دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی ( دوو )بازرگانی ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، دەستبەسەر بڕی ( ٥٠ )کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا دەگرن دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەڕۆژی ٢٠٢٣/١١/١٧ لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا لەکاتێکدا هەردوو تۆمەتباری بازرگان لە هەوڵی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکاندابوون هێزەکانی ئاسایش توانیان بڕی ( پەنجا )کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( کریستاڵ )دەستبەسەردابگرن و تۆمەتباران دەستگیربکەن. لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار بە ماددەی (٢٥)لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدومی عێراق و سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی کە "هەرکاتێک پێویست بکات دەتوانم لە دادگا ئامادە بم. رێز لە یاسا دەگرم و لە یاسا هەڵنایەم." حەلبوسی وتی: "ئامادەم بچمە بەردەم دادگا بۆ هەر سکاڵایەک کە لەدژی من تۆمار دەکرێت. من لە عێراقم و ئەم وڵاتەم جێنەهێشتووە. ئەوەی لە یاسا رادەکات، هەڵەی کردووە، بەڵام من لێرەم و هەرکاتێک پێویست بکات، دەچمە بەردەم دادگا."
سەرۆکی حکومەت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) کە ڕۆژانی 12/2-1 لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆک وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام. لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا ، ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا، هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەر جیهان.
ئەمرۆ پێنجشەممە 30/11/2023 نرخی دراوە جیھانییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە: 100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 156750 دیناری عێراقی 100یۆرۆ بەرامبەر بە 171250 دیناری عێراقی 100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 196000 دیناری عێراقی 100لیرەی تورکی بەردامبەر بە 5400 دیناری عێراقی 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 3100 دیناری عێراقی 1 دیناری ئوردنی بەرامبەر بە 2327 دیناری عێراقی
مووچەی مانگی نۆی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت و نوێنەرێكی وانەبێژانیش دەڵێت: مووچەی مانگی نۆی پەروەردەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین دابەش دەکرێت. کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ 30ی11، مووچەی مانگی نۆی وانەبێژانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین دابەش دەکرێت، کە لە هەولێر و دهۆک و کۆیە دابەش کراوە." ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار کەسە و مووچەی مانگانەیان زیاترە لە 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە. بەپێی ڕێنمایی ژمارە 14ی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
دیپ فەیک (Deepfake - ساختەکاری قووڵ) تەکنەلۆژیایەکی نوێیە بۆ گۆڕانکاری لە وێنەوە بۆ ڤیدیۆی دەنگ و ڕەنگ بە جۆرێک کە زۆر لە ڕاستییەوە نزیکە و لە چوارچێوەی پەرەسەندنەکانی ژیری دەستکرد هاتووەتە ئاراوە و ئەمەش ڕۆژ بە ڕۆژ بەشێوەیەکی بەرفراوان لە بڵاوبوونەوەدایە و شارەزایان و کۆمەڵناسان مەترسییان لەسەر داهاتووی کۆمەڵگا هەیە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایەوە. بەهۆی ئەوەی دیپ فەیک، وێنەی کەسێک (بەبێ ویست و ئاگاداری کەسەکە) دەگۆڕێت بۆ گرتەی ڤیدیۆیی دەم و ڕووخساری کەسە دەخاتە جووڵە، ئەمەش وا دەکات کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەبێت و بەم دواییەش کەسانی بەناوبانگ لە جیهاندا کەوتنە نێو تۆڕی ئەم تەکنەلۆژیایەوە. ئەم تەکنەلۆژیایە سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٧ تەنیا بۆ جوڵاندنی دەم لە فیلمەکانی هۆڵیوود بەکاردەهات بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ بە دواوە، ئاسانکاری زیاتر لە پڕۆگرامەکە کرا و خەڵکی ئاسایی توانییان بەکاری بهێنن و لەم نێوەندەشدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا کەسانی سیاسیی و هونەرمەند لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە گیرۆدەی خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بوون . مامۆستایانی زانکۆ، شارەزایانی تەکنەلۆژیا و توێژەرانی کۆمەڵایەتیش، ئەم تەکنەلۆژیایە بە مەترسی دەزانن لەسەر داهاتووی نەوەکان و هۆشداریش دەدەن لەوەی لە ئەگەری بینینی هەر گرتە ڤیدیۆیەک، نابێت کاردانەوەی خێرا هەبێت و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە گرتەکە بکرێت و، جەختیش لەوە دەکەنەوە کە پێویستە یاساکانی کۆمەڵگا نوێ بکرێنەوە بەجۆرێک لەگەڵ دۆخە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ بگونجێت. مامۆستا لە زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی، ئەڤین عەبدولڕەحمان لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیپ فەیک، ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنییە و لە ڕێگای زیرەکی دەستکردەوە لە تەکنەلۆژیای سەردەم بەکاردێت، لە ساڵی ٢٠١٤ تا نیوەی ٢٠١٧ پەرەسەندنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی، لە ڕێگای بەکارهێنانی وێنەی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و گۆڕینی بە گرتە ڤیدیۆی فەیک (ساختە) و بەکارهێنانیان لە تۆڕە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی بەتایبەت ئیستاگرام و تیکتۆک، دەتوانین بڵێین دیپ فەیک یەکێکە لە مەترسییە هەرە باڵا و گەورەکان لەسەر ئاژانسی نێونەتەوەیی، ئەوەتا ماڵپەڕ و ئاژانسەکانی ئەمریکا هاتوونەتە دەنگ لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەم مەترسییە بوەستێنرێت، بەتایبەت لە ڕێگای بەکارهێنانی تیکتۆک کە ڕۆژانە خەڵکێکی زۆری لێ چەواشە دەکرێت". ئەڤین عەبدولڕەحمان گوتیشی: "سەرەتا دیپ فەیک لە فیلمەکانی پۆڕنۆگڕافی بەکاردەهێنرا، بەڵام لە کۆتاییدا ئامانجەکە فراوانتر بوو بۆ ئەوی بتوانن لەسەر ئاستی سیاسییش هەوڵی چەواشەکاری بدرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی خەڵک تێکبدرێت لە پێناو ئەوەی کەمێک پارە و پوڵ یان بەرکەوتنی سێکسی بەدەستبهێنن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا". ئەڤین عەبدولڕەحمان لەبارەی لێکەوتەکانی دیپ فەیک لە کۆمەڵگادا، گوتی: "بێگومان لێکەوتەکانی نەرێنی دەبێت، هەر پلاتفۆڕمێک کە دروست دەبێت دوو لایەنی هەیە (ئەرێنی و نەرێنی) ئەمە دەگەڕێتەوە سەر کەسی بەکارهێنەر کە کامە ئاراستە هەڵدەبژێرێت، بێگومان ئەوانەی کە دیپ فەیک بەکاردەهێنن دەبێت ڕێگارییان لێ بکرێت و ئەم ڕێگرییە لە دەسەڵاتی حکوومەتدایە و دەبێت حکوومەت نێوەندگیری بابەتەکە بکات، ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک ناشرینمان بکات و بەها کۆمەڵایەتییەکانمان لەکەدار بکات، ئەمانە هەمووی بە تاوانە ئەلیکتڕۆنییەکان هەژمار دەکرێن، هەروەها پێویستە یاساکانی کۆمەڵگا نوێ بکرێنەوە بەجۆرێک لەگەڵ دۆخە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگادا بگونجێت، چونکە هیچ یاسایەکمان نیە بۆ ئەوەی بتوانرێت دیپ فەیک بوەستێنرێت". هاوکات ئەندازیارێکی تەکنەلۆژیا ئاماژە بەوە دەکات کە تەکنەلۆژیا وا دەکات کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا ڕووبدات، هۆشداریش دەدات لەوەی بە ئەگەری زۆرەوە لە ماوەکانی داهاتوودا بەهۆی دیپ فەیکەوە کۆمەڵێک لێدوانی سەیر لەسەر ئاستی سیاسییدا ببیستین. ئەندازیار کێوان حەسەن لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تەکنەلۆژیای زیرەک یان زیرەکی دەستکرد وایکردووە کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕووبدات کە ئێستا بەرەو ئاقارێکی سەیر دەمانبات، لە زەمەنی پێشوو هۆشداری ئەوە دەدرا کە وێنە و ڤیدیۆی کەسی بڵاونەکرێتەوە بەڵام ئێستا ئەوانە هەمووی گۆڕاون، ئێستا هەموومان لەبەردەم ئەو کارەساتەداین کە لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە هەیە بەتایبەت دیپ فەیک (ساختەکاری قووڵ) کە وا دەکات لە ڕێگای ئەو کردارە بیرکارییەوە بتوانێت تەنها بە دەستکەوتنی وێنەی کەسێک، وێنەکە بیگۆڕن بۆ گرتەی ڤیدیۆیی، بێگومان کەسایەتییە سیاسییەکانیش بێبەش نابن لەم گۆڕانکارییە و لە ماوەی داهاتووشدا ئەگەر هۆشیاریمان نەبێت ئەوە ئەگەری هەیە کۆمەڵێک لێدوانی سەیر ببیستین". لەبارەی چۆنیەتی ناسینەوەی ئەو ڤیدیۆیانەی بە ساختە و چەواشەکارییەوە دروست دەکرێن، ئەندازیار کێوان حەسەن گوتی: "بێگومان ناناسرێنەوە، هەرچەندە لەساڵی ١٩٩٧ەوە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە کاری لەسەر کراوە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ دا جیهان درکی بەوەکرد کە دیپ فەیک هەیە، ئەویش دوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی (هونەرمەندی بواری فیلم) تۆم کروز بوو کە کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیهانی دروستکرد، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای مێتا ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕێگای تایبەتمەندییەکی نوێی خۆیەوە، دەتوانێت بەدەر لەوەی کە وێنەکە دەناسێتەوە بەڵکو پێمان بڵێت کە سەرچاوەی وێنەکە کوێ بووە بە مەرجێک ئەگەر وێنەکە لە پلاتفۆڕمەکانی مێتا بڵاوکرابێتەوە". ئەو ئەندازیارەی بواری تەکنەلۆژیا پێیوایە لێکەوتەکانی ئەم پڕۆگرامە زۆر خراپ دەبێت و هۆشداریش دەدات لە کاتی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک پێویستە ڕاوێژ بە کە سانی شارەزا بکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "لێکەوتەکانی ئەم پڕۆگرامە زۆر خراپ دەبێت، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە هۆشیاری پێویستیان نیە بێگومان ئێمەش بەدەرنین لەم ناهۆشیارییە، بۆ نموونە ئەگەر پێشتر وێنەی ئافرەتێک بڵاوکرابووایە ئەم ئافرەتە دەبووە قوربانی، ئەی ئەگەر ئێستا هەمان وێنەی بۆ بکرێتە گرتە ڤیدۆیەکی پۆڕن، کە زیرەکی دەستکرد هاوکارە بۆ دیپ فەیک و دەتوانێت بە تەواوی ئەو کەسە بگونجێت لەگەڵ لاشەیەک، بۆیە زۆر پێویستە لە کاتی ڕوودانی کارەساتی وا، ڕاوێژ بە کەسانی شارەزا بکەن بەر لەوەی هەر کارەساتێک ڕووبدات". توێژەرێکی کۆمەڵایەتی پێیوایە ئەم بابەتانە لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتییان دەبێت و بە پێویستیشی دەزانێت هۆشیاری لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبکرێتەوە، ناوەندەکانی خوێندن و میمبەرەکانی مزگەوتیش بە شوێنێکی گونجاو دەزانن بۆ ئەم هۆشیارکردنەوەیە. توێژەری کۆمەڵایەتی، فەرهاد عوسمان خۆشناو لەبارەی ئەم تەکنەلۆژیایە نوێیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێگومان ئەم بابەتە لێکەوتەی زۆر خراپی کۆمەڵایەتی دەبێت، ئێمە ماوەیەک بوو کارمان لەسەر ئەوە دەکرد کە بەخەڵک بڵێین چۆن تەکنەلۆژیا بەکاربهێنن و لە مەترسییەکان ئاگادارمان دەکردنەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە زۆر کارەساتە، بۆ نموونە کەسێک لەماوەی چەند چرکەیەکدا وێنەیەک یان ڤیدیۆیەکی بڵادەبێتەوە ئەمە کارەساتێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە لە رێگای تەکنەلۆژیای دیپ فەیکەوە، کاتێکیش کەسێک ئابڕووی دەبردێت یان لە شکۆی دەدرێت، ئەوا کەسانێک زۆر بە ئاسانی باوەڕ دەکەن و دەیکەنە مانشێت، بەر لەوەی بزانێت ڕاستییەکان چین، بۆیە دەبێت ئێمە وەکو تاکێکی نێو کۆمەڵگا زۆر وریابین، چونکە کەسانێکی خراپ بەکارهێنەری ئەم تەکنەلۆیایەن و دەبێت زۆر ئاگاداربین لە گرتنی هەتا وێنەیەک و چاوپێکەوتنێک، بە پێچەوانەوە ڕەنگە تووشی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی بین". فەرهاد عوسمان خۆشناو گوتیشی: "باشتر وایە هەمووان لەوە تێبگەین کاتێک وێنە یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەبینین، ڕاستەوخۆ کاردانەوەمان نەبێت بەڵکو لە سەرچاوەی ڤیدیۆ و وێنەکە بکۆڵینەوە چونکە ڕەنگە ئەوە یەکێک بێت لەو بابەتە ساختەیەی نێو تەکنەلۆژیا، بەڵکو دەبێت لێکۆڵینەوە و وردەکارییەکی باش بکرێت چونکە کاردانەوەی خێرا کارەساتی گەورەی بەدواوەیە". لەبارەی پێویستی و شێوازەکانی هۆشیارکردنەوەش، فەرهاد خۆشناو گوتی: "دەبێت ئێمە لە هەموو ڕێگاکان هەوڵی هۆشیارکردنەوە بدەین، بە تایبەت پێویستە لە ناوەندەکانی خوێندن هۆشداری پێویست لەمبارەیەوە بدرێتە قوتابییان، هەروەها مامۆستایانی ئایینی لەسەر میمبەرەکانەوە باس لەو حاڵەتانە و کاریگەرییەکانی ئەو حاڵەتانە بکەن بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن خۆپارێزی لە بەرکەوتنی ئەم تەکنەلۆژیایە بکەن".تەکنەلۆژیای دیپ فەیک Deepfake ڕێگا بە بەکارھێنەرانی دەدات کە گرتەی ساختەی ھەر کەسێک دروست بکەن و وا نیشان بدرێت کە جووڵەیەک بکەن یان شتێک بڵێن کە ھەرگیز لە ژیانی ڕاستەقینەدا نەیانکردووە، بێگومان لەگەڵ ئاڵۆزبوونی تەکنەلۆژیاکەش، ئێستا لە جیھاندا وڵاتان خەریکی ھەموارکردنەوەی یاساکانن لەمبارەیەوە. سەرچاوە: AA
ئهمڕۆ سێشهممه 28ی 11ی 2023، له قهزای سێمێل له سنووری پارێزگای دهۆك، قوتابییهكی پۆلی 11ی ئامادهیی كوژرا. ئاشكرا كراوه كه له قوتابخانهی نهتهوه له سێمێل قوتابییهك لهناو پۆلدا هاوڕێیهكی قوتابیی خۆی به چهكی جۆری دهمانجه تهقهی لێ كرد و كوشتی، هێزه ئهمنییهكانیش لهبارهی ڕووداوهكهوه دهستیان به لێكۆڵینهوه كرد. بەگوێرەی زانیاریەکان، قوتابییە کوژراوەکە ناوی مستەفا فەهمی، کە تەمەنی 16 ساڵانبووە.
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ گەورەترین کارگەی ئاسن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگەی هەولێر دەکرێتەوە، کە ساڵانە 700 هەزار تۆن شیش بەرهەمدەهێنێت. کارگەی ڤان ستیل لە ساڵی 2019 مۆڵەتی لە دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-11-2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگەی هەولێر بکرێتەوە. دەستەکە لە بارەی کارگەکەوە دەڵێت: کارگەکە لەتوانایدایە لەبەرھەمێنانی ئاسن پێویستییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە رێژەی 100٪ پڕبکاتەوە. کارگەی ڤان ستیل تایبەتە بە بەرهەمهێنانی شیشی ئاسن، ساڵانە نزیکەی 700 هەزار تۆن شیش بەرهەمدەهێنێت و 900 هەلی کاری راستەوخۆ و نزیکەی 5000 هەلی کاری ناڕاستەوخۆی رەخساندووە. زیاتر لە 92٪ـی کرێکار و دەستی کاری، ناوخۆییە.
ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە. لای خۆیەوە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئاگربەستەکە بەنێوەندگیریی قەتەر و "بەگوێرەی هەمان هەلومەرجی پێشوو" درێژکراوەتەوە. پێشتر، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەپێناو ئازادکردنی زیاتری بارمتەکان، ئەگەر هەیە ئاگربەست درێژبکرێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەکەن بۆ سەر کارکەی، بە هەنگاوێکی دروست و گرنگ وەسفی دەکات. ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پێشوازى له گهڕانهوهى شۆڕش ئيسماعيل، وهزيرى كاروبارى پێشمهرگه بۆ سهر كار و ئهركهكهى له وهزارهت دهكهين. ههنگاوێكى دروست و گرنگه و يارمهتيدهر دهبێت بۆ بهڕێوهچوونى باشترى پرۆسهى چاكسازى و يهكخستنهوهى پێشمهرگه، هيواى سهركهوتنى بۆ دهخوازين و ههموو پشتگيرييهكى لێدهكهين". سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشداوە: "دۆخى ههرێمى كوردستان و ئاڵنگارييهكان له عێراق و ناوچهكه بهگشتى وا دهخوازێت لايهنه سياسييهكان، بهتايبهتى پارتى و يهكێتى، تهبايى و يهكڕيزيى نێوانيان پتهوتر بكهن و بگهنه لێكگهيشتنى هاوبهش بۆ نههێشتنى ناكۆكييهكان و چارهسهركردنى كێشهكان. لهم پێناوهدا ئێمه له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان له ههوڵ و كۆششى بهردهوامدا دهبين". دوای زیاتر لە ساڵێک دابڕان و دوورکەوتنەوە، لە ئەرکەکەی وەک وەزیری پێشمەرگە، ئەمڕۆ دووشەممە، 27/11/2023، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، لە رێوڕەسمێکدا گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە. شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە ساڵێک دوورکەوتنەوە؛ بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە. هەر یەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیوا روکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەوەی وەزیری پێشمەرگە بوون. لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتییە، بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆیی لەنێو حزبەکەی وازی لە کارەکەی هێنا. ناوبراو بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ نەکرا. چەندین جار هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمەریکا داوایان کردبوو وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەرکارەکەی بۆ ئەوەی پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکرێت. پێشتر وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندبوو، هەندێک کەس "دەستوەردان لە کارەکانیدا" دەکەن و "لەمپەر بۆ چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە دروستدەکەن." وەکو خۆی گوتبووی، "دەمەوێت هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوی یەکبگرنەوە و بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەستی حیزبی نەمێنێت".
ئەمرۆ یەکشەممە 27/11/2023 بانکی ناوەندی عێراق، زیاتر لە 225 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و نەقد، خستە بازاڕەوە. حەواڵە: 209,000,000 نەقد: 16,780,000 کۆی گشتی: 225,780,000