له گهڕهكى بهدر-ى شارى كهركووک بۆمبێک به چهند منداڵێكدا تهقييهوه و دوو منداڵ گيانيان لهدهستداوه. دوو منداڵیش بهسهختى بريندار بوون.
بەشێك لە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە 17-10-2022 داوای سزادانی زیاتری ئێران دەکەن ئەگەر تێوەگلانی تاران لە شەڕی ڕوسیا دژی ئۆكرانیا بسەلمێنرێت. ئۆکرانیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانی ڕوسیای بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهد-136 دروستکراوی ئێران ڕاگەیاندووە و ئێران رەتیدەکاتەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ روسیا دابین بکات، لە کاتێکدا کرێملین هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە. جۆزێپ بۆرێل، لەکاتی گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ئێمە بەدوای بەڵگەی کۆنکرێتیدا دەگەڕێین سەبارەت بە بەشداریکردنی "ئێران لە جەنگی ئۆکرانینا". هەرچەندە ڕۆژی دووشەممە پێشبینی نەدەکرا هیچ بڕیارێکی ورد دەربکرێت، بەڵام بەپێی وتەی دوو دیپلۆماتکار کە بەشداربوون لە ئامادەکردنی دانوستانەکانی نێوان وەزیرەکان، یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت بڕیار لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا بدات. وەزیری دەرەوەی دانیمارک، جێپی کۆفۆد رایگەیاند، پێویستە یەکێتی ئەوروپا کاردانەوەی توندی هەبێت بەرامبەر بە هێرشە ئاسمانییە نوێیەکان بۆ سەر کیێڤ کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراون. کۆفۆد وتی: "ئەوەی ئێستا دەیبینین: فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بەڕواڵەت بۆ هێرشکردنە سەر ناوەڕاستی کیێڤ بەکاردەهێنرێن و ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی ئەوروپا ناچار بوو "هەنگاوی کۆنکرێتی" لە وەڵامی ئەوەدا بنێت. یەکێتی ئەوروپا قەدەغەی گەشتکردن و بلۆککردنی سەروەت و سامانی نزیکەی 15 ساسیی ئێرانی راگەیاند کە تێوەگلاون لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، کە بەهۆی مردنی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە دەستبەسەری پۆلیسدا خۆپیشاندان سەرتاپای وڵاتەکەی گرتۆتەوە. فەرەنسا و ئەڵمانیا کە هەردوو لایەنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران بوون، بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە ک سزای نوێ بەسەر ئێراندا پێویستن. ژان ئاسێلبۆرن، وەزیری دەرەوەی لۆکسمبۆرگ وتی: سزاکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران نابێت تەنیا خستنە نێو لیستی ڕەشەوە بێت، ئەگەر دەستوەردانی تاران لە شەڕی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا بسەلمێنرێت.
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ئاگەدارییەكدا رایگەیاند بە هاوكاری پۆلیسی سلێمانی دەستدەكاتەوە بە كۆكردنەوەی سەگە بێلانەكان. دەقی ئاگادارییەكە: شارەوانیی سلێمانی، بە هاوكاریی ” بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی” هەروەك لە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیدا ئاماژەی پێدرابوو بە ژمارە (٣٨ لە ٢٠٢٢/٣/١٧). بە پێی ڕێكارە یاساییەكان و لەسەر داواكاریی و سكاڵای هاووڵاتیان. لە پێناو پاراستن و سەلامەتیی هاووڵاتییانی شارەكەمان، دووبارە دەستكراوە بە كۆكردنەوەی سەگی بێلانە و گواستنەوەیان، بۆ پەناگەكە لەڕێگای ”سلێمانی- عەربەت”. بەپێی پلانێكی بۆ داڕێژراو، قۆناغ بە قۆناغ.
فەرماندەی سوپای پاسداران لقی بۆکان بە بڵندگۆیەکەوە لە کۆڵانەکانی ئەو شارەدا دەسووڕێتەوە بۆئەوەی خەڵک لە ناڕەزایەتی دەربڕین پاشگەز بکاتەوە؛ داوا لە دایک و باوکەکان دەکات رێگە نەدەن منداڵەکانیان بچنە دەرەوە، بەڵام خۆی دەڵێت، "وەرنە دەرەوە قسە بکەین." فەرماندەی سوپای پاسدارانی بۆکان دەڵێت، "ئەمە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلی لەپشتە، دەستی دووژمنی لەپشتە، گیان و ئابڕوو و ئاسایشی ئێوەمان بۆ گرنگە، ئەگەر قسەیەکی مەنتیقیتان هەیە، وەرنە پێشەوە من لێرە دانیشتووم، وەرن پێکەوە قسە بکەین، بۆچی شار ئاڵۆز دەکەن؟" سەرەڕای ئەوەش شەوی رابردوو ناڕەزایەتییەکان لە هەندێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون. لە شاری سنە کزتر لە شەوانی پێشتر دەنگی ناڕەزایەتی بیسترا، لە کرماشانیش بە هەمان شێوە. لە دیواندەرەش سەرەڕای هەوڵی دەسەڵات بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان گوتەوە. بەڵام ناڕەزایەتییەکان لە شاری تاران بەربڵاوتر بوون. لە شاری یەزد و لە گەڕەکی ئیکباتان خەڵکی دروشمی "ئازادی" و دژی دەسەڵاتی ئێرانیان گوتەوە؛ ناڕەزایەتییەک کەوا لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە دەستیپێکرد، شەوی رابردوو یەک مانگی تێپەڕ کرد. لە ئاستی جیهانیشدا پشتیوانیی زۆر لە ناڕەزایەتییەکان دەکرێت. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "ئەمریکییەکان لە داهێنان و هەموو شتە باشەکانی ئێران توڕەن و پێیان ناخۆشە. بەڵام هەر کێشە و کەموکوڕییەک بۆ ئێمە رووبدات، هەر نائەمنییەک بۆ ئێمە رووبدات، کە نائەمنییەکەش ئەوان دروستی دەکەن، ئەوان زۆر پێیان خۆش دەبێت. ئەمریکییەکان پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و نائەمنییەکانی ئێران دەکەن." پێنجەمین هەفتەی ناڕەزایەتییەکان لە کاتێکدا دەستپێدەکات کە زۆر کەس پێی وانەبوو هێندە درێژە بکێشێت، تەنانەت حکومەتیش. ناڕەزایەتیی گەنجانی تازەپێگەیشتوو، کە دەڵێن، شەڕی ژیان و داهاتوویان دەکەن. رووداو
وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان، بڕیاریدا لهسهر دابەشهكردنی نهوتی سپی بهسهر هاووڵاتیاندا. ئهمڕۆ دووشهممه 17-10-2022 وهزارهتی سامانه سروشتییهكان بڕیاریدا به دهستپێكردنی پڕۆسهی دابهشكردنی نهوتی سپی بهسهر هاووڵاتیانی ناوچه شاخاوییهكان له رۆژی 20ی ئهم مانگه. بهگوێرهی راگهیهندراوی وهزارهتی سامانه سروشتییهكان، ههر خێزانێك بڕی 200 لیتر نهوتی سپی به نرخی پاڵپشتیكراو پێدهدرێت. ههروهها دوای تەواوبوونی پرۆسهی دابهشكردنی نهوتی سپی له ناوچە شاخاوییەکان، لە دەوروبەر و سەنتەری شارەکاندا دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت. له راگهیهندراوهكهی وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستاندا هاتووه، بڕیاردراوه لە سەرجەم ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان بکرێتەوە.
ئێران ڕەتیکردەوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا دابین بکات لە شەری دژی ئۆکرانیا. ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی سەبارەت بە دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێران بۆ رووسیا بڵاوکراونەتەوە، پەیامی سیاسیان لە پشتە. سەرچاوە هەواڵییەکانی رۆژئاوایان کردووەتەوە کە 86%ی ئەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانانەی دژی سوپای ئۆکراینا بەکار دەهێندرێن، لە لایەن ئێرانەوە بۆ روسیا دابینکراون.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 17-10-2022 رایگەیاند، لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا کە لەنێو نائارامییەکانی ناو زیندانی ئێڤین لە تاراندا کەوتەوە، هەشت زیندانی گیانیان لەدەستداوە. ئاگرەکە شەوی شەممە کەوتەوە، دوای چوار هەفتە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای رەوشتی جلوبەرگی ئێران بۆ ژنان. شەپۆلی خۆپێشاندانەكان لە كۆماری ئیسلامیدا گۆڕاوە بۆ بزووتنەوەیەكی گەورەی دژی حكومەت، لە دوای لادانی شا لە ساڵی 1979ەوە ئەوە گەورەترین خۆپیشاندانە رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە. ماڵپەڕی میزان ئۆنلاین لە دەزگای دادوەری رایگەیاندووە، دوای ئەوەی چوار کەس لە زیندانی ئێڤین کە بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون، لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا، "کۆی ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکە و پێکدادانی نێوان زیندانییەکان تا ئێستا گەیشتووەتە هەشت کەس". کەسوکاری زیندانییەکان و گروپەکانی مافی مرۆڤ ترسیان لە زیندانییەکانی دیکە هەیە و ڕایانگەیاندووە دەسەڵاتداران لە دامەزراوەکەدا گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە. زیندانی ئێڤین کە بە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بەناوبانگە و دەستگیرکراوی بیانیشی تێدایە. سەدان کەس لەوانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا دەستگیرکراون، ڕەوانەی ئەوێ کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی عێراق و پرۆسەی سیاسیی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاووتوێ کران.هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. جەختیش لەوە کرایەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک، کە کاری لە پێشینەی خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت بەبێ جیاوازی و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکات لە سەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە نێوان لایەنەکاندا کراوە، بەتایبەتی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی ھاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان.لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی نزیک و گونجاودا کردەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاریکاری و کارئاسانییەک دووپات کردەوە. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە پرۆسەی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێدەکات و بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەروبوومی ناوخۆیی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی کوردستان. لەم ڕووەوە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەماهەنگیی و هاریکاريی دەیڤد هانت کونسوڵی گشتیی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان کرد.
دەقى راگەیەنراوەکە: ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسیی عیراق و شایستە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان کرا، دوابەدوای دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و ھەڵبژاردنی ھەڤاڵ د.لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆماری عیراق کە یەکێکە لە تێکۆشەرە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی یەکێتی. سەرۆک بافڵ وێڕای ئاماژەدان بە سەرکەوتنی یەکێتی لەم وێستگە گرنگەدا، جەختی لە جێبەجێکردنی خواست و مافە دەستووری و یاساییەکانی تری گەلەکەمان و یەکێتی کردەوە لە حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی دەوڵەتمەداری راسپێردراو، محەمەد شیاع سودانی. کۆبوونەوەکە جەختیشی کردەوە کە پێویستە حکومەتێکی خزمەتگوزار، کارا و بەھێزبێت و پارێزگاری لە مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بکات. بەشێکی تری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە بەغدا تایبەت بوو بە پێویستی پتەوکردنی ئامادەیی سیاسی و رێکخراوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا وەک سەنگەری پێشەوەی خەباتی دیموکراتی و نیشتمانیی گەلەکەمان، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێویست پەسەندکرا. شایانی باسە لە دوای ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلالەوە، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
بەرهەم ساڵح بەهۆی ئەوەی بەفەرمی بانگهێشت نەکرابوو، بەشداریی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی عێراقی نەکرد. راوێژکاری لەتیف رەشیدیش دەڵێت، چاوەڕێ بوون بەشداری بکات، چونکە "ئەوان خۆیان خاوەن ماڵن". رۆژی دووشەممە 17-10-2022 رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەڵام بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبوو. بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق دەست کەوتووە، بەرهەم ساڵح بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق بەفەرمی بانگهێشتنەکراوە، تەنانەت ئاگاداری کات و رۆژی رێوڕەسمەکەش نەبوون. بڕیار بووە دوێنێ رێوڕەسمەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێکەوتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر بووە و هاوکات بووە لەگەڵ رووداوەکانی ساڵی 2017، رێوڕەسمەکە رۆژێک دواخراوە. عەلی عەلیاوایی، راوێژکاری لەتیف رەشید لەبارەی هۆکاری بانگهێشتنەکردنی بەرهەم ساڵح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆککۆماری پێشوویان بانگهێشت نەکردووە چونکە، "ئەوان خۆیان خاوەن ماڵن" و چاوەڕێیان کردووە بەشدار بن. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو کە لە سەرچاوەیەکی نزیکی بەرهەم ساڵح دەستی کەوتووە، بەرهەم ساڵح هیچ گرفتێکی لەگەڵ لەتیف رەشید نییە، تەنانەت یەکەم کەس بووە کە پیرۆزبایی لێکردووە. دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆمار دوای ئەوە هات رۆژی 13ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ کۆبووەوە. لەتیف رەشید دەبێتە چوارەم کەسایەتى سیاسیی کورد کە لە ساڵى 2003 ئەو پۆستە وەربگرێت، دوای هەریەک لە جەلال تاڵەبانى، فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح پێشتر سەرۆککۆمار بوون. رۆژی 13-10-2022 پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبووەوە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن. لە گەڕی دووەمدا 269 ئەندامی پەرلەمان ئامادە بوون و د. لەتیف رەشید بە دەنگی 162 پەرلەمانتار وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا. د. بەرهەم ساڵحیش 99 دەنگی بردەوە؛ 8 دەنگی بەتاڵیش هەبوون. رووداو
قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر کە ئاوی خواردنەوە بۆ40%ی ههولێر دابین دهكا، دهستی پێكرد.ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند "ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئیفراز سێی هەولێر دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. قۆناغی یەکەمی ئەو پڕۆژەیە درێژییەکەی دوو هەزار و 750 مەترە و تێچووی گۆڕینی چوار ملیار و 650 ملیۆن دینارە".درێژیی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر، 11 کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ هەروەها رایگەیاند "کۆی تێچووی گۆڕینی تەواوی ئەو بۆڕییە 21 ملیار دینارە. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەش وەک کۆمپانیای جێبەجێکار پێی راسپێردراوە، 110 بۆ 120 رۆژە".
دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات ڕۆژی دووشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مایك بڕایسن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا كە دەیڤید هێنت كونسوڵی گشتیی بریتانیا ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانكارییەكانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار تاوتوێ كرا و، هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت بەپێی ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن بێت و بە پێویستیش زانرا ئەو پڕۆگرامەی كە لایەنە بەشداربووەكانی پڕۆسەی سیاسی لەسەری ڕێككەوتوون، جێبەجێ بكرێت. بەجۆرێك ئەو پڕۆگرامە وەك و نەخشەڕێگەیەك بێت بۆ ڕێڕەوی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختیشی لە بایەخی ڕۆڵی ئافرەت و بەهێزكردنی ئەو ڕۆڵە كردەوە و هێمای بەوە دا كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێشەنگی پێگەیاندنی ئافرەتی چالاك بووە و بۆ پێشخستنی كۆمەڵگە هەمیشە ڕۆڵی بە ئافرەت داوە.