فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی وردی لەسەر قەبارەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بڵاوکردەوە کە لە دوای 28ی شووباتی ئەمساڵەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. بەپێی داتاکان، هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشداریی جەنگ نین، بەڵام زۆرترین زیانی گیانی و ماددییان پێگەیشتووە. ئاماری گشتی هێرشەکان لە دوای 28ی شووباتەوە تا 20ی نیسانی 2026 لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، سەدان هێرشی ناڕەوا کراونەتە سەر ژێرخانی سڤیل و ناوچە نیشتەجێبووەکان: کۆی گشتی هێرشەکان: 809 هێرشی درۆنی: 701 هێرشی مووشەکی: 108 کۆی قوربانییان: 20 شەهید و 123 بریندار. دابەشبوونی هێرش و قوربانییەکان بەپێی ناوچەکان پارێزگای هەولێر ژمارەی هێرشەکان: 477 هێرش (419 درۆن و 58 مووشەک). قوربانییەکان: 10 شەهید و 83 بریندار. پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ژمارەی هێرشەکان: 235 هێرش (194 درۆن و 41 مووشەک). قوربانییەکان: 3 شەهید و 6 بریندار. ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: ژمارەی هێرشەکان: 68 هێرش (59 درۆن و 9 مووشەک). قوربانییەکان: 7 شەهید و 34 بریندار. پارێزگای دهۆک ژمارەی هێرشەکان: 29 هێرش (هەموویان لە ڕێگەی درۆنەوە بووە). زیانە ماددییەکان و بەئامانجگرتنی سڤیلەکان هێرشەکان زیانی گەورەیان بە کەرتی تایبەت و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان گەیاندووە: لە هەولێر: 726 هاووڵاتی زیان بە خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنی کارەکانیان کەوتووە. لە سۆران: 35 هاووڵاتی زەرەرمەند بوون لە ماڵ و داراییەکانیان. لە دهۆک: زیاتر لە 13 جار هێرش کراوەتە سەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت. لە سلێمانی و هەڵەبجە: 24 هێرشی ڕاستەوخۆ کراوەتە سەر شوێنی سڤیل و دەیان هاووڵاتی زەرەرمەند بوون. پەیامی حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە "بێ بنەما و ناڕەوان" و تەنها هاووڵاتییانی مەدەنی کردووەتە ئامانج. سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی جیهان بەردەوام هێرشەکانیان شەرمەزار کردووە، داوا لە حکومەتی بەغدا دەکرێتەوە کە ئەرکی خۆی لە پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکات و بکەرانی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە سزا بدات.
دوای گەیشتنی گوژمەیەک لە پارەی 2025ی جووتیاران لە لایەن بەغداوە، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، دابەشکردنەکەش بەپێی بەرواری ڕادەستکردنی گەنمەکە دەبێت بە سایلۆکان. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردسان ڕایگەیاند؛ "سبەی یەکشەممە لە هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت، هەروەها لە سلێمانیش رۆژی چوارشەممە پرۆسەکە دەست پێدەکات." سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنەکەگوتی؛ پارەکە بەپێی رۆژی وەرگرتنی گەنمەکە لە سایلۆکان دابەش دەکرێت. هەر جووتیارێک ژمارەی ریزبەندی تایبەت بە خۆی هەیە و بەپێی ئەو ریزبەندییە پارەکە دەدرێت بۆ ئەوەی هیچ کەسێک تووشی غەدر نەبێت. لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی کە لە بەغداوە "ئەمەی ئێستا گەیشتووە گوژمەی چوارەمە هی ساڵی 2025، کە بڕەکەی 8 ملیار و 945 ملیۆن دینارە."
وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ ئەگەر جەنگ لە ناوچەکەش کۆتایی بێت، پڕۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز پێویستی بە شەش مانگە تا پاک دەبێتەوە. پیش جەنگ گەرووی هورمز رۆژانە نزیکەی 21%ـی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕین، ئەمەش بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە بازرگانییەکان و هۆکارێکی سەرەکیشە لە بەرز و نزمی نرخی نەوت. رۆژنامەی "واشنتن پۆست" دەڵێت؛ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە کۆنگرێسی راگەیاندووە، پاککردنەوەی گەرووی هورمز لەو مینانەی لەلایەن ئێرانەوە چێنراون، شەش مانگی پێویستە. ئەندامە کۆماری و دیموکراتەکانی نیگەران بوون لەوەی دوای رێککەوتنێکی ئاشتیش لە نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی نەوت و گاز بە بەرزی بمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، باسی لە ماوەی پاککردنەوەی گەرووەکە کردووە کە ماوەیەکی زۆری دەوێ. ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئاشکراشی کردووە، بە کۆنگرێس گوتراوە ئێران زیاتر لە 20 مینی لە گەرووی هورمز و دەوروبەری چاندووە، هەندێکیان بە بەلەمی بچووک چێنراون و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی سیستمی "جی پی ئێس"ـەوە ئاراستە کراون.
بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەخوڕ لەم وەرزەدا، ژمارەیەک لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان سەرڕێژ بوون و بەشێکی دیکەشیان لە لێواری پڕبوونی تەواوەتیدان. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەکان ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی کۆگاکردنی ئاو لەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. دۆخی بەنداوە سەرەکییەکان بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، دۆخی بەنداوەکان بەم شێوەیەیە: بەنداوی دوکان: لە ئێستادا 80%ـی توانای کۆگاکردنی پڕ بووەتەوە و تەنها نزیکەی 4 مەتری ماوە بۆ ئەوەی بە تەواوی سەرڕێژ بکات. بەنداوی گۆمەسپان: ڕێژەی ئاو تێیدا گەیشتووەتە 30 % بەهۆی ئەوەی ئەم بەنداوە پشت بە چۆمە وەرزییەکان دەبەستێت و داهاتی ئاوی لە ساڵی ڕابردوو کەم بووە، پێشبینی ناکرێت ئەمساڵ سەرڕێژ ببێت. بەنداوی دهۆک: ڕۆژی هەینى 3ـی نیسانی 2026، بەنداوی دهۆک سەرڕێژ بوو، بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، نزیکەی 52 ملیۆن مەترسێجا ئاوی تێدایە. بەنداوی دەربەندیخان: ڕۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، بەنداوی دەربەندیخان بەتەواوی پڕبووە لە ئاو و کارگێڕیی بەنداوەکە دەستیان بە بەردانەوەی ئاو کردووە بۆسەر رووباری سیروان. بەگوێرەی داتاکان لە ماوەی 65 ساڵی رابردوودا بەنداوی دەربەندیخان، 14 جاری سەرڕێژ بووە و ئەمساڵ (2026) بووە 15یەمین ساڵ کە سەرڕێژ دەبێت. پلانی کارەبا و ئاودێریی هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ وەرزی وشکەساڵی و گەرمای داهاتوو: پلانی بەڕێوەبردن: لە ڕێککەوتی 1ـی حوزەیرانی 2026، پلانێکی تایبەت بۆ وەرزەکانی هاوین و پایز دادەنرێت بۆ ڕێکخستنی بەردانەوەی ئاو. بەرهەمهێنانی وزە: پلانی بەردانەوەی ئاو بە جۆرێک دەبێت پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەردەوام بێت. توانای بەرهەم: بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان پێکەوە توانای بەرهەمهێنانی 650 مێگاوات کارەبایان هەیە، بەو مەرجەی کێشەی تەکنیکی لە یەکەکانی کارەبادا دروست نەبێت. کورتەیەک دەربارەی بەنداوەکان: لە هەرێمی کوردستاندا 25 بەنداوی گەورە و بچووک هەن. لەو ژمارەیە، بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان وێڕای کۆگاکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوە، سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای نیشتمانین. هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو پاراستنی ئاسایشی ئاو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی ژینگەیەکی خاوێن و سەلامەت، لە کابینەی نۆیەمدا 9 بەنداو دروست کراون، بە تێکڕا دەتوانن زیاتر لە 252.8 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە، بڕیارە ئەمساڵ (2026) کار لەسەر دروستکردنی 18 بەنداوی دیکە بکرێت، هەروەها 23 پۆند دروست کراون و 58ـی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە. فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری ولاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە. لەم چوارچیوەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵویستی روون و نەگۆڕی خۆی بۆ ڕای گشتی لە ناوەوە و دەرەوە بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری ووڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە. بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە راستیەوە. هەروەها، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتووگۆ و بەشداریەکی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەوسەقامگیریە داوە. چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پابەندبوون وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عیراق و ناوچەکە. بە رێزگرتن لە دەستووری عیراقی فیدراڵ و پرنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی ووڵاتانی دراوسێ. لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ دەکات کە بەرپرسیارەتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عیراق و رێگری کردن لەو پێشێلکاریانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە. خەلکی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاشتی و کەرامەت و مافە دەستووریەکاندا، دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتووە، هەر بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بوونی بە حکومرانی بەرپرسیارانە و پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیادنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەکان.
بەهۆی کاریگەریی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و لێدوانە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بۆرسەی جیهانی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی. پسپۆڕانی بوارەکە ئەم داکشانە بۆ هێوربوونەوەی گرژییەکان و نزیکبوونەوە لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێننەوە. ئامارەکانی دابەزین لە بازاڕدا وریا مەلا یاسین، ئەندامی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە بازاڕی زێڕ لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە. بەپێی گوتەی ناوبراو، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا 55 دۆلار دابەزیوە. لەسەر ئاستی ناوخۆش، نرخی مسقاڵێک زێڕ حەوت هەزار دینار دابەزیوە. هۆکارە سەرەکییەکان؛ سیاسەت کاریگەریی لەسەر ئابووری هەیە بەپێی شیکردنەوەی شارەزایان، جووڵەی بەردەوامی نرخی زێڕ لەم چەند ڕۆژەدا ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە: ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران: گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران وەک هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکە دەبینرێت، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام. لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ: پەیام و وتارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و سیاسەتە ئابوورییەکان، فشاری زیاتری خستووەتە سەر زێڕ و بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی نرخەکان لە بەرژەوەندی دۆلار. دۆخی ئێستای بازاڕ ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی بەردەوامی گۆڕانکارییەکانی بۆرسەی جیهانیدایە. زێڕنگران چاوەڕوان دەکەن ئەگەر ئارامیی سیاسی بەردەوام بێت، نرخی زێڕ زیاتریش ڕوو لە داکشان بکات. نرخی ئەمڕۆی زێر بەپێی عەیارەکان مسقاڵێک زێڕ عەیار 22: ملیۆنێک و 71 هەزار دینار. مسقاڵێک زێڕ عەیار 21: ملیۆنێک و 23 هەزار دینار.مسقاڵێک زێڕ عەیار 18: 876 هەزار دینار.مسقاڵێک زێڕ عەیار 14: 682 هەزار دینار.مسقاڵێک زێڕ عەیار 12: 585 هەزار دینار.مسقاڵێک زێڕ عەیار 9: 438 هەزار دینار.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی یەکپۆشیی ناوەندەکانی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی لیژنە پسپۆڕەکان دێت و ئامانج لێی دروستکردنی یەکسانی و ڕێکخستنی زیاتری ژینگەی خوێندنە. د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمە نوێیەکە هەموو ناوەندەکانی خوێندنی (حکومی، نێودەوڵەتی و قوتابخانەکانی بەهرەداران) دەگرێتەوە. بەمەش ڕەنگی جلوبەرگی قوتابیان لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەپێی قۆناغەکان یەکدەخرێت. ڕەنگەکان بەپێی قۆناغی خوێندن: وەزارەتی پەروەردە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕەنگەکانی بۆ کچان و کوڕان دەستنیشان کردووە: باخچەی ساوایان: تیشێرتی پرتەقاڵی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی نیلی. قۆناغی بنەڕەتی (یەک تا شەش): تیشێرتی ماڕۆنی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی نیلی. قۆناغی بنەڕەتی (7،8،9): تیشێرتی نیلی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی ڕەساسی. قۆناغی ئامادەیی (12،11،10): تیشێرتی ڕەساسی لەگەڵ پانتۆڕ یان تەنوورەی ڕەش. بۆ پاراستنی تەندروستی قوتابیان، وەزارەت ستانداردێکی توندی بۆ کوالێتی قوماش داناوە. بەپێی ڕێنماییەکان، تیشێرت و بلووزەکان دەبێت ڕێژەی کەتانیان لە 70٪ کەمتر نەبێت، هەروەها پانتۆڕ و تەنوورەکان دەبێت لە 50٪ کەتان و 47٪ پۆلستەر پێکبێن. لە پەیامێکی ڕووندا بۆ بازاڕ و ناوەندەکانی خوێندن، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە بازاڕ کراوە دەبێت بۆ هەموو بازرگانێک کە بیەوێت بەپێی دیزاین و کوالێتییە دیاریکراوەکان جلوبەرگ هاوردە بکات. هاوکات جەختی کردەوە کە هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە مافی ئەوەی نییە دایک و باوکان ناچار بکات یان ئاراستەیان بکات بۆ کڕینی جلوبەرگ لە شوێنێکی دیاریکراو، ئەمە بە مەبەستی پاراستنی مافی کێبڕکێ و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک.
دوای تێپەڕبوونی 80 کاتژمێر بەسەر مانگرتنیاندا، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، لەگەڵ سەرجەم دەستگیرکراوانی لالەزار، بڕیاریان دا کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بهێنن. بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی، لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ میدیاکان، چوار هۆکاری سەرەکی لە پشت شکاندنی ئەم مانگرتنە ئاشکرا کرد: داواکاری تیمی پارێزەران: پارێزەران پێیان وابووە کاتەکە بۆ مانگرتن گونجاو نییە، چونکە دۆسیەکە هێشتا لە ئاسایشە و ڕەوانەی دادگای تاوان نەکراوە؛ هەروەها نادیاریی هەڵوێستی دادگا و ئەگەری درێژکردنەوەی کات (دەستی دەستی پێکردن) وای کردووە داوای شکاندنی مانگرتنەکە بکەن. بەڵێنی گواستنەوەی دۆسیەکە: بەڵێن دراوە کە سبەی پێنجشەممە یان ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، دۆسیەی یاسایی دەستگیرکراوەکان بۆ دادگای تاوانی سلێمانی بنێردرێت. ئازادکردنی دەستگیرکراوان: ئەمڕۆ 10 کەسی دیکە لە پاسەوانەکانی لالەزار کە لەژێر فشاردا بوون ئازاد کران. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای مانگرتنەکەوە تا ئێستا ئازاد کراون، گەیشتە 21 کەس. بارودۆخی تەندروستیی زیندانییان: جگە لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، تەواوی گیراوانی دیکەی لالەزار کە پێشمەرگەن لە زیندانی کانی گۆمە مانیان لە خواردن گرتبوو. بەهۆی نەخۆشی هەندێک لە گیراوەکان و بوونی گرفت لە گەیشتنی تیمی پزیشکی بۆ لایان، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانییان، بڕیاری شکاندنی مانگرتنەکە دراوە.
سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پشتیوانی لە ئەرك و ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم بۆ بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان. بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و سەد و بیست و هەشتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی (كوردستان) لە لایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان كە هاوكات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزباییەكی گەرم لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان و ئەندامانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم. لەویادەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان دەخوازم و پشتیوانی لە ئەرك و ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم بۆ بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و قووڵتركردنی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و هەروەها پاراستنی بەها بەرزەكانی كۆمەڵگای كوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی، پشتیوانیی حکوومەت بۆ ئازادیی کاری راگەیاندن دووپات دەکاتەوە و پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە: "بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان)، لەلایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان، کە هاوکات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، پیرۆزبایی لە گشت رۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم". سەرۆکی حکومەت جەختیش دەکاتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، پابەندە بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ راگەیاندنکاران". هەروەها داوا لە راگەیەندکارانی کوردستان دەکات، "لە ئاست پیشە و ئەرکی گرنگی راگەیاندندا بن و بەشێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە، كاری خۆیان ئەنجام بدەن و یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرن و رۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگێڕن". رۆژی 22ـی نیسانی هەموو ساڵێک وەک رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی دانراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1898 کاتێک میقداد مەدحەت بەدرخان یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر چاپ و بڵاو کردەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا پەردەی لەسەر پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لادا و ڕایگەیاند، لە ماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا خاکی عێراق وەک بنکەیەکی سەرەکی بۆ ئەنجامدانی هێرشی درۆنی دژی سعوودیە بەکارهێنراوە. بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنە ئەمنییانەی سعوودیە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە، لەو ماوە دیاریکراوەدا 1000 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر خاکی سعوودیە. زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نیوەی هێرشەکان (500 هێرش) ڕاستەوخۆ لە ناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون، هاوکات ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ئێرانەوە نزیکن، بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی ئەم هێرشانەیان لە ئەستۆدایە. ئامانجە ستراتیژییەکان لە قوڵایی سعوودیەدا ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە هێرشەکان تەنیا ناوچە سنوورییەکانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو گەیشتوونەتە قوڵایی خاکی سعوودیە و شوێنە هەرە هەستیارەکانیان پێکاوە، لەوانە: پاڵاوگەی نەوتی یەنبوع کە دەکەوێتە کەناراوەکانی دەریای سوور لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە و کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات کە بە ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی وزە لە ئاستی جیهاندا دادەنرێت.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندن؛ تۆمەتباری هێرشکردنە سەر مزگەوتی شێخ محەممەد پیرخدری لە شاری هەولێر دەستگیر کرا. "لە مزگەوتەکەدا قورئانی پیرۆزی دڕاندبوو". ڕووداوەکە لە درەنگی شەوی 18ـی نیسان، کە کەسێک چووەتە مزگەوتی شێخ محەممەد پیرخدری لە هەولێر، کە هەمان کات تەکێی شێخ بەدرەدین زراری تێدایە و کتێبخانەی مزگەوتەکەی شێواند. د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوەشدا: کەسەکە زۆر بێبەزەییانە کتێبخانەی مزگەوتەکەی تێکدابوو؛ کتێبی فڕێدابووە زەوی و دڕاندبووی، لەنێویدا کتێبی قورئانی پیرۆز دڕێندرابوو، دواجار لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرا" لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف سکاڵای یاسایی دژی تۆمەتبار تۆمار کرابوو، دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراو ڕووبەرووی یاسای دەکەنەوە.