بومەلەرزەیەکی دیکە لە پارێزگای مەڕەش ڕوویدا کە پارێزگای دیلۆک و چەند ناوچەیەکی تریشی گرتووەتەوە. ئافاد ڕایگەیاند، ناوەندی بومەلەرزەکە پارێزگای مەڕەش بووە و پلەکەی 5.3 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
وەزیری خوێندنی باڵا: رۆژنامەی (الصباح) پیساییە کۆمێنتێکی بچوک بۆ ناماقوڵییەکی گەورە..! هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستورییە و بەرهەمی خوێن و گیانی شەهیدان و قوربانیدانی دەیان ساڵەی میللەتەکەمانە و بە دەهۆڵی هیچ شوڤێنی وهیچ عەقڵیەت و هیچ هێزێکی رەگەز پەرستیش هەلناوەشێتەوە، رۆژنامەی «الصباح» مەگەر بەم جۆرە پیساییانە لەسەر راستە ریگەی دیموکراسی وئازادی ، خۆی بخاتەوە ناو زاکیرەی خوێنەرەکانی،دەنا لە مێژە لەریزبەندی رۆژنامە پرخوێنەر و موعتەبەرەکانی عێراق دا بنەو بارگەی پێچاوەتەوە..! بەکوێرایی چاوی کوێری هەمو ئەوانەی چاویان بە و قەوارە لەخوین وئیسک و پروسک دروستبوەی کوردستان دا هەڵنایەت ،ئاڵای کوردستانیش هەتا ئەم گەلە ئازادیخوازە مابێت لەسەر دوندی چیابەرزەکانی کوردستان بۆهەتا هەتایە دەشەکێتەوە..! ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا
ڕۆژی شەممە 18ی شوباتی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانێتیی سیادە و شاندێکی یاوەری کرد. لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و ڕۆشنایی خرایە سەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و جەخت لە پشتگیریکردنی حکوومەتی عێراقی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە کرایەوە. پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ و پابەندبوون بە بنەماکانی شەراکەت و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
حکومەتی عێراق لەسەر ئەو راپرسیەی رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراق دەربارەی هەڵوەشاندندەوەی قەوارەی دەستووری هەرێم ئەنجامیدابوو هاتە دەنگ. باسم عەوادی وتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، ناوەڕۆکی ئەو راپرسییەی لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاوشکراوەتەوە بە هیچ شێوەیەک بۆچوونی حکوومەتی عێراق نییە. وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت: "ئەو بابەتە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە حکومەتی عیراقەوە نییە و دەشڵێت عێراق بەپێی دەستوور دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات". وتەبێژەکە وتوویەتی: دەستوور پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی رێکخستووە و عێراقی نوێ لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە. پێشتر حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی تووندی دژی ئەو راپرسیەی رۆژنامەی سەباح بڵاوکردەوە و رایگەیاند هیچ دەسەلاتێک ناتوانێت هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمرۆ شەممە 2023/2/18 رۆژنامەی سەباح-ی نیچمە فەرمی ناوەڕۆکی راپرسییەکی بە ناونیشانی ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە بڵاوکردەوە کە ئەوەش کاردانەوەی جیاوازی دروستکرد.
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی داراییەوە: لە ڕێگەی پێنج نوسینگەوە مووچەی خانەنشینان و بەشێک لە چین و توێژەکان دابەش دەکرێت. لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری و لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم، وەزارەتی دارایی لە ڕێگای بانکی مەڵکەندی بەهاوکاری بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی مووچە دەکات و لەڕێگای پێنج نوسینگەوە مووچەی خانەنشینان و بەشێک لە چین و توێژەکان دابەش دەکات. لای خۆیەوە ماکوان جەمیل بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی ڕایگەیاند کردنەوەی ئەو نوسینگانە هەنگاوی یەکەمە بۆ ڕێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیان و لە داهاتودا خزمەتی زیاتر بەو توێژە دەکرێت و چەندین کارئاسانیان بۆ دەکرێت. هاوکات ژیان سابیر بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی ڕایگەیاند لە بەرنامەیاندایە مووچەی سەرجەم خانەنشینان لە یەک بانکدا بەناوی بانکی خانەنشینی کۆبکەنەوەو بەسیستەمێکی پێشکەوتوو مووچەی خانەنشینان دابەش بکەن کە ژمارەیان زیاتر لە ٨٦ هەزار مووچە خۆرە لەو ژمارەیە نزیکەی ٥٠ هەزاریان خانەنشینی مەدەنین و نزیکەی ٣٦ هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە کۆبوونەوەدایە. کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە 2023/2/18 لە دووەمین رۆژی کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی ژمارەیەک کۆبوونەوەی هەبوو، وەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان، کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کوێت، وەزیری دەرەوەی ڤاتیکان، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و شاندێکی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا. دوێنێ هەینی نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە گەیشتە میونشن و هەر دوێنێش ژمارەیەک کۆبوونەوەی هەبوو.
ئاژانسی کارەساتەکانی تورکیا ئەمڕۆ شەممە 2023/2/18 ڕایگەیاند، بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێزەوە کە لە 6ی شوباتدا باشووری تورکیای هەژاندووە، لانیکەم 40هەزار و 642 کەس گیانیان لەدەستداوە. بومەلەرزەکان بە گوڕی 7.7 و 7.6 سەنتەریان لە کەهرامانماراس بووە و 10 پارێزگای دیکەی هەژاندووە, لەوانە ئەدانە، ئادیامان، دیاربەکر، هاتای، غازی عەنتاب، مەلاتیا، کیلیس، عوسمانییە، ئێلازیگ و سانلیورفا، هەروەها زیاتر لە 13 ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. بوومەلەرزەکە لە چەندین وڵاتی ناوچەکە لەوان سوریا و لوبنان هەستیان بەو لەرزینە بەهێزە کرد کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێردا تورکیای گرتەوە. یونس سێزەر، سەرۆکی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری (AFAD) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، دوای بوومەلەرزەکان زیاتر لە 5700 بوومەلەرزە ڕوویدا. سێزەر وتی: "هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردن تا ئێوارەی یەکشەممە تاڕادەیەکی زۆر تەواو دەبن." سێزێر ئاماژەی بەوەشکرد، بە گشتی 11 هەزار و 488 یەکەی گەڕان و فریاگوزاری نێودەوڵەتی لە 80 وڵاتەوە هاتوونەتە ناوچەی کارەساتبارەکان بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری نەختینەیی 10 هەزار لیرەی تورکی (531 دۆلار) کراوە بە زیاتر لە 682 هەزار هاوڵاتی. سێزەر بە ئاماژەدان بەوەی کە چۆڵکردن لە ناوچەی بوومەلەرزە بۆ پارێزگاکانی دیکە بەردەوام بووە، وتی: "تا ئێستا زیاتر لە 430 هەزار کەس ناوچەکانیان چۆڵکردووە." لە ئێستادا 313 هەزار و 720 کەس لە میوانخانە گشتیەکان و هۆتێلەکان و شوێنەکانی دیکەی ماونەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دوای بەشداریکردنی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە شاری دوبەی لە ئیمارات و دیداری لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس ، گەڕایەوە هەولێر.سەرۆکی حکومەت لە ئیمارات ، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیران و حاکمی دوبەی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی ئیمارات و سەرۆک وەزیرانی جۆرجیا و چەندین بەرپرسی باڵای دیکە کۆبووەوە.هەروەها لە فەڕەنسا ، لەگەڵ سەرۆک ئیمانوێل ماکڕۆن و سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا و سەرۆکی شارەوانیی پاریس و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکار و نوێنەری کۆمپانیا فەرەنسییەکان.
سهرۆكى ههرێمى كوردستان له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن لەگەڵ وهزيرى دهرهوهى ڤاتيكان کۆبووەوە و رایگەیاند، "ههرێمى كوردستان وهك ههميشه به لانكهى پێكهوهژيان و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى بۆ ههموو پێكهاتهكانى دهمێنێتهوه." له چوارچێوهى ديدارهكانيدا له كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، رۆژی شهممه 18-02-2023، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لهگهڵ پۆڵ ريچارد گاڵاگهر، وهزيرى دهرهوهى ڤاتيكان كۆبووهوە. له كۆبوونهوهكهدا، بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ ڤاتيكان، دۆخى ههرێمى كوردستان و رهوشى پێكهاته ئايينييهكان، بار و گوزهرانى ئاواره و پهنابهران له كهمپهكانى ههرێمى كوردستان، دۆخى پێكهاتهى مهسيحى له ههرێمى كوردستان و عێراقيان تاوتوێ كرد. لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە 40 سەرۆک و سەرۆکوەزیران و 90 وەزیری دەرەوە و بەرگری وڵاتان لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتینەوە بەشدارییان هەیە. کۆنفرانسەکە لە ئەمڕۆ 17ـی شوبات تاوەکو 19ـی شوبات بەردەوام دەبێت. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وهزيرى دهرهوهى ڤاتيكان، "وێڕاى نيشاندانى پشتگيريى ڤاتيكان بۆ ههرێمى كوردستان، خۆشحاڵى و پێزانينى ڤاتيكان و قهداسهتى پاپاى بۆ ئهزموونى پێكهوهژيان و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى لهنێوان پێكهاته ئايينى و نهتهوهيييهكان له ههرێمى كوردستان دووپات كردهوه. ههروهها ههڵوێستی مرۆڤدۆستى و ميوانپهروهريى ههرێمى كوردستانى بهرامبهر به ئاواره مهسيحييهكان و ئاوارهكان بهگشتى، به مايهى رێز و ئهرێنى ههڵسهنگاند." لاى خۆيهوه، نێچيرڤان بارزانى "سوپاس و پێزانينى ههرێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى ڤاتيكان و دوا سهردانى قهداسهتى پاپا بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان دهربڕى." هەروەها جهختى لهوه كردهوه، "ههرێمى كوردستان وهك ههميشه به لانكهى پێكهوهژيان و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى بۆ ههموو پێكهاتهكانى دهمێنێتهوه." کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 1963 دامەزراوە و دروشمەکەی "ئاشتی بە دیالۆگکردن"ـە و بە گەورەترین کۆنفرانسی ئاشتی لە جیهان دادەنرێت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى سياسيى عێراق و ناوچهكه بهگشتى، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر راپۆرتێكی رۆژنامەی سەباحی عێراقی كە باسی "هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم" دەكات هاتە دەنگ و رایدەگەیەنێت "هیچ دەسەڵاتێك توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانی نییە". فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی هەواڵێكی رۆژنامەی (سەباح)ی عێراقی دەداتەوە كە رایگەیاند بوو "خەڵك بێ هیوا بوون لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا". لەروونكردنەوەكەدا هاتووە "ئەمڕۆ 18ی2 2023، ڕۆژنامەی "الصباح"ی عێراقی ، نووسینكی بڵاوكردووەتەوە كە گوایا لە ڕاپرسییەكدا "خەڵك بێ هیوا بوون لە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا". روونكردنەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەكە پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (الصباح) و ئەوانەی لە پشتییەوەن ، باوەڕیان بە ڕاپرسییە، لە 25 ی سێپتەمبەری 2017 ، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان ، لە گەورەترین ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێكی ئازاددا، قسەی خۆیان كرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام دەسەڵاتتدارانی ئەوكاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەكارهێنانی سوپا لە دژی خەڵكی كوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵكیان دایەوە". وەك روونكردنەوەكە باسی كردووە "خەڵكی پارێزگاكانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن، كە هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لە پێش ناوچەكانی دیكەی عێراقەوەیە ، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەكەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێك كە لە هەموو بوارەكاندا وێران و كاول بووە! ". فەرمانگەی میدیا و زانیاری وتویەتی "هەرێمی كوردستان، خاوەن قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەكانە و هیچ دەسەڵاتێك توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانی نییە و بە نووسینی ڕۆژنامەیەكی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە كە پارەیەكی زۆری لێ خەرج دەكرێ و كەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە ! ".
مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە دوو هاوڵاتی بەفیشەك بریندار كردبوو . دوای ئەوەی شەڕو ئاڵۆزی لە نێوان دوو دراوسێ لەگەڕەكی چوارباخ لە شاری سلێمانی دروستبوو بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی بەفیشەك بریندار بوون، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت . لەئێستادا تۆمەتبار ( د،أ،ع لەدایكبووی 1977) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 405-31 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە . بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان
پۆلیسی پارێزگای موسڵ رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە ویستوویەتی بە قاچاغ و پێچەوانەی رێنماییەکان دۆلار بباتە دەرەوە. لە بڵاوکراوەکەی پۆلیسی پارێزگای موسڵدا هاتووە، پۆلیسی ئەو پارێزگایە توانیویانە رێگری لە بە قاچاغبردنی ١٤٠ هەزار دۆلار بگرن و تۆمەتبارێکیان لەسەر رووداوەکە دەستگیر کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە بۆ رێگریکردن لە مامەڵکردن بە کاشەوە و دەیەوێت لە رێگای سیستمی ئەلکترۆنی ئاڵۆگۆڕەوە چاودێری جڵەوی دۆلار بکات. حکومەتی عێراق باس لەوەدەکات، بەشێک لە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەقاچاغبردنی دۆلارەوە بۆ دەرەوەی عێراق و دەشڵێت، لە هەوڵدان کە بەقاچاغبردنی دۆلار کۆتایی پێبهێنن.