Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13759 بابەت
هەواڵ
22-08-2023

ڤیدیۆ.. سێ ئەندامی خێزانێک لە زێی گەورە خنکان

سێ کەس لە زێی گەورە لە سنووری قەزای خەبات خنکان و تەرمی هەرسێکیان لەلایەن تیمی ژێردەریایی بەرگریی شارستانیی قەزای خەباتەوە دەرهێنران. سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە زێی گەورە لە قەزای خەبات و بە دیاریکراوی لە نزیک پردی کۆنی قەزاکە سێ کەس، کە پیاوێکە لەگەڵ کوڕ و برازایەکی خنکاون. خنکاوەکان، بەختیار کەریم، تەمەن 28 ساڵ؛ بنیامین بەختیار، تەمەن 6 ساڵ و کەژاڵ هەژار، تەمەن 17 ساڵن.

هەواڵ
22-08-2023

ھاتوچۆی ھەولێر چەند رێنماییەک بە شۆفێران دەدات

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر 12 رێنمایی نوێی بۆ بەكارهێنانی رێگا خێراكان بڵاوكردەوە و بەگوێرەی بەشێك لە رێنماییەكانیش، گەڕانەوە بە بەگ و وەستان و چاوەڕێكردن لەرێگاوبانەكان قەدەغەیە و ناشبێت پیادەڕەوەان لەسەر شەقامی خێرا بپەڕنەوە.بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بۆ زیاتر گرەنتیكردنی سەلامەتیی هاوڵاتییان و شۆفێران، چەند ڕێنماییەكی پێویستی لەبارەی بەكارهێنانی ڕێگە خێراكان بۆ شۆفێر و هاوڵاتییان دیاریكردوە و داواش دەكات هەمو لایەكی پێیەوە پابەند بن. ئەم کارانە لەسەر رێگا خێراکان قەدەخەیە: یەکەم: وەستان و چاوەڕێكردن بە بێ هۆكاری لەناكاو.دووەم: گەڕانەوە بە بەگ بە هەمو شێوەیەك.سێیەم: نابێت پیادەڕۆیان لەسەر شەقامی خێرا بپەڕنەوە، مەگەر پردەكان بەكار ببەن.چوارەم: كڕین و فرۆشتن و مامەڵە لەسەر شەقامە خێراكان.پێنجەم: ڕۆیشتنی ئەو سوارڕۆیانەی كە خێراییان لە 60 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا كەمترە.شەشەم: ڕۆیشتنی سوارڕۆكانی بیناسازی و كشتوكاڵی وەكو تراكتۆر و دەڕاسە و گرێدەر و شۆڤڵ و تەنانەت بۆ مەودای چەند مەترێكیش، بەڵكو دەبێت بە ئامێری هەڵگرتنی تایبەت بگوازرێنەوە.حەوتەم: پێچاوپێچكردن و تەڕناش و كێبڕكێ.هەشتەم: بەكارهێنانی مۆبایل و سۆشیالمیدیا.نۆیەم: پێچكردنەوە لە شوێنە تایبەتەكانی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی خێرا یان هەر دەرچەیەكی دیكەی فریاگوزاری.دەیەم: هەڵگرتن و دابەزاندنی سەرنشین.یازدەیەم:لێدانی فوللایت.دوازدەیەم: لێخوڕینی پایسكیل و مۆپید و سكۆتەر و ماتۆڕی سێتایە.

هەواڵ
22-08-2023

سەرۆك بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە و ئاكادیمیەكانی سنوور...

لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ دەڤەری بادینان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ چینوتوێژەكانی ئەو دەڤەرە ڕۆژی سێشەممە 22ی ئابی 2023 لە شاری دهۆك سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە و ئاكادیمیەكانی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرەكیی مامۆستایان لە پێگەیاندنی گەنجان و پێشخستنی كۆمەڵگە و زانست، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مامۆستایانی زانكۆ كرد كە لە هەموو بارودۆخێكدا لە سەنگەری پێگەیاندن و زانست بوونە و دڵسۆزانە خزمەتی خەڵكی كوردستانیان كردووە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و فێركردن ڕابگیرێت. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ فەراهەمبوونی زەمینە بۆ یەكبوون و یەكدەنگیی نێوان لایەنەكان. هەروەها ئەوەشی باس كرد كە جیاوازیی بیروڕا بابەتێكی سرووشتیە بەڵام پێویست دەكات لەسەر ئامانجە ستراتیژی و نیشتیمانییەكان لەنێوان لایەنەكان هاوڕاییەكی تەواو هەبێت. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەمێژووی دەوڵەتی عێراق دا كە لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرب دامەزرا بەڵام ئەو شەراكەتە پشتگوێخرا و بەشی كوردستان جینۆساید و هەوڵی لەناوبردنی میللەتەكەمان بوو و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو ئەو دەرفەتە هاتە پێش كە عێراق لەسەر بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق و بەپشتبەستن بە دەستوور ژیانێكی تازە دەست پێ بكات بەڵام دیسانەوە پشت لەو بنەمایانە و دەستوور كرا و نیەتی لاوازكردنی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەناو بەشێك لە دەستەڵاتدارانی عێراقی پەیدا بوو. هەر پەیوەست بەم بابەتە و دوایین هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، سەرۆك بارزانی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی لە ئەنجامی سەردانی ئەم دوایەی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئاگادار كردەوە. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەو تەوژمەدا كە بەنیازە نائومێدی بڵاو بكاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری و بەهاكان لەناو كۆمەڵگە نەهێڵێت و داوای كرد كە مامۆستا بەڕێزەكان ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە ببنەوە و كار بۆ قووڵكردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بكەن. سەرۆك بارزانی باسی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بنیاتنانی پەروەردە و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و سەرچاوەكانی تری داهات بۆ هەرێم و هەروەها دۆزینەوەی هۆكارەكانی كۆچ و ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و داواشی لە مامۆستایان و ئاكادیمیكاران كرد كە لەو ئەركە هەستیارەدا هاوكار و پاڵپشت و ڕێنیشاندەری حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بن. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی ڕاگۆڕینەوە و پرسیار و پێشنیار بۆ ئامادەبوان كرایەوە و سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونی و وەڵامی پێویستی بۆ تێبینی و پرسیاری ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە دایەوە.

هەواڵ
22-08-2023

لە گەرمیان هه‌لی دامه‌زراندن راگه‌یاندرا

ئەمرۆ سێشەممە سایلۆی گەرمیان دامەزراندنی 10 پاسەوانی بەشێوەی گرێبەست ڕاگەیاند. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ی 8ی 2023، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیان ئاگادارییه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، ئاگاداریەک بۆ كوڕان و كچانی شەهیدانی سەنگەر و ئەنفالکراوان (جینۆساید)، لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان کە ناویان تۆمار نەکراوە، بەمەبەستی دامەزراندنیان و ڕەخساندنی هەلی کار لە سنووری بەرێوەبەرایەتی گشتیمان. ڕاشیگەیاند: ئێستا پێویستیمان بە (10) دە پاسەوان هەیە بەمەبەستی دامەزراندنیان بە شیوەی گرێبەست، لە سایلۆی گەرمیان ناو تۆمارکردن لە 22ی 8ی 2023وه‌ دەست پێدەکات تا 28ی 8ی 2023. لەکۆتایشدا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو، کە ڕۆژی چوارشەممە 30ی 8ی 2023 تیروپشك بۆ ناوه‌كان ده‌كرێت.

هەواڵ
22-08-2023

پلەکانی گەرما لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەبەزێت

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە. بەپێی پێشبینیەکان ئەمڕۆ سێشەممە 22/8/2023، ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی کردووە، سبەى چوار شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 43 پلەى سیلیزى سلێمانی:41 پلەى سیلیزى دهۆک : 42 پلەى سیلیزى کەرکوک: 45 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 43 پلەى سیلیزى زاخۆ: 43 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 31 پلەى سیلیزى سۆران: 42 پلەى سیلیزى گەرمیان: 47 پلەى سیلیزى

هەواڵ
22-08-2023

وادەی ناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە ئاشکراکرا

وتەبێژی حکومەتی هەرێم: “پێشبینی دەکەین پێش 25/9 بەغدا شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێم بنێرێت”. پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی راگەیاندوە: "لە 20ی مانگ بۆ 25ی مانگ بەغدا مووچە دابەش دەکات، بۆیە ئەگەر حکوومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردنی بودجە بێ، دەبێت لەو ماوەیە مووچەی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت." وتیشی، "بەپێی شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەوەی هەیە بودجەی هەرێم بنێردرێ، بودجە تەنیا مووچە نییە، هەموو شایستە داراییەکانە." ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو وردەکارییەکی بە لیژنەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق داوە، وتیشی: "لێژنەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق هەرچییان ویستووە خراوەتە بەردەستیان، ئێستا هیچ تێبینییەک نەماوە، کە عێراق لەسەر هەرێمی کوردستانی هەبێت، بۆ ئەوەی بەربەست بێت مووچە و بودجە نەنێرێت، بۆیە پێویستە بەزووترین کات بەشە بودجە بنێرێت و پابەند بن بەوەی، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردوویانە."

هەواڵ
21-08-2023

سەرۆك بارزانی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی دهۆك كۆبۆوە

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 21ی ئابی 2023 لە شاری دهۆك سەرۆك بارزانی لەگەڵ زانایانی ئایینی و كەسایەتی و ڕیشسپی و كاسبكارانی دهۆك كۆبۆوە لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و لە سەرەتای قسەكانیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێم و ڕایگەیاند كە هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە و خوازیارە كە یەكبوون و یەكڕیزی لەناو لایەنە سیاسییەكاندا هەبێت چونكە سەركەوتن لە یەكبوون دایە. بەڵام مەرجی سەرەكیی یەكبوون، بڕوابوونی هەموو لایەكە بە سەرفیرازیی گەلی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی هەوڵدان بۆ لەناوبردن و پەراوێزخستنی گەلی كوردستان لە لایەن دەوڵەتی عێراق لە سەدەی ڕابردوو، باسی لەوە كرد كە دوای 2003 دەرفەتێكی باش هاتە ئاراوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوازون و تەوافوق و پابەندبوون بە دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن بەڵام جێگەی داخە كە هەتا ئێستاش ڕێز لە دەستوور و ڕێككەوتنەكان ناگیرێت و لەڕێگەی دەسكاریكردنی یاساكان هەندێ هەوڵ لەئارادان بۆ لاوازكردن یان نەهێشتنی هەرێمی كوردستان. ڕاشیگەیاند ئیدی ئەو ڕۆژە نەما كەسێك بتوانێ كار بۆ نەهێشتنی كیانی هەرێمی كوردستان بكات كە بەرهەمی خەباتی گەلی كوردستانە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبوان شیكردەوە كە پێویستە گەلی كوردستان پشت بەخۆی و تواناکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەتی هەرێم لە بەرنامەیدایە كە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات و دەرفەتی كار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت. لەدرێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لەو تەوژمە دوژمنكارییە كرد كە بەنیازی بڵاوكردنەوەی نائومێدی و نەهێشتنی هەستی نیشتیمانپەروەری و هەروەها مەترسی بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەرن لەناو خەڵكدا. پەیوەست بەو باسەوە سەرۆك بارزانی داوای لە زانایانی ئایینی و مامۆستایان كرد كە كار بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و قووڵتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و دینداریی ڕاستەقینە و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی بكەن. لەبەشی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا دەرگەی گفتوگۆ كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و پێشنیاری ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی دایەوە.

هەواڵ
21-08-2023

سەربازێكی دیكەی فەڕەنسا لە هەولێر گیانی لەدەست دا

لەماوەی سێ رۆژدا دووەم سەربازی فەرەنسی بە هۆکاری جیاواز لە شاری هەولێر گیانیان لەدەستدا. ئەمڕۆ دووشەممە 21/8/2023، وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 20/8/2023 سەربازێکیان بە ناوی "نیکۆلا لاتۆرت"، کە سەر بە فەوجی شەشی ئەندازیاران بوو، لە کاتی مەشقکردن بە هێزە عێراقییەکان گیانی لەدەست دا. وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی ڕووداوەکە بکات ڕایگەیاندووە: ''سەربازەکە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشداریی لە راهێنانی پەرپەرچدانەوەی تەقەمەنی چێندراودا دەکرد و دوای ئەوەی "بە سەختی" بریندار بووە، بە هێلیکۆپتەر گەیاندراوەتە نەخۆشخانەیەکی هەولێر و لەوێ گیانی لەدەست داوە.'' ئەمەش لەکاتێکدایە درەنگانی شەوی هەینی 18/8/2023ش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا رایگەیاند: "سەربازێکیان لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە چەکدارەکانی عێراق لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەست داوە.''

هەواڵ
21-08-2023

راگەیەنراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ڕاگەیەندراوێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی قەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرە. لەبارەی دانەوەی قەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرە، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک ڕەچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت. حکوومەتی هەرێم مەبەستییەتی کە فشارو بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان دروستنەبێت و میکانیزمی پێشوو لەبەرژەوەندی هاوڵاتیاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
21-08-2023

سەرۆک بارزانی لە بادینان: من هاتووم گوێ لە گلەیی و ئێش و ئازارەکانتان...

سەرۆک بارزانی لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و پەککەوتوانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسیی سنووری دەڤەری بادینان کۆبۆیەوە ڕۆژی دووشەممە 21ی ئابی 2023 لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعود بارزانی بە مەبەستی دیدار و ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیانیان و پێشنیار و تێبینیەکانیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و بریندار و پەککەوتوانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسیی سنووری دەڤەری بادینان کۆبۆیەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ. سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەو کۆسپ و هەڕەشە و تەحەدییاتانە کرد کە لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا هەن و جەختی لە  بایەخی پابەندبوون بە هۆشیاریی نەتەوەیی و ئاگادارکردنەوەی گەنجەکان و گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکان و نیشتیمانپەروەری  کردەوە. سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەران هەبوو و ڕایگەیاند ئێوە لەپێناو کەرامەتی گەلەکەتان خوێنتان داوە و ماندووبوونە و زەحمەتتان کێشاو و هەرچی بۆتان بکرێت هەر کەمە. من هاتووم گوێ لە گلەیی و گازاندە و ئێش و ئازارەکانتان بگرم و داواتان لێ دەکەم ئەوەی لە دڵتانە بە ڕاشکاوی بۆم باس بکەن. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و بەرفراوان ئەنجام درا و ئامادەبووان پرسیار و داواکاری و تێبینیەکانیان بۆ  سەرۆک بارزانی خستەڕوو.

هەواڵ
21-08-2023

مەسرور بارزانی بڕیارێکی لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانەوە دەرکرد

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنەوەی قەرزەکانی پێشینەی هاوسەرگیریی و خانووبەرەی راگرت. دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا مەسعود بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک کۆبووەوە و راگرتنی وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیری و خانووبەرە یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی ئەو پارێزگایە بوو. لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی وەرگرتنەوەی پێشینەکانی هاوسەرگیریی و خانووبەرە لە هاووڵاتییان.

هەواڵ
21-08-2023

وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی نوێی دەرکرد 

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، نوسراوێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە و زاخۆ و سۆران و راپەڕین و خوێندنی کوردیی کەرکوک کرد. بەپێی نوسراوەکە، ئەو مامۆستانیانەی تووشبووی شێرپەنجەن و لە قۆناغی چارەسەرکردندان، بە مەرجێک بە راپۆرتی پزیشکیی پشتڕاستی بکەنەوە، بەبێ رەچاوکردنی ساڵانی خزمەت دەتوانن بگوازرێنەوە بۆ خوێندنگەکانی سەنتەری شارەکان. ھەر بەپێی نوسراوەکە، بۆ ئەو مامۆستایانەی تووشی شێرپەنجە بوون، شەش بەشە وانەیان لە کۆی ئەو بەشە وانانەی بۆیان دانراوە بۆ کەمدەکرێتەوە.

1 2 ... 303 304 305 ... 1146 1147