Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
02-05-2026

عەلی زەیدی گەیشتە هەولێر و مەسرور بارزانی پێشوازیی لێکرد

ڕۆژی شەممە 02-05-2026،  عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا. عەلی زەیدی دوای ڕاسپاردنی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان پشتیوانییان بۆ دەربڕی و جەختیان کردەوە لەوەی دەبێت چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەییی عێراق و پاراستنی مافەکان بێت تاوەکو سەقامگیریی هەمیشەیی جێگیر بێت.عەلی زەیدی لە هەولێر، لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و بڕیارە دواتر سەردانی سلێمانی بکات.بەهۆی پاڵپشتیی واشنتن و ڕەزامەندیی تارانەوە، زەیدی هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەت دەنێت، چاوەڕوان دەکرێت بەر لە 28ـی ئایاری داهاتوو، ناوی وەزیرەکانی کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.

هەواڵ
02-05-2026

زانیاریی نوێ لەسەر ئەو سێ منداڵەی کەوتنە نێو ڕووباری گەلی عەلی بەگ

زیاتر لە 12 کاتژمێرە بێ پشوودان تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران بەردەوامن لە گەڕان بەدوای سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلێک کە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە کەوتووەتە ناو رووباری گەلی عەلی بەگ، بەڵام قووڵی و ساردی ئاوەکە گەڕانەکەی قورس کردووە. کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند "رووداوەکە لە ئەنجامی کەوتنی ئۆتۆمبێلێک بووە بۆ ناو رووبارەکە، کە پێنج سەرنشینی تێدابووە؛ دوو لە سەرنشینەکان بە برینداری رزگارکراون، بەڵام سێ کەسی دیکە کە تەمەنیان 17، 3 و 6 ساڵە، تا ئێستا بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە." کاروان میراودەلی دەشڵێت "تیمەکانیان بە درێژایی 2 کیلۆمەتر بڵاوبوونەتەوە و تیمەکانی مەلەوانی قەندیلی سەر بە بەرگری شارستانی هەولێریش هاتوونەتە سەر هێڵ و پلانێکی وردمان بۆ گەڕانەکە داناوە." هەروەها باسی ئاستەنگەکانی گەڕانەکە دەکات و دەڵێت: "ئاستی ئاوی رووبارەکە زۆر بەرزە، ئاوەکە زۆر لێڵ و ساردە، لە هەندێک شوێنیشدا قووڵاییەکەی دەگاتە 17 مەتر، ئەمانە هەمووی کاری گەڕانەکەیان قورس کردووە." کاروان میراودەلی باسی گەڕان بە کامێرایەکی تایبەتیش دەکات کە بۆ پڕۆسەی گەڕانەکە بەکاری دێنن و ئاماژە بەوە دەکات، کە چەند پارچەیەکی شکاوی ئۆتۆمبێلەکەیان دۆزیوەرتەوە و بەردەوام دەبن تا ئەو سێ کەسە رادەستی کەس و کاریان دەکەنەوە. ڕووداوەکە کاتژمێر 9:40 خولەکی شەوی رابردوو لە گەلی عەلی بەگ روویدا، ئۆتۆمبێلەکە پێنج سەرنشینی تێدابووە و خەڵکی ناحیەی خەلیفانن، لە کاتی کەوتنی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ناو رووبار، دوو کەسیان رزگاریان بووە و سێ منداڵیش بێسەروشوێنن.

هەواڵ
02-05-2026

دوو گەنجی کورد لە ورمێ لەسێدارەدران

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 2ی ئایاری 2026، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەر دوو هاووڵاتیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجێ کرد. ئەم هەنگاوە سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان و بانگەوازی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام درا. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی ئاژانسی فارس، ئەو دوو کەسەی سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە بریتین لە: ناسر بەکرزادە: گەنجێکی تەمەن 26 ساڵی خەڵکی ورمێ کە پێشتر فەقێ (خوێندکاری ئاینی) بووە. یەعقوب کەریمپوور: دەرچووی بەشی یاسا و خەڵکی شاری میاندواو. ئاژانسی هەواڵی فارس ڕایگەیاندووە کە ئەم دوو گەنجە بە تۆمەتی "سیخوڕی و پەیوەندی لەگەڵ دەزگای مۆسادی ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. ناسر بەکرزادە پێش جێبەجێکردنی سزاکەی لە نامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم تۆمەتانە بێبنەمان و ئاماژەی بەوە کردبوو تەنیا بەهۆی کوردبوونییەوە ئەم سزایەی بەسەردا سەپێنراوە. بەر لە جێبەجێکردنی سزاکە، ناسر بەکرزادە لە ڕێگەی نامەیەکەوە بانگەوازی ئاراستەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کردبوو بۆ ئەوەی دەستوەردان بکەن و ڕێگری لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بگرن، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون. جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام ڕەخنە لە زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران دەگرن، بەتایبەت ئەو سزایانەی بەسەر چالاکوانان و هاووڵاتیانی کورددا دەسەپێنرێن بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان.

هەواڵ
01-05-2026

مەسرور بارزانی: تێکۆشانی كرێكارانی كوردستان بەرز دەنرخێنم

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پاراستنی مافەکانی کرێکاران و باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و کارکردنیان دووپات دەکەینەوە. لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەم و هیوای تەندروستی و ئاسوودەییان بۆ دەخوازم. ماندووبوون و ئەرک و کار و تێکۆشانی كرێكارانی كوردستان، لە پرۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان زۆر بە بەرزی دەنرخێنم. لەم بۆنەیەدا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پاراستنی مافەکانی کرێکاران و باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و کارکردنیان دووپات دەکەینەوە. ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز بێت و ئومێدەوارم  هەمیشە مافەکانیان پارێزراو بێت و دوور بن لە هەموو جۆرە ستەملێکردن و چەوساندنەوەیەک.

هەواڵ
30-04-2026

ڕوونکردنەوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە گۆڕانکاری لە پۆستی بەرپرسی لقەکانی ئەو حزبە دەکەن. لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە ئەو هەواڵانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە "دیراسەکردنی مەکتەبی سیاسی بۆ گۆڕانکاری لە بەرپرسی لقەکان" بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە ڕاستی. مەکتەبی سیاسیی پارتی داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا دەکات، بۆ بەدەستهێنانی زانیاری تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکان ببەستن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی متمانەی خۆیان و گەیاندنی ڕاستییەکان بە خوێنەر و بینەران.

هەواڵ
30-04-2026

بەهۆی ئی-پسوولەوە بڕی 3.2 ملیار دینار بۆ هاووڵاتیان گەڕێندراوەتەوە

لە مانگی سێ بڕی 3.2 ملیار دینار بۆ هاووڵاتیان گەڕێندراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە داشکاندنی %20ـی کارەبا، لە رێگەی پارەدانی ئەلیکترۆنی ئی-پسوولەوە خرایە بەردەست هاوڵاتییان. وەزارەتی کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەو 3.2 ملیار دینارەی بۆ هاووڵاتیان گەڕێندراوەتەوە، لە چوارچێوە داشکاندنی %20ـی کرێی مانگی دووی هاوبەشانی ماڵان بووە، کە لە کاتی پارەدان لە رێگەی سەکۆی ئی-پسوولەوە رێژەی داشکانەکەیان بۆ گەڕێندراوەتەوە. هەروەها هاوبەشانی ماڵان کە بڕی داشکاندنەکەیان زیاترە لە پسوولەی مانگی سێ، بڕی ئەو داشکاندنەی بۆیان ماوە دەخرێتە سەر قەرزی پێش رووناکی. مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە 85%ی هاووڵاتیانی کوردستان، لە رێگای پڕۆژەی رووناکی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، بڕیاریشە تا کۆتایی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان دابینبکرێت. هەروەها بە گوێرەی نرخە نوێیەکان، 80%ی هاووڵاتیان، بە تایبەتی کەم دەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.

هەواڵ
30-04-2026

دامەزراندنی بانکی نیشتمان؛ هەنگاوێکی ستراتیژی بەرەو بەمۆدێرنکردنی کەرت...

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دامەزراندنی "بانکی نیشتمان"ـەوە، وەرچەرخانێکی گەورە لە سیستەمی دارایی و بانکیی خۆیدا ڕادەگەیەنێت. ئەم بانکە کە پرۆژەیەکی ستراتیژیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە، وەک بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی کارەکانی حکومەت و بنبڕکردنی گەندەڵی هەژمار دەکرێت. پێگەی یاسایی و کارگێڕی بانکەکە بانکی نیشتمان دەبێتە یەکەم بانکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی مۆڵەتی فەرمی بێت لە بانکی ناوەندیی عێراق. بڕیارە هەفتەی داهاتوودا بانکەکە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی خۆی بکات، بە کردەیی دەست بە کارەکانی بکات، دوای ئەوەی تەواوی باڵەخانە و پێداویستییە تەکنیکییەکانی بۆ دابین کراوە. ڕێکخستنەوەی بانکە حکومییەکان و کەمکردنەوەی ژمارەیان ئەم بانکە دەبێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی هەموو بانکە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان. بەپێی پلانەکە، گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیەن: بانکە پسپۆڕییەکان: 28 بانکی کشتوکاڵی و بازرگانی و پسپۆڕییەکانی تر، کەم دەکرێنەوە و تێکەڵ دەکرێنە هەشت بانک. بانکە حکومییەکان: 94 بانکی حکومی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تێکەڵ دەکرێن و دەکرێنە نزیکەی 17 بانک. سیستەمی لقەکان: هەموو ئەم بانکانە سەر بە بانکی نیشتمان دەبن، بەسەر تەواوی پارێزگاکا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش دەکرێن. وەرچەرخانی دیجیتاڵی و سیستەمی بەڕێوەبردن یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی ئەم بانکە ئەوەیە بە تەواوی دیجیتاڵییە. سیستەمی بەڕێوەبردنی بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنییە، دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو مامەڵەکان خێراتر و وردتر بن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتدایە بۆ ئەوەی تەواوی خزمەتگوزارییە داراییەکان بگۆڕدرێن بۆ سیستەمی پێشکەوتووی سەردەمیانە. شەفافییەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دامەزراندنی ئەم بانکە وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ شەفافییەت تەماشا دەکرێت. گرنگترین کاریگەرییەکانی لەم ڕووەوە بریتین لە: کۆکردنەوەی داهات و خەرجی: بانکەکە سەرپەرشتی تەواوی داهات و خەرجییەکانی حکومەت دەکات، لە کۆتایی هەموو مانگێکدا ڕاپۆرتێکی ورد پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات. بنبڕکردنی گەندەڵی: بەهۆی ئەوەی کارەکان ئەلیکترۆنی و لەژێر چاودێریدان، دەرفەتی گەندەڵی، دزی و ونبوونی پارە بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێت. بانکی نیشتمان نەک تەنها دەبێتە ناوەندێکی دارایی فەرمی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و جیهان، بەڵکو دەبێتە پایەیەکی سەرەکی بۆ چاکسازیی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، کە تێیدا سیستەمی بانکی لە شێوازی کلاسیکییەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی شەفاف، مۆدێرن و یەکگرتوو. باکگراوند: بانکی نیشتمان لە ساڵی 2021 دەستی بە وەرگرتنی مۆڵەت کرد لە بانکی ناوەندیی عێراق، لەم چوارچێوەیەدا کەوتە ئامادەکاری بۆ بونیادنانی بانکەکە و بەم زووانە دەست بە کارەکانی دەکات.

هەواڵ
30-04-2026

پلانی سەربازیی نوێی ئەمریکا دژی ئێران؛ کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکەی دۆناڵد...

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ڕۆژی پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، کۆبوونەوەیەکی هەستیار و چارەنووسساز لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی زنجیرەیەک پلانی سەربازیی نوێیە کە ئامانجیان گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و ناچارکردنی تارانە بۆ پاشەکشە لە دۆسیە ئەتۆمییەکەیدا. ناوەڕۆکی پلانە سەربازییەکانی سێنتکۆم فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) پلانێکی وردی ئامادەکردووە کە لەسەر چەند تەوەری سەرەکی کاردەکات: شەپۆلێکی هێرشی چڕ: ئەنجامدانی هێرشێکی کورتخایەن بەڵام بەهێز بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران. کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز: ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی زەمینی بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی گەرووەکە بە مەبەستی زامنکردنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان. ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتەکان: بژاردەی ناردنی هێزە کۆماندۆکان بۆ ناو خاکی ئێران بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو. تێڕوانینی ترەمپ: گەمارۆ یان بۆردوومان؟ ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە لەم قۆناغەدا گەمارۆی دەریایی بە کاریگەرتر دەبینێت لە بۆردوومانکردنی ڕاستەوخۆ. بەڵام جەختی کردووەتەوە ئەگەر تاران ئامادەی ڕێککەوتن نەبێت، هەموو بژاردە سەربازییەکان لەسەر مێزن. بەشداربووانی کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکە کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی باڵاترین بەرپرسە سەربازییەکان بەڕێوەدەچێت: ئەدمیراڵ براد کوپەر: فەرماندەی سێنتکۆم. جەنەراڵ دان کەین: سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا. پیت هیگسێس: وەزیری جەنگ. سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان و کاردانەوەی ئێران پنتاگۆن مەترسییەکانی ئێرانیان لەبەرچاو گرتووە. پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری دەستپێکردنی هەر ئۆپراسیۆنێک، ئێران هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆ دەریاییەکە. شارەزایان پێیان وایە ئەمڕۆ ڕۆژی بڕیارە، ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە یان دەبێتە هۆی شکاندنی بنبەستی دیپلۆماسی و ناچارکردنی ئێران بۆ ڕێککەوتن، یان ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی خوێناویتر لە هێرشی ئاسمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دەبات. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە هاوشێوەی کۆبوونەوەکەی 26ـی شوباتی ڕابردووە، کە تەنها دوو ڕۆژ دوای ئەوە ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگیان دژی ئێران ڕاگەیاند.

هەواڵ
29-04-2026

کارگەیەکی شەکر لە کوردستان دروست دەکرێت و سەدان هەلیکار دەڕەخسێنێت

کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شەکر لە سنووری پارێزگای دهۆک دروست دەکرێت، ئەم کارگەیە پشت بە چاندنی چەوەندەر و قامیشی شەکر دەبەستێت و شەکری 100% سروشتی بەرهەم دەهێنێت، لە جیاتی شەکری هاوردەکراو و دەستکرد.  هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شەکر بە سەرمایەی 110 ملیۆن دۆلار؛ لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان دروست دەکرێت، پرۆژەکە پەسەند کراوە و لە قۆناغی دابینکردنی زەویدایە، دواتر رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان دەست پێدەکات. روونیشی کردەوە، ئەم کارگەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بێوێنەیە و سوودی بۆ جووتیاران دەبێت لەوەی کارگەکە پشت بە چاندنی چەوەندەر و قامیشی شەکر دەبەستێت، ئەمەش جووتیاران هان دەدات بەروبوومەکانیان بچێنن و کارگەکە لێیان دەکڕێتەوە. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک، پرۆژەکە لە نێوان 300 بۆ 400 دەرفەتی کاری راستەوخۆ دەڕەخسێنێت و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش هەزاران جووتیار و کرێکار سوودمەند دەبن. پرۆژەی دروستکردنی کارگەی شەکر لە قەسرۆکی سەر بە پارێزگای دهۆک، یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگانەی ئامانج لێی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بەکارخستنی بەرهەمی جووتیارانە. ئەم جۆرە پرۆژانە نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکەنەوە، بەڵکوو دەبنە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و سەربەخۆیی خۆراکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەواڵ
29-04-2026

نەبەز ئیسماعیل؛ 26 یان 27ی ئایار یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزە

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند 26 یان 27ی ئایار یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز دەبێ و ئەمەش دوای ئەوەی 16ـی ئایار لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی وەستانی حاجییان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان رادەگەیێننن" نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان: "ئێوارەی رۆژی 29ـی زولقەعدە، لیژنەی بینینی مانگ لە سعودیە رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان دیاری دەکات. تەنیا سعودیە ئەو رۆژە دیاری دەکات، چونکە رێوڕەسمەکانی حەج لەوێن، واتە جیهان چاوی لەسەر سعودیەیە". نەبەز ئیسماعیل دەڵێت، ئەگەر 16 ئایار بە بەڵگەی تەواوە مانگ بینرا، ئەوە 9 رۆژ دواتر دەبێتە جەژن. ئەگەر ئەوکات مانگ نەبینرا، 9 رۆژ دوای 17 ئایار دەبێتە یەکەم رۆژی جەژن". ئەوەش بەو مانایەی جەژن دەکەوێتە 26 یان 27ی ئایاری 2026. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتیشی: " 9 رۆژ دوای ئەوە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان. حاجییان لە رۆژی 9ـی زولحیجە واتە رۆژێک پێش جەژن لە کێوی عەرەفە دەوەستن، تاوەکو نوێژی مەغریب و رۆژی دواتر 10ـی زولحیجە دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز"

هەواڵ
29-04-2026

کوێستان محەمەد؛ لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین کار بۆ مافی کرێکاران کراوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: لە کابیەنی نۆیەمدا، سێ هێندەی کابینەکانی رابردوو، کار بۆ مافی کرێکاران کراوە. هەروەها لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە، هەلی کار بۆ هەزاران گەنج دۆزراوەتەوە. کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکیدا باسی چەند بابەتێکی کرد پەیوەست بە کرێکارانی هەرێم، تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرترین هەلی کار دۆزراونەتەوە بۆ گەنجان، هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە گرنگی زۆر بە مافی کرێکار دراوە، بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمدا کە سێ هێندەی کابینەکانی رابردوو بووە. کوێستان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد، پۆرتاڵێکی تایبەتمان بە ناوی "کار"، کە گەنجان دەتوانن لە رێگەیەوە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ مەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار، بەمەش توانراوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەزاران گەنج بخرێنە سەر کار." سەبارەت بە پرسی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی، وەزیر گوتی ئامارێکی خستە روو کە زیاتر لە ملیۆنێک کرێکار لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و، هۆشداریی دایە خاوەنکاران کە دەبێت کرێکارەکانیان دەستەبەر بکەن. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی گوتیشی : "مانگانە پێویستە خاوەنکار 12%ـی کرێی کرێکارەکەی بخاتە سەر سندووقی خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی. زۆر شوێنکارمان سزا داوە و داخستووە بەهۆی ئەوەی کرێکارەکانیان دەستەبەر نەکردووە" کوێستان محەمەد، داوای لە کرێکاران کرد سوور بن لەسەر ئەوەی کە دەبێت خاوەنکارەکانیان دەستەبەریان بۆ بکەن و ئاماژەی بە سوودەکانی دەستەبەری کرد، کە بریتین لە: -ئەگەر کرێکار لە کاتی کاردا تووشی پێکان بوو و نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر کار، مووچەی خانەنشینی بە پێی رێژەی پێکانەکەی بۆ دەبڕدرێتەوە. -ئەگەر کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانی لە دەست دا، مووچەی خانەنشینی بۆ واریسەکەی دەبڕدرێتەوە. -کرێکار هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی حکوومی، لە کاتی گەیشتن بە تەمەنی یاسایی مووچەی خانەنشینی بۆ دەبڕدرێتەوە. -ئەگەر کرێکارەکە مووچەی خانەنشینی نەوێت، دەتوانێت داوای پاداشتی کۆتایی خزمەت بکات، کە بڕە پارەیەکی زۆرە و دەتوانێت پڕۆژەی تایبەتی بە خۆی پێ جێبەجێ  بکات.

هەواڵ
29-04-2026

هۆشدارییەکەی ئەمریکا؛ ئابووریی عێراق لە لێواری داڕمانێکی مێژوویدا

لە پەرەسەندنێکی تونددا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی کۆتایی ئاراستەی حکومەت و بەرپرسانی باڵای عێراق دەکات. ئەم هۆشدارییە تەنها لێدوانێکی سیاسیی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ پەکخستنی تەواوەتیی جومگە ئابوورییەکانی عێراق لە ئەگەری هەر جووڵەیەکی گرووپە میلیشیاکان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. سێ قۆناغی سزاکانی ئەمریکا: پەتەکە توند دەکرێتەوە واشنتن پلانێکی سێ قۆناغی ئامادە کردووە کە دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا سیستەمی دارایی عێراق ئیفلیج بکات: ڕاگرتنی دۆلاری کاش: ڕاگرتنی ناردنی دۆلاری کاش بۆ عێراق. لەبەر ئەوەی داهاتی نەوتی عێراق لە بانکی ناوەندی ئەمریکا (فیدراڵ ڕیزەرف) کۆدەبێتەوە، ئەمریکا دەسەڵاتی ڕەهای هەیە بەسەر ناردنەوەی ئەو پارەیە. ئێستا ناردنەوەی دۆلاری کاش ڕاگیراوە و تەنها بەهۆی دەستێوەردانی تەکنیکیی خەزێنەی ئەمریکا کەمێک سووک کراوە، بەڵام لەگەڵ یەکەم درۆنی میلیشیاکان، ئەم ڕێڕەوە بە تەواوی دادەخرێت. بلۆککردنی هەژمارە بانکییەکان: عێراق خاوەنی دوو هەژماری سەرەکییە لە ئەمریکا (لە بانکی ناوەندی و بانکی جەی پی مۆرگان). بڕیاری بلۆککردنی ئەم هەژمارانە واتە دەستبەسەرداگرتنی هەموو سەروەت و سامانی نەقدی عێراق لە دەرەوە. دابڕانی بانکی لە جیهان: قەدەغەکردنی هەر جۆرە مامەڵەیەکی بانکی (حەواڵە) لەگەڵ عێراق. ئەمە تەنها بانکەکانی ئەمریکا ناگرێتەوە، بەڵکو بەهۆی ترسی سزاکانەوە، سەرجەم بانکەکانی جیهان مامەڵە لەگەڵ عێراق ڕادەگرن، ئەمەش واتە گەمارۆی ئابووریی گشتگیر. لێکەوتە لەسەر ناوخۆی عێراق ئەگەر ئەم هۆشدارییانە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، عێراق ڕووبەڕووی ئەم سیناریۆیانە دەبێتەوە: کەوتنی بەهای دینار: بەهای دینار بە شێوەیەکی خێرا و بێوێنە هاڕە دەکات و نرخی دۆلار دەگاتە ئاستێکی خەیاڵی، ئەمە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەهای هەموو ئەو پاشەکەوت و مووچانەی بە دینارن. قەیرانی بژێوی و دەرمان: بەهۆی ڕاگرتنی حەواڵەی دۆلار، بازرگانان ناتوانن خۆراک، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان هاوردە بکەن کە زۆربەیان پشت بە دەرەوە دەبەستن. ئیفلیجبوونی کەرتی خزمەتگوزاری: گەشتە ئاسمانییەکان، فڕۆکەخانەکان و کەرتی گەشتیاری بە تەواوی پەکیان دەکەوێت. هەرێمی کوردستان: لە نێوان هاوسۆزی و مەترسیدا هەرچەندە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم سزایانە، بەڵام جیاوازییەکە لە یەکدەنگی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دایە. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت عێراق بە خێرایی تووشی پشێوی و داڕمانی سیاسی ببێت، هەرێمی کوردستان بەهۆی یەکگرتوویی ناوخۆییەوە دەتوانێت بەرگرییەکی زیاتر نیشان بدات، هەرچەندە لە ڕووی داراییەوە کاریگەرییەکان قورس دەبن. بەپێی گوتەی بەرپرسێکی باڵا، حکومەتی عێراق لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە، ئەویش یان کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و دوورکەوتنەوە لە جەنگی ئێران، یان داڕمان و ڕووخانی یەکجاری لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا. عێراق ئێستا لە ناو جەرگەی زریانێکی ئابووریدایە کە کلیلی ڕزگاربوونی تەنها لە دەستی واشنتن و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدایە.

1 2 ... 29 30 31 ... 1142 1143