گەرووی هورمز وەک گرنگترین دەروازەی دەریایی بۆ هەناردەکردنی نەوتی ناوچەی کەنداو، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران مەترسیی داخستنی لەسەرە، ئەمەش دڵەڕاوکێی زۆری لای شارەزایانی ئابووری دروستکردووە، چونکە ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت. نەبیل مەرسوومی، شارەزای دیاری ئابووریی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، داخستنی گەرووی هورمز ئەنجامی کارەساتباری بۆ عێراق دەبێت، چونکە وڵاتەکە 90٪ی داهاتەکەی لە ڕێگەی هەناردەی نەوتەوە لەم ڕێڕەوەوە دەست دەکەوێت، لە حاڵەتی داخستنیدا عێراق بە کردەیی توانای هەناردەکردنی نەوتی لە بەندەرەکانی باشوورەوە لەدەست دەدات. بەپێی پێشبینییە ئابوورییەکان ئەگەر گەرووەکە دابخرێت هەناردەی نەوتی عێراق لە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە بۆ تەنیا 210 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە کە 200 هەزاری لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان و 10 هەزار بەرمیلی لەڕیگەی ئوردنەوە دەبێت، تەنانەت ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 150 دۆلاریش، ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانە بکاتەوە چونکە داهاتی مانگانەی وڵات لە حەوت ملیار دۆلارەوە بۆ کەمتر لە یەک ملیار دۆلار دادەبەزێت، ئەم بڕە پارەیەش تەنیا بەشی 14٪ی مووچەی فەرمانبەران دەکات. ئەم مەترسییە لە کاتێکدایە کە عێراق بەپێچەوانەی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و ئێران هیچ دەروازەیەکی جێگرەوەی ئامادەی نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، لە هەمان کاتدا وەزارەتی دارایی بەهۆی کەمیی نەختینەوە لە کێشەدایە، بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەشت ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر دابین بکات، ئەمەش دۆخەکە بەرەو تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی مەترسیدار دەبات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 22/02/2026، سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک، هەڵیکوتایە سەر ماڵباتێکی کورد و بە زەبری هێز لە ناو خانووەکەیان دەریکردن، لە ئێستاشدا ڕێگرییان لێ دەکات بگەڕێنەوە ناو ماڵەکەیان. ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە سوپای عێراق بە بیانووی زێدەڕۆیی و موڵکایەتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق، فشار دەخاتە سەر دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆش هەلێکی قۆستووەتەوە کاتێک خاوەن ماڵێک بۆ ژەمی پارشێو چوونەتە میوانداری، لەو کاتەدا سوپا دەستی بەسەر خانووەکەدا گرتووەتەوە و سوکایەتیشی بە ئەندامانی خێزانەکە کردووە. پێش دوو ساڵ پێنج خێزانی دیکە لە هەمان گەڕەک بە زۆرەملێ لەلایەن سوپای عێراقەوە دەرکرابوون، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەڕابوونەوە ناو ماڵەکانیان. ئەم ڕەفتارەی ئەمڕۆی سوپای عێراق وەک درێژەی ئەو گوشارانە دەبینرێت کە دەخرێتە سەر ماڵە کوردەکانی ئەو ناوچەیە. گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکووک زیاتر لە 200 ماڵی کوردی تێدایە کە زۆربەیان ئەو خێزانانەن دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003 لە ئاوارەیی گەڕانەوە و لەو خانووانەدا نیشتەجێ بوون کە پێشتر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەفسەرانی ڕژێمی بەعس بوون. تا ئێستاش کێشەی خاوەندارێتیی ئەو زەوییانە وەک گرفتێکی گەورە لە نێوان هاووڵاتییان و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا ماوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە قۆناخی فراوانبووندایە و تاوەکو پێش نەورۆزی ئەمساڵ، زۆربەی ناوچەکانی سنوورەکە دەبنە خاوەنی پڕۆژەی ڕووناکی. ئەندازیار عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای راپەڕین ڕایگەیاند، ئێستا پڕۆژەی رووناکی لە سەنتەری ڕانیە جێبەجێ کراوە و 34 هەزار هاوبەش سوودمەندن، کارە لۆجستییەکانیش بۆ ناوچەکانی پشدەر، حاجیاوا، چوارقورنە، ژاراوە، هەڵشۆ، هێرۆ، ئیسێوە و سەروچاوە تەواو بوون، تاوەکو پێش نەورۆز بە تەواوی دەچنە نێو پڕۆژەی ڕووناکییەوە. بەڕێوەبەری کارەبای ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی رووناکی بارگرانی سەر فیدەرەکانی بە رێژەی 60٪ بۆ 70٪ دابەزاندووە، ئەمەش سووتانی محاویلەکانی گەیاندووەتە کەمترین ئاست. سەبارەت بە نرخی کارەبا داتاکانی خستەڕوو کە 91٪ی هاوبەشان پسوولەی مانگانەیان لە 100 هەزار دینار کەمتر بووە، تەنیا 9٪یان پارەی زۆریان بۆ هاتووەتەوە، ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی گەرمکەرەوە یان گرفتی ناوماڵ بووە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی محەممەد وتی: قەرزی کارەبا لای هاوبەشان تاوەکو سەرەتای ساڵی 2026 گەیشتووەتە 37 ملیار دینار، بڕیاری داشکاندنی 20٪ی قەرزەکان تاوەکو 12ی ئاداری 2026 بەردەوام دەبێت، هاونیشتمانیان دەتوانن لە رێگەی ئی پسوولە پاکتاوی بکەن. هاوکات ئاماژەی بە گەشەکردنی وزەی سۆلار کرد کە تا ئێستا 580 شوێن سیستمی سۆلاریان بەستووە و نزیکەی سێ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ـی شووبات، پاکستان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکان لە نێو خاکی ئەفغانستان، حکومەتی ئەفغانستانیش دەڵێت: لە ئەنجامی هێرشەکاندا دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون. ئەم هێرشانە بە فراوانترین هێرش دادەنرێن لە دوای شەڕە خوێناوییەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، کە تێیدا زیاتر لە 70 کەس لە هەردوولا کوژران. وەزارەتی راگەیاندنی پاکستان ڕایەگایند، 7 شوێنیان لە ناوچە سنوورییەکان کردووەتە ئامانج کە بنکەی گرووپی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و لقێکی رێکخراوی داعش بوون؛ ئاماژە بەوە دەکات ئەمە وەڵامێک بووە بۆ تەقینەوەکانی ئەم دواییەی ناو پاکستان بەتایبەت تەقینەوەکەی مزگەوتێکی شیعەکان لە ئیسلام ئاباد کە 40 کوژراوی لێکەوتەوە. سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێرشەکان پارێزگاکانی نەنگەرهار، پاکتیکای گرتووەتەوە، تەنیا لە قەزای بیحسود 17 کەس کوژراون کە 12ـیان منداڵ، ئێستاش خەڵکی ناوچەکە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا بەدوای قوربانییەکاندا دەگەڕێن. زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند، پاکستان دەیەوێت لاوازیی ئەمنیی وڵاتەکەیان بەم تاوانانە پەردەپۆش بکەن. لە ساڵی 2021ـەوە کە تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات خراپ بووە و هەوڵە نێوەندگیرییەکانی قەتەر و تورکیا, نەیانتوانیوە رێککەوتنێکی هەمیشەیی لە نێوان هەردوولا بێننە ئاراوە.
تۆڕی میدیایی فورقان، کە باڵی فەرمی ڕاگەیاندنی داعشە، وتارێکی دەنگیی نوێی "ئەبو حوزەیفە ئەنساری" وتەبێژی ڕێکخراوەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هێرش دەکاتە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا و جەخت لە بەردەوامیی هێرشەکانیان لە ناوچەکە و جیهان دەکاتەوە. وتەبێژی داعش لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نەمانی هەژموونی ئێران لە سووریا ڕووداوێکی گرنگ بوو، بەڵام دەسەڵاتی نوێی لە شام (سووریا) بە "کافرانە و مورتەد" ناوبرد، بەو پێیەی بە وتەی ئەو "حکومەتێکی عەلمانییە و پابەندە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تورکیا". ئەنساری هۆشداری دا کە شەڕی ئەوان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی ئێستای سووریا بەردەوام دەبێت و ڕایگەیاند: "داهاتووی شام بۆ دەسەڵاتدارانی نوێ، لە داهاتووی بەشار ئەسەد و مەزڵووم عەبدی باشتر نابێت." لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، وتەبێژی داعش پەیامی ئاراستەی زیندانیانی ڕێکخراوەکە کرد کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی عێراقەوە دەستبەسەرن، و ستایشی "خۆڕاگری" ئەوانی کرد. هەروەها داوای لە لایەنگرانی کرد هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە مەسیحی و جووەکان لە سەرتاسەری جیهان چڕ بکەنەوە. ئەبو حوزەیفە ئەنساری تیشکی خستە سەر چالاکییەکانیان لە کیشوەری ئەفریقا و ڕایگەیاند کە "ئەفریقا بووەتە مەیدانی شەڕێک کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدا پەرتەوازە بووە". ئاماژەی بە شەڕەکانی سۆماڵ، نێجیریا، مالی، مۆزەمبیق و کۆنگۆ کرد وەک نموونەی سەرکەوتنی ڕێکخراوەکەیان. لە کۆتایی وتارەکەیدا، وتەبێژی داعش دانی بە کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە و بەرپرسانی میدیایی ڕێکخراوەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا نا. هەروەها هۆشدارییەکی توندی تەناهی دایە لایەنگرانی و وتی: "ئێوە ئامانجی هەموو دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانن،" و داوای لێکردن لە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانیاندا وردتر بن و نەکەونە داوی سیخوڕییەوە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بڕیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ناساندنی بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی ئێران وەک "تیرۆریست"، بڕیاری "کاردانەوەی هاوتا"ی ڕاگەیاند و هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی وڵاتانی ئەوروپای خستە لیستی تیرۆرەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: لە وەڵامی بڕیارە "نایاسایی و نادروستەکەی" وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کە ڕۆژی ١٩ی شوبات دراوە بۆ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، تاران بڕیاری داوە تەواوی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" بناسێنێت. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە سوپای پاسداران یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هێزە چەکدارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، و بڕیارەکەی ئەوروپا بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان لەقەڵەم دراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوەی تاران پشتئەستوورە بە "یاسای کاردانەوەی هاوتا بەرامبەر ناساندنی سوپای پاسداران وەک تیرۆریست لەلایەن ئەمریکاوە" کە لە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کراوە. بەپێی ماددەی ٤ی ئەو یاسایە، ئێران مافی خۆیەتی هەمان ڕێکار بەرامبەر ئەو وڵات و لایەنانە بگرێتە بەر کە هێزە فەرمییەکانی ئێران دەخەنە لیستی تیرۆرەوە. ئەم بڕیارە گرژییەکانی نێوان تاران و برۆکسل دەباتە قۆناغێکی نوێوە و وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ فشارە سیاسی و سەربازییەکانی ئەوروپا بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران دەبینرێت.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، سبەی یەکشەممە 2026/02/22 ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی 7 پرۆژەی ستراتیژی بۆ گەشەپێدان و پێناسەکردنی زمانی کوردی لە چوارچێوەی زمانەوانییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوەدەچێت کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بوونیاد نراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەکات. دکتۆر کارزان کەریم، شارەزا لە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، پرۆژەکە لەلایەن دکتۆر فەریاد فازڵ زمانناسی دیار و ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی دەکرێت، ئامانج لێی ناساندنی زمانی کوردییە وەک زمانێکی فەرمیی جیهانی و خستنەڕووی شێوازی فێرکارییە بەشێوەی ئەکادیمی بەتایبەت بۆ کارمەند و کرێکارە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆژانە هاوکاری و ئاسانکاری پێشکەش بە 13 نەتەوەی دیکە دەکات بۆ فێربوونی زمانی کوردی، کە لەم 7 بەشە سەرەکییە پێکهاتووە: یەکەم: پرۆژەی بەئاسانی فێربوون، لەم بەشەدا بەشێوەی ڤیدیۆی فێرکاری زمانی کوردی بۆ 13 زمانی دیکە وەرگێڕدراوە و بەپێچەوانەشەوە. دووەم: پرۆژەی تاقیکردنەوەی زمانی کوردی، تێیدا فێرخواز ئاشنای وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی دەکرێت هاوشێوەی هەر تاقیکردنەوەیەکی دیکەی جیهانی بەنموونە: ئایەڵتس سێیەم: پرۆژەی سیستمی تۆماری وشە کوردییەکان، ئەمەیان دواتر دەبێتە بناغە بۆ ئەی ئای زمانی کوردی. چوارەم: پرۆژەی سیستمی هەڵەبژێری کوردان، تێیدا هەڵە زاراوەییەکان و هەڵەی ڕێزمانی ڕێکدەخاتەوە. پێنجەم: پرۆژەی ئەلف و بێی کوردی، کە هەمان ئەلف و بێی کۆنی کوردییە، کراوەتە سیستم و لە ئەپڵیکەیشنێکدا بەردەستخراوە. شەشەم: پرۆژەی چیرۆکی منداڵان، ئەم پرۆژە 100 چیرۆکی منداڵانی کورد بە زمانی کوردی لەخۆدەگرێت، تێیدا جگە لە شارەزاکردنی زمانەوانی، فێرخواز لەڕێگەی چیرۆکەکانەوە، ئاشنای بەشێک لە کولتوور و فەرهەنگی کوردی دەکرێت. حەوتەم: پرۆژەی فەرهەنگی فرەڕەنگ، کە تایبەتە بە وەرگێڕانی وشە لەنێوان زمانی کوردی و زمانە زیندووەکانی جیهان بەشێوەی فەرهەنگی وێنەیی Picture Dictionary
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی هەواڵی چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە قەتەر و بەحرەین بەدرۆ خستەوە و دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان لە ناوچەکەدا دەمێننەوە. ئەو وەڵامەی سێنتکۆم دوای ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی پێنتاگۆنەوە ڕایگەیاند، سەدان سەرباز لە بنکەی عودەیدە لە قەتەر گواستراونەتەوە، هاوکات بنکەکانی بەحرەین و چەند وڵاتێکی تری وەک عێراق، سووریا، کوێت، سعوودیە، ئوردن و ئیمارات چۆڵکراون، بەڵام کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە. بەگوێرەی هەواڵێکی فۆکس نیوز، هیچ کشانەوەیەکی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە و دەنگۆکان دوورن لەڕاستییەوە. بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لە کاتێکدایە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئارادایە، مەترسیی ئەوەش هەیە لە کاتی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە بکرێنە ئامانج.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکی ورد و بەڵگەداردا، حکومەتی عێراق بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "گۆڕینی دیمۆگرافیا و تەعریبکردنەوە" لە ناوچە جێناکۆکەکان تۆمەتبار دەکات. لە ڕاپۆرتەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە: لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، پرۆسەی دەرکردنی کورد لە پۆستە کارگێڕییەکان و زەوتکردنی زەوییەکان چۆتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. شکست لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2025، زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 تەرخانکراوە، بەڵام بەهۆی "سستی و ڕێگرییەکانەوە" ماددەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی 2012 تا ئێستا نزیکەی 118 هەزار دۆسیە لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین یەکلایی کراونەتەوە، بەڵام هێشتا کێشەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. پاشەکشەی پێگەی کورد لە دوای 2017 ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، "ئیدارە سەپێنراوەکان" لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، دەستیان کردووە بە وەرگرتنەوەی دەیان پۆستی باڵا لە کورد، لەوانە: کەرکووک: ١10 پۆستی کارگێڕی (دیارترینیان پارێزگار). دووزخورماتوو: 10 پۆست. شنگال و زووممار: 8 پۆست. گۆڕینی نەخشەی کارگێڕی وەک چەکێکی سیاسی: لەسەر هەمان پرس، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ڕایگەیاند کە گۆڕینی ناحیەکانی وەک (گوڵاڵە و قەرەتەپە) بۆ قەزا، پەیامێکی سیاسی لەپشتە بۆ شێواندنی نەخشەی ناوچەکە. ناوبراو هۆشداری دا کە ڕێژەی کورد لەو ناوچانە بەشێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە، پێویستە لە ڕووی یاساییەوە ڕێگری لەو هەنگاوە تاکڕەوانەی بەغدا بکرێت." بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ناوچەکانی نێو مادەی 140 ئامانەن: - کەرکووک: سەنتەری شار و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی دەگرێتەوە. - نەینەوا: قەزای شنگال، قەزای حەمدانیە، قەزای شێخان، قەزای مەخموور، قەزای زوممار، قەزای تلکێف، ناحیەکانی بەعشیقە، قەحتانیە، رەبیعە دەگرێتەوە. - دیالە: قەزای خانەقین و ناحیەکانی گوڵاڵە، سەعدیە، مەیدان، قۆرەتوو، قەزای قەرەتەپە، قەزای شارەبان و ناحیەکانی، قەزای بەلەدروز و ناحیەی مەندەلی دەگرێتەوە. - سەڵاحەدین: دووزخورماتوو، ئامرلی، سلێمان بەگ دەگرێتەوە. - واست: قەزای بەدرە و ناحیەی جەسان دەگرێتەوە. - لە هەرێمی کوردستانیش چەمچەماڵ، ئاکرێ، فایدە، کفری و کەلار هەن. گۆڕینی دیمۆگرافیا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە "گۆڕینی سنووری دیمۆگرافیای یەکە کارگێڕییەکان" لە کەرکووک، خانەقین، گوڵاڵە و شنگال کردووە و رایدەگەیێنێت، "راگواستنی دانیشتووان، هێنانی عەرەبی هاوردە، زیادکردنی ژمارەی عەرەب و کەمکردنەوەی ژمارەی کورد" ئەنجام دراوە. ماددەی 140 وەک درێژکراوەی مادەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دانراوە. جێبەجێکردنەکەی بە 3 قۆناخ دیاری کراوە، دەبوو تا کۆتایی 2007 تەواو بکرایە، بەڵام دوای 18 ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر دوایین وادەی دەستووری تاکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا پەیامێکی بڵاوکردەوە: دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە کوردستانیان پیرۆز بێت. هەرێمی کوردستان بە هەبوونی زمان و کولتووری جیاوازەوە دەوڵەمەندە و جێی شانازییە، کە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، ئازادانە بە زمانی دایکی خۆیان دەدوێن و دەخوێنن. زمان، بنەمایەکی گرنگ و سەرەکی بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیمانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە گرنگیدان بە زمانی کوردی و زمانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
لەگەڵ چەقبەستوویی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی توند لە ئێران دەکات و ماوەی تەنها 15 ڕۆژ بۆ ئێران دیاری دەکات تاوەکو بگەنە ڕێککەوتن. ئەمڕۆ هەینی 2026/02/20، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران کاتێکی زۆر کەمی لەبەردەستە، وڵاتەکە 15 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانییانەی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەن. ترەمپ دەڵێت: “یان دەگەینە ڕێککەوتن، یان بارودۆخەکە بۆ ئێران ناخۆش دەبێت." ئەگەری هێرشی سەربازی: سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن ترەمپ، بە جددی بیر لە بژاردەی "هێرشی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێرانییەکان دەکاتەوە، هەرچەندە تا ئێستا وردەکاری زیاتر دەربارەی جۆر و کاتی هێرشەکە نەخراوەتەڕوو. شکستی دیپلۆماسی: ئەم گرژییە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژانی ڕابردوو دوو گەڕی دانوستان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەڕێوەچوو، بەڵام ئاماژەکان وا دەردەخەن کە نەیانتوانیوە بگەنە خاڵێکی هاوبەش، چاودێران پێیان وایە ئەگەری شکستی یەکجاریی دیپلۆماسی زۆرە، ئەمەش ناوچەکە دەخاتە بەردەم مەترسیی جدییەوە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی فلۆریدا، کە زۆرینەیان لە پارتی کۆمارین، پڕۆژەیاسایەکیان بۆ گۆڕینی ناوی "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پالم بیچ" بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ" پەسەند کرد، ئەگەر حاکمی ویلایەتەکە پڕۆژەکە واژوو دەکات، ئەوا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم فڕۆکەخانەیە تەنیا چەند خولەکێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی دۆناڵد ترەمپەوە دوورە، بۆ ئەوەی بخرێتە سەر ناوی ترەمپ، دەبێت بە دوو قۆناغدا بڕوات: واژۆی حاکمی ویلایەت: پێویستە ڕۆن دیسانتێس، حاکمی ویلایەتەکە واژوو لەسەر پڕۆژەیاساکە بکات. ڕەزامەندی: پێویستە دەستەی گواستنەوەی ئاسمانی فیدراڵی ئەمریکا (FAA) ڕەزامەندی لەسەر گۆڕینی ناوەکە بدات. ئەمە تاکە هەوڵ نییە بۆ ناونانی شوێنەکان بەناوی دۆناڵد ترەمپەوە، بەڵکو چەندین هەوڵی دیکە دراون و ویستویانە ناوی وێستگەی "پێن" لە نیویۆرک و فڕۆکەخانەی "دۆڵس" لە واشنتن بگۆڕن، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام مانەوە و داواکان ڕەتکرانەوە.