ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی تاوتوێی پرۆژەیەکی کردوە کە راگرتنی ئۆتۆمبیل لە چەند شەقامێکی سلێمانی بکرێنە پارە، یەکێک لەو شەقامانەش شەقامی سالمە. دوای ئەو پڕۆژەیەی شاری هەولێر، شارەوانی سلێمانیش ڕایگەیاند ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی دەکەن بە پارە. لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند ”ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی تاوتوێی پرۆژەیەکی کردوە کە راگرتنی ئۆتۆمبیل لە چەند شەقامێکی سلێمانی بکرێنە پارە، یەکێک لەو شەقامانەش شەقامی سالمە”. بەپێی وتەی لەیلا عومەر، دیراسەی پرۆژەکەیان کردوە و لە ئێستادا لەتاوتوێی لایەنە یاساییەکەیدان. بلەپێی زانیارییەکان، دوای تەواو بوونی دیراسەی تەواوی پڕۆژەکە، ئەوا تەواوی پڕۆژەکە دەدرێت بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لەناو شاری هەڵەبجە باندێکی ( ٣ )کەسیان دەستگیرکرد، هەستابوون بە چاندنی ڕووەکی هۆشبەر لەجۆری ماریجوانە(حەشیش) و بازرگانیکردن بەو ماددە هۆشبەرە. هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنان و بڵاوبونەوەی ئەو ماددە زیانبەخشانەی کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، لەدوای چاودێریکردن و بەدەستهاتنی زانیاری وورد، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەناو شاری هەڵەبجە دەستگیرا بەسەر کێڵگەیەکی داچێنراو بە ڕووەکی هۆشبەر لە جۆری حەشیش (ماریجوانە) تۆمەتباران بەشێوەیەکی شاراوە (٦٥)بن ڕووەکی هۆشبەریان چاندبوو بە مەبەستی بازرگانیکردن. دوای هەڵاتنی تۆمەتباران، لە ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانرا باندەکە دەستگیربکرێن پێکهاتبوون لە (٣)تۆمەتبار، دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری ئامادەکراو بۆ فرۆشتنەوە، دواتر بە ئامادەبونی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش سەرجەم ڕووەکە هۆشبەرەکانی ناوکێڵگەکە بە شێوەیەکی زانستی لەناوبران. لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی ( ٢٦ )لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە. https://www.facebook.com/watch?v=1341413896492764 https://fb.watch/ogO8w54Fvp/
کچە ڕاگەیاندکار ناڵە سوپەر بە تۆمەتی سیخوڕی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی 5 ساڵ و مانگێک حوکم درا. پێشتر ناڵە بە زیاتر لە ساڵێک حوکم درابوو، بەڵام ئەمڕۆ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ بووەوە و دووبارە حوکم درایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11/12، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە. جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای دهستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە. لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.
ئەمرۆ یەکشەممە 12/11/2023 بانکی ناوەندی عێراق زیاتر لە 235 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و نەقد خستە بازاڕەوە. بەشێوەی حەواڵە: 206,657,539 بەشێوەی نەقد: 28,578,800 کۆی گشتی: 235,236,339
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووئەمڕۆ یەک شەممە ١٢– 11- 2023کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بەگشتی .خێراى با / لەسەرخۆ ( 10 – 15) کم /ک دەبێت .ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات.پلەکانی گەرما/ نزیک دەبێتەوە بەبەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ .مەوداى بینین/ لە نێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت.پلەکانی گەرما / لەسەر نەخشەدا ئاماژەیان پێدراوە .سبەى دووشەممە ١٣– 11- 2023کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بەشێک لەناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت , ئەگەری نمەباران لەسەر بەشێک لەناوچە سنووریەکان و بەشێک لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک هەیە .خێراى با / مامناوەند ( 10 – ٢٠) کم /ک دەبێت .ئاراستەی با / باکووری رۆژهەڵات.مەوداى بینین/ لە نێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت.پلەکانی گەرما/ نزیک دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ .بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :هەولێر : 28 پلەى سیلیزىسلێمانی : 2٥ پلەى سیلیزىدهۆک : 2٦ پلەى سیلیزىکەرکوک : 29 پلەى سیلیزىهەڵەبجە : ٢٥ پلەى سیلیزىزاخۆ : 2٦ پلەى سیلیزىگەرمیان : ٣١ پلەى سیلیزىحاج ئۆمەران : ١٦ پلەى سیلیزىسۆران : ٢١ پلەى سیلیزىبەشى پێشبینى ١٢- 11 - 2023
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا. دواتر هەردووکیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە. حەیان عەبدولغەنی لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە رۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات. هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسانتر دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت". وەکو ئەوەی حەیان عەبدولغەنی باسی کرد، "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، چونکە سامانی سروشتیی سەرەکی عێراق نەوتە و حکومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی بودجە. بۆ ئەم مەبەستە لێکتێگەیشتنێکی باشمان لەگەڵ برایانمان لە هەولێر هەیە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن". وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، "هەنگاوی یەکەم، رێککەوتنە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن و رێککەوتنێکی سەرەتاییشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، هەوڵدەدەین لەم دوو رۆژەی لە هەولێرین، هەموو کێشەکان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارەسەربکەین". لەبارەی هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ تورکیا لەیەکتێگەیشتنمان هەیە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
ئیسرائیل هۆشداری بە حزبوڵای لوبنانی دەدات کە ئەگەر جەنگ دژی ئیسرائیل رابگەیێنێت، بەیروت هەمان چارەنووسی غەزەی دەبێت. یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەگەر ئەوان (حزبوڵا) ئەم جۆرە هەڵەیە لێرە بکەن، ئەوانەی کە باجەکەی دەدەن، پێش هەمووان، خەڵکی لوبنانە. ئەوەی لە غەزە دەیکەین، دەتوانین لە بەیرووتیش بیکەین. ئەم هەڕەشە دوای ئەوە هات کە حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، رۆژی شەممە، لە پەیامێکدا وتی، "بە بەکارهێنانی چەکی نوێ، هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل بەهێزکردووە".
ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2023 لە چەند دەزگەیەکی میدیایی هەواڵێک بڵاو کرایەوە، کە گوایە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر. لای خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر شوێنی ئاماژە پێ کراو. بە دەزگە میدیاییەکانیش ڕادەگەیەنین دەنگی هەر تەقینەوەیەک مەرج نییە هێرش و بۆردومان بێت، دەشێ مەشق و ڕاهێنان یاخود ڕێکاری تایبەت بێت.لە کۆتاییدا داواکارین لە دەزگە میدیاییەکان و میدیاکاران، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەر جۆرە ڕووداوێکدا بکەن و نەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ لە لای هاووڵاتییان. دژەتیرۆری کوردستان
لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بارەی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کۆتایی هات و وڵاتان داوایان کرد گەمارۆی چەک بخرێتە سەر ئیسرائیل و گەمارۆی سەر غەززە کۆتایی پێبهێندرێت. لووتکەکە بە بەشداریی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو. لە راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەکەدا هاتووە: - لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە و رێگەدان بە دەربازبوونی کاروانی یارمەتیی مرۆیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی دەکات بۆ نێو غەززە. - لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی داوا لە هەموو وڵاتەکان دەکات هەناردەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل رابگرن. - لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی سەرکۆنەی دوژمنکاریی ئیسرائیل و ئەو تاوانە جەنگی و کۆمەڵکوژییە دڕندانە و نامرۆڤانەیە دەکات کە حکومەتی داگیرکار ئەنجامیاندەدات. - لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی ناوبردنی ئەم جەنگە بە بەرگریلەخۆکردن و رەوایەتیپێدانی بە هەر پاساوێک، رەتدەکاتەوە.
سبەی وەزیری نەوت و تیمێکی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەم سەردانە لە سەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیران بووە تاکو بێنە ئێرەو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن. بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەو بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێننەوە. پێشەوا هەورامانیوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە پارێزگای بەسرە، مەزارگەی هاوەڵێکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) دەسووتێنرێت و دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق هەڕەشە دەکات، "ئەمە یەکەمجار نییە مەزارەکە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە دەبێتەوە." دیمەنێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە مەزار و گۆڕی ئەنەسی کوڕی مالیک هاوەڵی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە پارێزگای بەسرە سووتێنراوە و تێکدراوە. لەسەر رووداوەکە، رۆژی 10-11-2023، دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، باس لەوەدەکات، "جێگەی داخە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنێک بڵاوبووەتەوە کە بە ئەنقەسەت مەزاری هاوەڵ و خەزمەتکاری پێغەمبەر (د.خ.)، ئەنەسی کوڕی مالیک تێکدراوە." دیوانەکە دووپاتی دەکاتەوە، "پێویستە پارێزگاری لە دەستکەوتی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی خەڵکی بەسرە و عێراقییەکان بەگشتی بکرێت و دەست بۆ ئاسایشی کۆمەڵگە نەبرێت لە رێگەی هەڵسوکەوتی نا یاسایی، نا ئاکاریی، نابەرپرسانە، بێ پاساو و ناڕەوا." دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق، داوا لە پارێزگاری بەسرە، بەرپرسانی پەیوەندیدار، لایەنی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات رووبەڕووی ئەو پەلامار و دنەدانە ببنەوە و دەستبەجێ سنووری بۆ دابنرێت و تاوانکاران بدرێنە دادگە، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن لەسەر ئەو کارەی کردووویانە کە پێشێلکردنی سنووری یاسایە، دەستبردنە بۆ یاسا و بنەما نەگۆڕەکان و پیرۆزیی ئایینی موسڵمان بە گشتی و خەڵکی سوننە بەتایبەتی. دیوانی وەقفی سوننە دەڵێت، "بە پێچەوانەوە ناچار دەبن پەنا بۆ دادگەی ناوەندی ببەن لە بەغدا بۆ راگرتنی ئەو پێشلکارییانە"، حکومەتی خۆجێی بەسرە بە بەرپرس دەزانێت و پێیوایە دەستەوسانە لە پاراستنی ئاسایشی هەمووان. مەزاری ئەنەسی کوڕی مالیک دەکەوێتە باکووری قەزای زوبێر لە رۆژئاوای پارێزگای بەسرە لەسەر رێگەی فڕۆکەخانە و شعێبەیە، وەک ناوچەیەکی شوێنەواری لە عێراق تۆمارکراوە. ئەمە یەکەمجار نییە مەزارەکە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە دەبێتەوە لەو پارێزگا زۆرینە شیعەیە، ساڵی 2019 بەهەمان شێوە رووبەڕووی کارێکی تێکدەرانە بووەوە.ژێدەررووداو