سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات و دەڵێت، ئەم جۆرە کردەوانە قبووڵکراو نین. ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین. کردەوەی لەم شێوەیە قبووڵکراو نییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان." سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەریی یاسا نیشانداوە و داوای ئەنجامدانی "لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش" دەکات بۆ دەستنیشانکردنی بکەرانی هێرشەکە و دڵنیابوونەوە لە لێپرسینەوەیان. راشیگەیاندووە: "ئێمە ئامادەین بە هەر شێوەیەکی پێویست پشتیوانی لەم پرۆسەیە بکەین." بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە هەموو لایەک پێکەوە کار بکەن بۆ رێگریکردن لە هەر کەس و لایەنێک کە هەوڵی پەرەپێدانی گرژییەکان و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەدەن. ئەم پەیامەی سەرۆکی یەکێتی دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ شەممە، ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە شاری دهۆک بە درۆن کرایە ئامانج، بەڵام زیانی نەبوو.
ئەمڕۆ شەممە 2026/3/28 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنيی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆک ماکرۆن بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە ئهمڕۆ کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها پشتگیریی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە. ماكرۆن سەرەخۆشیی لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە کرد کە ڕۆژی 24ی ئەم مانگە لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێراندا لە سۆران شەهید بوون، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی پەیوەندیی سەرۆک ماکرۆن و پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسا و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانیان تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگيى چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ کردەوە.
دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانیی هەموو لایەکە. ئەمڕۆ شەممە، 28-03-2026، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکەین کە کرایە سەر ماڵی بەڕێزتان لە شاری دهۆک." رێکخەری گشتیی گۆڕان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە پەرەسەندنە مەترسیدارانە "نیشانەی بەزاندنی ئاشکرای سەروەری و تێکدانی ئاسایشی گشتین." هۆشداریش دەدات کە ئەگەر بە کردەیی سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دانەنرێت، "دەرگای پەرەسەندنی خراپتر بە ڕووی ناوچەکەماندا دەکرێتەوە." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، دانا ئەحمەد مەجید جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، ئەرکێکی نیشتمانیی هەموو لایەکمانە." رێکخەری گشتیی گۆڕان پشتیوانیی خۆشی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەی کرایە سەر شاری دهۆک.
ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک دەکات و بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" ناوی دەبات. ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند: "ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدارە و بە توندی سەرکۆنەی دەکەین." سەندیکای رۆژنامەنووسان لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی کردووە و دەڵێت: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بووە و بەردەوام دەستپێشخەریی بۆ پاراستنی ئارامی هەبووە، هاوکات هەرێمی کوردستانیش وەک دۆستێکی راستەقینەی دراوسێکانی ماوەتەوە." لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، سەندیکاکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات رێکاری خێرا بگرێتەبەر و هاتووە: "داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین بە زووترین کات بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەستگیر بکات و سزای یاسایییان بدات." ئەم هەڵوێستەی سەندیکای رۆژنامەنووسان لەکاتێکدایە کە هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی پیرۆزبایی فەرمیی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێگەیشت، ئەوەش بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە. پەیامی ترەمپ: نەورۆز سەرکەوتنی ڕووناکییە دۆناڵد ترەمپ لە نامەکەیدا، وێڕای ئاراستەکردنی گەرمترین پیرۆزبایی بۆ نێچیرڤان بارزانی و گەلی کورد، ئاماژەی بە ڕەهەندە مرۆیی و گەردوونییەکانی ئەم جەژنە کردووە و نووسیویەتی: نەورۆز تەنها ئاهەنگگێڕان نییە بە هاتنی بەهار، بەڵکو بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی هەمیشەییی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا. ئەم جەژنە دێرینە گوزارشتێکی ساڵانەیە لە هێزی سەرەتا نوێیەکان." لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواستووە کە ئەم ساڵە ببێتە مایەی بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی و شکۆی مرۆڤ، داوای لە خودا کردووە ساڵی نوێ بۆ هەمووان پڕ بێت لە خێر و خۆشی. ترەمپ وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو ئەو گەلانەی یادی نەورۆز دەکەنەوە، لە کۆتاییی نامەکەیدا وەک ڕێزێک بۆ کلتوور و زمانی کوردی، وەک بەشێک لە پەیامەکە بە زمانی کوردی نووسیویەتی: نەورۆز پیرۆز.
لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تەنگەژەی وزە، حکومەتی تایلەند ڕێککەوتنێکی فەرمیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند و بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی تایلەند دەتوانن بە شێوەیەکی ئارام و سەلامەت بە ناو گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێپەڕ ببن. ئەنوتین چارنڤیراکۆل، سەرۆکوەزیرانی تایلەند، لە لێدوانێکی فەرمیدا جەختی کردەوە لەوە ئەم هەنگاوە کلیلە بۆ پاراستنی سێکتەرەکانی پیشەسازی و گواستنەوەی وڵاتەکەی. لە کاتێکدا تاران بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە هاتوچۆی لە گەرووەکەدا سنووردار کردووە، تایلەند توانیویەتی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە گەرەنتیی گەیشتنی سووتەمەنی بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی مسۆگەر بکات. خاڵە سەرەکییەکانی لێدوانی سەرۆکوەزیرانی تایلەند: پاراستنی ئابووری: ڕێگریکردن لە پەککەوتنی کارگەکانی تایلەند بەهۆی کەمیی سوتەمەنییەوە. کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان: نەمانی ترسی هاووڵاتیان و بازاڕ لە گرانبوون یان نەمانی وزە لە تایلەند. سەلامەتیی گواستنەوە: تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی ئەمنی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.
لە هەنگاوێکی مرۆیی و ئایینیدا، مەزارگەی حوسەینی و چەند ناوەندێکی ئایینیی عێراق، یەکەمین کاروانی هاوکارییە فریاگوزارییەکانیان بۆ پشتگیریکردنی گەلی ئێران ڕەوانەی وڵاتەکە کرد. ئەم هەوڵەی شیعەکانی عێراق وەک وەڵامێکی خێرا دێت بۆ بانگەوازی مەرجەعییەتی باڵا، کە تێیدا ڕێگە دراوە مافە شەرعییەکان بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی جەنگ لە ئێران و لوبنان تەرخان بکرێن. وردەکارییەکانی کاروانەکە: ناوی کاروان: بە ناوی "خۆشەویستیی حوسەین" و "وەفاداری"، وەک هێمایەک بۆ قووڵیی پەیوەندیی نێوان هەردوو گەل کراوە. ڕێگەی گەیاندن: بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق، هاوکارییەکان بە وشکانی و بە چاودێرییەکی وردی بەرپرسانی مەزارگەکان گەیەندراونەتە شوێنی مەبەست. کات: ڕۆژی 27ی ئازار نوێترین باری هاوکارییەکان گەیشتوونەتە ناو خاکی ئێران. مەرجەعییەتی باڵا لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هێرشانە نادادپەروەرانە و پێشێلکردنی ئارامی ناوچەکەن. هاوکات لەگەڵ عێراق، وڵاتی ڕووسیاش لە ڕێگەی خاکی ئازەربایجانەوە هاوکارییە مرۆییەکانی گەیاندووەتە لێقەوماوانی ئێران، ئەمەش نیشانەی چڕبوونەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل. بەرپرسانی مەزارگەی حوسەینی جەخت دەکەنەوە لەوەی هەموو ڕێکارەکان گیراونەتەبەر تاوەکو پێداویستییە سەرەکییەکان بەبێ دواکەوتن و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بگەنە دەستی ئەو خێزانانەی بەهۆی تەنگژە سەربازییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
بەڕێوبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر ڕوونکردنەوەیەک سەربارەت بە داڕمانی بەشێکی نێوان سەرڕێژ و لاشەی پۆندی دارەتوو بڵاو دەکاتەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: دوای بەدواداچوونی پارێزگاری هەولێر بۆ ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی پۆندی دارەتوو بڵاوکرانەوە، بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەینەوە: یوکەم: پۆندی دارەتوو لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و هێشتا کارەکانی بەکۆتا نەهاتووە، ڕێژەی ئەنجامدانی پڕۆژەکە تەنها 78%ـە. دووەم: بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ڕێکەوتی 26ـی 3 باری، بڕێکی یەکجار زۆر ئاو ڕووی لە پۆندەکە کرد. هاوکات بەنداوی چەمرگەش بەهۆی پڕبوونی حەوزەکەیەوە، دەرچەی خوارەوەی کرابووەوە و لە سەرڕێژەکەشیەوە ئاوی لێ دەچوو، ئەمەش بڕی ئاوەکەی زیاتر کرد. سێیەم: بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە تەواو نەببوو و هەندێک بڕگەی بەهۆی بارودۆخی دارایی مابوون، بارانە لێزمەکە بووە هۆی داڕمانی بەشێکی نێوان سەرڕێژ و لاشەی پۆندەکە. چوارەم: جەخت دەکەینەوە کە لاشەی سەرەکی پۆندەکە هیچ زیان و داڕمانێکی تێدا نییە. بڕی ئەو ئاوەی لە حەوزەکەوە بەرەو خوارووی پۆندەکە دەچوو، تەنها بەقەد بڕی ئاوی سەرڕێژەکە بووە، بۆیە هیچ مەترسی و زیانێکی بۆ ناوچەکانی خواروو دروست نەکردووه. لە ئێستادا بەڵێندەر و لیژنەی سەرپەرشتیار ڕاسپێردراون کە دەستبەجێ دوای تەواوبوونی شەپۆلی بارانبارینەکە، بە شێوازێکی ئەندازیاری دەست بە چاککردنەوەی ئەو بەشانە بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە.
بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەکە و بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی قوتابیانی هەرێمی کوردستان کە لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخوێنن، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیارێکی نوێی دەرکرد. وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ئەو قوتابیانە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. بەپێی بڕیارەکە، ئەو ماوەیەی کە پێشتر تا 28-03-2026، دیاری کرابوو، تاوەکو 15-04-2026 درێژکرایەوە. وەزارەتی خوێندنی باڵا لە پەیامەکەیدا چەند خاڵێکی گرنگی بۆ قوتابیان ڕوون کردووەتەوە: پاراستنی مافی زانستی: ئەم ماوەیەی کە قوتابیان لە هەرێم دەمێننەوە، وەک ماوەی مانەوەی خوێندن بۆیان هەژمار دەکرێت، لە داهاتوودا لە کاتی یەکسانکردنی بڕوانامەکاندا تووشی هیچ کێشەیەکی یاسایی نابن. هەڵسەنگاندنی بەردەوام: بڕیارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ڕێکەوتی دیاریکراو 15-ی نیسان، وەزارەت جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی تەناهی و سیاسیی ناوچەکە دەکاتەوە بۆ دەرکردنی ڕێنمایی نوێ و گونجاو.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-03-2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پرسە و سەرەخۆشیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پرسە و هاوخەمی خۆی بۆ شەهیدانی پێشمەرگە دەربڕی و پشتیوانی ئەمەریکاشی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە. سەرۆکی حکومەت، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندیی و هاوخەمی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەربڕی. لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ئاڵنگارییە ئابورییەکان تاوتوێ کران.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-03-2026، لە سنووری ناحیەی لەیلان لە پارێزگای کەرکووک، بەهۆی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، گەنجێک بێسەروشوێن بوو و تا ئێستاش گەڕان بەدوایدا بێ ئەنجام بووە. بەپێی زانیارییەکان گەنجەکە ناوی محەممەد عوسمانە، خێزاندارە و باوکی منداڵێکە. پیشەی پاسەوان بووە، لە کاتی گەڕانەوەی لە کارەکەی بە ماتۆڕێکی سێ تایە، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی لافاو بووەتەوە. محەممەد وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان لەبارەی چۆنیەتی ڕووداوەکە ڕایگەیاند: ڕووداوەکە لەسەر پردێک بووە کە ئاوێکی زۆری هاتووەتە سەر، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن هاوڕێکانیەوە کە سەرکێشی نەکات و نەپەڕێتەوە، بەڵام ناوبراو هەوڵی پەڕینەوەی داوە و لافاوەکە خۆی و ماتۆڕەکەی بردووە. تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سێ شوێنی جیاواز دەستیان بە گەڕان کردووە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا توانراوە جانتای تایبەتی گەنجەکە بدۆزرێتەوە، بەڵام خۆی هێشتا بێسەروشوێنە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی یان ڕزگارکردنی بەردەوامن.
ڕۆژی پێنجشەممە 26-03-2026، سیاسەتڤان و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا لەیلا زانا، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە هێرشی مووشەکی ئێرانی لە پەیامەکەی لەیلا زانادا هاتووە "بە خەم و کۆڤانێکی مەزن هەواڵی گیانبەختکردنی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکەمان بیست. ئەمە خەمێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ ماڵبەتەکانیان، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلی ئێمە. سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بە کەسوکاریان و ئێوەی بەڕێز و گشت پێشمەرگە ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین. یاد و یادەوەرییان لە دڵی گەلی ئێمەدا دەژی و ڕێگەیان بەردەوام دەبێت". لایە خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پەیامەکەدا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوخەمییەکە، جەختی کردەوە کە شەهیدەکانمان هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندا زیندوون، ڕێ و ڕێبازەکەشیان بەردەوام و سەرکەوتنیش بۆ گەلی کوردستان دەبێت. بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 24-03-2026، لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی 7ـی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، بە 6 مووشەکی بالیستی ئێرانی کرانە ئامانج، لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.