شارەزایەکی کەشناسی رایگهیاند، ئەم مانگە بارانی زۆر باش ئەبارێت کە کاریگەریەکەی لە 6ی ئەم مانگەوە بەدی دەکرێت. ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە، ئەم مانگە بارانی زۆر باش دەبارێت ھەر لە 6ی مانگەوە پێشبینی دەستپێکردنەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکانی دەریای ناوەراست و سوور بۆ سەر ناوچەکانمان دەکرێت بەچەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک کە مەودای نێوان بارانەکان نزیک دەبن لەیەک و ئەگەر ھەیە چەند شەپۆلێکی بارانبارین لە نێوان 6ی مانگ بۆ 20ی مانگ بەرێژەی مامناوەند و زۆر باش ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە لەگەڵ بارینی بەفرێکی زۆریش لەسەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکان و ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەتایبەت لەدوای ناوەراستی مانگەوە.
دوای ئەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراق خۆیان وەکو موقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، شەوی رابردوو بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و "راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکاوە." ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو زانیارییانە رەت دەکەینەوە و هیچ هێرشیک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر." هاوکات بەگوێرەی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە شەوی رابردووەوە بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند گەشتێک لەنێوان هەولێر و ئیستەنبووڵ، عەممان، دۆحە و بەسرە بێ کێشە بەڕێوەچوون و ئاماژە بە دواخستنی هیچ گەشتێکێش نەکراوە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتی قاهیرە – هەولێر کە پێویست بووە کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12/2 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوبەی، لەگەڵ شێخ سەیف بن زاید ئال نەهیان جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە.لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی ئیماراتەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرکردایەتی و خەڵکی ئیمارات کرد و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان کرد.جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات، ئاماژەی بە پەیوەندیى تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد و جەختی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان، وەک نموونەیەکی گەش و درەوشاوە لە عێراق و ناوچەکەدا كردهوه.دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتيی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. 1 2 3 4
ئەمڕۆ شەممە 12/2 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە شاری دوبەی، لەگەڵ سکرتێری گشتیی نهتهوه یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی یونامی و بەردەوامبوونی لە ئەرکەکانی لەپێناو سەقامگیریى ئاشتی و ئاسایشى عێراق کردەوە. سەرۆکی حکومەت هەروەها باسی لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کرد و داوایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا بگێڕێت.
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرانی دوو ئەندامی لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە سووریا راگەیاند و دەڵێت، "راوێژکاری سەربازی بوون و لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان"دا کوژراون. رۆژی شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، "دوو ئەندامی سوپای پاسداران لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی راوێژکارییان لە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە سووریا شەهید بوون". ڕاگەیەنراوەکەی سوپای پاسداران ئاماژە بە کات و شوێنی کوژرانی ئەو دوو پاسدارە نەدراوە و نووسراوە، "هەریەک لە محەممەد عەلی عەتایی شورچە و پەنا تەقیزادە بەهۆی هێرشی رژێمی زایۆنی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان شەهید بوون". سوپای پاسداران ئاماژەی بە پلەی سەربازی ئەو دوو ئەندامەی نەداوە و تەنیا وەکو پاسدار ناوی هێناون. بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 1:35 خولەکی بەرەبەیانی، ئیسرائیلی دووژمن لە ئاراستەی جۆلانی داگیرکراوەوە هێرشی کرد و چەند پێگەیەکی لە نزیک دیمەشق بۆردوومان کرد".
بەگوێرەی زانیاریە میدیا عێراقییەکان، لە دوو رۆژی داهاتوو حکومەتی عێراق دەست بەناردی 700 ملیارەکە دەکات. پێگهی (بغداد الیوم)ی نزیک لەدەسەڵاتدارانی عێراق بڵاویکردەوە، وهزارهتی دارایی حكومهتی عێراقی رۆژی دووشەممە 2/12/2023 بری 700 ملیار دیناری دیکە به سێ گوژمه ڕهوانهی ههرێمی كوردستان دهكات بۆ مووچهی فهرمانبهران. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشداوە پارەکە به چهند گوژمهیهك لهلایهن وهزارهتی داراییهوه ڕهوانه دهكرێت.
لە گوندی گوڵتەپەی سنووری ناحیەی قەراج، تیرۆریستانی داعش و هێزەكانی عێراق رووبەرووی یەكتر بوونەتەوە و شەڕ بەردەوامە. ئەمرۆ شەممە 2/12/2023 تیرۆریستانی داعش و هێزەكانی عێراق لە گوندی گوڵتەپەی سنووری ناحیەی قەراج، رووبەرووی یەكتر بوونەتەوە و شەڕ بەردەوامە و چەكدارانی داعش بەشێک لە خانووە كورد نیشینەکانی گوندەكەیان تەقاندەوە. بەپێی زانیارییەكان لەرووبەربوونەوەكەدا سێ سەربازی سوپای عێراق كوژراون و 15ی دیكەش برینداربوون،ژمارەی كوژراوانی چەكدارانی داعش-یش دیار نییە.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، دۆخی سیستەمی کارەبا ئاسایی بووەوە. تیمەکانی کارەبا لەوانە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و کۆنترۆڵی شارەکان و لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەتی کارەبا گرفتی کوژانەوەی گشتیی کارەبایان چارەسەر کرد و دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە.وەزارەتی کارەبا لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی کارەبا.
ئەمڕۆ هەینی 12/1، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) لە شاری دوبەی کرد و لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێ کرا. سەرۆکی حکومەت لە لوتکەکەدا، لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان دیدار و گفتوگۆی دەبێت و لە میانی دیدارەکانیدا، گفتوگۆ لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاریى کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 12/1 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) لە دوبەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی و بەرپرسانی جیهان دیدار و گفتوگۆی هەبوو. لەوانە شا چارلس شای شانشینی یەکگرتوو ، شێخ تەمیم بن حەمەد میری دەوڵەتی قەتەر، مارک ڕووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا ، ئەلیکساندەر دیکروو سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ، نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، بیشر خەساونە سەرۆک وەزیرانی شانشینی ئوردن و ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یهكێتی ئەوروپا و قاسم توکاییڤ سەرۆکی کازاخستان و جۆن کێری نێردەی باڵای سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری کەشوهەواو ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیمارات . ئەمڕۆ لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی لوتکەی جیهانی کەشوهەوا ، سەرۆکی حکومەت لەلایەن سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێکرا.
بەیانیی ئەمڕۆ ئاگربەستی کاتیی غەززە کۆتایی هات و کۆشکی سپی رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ درێژکردنی ئاگربەست لە غەززە. ئەمڕۆ هەینی، 1-12-2023، کاژێر 7:00ی بەیانی بە کاتی غەززە (8:00 بە کاتی هەولێر) دووەم درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە کۆتایی هارت و هەوڵەکانی ئەمریکا، قەتەر، میسر و دەسەڵاتی فەلەستینی بۆ درێژکردنەوەی بۆ چەند رۆژێك یان لانیکەم یەک رۆژ، بەردەوامن.
بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ڕایگەیاند، سەرەتای ئەم مانگە بەغدا 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت. بەپێی زانیارییەکان، پارەکە لە 2ی مانگ دەنێردرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دواتر دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات.