سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 18ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022) له هه‌ولێر، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مارك برايسۆن ريچاردسۆن باڵيۆزى شانشينى يه‌كگرتوو (به‌ریتانیا) له عێراق و شاندێكى ياوه‌رى، دوايين پێشهاته‌كان و پرۆسه‌ى سياسى له عێراق، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمار و ئه‌ركداركردنى سه‌رۆك وه‌زيرانى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵى، بيروڕايان گۆڕييه‌وه. نێچيرڤان بارزانى دووپاتیكرده‌وه، گرنگه حكومه‌تى نوێى عێراق كاره له‌پێشينه‌كانى ده‌ستنيشان بكات و خزمه‌تگوزارى و ده‌رفه‌تى كار پێشكه‌ش بكات، ده‌رفه‌تيشى هه‌يه هه‌ندێك له كێشه‌كانى وڵات چاره‌سه‌ر بكات، هه‌روه‌ها لايه‌نه عێراقييه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵات ده‌بێ ستراتيژى بيربكه‌نه‌وه و پێكه‌وه كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و گێڕانه‌وه و پاراستنى سه‌قامگيرى بكه‌ن. دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبووونه‌وه‌كه بوو، تێيدا جه‌خت له گرنگيى پاراستنى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه، هه‌ردوولاش هاوڕابوون كه له بوارى ديموكراسيدا وڵاتانى دۆست و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له نزيكه‌وه چاودێريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوانييان هه‌يه به‌ربه‌ست و كێشه‌كانى به‌رده‌م ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ربكرێن. په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا و ده‌رفه‌تى فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان به‌تايبه‌تى له بوارى كار و وه‌به‌رهێناندا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.
مەهدی فەرشادان، نوێنەری شارەکانی سنە و دیواندەڕە و کامیاران لە ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامی ئێران، هاوکات لەگەڵ رەخنەگرتن لە فەرامۆشکردنی کوردستان لەلایەن بەرپرسانەوە و دووپاتکردنەوە لەوەی کە "کورد ئاژاوەگێر نییە"، گوتی: ئاژاوەگێڕی سەرکۆنە دەکەین، بەڵام پشتگوێخستنی داواکاری کورد زۆر زیاتر سەرکۆنە دەکەین. مەهدی فەرشادان لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی (18ـی تشرینی یەکەم) ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئاماژەدان بە رووداوەکانی ئەمدواییەی پارێزگای سنە و قسەکانی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی نەتەوەی کوردەوە، گوتی: هیچ کاتێک شارستانییەتی پێشکەوتووی کورد لەگەڵ ئاژاوە هاوتەریب نەبووە، لە راستیشدا کوردەکان بە درێژایی مێژوو ئاژاوەگێڕ نەبوونە و نابن". بە گوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی (ئیسنا)ـی ئێرانی، ئەو پەرلەمانتارە کوردە لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەوەی "دەسەڵات لە بەشی پەرەپێدانی ئابووری و ژێرخان، قەرزدای کوردستانە"، رایگەیاندووە: ئاژاوەگێڕی سەرکۆنە دەکەین، بەڵام پشتگوێخستنی داواکاری کوردان زۆر زیاتر سەرکۆنە دەکەین. هەر لێرەوە چەندین جار گوتوومە کە کوردستان پێویستی بە جیاکاری ئەرێنی هەیە. پارێزگای کوردستان [سنە] بێکارترین پارێزگایە لەسەر ئاستی وڵات و بەدەست لاوازیی ژێرخانەوە دەناڵێنێت. من رەخنەم لە پەراوێزخستنی دەستەبژێرەکان و سووننە لە ئاستی پارێزگا و نەتەوەدا گرتووە". مەهدی فەرشادان، هەروەها داوای لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران کرد، ئەو گەنجانەی لە میانەی خۆپێشاندانەکانی سنە بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی گیراون، ئازاد بکرێن. k24
عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت، لە سەرەتای دروستبوونی دەزگای دژەتیرۆرەوە مەترسی لەسەر بەرپرسانی یەکێتی ھەستی پێکرا. پەیامەکەی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک: پێشەکی ئەم بابەتە پەیوەندی بە ڕقی شەخسی و ململانێی سیاسیەوە نیە، ئەم جۆرە گروپە لەھەر شار و ناوچە و لایەنێک بن و لە حزبی خۆیشمان بن قسەمان لەسەریان دەبێت، چونکە مەترسیەکی جدین لەسەر پێکەوە ژیان و ئەمن و ئاسایشی تاک بە تاکی کۆمەڵگە. لە سەرەتای دروستبوونی دەزگای دژەتیرۆرەوە مەترسی لەسەر بەرپرسانی یەکێتی ھەستی پێکرا و لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەو حزبەوە ناڕەزایی و ڕەخنەی توند تا ئاستی وازھێنان لە یەکێتی لەو دەزگایە گیرا، لەسەردەمی دروستبوونی دژەتیرۆری یەکێتیەوە و لە کاتی دەسەڵاتداری ھەردوو ھاوسەرۆکانیش و بە ئێستاوە لە ھەموو لەت بوون و ناکۆکیەکانی ناو یەکێتیدا ئەو دەزگایە ڕۆڵی زۆر خراپی بینیوە.لێرەدا تەنھا باسی چەند نمونەیەکی دیار و حاشا ھەڵنەگر لە تاوان و زیانی ئەو دەزگایە دەکەین دەرھەق بە یەکێتی و کەسە دڵسۆزەکانی خۆیان، ئینجا خەڵکانیتر:ئەو چەند ئەندام مەکتەب سیاسیە دیار و کاریگەرەی کە لە یەکێتی جیابوونەوە و دواتر پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە کرد و بەوەش گورزێکی کوشندە بەر یەکێتی کەوت لە دەست لەکارکێشانەوەیان بۆ ڕەحمەتی مام جەلال، خاڵی سەرەکی داواکاریەکانیان ھەڵوەشاندنەوەی دژەتیرۆر بوو، بەو ھۆیەی ئەم ھێزە مامەڵەی نادروست لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتیە دیارەکانی ناو یەکێتی دەکات و بۆتە جێگای مەترسی بۆ سەریان، بەڵام گوێیان لێ نەگیرا و ئەوانیش یەکێتیان بەجێ ھێشت.لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجامی ململانێی باڵەکانی ناو یەکێتیدا لە درەنگانی شەو ھێزێکی دژەتیرۆری گەورەی چل بۆ پەنجا ھەمەر بەکار ھێندرا و لە شاری چەمچەماڵ پەلاماری ھێزێکی سەر بە لیوای کاک کۆسرەتیاندا، لەو پەلامارەدا نەقیب بێستونی ئامۆزای ئێمە و فەرماندەیەکی دڵسۆزی یەکێتی و کوڕی شەھیدی سەرکردەی یەکێتیان شەھید کرد، بۆ سبەی ئێوارەکەی لەبری عوزر ھێنانەوە و داوای لێبوردن، لە پێگەی فەرمی دژەتیرۆرەوە بڵاویانکردەوە کە چەند چەتەوڕێگرێک چوونەتە سەر ڕێگایان و یەکێک لە چەتەکانیان کوشتووە.لە کاتی کێشەی ھاوسەرۆکان و جارێکی‌تر درزی ناو یەکێتی، بەھەمان شێوە دژەتیرۆر مایە فیتنەی ئەو لێکترازانە بوو، ھەروەھا بەکار ھێندرا بۆ تەسفیە کردنی یەکتری.پارساڵ پێشمەرگەی دێرین و فەرماندەیەکی دیاری یەکێتی بەناوی موراد کانی کوردەیی لە شاری ڕانیە ھێرشکرایە سەری و خۆی و ھاوڕێکانی شەھید کران، بە قسەی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و کەسوکاری موراد، دژەتیرۆری یەکێتی ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.لەم مانگەشدا عقید ھاوکار جاف ئەفسەرێکی دیار و کاریگەری یەکێتی و خودی دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ خێزان و منداڵەکانی بە کردەیەکی تیرۆریستی ئۆتۆمبێلەکەی تەقێندرایەوە و خۆی تێدا بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانیەوە شەھید کرا و سوتا، دوای چەند ڕۆژێک ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم بە بەڵگ و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی تاوانبارەکان ڕایگەیاند کە گروپێکی دژەتیرۆری یەکێتی ئەو کارە تیرۆریستێیان ئەنجام داوە.ئەمە جگە لەوەی چەندین جار دژەتیرۆری یەکێتی بەکارھێندراوە بۆ ململانێی ناوخۆیی و سەر ماڵی بەرپرسانی باڵای یەکێتی، بەکارھێندراوە دژی مەڵبەند و مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری پەروەردە و کەسوکاری شەھیدانی یەکێتی لە چەمچەماڵ، چەند جارێکیش پریشکی شەڕانگێزی و تاوانکاری ئەو دەزگایە بەر ئێمەش کەوتووە.ئەگەر سەرکردایەتی یەکێتی ڕێگری لەو کارە خوێن ڕێژی و نایاسایانەی ئەو ھێزە نەکات و بە توندی سزای بەرپرسانی ئەو دەزگایە نەدات، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە دیار مەرگی یەکێتیەکەیانەوە دانیشتون لەسەر دەستی ئەو دەزگایە و زۆر نابات سەریان دەخوات، بەتایبەت لە ڕووی جەماوەری و پەیوەندی لەگەڵ ھاوپەیمانان، چونکە ئەوەی ئەو گروپە دەیکەن کارێکی نایاسایی و نامرۆڤانەی تیرۆریستیە، بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ سیاسەتی ھاوپەیمانان و کۆمەڵگەی خۆمان و جەماوەری یەکێتیش نایەتەوە و ناگونجێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق و دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی لە پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار دەکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییانی عێراق بکات و لە سەر بنەمای دەستووریش، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکات. سەرۆکی حکومەت، هەروەها جەختی لە گرنگیی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان کردەوە.لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری، بە تایبەتی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی و بەبازاڕکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی کردەوە کە بڕیارە لەم ڕۆژانەدا، بەربوومی ناوخۆیی بنێردرێتە بازاڕەکانی دەرەوە.سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی بواری دارایی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتیی کرد. هەروەها باسی لە پرۆسەی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی کرد لە پێناو برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی.سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیمان بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش پەیوەستە بە گرنگیی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا .لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکومەت وەڵامی تێبینی و سەرنج و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە .
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بودجە و شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان و 200 ملیارەکە لپرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لێدوانی تازەی دا. د.جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفراسێکددا رایگەیاند:''وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی خۆمان هەیە، لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی پێشتر کرابوون لەسەر دۆسیەی نەوت و بودجە و پێشمەرگە و مادەی 140، بۆ لایەنە سیاسیەکان جەخت لەسەر ئەو دۆسیانە دەکەینەوە، دەبێ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەو تەوەرانە بابەتی سەرەکیان بێ لە گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق." ئەوەشی خستە ڕوو: " بە داخەوە ئەمساڵ بەغدا تەنیا بە دووجار 200ملیارەکەی ناردووە، ئەوەی پێویست بووە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێکۆەوتووە هیچ بیانوویەک نەبووە ئەو پاره نەنێردرێ، ئومێدەوارین حکوومەتی نوێی عێراق پشت به دەستوور ببەستێت و ماف و شایستە داراییەکانی کوردستان بنێرێ." د.جووتیار عادل، ڕوونیشی کردەوە هەرکات پێویست بکات وەفدی حکوومەت بۆ گفتوگۆ دەچێتە بەغدا. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بودجە گوتی: "بودجەی ساڵی 2023،پەیوەستە بە بودجەی عێراق،هەرکات لە عێراق بودجە ئامادە کرا ئەوە ئێمەش ڕەشنووسی بودجەی خۆمان ئامادە دەکەین." لە بارەی پلەبەرزکردنەوە وتی: "لیژنەی پەیوەندار لە حکوومەت بۆ بابەتی پلەبهرزکردنەوەی فەرمانبەران کاری خۆی دەکات، ئەو بابەتەش پەیوەندی بە بودجە هەیە، کە لە یاسای بودجه شایستەی دارایی جێگیر کرا ئەوە پلەبەرزکردنەوەش دەکرێتەوە."
١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار دینار ١٠٠ یۆرۆ بە ١٤٥ هەزار و ٤٠٠ دینار ١٠٠ پاوەن بە ١٦٦ هەزار و ٦٥٠ دینار ١٠٠ لیرەی تورکی بە ٧ هەزار و ٩٥٠ دینار ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە ٤ هەزار و ٤٢٤ دینار
بەپێی پێشبینییەکان هەفتەی داهاتوو باران بارین و هەورە برووسکە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات". پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا ناوچەکانی باشووریش بگرێتەوە، هەروەها خێرایی با زیاد دەکات و ئەگەری خۆڵبارین هەیە.
بڕیارە لە 1بۆ3ی مانگی 11ی ئەمساڵ، پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14ی خۆی ببەستێت. باڵکێش زانیویەتی، کۆنگرەکە لە سەرەتای مانگی 11 و بە دیاریکراوی لە 1 بۆ3ی مانگ دەبەسترێت و 7ی مانگیش کۆتایی دێت. تائێستا لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە، هەموو کارەکانی تەواو کردووە و ئەندامەکان لە ئۆرگانەکانەوە هەڵبژێردراون. هەر بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش ، هەفتەی داهاتوو باجی ئەندامێتی بۆ هەموو ئەندامەکانی کۆنگرە دروست دەکرێت.
ته‌نیا دوێنێ له نه‌خۆشخانه‌ی هیوای تایبه‌ت به شێرپه‌نجه له شاری سلێمانی 40 حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به شێرپه‌نجه تۆمار كراون. نه‌خۆشخانه‌ی هیوا له رێی په‌یجه‌كه‌یه‌وه ئاماری ته‌نیا دوێنێ یه‌كشه‌ممه 16-10-2022 بڵاوكرده‌وه. ده‌قی ئاماره‌كه: * 40 حاڵه‌تی نوێ تۆمار کراون و کۆدیان بۆ کراوە. * 1029 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردووە. *3500 پشکنینی جۆراو جۆری تاقیگەیی بۆ نەخۆش ئەنجام دراوه. * 143 نەخۆش چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە. * 205 نەخۆش پشکنینی تیشکی و ئیکۆ و سۆناریان بۆ کراوە. * 85 نەخۆش لە بەشی فریاکەوتنی خێرا داخڵ كراون. * 257 نەخۆش لە قاوشە جۆراو جۆرەکانی نەخۆشخانە داخڵ کراون.
جەمال عەبدوڵڵا ”ئیشی ئێمە لە بەغدا تازە دەست پێدەكات، ئێمە كێشە و ھەڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێرەوە چاك دەكەینەوە، ئێمە لێرەوە كوردستان دەكەین بە شوێنێك كە خۆمان دەزانین ئەو كوردستانە چۆن دەبێت!“ ئەوە بەشێكە لەو قسانەی كە سەرۆكی یەكێتی دوای دەرنەچوونی تاكە كاندیدە فەرمیەكەیان بۆ پۆستی سەركۆمار، بە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق گوت. بەڕاستی ئەگەر كەسێكی زۆر خۆڕاگر و پشوودرێژ نەبیت كە گوێت لەم جۆرە قسانە دەبێت سیاسەتیشت لەبەرچاو دەكەوێت، بۆچی؟1- بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دەڵێت: ”ئیشی ئێمە لە بەغدا تازە دەست پێدەكات!“ تەبعەن كە دەڵێت ئێمە، ئەو بە سیفەتی سەرۆكی یەكێتی ئەو قسەیە دەكات، كەواتە دەڵێت ئیشی یەكێتی لە بەغدا تازە دەست پێدەكات. باشە ئیتر خۆ ئەوە بەو مانایەیە كە لە ھەموو مێژووی یەكێتیدا و ھەتا ئەو كاتەی كە سەرۆكی یەكێتی ئەم قسەیەی كردووە، یەكێتی لە بەغدا ھیچ ئیشێكی نەكردووە! پێدەچێت دەرنەچوونی تاكە كاندیدە فەرمییەكەی یەكێتی بۆ پۆستی سەركۆمار، لەڕووی سایكۆلۆژییەوە ئەوەندە كاریگەریی لە سەرۆكی یەكێتی كردبێت كە ناڕاستەوخۆ ھێرشیش بكاتە سەر جەنابی مام جەلال و بڵێت لە ماوەكانی پێشووتریشدا یەكێتی لە بەغدا بە مام جەلالیشەوە ھیچ ئیشێكی نەكردووە! خۆ بەدەست من نیە قسەكەی سەرۆكی یەكێتی وا دەگەیەنێت، چونكە تۆ كە گوتت: ”ئیشی ئێمە لە بەغدا تازە دەست پێدەكات!“ واتە یەكێتی پێشتر لە بەغدا ھیچ ئیشی نەكردووە، بەو كاتانەشەوە كە جەنابی مام جەلال سەركۆمار بووە.2- سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت: ”ئێمە كێشە و ھەڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێرەوە چاك دەكەینەوە!“ واتە سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، یەكێتی لە بەغداوە كێشە و ھەڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چاك دەكاتەوە! ئەمەشیان بەو مانایەیە كە بەلای سەرۆكی یەكێتییەوە، ھەر كێشەیەك لەنێوان عێراق و ھەرێمی كوردستاندا ھەبووبێت، ھەر ھەمووی ھەڵەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بووە! و سەرۆكی یەكێتی بە حسابی خۆی، كێشە و ھەڵەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغداوە چاك دەكاتەوە! بەڵام كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان دانی بەوەدا ناوە كە ئەوانەی پێشتر لە بەغدا حوكمیان كردووە، ھەڵە بوون و ئەم نایەوێت ئەو ھەڵانە دووبارە بكاتەوە! كەواتە لێرەدا دەبوایە سەرۆكی یەكێتی بیگوتایە: دەبێ ھەموو كورد لە بەغدا بەیەكەوە و وەك تیم كارێك بكەین كە نەھێڵین حكوومەتی نوێی عێراق، ھەڵەكانی پێشووتری بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان دووبارە بكاتەوە نەك خۆیمان لێ بكات بە داواكاری گشتی دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.3- سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت: ”ئێمە لە بەغداوە كوردستان دەكەین بە شوێنێك كە خۆمان دەزانین ئەو كوردستانە چۆن دەبێت!“ وەڵاھی ئا لێرەدا ئیتر نازانم، ئایا سەرۆكی یەكێتی دەیەوێت ھەموو كوردستان بكات بە شوێنی قاچاخچی و دزەكانی باشماخ و پەروێزخان یان ھەموو كوردستان بكات بە شوێنی پەلاماردانی ڕۆژنامەنووسان و توندكردنیان لە زیندانی ئاساییش بە پێچەوانەی یاسای كاری ڕۆژنامەوانی ژمارە 35ی ساڵی 2007 یان دەیەوێت ھەموو كوردستان وەك سلێمانی لێ بكات و ئنجا وەبەرھێنەرانی ھەموو كوردستان وەك وەبەرھێنەرانی سلێمانی سەری خۆیان ھەڵگرن و ئیتر نەك ھەر سلێمانی، بەڵكوو وەبەرھێنەران ھەموو كوردستان بەجێ بھێڵن، یان دەیەوێت لە ھەموو كوردستاندا گرووپێك یان چەند گرووپێكی تیرۆریستیی تیا بێت بۆ ئەوەی تیرۆری نەیارانی خۆیان بكەن و گوێ بە كوشتنی ژن و منداڵیش نەدەن!
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری سلێمانی رایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17-10-2022 لە چاڤیلاندی سلێمانی ورچێک پەلاماری منداڵێکی تەمەن 4 ساڵی داوە و بەو هۆیەوە زامدار بووە و بەمەبەستی چارەسەرکردنی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە". راشیگەیاند کە منداڵەکە ناوی لاڤین سەعیدە, ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکدایە.
له دوای ئه‌و هه‌موو كه‌تنه‌ی كه له دژه‌تیرۆری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ماوه‌ی رابردوو ئه‌نجامی دا، ئێسته جگه له‌وه‌ی داوا ده‌كرێ دژه‌تیرۆری یه‌كێتی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ وڵاتانی هاوپه‌یمان كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێ كه بخرێته لیستی تیرۆر. دژه‌تیرۆری یه‌كێتی له ماوه‌ی رابردوودا، به‌تایبه‌ت دوای هه‌شتی ته‌مووزی ساڵی ڕابردوو، به ته‌واوی كه‌وتنه گیانی كادر و لایه‌نگرانی خۆیان له گرتن و لێدان و تیرۆركردنه‌وه ده‌ستی پێ كرد، تا دوا كرده‌یان كه تیرۆركردنی عه‌قید هاوكار جاف بوو. تیرۆركردنی هاوكار جاف له هه‌ولێر كاردانه‌وه‌ی زۆری لێ كه‌وته‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی وڵاتانی هاوپه‌یمان داوایان كرد، به‌شداری له لێكۆڵینه‌وه‌كان بكه‌ن و بۆیان روون بووه‌وه كه ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، به ته‌واوی لێكۆڵینه‌وه‌كانی گه‌یاندووه‌ته بنبه‌ست. لاهوور جه‌نگی كه پێشتر هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی بوو، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی ئێسته له كاره‌كه‌ی لادراوه، دوای كوشتنی عه‌قید هاوكار جاف، له به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتی كرده‌وه كه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه دژه‌تیرۆری یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌و كاره لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێ. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان, له‌و رۆژه‌وه‌ی عه‌قید هاوكار جاف له هه‌ولێر تیرۆر كراوه، لاهوور جه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمێكی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر هێڵ بووه و داوای كردووه به‌شداری له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا بكه‌ن، له به‌یاننامه‌ی دوای ددانپێدانانی گرووپه‌كی كوشتنه‌كه‌ی عه‌قید هاوكار جاف له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه، لاهوور جه‌نگی ده‌ستخۆشی بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش هه‌بوو، ئه‌وه‌یش به ته‌واوی لێكۆڵینه‌وه‌ی هاوپه‌یمانانی دڵنیا كرده‌وه كه دژه‌تیرۆری یه‌كێتی پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكرێ. هه‌رچه‌نده هێشتا هیچ بڕیارێك له‌سه‌ر دژه‌تیرۆری یه‌كێتی له ئارادا نییه، به‌ڵام پێده‌چێ سووكترین بڕیاری هاوپه‌یمانان، راگرتنی هاوكارییه لۆجستی و مادییه‌كان بێت بۆ دژه‌تیرۆری یه‌كێتی و به‌وه‌یش به ته‌واوی لاواز بكرێن. دژه‌تیرۆری یه‌كێتی، دوای ساڵی 2003 له‌سه‌ر پێشنیازی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی ئه‌و حزبه دامه‌زراوه. ده‌زگاكه به‌رده‌وام بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكانی ناو حزبه‌كه به‌كار هاتووه و دواجار بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان لاهوور جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی خرایه گه‌ڕ. دژه‌تیرۆری یه‌كێتی، چونكه له بنه‌ماكه‌یه‌وه پره‌نسیپ و دامه‌زراوه‌یی نه‌بووه، بۆیه وه‌ك ده‌زگایه‌كی لۆكاڵی ده‌بینرێ و له چه‌ند ساڵی ڕابردوویشدا هه‌وڵی زۆر هه‌بووه له چوارچێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان رێكبخرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر له هێڵه گشتییه‌كاندا لایان داوه. كرده‌كانی دژه‌تیرۆر بۆ تیرۆری ناوخۆیی له دوای ساڵی 2019، كرده تیرۆریستییه‌كان زیاتر بوون به‌تایبه‌ت تیرۆری ناوخۆیی، هه‌واڵی كوژرانی ڕۆژنامه‌نووس ئامانج بابانی و لانه‌ی هاوسه‌ری و منداڵه‌كه‌یان، یه‌كه‌م كرده‌ی تیرۆریستیی ئه‌و ساڵانه‌ی دوایی بوو. دواتر كرده‌ی جۆراوجۆر ده‌ستی پێ كرد و ئه‌وه‌ی ئاشكرابوو، ده‌نا سه‌تانی تر به نهێنێ له‌ناو دژه‌تیرۆری یه‌كێتی و ده‌زگای زانیاری رووی داوه، جگه له كرده‌وه‌ی له‌كه‌داركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سێكسیی به‌رپرسه‌كانی یه‌كێتی و هه‌ڕه‌شه. ئه‌و ده‌زگا لۆكاڵییه‌ی یه‌كێتی كه ده‌ستی به خوێنی ده‌یان كادر و لایه‌نگری حزبه‌كه‌یش سووره، بوونه‌ته مۆته‌كه به‌سه‌ر خه‌ڵكی سلێمانییه‌وه، ته‌نانه‌ت ویستیان به تیرۆركردنی عه‌قید هاوكار جاف له به‌رچاوی ژن و منداڵه‌كه‌یدا، دۆخی هه‌ولێریش تێكبده‌ن، به‌ڵام هه‌رزوو پیلانه‌كانیان له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پووچه‌ڵ كرایه‌وه. به خوێندنه‌وه بۆ ململانێكانی ناو یه‌كێتی و ده‌زگای زانیاری، له داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌تایبه‌تتر كه لاهوور جه‌نگی قۆڵی خۆی لێ هه‌ڵماڵیوه و له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، پێناچێ داهاتووی ئه‌و ده‌زگایه رۆشن بێت. 13 وشە