لە گوندێكی سەر بە شاری هەولێر كەسێك برا گەورەكەی خۆی كوشتووە، بەڵام تائێستا هۆكارەكەی نەزانراوە. عەقید كاروان خۆشناو، بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ، لە گوندی (ماستاوە)ی سەر بە ناحیەی (شەمامك) لە سنووری پارێزگای هەولێر، كەسێك بە دەستی برا بچووكەكەی بە چەقۆ كوژرا." ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، کاتژمێر شەشی بەرەبەیان برابچووكەكە بە چەقۆ لە پشتەوە لە براكەی داوە و كوشتوویەتی. تائێستا دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر هیچ راگەیەنراوێكیان سەبارەت بەو رووداوە بڵاونەكردۆتەوە
روداوێكی زنجیرهیی هاتوچۆدا له شارۆچكهی ئانتاكیا سهر به هاتای، 12 كهس گیانیان لهدهستداوه و 31 كهسیش برینداربون كه برینی سێیان سهخته. فەخرەدین کۆجا وەزیرى تەندروستى تورکیا رایگەیاند: بارههڵگرێك و پاسێك گڕیان گرتوه، 12 كهس گیانیان لهدهستداوه و 31 كهسیش برینداربون، 22 ئامبوڵانس و سێ تیمی رزگاریی پزیشكیی نیشتمانیی رهوانهی ناوچهكه كراون. لەبارەى شێوازى روداوەکەوەش دەڵێ: بارهەڵگرێك خۆی به بارههڵگرێكی دیكهدا كێشاوە، چوهتە سایدی بهرامبهر و خۆی بە 11 ئۆتۆمبێلی دیكهدا کێشاوە، بەم هۆیەوەش دەیان کەس بوونە قوربانی، پاشان شۆفێری بارهەڵگرەک کۆنترۆڵی لەدەستداوه و چوهته سایدی بەرامبەر، لهوێ خۆی کێشاوە بە نۆ ئۆتۆمبێل و دو مینی پاسدا كه له قهراغی رێگاكهدا وهستاون.
لە سنوری قەزای بەردەڕەش، بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە حەوت کەس بریندار بوون کە رووداوەکە بەهۆی مانگایەکەوە ڕوویداوە. رووداوەکە کاتژمێر 7:30 ڕوویداوە، سەرەتا تەکسییەکە خۆی لە مانگایەکە داوە و دواتر مانگاکە بەر ئۆتۆمبێلێکی تر کەوتووە و حەوت کەس لە رووداوەکە برینداربوون. بەپێی زانیارییەکان، برینی بریندارەکان سووکە و سەرجەمیان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ چارەسەر کراون.
هێزەکانی سوپای سوودان لە خەرتوم تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئیسماعیل چۆپان ئۆغڵو باڵیۆزی تورکیا کرد. هێزەکان پشتیوانی خێرا ڕایگەیاند، "هێزەکانی سوپای سوودان لە خەرتوم تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئیسماعیل چۆپان ئۆغڵو باڵیۆزی تورکیا کرد، رووداوەکە دوای ئەوە روویداوە کە پێشتر هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەبوو سەبارەت بە گواستنەوەی باڵیۆزخانەکە و دەیانزانی باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوپادان". هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئاماژە بەوەشکرد، "توانیویانە باڵیۆز و شاندەکەی بۆ شوێنێکی پارێزراو بگوازنەوە".
مەسرور بارزانی لە تویتەر: پیرۆزبایی لە شا چارڵزی سێیەم و شاژنە کامیلا دەکەم. ئومێدەوارین پەیوەندییەکانمان لە سەردەمی حوکمڕانی ئێوەدا بەهێزتر ببێت. ئێمە شانشینی یەکگرتوو وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو دەبینین، کە لە مێژوومان تێدەگات و لە کاتە سەختەکانیشدا پشتیوانمانە.
سهرۆكی ههرێمی كوردستان پیرۆزبایی له شا چارلسی سێیهم دهكات و رایدهگهیهنێت، دڵنیام پهیوهندییهكانمان بهردهوام دهبێت. نێچیرڤان بارزانی له ههژماری تایبهتی خۆی له تویتهر بهبۆنهی خستنهسهری تاجی پادشایهتی، پیرۆزبایی له شا چارلزی سێییهم پادشای بهریتانیا دهكات نووسیوویهتی: "بە ناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، لە دڵەوە پیرۆزبایی لە شا چارلسی سێیەم دەکەم بۆ لهسهرنانی تاجی شاهانەی وەک پاشای شانشینی یەکگرتوو و شانشینی کۆمۆنوێڵت". سهرۆكی ههرێمی كوردستان له تویتهكهیدا ههروهها نووسیوویهتی: "من دڵنیام کە پەیوەندییەکانی نێوان ههرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا لە ژێر دەسەڵاتی خاوەن شکۆدا بەردەوام دەبێت". ئهمڕۆ رێوەڕەسمی تاج لەسەرنانی شا چارلسی سێیەم، لەشاری لەندەنی پایتەختی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بەئامادەبوونی زۆرینە سەرۆک، سەرۆکوەزیران و پادشای وڵاتان لەناویشاندا لەتیف رەشید سەرۆکۆماری عێراق بەڕێوەچوو. ئاهەنگەکە لە کۆشکی بەکینگهام و ناوچەی وێستمینیستەری لەندەن بەڕێوەچوو و بۆ ئەو مەبەستەش سەدان پاسەوان و هێزی ئەمنی لەناوچەکە بڵاوەیانپێکرابوو. رێوڕەسمەکە 100 ملیۆن پاوەندی بۆ تەرخانکراوە و یەکێکە لەگرانترین رێوڕەسمەکانی تاج لەسەرنان لەمێژووی بەریتانیا. دوای هەشت مانگ لە هاتنەسەر تەختی پاشایەتی دوای مردنی دایکی ئەلیزابێسی دووەم لە تەمەنی 96 ساڵیدا، کاتی ئەوە هاتووە بە ئاشکرا چارلز وەک سەرۆکی دەوڵەتی بەریتانیا و 14 شانشینی دیکە لە کەنەداوە بۆ ئوسترالیا دیاریبکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 5/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە پارێزەری ئەمەریکی گاڤرێیل مایرۆنی كرد کە پارێزەرێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردستانە. پارێزەر گاڤرێیل مایرۆنی، کورتەیەکی دەربارەی کار و هەوڵەکانی سەبارەت بە نوێنەرایەتیکردنی هەزاران قوربانی تاوانەکانی جینۆساید لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا خستەڕوو، لە نێویاندا قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش، کە چەندین ساڵە کار لەسەر ئەم کەیسانە دەکات. سەرۆکی حکومەت ستایشی هەوڵەکانی پارێزەر گاڤرێیل مایرۆنی کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە گەلی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین تاوانی کۆمەڵکوژی بووەتەوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەو تاوانانە بە جینۆساید بناسێت و بە شێوەیەکی شایستەش، لەلایەن حکومەتی عێراق و هەموو ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی هاوکار و یارمەتیدەری ئەنجامدانی تاوانەکان بوون، قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە.
مامەڵەكردنی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرتی لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر راگیرا. ئەمرۆ شەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا وتی: “ئاگاداری هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای هەولێر دەكاتەوە كە لە بەرواری(2023/5/7) نووسینگەی پاسپۆرتی (1)یەك لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر مامەڵەكردنی (دەرهێنان و نوێكردنەوەی)پاسپۆرت لەم نووسینگەیە رادەگێرێت.” هۆکارەکەشی گەراندەوە کە بەهۆی دانانی ئامێرەكانی كۆمپیوتەر و دانانی سیستەمی پاسپۆرتی نوێ(پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی). لە کۆتایشدا داوا لە هاووڵاتیان دەكەن ئەوانەی مامەڵەی پاسپۆرت لە نووسینگەی یەک (دەرهێنان و نوێكردنەوەی) پاسپۆرت دەكەن پێویستە سەردانی نووسینگەی پاسپۆرتی (2)دووی هەولێر بكەن كە دەكەوێتە سەر شەقامی (150)مەتری ناو بەێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر،لە دوای كاتژمێر(1)ئێوارە تاكو (6)ئێوارە.
ئەندامێكی لیژنەی دارایی: لەم مانگەدا بودجە پەسەند دەكرێت. موعین كازمی،ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا گوتی: ڕەنگە کورتهێنانی بودجە بگاتە ١٨ ترلیۆن دینار، كورتهێنانەكە بە پلەی یەكەم لە بواری بەكاربردندایەو كە وەرچەرخانێكی بەرچاوی لە زیادكردنی تەرخانكردنەكاندا بەخۆیەوە بینیوە. ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: پەسەندكردنی بودجە لەم مانگەدا دەبێت و زیاتر ناخاێنێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وردەکاری لەبارەی پابەندی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو. سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی کوردستان24 بڵاوبووەتەوە باس لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، مووچە پاشەکەوتکراوەکان و چەندین وردەکاری دیکە دەکات و نووسیویەتی: "لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 تاوەکو 2025 مشتومڕی جیدی دەکرێت. زۆر ئاشکرایە کە پشکی هەرێمی کوردستان و ئەو پارەیەی کە دواجار ئەگەری هەیە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەر بودجەکە پەسندکرا، گرنگترین بابەتە کە پەیوەندی بە ئابووریی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی داهاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵک هەیە، بەتایبەتی کە تا ساڵی 2026 هیچ یاسایەکی دیکەی بودجە لە عێراقدا دەرناچێت. بەپێی ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی پێشنیازکراوی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی 13/3/2023 کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە، چەندین دەق و دەستەواژە لە نێو پڕۆژەیاساکەیە کە دەتوانێت بەربەست دروست بکات و کاریگەریی گەورە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراق دابنێت ئەگەر چارەسەر نەکرێن، وەک لە پێشنیازەکانی هاتوو لە کۆتایی ئەم راپۆرتەدا خستوومەتەڕوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەوە بەدواوە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و چیدیکە بە میکانیزمی ساڵانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستان ناکرێت و بەغدا دەبێتە تاکە سەرچاوەی داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان". دەشڵێت: "لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، شیکارییەکی پیشەییانە دوور لە هەر بۆچوون و دیدێکی سیاسی دەکەین بۆ دەقی مادە و بڕگەکانی بودجەی عێراق بەتایبەتی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستان و لە کۆتاییشدا پێشنیازی چارەسەری بەربەستەکان دەخەینەڕوو، بەڵام بەداخەوە کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە و درەنگە، بەڵام هێشتا دەرفەتیش ماوە ئەگەر یەک دەنگ و یەک دەست بین و دوور لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئێستا کاریان لەسەر بکرێت". سەبارەت بە بودجەی عێراق ئامانج رەحیم، ئاماژەی بەوەداوە: "لە پڕۆژەیاساکەدا پێشبینی کراوە لە رێگەی فرۆشتنی 3 ملیۆن و500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە ئەمە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کورستانیش لەخۆ دەگرێت، حکومەتی عێراق بە نرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داهاتی 117 ترلیۆن و 253 ملیار دیناری هەبێت. هەروەها پێشبینی کراوە داهاتی نێوخۆی نانەوتی عێراق 17 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بێت. بەو پێیەش کۆی داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتی عێراق بە 134 ترلیۆن و 553 ملیار دینار خەمڵێندراوە". لەبارەی داهاتەکان نووسیویەتی: "حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی بودجەی پێشنیازکراودا دایناوە 199 ترلیۆن و 22 ملیار دینار خەرج بکات و بەوپێیەش بەراورد بە داهاتی خەمڵێندراوی نەوتی و نانەوتی بڕی 64 ترلیۆن و47 ملیار دینار کورتهێنانی لە بودجە بۆ دروست دەبێت. لە کۆی گشتیی خەرجییەکان کە لەسەرەوە باسکرا بەشی زۆری، واتە 133 ترلیۆن و 22 ملیار دینار، بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن تەرخانکراوە، کە ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، بەو پێیەی بڕێکی کەمی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان کۆی داهاتی عێراق و خەرجییەکانی بەکاربردن، دەبینین لەیەکەوە زۆر نزیکن. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی 2014ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش ڕاستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە بودجەی 2023، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی ڕاستەقینە (الانفاق الفعلي) بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە وا باشترە زۆر پشتی پێ نەبەسترێت. کۆی گشتی خەرجییەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان 49 ترلیۆن و 462 ملیار دینارە کە بە شێوازی خوارەوە دابەشکراوە: پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی نێوخۆیی بە بڕی 38 ترلیۆن و ٣٤ ملیار دینار. پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە قەرزی بیانی بە بڕی 9 ترلیۆن و947 ملیار دینار. پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەلایەن TBI بە بڕی 1 ترلیۆن و 175 ملیار دینار. خەرجییە سیادییەکان: لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە 58 ترلیۆن و 294 دینار بۆ خەرجییە سیادییەکان دانراوە کە دەکاتە ڕێژەی %30ی تەوای بودجەکە، کە ئەمەش کاریگەریی زۆری هەیە لە سەر پشکی هەرێمی کوردستان چونکە میکانیزمەکە وایە کە دوای داشکاندنی خەرجی سیادی و حاکمە ئینجا بەشەکەی هەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٢،٦٧% دەستنیشان دەکرێت. لە خەرجییە سیادییەکاندا 23 ترلیۆن و 508 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی 3 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە). هەروەها لەو چوارچێوەیەدا تەنها 3 ترلیۆن و 876 ملیار تەرخانکراوە بۆ خەرجییەکانی پەیوەست بە (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان رۆژانە). لە خەرجییە سیادییەکاندا هەروەها 9 ترلیۆن و 764 ملیار بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانکراوە. لە خەرجی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری، تەنها بڕی 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانکراوە. دەربارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بە شێوازی خوارەوە پشکی هەرێمی کوردستان رەچاوکراوە: پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجارية): بەپێی مادەی (12/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه) بڕی 9 ترلیۆن و 300 ملیار لە چوارچێوەی خەرجییە رەوەنەکان (النفقات الجارية) بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار کە ژمارەیان بە 681 هەزار و 979 فەرمانبەر دەستنیشانکراوە، کە لە چاو ساڵی 2021 ئەم تەرخانکراوە زیادیکردووە بە بڕی 3 ترلیۆن و 525 ملیار دینار و ئەمەش دڵخۆشکەرە. هەروەها بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-5)، بڕی 1 ترلیۆن و 346 ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی 112 ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی 2021 کەمی کردووە بە بڕی ٥٥٥ ملیار دینار. بەم شێوەیە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق مانگانە کە پێویستە بدرێت بە هەرێمی کوردستان دەکاتە بڕی 887 ملیار دینار، ئەویش بۆ تەواوی مانگەکانی سێ ساڵی 2023 تاوەکو 2025 کە ئەمەش نزیکە لە تێچووی مانگانەی مووچە لە ئێستادا کە بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ 910 ملیار دینار تەمویلی مووچە کراوە؛ ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بڕی 25 ملیار دینارە بۆ سەرجەم مووچەخۆران و خانەنشینان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان کە پڕکردنەوەی زەحمەت نابێت. جگە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، هەر لە ناو خشتەی خەرجییەکانی رەوان بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە بۆ (پێداویستییەکانی کاڵا، پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری، چاککردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەکان و خەرجییەکانی دیکە). پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی پەیوەست بە سەرمایە (النفقات الرأسمالية): بەپێی مادەکانی (2/ یەکەم-4) و (11/ دووەم-ه)، بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. و بەپێی مادەکانی (2/ یەکەم-4) و مادەی (١١/ دووەم-ه)، بڕی 276 ملیار و 550 ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە. لە بارەی ئەم تەرخانکردنە، گرنگە بزانین کە ئەو داهاتە راستەقینەی کە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بکەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن دەڕوات. ئەوەش کە لە بودجەی عێراق وەک خەرجییەکانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەکان و پەرەپێدان تەرخانکراوە، دانراوە کە لە رێگەی قەرزەوە دابین بکرێت و چووەتە چوارچێوەی کورتهێنانەوە کە لە دوای ساڵی 2014ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام هەروەک مورەکەبی سەر کاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەکراوە. ئەمە بۆ تەرخانکراوی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش راستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بەڵام ئەگەر وەک ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی فیعلیی بێت ئەوا ئەم تەرخانکراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلیی هیچی لێ خەرج ناکرێت بۆ هەرێمی کوردستان. داهاتی دەروازە سنوورەییەکان: داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی 1 ترلیۆن و 560 ملیار بۆ ساڵیک خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەکانی (19/ دووەم) و (11/ دووەم-ه)، بڕی 780 ملیار دینار وەک 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە. پێترۆ دۆلار: بەپێی مادەی (2/یەکەم-٥أ)، بڕی 664 ملیار و 300 ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کورستان لە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو، (٥% ی داهاتی نەوت)، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. مووچەی پێشمەرگە: 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوکراوە. بەپێی خاڵەکانی سەرەوە، کۆی گشتیی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023، لە ئەگەری خەرجکردنی 100%ی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە دەکاتە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دینار و مانگانە دەکاتە 1 ترلیۆن و 526 ملیار دینار. پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بۆ تەواوی ساڵی 2023 بە بڕی 1 ترلیۆن و 257 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکانی حاکیمە بە کاش هەژمار نەکراوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەم خەرجییانە بە شێوەی عەینی دەنێردرێن بۆ هەرێمی کوردستان نەک بە پارەی کاش.
سزای سێدارە بەسەر چوار بەندکراوی کورد سەپێندرا کە پێشتر بەند کرابوون بە تاوانی جیاجیا. رێكخراوی ههنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگهیاند: رۆژی پێنجشهممهی ههفتهی رابردوو، سزای سێدارەی چوار بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت جێبەجێکراوە. ههروهها راشگهیاند، تائێستا ناسنامە یەکێک لەو بەندکراوانە بە ناوی جەلال ڕەحیمیان ئازەری تەمەن (23) ساڵان و خەڵکی شاری مەهاباد بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، کە ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا".
ڕۆژێ پێنج شەممە 2023/5/4 لە بەغدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع السودانی و وەفدی باڵای هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دووەمین کۆبونەوەی لێژنەی بالای نیشتیمانی ئاو بەرێوەچوو. لە سەرەتایی کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیران زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی هەرێمی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئامادەبوونیان لە کۆبونەوەکە، کە تیایدا چەندین بابەت و تەوەری زۆر گرنگ تاوتوێکران بەتایبەتی : دۆسیەی کەمبونەوەی ئاو و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و رێککارەکانی پەیوەست بە پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و بابەتی پیسبوونی ئاو و دروستکردنی بەنداوەکان و چاکسازی و سیانەکردنیان. لە بەشی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان سەرنج و داواکاری و پێشنیارەکانی لە لایەن شاندی هەرێمی کوردستان، وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەو کۆبونەوەیە باسکرا، لە کۆبونەوەکەدا پێشوازی لە ناوەرۆکی داواکاریەکانی شاندی هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی سەبارەت بە دانووسانەکان دەربارەی ستراتیژی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ (ئێران و تورکیا) بۆ لە مەودوا نوێنەری ئێمەش لەگەڵ شاندی عێراقی بەشداری دیدار و کۆبونەوە گرنگەکان دەکات، هەروەها یەکلاکردنەوەی دروستکردنی چوار بەنداو لەچوارچێوەی پلانی ستراتیژی بۆ ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێم ،وە چاکسازی لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و قەرەبووکردنەوی ئەو ناوچانەی کە تووشی زەرەر و زیانبوون بەهۆی گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی ووشکەساڵی، بەتایبەتی ناوچەی گەرمیان و بەشێکی هەولێر و دهۆک، هەروەها چارەسەرکردنی پاشماوەی ئاوی پیس، کە بەشێکی دەچێتەوە سەر رێڕەوی رووبار و دەریاچەکان و دەبێتە هۆی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان. ئەمانە و چەندین بابەتی تری پەیوەست بە دۆسیەی ئاوی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان لەبارەیەوە کراو بڕیاردرا بۆ داهاتوو هەماهەنگی تەواو بکرێت، بە مەبەستی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ڕاسپاردەکانی تایبەت بە لێژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو.