Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13770 بابەت
هەواڵ
02-02-2023

لەبارەی نرخی دۆلارەوە بڕیارێک لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان درا

دەستەی وەبەرهێنانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلا کۆمپانیاکانی خانووبەرە پێویستە بە دینار مامەڵە لەگەڵ کڕیارانیاندا بکەن. دەستەکە لە گشتاندنێکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی لە بواری خانووبەرەدا کردووە رایگەیاندووە بۆ هەر ١٠٠ دۆلار پێویستە ١٤٧ هەزار و ١٠٠ دینار لە کڕیارەکانیان وەربگیرێت بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر. لە نووسراوەکەدا ئاماژە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە کە جەختی لەوەکردووەتەوە پێویستە مامەڵەکان بە دینار بن نەوەک بە دۆلار.دەستەکە جەختی لەوەکردووەتەوە هەر کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان پابەندی بڕیارەکە نەبێت رووبەڕووی لێپێچینەوە یاسایی دەکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٧٢ هەزار دیناری تێپەڕاندووە بەوەش فشارێکی گەورە لەسەر ئەو هاووڵاتیانە دروستبووە کە یەکەی نیشتەجێبوونیان لە کۆمپانیاکان کڕیوە.بەم بڕیارەی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن بە نرخی بانکی ناوەندی پشکی مانگانە لە کڕیارەکانیان وەربگرن نەوەک بە نرخی بازاڕەکانی دراو.

هەواڵ
02-02-2023

دادگای هەولێر لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریدا

دادگای هەولێر لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە، خاوەندارێتی یەکێتی نیشتیمانی بۆ بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی گەڕاندووەتەوە. لە دەقی نووسراوەکەدا کە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئاڕاستەی کۆمسیۆنی کردووە هاتووە؛ ئەو بڕیارەی لە دادگای سلێمانییەوە ئاڕاستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کراوە و پشتی بە نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ بەستووە، ساختەیە و هیچ نوسراوێکی لەو شێوەیە لە وەزارەتی ناوخۆوە ئاڕاستەی دادگای سلێمانی نەکراوە. لە نووسراوەکەدا ئاماژە بە بۆچوونی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم کراوە کە بۆچوونی وابووە یەکێتی نیشتیمانی خاوەندارێتییەکەی بۆ بافڵ تاڵەبانی و لاهور بورهان جەنگی دەگەڕێتەوە نەوەک تەنیا بۆ بافڵ تاڵەبانی.

هەواڵ
02-02-2023

سەرۆک بارزانی: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبوڵ ناکەین

دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی: سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات ڕۆژی پێنجشەممە 2ی شوباتی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد. لە كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی بریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە هەنگاوەكانی لایەنە سیاسییەكان بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و هاوبەش نیشاندا. لە بەشێكی ئەو دیدارەدا پەیوەست بە پرسە سیاسیەكانی هەرێم سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچن و هیچ پرس و بیانوویەكی تریش بۆ دواخستنی جێگەی قبووڵ نییە. هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ڕێكخستن و نوێكردنەوە و چاكسازیی لەناو ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ پڕەنسیپ و مۆڕاڵ و سەروەرییەكانی پێشمەرگەدا هاوتا بێت. كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.

هەواڵ
02-02-2023

یەکێتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پارتی هەڵوەشاندەوە

بڕیاربوو بۆ جاری دووەم هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی کۆ ببنەوە، بەڵام یەکێتی کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە. سەرچاوەیەک لە سەکردایەتی یەکێتییەوە بە باڵکێشی وت: ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر تێکدانی ناو ماڵی یەکێتیە و پشتگیری کردنە لە لاهور جەنگی. یەکێتی ئەو بڕیارەی دادگای کردۆتە بیانوو. بەڵام پارتی دەڵێ: ئەوە بڕیاری دادگا خۆیەتی ق پەیوەندی بە ئێمەوە نیە.

هەواڵ
01-02-2023

کوڕی شەهیدێکی یەکێتی وازهێنانی خۆی لەو حیزبە ڕاگەیاند

بێستون ساڵح ئەحمەد، کە کوڕی شەهیدێکی فەرماندەی باڵای یەکێتییە وازهێنانی خۆی لە ڕیزەکانی ئەو حیزبە ڕاگەیاندو دەلێ :” کوڕی شەهیدی فەرماندە مام ساڵح سەیدمرادیم و زیندانی سیاسی بەرکەوتەی شاڵاوی ئەنفال و ئەندامی مەڵبەندی ١١ی رێکخستنی گەرمیانی ی.ن.ک م . ٢٧ ساڵە کادری یەکێتیم،بەهۆی نادادی و لەبەرچاو نەگرتنی خەبات و قوربانی خۆم و خانەوادەکەم بڕیاری وازهێنانم لە یەکێتی ڕادەگەیەنم. دەقی نامەی وازهێنانەکەی : بەناوی خوای گەورە بۆ ڕای گشتی ب/ وازهێنان لە یەکێتی باوکەگیان بمبورە لەدوای ٣٩ ساڵ لە شەهیدبوونی تۆ پێویست بوو ئەم بڕیارە بدەم. من (بێستون ساڵح ئەحمەد) کوڕی شەهیدی فەرماندە مام ساڵح سەیدمرادیم و زیندانی سیاسی بەرکەوتەی شاڵاوی ئەنفال و ئەندامی مەڵبەندی ١١ی ڕێکخستنی گەرمیانی ی.ن.ک م . ٢٧ ساڵە کادری یەکێتیم، بەهۆی نادادی و لەبەرچاو نەگرتنی خەبات و قوربانی خۆم و خانەوادەکەم بڕیاری وازهێنانم لە یەکێتی ڕادەگەیەنم ، وازهێنان لەو یەکێتییەی کەبە بەشێک لەجەستەی خۆمم زانیووە ،وازهێنان لەو یەکێتییەی کەپێموابووە بێ ئەو ناژیم، وازهێنان لەو یەکێتییەی وەك منداڵەکانم خۆشم ویستووە. لێرەوە وازهێنانم لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕادەگەیەنم و لە ئێستاوە هیچ پەیوەندییەکم بەیەکێتی یەوە نامێنێ. لەگەڵ ڕێزدا. بێستون شەهید مام ساڵح سەیدمرادی. ٢٠٢٣/٢/١

هەواڵ
01-02-2023

دادگا لەبارەی کێشەی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بڕیاریدا

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی بڕیاریدا، پشت بەست بە بڕیارێكی دادگای سلێمانی، دادگای هەولێریش لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریدا  لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیەوە. سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی رایگەیاند دوێنێ ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی و لە دژی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریدا، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سكاڵاو داواكاریەكانی لاهور شێخ جەنگیان رەتكردووەتەوە سەبارەت بە ناپەیڕەوی و نایاسایی بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی. سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند: بڕیارەكەی كۆمسیۆنی بەغداد لەژێر فشارێكی توند و هەوڵێكی توندی بافڵ تاڵەبانی بووە، بڕیارەكە تانەی لێدەدرێت، چونكە ئەو بڕیارە پشتی بە بڕیارێكی دادگای سلێمانی بەستووە، دادگای سلێمانی پشتی بە نوسراوێكی ساختەی بەڕێوەبەرێكی سەربە وەزارەتی ناوخۆ بەستووە، ئێستا دادگای هەولێر بڕیاریدا كە ئەو نوسراوە ساختەیە، دادگاكە لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداوە كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیە. دادگای هەولێر نوسراوێكی كردووە بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لەوێ تەسدیق كراوەو دادگای هەولێر لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداوە كە یەكێتی بەناوی "بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی)یەوەیە و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیە. ژێدەر درەو

هەواڵ
01-02-2023

راگەیەنراوێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی فێبریوەری(شوبات) 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا و بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات، سەرۆک وەزیران، بەڕێز و پێزانینەوە، یادی شەهیدانی کارەساتی یەکی شوباتی کردەوە و گوتی : لە یادی شەهیدانی یەکی شوباتدا، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدە نەمرەکانمان دادەنوێنین. هەروەها پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامبوون لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان و هزری توندڕۆیی دووپات دەکەینەوە.  لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، بەرنامەی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو، بە مەبەستی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، هەروەها ڕاسپاردنی شاندی دانوستانکار بۆ سەردانی بەغدا و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان لە بەر ڕۆشنایی ئەم بەرنامە پەسەندکراوەدا. سەرۆک وەزیران، وێڕای دووپاتکردنەوەی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی لە سەر هەرێمی کوردستان و شاندی هەرێم بووە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بۆیە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵین پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان. گوتیشی بە داخەوە، دادگای باڵای ئیتیحادی بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. سەرۆک وەزیران، هیوای خواست پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 بە زووترین کات پەسەند بکرێت و ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت. بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتی کاخەزە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان . ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوونی ڕاسپارد،کە لە ماوەیەکی نزیکدا، سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەکانیان سەبارەت بەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت. لە بڕگەی سێیەمدا، چارەسەرکردنی کێشەی دەستەبەری بانکی ( خطاب ضمان) ی پڕۆژە وەستاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە کراو لەم ڕووەوە، چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە خرانەڕوو و پەسەند کران. 

هەواڵ
01-02-2023

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە

به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرێوەدەچێت. ئه‌مڕۆ به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆدەبێتەوە و چه‌ند پرسێك تاوتوێ ده‌كرێن. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ـی 2ـی2023، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێك كۆده‌بێته‌وه‌ و كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌م بڕگانە پێكدێت: بڕگه‌ی یه‌كه‌م، تایبەتە بە خستنەرووی به‌رنامه‌ی دانووستانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی، کە ئەمەش لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەخرێتەڕوو. بڕگه‌ی دووه‌م، تایبەت دەبێت بە خستنه‌ڕووی بابه‌تی بازاڕی كاغه‌زه‌ داراییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و لە بڕگه‌ی کۆتاییشدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بابەتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ده‌سته‌به‌ری بانكی پڕۆژه‌ وه‌ستاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دەخاتەڕوو.

هەواڵ
31-01-2023

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەموو چالاکییەکی جێندەریی قەدەغە کرد

هەموو چالاكیەكی تایبەت بە پرسی (جێندەر) لە فەرمانگەكان حكومیەكانی سلێمانی قەدەغەكرا . ئەنجومەنی پارێزگاکی سلێمانی، بە نووسراوێك كە واژۆی بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەسەرەوە، داوا دەكات سەرجەم چالاكیەكانی تایبەت بە پرسی (جێندەر) لە سەرجەم فەرمانگە حكومیەكان رابگریرێت. لە نووسراوەکەدا هاتوە: جێندەر ئەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگاو مەترسی بۆسەر گەنجان و نەوەكانمان.

گشتی
31-01-2023

سوودانی: دینار له‌ دۆلار به‌هێزتره‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە خەڵک ده‌كات، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی دۆلار نه‌ده‌ن، چونكه‌ دینار به‌هێزتره‌. سوودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فه‌رمیی عێراقی، کە بڕیارە له‌ كاتژمێره‌كانی داهاتوودا پەخش بکرێت، رایگەیاند: "هاووڵاتییان دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ دینار له‌ دۆلار به‌هێزتره‌، بۆیه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی دۆلار نه‌ده‌ن". سوودانی خەجت لەوە دەکاتەوە، حکومەت دۆلار بە رێژەی فەرمی دابیندەکات و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنی هه‌ر به‌رپرسێكی حكومیشی كرد، كه‌ چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌كان پێ نه‌بێت و گوتیشی: "رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 یارمەتی نەختینەیی هه‌یه‌ و بەسەر خێزانە هەژارەکاندا دابەشدەکرێت".

هەواڵ
31-01-2023

شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین هەرێم دەگرێتەوە

دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "بەهۆی هاتنی کاریگەریى بارستەهەوایەکى جەمسەریی ساردتر، لە ڕۆژى هەینى کاریگەرییەکەى زیاتر دەبێت، پێشبینیى بەفربارین لە زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان و نیمچە شاخاوییەکان و سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و دهۆک و هەڵەبجە هەیە." ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریى ئەو بارستەهەوایە ساردە هاوکاتە لەگەڵ نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست کە لە ئێستا وەک شەپۆلێکى بارانبارین لەسەر ناوچەکەمانە، کاریگەریی ئەو بارستەهەوایە ساردە بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە.

گشتی
31-01-2023

بانکی ناوەندی عێراق و بانکی فیدراڵی لەبارەی نرخی دۆلار کۆدەبنەوە

بڕیارە رۆژی 2ـى شوباتی 2023، شاندێکى بانکى ناوەندیى عێراق لە تورکیا لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵ و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار و رۆژانى 8 و 9ـى شووبات بۆ هەمان بەمەبەست سەردانى ئەمریکا بکەن.  رۆژی 31ـى کانوونى دووەمى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار و تێیدا بەرپرسەکەى بانکى ناوەندى گوتوویەتى: کۆتایی ئەم هەفتەیە لە تورکیا لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵى و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆدەبنەوە. د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کە بەشداریى کۆبوونەوەکە بوو رایگەیاند، پارێزگارى بانکى ناوەندى لە کۆبوونەوەکەدا پێى راگەیاندن کە رۆژی 2ـى شوبات لە شارى ئەستەنبووڵى تورکیا لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵى و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆدەبنەوە و باس لە کێشەى دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار و ئەو هەنگاوانە دەکەن کە لەوبارەیەوە دەگیرێنەبەر. د. نەرمین مەعرووف گوتى: "پارێزگارى بانکى ناوەندى ئاماژەى بەوەشدا کە لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی بانکى فیدراڵى و وەزارەتى گەنجینە، ئەوەیان بۆ روون دەکەنەوە کە ئەو رێوشوێنانەى گرتوویانەتەبەر لەبارەى فرۆشتنى دۆلار کاریگەریى زۆرى دروستکردووە و داوایان لێدەکەن کە ئەو هەنگاوانە بکرێنە پلەبەندى و بە چەند قۆناخێک بکرێن بۆ ئەوەى کاریگەرییەکانى زۆر نەبێت لەسەر عێراق". بەهۆى رێوشوێنەکانى بانکى فیدراڵیى ئەمریکا لە پرسی خستنەڕووى دۆلار لەلایەن بانکى ناوەندیی عێراقەوە، ماوەى زیاتر لە دوو مانگە بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار ناجێگیرە. ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەش دا، پارێزگارى بانکى ناوەندى ئەوەى پێگوتوون کە دواتر لە 8 و 9ـى شوبات بۆ تاوتوێکردنى هەمان پرس سەردانى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەکەن. گوتیشى: "بەرپرسانى بانکى ناوەندى جەختیان لەوە کردووەتەوە کە رێوشوێنى دیکە دەگرنەبەر بۆ فرۆشتنى دۆلار و زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى و هاوکاریکردنى بازرگانە بچووکەکان و کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانى دۆلار بەمەبەستى بازرگانى". ژێدەر رووداو

1 2 ... 430 431 432 ... 1147 1148