بیارە تاکە کاندیدی هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ بەدەستهێنانی باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهاندا، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، هەموو مەرجەکانی کاندیدبوون لە بیارەدا هەبوون. چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، باس لەوە دەکات: لەگەڵ وەفدێکی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق سەردانی مەیدانییان بۆ بیارە کرد و سەرجەم ئەو مەرجانەی تێدایە کە ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی (UNWTO) دیاری کردوون، لەوانە: ژمارەی دانیشتووان، پاراستنی کلتوور، زمان، و سروشتی ناوچەکە. چیا قاسم دەشڵێت: بە گرنگی کار لەسەر ئەوەدەکەین کە بیارە ببێتە باشترین گوندی گەشتیاری جیهان و چەندین خاڵ هەبوون بۆ کاندیدبوونی بیارە، وەک: بوونی دارە بەتەمەنەکان هەندێکیان زیاتر لە 200 ساڵ تەمەنیانە و سیستەمێکی ئاودێریی دەگمەن. تائێستا 320 گوند لە جیهاندا چوونەتە ناو ئەم تۆڕە، بیارە تاکە کاندیدە لەسەر ئاستی عێراق و یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکان بۆ پێشخستنی ناوچەکە، بەدەستهێنانی ئەم نازناوە تەنیا بۆ لایەنی مەعنەوی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی راکێشانی وەبەرهێنەران بۆ ناوچەکە، نۆژەنکردنەوەی شوێنەواری و بنکە تەندروستییەکان، و ناساندنی بیارە وەک شوێنێکی گەشتیاریی جیهانی لەسەر نەخشەی نێودەوڵەتی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی جەنگی ئێران ڕایگەیاند، پێشنیازی ئێرانی بەدەست گەیشتووە بەڵام پێی ڕازی نییە. ترەمپ لەبارەی ئیسرائیلەوە دەڵێت: ئەو وڵاتە پێویستی بە سەرۆکێکە کە جەنگ بەڕێوە ببات نەک سەرقاڵی کاری لابەلا بێت. لە بەرامبەردا راوێژکاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وەڵامی ئەمریکایان لەبارەی پێشنیازەکەی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ وەرگرتووە و ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەن لێی. هەروەها ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە پێشنیازی ئێران بۆ لادانی مینەکان لە تەنگەی هورمز دەکەن. راوێژکاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "جەزیرە" رایگەیاند: "پێش چەند کاژێرێک وەڵامی ئەمریکامان لەسەر پێشنیازەکەمان پێگەیشت. واشنتن چەند هەموارێکی بۆ پێشنیازەکەمان پێشکەش کردووە، ئێمە ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکەین و لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامەکەیان بۆ دەنێرینەوە." ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی کردەوە کە تاران بەردەوام سەرنجی لەسەر کۆتاییهێنانە بە شەڕ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و گوتی: "پێشنیازی کۆتاییهێنان بە شەڕمان لە بەرە جیاوازەکاندا کردووە، لەوانەش لوبنان، هەروەها تاووتوێکردنی بارودۆخی تەنگەی هورمزیش بەشێکە لەو پێشنیازە." سەبارەت بە دەنگۆی لادانی مینەکان لە تەنگەی هورمز، راوێژکارەکەی وەزارەتی دەرەوە گوتی: "ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن کە ئێمە پێشنیازی لادانی مینەکانمان لە تەنگەی هورمز کردبێت، دوورن لە راستییەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن تەنگەی هورمزی بۆ ناردنی هاوکاری بۆ هێزەکانی لە ناوچەکەدا بەکارهێناوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرد و گوتی: "لەگەڵ عومان هاوکاری دەکەین بۆ گرتنەبەری رێکاری دیاریکراو تاوەکو دڵنیابین هیچ هێرشێک دژی ئێران ئەنجام نادرێت. هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی کەناراوەکان هاوئاهەنگی دەکەین سەبارەت بە بارودۆخی تەنگەی هورمز." لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە "کەس ناتوانێت لە رێگەی گوشارەوە بۆ سەر ئێران، هیچ ئامانجێک بپێکێت."
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، 5 نمرە بدرێتە هەموو قوتابییانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی لە تاقیکردنەوەی نیشتمانی (وەزاری) دا بکەن. بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، ئەو 5 نمرەیە قوتابییانی ئاسایی و دەرەکی دەگرێتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا دەکەن. وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، پاڵپشتییە دارایی و لۆجیستییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا بەردەوامن و ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 درێژەی دەبێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەنیا ئەو هاوکارییانەی پەیوەست بوون بە بەرەکانی شەڕی داعش ڕاگیراون، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ کەمبوونەوەی چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە لە داهاتوودا هەنگاو بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەنرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و ئاگاداری ئەو کەسانەوە دەکاتەوە کە لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکانی وەک USDT و بازرگانیی فۆڕێکسدا کار دەکەن. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ: ئاگاداری هاووڵاتییانی ئازیز دەکەینەوە، کە لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، وە بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بپارێزێت؛ لەبەرئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە. بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر کەس و گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە، وە هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.
پیشبینی دەکرێت سبەی بە بەراورد بە ئەمڕۆ، نزیکەی 10 پلەی سیلیزی دابەزێت، هەروەها کەش و هەوا بەرەو ساردی بڕوات و باران و بەفریش ببارێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی ڕایگەیاند؛ لە درەنگانی ئەمشەوەوە بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و دابارینی باران و بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان. کەشی ئەمڕۆ یەکشەممە بەرزترین پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ: هەولێر: 29 پلەی سیلیزیپیرمام: 24 پلەی سیلیزیسۆران: 25 پلەی سیلیزیحاجی ئۆمەران: 17 پلەی سیلیزیسلێمانی: 27 پلەی سیلیزیچەمچەماڵ: 28 پلەی سیلیزیدهۆک: 26 پلەی سیلیزیزاخۆ: 26 پلەی سیلیزیهەڵەبجە: 28 پلەی سیلیزیگەرمیان: 30 پلەی سیلیزی کەشی سبەی دووشەممە 4ی نیسانی 2026 بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن. ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و ئەگەری باران و تەزرە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان هەیە. لە سەنتەری پارێزگاکان ئەگەری دابارینی تۆز و خۆڵ هەیە بە تێکەڵی لەگەڵ دڵۆپە باران. بەرزترین پلەکانی گەرمای سبەی: هەولێر: 19 پلەی سیلیزیپیرمام: 17 پلەی سیلیزیسۆران: 16 پلەی سیلیزیحاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزیسلێمانی: 17 پلەی سیلیزیچەمچەماڵ: 19 پلەی سیلیزیدهۆک: 16 پلەی سیلیزیزاخۆ: 15 پلەی سیلیزیهەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزیگەرمیان: 22 پلەی سیلیزی
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، کۆمەڵێک رێنمایی و مەرجی توندی بۆ خاوەن دەڕاسە و جووتیاران لە وەرزی دروێنەدا راگەیاند بە مەبەستی پاراستنی دەغڵودان و رێگریکردن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە. پێویستە هەموو خاوەن دەڕاسەکان و جووتیاران پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن بۆ ئەوەی وەرزی دروێنە بەبێ زیان کۆتایی بێت: پێویستە لە ناو هەر دەڕاسەیەکدا ئامێری ئاگرکوژێنەوە هەبێت، هەروەها تانکەرێکی ئاو بە بەردەوامی لەگەڵ دەڕاسەکەدا بێت بۆ هەر بارودۆخێکی نەخوازراو. بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەدات کە بە هیچ شێوەیەک نابێت کرداری "لەحیمکردن" لە ناو کێڵگەکاندا ئەنجام بدرێت، هەروەها داوا لە شۆفێری دەڕاسەکان دەکات لە کاتی کارکردندا لە جگەرەکێشان بەدوور بن. پێویستە شۆفێرانی دەڕاسە زۆر بە ئاگا بن و چاودێری هێڵەکانی کارەبا بکەن لە کاتی کارکردندا بۆ ئەوەی تووشی رووداوی کارەبا لێدان نەبن. داوا دەکرێت رێگاکانی نێوان تۆخوبەکان و رێگای چوونە سەر زەوییەکان چاک بکرێن، تاوەکو لە کاتی هەر رووداوێکدا تیمەکانی بەرگری شارستانی بتوانن بە ئاسانی بگەنە شوێنی مەبەست. هەروەها پێویستە جووتیاران و خاوەن دەڕاسەکان ژمارەی بەرگری شارستانی و ئاگرکوژێنەوەیان لابێت بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازرا و ئاگارکەوتنەوە. ئەمساڵ ڕێژەی باران بارین زۆر بووە، ئەمەش جیا لە باشی بەرهەمی جووتیاران، لە حاڵەتی کەوتنەوەی ئاگر، بەهۆی زۆری گژوگیا و چڕییەکەی، ئەگەر زوو تیمەکانی لێ ئاگادار نەکرێتەوە کۆنتڕۆڵکردنی زەحمەت دەبێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق پلانی وەرزی حەجی ئەمساڵی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە 100گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان تەرخان کراوە، تاوەکو پڕۆسەکە لە ماوەی 17ڕۆژدا بە سەرکەوتوویی لە فڕۆکەخانە جیاوازەکانەوە ئەنجام بدرێت. بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی ئایار، یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو عەرەبستانی سعوودیە دەستپێبکات. هەروەها ڕۆژی دواتر، یەکەم گەشتی حاجیان لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێت. مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە ڕایگەیاند، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، نەجەف و بەسرە ئەنجام دەدرێن، سەرەتا پلانەکە بە 4 گەشتی ڕۆژانە دەستپێدەکات و دواتر بۆ 7 گەشت زیاد دەکرێت، پڕۆسەی گواستنەوەی وشکانی لە پارێزگاکانی باشوورەوە لە 25ـی نیسانەوە دەستیپێکردووە. کۆی گشتیی ئەو هاوڵاتیانەی ئەمساڵ لە عێراقەوە فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن، 33 هەزار و 690 کەسن، کە پشکی هەرێمی کوردستان لەو ژمارەیە بریتییە لە 5 هەزار و 120 حاجی. ئەم پشکانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە و لەسەر بنەمای (یەک حاجی بۆ هەر هەزار کەس) لە دانیشتووان دیاری کراوە. وەزارەتی گواستنەوە جەختی کردووەتەوە تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری و گواستنەوەیەکی ئارام بۆ "میوانانی خودا" تاوەکو بەبێ هیچ گرفتێک بگەنە شوێنی مەبەست.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشداری توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران ڕەفتاری خراپ بنوێنێت، بژاردەی سەربازی و وەشاندنی گورزی نوێ لە ئارادایە. سەرۆکی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، فەرمانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئامادەیە ئەگەر تاران هەنگاوی نەگونجاو بنێت. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ترەمپ لەلایەن براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆمەوە، وردەکاریی پلانە نوێیەکانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پێگەیشتووە. ئاماژە بەوەش کراوە کە کووپەر دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ، ڕاستەوخۆ گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە و لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی کۆبووەتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە ئێران ڕەشنووسێکی 14 خاڵی پێشکەشی واشنتن کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان. گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازەکەی تاران بریتین لە، کردنەوەی گەرووی هورمز، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، ڕاگرتنی هەمیشەیی جەنگ لە ئێران و لوبنان، دیاریکردنی مۆڵەتی یەک مانگ بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە، بەر لەوەی گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکرێت. سەرەڕای ئەوەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڕەشنووسەکە دەخوێنێتەوە، بەڵام لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال، بێئومێدی خۆی نیشاندا و نووسیویەتی: بڕوا ناکەم پێشنیازەکە قبوڵکراو بێت. ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر کۆماری ئیسلامی و ڕایگەیاند، هێشتا باجی ئەو کارانەی نەداوە کە لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ئەنجامی داون. ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە واشنتن لەبری نەرمی نواندن، زیاتر بەرەو بژاردەی فشار و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی هەنگاو دەنێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەت هەرێمی کوردستان ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هەبوونی چەکی ئەمریکی لە کۆگاکانی وەزارەتەکە لە هەولێر دەکەن و رایدەگەیێنێت، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەناڵە و ئەو میوانە تۆمار دەکەن کە ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە. لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ 2ـی ئایاری 2026 بڵاوکرایەوە، راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ 8ـدا، بێژەرێک و کادیرێکی حیزبی گفتوگۆیان لەبارەی چەکەکانی ئەمریکا کردووە و کادیرەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو چەکانە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆگایەکی وەزارەت لە هەولێر دانراون. وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە "ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکاریین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستی." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دیارە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی راستیی بابەتەکە و بە باسکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە. بەڵام رۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت." وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە کە وەک مافی خۆی، سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکات و دەڵێت: "پێویستە لەبەردەم دادگە، بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکێش بکەن، ئەگینا دەبێت باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن."
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق کرد و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، دیدارەکە بە ئامادەبوونی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بریتی بوو لە خستنەڕووی دۆخی ئێستای عێراق و بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هاوکات جەختکردنەوە لەسەر پێویستی یەکدەنگی لە دیدگا و هەڵوێستە سیاسییەکان. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا کۆک بوون لەسەر کارکردن بۆ بنیاتنانی حکومەتێکی کارا کە توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی هەبێت. لە کۆتایی دیدارەکەدا، ئاماژە بەوە درا کە ئامانجی ئەم هەوڵانە چەسپاندنی سەقامگیری و گەشەپێدانە، بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی تەواوی پێکهاتە و ڕۆڵەکانی گەلی عێراق بێت.
چاوەڕوان دەکرێت دوای ڕەوانەکردنی داهاتی نانەوتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و لە یەک دوو رۆژیشدا مووچە دابەش بکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داهاتی نانەوتی کۆکراوەتەوە و رەنگە سبەی یەکشەممە یان دووشەممە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ گەیشتنی داهاتە نانەوتییەکان، عێراق پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆراندا دەکات و پرۆسەکە بە یەک رۆژ تەواو دەبێت. دوای تەواوبوونی پێداچوونەوەکەش، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بڕیاری خەرجکردنی مووچەکە واژۆ دەکات. بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پارەکە خەرج دەکرێت. لە لایەکی دیکەوە لە هەفتەی رابردوودا نووسراوی وەزارەتی نەوت لەبارەی وەرگرتنی نەوت ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادەیە و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە لیستی مووچە رادەگەیەندرێت. بەپێی زانیارییەکان بۆ مانگی چوار نزیکەی 80 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدایە لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکاوە.