Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13759 بابەت
هەواڵ
24-08-2023

تەرمی دوو کچە هاوڕێ به‌ خنكاوی دۆزرایەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی دوو کچ لە رووباری خازر لە نزیک گوندی خەلیلکان سەر بە ناحیەی گردەسێن دۆزرانەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، دوو کچ کە تەمەنیان لە دەوروبەری 20 و 24 ساڵیدایە لە رووباری خازر خنکان و تەرمەکانیان دۆزرانەوە. راشیگەیاندووە، تەرمی یەکێک لە کچەکان خۆی سەرئاو کەوتووە و تیمەکانیان تەرمی کچەکەی دیکەیان دەرهێناوە و رەوانەی دادپزیشکیی ئاکرێ کراون. بەپێی زانیارییەکان، کچەکان هاوڕێی یەکتر بوون و قوتابین، تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 24 ساڵیدا بووە، دوێنێ ئێوارە بۆ مەلەوانی رۆشتوونەتە سەر رووباری خازر و خنکاون.

هەواڵ
24-08-2023

ئەفسەرێکی ئەمریکی11 کەس دەکاتە قوربانی

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئەمەریکا کە لەلایەن ئەفسەرێکی خانەنشینکراو ئەنجامدرا، 11 کەس لە رووداوەکەدا بوونە قوربانی. بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی بی ئێس، دوای ئەوەی ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی جێبەجێکردنی یاسا، تەقەی لە شوێنێکی راوەستانی ماتۆڕسکیلەکان کردووە لە ئۆرنج کاونتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسیش برینداربوون.

هەواڵ
24-08-2023

هاکان فیدان لە هەولێرە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/8/2023، هاک فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر. هاکان فیدان لە فرۆکەخانەی نێودەولەتی هەولێر لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ بکەن، دیارترینیان، پرسی ئەمنی و ئابووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. ئەو سەردانەی هاکان فیدان، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، یەکەمجارە دوای دەسبەکاربوونی وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا. چەتینەر چەتین، رۆژنامەوانی دیاری تورکیا، لەبارەی سەردانەکەی فیدان گوتی: “هەرچەندە هاکان فیدان یەکەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات، بەڵام شارەزای سیاسەتی ناوخۆی عێراقە و لەو سۆنگەیەشەوە دەزانێت لە سەردانەکەیدا رووبەڕووی چی دەبێتەوە”، گوتیشی: تا کێشەی پەکەکە مابێت، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق كێشه‌ی ده‌بێت. روونیشیكرده‌وه‌: “یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا پەکەکەیە، ئەم پرسە ماوە ماوە کێشە دەخاتە نێو پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-هەولێر و ئەنقەرە-بەغدا. تا پرسی پەکەکە مابێت، ئەو پەیوەندییانە بەشێوەیەکی بەردەوام کێشەی تێدەکەوێت”.

هەواڵ
23-08-2023

وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە ھەولێر

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر و وا بڕیارە ئەمرۆ پێنچشەممە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستپێبکات. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم پێشوازی لێکرا،  نوێ دەکرێتەوە...

هەواڵ
23-08-2023

حکومەتی ھەرێم و بەریتانیا لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش واژۆ دەکەن

حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش دەربارەی ھاوکاری و راھێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوە واژۆ کرد رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات وەزیری ئاسایشی بەریتانیا "لێکتێگەیشتنی هاوبەش"یان دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری و ڕاهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان لە نێوان هەردوو حکومەتدا واژووکرد. ‎ئەم یاداشتە بەشێکە لە پەیوەندی گرنگ و بەردەوامی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو ڕووبەرووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان کە سنوورە نیشتیمانییەکان دەبەزێنن و هەڕەشە لە سەر هاونیشتیمانیان دروست دەکەن. ‎ ئەو یاداشتە نەخشە ڕێگایەک بۆ پێکەوەکارکردن دادەنێت بۆ باشترکردنی سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی هەردوولا. هەروەها پێکەوە کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بونیادی تواناسازی، بە پشت بەستن وپابەندبوون بەمافەکانی مرۆڤ وستاندەردە نێودەوڵەتیە هاوبەشەکان لەئاستێکی فراوانتر. ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان٢٣ی ئابی ٢٠٢٣

هەواڵ
23-08-2023

سەرۆک بارزانی لەگەڵ چینوتویژەکانی قەزای شێخان کۆبۆیەوە

لەدرێژەی سەردانەکەی بۆ دەڤەری بادینان و کۆبوونەوەی لەگەڵ جەماوەری ئەو دەڤەرە ڕۆژی چوارشەممە 23ی ئابی 2023 سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی قەزای شێخانی کرد و لەگەڵ چینوتوێژەکانی ئەو دەڤەرە کۆبۆوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ دەڤەرەکە ڕوونکردەوە و وێڕای ئاماژەدان بە پابەندبوونی خەڵکی ناوچەکە بە فەرهەنگی پێکەوەژیان داوای کرد کە ڕێگە نەدرێت هیچ کەسێک و لایەنێکی نامۆ و لادەر ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە بشێوێنن. سەرۆک بارزانی هێمای بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دا و ڕایگەیاند کە هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ کە دۆخی ناوخۆ چارەسەر بکرێت و هەموو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێک بکەون. ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی تازەی عێراقی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی گشتی و ڕەچاوکردنی شەراکەت و تەوازون و تەوافوق دامەزرا بەڵام بەداخەوە ئەو بنەمایانە پشتگوێ خرا. لەدوای سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا ئەو چاوەڕوانییە هەیە گرفتەکان چارسەر بکرێن. لەدرێژەی گوتەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە پێویستە هەرێمی کوردستان پشت بە توانا و سەرچاوەکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بەرنامە و پلانی باشی ئەنجام داوە و دەرئەنجامەکانی بە دیار دەکەون. هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەو مەترسی و کۆسپانە کرد کە لەبەردەم گەلی کوردستاندا هەن، داواشی کرد کە هەموو لایەک پێکەوە هاوکار بن بۆ قووڵکردنی هەستی نیشتمانپەروەری و هۆشیارکردنەوی خەڵک بۆ ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە کە شیرازەی کۆمەڵگە و گەنجەکانمان دەکاتە ئامانج.

هەواڵ
23-08-2023

هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. رۆژی 22ی ئابی 2023، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هێڵی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 زیانی بەرکەوتووە، "گرنگە لە زووترین کاتدا دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێت."

هەواڵ
23-08-2023

هاكان فیدان دێتە‌ هه‌ولێر

بڕیار وایه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی 8ی 2023، هاكان فیدانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات. له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌. ئه‌مڕۆ ئێواره‌، هاكان فیدان له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی وزه‌، تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ی دوباره‌ هه‌نارده‌ كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ڕێگای توركیاوه‌. شایانی باسە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە ھاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، بەسەردانێكی فەرمی كە دوو ڕۆژ دەخایەنێت گەیشتە عێراق.

هەواڵ
23-08-2023

پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن

بەگویرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئابی 2023، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ . هەروەها سبەىنێ پێنج شەممە 24ی ئابی 2023، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش کەمێک نزم دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 43 پلەى سیلیزى سلێمانی :41 پلەى سیلیزى دهۆک : 42 پلەى سیلیزى کەرکوک : 45 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 44 پلەى سیلیزى زاخۆ : 43 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : 32 پلەى سیلیزى سۆران : 41 پلەى سیلیزى گەرمیان : 47 پلەى سیلیزى

هەواڵ
22-08-2023

باڵکێش ناوی ئەو سەرکردانە ئاشکرا دەکات کە بافڵ تاڵەبانی دەریان دەکات

بەپێی دزەکردنی بەڵگەنامەیەک، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر لیستی سەرکردەکانی یەکێتی، ناوی ئەو کەسانەی دیاریکردووە کە لە کۆنگرەی داهاتوو لە 27-09-2023 دەردەکرێن. سالار تاڵەبانی، ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبووک نووسیویەتی " ئامۆزاکەی (بافڵ تاڵەبانی)، "به‌ قه‌ڵه‌می سوور خه‌تی به‌سه‌ر ناوی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییانه‌ی یه‌كێتیدا هێنا وا بڕیاره‌ ده‌ربكرێن ونابنه‌وه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له‌ كۆنگره‌". هەروە بافڵ تاڵەبانی ناوی سێ کەسی دیاریکردووە بۆ سەرکردایەتی کە تەحسین نامیق، جەمال تاڵه‌بانی و یوسف گۆرانن. هەر بەپێی زانیارییەکان، كوڕی هەریەکە لە شاڵاوعه‌سكه‌ری، رەفعەت عه‌بدوڵا و حاکم قادر، هەروەها وەهاب هه‌ڵه‌بجه‌یی، ئارامی برای عه‌دنانی حەمه‌ی مینا دوای سەرکردایەتی دەکەن و عیماد ئه‌حمه‌د و قادرعەزیزیش داوایانکردووە خۆیان یان کوڕەکانیان بکرێنە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی. هەر بەپێی زانیارییەکان، دەرباز کۆسرەت و ئاسۆ ئەڵمانی داوای جێگری بافڵ تاڵەبانییان کردووە و ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵاش داوای كردووه‌ شاناز ئیبرایم ئه‌حمه‌د دوورخرێته‌وه‌. هەروەها ئەوانەی لە حکومەت پۆستیان هەیە، لە حیزب پۆستی باڵایان پێنەدرێت. سالار تاڵەبانی دەڵێت " به ‌ئاگاداری ئامۆزا بافڵ، وەهاب هه‌ڵه‌بجه‌یی هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ فلیمی بێئه‌خلاقی له‌ هه‌ندێك سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی كردووه‌‌، ئه‌گه‌ر ڕازی نه‌بن به‌م وه‌زعه‌ی یه‌كێتیی یا ڕه‌خنه‌ له‌ كۆنگره‌ بگرن، فیلمی بێئه‌خلاقیان بڵابكه‌نه‌وه‌، هەروەها هه‌ڕه‌شه‌یان بۆ لاهور جه‌نگی ناردووه‌ ئه‌گه‌ر قسه‌ بكات و ڕه‌خنه‌ له‌ كۆنگره‌ بگرێت، مه‌له‌فی تیرۆر وگه‌نده‌ڵی و دزینی ملیۆنه‌ها دۆلاری هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌یده‌نه‌ دەستپاکیی ‌عێراق‌.

هەواڵ
22-08-2023

ناوەرۆکی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی فوئاد حوسێن و هاکان فیدان

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرە کردەوە. رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیشیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندین جار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کردووە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و هەردوولا هاوڕابوون لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و باسی لەوەشکرد، هەندێک جار کۆسپ بۆ پەیوەندییەکانیان دروست دەبێت بەڵام ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە بە گفتوگۆ کێشەکان و ئەو کۆسپانە چارەسەربکەن. لەبارەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، کە پێشکەوتنی بەرچاو لە پەیوەندییە ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە  هاوکات دەشڵێت، 850 کۆمپانیای تورکی لە عێراقدا کاردەکەن کە زۆرینەیان لە بوارەکانی ئاوەدانکردەوە و وەبەرهێناندا کاردەکەن. باسمان لە دۆسیەی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو کرد لەژێر کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییە ژینگەیی و کەشوهەوا لە هەردوو وڵاتدا هەیە، بەڵام عێراق بەهۆی بوونی هەردوو رووباری دیجلە و فورات پێویستی بەوەیە کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە رێژەی ئاوی خۆی بۆ بەربدرێتەوە بەهۆی ئەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ بەتایبەتی زیانی زۆری بەرکەوتووە و ئەوەشی ئاشکراکرد، کە هاکان فیدان پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی کرد لەبارەی ئەو پرسە لەنێوان هەردوو وڵات. هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان و گرێبەستەکان کرد و هەروەها لە دۆسیەی ئەمنیدا گفتوگۆ لەبارەی بوونی سەربازانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق و هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر ئەو وڵاتە و باسی لەوەشکرد، کە حکومەتی عێراق پابەندە بە دەستوور کە رێگە بە هیچ حزب و گرووپێک نادات ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. فوئاد حوسێن ئاشکراشیکرد، تاوتوێی ژمارەیەک لە رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان کردووە کە هەوڵ دەدەن پێش سەردانیکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق بە تەواوی ئامادەبن و بگەنە رێککەوتن لەسەر رەشنووسی کۆتایی.لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە باسیان لە خاڵە گومرگییەکان و پێدانی ڤیزای تورکیا بە عێراقییەکان کرد کە ئێستا زیاتر لە 700 هەزار عێراقی لە تورکیا دەژین و باس لە ئاسانکاریکردن بۆ گەشتکردن و کاروبارەکانی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی عێراق بکرێت و گوتیشی، هەوڵ دەدەن لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەی لیژنەی ئابووری هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا بە ئەنجام بگات.هەروەها فوئاد حوسێن گوتیشی کە لەگەڵ هاکان فیدان باسیان لە دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان کردووە و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە رێز لە پیرۆزییەکان بگیرێت و هەوڵ بدرێت بۆ رێگریکردن لەو رووداوانەی هەبوون لە ماوەی رابردوو بۆ پێشێلکردنی ماف و بێڕێزیکردن بە باوەڕ و پیرۆزییەکان. K24

هەواڵ
22-08-2023

سەرۆك بارزانی: ئیرادەی گەلی كوردستان بەسەر كۆسپ و پیلانەكاندا سەردەكەو...

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە 22ی ئابی 2023 لە شاری دهۆك سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوون و شەونخونیی هێزی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكان هەبوو و سوپاسی كردن كە ئەوان توانیویانە سەقامگیری و ئاساییشی خەڵكی كوردستان دابین بكەن. ئەوەشی خستەڕوو كە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان هەردەم لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانن و خەڵكی كوردستان قەدریان دەزانی و ڕایگەیاند كە ئێوە هەمیشە لە دڵی من دان. لە درێژەی گوتەكەیدا سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها دۆزی گەلی كوردستان و ئەو هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان خستەڕوو و، ئەوەی دووپات كردەوە كە لە ئەنجامدا ئیرادەی گەلی كوردستان بەسەر كۆسپ و پیلانەكاندا سەردەكەوێت. هەروەها سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو كە پێویستە گەلی كوردستان پشت بە توانا و ئیرادەی خۆی ببەستێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان لەسەرووی بەرژەوەندیی هەموو لایەكە و دەبێ بەهۆی هەڵبژاردنەوە متمانەی گەلی كوردستان بە لایەنەكان نوێ بكرێتەوە.

1 2 ... 302 303 304 ... 1146 1147