و ئاماری وردی تێدایە لەبارەی ڕەوشی کار لە ھەرێمی کوردستان.'' سەرۆکی دەستەی  ئاماری ھەرێم دەشڵێت: "لەنێو ڕاپۆرتی خۆماندا ڕەوشی کارکردن و بێکاری ھەمووی بەوردی دیاری کراوە، چەند کەس لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و لەو ژمارەیە چەندی لە کەرتی گشتی و چەندی لە کەرتی تایبەتە، ھەتا ڕەگەزیش دیاری کراوە.'' پەیوەست بەو ئامارەی ڕێکخراوی کاری جیھانی، سیروان محەمەد ڕوونی کردەوە: "ھەموو ئەو ئامارانەی لەلایەن دەزگا و ڕێکخراوەکانی دیکەوە بڵاو دەکرێنەوە جێگەی پرسیارن، چونکە نازانرێت لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، تەنیا ئاماری دەقیق و فەرمی ئەو ئامارەیە کە لەلایەن دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێمی کوردستان و دەزگای ناوەندی ئاماری عێراقەوە بڵاو دەکرێنەوە.'' Kdp

هەواڵ
16-10-2022

پەرلەمانی ئێران: ژینا ئەمینی ئازار و ئەشکەنجە نەدراوە

پەرلەمانی ئێران رەتیکردەوە کە ژینا ئەمینی بەهۆی لێدانەوە گیانی لەدەستدابێت و رایگەیاند: لە کاتی گواستنەوەی ژینا بۆ بنکەی پۆلیس"لێی نەدراوە." پێشتر پەرلەمانی ئێران لیژنەیەکی بە ناوی "ئاشكراکردنی راستییەکان" بۆ لێکۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی پێکهێنا و ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022، پەرلەمان ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتی پەرلەماندا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتارەکانی ئەندامی ئەو لیژنەیە زۆریان هەوڵداوە لەگەڵ خێزانی ژینا ئەمینی کۆببنەوە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە.  پزیشکی دادی تارانی رۆژی 7-10-2022 رایگەیاند: ژینا ئەمینی لێی نەدراوە و هۆکاری گیانلەدەستدانی گەڕاندەوە بۆ "نەشتەرگەری و نەخۆشییەک کە لە سەردەمی منداڵیی لە مێشکیدا هەیبووە."  لە بەرامبەریشدا کەسوکار و پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی ئەنجامی راپۆرتەکەی رەتدەکەنەوە و رایانگەیاندووە، "بۆچوونی هیچ کەسیان قبوڵ نییە، تاوەکو ئەو کاتەی پزیشکی جێی متمانەی خۆیان رازی نەبێت." ژینا ئەمینی رۆژی 13-09-2022 لە تاران لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، لە بنکەی پۆلیس تەندروستیی تێکچوو و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانەیەکی تارانی پایتەخت گیانی لەدەستدا.

هەواڵ
16-10-2022

بەرپرسانی ئەمەریکا: ئێران پلانی هەیە چەکی زیاتر بۆ مۆسکۆ بنێرێت

کاربەدەستانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" کە ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022 بڵاوی کردووەتەوە ڕایانگەیاندووە، ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی "بە نهێنی" چەکی قورس بۆ ڕوسیا دابین بکات". ئەو بەرپرسانە کە ناوەکانیان له لایەن رۆژنامەکەوە ئاشکرا نەکراوە، رایانگەیاندووه كه ئێران به نیازه مووشەکی جۆراوجۆر رەوانەی مۆسكۆ بكات، ئەمه جگه له فڕۆكەی بێفڕۆكه. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پێداویستیانە یارمەتیدەر دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەی کۆگاکانی چەکی ڕوسیا، کە هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری ڕۆژئاوا دەریدەخەن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە خێرایی کەمی کردووە. بەپێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی ئەمریکا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە دابینکردنی چەک بۆ روسیا زیاتر دەکات، چونکە بە نهێنی رێککەوتوون لەسەر ناردنی نەک تەنها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵکو ئەو شتەش کە هەندێک لە بەرپرسان بە یەکەم مووشەکی دروستکراوی ئێران وەسفیان کردووە. ناردنی چەک لە تارانەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە قەرەبووکردنەوەی چەک بۆ روسیا و بەرپرسانی ئیدارەی بایدن دەڵێن: روسیا پێویستی بە چەکە.

هەواڵ
16-10-2022

ڕێبوار تاڵەبانی: ئەوانەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان کرد دەچنە زبڵدانی مێژ...

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان گوتی، ئەوانەی خیانەتیان کردووە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا هەرگیز لەیاد ناکرێن و لە مێژوودا تۆمار کراوە و هاوشێوەی سەددام و ڕژێمی بەعس دەچنە زبڵدانی مێژووەوە، چونکە خیانەتێکی زۆر گەورە بوو لە کورد کرا . ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکان، ڕێبوار تاڵەبانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''داوا لە خوای گەورە دەکەین بەهەشتی بەرین بکاتە شوێنی شەهیدان و سەربڵندی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، بەتایبەت ئەوانەی داستانی پردێ و سحێلایان تۆمار کرد، پێویستە ئێمە جارێکی دیکە سوود لە ڕابردوو وەرگرین و کار بۆ داهاتوو بکەین، ئێمە پێش 2003 لەگەڵ عێراق 100 ساڵ خەباتمان هەیە کە چۆن ئەیانەوێت ناسنامەی کورد بسڕنەوە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان و دوای 2003 و دانانی دەستوور و حکوومەتی ئێستاش باس لەوە دەکەن کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن و هیوادارین چارەسەر بکرێت.'' ڕێبوار تاڵەبانی گوتیشی: ''پێویستە لەسەر کورد و حکوومەتی هەرێم هەمان ئەزموونی حکوومەتەکانی پێشوو دووبارە نەبێتەوە و ئەم جارە بەجددیتر و گڕوتینێکی دیکە و دانانی پلان و ستراتیژییەکی تازەوە ئەو بەڵێنانەی بە کورد دەدرێن بەرنامەی بۆ دابنرێت و جێبەجێ بکرێن.'' تاڵەبانی ڕوونیشی کردەوە: ''مێژوو هەموو شتێک تۆمار دەکات و ئەوەی پێش 100 ساڵ خیانەتی لە کورد کردووە تا ئێستا باسی دەکرێت و ئەوانەی ئەو خیانەتەشیان کردووە لە 16ی ئۆکتۆبەر هەمان نموونەن و مێژوو لەیادیان ناکات و تۆمار کراوە، کە چۆن سەددام چووە زبڵدانی مێژووەوە ئەوانەی خیانەتیشیان کردووە دەچنە زبڵدانی مێژووەوە، چونکە ئەمە خیانەتێکی زۆر گەورە بوو کە لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا دژی کورد کرا.''

1 2 ... 504 505 506 ... 1147 1148