Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13710 بابەت
هەواڵ
31-03-2026

سەرۆک بارزانی: جەخت لە هەماهەنگی و تێپەڕاندنی کۆسپ و ئالنگارییەکان دەک...

سەرۆک بارزانی پەیامێک ئاراستەی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان دەکات و تێیدا هاتووە: جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و ئالنگارییەکان و دوورخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کێشە و ئاڵۆزییەکان دەکەینەوە. دەقی پەیامەکە سەرۆک بارزانی: بەبۆنەی 31ی ئادار ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانیان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. لەو بۆنەیەدا پێزانینمان بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان لە خەباتی گەلانی عێراق و گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دژایەتیکردنی دیکتاتۆریدا هەیە. لەو یادەدا جەخت لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپ و ئالنگارییەکان و دوورخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کێشە و ئاڵۆزییەکان دەکەینەوە.

هەواڵ
31-03-2026

بۆ هاووڵاتیانی سۆران؛ سەردانی بەشی فرۆشتنی وزەی کارەبای سۆران مەکەن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران ئاگادارییەک ئاراستەی هاووڵاتیانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد، تێیدا ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کارکردن لەسەر سیستەمی نوێ و ڕێکخستنەوەی کاروباری هاوبەشان، تا ڕێکەوتی 13ی نیسانی 2026 سەردانی بەشی فرۆشتنی وزە نەکەن. ئامانجی ئەم بڕیارە چییە؟ ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان، کە گرنگترینیان ئەمانەن: خێراکردنی مامەڵەکان: پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی باشتر و خێراتر بە هاووڵاتییان. بەدیجیتاڵکردن: کاراکردنی پڕۆژەی ڕوونامی و سیستەمی "ئی پسوولە" بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاووڵاتییان بتوانن کارەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی ڕایی بکەن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سنووری شەش قەزای ئیدارەی سۆران 90 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن. لە ئێستادا سەنتەری شاری سۆران و دەوروبەری خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێریین، پڕۆژەی ڕووناکی قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و بڕیار وایە بەم زووانە تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بخرێتە سەر سیستەمی نوێی پڕۆژەکە.

هەواڵ
30-03-2026

ناوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنیی مەسرور بارزانی و وەزیری وزەی ئەمریکا

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30-03-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کریس ڕایت، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە تایبەتی دۆخی وزە کرد. مالپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، وەک ئاسانکارییەک بۆ کەمکردنەوەی فشار و ئاڵنگارە ئابوورییەکان لەسەر عێراق و بازاڕی جیهانیی وزە، بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و پاڵپشتی کردەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و هەڵگرتنی گەمارۆی بازرگانی و وەستاندنی هێرشە تیرۆریستییەکان کە دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان زیاتر بکرێت و هەناردە بکرێت.هەروەها پاراستنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی.

هەواڵ
30-03-2026

سوپای پاسداران کوژرانی فەرماندەی هێزی دەریایی راگەیاند

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرانی عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەو سوپایەی راگەیاند. لە راگەیەنراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، تەنگسیری دوای ئەوەی سەرپەرشتی چەندین هێرشی کرد بۆ سەر ژێرخانەکانی "دووژمن" و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی، لە کاتی رێکخستنەوەی هێزەکان و بەهێزکردنی قەڵخانی بەرگریی دوورگە و کەناراوەکانی ئێران، بە سەختی بریندار بوو و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا. سوپای پاسداران باس لەوە دەکات کوژرانی فەرماندە باڵاکانیان نابێتەهۆی وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانیان و رایگەیاند: "هەروەک چۆن بە کۆچی رێبەرانی مەزنی وەک ئایەتوڵڵا خومەینی و ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێڕەوی شۆڕش نەوەستا، بە شەهیدبوونی فەرماندە مەیدانییەکانیش کارەکانمان بەهێزتر دەبن." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەربازانی هێزی دەریایی سوپا گورزی جەرگبڕیان لە "دووژمن" داوە و بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی مەیدانی جەنگ لە تەنگەی هورمز. سوپای پاسداران کوژرانی ئەم فەرماندەیەی وەک داستانێکی نیشتمانی ناوبردووە و لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەگەڵ گەلی ئێران بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە تاوەکو لەنێوبردنی تەواوەتیی دووژمن و رزگارکردنی قودسی شەریف، لە تێکۆشان ناوەستین." عەلیرەزا تەنگسیری یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارە سەربازییەکانی ئێران و بۆ چەندین ساڵ فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ بوو، بەتایبەتی لە ناوچە هەستیارەکانی کەنداو و تەنگەی هورمز.

هەواڵ
29-03-2026

بەریتانیا هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرکۆنە دەکات؛ "هەرێمی کو...

ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵەکەی لە دهۆک کرد و جەختی لە پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان کردەوە. ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 29ی 3ی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت. بەپێی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە تووندی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێرشە درۆنییەکەی دوێنێی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سەرکۆنە کرد. هەروەها هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستاندا شەهید و بریندار بوون. پەیامی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان ئیڤێت کووپەر جەختی کردەوە کە بەریتانیا بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پابەندیی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامیی هاوکاری و پشتگیرییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. نێچیرڤان بارزانی: نابینە بەشێک لە جەنگ لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندییەکەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و پشتگیرییەکانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. بارزانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە "هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نەبووە و نابێتە بەشێک لە جەنگ." هەر لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا بیروڕایان گۆڕییەوە دەربارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی شەڕی ناوچەکە لەسەر ئاستی جیهان. جەختیشیان لە گرنگیی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان بهێنرێت.

هەواڵ
29-03-2026

لەبارەی دەوامی قوتابخانە و زانکۆکان حکومەت بڕیاریدا

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان بە شێوازی "ئامادەبوون لە ناو پۆل" ڕابگرێت و لەمەودوا خوێندن تەنیا بە شێوەی دیجیتاڵی و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ڕۆژی 29ی 3ی 2026، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی خوێندنی ناو پۆل لە سەرجەم ناوەندەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەموو قۆناغەکان. بەپێی بڕیارەکە، لەم قۆناغەدا پرۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی "ئۆنلاین و دیجیتاڵی" بەردەوام دەبێت. هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕاسپێردراون کە ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و ڕێکخستنی شێوازی خوێندنی نوێ بگرنەبەر.

هەواڵ
29-03-2026

نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرکۆنە...

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە کرایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات. گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئانتۆنیۆ گۆتێرێز، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە لە ڕێکەوتی 28ی ئازاردا لە ڕێگەی درۆنەوە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سکرتێری گشتی داوای لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و ورد بۆ هێرشەکە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو کارە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و سزا بدرێن. هاوکات، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات کە هەموو جۆرە توندوتیژییەک ڕەت بکەنەوە و کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی عێراق بێت.

هەواڵ
29-03-2026

باڵیۆزخانەی ئەمریکا: ئێران دەیەوێ هێرش بکاتە سەر زانکۆ ئەمریکییەکان لە...

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند، ئێران و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی دەیانەوێت زانکۆ ئەمریکییەکان لە بەغدا، سلێمانی و دهۆک بکەنە ئامانج و داوا لە هاووڵاتیانی دەکات دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن. رۆژی یەکشەممە 29ی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەی بڵاوکردەوە و وتی: "ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی هاوپەیمانی، رەنگە نیازیان هەبێت زانکۆ ئەمریکییەکان لە بەغدا، سلێمانی و دهۆک بکەنە ئامانج، لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی دیکەش کە پێیان وایە پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە." لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران بە دیاریکراوی هەڕەشەی لە زانکۆ ئەمریکییەکان کردووە لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. باڵیۆزخانەکە دەڵێت: "ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی، هێرشی بەرفراوانیان کردووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە لە سەرانسەری عێراق، لەنێویاندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها دامەزراوە عێراقییەکان و ئامانجە سڤیلەکان." ئەمریکا رەخنە لە بەغدا دەگرێت و لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "حکومەتی عێراق رێگری لە هێرشە تیرۆریستییەکانی نێو خاکەکەی نەکردووە کە دەکرێنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ناوچەکە." بەم هۆیەوە داوا دەکات: "دەبێت هاووڵاتیانی ئەمریکا ئێستا عێراق جێبهێڵن." سەبارەت بە سەردانیکردنی ناوەندە دیپلۆماسییەکانیش، باڵیۆزخانەکە هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی و دەڵێت: "هەوڵ مەدەن بێنە باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر، ئەمەش لەبەر ئەو مەترسییە بەردەوامانەی بەهۆی مووشەک، درۆن و رۆکێتەکان لە ئاسمانی عێراقدا هەن." هەروەها جەخت دەکاتەوە کە نێردەی ئەمریکا لە عێراق کراوە دەبێت بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانیان بۆ دەرچوون و جێهێشتنی وڵاتەکە، هاوکات زانیارییەکان سەبارەت بە گەشتکردن بەرەو ئوردن نوێ کراونەتەوە.

هەواڵ
29-03-2026

ئێران دەستبەسەر موڵکی هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵاتدا دەگرێت

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی 20 هاووڵاتیی ئێرانی نیشتەجێی دەرەوەدا گرتووە کە وەکو "نیشتمان فرۆش" ناوی بردوون. موحسین ئێژەیی بە میدیای ئێرانی راگەیاند، دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی 20 کەسی "نیشتمانفرۆش"دا گرتووە کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن. ئێژەیی گوتی: " سەبارەت بەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن، چەندین راپۆرتمان لە لایەن خەڵک و هەروەها لە رێگەی کارێکی وردی ناسینەوە و هەواڵگرییەوە بەدەست گەیشتووە. بۆ ئەم کەسانە دۆسیە کراوەتەوە و ماڵ و سامانەکەیان دوای ناسینەوە و لێکۆڵینەوە، دەستی بەسەردا گیراوە." سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "سزای دیکە کە لە دەقی راشکاوی یاسادا بۆ ناپاکانی نیشتمان دیاری کراوە، سێدارەیە."

هەواڵ
29-03-2026

فوئاد حوسێن: عێراق و پڕۆسەی سیاسی لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینەدان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکدا هۆشداریی توند سەبارەت بە داهاتووی وڵات دەدات و ڕایدەگەیەنێت، عێراق کەوتووەتە ناو ململانێیەکی ناوچەیی، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی ئابووری و سەقامگیریی سیاسی دروست کردووە. وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لە ئێستادا بەدەست کێشەی داراییەوە دەناڵێنێت و پێشبینی سەرهەڵدانی کێشەی نوێ و سەیروسەمەرە دەکات. گرنگترین خاڵەکانی پەیوەست بە کەرتی نەوت بریتی بوون لەوەی، زۆربەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت عێراقیان جێهێشتووە، لە ئێستادا بەرهەمهێنان تەنها بۆ ناوخۆیە، جگە لەو 250 هەزار بەرمیلەی کەرکووک کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە تورکیا، حکومەت بیر لەوە دەکاتەوە لە داهاتوودا پەنا بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە ببات. سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان واشنتن و گرووپە چەکدارەکان، فوئاد حوسێن چەند زانیارییەکی نوێی ئاشکرا کرد، کە واشنتن بە فەرمی بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە دەستپێشخەری هێرش ناکات مەگەر هێرشی بکرێتە سەر، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بنکەی حەبانیە لە ئەنبار بۆردوومان کرا، بەڵام ئەمریکییەکان بە فەرمی ڕەتیان کردووەتەوە کە ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت و جەختی کردەوە ئەمریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نەکردووە. فوئاد حوسێن، ڕوونیکردەوە کە گرژییەکانی گەرووی بابولمەندەب کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەناردەی نەوتی عێراق و وڵاتانی کەنداو هەبووە، بە جۆرێک لە ئێستادا هیچ کەشتییەکی عێراقی بەو گەرووەدا تێناپەڕێت. وەزیری دەرەوە نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی کە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر نێردە بیانییەکان، بووەتە هۆی کشانەوەی بەشێک لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان نایەت، بەڵکو وڵاتان بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان ئەو هەنگاوەیان ناوە، کە ئەمەش زیان بە ناوبانگی نێودەوڵەتیی عێراق دەگەیەنێت.

هەواڵ
28-03-2026

سەرۆک بارزانی: پێنج جار هێرش کراوەتە سەر بارەگای ئێمە

مەسعود بارزانی، لە پەیامێکی گرنگ و بەپەلەدا کە درەنگانی شەوی یەکشەممە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەڕفرۆشتنێکی ئاشکرا و زوڵمێکی گەورە بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لە ماوەی دوایین ئاڵۆزییەکاندا، بارەگای ئەوان پێنج جار کراوەتە ئامانج. ئاماری هێرشەکان و بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێم بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کرد کە لەوەتای دەستپێکی گرژییە نوێیەکانەوە، زیاتر لە ٤٥٠ جار بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی پێشمەرگە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ لە شاری دهۆک، بە درۆن پەلاماری ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دراوە. بارزانی وتی: "بابەتەکە ماڵ یان بارەگای کەس نییە، هەموو شوێنێکی کوردستان و هەموو ماڵی کوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە." جەختیشی کردەوە کە بێدەنگییان لە ئاست هێرشەکانی سەر بارەگای خۆیان بۆ ئەوە بووە دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لەناو جەماوەردا دروست نەبێت. پەیامێک بۆ بەغدا: ئیدانەکردن بەس نییە لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەسعود بارزانی ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی فیدراڵ گرت و ڕایگەیاند کە ئەم دۆخە بە "ئیدانەکردن و تەلەفۆن و لیژنە" چارەسەر نابێت. داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە یان ڕایبگەیەنن توانای ڕێگریکردنیان لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە نییە، یانیش هەنگاوی جددی و یەکلاکەرەوە بنێن بۆ پاراستنی سەروەریی دەوڵەت. جەختکردنەوە لەسەر ئیرادەی گەلی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بارزانی دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە گەلی کوردستان خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و هیچ هەڕەشە و پەلامارێک ناتوانێت ئەو ئیرادەیە بشکێنێت، و هەمیشە بەرگری لە دۆزی ڕەوای خۆیان و پەیامی ئاشتی دەکەن.

هەواڵ
28-03-2026

مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم: هەموو مافێکمان...

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات و رایدەگەیێنێت، هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەیگرنەبەر. ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە شاری دهۆک بە "ترسنۆکانە" وەسف کرد و رایگەیاند: "بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزاری دەکەین." سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکاندابێت و وتی: "پێویستە ئەم تاوانبارە لەیاسا دەرچووانە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و سنوورێک بۆ بەردەوامیی هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپانە دابنرێت." مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا رووی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی "یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان." لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هەموو مافێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تیرۆریستانە هەیە و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەیگرینە بەر." ئەمڕۆ شەممە، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، کە کاردانەوەی تووندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.

1 2 ... 37 38 39 ... 1142 1143