بەشی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو راگەیاند. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت ، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی هەینی ئاسمان ساماڵ وپەڵە هەور دەبێت، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بە (2-3 ) پلە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 28پلەى سیلیزى سلێمانی : 26 پلەى سیلیزى دهۆک : 27پلەى سیلیزى کەرکوک: 31 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 28 پلەى سیلیزى زاخۆ : 28 پلەى سیلیزى سۆران : 25 پلەى سیلیزى گەرمیان: 34 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : 18 پلەى سیلیزى
شەوی پێنجشەممە لە یاریەکی خولکی ئیتاڵی ناسراو بە سیریا ئەی، یانەی ناپۆلی توانی نازاناوی خولەکە بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە. یانەی ناپۆلی هەفتەی 33ی خولی ئیتاڵیدا بووە میوانی یانەی ئۆدینیزی و پێویستی بە تەنیا یەک خاڵ بووە تا ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا پێش کۆتاییهاتنی خولەکە بە پێنج هەفتەکە. هەرچەندە یاریەکە لە یاریگای ئۆدینیزی بووە، بەڵام هاندەرانی ناپۆلی دوای یاریەکە چوونە یاریگاوە و لەگەڵ راهێنەر و یاریزانانی یانەکەیان ئاهەنگیان گێڕا. لە شاری ناپۆلیش هاندەران چوونە سەر شەقامەکان و بە بەرزکردنەوەی وێنەی دێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای ئەستێرەی پێشووی یانەکەیان ئاهەنگیان گێڕا.
کەشناسێک لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشبینی دەکات کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەپۆلێكی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات. ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ هەینی لەبارەی كەشوهەوای سبەینێ شەممە ئاماژە بەوە دەکات، ئاسمانی هەرێم بەگشتی ساماڵ دەبێت و لە کاتەکانی شەودا بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو، لەگەڵ بارینی نمە باران لە ھەندێك لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک. دەشڵێت" لە ئەنجامی کاریگەری ئەو بارستە ھەوا گەرمەی لەمڕۆوە ڕووی کردۆتە ناوچەکانمان، سبەینێ پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ سێ تا چوار پلەی دیكە بەرزدەبێتەوە، خێرای با لەسەرخۆ دەبێت (١٠ - ١٥) كیلۆمەتر بە ئاراستەی باكووری ڕۆژهەڵات".
ساڵی رابردو عێراقییەکان یەک ملیۆن منداڵیان خستوەتەوە، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 تەنها 40 هەزار منداڵ لەدایک بون. بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، شارەکانی بەغداد، بەسرە و نەینەوا بوە لە ریزبەندیی ئەو شارانەدان کە زۆرترین منداڵیان تێدا لەدایک بوە، نزکەی یەک ملیۆن منداڵ لەدایک بون، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 تەنها 40 هەزار منداڵ لەدایک بون. ئاماژەى بەوەش کردوە، رێژەی 76%ی ئەو منداڵانە لە نەخۆشخانەی حکومییەکان لەدایک بون و 14% شیان لە نەخۆشخانە تایبەت و بنکە تەندروستییەکان لەدایک بون، هەروەها رێژەی کورر زیاتربووە لە رێژەی کچ.
وەزیری نەوتی عێراق: لە نەوتى بەسرە قەرەبووى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکەینەوە بۆ پارەدارکردنى بودجەى گشتى. رۆژی 4ـ5- 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق کۆبوەوە و وەزیرى نەوت پێى راگەیاندوون کە لە نەوتى بەسرە قەرەبووى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکەنەوە و بڕى هەناردەى نەوتیان بەرزکردووەتەوە بۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. هەروەها وەزیرى نەوت راگەیاندوە کە بەرزکردنەوەى ئاستى هەناردەى نەوت لە بەسرە بۆ قەرەبووکردنەوەى داهاتى بودجەیە لە فرۆشى نەوت و پرۆسەى قەرەبوو کردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بەسرەوە دەستیپێکردووە. بەگوێرەى ئامارى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بۆ مانگى نیسانى رابردوو، لەو مانگەدا رۆژانە لە بەسرەوە سێ ملیۆن و 288 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.
پاسەوانێکی پێشووی ئاکام عومەر، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی کۆماندۆ کوژراوە و بەپێی زانیاریەکان، منداڵێکی خۆی بە هەڵە کوشتوویەتی. بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، ئەمڕۆ چوارشەمە هێمن هورمزی تەمەن 32 ساڵ، بە هەڵە لەلایەن منداڵێکی سێ ساڵانییەوە کوژراوە کە دەستکاری تاپڕەکەی کردووە. رووداوەکە لە گوندی کانی خان روویداوە و پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. هێمن هورمزی، پێشتر پاسەوان و شۆفێری ئاکام عومەر، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی کۆماندۆ بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/4، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ دامەزراندنی ناوەندێک بۆ کوردی فەیلی ڕاگەیاند.لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، "بە بۆنەی کۆتاییهاتنی یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی گەلی کوردستان - جینۆسایدی کوردی فەیلی، کە بە دەستپێشخەری و لەژێر سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک بارزانی ئەنجامدرا، سوپاسی ڕێکخەرانی کۆنفرانس و بەشداربووانی دەکەم کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان لەم کۆنفرانسەدا بەشداربوون".هەروەها سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ دامەزراندنی ناوەندێک بۆ کاروباری کوردی فەیلی لە هەولێر دەردەبڕین".
شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بەسەرۆکایەتیی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا و بەیەکەوە کۆبوونەوە. پاش کۆبوونەوەی نێوانیان و بەپێی راگەیەندراوی پێگەی فەرمیی حکومەت، هەردوولا هاوڕابوون لەوەی کە "پێویستە بە زووترین کات، رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە نەوت جێبەجێبکرێت و هەناردەکردنەوەی نەوت، دەستپێبکاتەوە". لە کۆبوونەوەکەدا، یاریدەدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانیانەوە دەڵێت: بەردەوام فراوانتر دەبن. لە کۆبوونەوەکەی نێوان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوون. هەر لەبارەی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوانیان، 'وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا - کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' لە توویتێکدا ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کردووە و دەڵێت: چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە لەڕێگەی هاوکاری نێوان کوردستان و بەغدا و ئەمریکا، باسی لێوە کرا. لەو کۆبوونەوەکەدا، "گفتوگۆ سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا" و لە ڕاگەیەندراوی پێگەی فەرمیی حکومەتیشدا هاتووە کە هەردوولا دووپاتیان کردەوە پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و سەرۆکوەزیرانیش "ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی". کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێکی دیکەشی لەخۆ گرتبوو لەوانە؛ چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری٤ـی ئایاری ٢٠٢٣
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، «هەر ئێستا خوێندنەوەی دووەم و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی لیژنەی قانونی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پڕۆژە یاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە بە سەرکەوتوویی تێپەڕی»
دوو هاوسەر لە ئەنبار دەستگیرکران کە دەیانویست کچ و کوری خۆیان بفرۆشن بە ١٥ دەفتەر. ئەمڕۆ پێنجەممە 4/5/2023، ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵیی سەر بە حكوومەتی عێراق، بڵاوی كردەوە، دوای كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەسەر ئەوەی لە ئەنبار تۆمەبارێك هەوڵ دەدات دوو منداڵی كە یەكێكیان كچە و ئەویتریان كوڕە، بە 150 هەزار دۆلاری ئەمریكی بفرۆشێت، دەستبەجێ تیمێكی ئاژانسی هەواڵگری توانییان ئەو كردەوەیە پووچەڵ بكەنەوە و تۆمەتبارەكەی تریش دەستگیر كرا. هەردوو تۆمەتبارەكە هاوسەری یەكەن و خەڵكی پارێزگای ئەنبارن و هەردوو منداڵەكەشیان ڕزگار كران، ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو ژن و پیاوە بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە دەستگیر كراون و دۆسیەكەیان لە دادگایە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/5/2023، مەکتەبی سیاسی پارتی کۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ بکات، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە کاروباری ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەت جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی دوای کۆنگرەی 14ی ئەو حزبە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو.
بەشی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو راگەیاند. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت ، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی هەینی ئاسمان ساماڵ وپەڵە هەور دەبێت، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بە (2-3 ) پلە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.