دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە ١٦/٧/٢٠٢٣ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای جێبەجێکردنی بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستیپێکردووە. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها شاندی حکومەتی عێراق لەلایەن کازم ئەلحەسەنی راوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری سەرۆکایەتی دەکرێت.
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە 17/7/2023 ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک بۆ مام ناوەند. پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بە (1-3) پلە بەراورد بە تۆمارەکانى دوێنێ . سەبارەت بە پێشبینیەکانی رۆژی سێشممە ڕایگەیاند، سبەی سێ شەممە 18ی تەممووزی 2023، ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ دەبێت، پلەى گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ .
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای عەربەت ـ سلێمانی رووداوێکی هاتووچۆ روویدا کە تیایدا شۆفێری مینی پاسێک گیانی لەدەستدا. هۆکاری رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕژانی گاز لەسەر ڕێگاکە لەلایەن ئوتومبیلێکی بارهەڵگرەوە کە چەند ئوتومبیلێک بەهۆیەوە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون. دواهەمینیان ئوتومبیلێکی جۆری مینی پاس بووە کە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.
وەزیری پەروەردە رایگەیاند، رۆژی ١٣\٩\٢٠٢٣ وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێم بە سەرجەم خوێندگە حکومی و ناحکومییەکانەوە دیاریکراوە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژانی شەممان لە خوێندنگە حکومییەکان دەکرێتە پشوو، لەبەر ئەوە مامۆستایان لە بری شەش ڕۆژ پێنج رۆژ دەوام دەکەن ئەوەش چەندین سودی هەیە بۆ مامۆستایان و خوێندکارانیش، کە کۆی گشتی رۆژانی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لە ١٧٠ رۆژ کەمتر نابێت، پشووەکانیش رێکخراون. لەبارەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە وەزیری پەروەردە رایگەیاند، رۆژی ١٣\٩\٢٠٢٣ وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێم بە سەرجەم خوێندگە حکومی و ناحکومییەکانەوە دیاریکراوە جگە لە خوێندنگە ئینتەرناشناڵەکان کە ئەوان پرۆگرامی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام رۆژی ١٧\٩\٢٠٢٣ دەست بە خوێندن دەکرێت.
بەڕێوبەری کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند: ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەین. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، ئامادەکاری کراوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە، لیژنەیەکی تایبەت هەیە خولی شارەزابوون بۆ جووتیار و ئەندازیارەکان دەکاتەوە کە چۆن پاکێجینک بکرێت، لەنووسینگەی سەرۆک وەزیران لیژنە هەیە لەگەڵ وەبەرهێنان و کۆمپانیا جیهانییەکان و بازاڕی دەرەوە ڕێککەوتن دەکات تا ئەوکاتەی بەرهەم پێدەگات هەناردە بکرێت. ئەحمەد جەمیل گوتیشی: هەموو ئامادەکاریێکمان کردووە لەڕووی ئیداری وئاگادارکردنەوەی جووتیار و کردنەوەی خول بۆیان، ئەو ڕێنماییانەی بەئێمەدراون هەمووی جێبەجێکراون، چونکە 75% بەرهەمی بڕیارە هەناردەی دەرەوە بکرێت لە پارێزگای دهۆکە، وەکو ترێ، هەنجیر، سێو، هەنار، هەنگوین و چەند بەرهەمێکی دیکە.
لە نوسراوێكی وەزارەتی تەندروستیدا كە واژۆی (سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی لەسەرە هاتووە"لەپێناو بەرژەوەندی گشتی،ڕێكلامكردن بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە سۆشیاڵ میدیا بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە". ههر له نوسراوهكهى وهزارهتى تهندروستیدا هاتووه"نابێت لەلایەن پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و تاقیگە و بایەلۆجی و كیمیایی و دەرمانساز و شوێنەكانی فرۆشتنی دەرمانی گیاییەوە، بابەتی ئاماژەپێكراو باسبكرێت بەناوی هۆشیاری و ڕێنمایی تەندروستییەوە".
رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێم دەکرێتە پشووی فەرمی بە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024، رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەرێم دەکرێتە پشووی فەرمی.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمم کوردستان پەیاميک بۆ خەڵکی کفری دەنێرێت. دەقی پەیامەکە: هاوڵاتیانی خۆشەویستی کفری، سڵاو و رێزم هەیە بۆتان. لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و بە دەستم گەیشتوون، بڕیارم داوە لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت. دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە رۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم. مەسرور بارزانی
یەکێتی پیاوانی کوردستان دەلێت: ئەمساڵ بەراورد بە پار توندوتیژیی دژی پیاوان رێژەیەکی زۆر زیادیکردوە. بەپێی ئامارەکانی یەکێتی پیاوانی کوردستان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمەساڵدا 336 پیاو توندووتیژی بەرامبەر کراوە، لەو رێژەیەش 39 حاڵەتی خۆ کوشتنی پیاوان هەبووە، پێنج حاڵەتی کوشتن هەبووە بە هاوکاری کەسانی دیکە. ئامارەکانی ساڵی رابردوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، حاڵەتەکانی توندووتیژی لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی پار 321 حاڵەتی توند و تیژی تۆمار کراوە، لەو ڕێژەیەش 29 حاڵەتی خۆ کوشتن هەبووە و سێ حاڵەتی کوشتن هەبووە. یەکێتی پیاوان دۆخی پیاوانی لە هەرێمی کوردستان بە مەترسیدار ناوبردوە چونکە ساڵانە تا بێت ئامارەکان روو لە هەڵکشانە.
منداڵێک لە رانیە بە "فێڵی شت کڕین" لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە دەڕفێندرێت و بە "چەقۆی مشاری" پارچەپارچە دەکرێت بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند: "دوێنێ شەممە 15/7/2023، هاووڵاتییەکی بە رەگەز سووری، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینی کرد و سکاڵای تۆمار کرد لە دژی کەسێکی نەناسراو لەسەر ئەوەی کە بە فێڵی شتکڕین کوڕە شەش ساڵانەکەی لە ماڵ بردووەتە دەرەوە، دواتر نەگەڕاوەتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش رێکاری یاسایی گیرایەبەر". لە راگەیەندراوی پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوەشکراوە: "بۆ ئەو مەبەستە هێزێکی هاوبەش لە پۆلیسی راپەڕین کە پێکهاتبوون لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە (نەژدە) و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین (مکافحە) و بنکەی پۆلیسی کێوەڕەش و بەشی بەڵگەکانی تاوانی راپەڕین چوون بۆ شاخ بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕە شەش ساڵانەکە. شەوی رابردوو لەلایەن هێزە هاوبەشەکەی پۆلیس، تەرمی منداڵەکە لە شاخ دۆزرایەوە و لە هەمان شوێن ئامێرێکی تیغ لە جۆری مشار دۆزرایەوە، تەرمی منداڵەکەش گواسترایەوە بۆ پزیشکی دادوەری رانیە بۆ پشکنین. تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە". پۆلسی راپەڕین روونیکردووەتەوە: "دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت، تۆمەتبارەکە دۆزرایەوە و دەستگیرکرا کە لە رەگەزی نێر و تەمەنی 21 ساڵ دانیشتوی رانیە، وە بەگوێرەی زانیارییەکان تۆمەتبارەکە لە رووی دەروونیەوە ناجێگیرە. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانیناوە بە تاوانەکەی، بە وتەی تۆمەتبار "بەفێڵی شت کڕین، منداڵە شەش ساڵانەکە کە بە رەگەز سووریە و بردویەتی بۆ شاخ لە نزیک شاخی هەنجیرە، دوای ئەوەی منداڵەکەی بە چەقۆ کوشتووە". بەڵام کەسوکاری منداڵەکە دەڵێن، "بکوژ ویستوویەتی گورچیلەکانی ببات”
لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی پاڵپشتیی دارایی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکرێت. رۆژی شەممە، 15ـی 7ی 2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی پێشوازی لە د. ماکوان جەمیل مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی بانکی هەرێم/سلێمانی کرد و "بڕیاردرا لە سبەینێوە دەست بکرێت بە دابەشکردنی پاڵپشتیی دارایی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان."
وهزارهتی دارایی گهنجینهكانی ئاگاداركردهوه بۆ ئامادهكردنی لیستی مووچهی مانگی شهش. بڕیاره لهم ههفتهیهدا وهزارهتى دارایی و ئابوورى لیستى مووچهى بهشێك له وهزارهت و دهستهكانى حكومهتى ههرێم بڵاو بكاتهوه، بۆ ئهو مهبهستهش وهزارهتى ناوبراو ههموو ئامادهكاریهكانى تهواو كردووه. له ئهگهرى ناردنى بهشه بوودجهى ههرێمیش لهلایهن حكومهتى عێراقهوه ئهوا لیستى مووچهى سهرجهم مووچهخۆرانى ههرێم بڵاو دهكرێتهوه.