ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرنی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکوەزیران کورتەیەکی دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستەڕوو. لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای خواست، کابینەی نوێ ببێتە مایەی هاتنەئارای سەردەمێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان. سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا کە ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کاتدا، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەکەوێت. سەرۆکوەزیران سوپاسی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کەرتی تایبەتیشی کرد کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و بزاڤی بازرگانی لە کوردستان هەبووە. لە کۆتاییدا چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی پەیوەندیدار بە جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی خرانەڕوو و سەرۆکی حکومەتیش وەڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد کۆچی دوایی نووسەر و بیرمەندی ناودار فارووق رەفیق رادەگەیێنێت و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی دەکات. لە راگەیێندراوێکدا، لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد رایگەیاند: "زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی نووسەری ناودار فاروق رەفیقمان پێگەیشت. پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان رادەگەیێنین." لقی هەولێری نووسەران داوا لە خودای گەورە دەکات ئەمە دوا خەم و ناخۆشیی کەسوکار و بنەماڵەکەیان بێت و خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات. فاروق رەفیق یەکێک بوو لە نووسەر، وەرگێڕ و بیرمەندە دیارەکانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانێکی زۆر لە بواری فیکری و فەلسەفیدا کاری کردووە و خاوەنی چەندین کتێب و توێژینەوەی جیاوازە.
بڕیارە ئەمڕۆ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدەن. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پرسی تەواوکردنی پێکهاتەی وزاریی حکومەتی نوێیە، ئەمەش دوای ئەوەی عەلی زەیدی بە فەرمی بۆ پێکهێنانی کابینەکە ڕاسپێردرا. وادەی دەستووری و ململانێی کات شەوی ڕابردووەوە وادەی دەستووریی زەیدی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە دەستی پێ کردووە. ناوبراو تەنیا 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە (تاوەکو ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٦) بۆ ئەوەی کابینەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان و متمانەی پێ بدرێت. میکانیزمی دابەشکردنی پۆستەکان پرۆسەی دابەشکردنی وەزارەتەکان لەسەر بنەمای خاڵبەندی و شایستەی هەڵبژاردن دەبێت، کە نەریتێکی سیاسییە لە دوای ساڵی 2005ـەوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت. بڕیارە پرۆسەکە بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت: قۆناغی یەکەم: ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی لە نێوان لایەنە سەرەکییەکان (چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی، یەکێتی، تەقەددوم، عەزم و سیادە) بۆ دیاریکردنی پشکی هەر لایەنێک. قۆناغی دووەم: پێشکەشکردنی ناوی بەربژێرەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو. سیناریۆکانی بەردەم پەرلەمان ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت، عەلی زەیدی کارنامەی حکومەت و ناوی بەربژێرەکان دەباتە پەرلەمان، لەوێدا سیڤی هەر وەزیرێک بە جیا دەخرێتە دەنگدانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی پڕۆژەی ڕووناکی بە کوژانەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، رێژەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەمەش کاریگەری باشی لەسەر ژینگە و هەوا دروست کردووە. پرۆژەی رووناکی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 5 هەزار و 917 مۆلیدە کوژێنراونەتەوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی یەک ملیۆن و 127 هەزار و 430 تۆن لە دووانۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا، کە ئەوەش یەکسانە بە دوورخستنەوەی یەک ملیۆن و 23 هەزار و 699 ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان". لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەولێر لە پلەی یەکەم دێت لە کوژاندنەوەی موەلیدەکان، تاوەکو ئێستا 2 هەزار و 995 موەلیدە کوژێنراونەتەوە، لە دوای ئەویش سلێمانی دێت کە 805 موەلیدەی کوژێنراونەتەوە، ئینجا دهۆک دێت کە 505 موەلیدەی لێی کوژاوەتەوە.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی: (IMO) نزیکەی دوو هەزار کەشتی و 20 هەزار دەریاوان گیریان خواردووە و ناتوانن هاتوچۆ بکەن. هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوەکەش دەڵێت "ئەو ئاڵۆزییانەی لە گەرووی هورمزدا دروست بوون، رەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن، تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی ململانێ و جەنگەکانیش لە ناوچەکەدا" ئەرسینۆ دۆمێنگێز سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی رایگەیاند، چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی گەرووی هورمز نابێتە چارەسەرێکی درێژخایەن، هۆشداریشی دا تەنانەت یاوەریکردنی سەربازیی کەشتییەکانیش، مەترسیی بە ئامانجگرتنیان بە تەواوی لەناو نابات. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە لە 28ی شوباتەوە جەنگی نێوان ئەمەریکا وئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەستی پێکرد، دوای راگەیاندنی ئاگربەستیش گرژییەکان بەردەوامن، زۆرترین کاریگەریش لە گەرووی هورمزدا دەرکەوت، هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە ئەم گەرووە بەڕووی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانەوە داخرا. هەرچەندە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی ئەو گەرووە بەردەوامە بەڵام تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە رێگە بۆ هەموو ئەو کەشتییانە بکرێتەوە کە لەو ناوچەیەدا گیریان خواردووە لە دوایین لێدوانیشدا لایەنی ئێرانی رایگەیاندووە، گەرووی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران دەمێنێتەوە و تەنها دەسەڵاتی تاران دەتوانێت ئیدارەی ئەو گەرووە بدات.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیارێکی دەرکرد بە مەبەستی هاوکاری ئەو بیانیانەی کە بە شێوەیەکی فەرمی، لە ڕێگای ڤیزاوە هاتوونەتە کوردستان و نەیانتوانیوە ڤیزاکانیان درێژ بکەنەوە، یان نەیانکردۆتە نشینگە، نشینگەیان هەبووە و بەسەر چووە. بڕیارەکە لە دوو خاڵ پێک دێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەو بیانییانەیە کە دەیانەوێت لە کوردستان بمێننەوە و ڤیزاکانیان درێژ بکەنەوە یاخود بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان. دەقی خاڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ: یەکەم: ئەوانەى دەیانەوێ لە کوردستان بمێننەوە و نشینگەى نوێ دەربکەن یان کارتى نشینگەیان نوێ بکەنەوە، پێویستە لەماوەى (90)نەوەت ڕۆژى کارکردن سەردانى یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە بکەن و تەنیا (25%)ى کۆى گشتى سزاکانى دواکەوتن کە لەڕێنماییمان ژمارە (1ـى ساڵى 2021) هاتووە، لێیان وەردەگیرێت. دووەم: ئەوانەى دەیانەوێت هەرێمى کوردستان بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتى خۆیان بەهەمان شێوەى خاڵى یەکەم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و مۆرى دەرچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانى نشینگە وەردەگرن. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشداوە " فەرمانەکە لەڕۆژى دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆماوەى(90)نەوەت ڕۆژ بەرکار دەبێت لەدواى ماوەى دیاریکراو هەرجۆرە سەرپێچیەکى مانەوە بە پێى ڕێنماییمان ژمارە (1ـى ساڵى 2021) مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت "
دوای ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە کەرکووک، بارهەڵگرێک خۆی بە چەند ئۆتۆمبێلێکدا دەکێشێت و سەرەنجام، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 24 کەسی دیکەش برینداربوون، سێ لەو بریندارانە پێشمەرگە بوون. لەسەر ئەم ڕووداوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانم راسپاردووە هاوکاریی پێویستیی تەندروستیی پێشکەشی بریندارانی کەرکووک بکەن. مەسرور بارزانی "بە داخەوە ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆدا لە شاری کەرکووک، چەندین هاووڵاتی گیانیان لە دەستدا و بریندار بوون، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەین و هاوخەمیانین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین". سەرۆکوەزیران جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی تەندروستی راسپێردراون کە هاوکاری تەندروستی پێشکەش بە بریندارانی ڕووداوەکە بکەن.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە 25-04-2026، لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە نزیک کۆشکی سپی، هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا توانییان ڕێگری لە هێرشێکی چەکداری بکەن کە ئامانجەکەی کۆبوونەوەیەکی باڵای بەرپرسانی ئەمریکا بوو. وردەکاریی ڕووداوی تەقەکردنەکە لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و چەندین بەرپرسی دیکەی ئیدارەی ترەمپ لە ئێوارەخوانێک لە هۆتێل هیڵتن لە واشنتن ئامادەبوون، کەسێک بە چەندین جۆری چەکەوە هێرشی کردە سەر پاسەوانانی هۆتێلەکە و هەوڵیدا بچێتە نێو ئەو هۆڵەی بەرپرسانی ئەمریکای تێدایە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. کاردانەوەی سەرۆک و لایەنی ئەمنی لەو کاتەدا هێزە ئەمنییەکان بە پەلە دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەیان بۆ پاراستنی گیانیان گواستەوە بۆ نێو کۆشکی سپی. دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم لێدوانییدا دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاند، پێموانییە تەقەکردنەکە پەیوەندیی بە جەنگی ئێرانەوە هەبووبێت. ئەم جۆرە کەسانە شێتن، بۆیە هەرگیز نازانیت ئامانجیان چییە. ناسنامەی تۆمەتبار و ئامانجی هێرشەکە بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تۆمەتبارەکە ناوی کۆلی ئالینـە و تەمەنی 31 ساڵە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا ئالین دانی بەوەدا ناوە کە مەبەستی بووە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بکاتە ئامانج. تا ئێستا بە ڕاشکاوی ناوی "ترەمپ"ی وەک ئامانجی سەرەکی نەهێناوە، بەڵکو جەختی لەسەر ئەندامانی ئیدارەکەی کردووەتەوە. وێنەی ئەو کەسەی تەقەی کردووە ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گرژییە نێودەوڵەتییەکان لە ئارادان و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندێکی گرنگی جیهانی کە کۆشکی سپییە، بە هەرەمەکی تەقەیەکی زۆر دەکرێت و هەوڵی دەدرێت بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بکرێنە ئامانج. لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چوار حاڵەتی تیرۆرکردنی سەرۆک هەبووە یەکەم: ئەبراهام لینکۆڵن، لە 14ـی نیسانی 1865 لە واشنتن کوژرا. ناوی بکوژەکە جۆن ویڵکس بووس بوو. لینکۆڵن خەریکی تەماشاکردنی شانۆگەرییەک بوو، بکوژ لە دواوە فیشەکێکی نا بە سەرییەوە و ڕۆژی دواتر لینکۆڵن گیانی لەدەستدا. دووەم: جەیمس گارفیڵد، لە دووی تەممووزی 1881 لە وێستگەی شەمەندەفەری واشنتن کوژرا. ناوی بکوژ چارڵز گییتۆ بوو. گارفیڵد تەنیا چوار مانگ سەرۆکی ئەمریکا بوو، بکوژەکە بەهۆی تووڕەیی لەوەی پۆستێکی حکومی پێنەدرابوو، تەقەی گارفیڵد کرد، دوای دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا. سێیەم: ویلیام مەکینلی، لە شەشی ئەیلوولی 1901 لە لایەن کەسیکەوە لە پێشانگای پان-ئەمێریکان لە بوفالۆ، نیویۆرک تەقەی لێکرا، دوای مانەوەی بۆ هەشت ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. چوارەم: جۆن کەنەدی لە 22ـی تشرینی دووەمی 1963، کاتێک لەنێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەیدا بوو لە دالاسی تێکساس، لەلایەن کەسێکەوە لە دوورەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
لە کاتێکدا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران لەوپەڕی توندیدان، چالاکییە نهێنییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی کەشتییە سێبەرەکانەوە، دووبارە بووەتەوە باسی گەرمی میدیا جیهانییەکان. ماڵپەڕی تانکەر و نەوتی ئێران ماڵپەڕی TankerTrackers، کە تایبەتە بە چاودێری جووڵەی دەریایی، چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردووەتە و باس لە بارکردنی بڕێکی زۆری نەوتی ئێران دەکات لە دوورگەی خارگ. ئۆپەراسیۆنی دوورگەی خارگ؛ 6 ملیۆن بەرمیل نەوت بەپێی وێنەکانی مانگە دەستکردەکان، سێ کەشتی نەوتهەڵگری زەبەلاح لە جۆری VLCC لە بەندەری دوورگەی خارگ بینراون کە سەرقاڵی بارکردنی نەوت بوون، کە هەر کەشتییەک توانای هەڵگرتنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە. ناسنامەی کەشتییەکان دوو لە کەشتییەکان ئاڵای فەرمی ئێرانیان لەسەر بووە، لەکاتێکدا سێیەمیان وەک "کەشتی سێبەر" (Shadow Tanker) کار دەکات بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی نەوتەکە و دەربازبوون لە سزاکان، هەروەها تاوەکو ئێستا شوێنی مەبەستی ئەم کەشتیانە نادیارە، ئەمە گومانەکان لەسەر فرۆشتنی نەوتەکە بە شێوەی قاچاخ لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا زیاد دەکات. گەمارۆدانی کەشتییە ئێرانییەکان لە ئاوەکانی پاکستان ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چوار کەشتی دیکەی نەوتهەڵگری ئێران لە ناوچەی ئابووریی تایبەت (EEZ)ـی پاکستان گیریان خواردووە، ئەم کەشتیانە پێش سەپاندنی گەمارۆ دەریاییە نوێیەکانی ئەمریکا سنووری ئێرانیان جێهێشتبوو، نەوتیان بۆ سەنگافورە و مالیزیا گواستبووەوە، بەهۆی توندبوونی چاودێرییەکان لە گەرووی هورمز، کەشتییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە ناو سنوورە ئاوییەکانی ئێران و لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە. ئاڵۆزییە سیاسییەکان؛ ترەمپ و پەککەوتنی دانوستانەکان ئەم پەرەسەندنە دەریاییانە هاوکاتن لەگەڵ بنبەستی سیاسی نێوان تاران و واشنتن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە دانوستانەکان ڕاگیراون و فەرمانی بە شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی کردووە کە سەردانی وڵاتی پاکستان نەکەن و دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. چالاکییە نوێیەکانی ئێران لە دوورگەی خارگ و پەککەوتنی کەشتییەکانی لە ئاوەکانی پاکستان، نیشاندەری شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دەسپێکردنی قۆناغێکی توندتری ڕووبەڕووبوونەوەی ئابوورییە. لەکاتێکدا ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کەشتییە سێبەرەکانەوە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بکات، گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕێڕەوە دەریاییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە گەڕانەوەی کەشتییەکان بۆ ناوخۆی وڵاتەکە بووەتە کارێکی مەحاڵ. وێنەی کەشتییەکان لە دوورگەی خارگ
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی نیسانی 2026، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت. لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی هاوکاریی دارایی مانگی 3 خرایە سەر هەژماری وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) تەواوی ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بۆ ئەم مەبەستە کۆتایی پێهێناوە. دوای شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2014، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بڕیاری دا هاوکاری سەربازی و دارایی پێشکەش بە پێشمەرگە بکات. ئامانجی سەرەکی ئەم هاوکاریانە بریتییە لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، هەروەها یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتەکەدا.
دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لە کڕین و فرۆشتنی دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش بەبێ ستیکەری. باسیش لەوە دەکات؛ فرۆشتنی دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش بەبێ ستیکەر قەدەخەیە و هەر دەرمانخانەیەک سەرپێچی بکات، جاری یەکەم تووشی لێپێچینەوەی داخستن و پێبژاردن دەبێتەوە و دووەم جار دەدرێتە دادگە. دکتۆر گۆڤەند هۆشداریی دا بە هاونیشتمانییان و داوای لێکردن بە هیچ شێوەیەک ئەو جۆرە دەرزییانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەکڕن، کە زۆربەیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە رێکلامیان بۆ دەکرێت، چونکە بێ ستیکەرن و مەرجی تەندروستیی گواستنەوە و هەڵگرتنیان تێدا نییە. گوتیشی؛ ئەو دەرزییانە پێویستیان بە هەڵگرتن و گواستنەوە هەیە لە پلەی گەرمیی 2 بۆ 8ی سیلیزی و وتی، هەر تەکسییەک دەرزییەکە بە کۆگەکردنێکی گونجاو نەگوازێتەوە، ئەگەر بگیرێت ئەوە هەم شۆفێری تەکسییەکە هەم دەرمانخانەکە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر؛ ئەم پڕۆژە مەزنە بە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی ناوچەکە. لەبارەی پڕۆژەکە پارێزگار ڕایگەیاند: 78 کیلۆمەتر: درێژیی ئەو پشتێنە سەوزاییەیە کە بە دەوری شاری هەولێردا دروست دەکرێت بۆ رێگریکردن لە تۆز و خۆڵ و پاککردنەوەی هەوا. 7 ملیۆن دار: بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا بچێندرێن، کە درەختی بەرهەمدار و جوانی وەک (زەیتوون، فستەق و پرتەقاڵ) لەخۆدەگرێت، بەمەش جوانیی سروشتی و سوودی ئابووری پێکەوە کۆدەکرێنەوە. قۆناخی یەکەم: لەم قۆناخەدا کە کارەکانی بەرەو کۆتایی دەچن، رووبەری 4,200 دۆنم زەوی بە 700 هەزار نەمام داچێندراوە. کاریگەریی ژینگەیی: ئەم پڕۆژە ستراتیجییە ساڵانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تا 210 هەزار تۆن گازی زیانبەخش، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دابینکردنی هەوایەکی تەندروست بۆ دانیشتووانی پایتەخت دەبێت. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند؛ پایتەختی هەرێمی کوردستان بەرەو داهاتوویەکی سەوزتر و هەناسەیەکی پاکتر هەنگاو دەنێت، ئەمەش بەهۆی نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی ستراتیجیی "پشتێنەی سەوزایی هەولێر".