Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
08-05-2026

کۆمپانیاکانی نەوت دەست بە کارکردن دەکەنەوە و گەرەنتی پاراستنیان پێدەدر...

کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە کارەکانیان کردەوە، ئەمەش دوای ڕاگرتنی کارەکانیان بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئێران و دروستبوونی مەترسیی ئەمنی لەسەر کێڵگە نەوتییەکان. بەپێی زانیارییەکان، دەستپێکردنەوەی کارەکان دوای سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بۆ هەولێر دێت. زەیدی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی داوە کە ڕێگری لە میلیشیاکان بکات لەوەی چیتر هێرش بکەنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان. عەلی زەیدی، ڕایگەیاندووە:من گەرەنتی تەواو بە کۆمپانیاکانی نەوت دەدەم کە هەر ئێستا دەست بە کارکردن بکەنەوە و ڕێگە نادەم هیچ هێرشێکیان بکرێتە سەر. کۆمپانیای DNO و پلانی نوێ بۆ بەرهەمهێنان لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی (DNO) نەرویجی بە فەرمیی دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و پیشخابوور بەشێوەیەکی سنووردار ڕاگەیاند. هەنگاوەکانی داهاتووی کۆمپانیاکە: نۆژەنکردنەوەی بیرە کۆنەکانی نەوت، لێدانی 8 بیری نوێ لە کێڵگەی تاوکێ، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. هاوکات کۆمپانیاکانی دیکەی نەوتیش لە ئامادەکاریدان و خەریکی گەڕاندنەوەی ستافەکانیانن بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان. پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرد. بەڵام بەهۆی هێرشی میلیشیاکان لە سەرەتای جەنگەوە، زۆربەی کۆمپانیاکان کارەکانیان ڕاگرت، بەجۆرێک لەو ماوەیەدا تەنها 20 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە ڕادەستی سۆمۆ کراوە.

هەواڵ
07-05-2026

پاسداران: لە هورمز هێرشمان کردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە هور...

فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر نەوتهەڵگرێکی ئێرانی، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بە مووشەک و درۆن دژی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە تەنگەی هورمز ئەنجامداوە و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.  ئەمڕۆ هەینی، فەرماندەیی هێزی دەریایی  سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی "سوپای تێرۆریستی ئەمریکا" ئاگربەستی پێشێلکرد و هێرشی کردە سەر نەوتهەڵگرێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک بەندەری جاسک، هێزەکانیان وەڵامیان داوەتەوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی "زۆر بەهێز و وردی" ئەنجامداوە، کە تێیدا چەندین جۆر مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووزی دژە کەشتی و درۆنی بۆمبڕێژکراوی بەکارهێناوە بۆ پێکانی کەشتییە تێکشکێنەرەکانی ئەمریکا لە  تەنگەی  هورمز.  سوپای پاسداران  بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەو هێرشەدا زیانی زۆر بەر هێزەکانی ئەمریکا کەوتووە و 3 کەشتیی جەنگیی ئەمریکاش بە خێرایی لە تەنگەی هورمز پاشەکشەیان کردووە و هەڵاتوون.

هەواڵ
07-05-2026

سێنتکۆم: هێرشەکانی ئێرانمان لە تەنگەی هورمز تێکشکاند و وەڵاممان دانەوە

 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایدەگەیەنێت، بەرپەرچی زنجیرەیەک هێرشی بێ پاساوی ئێرانیان لە تەنگەی هورمز داوەتەوە و لە وەڵامیشدا چەندین پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لە ناوخۆی ئێراندا کردووەتە ئامانج. بەپێی راگەیەندراوێکی سێنتکۆم، رۆژی 7ـی ئایار، کاتێک کەشتییە تێکشکێنەرە مووشەکییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا (USS Truxtun، USS Rafael Peralta و USS Mason) خەریکی رۆیشتن بوون بە رێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی لە  تەنگەی هورمزەوە بەرەو دەریای عومان، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئێران چەندین مووشەک، درۆن و بەلەمی خێرایان لە دژی کەشتییە ئەمریکییەکان بەکار هێناوە، بەڵام هیچ کام لە کەشتییەکان نەپێکراون و زیانیان بەرنەکەوتووە. دەشڵێت، لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئەمریکا وەک بەرگری لە خۆیان، چەندین پێگەی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بوون لە هێرشەکان؛ لەوانەش شوێنی هاویشتنی مووشەک و درۆن، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و بنکەکانی چاودێری و هەواڵگری. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، ئەوان بەدوای زیادکردنی گرژییەکاندا ناگەڕێن، بەڵام لە ئامادەشیی تەواودان بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەم پێکدادانە دەریاییە دوای ئەوە دێت کە  سوپا ی پاسدارانی ئێران رایگەیاند  تەنگەی  هورمزی بە رووی هەموو جۆرە کەشتییەکدا داخستووە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ شکستی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی پاکستان، کە وایکردووە ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان تاران و واشنتن بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە و ناوچەکە بەرەو قۆناخێکی نوێی شەڕی راستی بڕوات. ئێستا بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

هەواڵ
07-05-2026

هۆکاری دواخستنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی ڕووداوەک...

وا بڕیاربوو ئەمڕۆ بەیانی کاتژمێر 10 لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی برای و 10 لە دەستگیکراوانیتری لالەزار، دادگاییبکرێن. بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی سکاڵاکاران و زۆری پەڕاوەکان دواخرا.   ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7/5/2026 بڕیاربوو لە دادگای دووی سلێمانی دەستگیرکراوانی لالەزار دادگایی بکرێن و کەیسەکەیان هێندرایە بەردەم دادگا، دوای نزیکەی کاتژمێرێک لە بەڕێوەچوونی، دادگاییکردنەکە دواخرا بۆ 14/5/2026 ڕۆژی پینجشەممەی داهاتوو، بەپێی قسەی شایەدحاڵان، لەوانە رەحمان غەریب باسی پڕۆسەکە و لاهوری کردووە کە هێناویانەتە دادگا، چەند وێنە و ڤیدیۆیەکیان نیشان داون بە داتاشۆ، کاردانەوەی لاهور تەنها ئەوەبووە، زەردەخەنەیەکی کردووە، کە دیاربوو پێی ناڕاستبووە.   دوای ماوەیەک لە بەڕێوەچووەنی پڕۆسەکە، بانگی هەردوو سکاڵاکار بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کراوە، کە پێویستبوو یاخود خۆیان کە سکاڵاکارن، یاخود پارێزەرەکانیان لەوێ ئامادەبن، بەڵام هیچ یەکێک لەوان ئامادەنەبوون. ئەمە دووەمین جارە لاهور و دەستگیرکراوانیتر دەهێننە دادگا و سکاڵاکاران بەشداری ناکەن و ئامادە نابن.   لەکۆتایی پڕۆسەکەدا بڕیار دەدرێت کە دۆسیەکە و پرۆسەی دادگاییکردنەکە، دوابخرێت بۆ پێنجشەممەی داهاتوو. ئەمە لە کاتێکدایە لاهور و براکەی و چەند کەسێکیتر لە ڕووداوەکەی لالەزار، ماوەی 8 مانگە زیندانی کراون. هاوکات لاهور و پۆڵاد بۆ ماوەی 72 کاتژمێر مانیان لە خواردن گرت دژی دادگا نەکردنیان، کەچی ئێستا و هێندرانە دادگا و بڕیاریش لەسەر کەیسەکەیان نەدرا.

هەواڵ
07-05-2026

هەرێمی کوردستان و بەلجیکا پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-05-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ یان يامبۆن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری داراییی بەلجیکا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشينى بەلجیکا و دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاووتوێ کرد. سەرۆکوەزیران سوپاسی پشتیوانیی بەلجیکا و وڵاتانی ئەوروپای کرد، بە تایبەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش. جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی بەلجیکا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

هەواڵ
06-05-2026

گەلی عەلی بەگ؛ تراژیدیای خێزانێکی خەلیفان

لە کاتێکدا پێنج ڕۆژ بەسەر کارەساتی کەوتنی ئۆتۆمبێلی خێزانێکی خەلیفانی بۆ ناو ڕووباری گەلی عەلی بەگ تێپەڕ دەبێت، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆران لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندان و هەموو تواناکانیان خستووەتە گەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانییە تاڵەکانی بنەماڵەی قوربانییان. دوایین پێشهات: دۆزینەوەی لەوەندی حەوت ساڵان دوای نزیکەی 100 کاتژمێر لە گەڕان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، کاتژمێر 5:50 خولەک، تیمی گەڕان توانییان تەرمی لەوەند خورشیدی تەمەن حەوت ساڵان لە ناو جەرگەی ڕووبارەکەدا بدۆزنەوە و ڕادەستی کەسوکاری بکەنەوە. وردەکاریی شێوازەکانی گەڕان کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە بە شەش ڕێگەی جیاواز بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی هیچ شوێنێک بەبێ پشکنین نەمێنێتەوە، بەکارهێنانی تیمی غەواس بۆ شوینە قووڵەکان و بەکارهێنانی موگناتیس، قولاب، هەروەها گەڕانی مەیدانی و پیادەڕۆیی بە درێژایی کەناراوەکانی ڕووبارەکە و بەکارهێنانی حەفارە بۆ لادانی بەربەستەکان و دروستکردنی شەپۆلی دەستکرد بۆ جوڵاندنی بنکەی ڕووبارەکە، گەڕان بەردەوامە. ئامانجی ئێستای تیمەکان ئێستا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو قوربانییەی تری ڕووداوەکەیە کە بریتین لە، ئادەم خورشیدی، تەمەن سێ ساڵان و مینا عیسا، کچێکی تەمەن 17 ساڵان. باکگراوندی ڕووداوەکە شەوی 1ـی ئایار، خێزانێکی پێنج کەسی لە کاتژمێر 9:45 خولەک وەرگەڕا و کەوتە نێو ڕووباری گەلی عەلی بەگەوە، هەرچەندە دایک و باوکەکە بە سەلامەتی ڕزگاریان بوو، بەڵام سێ منداڵ بێسەروشوێن بوون.

هەواڵ
06-05-2026

واشنتن داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکات و هۆشداری نوێ دەدا...

لە پەرەسەندنێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا، ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر حکومەتی نوێی عێراق چڕکردووەتەوە و داوای هەنگاوی کردەیی بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان دەکات. 600 هێرش و هۆشدارییەکی توندی ئەمنی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئاشکرای کردووە لە ماوەی ئاڵۆزییەکان و جەنگی ئێراندا، زیاتر لە 600 هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەشەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی نوێی ئەمنی بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. باڵیۆزخانەکە جەخت دەکاتەوە کە: مەترسییە ئەمنییەکان لە عێراقدا هێشتا لە ئاستێکی بەرزدان، گرووپەکانی سەر بە ئێران بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان. داواکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ عەلی زەیدی بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی ئەمریکا داوایەکی ڕوونیان ئاراستەی سەرکردایەتی عێراق و بەتایبەت عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کردووە، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن. بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتن چیتر بە بەڵێن و قسە ڕازی نابێت و چاوەڕێی کردار دەکات. مەرجەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی نوێ بریتین لە دەرهێنانی گرووپە چەکدارەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و بڕینی بوودجە و سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپانە. ئەو بەرپرسە باڵایە دەڵێت: "ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانە تەنیا پێوەرە بۆ ئەوەی بزانین ئایا عەقڵییەتێکی نوێ لە ناو حکومەتی عێراقدا دروست بووە و گۆڕانکاری ڕاستەقینە ڕوویداوە."

هەواڵ
06-05-2026

تەرمی یەکێک لەو سێ کەسەی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە

دوای چوار رۆژ لە گەڕان، تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران توانیان تەرمی یەکێک لەو سێ کەسە بدۆزنەوە کە لە رووداوێکدا کەوتنە نێو رووباری گەلی عەلی بەگ.   تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە درێژایی چوار رۆژی رابردوو، پرۆسەیەکی چڕی گەڕانیان دەست پێکردووە و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ئامێر و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویان بەکار هێناوە.   ئەو تەرمەی کە دۆزراوەتەوە ناوی (لاوەند خورشید)ـی تەمەنی حەفت ساڵانە. گەڕان بەدوای دوو تەرمەکەیتریش بەردەوامە. تا ئێستا تەرمی هەریەک لە (ئادەم خورشید)ی تەمەن 3 ساڵان و (مینا عیسا)ی تەمەن 17 ساڵان نەدۆزراونەتەوە   نزیکەی کاتژمێر 9:40 خولەکی شەوی هەینی 1ـی ئایاری 2026، ئۆتۆمبێلێک کە پێنج سەرنشینی تێدابوو و سەرجەمیان دانیشتووی ناحیەی خەلیفان بوون، کۆنتڕۆڵی لەدەست دا و کەوتە نێو رووباری گەلی عەلی بەگ.   سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە پێکهاتبوون لە؛ پیاوێک بە ناوی (ئوسامە موتەڵیب)، پوری ئوسامە، لەگەڵ سێ کەسی دیکە کە دوو منداڵ و کچێکی هەرزەکارن. لە رووداوەکەدا ئوسامە موتەڵیب و پوری ئوسامە، ڕزگاریان ببوو.    

هەواڵ
06-05-2026

حکومەتی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە بەغداد بڕێکی کەمی گەنمی جووتیاران وەربگرێت

بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ وەرگرتنی تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم رەت دەکرێتەوە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و رایدەگەیەنێت، ئەم بڕە کەمتر لە 25%ـی کۆی بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمە، کە بە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرێت. هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئێمە بڕیارەکەی حکوومەتی فیدراڵمان بۆ دیاریکردنی پشکی گەنمی هەرێمی کوردستان و نرخەکەی رەت کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو بڕەی دیاری کراوە ناکاتە 25% ئەو بەرهەمەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەیانە. بەگوتەی هیوا عەلی بە نووسراوێکی فەرمی نوێنەرانی کوردیان لە بەغداد ئاگادارکردووەتەوە لەو ستەمەی لە جووتیارانی کورد دەکرێت. هیوا عەلی دەڵێت: بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاترە لە دوو ملیۆن تۆن، داوامان لە بەغدا کردووە 50% بەرهەمەکە وەربگرێت. هاوکات نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، گوتی: لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کراوەنەتەوە بۆ ئەوەی بێنە سەرهێڵ و گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا بکەن لەسەر بەرهەمی جووتیاران، چونکە ئەو بڕەی دیاریکراوە زۆر کەمە و نرخەکەشی قەرەبووی رەنجی جووتیاران ناکاتەوە. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی دیاری کرد، بە جۆرێک 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک گەنم بۆ ئەو جووتیارانەی ناویان لە پلانی کشتوکاڵی هەیە. 500 هەزار دیناریش بۆ هەر تۆنێک گەنم بۆ ئەو جووتیارانەی لەناو پلانی کشتوکاڵی نین.

هەواڵ
05-05-2026

هۆشداریی توندی ئەمریکا بۆ تاران؛ ئامادەی بەکارهێنانی هێزی کوشندەین

بەرپرسانی باڵای سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و ڕایدەگەیێنن، هەرچەندە واشنتن خوازیاری هەڵگیرسانی جەنگ نییە، بەڵام بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز و دڵنیابوونەوە لە گواستنەوەی وزە، لەوپەڕی ئامادەباشیدان. لە ئێستادا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا گەیشتووەتە لوتکە. سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 9 کەشتیی بازرگانی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر هاوسەنگیی ئابووریی جیهان. سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لە لێدوانێکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە: ئێمە بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا ناگەڕێین، بەڵام پاراستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ئەرکی ئێمەیە. تاوەکو ئێستا هێرشەکانی ئێران لە خوار ئەو ئاستە بوون کە بەرەو جەنگێکی گشتگیرمان ببات، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، ئامادەی دەستپێکردنەوەی شەڕین. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی هەر دەستپێکردنەوەیەکی شەڕدا، کەشتییە بازرگانییەکان لە زەوی و ئاسمانەوە هەست بە "هێزی کوشندەی ئەمریکا" دەکەن بۆ پاراستنیان لەلایەکی دیکەوە، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو بەلەمە بچووکانەی ئێران لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، ناتوانن هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر هێزەکانی ئەمریکا دروست بکەن.

هەواڵ
05-05-2026

ترەمپ؛ ئەگەر پێویست بکات هەموو چەکە پێشکەوتووەکان بەکاردەهێنین دژی ئێر...

دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند؛ پشتگیری لە هەڵگیرسانی جەنگی دژی تاران ناکات، بەڵام نابێت رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. دۆناڵد ترەمپ؛ "من پشتگیری لە شەڕی ئێران ناکەم، حەزم لێی نییە و حەزم بە هیچ چەشنە جەنگێک نییە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران چیتر خاوەنی کەشتیگەلی دەریایی، مووشەک و تەنانەت سەرکردەش نییە. سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەشتییەکانی ئێران : "سوپای ئەمریکا تەقاندنەوەی کەشتییەکان بە باشتر دەزانێت وەک لە رزگارکردنیان." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کارەکان لەگەڵ ئێران زۆر باش دەڕۆن و تاران لە دانوستانەکاندا نەرمتر بووە. لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز"، سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی لە نێوان "واژۆکردنی رێککەوتن بە نیازپاکی یان دەستپێکردنەوەی جەنگ" سەرپشک کرد و هۆشداری دا ئەگەر ئێران لە گەرووی هورمز هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانی ئەمریکا، ئەوا لەناو دەبرێت"  جەختیشی کردەوە، کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوامە و ئەگەر پێویست بکات، هەموو چەکە پێشکەوتووەکانیان بەکاردەهێنن. دوێنێ ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" راگەیاند؛ بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئەو کەشتیانەی لەو رێڕەوە ئاوییەدا گیریان خواردووە بۆ ئەوەی بە ئازادی هاتوچۆ بکەن، بەڵام وردەکاری زیاتری لەسەر چۆنیەتی ئەرکەکە نەخستەڕوو.

هەواڵ
05-05-2026

لە بازگەی مەخموور ڕێگری لە کاسبکاران دەکرێت کەلوپەل بهێننە قەزاکە

هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەی مەخموور (بازاڕگە) ڕێگری لە بردنی کەلوپەل، خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان بۆ ناو قەزاکە دەکەن، ئەمەش بازاڕەکانی شارەکەی تووشی گرفت کردووە. رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور باس لە بابەتێک دەکات کە بووەتە بارگرانی و تێکدانی بازاڕەکانی مەخموور و دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەی مەخموور رێگری لە کاسبکاران دەکەن و ناهێڵن هیچ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر کە سەوزە، میوە و کەلوپەلی خۆراکی تێدابێت، بچێتە ناو مەخموورەوە.قایمقامی مەخموور دەشڵێت، ئەمە یەکەمجار نییە ئەم رێگرییانە دەکرێن و پێشتر چەندین جار بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئیداری و ئەمنییەکانی مووسڵ کێشەکە چارەسەر کراوە، بەڵام وەک ئەو دەڵێت، "هەر کاتێک تیمی پاسەوانی و سەربازی لە بازگەکە دەگۆڕدرێن، جارێکی دیکە هەمان سیاسەتی ڕێگری لە کاسبکاران دەگرنە بەر." هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "دەزانین ناحەقی بەرامبەر کاسبکاران و خەڵکی مەخموور دەکرێت، داوایان لێ دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن تاوەکو هەر زوو کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام دەدەین، بەو هیوایەی چیتر ئەم کێشەیە دووبارە نەبێتەوە."

1 2 ... 27 28 29 ... 1142 1143