Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13770 بابەت
هەواڵ
08-03-2023

سه‌رۆكی حکومەت له‌گه‌ڵ شاندێكى پەرلەمانی ئه‌وروپا کۆبووەوە

‌ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 3/8، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى ‏حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى په‌رله‌مانتارانی يه‌كێتيى ئه‌وروپا به‌ ‏سه‌رۆكايه‌تيى سارا سكيتێدال سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق كرد.‏شاندی پەرلەمانیی ئەوروپا کورتەیەکیان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو. ئامادەیی خۆشیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم دەربڕی و ئاماژەشیان بەوەدا کە پەرلەمانی ئەوروپا پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز لە عێراقدا دەکات. لە کۆبوونەوەکەدا ، بیروڕا لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا .ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو . سەرۆکی حکومەت ، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم ساڵەدا دووپات کردەوە.سەرۆکی حکومەت هەروەها باسی لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بنیاتنانی بنەمایەکی بەهێزی ئابووری کرد و دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە پسپۆڕی و ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتانی ئەوروپا تاوتوێ کرا .

هەواڵ
08-03-2023

مەسرور بارزانی پێشوازى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى يونێسکۆ دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3/8، مەسرور بارزانى، ‏سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان پێشوازی لە ئۆدرى ئازوولاى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى ‏ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌ و زانست و ڕۆشنبيرى ( UNESCO)کرد .به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى یونێسکۆ، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات ، کورتەیەکیشی لەبارەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.بە تایبەتی کارو پڕۆژەکانیان لە بواری پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی کوردستان کە گرنگترینیان قەڵای هەولێرە کە شوێنەوارێکی جیهانییە.سەرۆکی حکومەت ستایشی کارو چالاکییەکانی یونێسکۆی کرد لە پێناو پاراستن شوێنەوار و کەلەپووری جیهانی و داواشی کرد هەرێمی کوردستان وەک ئەندامێکی بەشدار لە ڕێکخراوی یونێسکۆ وەربگیرێت و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکەش، بەڵێنی هاریکاری و پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستانی دا بەهەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

هەواڵ
08-03-2023

پارتی و یەکێتی راگەیاندراوێکی هاوبەش بڵاو دەکەنەوە

هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە و راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە: ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/3/8 بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەیاندا هاتووە: "له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌رێنیدا لێكتێگه‌یشتنی‌ هاوبه‌ش هه‌بوو بۆ هه‌مواری‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن و راپرسی‌ كوردستان". ئاماژە بەوەشکراوە کە: "نوێنه‌رانی‌ هه‌ردوولا له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ست به‌ هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ رەچاوکردن و له‌به‌رچاوگرتنی‌ بۆچوونی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ تر و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كه‌ پێكهاته‌كانی‌ هەرێمی كوردستان خاوه‌نی‌ ئێراده‌ی‌ خۆیانن و پێویسته‌ سه‌رنج و تێبینییەکانیان تایبەت بە کورسی کۆتاکان وەربگیرێت".

هەواڵ
08-03-2023

لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە

دەقی راگەیەندراوی لاهور شێخ جەنگی: پیرۆز بێت ڕۆژی ٨ـی مارس، ڕۆژی جیهانیی خه‌بات بۆ پاراستن و گه‌شه‌پێدانی مافه‌كانی ژن. لەم ڕۆژەدا پیرۆزبایی لە دایکم و هاوسەر و کچەکەم و تەواوی دایکان و ژنان و کچانی کوردستان دەکەم، هیوادارم ژنان و كچانی كوردستان، له‌ هەموو بوارەکاندا پێشه‌نگ بن و پێگەی خۆیان هەبێت. دووپاتی دەکەمەوە کە بەردەوام دەبم لە پشتیوانیکردنی ژنانی کورد بۆ سەرخستن و بەدەستهێنانی مافەکانیان و به‌هێزكردنی پێگه‌کەیان له‌ كایه‌ی گشتی دا.

هەواڵ
08-03-2023

سەرۆکی ئیمارات لەگەڵ خانمی یەکەمی ئۆکرانیا کۆبووەوە

شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ئۆلینا زێلێنسکا، خانمی یەکەمی ئۆکرانیا کۆبووەوە و فەرمانی داوە بە بڕی چوار ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی بۆ منداڵانی ئۆکراینا دابین بکات. ئاژانسی هەواڵی WAM بڵاویکردەوە، ئۆلینا زێلێنسکا – هاوسەری ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرۆکی دامەزراوەی زێلێنسکا – سەردانی ئیمارات دەکات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی فۆربێس ٣٠/٥٠ لە ئەبوزەبی لەم هەفتەیەدا. سەرۆکی ئیمارات بریاریدا کە 4 ملیۆن دۆلار تەرخان بکرێت بۆ چاودێریکردنی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک پشتگیرییەک لە یەکێک لە پڕۆژەکانی دامەزراوەکە، هەروەها ئیمارات بەشداری دەکات لە دروستکردنی 10 باڵەخانە. شێخ محەمەد پابەندبوونی ئیمارات بە گەلی ئۆکرانیا لە ڕێگەی هاوکارییە مرۆییە بەردەوامەکانەوە دووپاتکردەوە، هاوکات جەختی لە گرنگی هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان کردەوە کە ئامانجیان گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسییە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی. زێلێنسکا سوپاسی شێخ محەمەدی کرد بۆ پشتیوانی و هەڵوێستی مرۆییەکانی. لە سەردانەکەیدا خانمی یەکەمی ئۆکرانیا لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی ئۆکراینی دانیشتووی ئیمارات کۆدەبێتەوە.

هەواڵ
08-03-2023

کرێکارێک لەسەر باڵاخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا

ئەمرۆ چوارشەممە 2023.3.8 لە سەنتەری بازاڕی دهۆک کرێکارێک لە کاتی کارکردندا لەسەر باڵاخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا. بەپێی زانیارییەکان کرێکارەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و تەمەنی 35 ساڵ بوو، لە کاتی کارکردندا لەسەر باڵاخانەیەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا. کرێکارەکە وەستای تەختەبەستی بیناسازی و نیشتەجێی کەمپی ئاوارەکان بوو لە پارێزگای دهۆک.

هەواڵ
08-03-2023

ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ ڕوویدا و سێ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ڕووداوێکى سەختى هاتوچۆوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا. ئەمرۆ چوارشەممە 2023/3/8 لەسەر رێگاى دەربەندیخان- سلێمانى، رووداوێکى هاتوچۆ ڕوویدا و سێ کەس گیانیان لەدەستدا. لە ڕووداوەکەدا ئۆتۆمبێلێک بەهۆى خێرایی زۆەوە کۆنتڕۆڵ لە دەستدەدات و خۆى بە راگرى رێگاکەدا دەکێشێت. بەپێى زانیارییەکان، لە ڕووداوەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکى دیکەش برینداربووە.

هەواڵ
08-03-2023

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی مارس، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد.لە کۆبوونەوەکەدا کە میکێلێ کامێرۆتا کونسولی ئیتالیا لە هەولێر ئامادە بوو ، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتالیا تاوتوێ کرا.تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان . لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە ، کە پێویستە لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا ، هەلبژاردن ئەنجام بدرێت و نابێت چیتر دوا بخرێت .باڵیۆزی ئیتالیا ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کارکردن لە پێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی بە تایبەتی.لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوەیەکی بنەڕەتی دووپات کرایەوە.

هەواڵ
08-03-2023

مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/8 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ ئانالێنا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ هاریکاری و پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعش . هەروەها پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دووپاتکردەوە بۆ بەجێنۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییان. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و دیاری هەرێم لە ناوچە کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی. گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵ، چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە, پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و دەرچوونی گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە گشتی، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .باشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، وەڵامی پرسیاری دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان دایەوە. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 16

هەواڵ
08-03-2023

مەسرور بارزانی: حکومەتی ھەرێم باوەڕی تەواوی بە ستراتیژی بەهێزکردنی پێگ...

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/8 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. لە ڕێوەرەسمەکەدا کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی یەکسانی جێندەری و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ( UN Women ) ڕێکخرابوو، یاداشتێکی لەیەکتێگەیەشتن لە نێوان هەردوولا بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی ئافرەتان واژۆ کرا .سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا هیوای خواست واژۆکردنی ئەم یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە، هاوکار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی کۆدەکرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و بەربەست و گرفتەکانی بەردەم ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو پێشێلکارییەکی مافەکانی ئافرەتان و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکسانی جێندەری. ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە : بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبووانی بەڕێز : ڕۆژتان باش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم . هیوادارم ئافرەتان هەمیشە لە ژیانیاندا سەرکەوتووبن و مافەکانیان پارێزراو بێت و دووربن لە هەر ستەم و چەوساندنەوەیەک. دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانی جێندەری و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ( UN Women ) دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیە و واژۆکردنی یاداشتی لەیەکتێگەیشتن بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئافرەتان. لەم یادەدا، پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەکانی ئافرەتان و ڕۆڵی کارا و چالاکیان لە هەموو بوارەکانی ژیان وکۆمەڵگە و بەتایبەتی لە نێو دامەزراوەکانی حکومەتدا، دووپات دەکەینەوە. ئافرەتان لە درێژایی مێژووی گەلی كوردستاندا، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە کۆمەڵگەکەماندا هەبووە . لە قۆناخە سەخت و دژوارەکانی خەبات و تێکۆشانی کوردستاندا، هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەر بوون و بەشداری کاریگەریان هەبووە و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرین. لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا، ڕۆڵی ئافرەتانی کوردستان، لە هەموو کایەکانی حکومڕانیدا دیار و بەرچاوە و کاريش دەکەین بۆ بەهێزترکردنی زیاتری پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت بەپێی توانا و شایستەیی خۆیان و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بەڕێوەبردندا. هیوادارم واژۆکردنی ئەم یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە، هاوکار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی کۆدەکرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و بەربەست و گرفتەکانی بەردەم ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو پێشێلکارییەکی مافەکانی ئافرەتان و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکسانی جێندەری . ئێمە وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو هێزو توانامان دژی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ و هەموو توندوتیژییەکین، بە تایبەتی توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ئافرەتان و پێشێلکردنی مافەکانیان، کە بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردستانیش ، وەک زۆر کۆمەڵگەی دیکەی دونیا بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەم توندوتیژییە، بە هیچ شێوەیەک بەلای ئێمەوە مایەی قبوڵکردن نییە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی و نەهێشتنی ئەم دیاردەیه بە شێوەیەکی گشتی . بەڕێزان: ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کارکردن بۆ پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی جێندەری، ئەرکێکی هاوبەشی هەموومانە و پێویستە کۆمەڵگە بە گشتی و حکومەت و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و قوتابخانە و زانکۆکان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، هەموومان بەیەکەوە کار لە سەر هوشیارکردنەوەی تاک و خێزان بکەین و کاری جیددی بکەین لە پێناو نەهێشتنی توندوتیژی و پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی و بەیەکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان، باوەڕی تەواوی بە ستراتیژی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان هەیە و کاریشی بۆ دەکات. پێویستە پیاو و ئافرەت، وەک یەک سوودمەند بن لەو ده‌رفه‌تانه‌ى لە بەردەمیاندا دەرەخسێنرێن و هەروەها لە ئەرک و مافەکانیشیاندا، بە شێوەیەکی یەکسان سوودمەند و بەهرەمەند بن .من جارێکی دیکەش پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن و ژیانێکی شاد و ئاسوودەتان بۆ دەخوازم

هەواڵ
07-03-2023

ئەمریکا ھۆشداری دەداتە عێراق کە نابێت دۆلار بە رووسیا و ئێران بفرۆشن

نوێنەرى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راپۆرتێک لەبارەى ئەنجامى سەردانی شاندی حکومەتی عێراق دەداتە پەرلەمان و ئەندامێکى لیژنەى داراییش دەڵێت: "ئەمریکا بە عێراقی راگەیاندووە کە نابێت دۆلار بە ئێران و رووسیا بفرۆشرێت."  رۆژی سێشەممە 2023/3/7 لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە و عەدنان زورفی، ئەندامی لیژنەکە و نوێنەر لەو شاندەی حکومەتى عێراق کە 8ى شوبات سەردانى ئەمریکایان کرد بۆ تاوتوێکردنى پرسی بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا عەدنان زورفى وتویەتی: لایەنى ئەمریکی رژد بوون لەسەر ئەوەى کە نابێت عێراق دۆلار بە کۆمارى ئیسلامیى ئێران و رووسیا بفرۆشرێت. جەمال کۆچەر وتیشی: "عەدنان زورفى ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمەریکییەکان، باس لە ئاسانکارى نەکراوە بۆ فرۆشتنى دۆلار و ئەوانیش مەرجى دیکەیان نەبووە."  رۆژی 8ى شوباتى 2023، شاندێکى حکومەتى عێراقى بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە و بە بەشدارى نوێنەرانى بانکى ناوەندى و لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق سەردانى ئەمریکایان کرد و لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵی و وەزارەتى گەنجینەى ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە دۆلار دەفرۆشێت، لە رێگەی ئەو سەکۆیەوە وردبینى لە فرۆشتنى دۆلار دەکرێت، بەمەبەستى رێگرى لە بەقاچاخبردنى دۆلار و سپیکردنەوەى پارە.

هەواڵ
07-03-2023

یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان دروست دەکرێت

هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو کاروباری شەهیدان یاداشتێک بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەسوکاری شەهیدان واژۆ دەکەن لە رێورەسمێکدا، هەردو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنوسێک تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی واژۆ دەکەن. رۆژی سێشەممە ٧/٣/٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەدیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە وەزارەتی شەهیدان. لە دیدارێکدا، گفتوگۆکرا سەبارەت بە هەوڵ و هەماهەنگی نێوان هەردو وەزارەت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەوەش دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٩١) لە (٢٢/١٢/٢٠٢٢)، هەردو وەزارەت کار دەکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی ئەوانەی تائێستا سودمەند نەبون. وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی بۆ کەسوکاری شەهیدان بکرێت بە واجب و ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و ئەرکی هەموانە، وەک وەزارەتیش ئەوەی لەتواناماندا بێت درێغی ناکەین و ئامادەین بۆ هاوکاری و پاڵپشتی وەزارەتی شەهیدان لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ کەسوکاری شەهیدان. لای خۆشیەوە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سوپاسی پاڵپشتی و پشتیوانییەکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی کردو جەختیکردەوە، ئیمزاکردنی ئەم کۆنوسە تایبەت بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون (شوقە) بۆ کەسوکاری شەهیدان دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەردو وەزارەت. دواتر لە رێورەسمێکدا، لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆنوسی هاوبەشی نێوان هەردو وەزارەت واژۆکرا، کە خۆی دەبینێتەوە لە ژمارەیەک پێشنیار و ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردان، هاوکات بەپێی بڕیاری ژمارە (١٩١)ی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن هاوکار و هەماهەنگ دەبێت بە دابینکردن و رەخساندنی خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبونی سەر بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

1 2 ... 410 411 412 ... 1147 1148