شاندی ههرێم بهسهرۆكایهتی ئاوات جهناب وهزیری دارایی و ئابووری، بۆ پرسی مووچه و شایسته داراییهكان بهرهو بهغدا بهرێكهوت. وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 27/11/2023 شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران بەرەو شاری بەغد بەڕێکەوتن". وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە: "بڕیارە شاندەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە، پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە گرنگترین تەوەرەکانی کۆبونەوەکە دەبن".
فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی دیمەشقی سووریایان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە داخرا. بەپێی زانیاریەکان، ئاگر لە چەند شوێنێکی فڕۆکەخانەکە کەوتوەتەوە، بەڵام تائێستا زیانی گیانی نەزانراوە.
کەشتییەکی نەوتی ئیسرائیلی لە نزیک بەندەری عەدەن دەستی بەسەردا گیرا و تاوەکو ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو کارە رانەگەیاندووە. رۆژی یەکشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2023، کۆمپانیای زۆدیاک بڵاویکردەوە، لە کەنداوی عەدەن کەشتی سێنتراڵ پارک کە لەلایەن کۆمپانیای کلومڤزی بەریتانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، دەستی بەسەردا گیرا. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. کۆمپانیای زۆدیاک ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان سەلامەتیی 22 کارمەندی کەشتییەکەیە. هەروەها دەشڵێت، "کاپتنی کەشتییەکە کەسێکی تورک بووە و تیمێکی نێودەوڵەتی کە رووسی، ڤێتنامی، بولگاری، هیندی، جۆرجی و فیلیپینی بوون کەشتییەکەیان بەڕێوە بردووە و کەشتییەکە ترشی فۆسفۆریکی دەگواستەوە". بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی کۆمپانیای زۆدیاک، کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیای کلومڤزی بەریتانییەوە خاوەنداریەتی دەکرێت. بە گوێرەی میدیای بەریتانیش، کەشتییەکە پەیوەندی بە خاوەنی کۆمپانیای زۆدیاکەوە هەیە کە ناوی ئیال عۆفێرە و ملیارێرێکی ئیسرائیلیە. هاوکات، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: "ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە و ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن."
بڕیار وایه سبهی دووشهممه 27ی 11ی 2023، شاندێكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان به سهرۆكایهتیی ئومێد سهباح، سهرۆكی دیوانی ئهنجوومهنی وهزیران بچێته بهغدا. شاندهكه ههمواركردنهوهی یاسای بودجهی عێراق تاوتوێ دهكات. ھەروەھا جیاكردنهوهی مووچه و ناردنی بۆ حكوومهتی ههرێمی كوردستانیش تهوهرێكی دیكهی گفتوگۆكان دهبێت.
بە ئامادەبوونی بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك گەرمیانی پارتی و بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی و كەسایەتییەكانی كەركووك لە رێورەسمێكدا بە ئاڵای كوردستانەوە بارەگای لقی سێی پارتی لەكەركوك كرایەوە. رێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی خانەوادەی شەهیدانی دووی ئەیلوول و كەسوكاری پێشمەرگە و كەسایەتی و نەتەوە و پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەكان بەڕێوەچوو، لەهەمانكاتیشدا پێشوازی لە جەماوەر پارتی لەشارەكە دەكرێت. كردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی لە كەركووك لەسەر داوای جەماوەری كەركووك و دەوروبەرییەتی و گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك بە گەڕانەوەی سەنگ و پێگەی كورد دەزانن بۆ كەركووك.
ئەمرۆ یەکشەممە 26/11/2023 بەھای دراوە جیھانییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە: 100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 157400 دیناری عێراقی 100یۆرۆ بەرامبەر بە 171500 دیناری عێراقی 100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 194000 دیناری عێراقی 100لیرەی تورکی بەردامبەر بە 5500 دیناری عێراقی 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 3150 دیناری عێراقی 1 دیناری ئوردنی بەرامبەر بە 2328 دیناری عێراقی
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نیشتمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دووساڵ لەمەوبەر و لە ئێوارەیەکی شووم و خوێناویدا، عەقید موراد و هاوڕێکانی بە دەستێکی نامەردانە و ترسنۆکانە خەڵتانی خوێن کران. بەداخێکی زۆرەوە دوای تێپەڕبوونی دووساڵ، تا ئێستا تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەونە دەستگیر نەکراون. جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە کە ئەرکی دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان کە رێکاری یاسایی لەم دۆسیەیە بگرێتەبەر و تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئاشکرا بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن. ڕۆحی پاکتان شاد بێت کاکە موراد و کاکە خۆشناو وەیسی و کاکە سەرکار فاخیر و کاکە هاوکار نازم. هەرگیز لەیادتان ناکەین.
ئازادکردن و ئاڵۆگۆڕکردنی کۆمەڵەی دووەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان و بەندکراوە فەلەستینییەکان دواکەوت. حەماس دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنەکە، پابەندنەبوونی ئیسرائیلە بە رێککەوتنەکە. بڕیار بوو ئەمڕۆ دوای کاژێر 5:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر، حەماس 14 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئەوەشدا ئیسرائیل 42 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات، بەڵام دواکەوت. سەرچاوەیەکی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، دەستیانکردووە بە گواستنەوەی بارمتەکان و رادەستکردنیان بە خاچی سوور تاوەکو رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە. کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی حەماسە لە راگەیەنراوێکدا هۆکاری دواکەوتنی ئازادکردنەکەی گەڕاندەوە بۆ "پابەندنەبوون"ـی ئیسرائیل بە رێککەوتنەکە و رێگەنەدان بە رۆیشتنی بارهەڵگری یارمەتیی مرۆیی بۆ باکووری کەرتی غەززە، کە بەهۆی بۆردوومانی وێرانکەری ئیسرائیلەوە، خەڵکەکەی لە دۆخێکی پەرێشاندا دەژین. ئەمڕۆ شەممە، دووەم رۆژی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماسە کە دوای 7 هەفتە لە شەڕ راگەیەنرا. لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، 13 ئیسرائیلی، 10 کرێکاری تایلاندی و یەکێکی فلیپینی لە لایەن حەماسەوە ئازاد کران، ئیسرائیلیش 39 ژن و منداڵی بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکرد.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگه بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون، هەروەها کتێبی ئاینی یاساغ (قاچاغ) نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا رێكخراوە. وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: لە رێگای بەشی یاسای وەزارەت بۆ ماوەی (45) رۆژ لە رۆژنامەكانی "كوردستانی نوێ" و رۆژنامەی "هەولێر" ئاگاداری بڵاوكردەوە، بە لە بەرچاوگرتنی سەرجەم رێكارە یاساییەكان بۆ سەرجەم دەزگا رۆشنبیرییەکان و خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، داواكراوه هەر لایەنێك دەتوانێت هاوكاری وەزارەت بكات بۆ كردنەوەی پێشانگای كتێب لە سلێمانی با بێت و فۆرمی تەندەر وەربگرێت، هیچ دەزگایەك نەهاتووە، تەنیا ئەم دەزگایە نەبێت "دهزگای چاپ و پهخشی ئهتڵهس"، كە ئێستا پێشانگهكەی كردووهتەوە. لەروونکردنەوەکەی وەزارەتدا هاتووە، سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگه بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون و خاوەنی نووسینگەی دەزگای رۆشنبیری، یان خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە، یاخود دوكانی كتێبفرۆشین . ئاماژە بەوەشکراوە، هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عهلمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگهكەدا رێی لێ نەگیراوە، ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ رێگرییەك هەیە؟ باسی لەوەشکرد، ئەگەر قسە و گلەیی لەسەر زۆری كتێبی ئایینیە، کتێبی ئاینی یاساغ (قاچاغ) نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا رێكخراوە. کە بە پێی یاسایی چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارە (10) ساڵی 1993 لە ماددەی دووەمدا دەڵێت: "رەقابە لەهەرێم ناخرێتە سەر چاپەمەنی، هەر هاووڵاتییەک سەربەستە لەدەرکردنی هەر چاپەمەنییەک، بەپێی حوکمی ئەم یاسایە" . ههروهها لەماددەی (نۆیەم)دا ھاتووە: "بڵاوکردنەوەی ئەو باباتانە قەدەغەن، کە هانی تاوان و کاری تیرۆرستی دەدەن و رێوشوێنی بۆ خۆش دەکەن، یان جنێو و تانوت لێدان و ناوزراندنی کەسانی تێدایە، یان دەستدرێژی تێدابێت بۆ سەر ئاین و مەزهەبەکان و سیستەمی گشتی". ئەگەر ھەر کەسێک لە پێشانگەی کتێبی سلێمانی کتێبێکی دۆزییەوە یەکێک لەم بابەتانەی کە مادەی نۆ دیاری کردووە تێدابوو، ئەوە ئەو کتێبە رێگا پێدراو نییە.
ئەمرۆ شەممە 25/11/2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لەتۆری کۆمەڵایەتی (X) تویتێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوەش دەقی بڵاوکراوەکەیە: لە ڕۆژى جيهانيى بهرهنگاربوونهوهى توندوتيژى دژى ئافرهتاندا، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بە تایبەتی، دووپات دەکەینەوە. حکومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بنبڕکردن و سنووردانان بۆ دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و جێبەجێکردنی یاساکان و کاراترکردنی ڕۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانباران.
ئەمرۆ شەممە 25/11/2023 بەھای دراوە جیھانییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە: 100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 158500 دیناری عێراقی 100یۆرۆ بەرامبەر بە 172000 دیناری عێراقی 100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 194000 دیناری عێراقی 100لیرەی تورکی بەردامبەر بە 5500 دیناری عێراقی 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 3200 دیناری عێراقی 1 دیناری ئوردنی بەرامبەر بە 2331 دیناری عێراقی
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسان، پێشبینی دەکرێت رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە باران لە هەرێمی کوردستان ببارێت. کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینیەکانی دوو رۆژی ڕاگەیاند و دەلێت: ئەمرۆ شەممە 25/11/2023 ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و دواتر دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور؛ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە. سەبارەت بە پێشبینیەکانی سبەی یەکشەممە، ڕایگەیاند: رۆژی یەکشەممە لە سەنتەری هەولێر و دهۆک باران مامناوەند دەبێت و پێشبینی دەکرێت 5 بۆ 10 ملیمەتر باران ببارێت، بەڵام لە هەڵەبجە و سلێمانی لاواز دەبێت و "هەندێک کاتی زۆر کەم" ئەگەری نمەباران هەیە.