Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13761 بابەت
هەواڵ
07-07-2023

ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس كوڕه‌كه‌ی خۆی ده‌ستگیر ده‌كات

فه‌رمانده‌یی پۆلیسی‌ كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس به‌پله‌ی نه‌قیب كوڕه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ی‌ ده‌ستگیر ده‌كات و راده‌ستی‌ یاسای‌ ده‌كات. فه‌رمانده‌یی پۆلیسی‌ كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس به‌پله‌ی نه‌قیب له‌ پۆلیسی كه‌ركوك به‌ ناوی مه‌ریوان محه‌مه‌د جه‌بار، كوڕه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌ستگیر ده‌كات كه‌ داواكراو بوه‌ و دواتر راده‌ستی دادگای ده‌كات. فه‌رمانده‌یی پۆلیسی‌ كه‌ركوك ئه‌مه‌ به‌ یه‌كه‌م حاڵه‌تی له‌وشێوه‌یه‌ ناوده‌بات و ئاماژه‌ به‌گرنگی ڕۆڵی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ له‌ جێبه‌جێكردنی یاسادا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داواكراوه‌كه‌ كوڕه‌كه‌ی خۆیشی بێت، ده‌كات. به‌پێی زانیارییه‌كان كوڕی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هاوڵاتیان كردووه‌ و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ بۆ ده‌رچووه‌.

هەواڵ
06-07-2023

ڕاگەیەنراوێک لە ئاسایشی هەولێرەوە

لەڕاگەیەنراوێکی ئاسایشی هەولێردا ئاماژەی بەشەرەکەی ئەمرۆ کراوە کە هاوڵاتیەکی قەزای خەبات بە سەختی برینداربووە و لە ئیستادا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێرە. ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایش: ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٦ی٧ی ٢٠٢٣ لەقەزای خەبات کێشە لەنێوان ئەندامی بنەماڵەیەکدا دروست بوە کە خالۆزاو پورزای یەکترن لەسەر زەوی کشتوکاڵی بەناوەکانی(بۆتان أحمد رکن الدین) و(ج ، ن ، م ) و چەک لەنێوانیان بەکارهاتوە ،لەئەنجام هاولاتی (بۆتان أحمد رکن الدین ) بەسەخی بریندار بوە،لەئێستادا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر بەمەبەستی چارەسەر کردنی،هەروەها کەسی تەقەکەر (ج ،ن ، م)دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کراوە و ئێستالەژێر لێکۆڵینەوەدایە. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

هەواڵ
06-07-2023

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 6ی تەمموزی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا كە خاتوو ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی بریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تاوتوێ كرا. لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ پاراستنی شەرعیەت و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە بێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك بەڕێوە بچن. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و، باڵیۆزی بریتانیا جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی نێوان بریتانیا و هەرێمی كوردستان كردەوە و مەسعود بارزانیش وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و بریتانیا، خوازیاری قووڵتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا بوو. شایانی باسە مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی لە عێراق هاتووە، ماڵئاوایی لە مەسعود بارزانی كرد و مەسعود بارزانی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی باڵیۆزی بریتانیای كرد و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.

هەواڵ
06-07-2023

دادگای فیدراڵی لەبارەی پاشەکەوتی مووچەی کۆدەبێتەوە

رۆژی یەکی ئابی داھاتوو یەکەم دانیشتن سەبارەت بە سکاڵایەک لەسەر پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە سکاڵاکەدا داواکراوە بڕیاری ژمارە ٦١ی ٢١/٦/٢٠٢٠ی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم سەبارەت بە بڕینی رێژەی ٢١%ی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان و سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و ھەروەھا لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە، ھەڵبوەشێنرێتەوە.

هەواڵ
05-07-2023

دژەتیرۆری کوردستان: بە درۆن هێرش کرایە سەر قەزای باتیفا

ڕاگەیەندراوێک لەبارەی هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر بارەگای لیوای یەکی پاسەوانی سنوور لە ناوەندی قەزای باتیفا ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تەممووزی 2023 کاتژمێر 14:25، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بارەگای لیوای یەکی پاسەوانی سنووری لە ناوەندی قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردە ئامانج و بەهۆیەوە جگە لە زیانی ماددی خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە. درۆنەکە لەنێوان گوندی دووکەرێ و بەروشکا سەعدوونی لە سنووری قەزای باتیفاوە ئاراستە کراوە و لەو ناوچەیەش چەکدارانی پەکەکە تێیدا بوونیان هەیە. دژەتیرۆری کوردستان 5ی تەممووزی 2023

هەواڵ
05-07-2023

پیاوێکی 35 ساڵە سەری هەردوو کچەکەی دەبرێت

پیاوێکی کوردی خەلکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو كیژۆڵەی خۆی بە كەتەر سەربڕی. بەپێی زانیارییەكان، پیاوێكی كورد بە ناوی (ئیسماعیل وەكیلی) تەمەن 35 ساڵ و خەڵكی شاری (سنە)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دوو كچی خۆی بە ناوی (ئەوین) و (لاوین) كە تەمەنیان 3 و 5 ساڵان بوو، بە كەتەر سەربڕی. پۆلیسی شارەكە ئاماژەیان بەوە داوە، باوكەكە لە بنكەیەكی تەندروستیی كاری كردووە، ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەكانە و لە كاتی دانپێدانان بە تاوانەكەیدا، باسی لەوە كردووە، كە چەند جارێكیش هەوڵی داوە كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت. باوكەكە لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا تاوانەكەی ئەنجام داوە و پاشان خەڵك پێی زانیوە و سكاڵایان تۆمار كردووە و دەستگیر كراوە.

هەواڵ
05-07-2023

پێشەوا هەورامی پلەیەکی حکومی وەردەگرێت

پێشەوا هەورامانی، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی لە جێگەی جووتیار عادل، بووە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
05-07-2023

کەشناسێک: بەم هاوینە باران دەبارێت

ئەگەری باران بارین لە 18 بۆ 20ی ئەم مانگە و چەند حاڵەتێکی دیکەش تا کۆتای مانگی (ئاب/8)ی ئەمساڵ لەئارادایە. ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، ئەمساڵ بەزوی وەرزی تەڕ و پایزی پرباران و ناوازە دێتە پێشەوە، کە لە دەوروبەری 18 بۆ 20ی ئەم مانگە، ئەگەری هەیە هەوایەکی سارد لە بەرزایەکانی سەرەوەدا پێشڕەوی بکات بۆ خوارەوە، بەمەش بارانێکی زۆر بۆ باکوری ئێران و باکوری کوردستان بەرھەم دەهێنێت، ئەگەر دۆخەکەش گونجاو بێت لە هەندێک شوێنی جیاوازی هەرێمی کوردستان لەو ماوەدا باران دەبارێت و هەورە بروسکەشی لەگەڵدا دەبێت". وتیشی، دۆخی باران و هەورە بروسکە لەئێستادا زیانی ھەیە، چونکە ھەورە بروسکەکان بنکەیان بەرزە و کەشی روکەشیش گەرمە مەترسیەکانی کەوتنەوەی ئاگر زیادەکات".

هەواڵ
05-07-2023

بەرپرسێکی پەکەکە لە سلێمانی لەلایەن میتەوە کوژرا

ئاژانسی هەوڵی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری تورکیا بەرپرسێکی پەکەکە لە شاری سلێمانی دەکوژن و دەشڵێن: کوژراوەکە بڕیاری لەسەر کوشتنی دیپلۆماتکاری تورکیا، عوسمان کۆسە داوە. ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ رایگەیاند، دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لە شاری سلێمانی بەناو بەرپرسی هەواڵگریی-عێراقی پەکەکە، جەلال کایا کوشت. ئاماژە بەوەشدراوە، جەلال کایا بڕیاردەری ئەو کردەیە بوو کە دیپلۆماتکاری تورکیا عوسمان کۆسە-ی تیادا کوژرا. عوسما کۆسە، دیپلۆماتکاری تورکی و کارمەندی کونسوڵخانەی تورکیا بوو لە هەولێر، مانگی تەمووزی 2019 لە رووداوێکی تەقەکردندا کوژرا. هەر لەو رووداوەدا دوو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەناوەکانی [نەریمان عوسمان محەمەد عەلی و بەشدار رەمەزان ساڵح] گیانیان لەدەستدا. k24

هەواڵ
05-07-2023

مەسرور بارزانی خانوویەکی بەخشییە هەنار تەها

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵی هەنار تەها، قوتابی یەکەمی وێژەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی کرد و کلیلی ئەو خانووەی پێدا کە سەرۆکی حکومەتی پێی بەخشیووە. وەزیری پەروەردە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە چەمچەماڵ گوتی: "ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ماڵی هەنار تەها یەکەمی وێژەیی-یمان کرد، کە دوێنێ بڕیاریدا بێینە خزمەتیان و دیاری و پاڵپشتی سەرۆکی حکومەتیان پێشکەش بکەین، هەروەها سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا بوو کە خانووێک بەو خانەوادەیە ببەخشێت و خانەوادەکەش بڕیاریاندا کە خانووەکە بەناوی هەنارەوە بێت". گوتیشی: "پەیامی سەرۆکی حکومەت ئەوەیە کە دەبێ پاڵپشتی ئەو کەسانە بکرێت کە خاوەن ئیرادەن و ئامانجیان هەیە، بۆیە پەیامی سەرۆکی حکومەت بۆ هەنار تەنیا لایەنە مادییەکە نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەسەر لایەنە مەعنەوەیەکە". ئالان حەمە سەعید، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ هەنار گرێبەستی ئەو خانووەی واژۆ کرد کە لەلایەن سەرۆکی حکومەت پێی بەخشرا، "ئێمە هاتووین پشتگیری ئەو ئیرادەیە بکەین کە هەنار و دایکی خاوەنی بوونە، بەڵام ئەمڕۆ ئیرادەی سەرۆکی حکومەتی لەگەڵە بۆ پاڵپشتی کردن، ئەوەش پەیامێکە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بە ئامانج بگەن".

هەواڵ
05-07-2023

ئەمساڵ عێراق 86 بیری نەوتی لێداوە‌

پرۆسەی هەڵكەندنی بیرە نەوتیەکان لەرێگەی نوێترین ئامێری هەڵكەندەوە بەردەوامە. ئەندازیار خالید حەمزە عەباس بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق رایگەیاند، لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، تیمە هونەری‌و ئەندازیارییەكانی كۆمپانیاكەیان توانیویانە 34 بیری نەوت هەڵبكەنن‌و كاری چاككردن لە 52 بیری تردا ئەنجام بدەن. هەروەها دەشلێت: پرۆسەی هەڵكەندنی بیرەكان لەرێگەی نوێترین ئامێری هەڵكەندەوە ئەنجام دەدرێن كە ئامێری (IDC - 56)ە‌و تواناكەی (2000) ئەسپە. بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دەڵێ:" كۆمپانیاكەمان كاری هەڵكەندنی بیری نەوتی (MJ -152)ی بە قوڵایی (3079) مەتر تەواوكردووە، ئەمەش لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ هەڵكەندنی 43 بیر لە كێڵگەی مەجنون بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای (Halliburton) بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نەوتیی".  ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو كارانەی كە 10 پرۆژەدا بۆ سودی كۆمپانیا نیشتمانییەكانی دەرهێنانی نەوت‌و كۆمپانیا بیانییە كاركەرەكان لە عێراق لە قۆناغی  تەواوبووندان، دابەشبوون بەسەر كێڵگەكانی باكورو ناوەڕاست‌و باشوری عێراق.

هەواڵ
04-07-2023

مونا قاوەچی: جگە لە مووچەی خۆم هیچی ترم وەرنەگرتووە

سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەنگۆی وەرگرتنی پارە رەت دەکاتوە و دەڵێ " جگە لە مووچەی حەقی خۆمان هیچ برە پارەیەکی ترمان وەرنەگرتوە". مونا قاوەچی، سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "لە هەندێ پەیج و ئەکاونتی تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هەواڵێک سەبارەت بە وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر وەک نەسریە لەلایەن بەندەوە بڵاو دەکەنەوە، بە پێویستمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە و رایبگەیێنین کە سەرلەبەری ئەو هەواڵانە دوورن لە راستی و هەڵبەستراو و دروستکراون". مونا قاوەچی دەڵێت "بە هەموو لایەکی رادەگەیێنین کە جگە لە مووچەی حەقی خۆمان هیچ برە پارەیەکی ترمان وەرنەگرتوە، بابەتێکی لەم شێوەیە بوونی نیە و ئەوەی بڵاو دەکرێتەوە هەڵبەستراو و دوورن لە راستی و هەمووی رەتدەکەینەوە".

1 2 ... 327 328 329 ... 1146 1147